قائیمقامیەتی سلێمانی: رێگە نادەین هیچ گەڕەک و ماڵێک بێ کارەبا بێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، بە بەردەوامی سەردان و چاودێریی ئەو مۆلیدە ئەهلییانە دەکەین کە لەناو شاری سلێمانیدان و کارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان چاودێریی کاری مۆلیدەکان دەکات و رێگە نادات هیچ گەڕەک و ماڵێک بێ کارەبا بێت.
قائیمقامیەتی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، "هەر هاوڵاتییەک گلەیی لە مۆلیدەی گەڕەکەکەی هەبوو دەتوانێت سکاڵا تۆماربکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت لەرووی دەنگ و دوکەڵەوە مۆلیدەکە بێدەنگ بێت و هیچ دوکەڵێکی نەبێت، هاوکات ڤۆڵتییەی دەرچوو لە مۆلیدەکەوە دەبێت لە 400 زیاتر بێت و لەسەروو 200ەوە بگات بە هاوڵاتییان.
سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانیش لە قائیمقامیەتی سلێمانی وتی، دەبێت بەبەردەوامی لەگەڵ بچڕانی کارەبای حکومی مۆلیدەکان کاریان پێبکرێت، هەر مۆلیدەیەکیش لەکار بکەوێت دەبێت لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا مۆلیدەی جێگرەوەی بۆ دابینبکرێت.
جەختیشی لەوەکردەوە، بەردەوام سکاڵای هاوڵاتییان وەردەگرین و بەدواداچون بۆ سکاڵاو داواکانیان دەکەین، هەر هاوڵاتییەک سکاڵای لەخراپیی مۆلیدەی گەڕەکەکەی هەبوو دەتوانێت پەیوەندی بکات بە لیژنەی مۆلیدەوە لە لیژنە هاوبەشەکان.
