پشتیوان سادق: ئەمساڵ 15 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بە قاچاخ حەجیان کردووە

یەک ساڵ لەمەوپێش
وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، نزیكەی 15 هەزار كەس بە رێگەی نافەرمی چوونەتە حەج، ئاماژەی بەوەشکرد، 30 حاجی کورد گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە هەرێمی كوردستانەوە چوار هەزار و 685 كەس بە رێگەی فەرمی گەشتی سعودیەیان كردووە بۆ بەجێهێنانی حەج، نزیكەی 15 هەزار كەسیش بە رێگەی نافەرمی [بۆ حەجکردن] چوونەتە سعودیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەشێوەیەكی گشتی 30 حاجی هەرێمی كوردستان لە سعودیە گیانیانلەدەستداوە، تەنیا یەكێكیان بەرێگەی فەرمی رۆیشتووە و 29 كەسەكەی دیكە بە رێگەی نافەرمی رۆیشتوون، هەموو هەوڵێكماندا لە رێگەی كونسوڵخانەی عێراق لە جەددە بۆ دۆزینەوەیان و هەر ئەوەندەمان پێكرا بەهۆی زۆری ژمارەیانەوە".
وەزیری ئەوقاف وتیشی، "لە رێگەی داواكاری گشتی و نوێنەری وەزارەتەكانی ناوخۆ و بازرگانی، لێكۆڵینەوەی یاسایی توند لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە دەكرێت كە بەڵێنیان بە خەڵك داوە ئاسانكارییان بۆ بكەن و پرۆسەی حەجیان بۆ ئەنجامبدەن، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەو بابەتە دووبارە نەبێتەوە".
بەپێی ئامارێکی وڵاتی سعودیە، ساڵی رابردوو لە مەراسیمی حەجدا 200 حاجی گیانیان لەدەستدا بوو کە زۆربەیان خەڵکی ئەندەنوزیا بوون، بەڵام ئەمساڵ زیاتر لە هەزار حاجی گیانیان لەدەستداوە.
