هاوڵاتی وردەکاریی رووداوی بریندارکردنی دوو زیندانیکراو لە سلێمانی ئاشکرادەکات

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد
لە گرتووخانەی شاری سلێمانی ئەمڕۆ لەکاتی سەردانیکردنی گشتیی زیندانکراواندا کەسێک چەقۆی بردووەتە ژوورەوە و دوو زیندانیکراوی بریندارکردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی حوزەیرانی 2024، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی رووداوەکەوە قسەی بۆ هاوڵاتی کرد و وتی، "ئەمڕۆ سەردانکردن گشتی بووە، گەنجێک لە بەشی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی چووەتەژوورەوە و چەقۆی لە پێڵاوەکانیدا شاردووەتەوە چەقۆی یاوە لە دوو بەندکراو و برینداری کردوون".
روونیشیکردەوە، "ئەو گەنجە چەقۆکەی لەناو پێڵاوەکەیدا شاردووەتەوە و کێشەی لەگەڵ دوو کەسدا هەبووە کە دەستگیرکراون بە تۆمەتی کوشتنی برای ئەو گەنجە، لەگەڵ چوونەژورەوەی چەقۆی داوە لەو دوو زیندانییە و برینداری کردوون".
ئەوەشی خستەڕوو، "هەردوو زیندانییەک گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار و مەترسی لەسەر گیان و ژیانیان نییە و ئەو کەسەی هێرشەکەشی کردوە دەستگیرکراوە بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی".
