دکتۆر پێشڕەو حەمەجان لە پۆستی جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی دوورخرایەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرچاوەیەک لە زانکۆی سلێمانی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند ئەمڕۆ پێنجشەممە، دکتۆر پێشڕەو حەمەجان لە پۆستی جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی دوورخرایەوە، بەم شێوەیە زانیاریی بۆ هاوڵاتی خستەڕوو:
سەرچاوەکە ڕایگەیاند، لە ناو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی دوو هەفتە لەمەوبەر بە ئامادەبوونی 26 ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ و (د. ئومێد صباح) سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و (م. عەتا) بەپرسی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی و (د. ئارام) وەزیری خوێندنی باڵا و (د. هەڤاڵ ئەبوبکر) پارێزگاری سلێمانی دکتۆر پێشڕەو حەمەجان بە توندی ڕەخنەی گرت لە کەمتەرخەمی دارایی دەسەڵات بەرامبەر بە زانکۆی سلێمانی.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، دکتۆر پێشڕەو حەمەجان ڕەخنەی گرت لە کەمتەرخەمی دارایی دەسەڵات لە پێنەدانی دەرماڵەی دوو ساڵی 23 هەزار خوێندکاری زانکۆی سلێمانی ووێرانی بەشەناوخۆییەکانیەکانی و نادادپەروەری لە داشکاندنی 40% کرێی خوێندنی پارالێل وئێواران، کە سەدان خوێندکاری زانکۆی سلێمانی لێی بێبەشبوون.
ئەوەشی خستەڕوو، ڕەخنەگرتنی دکتۆر پێشڕەو حەمەجان لە دەسەڵات و چەندین هەوڵ و فشاری یەکێتی بۆ کشانەوەی لە کاندیدی بازنەی سلێمانی لیستی بەرەی گەل و دورکەوتنەوەی لە لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ دوورخستنەوەی لە پۆستی جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی.
جێگەی ئاماژەیە، دکتۆر پێشڕەو حەمەجان کاندیدی لیستی بەرەی گەلە لە بازنەی سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
