مەزڵوم عەبدى: سوریا تەنیا لەڕێگەی لامەرکەزییەوە دیموکراسی بەدەستدەهێنێت

6 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرماندەی گشتی هەسەدە، جەختیی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی سوریا تەنیا لە ڕێگەی لامەرکەزییەوە دەتوانێت دیموکراسی بەدەستبهێنێت، وتیشى: كاردەكەین بۆ فراوانكردن و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 10ی ئاداری رابردوو، بەڵام لە ئێستادا كار لەسەر وردەكارییەكان دەكەین.
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی ئیندیەن ئێکسپرێس، مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتی کردەوە کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لە 10ی ئازاری 2025 لەگەڵ حکومەتی سوریا واژۆ کراوە، گرنگییەکی زۆری هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا کار بۆ فراوانکردن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بەردەوامە بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری وڵات و ڕێگریکردن لە ئیستغلالکردنی هەر بۆشایییەکی ئەمنی.
ئەو وتیشی، رەزامەندییان لەسەر تێكەڵكردنی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا نیشانداوە، بەڵام دەبێت كار لەسەر وردەكارییەكان بكەن بۆئەوەی سەقامگیریی تێكنەچێت و هیچ لایەنێك بۆشایی ئەمنی نەقۆزێتەوە.
عەبدی جەختی لەسەر پێویستیی ئەوەی سوپای سوریا خاوەنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی بێت کە نوێنەرایەتی هەموو سورییەکان بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت ڕۆڵی سوپا بەرگریکردن لە هەموو گەلی سوریا بێت و ملکەچی هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەت نەبێت".
عەبدی جەختی لەسەر پێویستی گرنگیدان بە ڕێگایەکی ڕوون کردەوە بۆ تێکەڵکردنی سەرجەم گروپە سەربازییەکان لەگەڵ سوپای سوریا، کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی سەقامگیری و ڕێگری لە دووبەرەکی.
ئەو فەرماندەیەی هێزەکانی هەسەدەئەزموونی "ئیدارەی خۆسەر"ی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە مۆدێلێکی ئەرێنی زانی بۆ حوکمڕانی لە سوریای داهاتوودا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ئیدارەیە لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا توانیویەتی ئەو ناوچانە ئاوەدان بکاتەوە کە بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون و ئاسایش لەوێدا جێگیر بکاتەوە.
عەبدی پێی وایە "ئەمڕۆ سوریا دەرفەتێکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ گواستنەوە بۆ سیستمێکی دیموکراسی و لامەرکەزی"، ئەمەش دوای داڕمانی "سیستەمی ناوەندگەرایی و دیکتاتۆری" لە سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراو. جەختیشی لەوە کردەوە کە "کۆمەڵگەی سوریا تەنیا لە ڕێگەی لامەرکەزییەوە دەتوانێت دیموکراسی بەدەستبهێنێت".
