ئۆجەلان بۆ پەنابەرانى مەخموور: دەگەڕێنەوە سەر خاکی خۆتان

11 كاتژمێر لەمەوپێش
رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پەیامێکدا بۆ دانیشتووانی کەمپی مەخموور دەڵێ، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چارەسەری ''دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆتان''.
ئۆجەلان لە پەیامەکەدا سڵاوی ئاراستەی دانیشتووانی کەمپەکە کردووە و گوتوویەتی: ''گەلەکەمان لە مەخموور، لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیماندا رۆڵێکی زۆر گرنگی گێراوە و خاوەن بەهایەکی گەورەیە. سەرەڕای هەموو سەختییەکان، بە کردەوەکانیان سەلماندیان کە بەرخودان ژیانە، پاڵەوانی گەورەیان پێگەیاند و باری قورسی تێکۆشانیان بە سەرکەوتوویی لە ئەستۆ گرتووە''.
کەمپی مەخموور لە ساڵی 1998 لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکرا. کەمپەکە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای مەخموورە لە پارێزگای نەینەوا.
دەقى پەیامەکەى ئۆجەلان
"بۆ خەڵکی مەخمووری هێژا؛
سڵاو و خۆشەویستی گەرمی خۆم بۆ هەموو خەڵکەکەمان دەنێرم کە لە مەخموور دەژین. خەڵکی مەخموورمان لە مێژووی تێکۆشانماندا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا و جێگەیەکی گرنگیان گرت. وێڕای هەموو سەختییەکانیش بە پراکتیکییان نیشانیان دا کە بەرخۆدان ژیانە و قارەمانێتییەکی مەزنییان گێڕا و باری گرانی تێکۆشانیان بە سەرکەوتووترین شێوە لە ئەستۆ گرت. دەریانخست هەلومەرج چی دەبێت گرنگ نییە، ژیانی ئازاد لە پێش هەموو شتێکەوەیە. بوونە خاوەن هەڵوێست و ڕەنجێکی شایستە بە گەلی کورد و تێکۆشانی گەلی کورد.
لەو باوەڕەدام، خەڵکی مەخموورمان وەک چۆن لە ڕابردوودا بووە پایەی سەرەکی تێکۆشانمان، لەم پرۆسەی بونیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەکەدا خاوەنی هەمان ڕۆڵ و ئەرکی گرنگ دەبێت. وەک هێزی دینامیکی ئەم پرۆسەیە، خۆ بە بەرپرسیار بینین و پێشەنگایەتی کردن پێویستییەکی میراتی تێکۆشانیانە. سەرنجی دیدارەکانیشمان لەسەر بارودۆخی گەلی مەخموورمانە. بێگومان بە پێشکەوتنی پرۆسەکە ئەوانیش دەگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان. بەڵام پێویستە بزاندرێت، کە نزیکایەتی تاکەکەسی و خانەوادەیی پێشنەکەوێت. ئێمە بابەتە کۆمەڵایەتی، سیاسیی و یاساییەکان بەشێوەیەکی کۆلێکتیڤ بگیرینە دەست و لەسەر ئەو بنەمایە بەرەو چارەسەریی هەنگاو بنێین.
سەبارەت بە ئەوانەی لە مەخموور، ئەورووپا و هەموو ئەوانەی لە پەنابەرێتییدان، وابیردەکەمەوە: گەڕانەوەی هەموویان بە کۆلێکتیڤ دەبێت و ئێمە جوگرافیا هەڵدەبژێرین. دەیانەوێت بگەڕێنەوە؟
با وا دابنێین نیوە بە نیوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە. پێویستە گەڕانەوەی کۆلێکتیڤ لەبەرچاو بگرین. لەم چوارچێوەیەدا سڵاوم بۆ مەخموور بنێرن.
لەسەر ئەم بنەمایە سڵاو و خۆشەویستی قووڵ و بێکۆتایی خۆم بۆ هەموو خەڵکی مەخموور و بەتایبەت ژنان و گەنجان دەنێرم."
