هەرێم داوایکردوە ئەو داهاتەی دەینێرێت بۆ بەغدا کەمبکرێتەوە

7 كاتژمێر لەمەوپێش
لەدواین کۆبوونەوەى نێوان شاندى هەرێم و بەغدا، ئەندامانى شاندەکەى هەرێم ئاماژەیان بۆ ئەوەکردوە ١٢٠ ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ مانگى شە ڕادەستی بەغدا دەکەن، بەڵام داوایان کردووە ئەو بڕە بۆ مانگی داهاتوو (مانگی حەوت) کەمبکرێتەوە.
هاوکات بەپێى وتەى سەرچاوەیەکى ئاگادارى کۆبونەوەکان تەیف سامى بە شاندى هەرێمى گوتووە هەوڵدەدەم هەفتەى داهاتوو مووچەى مانگى شەش بنێرم.
ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان کە دوو ڕۆژ بوو لە بەغدا بوو، دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە، ئێوارەی ئەمڕۆ گەڕانەوە هەولێر.
گفتوگۆکانی شاندەکە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر چەند تەوەرێکی سەرەکی بوون، کە بریتین لە داهاتی ناوخۆ، بودجە، و پڕۆژەی بەبانکیکردنی مووچە (هەژماری من)، کە لەگەڵ پرسی نەوتدا، کە خاڵی مشتومڕی نێوان هەولێر و بەغدان.
بەگوێرەی زانیارییەکان کە لەچەند سەرچاوەیەکى ئاگادارە دەستکەوتوە شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ مانگی شەش بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا بکات، بەڵام داوای کردووە ئەو بڕە بۆ مانگی داهاتوو (مانگی حەوت) کەمبکرێتەوە. هەروەها، گفتوگۆ لەبارەی دیاریکردنی ئەو داهاتانەوە کراوە کە پێویستە نیوەی بنێردرێت بۆ بەغدا.
سەرەڕای کۆبوونەوەکان کە لە بەیانی چوارشەممەوە تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەردەوام بوون، بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەوەی ئاشکرا کرد، هەردوولا بۆچوونی جیاوازیان هەیە. بڕیارە ڕاپۆرتێکی هاوبەش کە پێشنیاز و تێبینییەکانی هەردوولای تێدایە، ئامادەبکرێت و بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕۆژی یەکشەممە بەرزبکرێتەوە.
لەلایەکى دیکەوە بەوتەى سەرچاوەیەک زانیارى لەبارەى کۆبوونەوەى شاندى هونەرى وەزارەتى دارایی و چاودێرى دارایی هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزیرى دارایی عێراق، ئاشکراکردو وتى: تەیف سامى بە شاندى هەرێمى کوردستانى گوتووە، هەوڵدەدەم هەفتەى داهاتوو مووچەى مانگى شەش بنێرم، بەڵام ئێوەش 120 ملیار دینارى داهاتى ناوخۆ بنێرن.
تەیف سامى ئەوەشی بە شاندی هەرێم گوتووە، سودانى پێیگوتووین دەبێ سەرەتا هەرێمی کوردستان نەوت رادەست بکەن ئەوجا مووچەیان بۆ دەنێرین.
ئەنجامى ئەم کۆبوونەوانە دەکرێنە دوو راپۆرت، راپۆرتێکیان لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە ئامادە دەکرێت و تێیدا پێشنیاز دەکرێت هەرێمى کوردستان لەسەدا 50ـى داهاتە فیدراڵییەکان بنێرێت، راپۆرتەکەى دیکەش دارایی عێراق ئامادەى دەکات و پێشنیاز دەکات هەرێمى کوردستان لە سەدا 50ـى تەواوى داهاتەکانى رادەست بکات.
