مامۆستایانی وانەبێژ: ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت، بۆ ساڵی نوێ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەین

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام دەدەن دژی دامەزراندنی چەند دەرچوویەک بەشێوەیەکی تایبەت، هەروەها هۆشداری دەدەن بە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی ئابی 2024، کارۆخ عەبدوڵلا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ بە هاوڵاتی ڕایگەیاند، "هەواڵمان پێگەیشتووە چەند دەرچوویەک لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی تایبەت دامەزراون، بۆیە بڕیارمانداوە ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی گردبوونەوەیەکی بەرفراوان ئەنجام بدەین".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هۆکاری دیکەی گردبوونەوەکەمان بەردەوامی دامەزراندنە لە کەرتی سەربازی و ڕاگرتنی دامەزراندنە لە کەرتی پەروەردە و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ ماوەی چەندین ساڵە".
نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ وتیشی، "ئەگەر حکومەتی هەرێم پێش کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن وەڵامی داواکاریەکانمان نەداتەوە کە بریتیە لە گرێبەستکردنی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ، ئەوە بێگومان بۆ ساڵی خوێندنی 2024 – 2025 دووبارە دێینە سەرشەقام بۆ خۆپیشاندان و بایکۆتی پرۆسەی خوێندن دەکەین".
لەئێستادا ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان زیاترە لە 37 هەزار و حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە چاوەڕێی بەڵێنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن بۆ دابینکردنی شایستەی پێویست بۆ بە گرێبەست کردنی وانەبێژانی هەرێم.

