وەزیری بەرگریی ئەمریکا: راپۆرتەکان دووپاتیدەکەنەوە فۆردۆ وێرانکراوە

2 مانگ لەمەوپێش
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، ئۆپەراسیۆنەکانمان دژ بە ئێران شەڕی ڕاگرت چەندین ساڵ بەرنامەى ئەتۆمیمان دواخستووە، ئەوەی سوپای ئەمریکا کردوویەتی مێژووییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، هەڵسەنگاندنێکی نوێی سەبارەت بەو هێرشانە خستەڕوو کە کرایە سەر دامەزراوەکانى ئێران.
پیت هێگسێس وتى: ڕاپۆرتێکی سی ئای ئەی کە لەسەر بنەمای زانیاری و سەرچاوەی باوەڕپێکراو سەرکەوتنی هێرشەکانی پشتڕاستکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئێران شەڕی ڕاگرت. ئەوەی سوپای ئەمریکا کردوویەتی مێژووییە.
هەروەها ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد بەشێکی زۆری ئەو قسانەی ئێران دەیانکات لەسەر هێرشەکە، تەنها پەیامێکە بۆ ناوخۆی وڵاتەکەى، چونکە هێرشەکە زۆر سەرکەوتوو بوو.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا جەختى کردەوە هەڵسەنگاندنی سەرەتایی هێرشەکەی سەر ئێران ئاماژەیە بۆ زیانی گەورەی بنکە ئەتۆمییەکان، هەموو راپۆرتەکان دووپاتیدەکەنەوە فۆردۆ وێرانکراوە.
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، سەرۆکەکانی پێشوو سەرکەوتوو نەبوون لە زیادکردنی خەرجی بەرگریی ناتۆ، بەڵام دۆناڵد ترەمپ ئەوەی کرد.
هەر ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تروس بڵاوی کردەوە، پێویستە ناتاشا بێرتراند لە کەناڵی(سی ئێن ئێن) دەربکرێت، چونکە سێ ڕۆژە هەواڵی ساختە بڵاو دەکاتەوە. ترەمپ نووسیویەتی " پێویستە سەرزەنشت بکرێت، دواتر وەک سەگ فڕێ بدرێتە دەرەوە."
ترەمپ، ئەو پەیامنێرە ئەمەریکاییەی بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست لەبارەی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، تۆمەتبار کرد و گوتی: ئەو، هەوڵی شێواندنی ئابڕووی فڕۆکەوانەکانمان دەدات کە ئەرکێکی گرنگ و سەرکەوتوویان بە وردیی جێبەجێ کرد.
لە وەڵامی ئەو قسانەی دۆناڵد ترەمپ، کەناڵی( سی ئێن ئێن) بەیاننامەیەکی لە ئێکس بڵاو کردەوە و تێیدا پشتیوانیی خۆی بۆ ناتاشا بێرتراند دووپات کردەوە و نوسیوویەتی "ئێمە بەڕێژەی سەدا 100 پشتیوانیی لە ناتاشا دەکەین، بەتایبەتیش لە ڕووماڵی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران."
