داواکاری گشتی داوایەکى نەتانیاهۆ ڕەتدەکاتەوە

2 مانگ لەمەوپێش
داواکاری گشتی ئیسرائیل، داواکارییەکەی نەتانیاهۆى ڕەتکردەوە کەداواى کردبوو بۆ ماوەی دوو هەفتە پشووبدات ئەوکات بچێتە بەردەم دادوەر بۆ دادگاییکردنی لەسەر دۆسیەکانى گەندەڵی.
بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بنیامین نەتەنیاهوو لەسەر تۆمەتەکانی بەرتیل، ساختەکاری، و خیانەت لە دەستپاکی، دووبارە بچێتە بەردەم دادگا.
ئەمیت حەداد، پارێزەری نەتانیاهۆ ڕایگەیاندووە سەرۆک وەزیران پێویستی بە پشووی دوو هەفتەیی هەیە، بۆ ئەوەی کاتەکانی بۆ "پرسە دیپلۆماسی و نیشتمانی و ئەمنییەکانی" تەرخان بکات، ئەمەش لە دوای شەڕی ئەم دواییە لەگەڵ ئێران کە ڕۆژی سێشەممە کۆتایی هات.
بە وتەی حەداد، پرسەکان بریتین لە “بەڕێوەبردنی شەڕی غەززە و مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی بارمتەکان”.
لە وەڵامەکەیدا، نووسینگەی داواکاری گشتی دەوڵەت دەڵێت کە "ئەو هۆکارە گشتیانەی کە لە داواکارییەکەدا بە وردی باسکراون ناتوانن پاساو بۆ هەڵوەشاندنەوەی دوو هەفتەی دانیشتنەکان بهێننەوە، بەتایبەتی لە پێش پشووەکاندا."
ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر دادگا چەند جارێک دەستکاریی کاتى دانیشتنەکانى کردووە بۆ ئەوەی باشتر لەگەڵ کاتەکانى نەتانیاهۆدا بگونجێت، لەوانە ڕێگەی پێداوە کە هەفتەی دووجار ئیفادە بدات، نەک سێ جار لە هەفتەیەکدا.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیەڵ نەتەنیاهووی وەک "جەنگاوەرێک" ناوبرد و ستایشی سەرکردایەتییەکەی کرد و ماوەی دەسەڵاتی بە "یەکێک لە مەزنترین ساتەکانی مێژووی ئیسرائیل" ناوبرد.
ترەمپ نووسیویەتی: "من و بیبی پێکەوە بەنێو دۆزەخدا تێپەڕین، لە شەڕدا بووین لەگەڵ دوژمنێکی دێرینەی زۆر سەرسەخت و زیرەکی ئیسرائیل، کە ئێرانە،" و ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ نەتەنیاهوو کاریان کردووە بۆ رێگری لە هەڕەشەیەکی گەورەی ئەتۆمی.
ترەمپ زیاتر باسی نەتەنیاهوو دەکات و دەڵێت، هیچ کەسێک نییە لە ئەو "باشتر، زیرەکتر یان بەهێزتر" بۆ ئیسرائیل.
