لە ترسى کوشتنى گەڕان بەدوای جێنشینی خامنەییدا خێراتربووە

2 مانگ لەمەوپێش



 

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، گەڕان بەدوای جێنشینی خامنەیی بەهۆى ترسی تیرۆرکردنى خێراتر دەبێت.

بەپێى ڕاپۆرتەکە، لیژنەیەک لە سێ پیاوی ئایینی باڵا کە بڕیارە جێنشینی خامنەیی ڕابگەیەنن "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کارەکانیان خێراتر کردووە، لە ترسی هەوڵی تیرۆرکردنی خامنەیی".

ئایەتوڵلا عەلی خامنەیی، لەدایکبووی 15ـی تەمموزی ساڵی 1939ـی شاری مەشهەدی ئێرانە، زانایەکی ئاینییە لەماوەی ساڵانی 1981- 1989 بۆ دوو خول سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی “ئێران” بووە، لە ساڵی 1989ـشدا دەبێتە ڕابەری ئێران. خامنەیی زیاتر کەسایەتییەکی ئاینی هەیە. وەك ناوێکی فەخری، بە ئایەتوڵڵا ناودەبرێت.

پێنج سەرچاوەی ئێرانیی قسەیان بۆ ئاژانسى ڕۆیتەرز کردوەو باس لەوەدەکەن لیژنەیەکی ئاینى سێ کەسی کە ئەرکی هەڵبژاردنی جێنشینی ئایەتوڵڵا خامنەیییان پێسپێردراوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵەکانیان خێراتر کردووە لە ترسی ئەوەی ئیسرائیل یان ئەمریکا تیرۆری بکەن.

ئەو لێژنەیە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن خودی خامنەییەوە ڕاسپێردرابوو، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو سێ ئەندامە زۆر بە خێرایی کار بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەک دەکەن پێش ئەوەی ژیانی بە تیرۆرێک کۆتایی پێبهێنرێت. 

بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لە ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، خامنەیی و بنەماڵەکەی لە ئێستادا لە پەناگەیەک نیشتەجێن، کە لەلایەن هێزە تایبەتەکانی سپای پاسدارانەوە پارێزراون.

یەکێک لەو سەرچاوانە ئەوەشی خستەڕوو، "دامەزراوەی دەسەڵاتدار دەستبەجێ هەوڵی دانانی جێنشینی خامنەیی دەدات ئەگەر بکوژرێت، بەمەبەستی ئاماژەدان بە سەقامگیری و بەردەوامی". سەرچاوەیەکی نزیک لە خامنەیی زیادی کردوە: سەرکردەیەکی نوێ هەر لەسەر بنەمای خۆبەخشی بە ئایدیاڵە شۆڕشگێڕییەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی هەڵدەبژێردرێت.

ئەو پێنج سەرچاوەیە، دوو ناویان هێناوەتەوە کە بە کاندیدی سەرەکى و هەرەلەپێشن لە کێبڕکێی جێگرتنەوەی خامنەیی.

یەکەمیان موجتەبا کوڕی 56 ساڵانی خامنەیی و دووەمیان حەسەن خومەینی نەوەیەکی تەمەن 53 ساڵانی ئایەتوڵڵا خومەینی پێشووە. ڕۆژی شەممەی ڕابردوو کوڕەکەى خومەینی بە ئاشکرا پشتیوانی خۆی بۆ خامنەیی دەربڕی و ڕایگەیاند، "بەوپەڕى بروابەخۆبوونەوە دووپاتی دەکەمەوە کە وەک خزمەتکارێکی بچووک و بێ بایەخی گەلی ئێران، ئامادەم بە شانازییەوە لە هەر بەرەیەک یان گۆڕەپانێکدا ئامادە بم کە ئێوە بە گونجاوى بزانن".

خامنەیی بەردەوام هەڵوێستى توندبووە لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکاو ئەوەشى نەشاردوەتەوە کە دژى دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بووە لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیەوە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز زانیاری لە بەرپرسانی ئێران وەرگرتووە و دەڵێت، خامنەیی لە پەناگەیەکی نهێنییە، بەسەختیی دەتوانرێت پەیوەندیی پێوەبکرێت و هەموو پەیامێکی بەشێوەی نووسراو لەڕێی یاریدەدەرێکی متمانەپێکراوەوە پێیدەگات و وازی لە بەکارهێنانی ئامێری پەیوەندیی ئەلیکترۆنی هێناوە.

بەگوێرەی زانیاریی ئەو بەرپرسانە، خامنەیی پێشبینی ئەوەیکردووە ئیسرائیل و ئەمریکا هەوڵی کوشتنی دەدەن، بۆیە لە پەناگەیەکدا خۆی حەشارداوە.

هاوکات خامنەیی فەرمانی بە ئەنجومەنی زانایانی ئێران و دەستەی ئاینیی وڵاتەکەی کە بەرپرسە لە دیاریکردنی رێبەری باڵا کردووە، ئەگەر ئیسرائیل و ئەمریکا لە پلانی کوشتنیدا سەرکەوتوو بوون، بەوردی کەسێک لەو کەسانەی پێشتر دیاریکراون لە شوێنی دابنرێت.

چەند رۆژێک لەمەوبەر بەگوێرەی راپۆرتێکی مسری ئەلیەوم، ئەو هێزەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران دەپارزێت، فەیلەقی پاسەوانییە کە یەکەیەکی سەربازی تایبەتی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە و ژمارەیان 12 هەزار سەربازە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار