لەدوای پەیمانی لۆزانەوە یەکەمجارە لایەنەکانی تورکیا باسی چارەسەری کێشەی کورد دەکەن

4 كاتژمێر لەمەوپێش



لەسەرەتاى ئەم مانگەوە کۆبوونەوەی گشتی کۆمیتەی باشووری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - KNK بەئامادەبوونی ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەری بەڕەێوەچوو.

لەڕاگەیەندراوى کۆبونەوەکەدا هاتووە: لەدوای پەیمانی لۆزانەوە ئەوە یەکەمجارە لەمێژوودا دەبینین پارت و لایەنەکانی ناو دەوڵەتی تورکیا بەکۆدەنگی باسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەکەن، ئەمەش لەخۆیدا دەستکەوتێکی مەزنە و دانپێدانانە بەمافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد.

باس لەوەشدەکات دیارە بەرەوپێشچونی پڕۆسەی ئاشتی لەتورکیا و قۆناغی نوێی سیاسی لەباکووری کوردستان تا ڕادەیەک کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەبووە.


ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی گشتی ئەندامانی کۆمیتەی باشووری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان؛

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٨/٢ کۆبوونەوەی گشتی کۆمیتەی باشووری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - KNK بەئامادەبوونی ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەری بەڕەێوەچوو.

سەرەتا دوای کردنەوەی کۆبوونەوەو بیرهێنانەوە و ڕێزگرتن  لەخوێنی شەهیدان و قوربانییانی جینۆسایدی خوشک و برایانی ئێزدیمان لە شەنگال و چالاکانی ژینگەپارێز لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەوردی دۆخی سیاسی ناوچەکە و هەڵسەنگاندن ئەگەر و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخێندرا.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەگرینگییەوە لەدۆخی سیاسی باکوری کوردستان و پێواژۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات دەڕوانێت، لەگەڵ ئەوەشدا کەوا هەنگاوەکان بەسستی بەڕێوەدەچن، بەڵام گەلەکەمان لەئەنجامی تێکۆشانی تەڤگەری ئازادیدا ناسنامە و بوونی خۆی وەک نەتەوی کورد بەجیهان و بەدەوڵەتی تورکیا سەلماندوە، لەئێستاشدا دوای چەک سوتاندنی سمبولی و پێکهێنانی کۆمسێۆن، لەدوای پەیمانی لۆزانەوە ئەوە یەکەمجارە لەمێژوودا دەبینین پارت و لایەنەکانی ناو دەوڵەتی تورکیا بەکۆدەنگی باسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەکەن، ئەمەش لەخۆیدا دەستکەوتێکی مەزنە و دانپێدانانە بەمافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد و هەموو ئەو پێکهاتانەی لەچوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا دەژین.

بۆیە ئەوەی لە ئێستادا پێویستە هەنگاوی کرداری بۆ بنرێت ئەرکی کۆمسێۆنی پێکهێنراوی پەرلەمانە کە زەمینەی یاسایی بۆ پڕۆسەی ئاشتی بڕەخسێنێت، هەنگاوی کرداری بهاوێت. لەهەمان کاتدا داوا لەهەموو پارت و لایەنەکانی چواربەشی کوردستان دەکەین لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کەپشتگیری لەسەرخستنی ئەم دەرفەتە مێژووییە بکەن.

دیارە بەرەوپێشچونی پڕۆسەی ئاشتی لەتورکیا و قۆناغی نوێی سیاسی لەباکووری کوردستان تا ڕادەیەک کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەبووە، هەر لەم سۆنگەیەوە خۆبەڕێوەبەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرپرسیارانە لەگەڵ قۆناخ و هاوکێشە سیاسیەکان لەناوچەکەدا مامەڵە دەکات ،وە لەپێگەی هێزەوە لەگەڵ ڕژێمی نوێی سوریا لەڕوانگەی بەدیهێنانی دیموکراسی و مافەکانی نەتەوەی کورد و گەلی سوریا دانوستان دەکەن و داواکارییەکان دەخەنەڕوو.
 
لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و ململانێی نێوان هەرێم و بەغداد و دواکەوتنی موچە و پێکنەهێنانی کابینەی نوێ و کارانەکردنی پەرلەمان، دۆخێکی دژواری بۆ ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگەی باشوور خوڵقاندووە، پەکخستنی دامەزراوە یاساییەکەنیش هۆکارێکن بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە کۆمیتەی باشووری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەوردی لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆی کرد و بەپێویستی زانی لەکاتێکی کەمدا چارەسەری ناکۆکییەکان نێوانیان بکرێت،  مافەکانی خەڵک دابینبکرێت و کێشەکان لەگەڵ بەغداد لەسەربنەمای مافە دەستوورییەکان چارەسەربکرێن.

پەیوەندیدار بەدۆخی ڕۆژهەڵاتی‌ کوردستان، بەتایبەتی قۆناغی دوای شەڕی دوازدەڕۆژەی نێوان ئیسرائیل-ئێران. ئاشکرایە دۆخی ئێستای ڕژێمی ئێران بە قەیرانگەلێکدا تێدەپەڕێت، مەترسیدارتر لەهەموو قەیرانەکان بەرتەسکردنەوەی پانتایی دیموکراسی و ئازادی سیاسییە. دور لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و سیاسی بەبیانووی ناڕەوا، گەلی ئێران لەلایەن ڕژێمەکەیەوە ڕووبەڕووی شاڵاوی گرتن و لەسێدارەدان دەبنەوە، بۆیە ئەرکی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتە لەهەرکات زیاتر لەسەربەرنامای سیاسەتی هاوبەش و دبلۆماسی و سەربازی بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی دیموکراسی بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوڕاو کۆدەنگبن. 
بۆ ئەم مەبەستەش کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان وەک هەمیشە لەوپێناوەدا خۆی بەئەرکدار دەبینێت.

دیارە ئەم دۆخەی هاتۆتە بەردەمی نەتەوی کورد پڕ لەگۆڕانکاری و لەدەرفەت و لەمەترسییە، بۆیە قۆناغەکە ئەوەمان لێدەخوازێت دوای تێپەڕبوونی 102 ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزان، ئێستا لەئاستی بەرپرسیاری بارودۆخەکەدابین، بۆیە جارێکی دیکە بانگەوازی بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکەین.

وەک چۆن لەڕابردوودا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ڕۆڵی باڵێۆزی کوردی گێڕاوە، لەم پێناوەشدا خەباتی دبلۆماسی نیشتمانی و نەتەوەیی لەناوەندەکانی جیهان بەردەوامی پێدەدات و کاربۆ ئەوە دەکات نەتەوەی کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە ئەندامی چاودێری لەنەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبێت. تەوەری کاری ڕێکخراوەیی و چۆنییەتی پلان و خەباتی ئایندەمان و کاری کۆمسێۆن و کۆمیتەکان بەپێی پەیڕەو و بەڵگەنامەی ستراتیژی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لەسەربنەمای ڕەخنەو پێشنیازی ئەندامان بەوردی هەڵسەنگێنران و بەرنامەیان بۆدانرا.

بەرەو سەرکەوتنی پێواژۆی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی و هێنانەدی مافەکانی گەلەکەمان لەم سەدەیەدا، کە کورد تێیدا کارەکتەرێکی دیارو بەسەنگی گۆڕانکارییەکانە.

           کۆمیتەی باشووری
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار