قەرەیلان: دەبێت ئۆجەلان ئازاد بکرێت بۆ ئەوەى سەردانی هەموو شوێنێک بکات

15 كاتژمێر لەمەوپێش



موراد قەرەیلان فەرماندەی هەپەگە رایگەیاند، بۆ ئەوەی متمانە دروست ببێت، دەبێت عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت و نەک هەر لە ئیمراڵی نەمێنێت، بەڵکو دەبێت بتوانێت سەردانی هەموو شوێنێک بکات.

قەرەیلان لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ستێرک تیڤی لەبارەى مەراسیمى سوتاندنى چەکەوە وتى "ئەو چەک سووتاندنە لە لایەن زۆربەی لایەنەکانەوە مانای خۆی هەیە. بە تایبەت ئەو شوێنەی کە مەراسیمەکە بەڕێوە چوو، لە مێژووی ئێمەدا جێگەی گرنگی هەیە".

وتيشى "بەڵام ڕوونە کە ئەم مەراسیمە بۆ بزووتنەوەکەمان مانای وایە کە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری بە فەرمی و کردەیی کۆتایی پێهاتووە. بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا و هەر کەسێک ئەوە بزانن تا ئێستا ئێمە ئەو کەسانە بووین کە سوێندمان بە چەک دەخوارد. ئێمە لە مەراسیمەکانماندا بە وتنی: لەسەر شەرەف و چەکی خۆم سوێندمان دەخوارد. بەڵام ئێستا ئێمە چەکمان سووتاند. ئەمە مانای چییە؟ ئەمە گرێدراوی بانگەوازی ستراتژیک بە مانای گۆڕانکارییەکە".

بەشی دووەم و کۆتایی چاوپێکەوتنی کەناڵی ستێرک تیڤی لەگەڵ موراد قەرەیلان فەرماندەی هەپەگە بەم شێوەیەیە:

 

سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک زۆر باس دەکرێت. هەروەها مەراسیمی سووتاندنی چەکەکان لە ١١ی تەممووز لە سەرانسەری جیهان دەنگدانەوەی زۆری هەبوو. ئێوە لەسەر پێشکەوتن و قۆناغی ئێستای پرۆسەکە ڕاتان چییە؟ ئایا ئێوە ئەم مەراسیمی چەک سووتاندنە بەردەوام دەکەن؟

ڕۆژی ١١ی تەممووز بە پێشەنگایەتی هەڤاڵان بەسێ هۆزات و بەهزات چارچەل و بە بەشداری ٣٠ کەس لەهەڤاڵان، هەنگاوێکی گرنگ، مێژوویی و مانادار بوو. پیرۆزبایی لە هەموو ئەو هەڤاڵانەی بەشداری ئەو هەنگاوە بوون دەکەم. ئەوان پێشەنگایەتی سەردەمێک دەکەن. لەو چوارچێویەی کە پێویست بوو هەنگاویان نا، بە هەڵوێستێکی زۆر مانادار ئەوەی پێویست بوو ئەنجامیاندا. ئەو چەک سووتاندنە لە لایەن زۆربەی لایەنەکانەوە مانای خۆی هەیە. بۆ ئێمەی کوردیش لە لایەنی میتۆلۆژییەوە، بە تایبەت ئەو شوێنەی کە مەراسیمەکە بەڕێوە چوو، لە مێژووی ئێمەدا جێگەی گرنگی هەیە. بۆیە لەسەر ئەم بابەتە هەڵسەنگاندنی زۆر کراوە، من شتێکی زۆر جیاواز باس ناکەم.

بەڵام ڕوونە کە ئەم مەراسیمە بۆ بزووتنەوەکەمان مانای وایە کە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری بە فەرمی و کردەیی کۆتایی پێهاتووە. بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک و هەر کەسێک ئەوە بزانن تا ئێستا ئێمە ئەو کەسانە بووین کە سوێندمان بە چەک دەخوارد. ئێمە لە مەراسیمەکانماندا بە وتنی: "لەسەر شەرەف و چەکی خۆم" سوێندمان دەخوارد. بەڵام ئێستا ئێمە چەکمان سووتاند. ئەمە مانای چییە؟ ئەمە گرێدراوی بانگەوازی ستراتژیک بە مانای گۆڕانکاریە. لەسەر ئەم بنەمایە مەراسیمەکە زۆر گرنگە. بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی قووڵ لە مانای مەراسیمەکە تێبگەین. ئەمە پەیامێکی گرنگە. هەم گۆڕانکاری لە ستراتیژە و هەم ئاستی ئیرادەی دڵسۆزی  و وەفاداریمان بە ڕێبەر ئاپۆ و رێبازی نیشان دەدات.

ئازادی گەلەکەمان گرێدراوە بە ئازادی رێبەر ئاپۆوە

لەم ڕووەوە ئێمە پێشنیارەکانی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆمان جێبەجێ کرد. ئێستاش دەوڵەتی تورک بانگەوازییەکەی دەوڵەت باخچەلی جێبەجێ نەکردووە. ئێمە چاوەڕێی ئەمەین. چوارچێوەی بانگەوازییەکەی دەوڵەت باخچەلی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ هەموو کەس ئاگادارە. ئێستا دەبێ لەم چوارچێوەیەدا کار بکەن و ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی جەستەیی بە تەواوی ئازاد بکرێت. بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە هەموو بانگەوازییەکانی ڕێبەر ئاپۆ یەک بە یەک جێبەجێ دەکەین. ڕاستە هەروەک ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕای گشتی بڵاوی کردەوە، ئازادی کەسێتی خۆی ناخاتە ڕۆژەڤەوە و نایەوێت ئێمەیش بیخەینە ڕۆژەڤی سەرەکیمانەوە. بۆیە ڕوونی دەکاتەوە کە لەڕووی فەلسەفیەوە ئازادی تاکەکان گرێدراوە بە ئازادی کۆمەڵگەوە و ئازادی کۆمەڵگەش گرێدراوە بە ئازادی تاکەکانەوە و دەیەوێت بەم شێوەیە هەڵسەنگاندن بۆ ئازادبوونی بکرێت. بەڵێ ڕێبەر ئاپۆ ئەمە دەڵێت و ئێمەش ڕێز لەم ڕێبازە دەگرین، بەڵام گەلەکەمانیش ڕوونی دەکاتەوە کە ئازادی کۆمەڵگە گرێدراوە بە ئازادی ڕێبەر ئاپۆوە. هەروەها زۆربەی هەڤاڵانی ئێستا، پێش هەموو شتێک بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشان بوونە. بۆیە ڕاستە ڕەنگە ڕێبەر ئاپۆ هەندێک شت لە پێشینەدا دانەنێت وەک ئازادی کەسێتی خۆی، بەڵام ئێمەش قسەی خۆمان هەیە. بۆیە ڕایدەگەیەنین کە ئازادی گەلەکەمان و هەڤاڵانمان گرێدراوە بە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆوە.

دەبێت رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی نەمێنێت، دەبێ بتوانێت سەردانی هەر شوێنێک بکات

بابەتێکی تری گرنگ ئەوەیە کە وەک دەزانرێت لەنێوان لایەنەکاندا بێ متمانەیی هەیە. گومان هەیە. ئەمە ناتوانرێت نەبینرێت. هەر وەک چۆن لە لایەنی ئێمەوە ئەمە هەیە، دەزانین کە لایەنی بەرامبەریش بە هەمان شێوە نزیک دەبێتەوە. بۆ نەهێشتنی ئەم بێ متمانەییە و پەرەپێدانی متمانەی لایەنی بەرامبەر، پێویستە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت. یانێ وەک چۆن ئەم بابەتی ئازادییە بۆ ئێمە زۆر شت دەگەیەنێت، هاوکات بە مانای دروستبوونی متمانەیە. ڕێبەر ئاپۆ دەبێت ئازاد بکرێت و نەک هەر لە ئیمراڵی نەمێنێ، بەڵکوو دەبێت بتوانی سەردانی هەر شوێنێک بکات. دەبێت ئازاد بێت؛ نابێت تەنیا ناوچەیەکی بۆ دیاری بکرێت. ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت، ئەمە بەدوای خۆیدا متمانە دروست دەکات. بۆ کێ؟ بۆ سەرجەم هەڤاڵانمان، بێگومان بۆ گەلەکەمان، دۆستانمان و هەموو رای گشتی.

ئێستا کە بەدواداچوون بۆ ڕاگەیاندنەکان دەکەین؛ لە شەقامەکاندا چاوپێکەوتن دەکرێن؛ گەلەکەمان کە لە ئامەد و ئێلح و زۆربەی شوێنەکانی تر باسی گومانەکانی خۆیان دەکەن. لەم بابەتەدا مافی خۆیانە. ئێمەش خۆمان هەمان شت باس دەکەین. بۆیە دەوڵەت دەبێ ئەم راستیە کۆمەڵایەتیانە لەبەرچاو بگرێت و لەم چوارچێوەیەدا مامەڵە بکات. ئەگەر بەم شێوەیە مامەڵە بکات، ئەوا مەراسیمی چەک سووتاندنیش بەردەوام دەبن. بەڵام ئەگەر بەمشێوه یه نزیک نەبێتەوه و لەوێدا خۆی گیروودە بکات، ئەم دۆخە له لایەن هەڤاڵانمانەوەوه قبووڵ ناکرێت. لەم بابەتەدا ئیرادەیەک هەیە. وەک بەڕێوەبەری ئەگەر تا ئێستا هەڤاڵانمان قەناعەت پێ کردبێت، ئەگەر لە وەڵامی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆدا پێشکەوتنێکمان پەرە پێدابێت، هەموو ئەمانە لەسەر ئەو هیوایەن کە ڕێبەر ئاپۆ لە داهاتوودا ئازاد بکرێت. بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە تێکۆشانی قەناعەت پێکردنمان ئەنجام داوە و دەتوانین بەگوێرەی ڕۆحی سەردەم هەڵوێست نیشان بدەین. پێویستە ئەمە بزانرێت. چونکە ئەگەر ئەو هەنگاوە نەنرێت، کێشە دروست دەبێت و بە شێوەیەکی سروشتی بەردەوام نابێت. بۆیە نابێت وەک پرسێکی ئاسایی سەیر بکرێت. لەبەر ئەوە ئەمە خاڵی گرنگ و بنەڕەتیە.

لە بابەتی ڕێ و ڕێبازەکانی چارەسەریی پرسی کورددا بە ساڵان ڕێبازێک زۆرترین باس دەکرێت لە پەرلەمان بەڕێوەبردنی ئەو گفتوگۆیانەیە پەیوەست بە چارەسەرییەوە. لە کۆتاییدا پرۆسەی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە سیاسییەکان دەستی پێکردووە، ئەگەر دەسەڵاتی تەواویشی نەبێت، بە کۆمیسیۆنێک لە ژێر چاودێری پەرلەماندا. پەیوەست بەو کۆمیسیۆنەی دامەزراوە، چی دەڵێن؟  

پێش هەمووشتێک هەرچەند درەنگیش دامەزرا، بەڵام دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکە هەنگاوێکی گونجاو و ئەرێنییە. پرسی کورد پرسی هەموو تورکیایە. پرسی سەدەیەکە. بێگومان ئەم پرسە پێش ئەوەش بوونی هەبووە، بەڵام دۆخی پێشوو جیاواز بوو. بەڵام ئەمە لەگەڵ دامەزراندنی کۆماردا گۆڕا بۆ پرسێک. چونکە ئەو ئەگەرانەی لە سەرەتاوە باس کرابوون، جێبەجێ نەکران؛ نکۆڵیکردنێک درووستبوو. هەربۆیە بوو بە پرسی سەدە. بێگومان دەبێت قبوڵ بکرێت کە پیلانی ئیسلاحاتی شەرق سەرکەوتوو نەبوو. دەیانویست لەگەڵ ئەو پیلانە تورکیا بکەن بە یەک نەتەوە،  هەمووکەسێک بکەن بە تورک و بە ڕەنگێک نیشانی بدەن، بەڵام حەقیقەت و سرووشتی کۆمەڵگەکان هەیە؛ سۆسۆلۆژیای کەلتووری هەیە، کە لە قووڵایی مێژووەوە سەرچاوە دەگرێت. 

شوێنی چارەسەری پەرلەمانە، دەبێت بۆچوونی ئێمەش وەربگیرێت 

بەڵام هەرچەند درەنگیش بێت، دەبێت لە ئێستاوە ئەم پرسە چارەسەر بکرێت. بێگومان شوێنی چارەسەریش پەرلەمانی مەزنی گەلی  تورکیایە. مادام نوێنەرانی هەموو گەل لەوێدان، بە بۆچوونی ئێمە وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا، شوێنی چارەسەری پەرلەمانە. پەرلەمان دەتوانێت بە ڕێبازی کۆمیسیۆنەوە ئەمە بخاتە ڕۆژەڤی خۆیەوە. هەربۆیە وەک وتم دامەزراندنی کۆمیسیۆن لە پەرلەمان هەنگاوێکی گونجاوە. هیوادارین سەرکەوتوو بێت. بۆیە نابێت بە شێوەیەکی ڕووکەش یان بە شێوەیەکی تاکتیکی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. دیسانەوە دەبێت بەرژەوەندی هەموو تورکیا لەبەرچاو بگیرێت نەک بەرژەوەندی بچووکی پارتە سیاسییەکان. زۆر گرنگە کە نەک بە حساباتی بچووکی دەنگەکان، دەبێت بە حسابی بەرژەوەندی گەلان لە تورکیا نزیک ببێتەوە. چونکە پرسەکە پرسێکی ستراتیژی گرنگە. بۆ ئەمەش نزیکایەتییەکی ستراتیژی پێویستە. چارەسەرێکی بنەڕەتی و هەمیشەیی پێویستە. هەربۆیە پێویستی بە نزیکایەتییەکی جدی هەیە. هیوادارین کۆمیسیۆن لەم چوارچێوەیەدا نزیک بێتەوە. 

بێگومان ئێمە لایەنێکی ئەم پرسەین. دەبێت بۆچوونەکانمان وەربگیرێن. بێگومان من لێرەدا هیچ شتێک لەبارەی خەباتەکانی کۆمیسیۆنەوە دیاری ناکەم. ئەکتەر و بەردەنگی سەرەکیمان ڕێبەر ئاپۆیە. دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بیرۆکەکانی تەڤگەرەکەمان سەبارەت بە چارەسەری باس بکات. بۆیە هیوادارین سەردانی ڕێبەر ئاپۆ بکەین. بە شێوەیەکی سرووشتیش دەبێت بەم شێوەیە بێت. پێویستی بەمە هەیە. هەروەها وەک ئاماژەم پێدا لە چوارچێوەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک و یاساکانی ئازادیدا ڕێبەر ئاپۆ بۆچوونەکانی تەڤگەرەکەمان باس دەکات. ئێمە تەنها یەک نوێنەرمان هەیە؛ ڕێبەر ئاپۆیە. بەو پێیەی دانوستانکارە، دەبێت وەک بەردەنگیش سەیر بکرێت. بەم شێوەیە ڕێبەر ئاپۆ بۆچوونەکانمان ڕادەگەیەنێت. 

ڕێبەر ئاپۆ دانوستانکاری سەرەکیی ئێمەیە 

بەڵام دەمەوێت تەنها سەرنج بخەمە سەر بابەتێک. لە ڕاستیدا لە وەڵامی پێشووشدا ئاماژەم پێدا. ئەویش بابەتی ڕێبەر ئاپۆیە. ڕێبەر ئاپۆ دانوستانکاری سەرەکیمانە. ڕاستە نوعمان کورتولموش وەکو سیاسی لە چوارچێوەی سەرلەنوێ پێشخستنی پەیوەندییەکانی کورد-تورک لەسەر زەمینەی سیاسی ئاماژەی بە هەندێک شت دا. لەم بابەتەدا پێویستە هەڵوەستە لەسەر ئەوە بکرێت کە دەتوانرێت چۆن لەسەر ئاشتییەکی ڕاستەقینە هەڵوەستە بکرێت. لێرە بابەتی ستراتیژی چییە؟ لە ئێستادا پێویستە ئەمە لێرە ئەمە ببینرێت؛ ئێمە داوای بەزەیی لە کەس ناکەین. بابەت ئەوە نییە. 

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمڕۆدا گۆڕین و گۆڕانکارییەکان بە شێوەیەکی خێرا پێشدەکەون. واتا ئەو دیزاینەی کە پشت بە پلانی سایکس-بیکۆ دەبەستێت چیتر نامێنێت. لەبەرئەوە هێزەکانی سەرمایەداری جیهانی  ئێستا دەیانەوێت ناوچەکە بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دیزاین بکەن. لەم چوارچێوەدا مەترسی لەسەر تورکیا بوونی هەیە. لە بنەڕەتدا دەوڵەتی تورک ئەمە دەبینێت و دەیخاتە ڕۆژەڤی خۆیەوە؛ دەڵێن کە 'پرسی مان و نەمانمان لە ئارادایە'. بۆ دوورخستنەوەی ئەم مەترسییە، سەرەتا ویستیان ئێمە لەناوبەرن. ئەمە ڕووینەدا، نەیانتوانی بیهێننە دی. بینیان کە مەترسیی مان و نەمانی تورکیا بەم شێوەیە دوور ناخرێتەوە و بینیان کە هێشتا لە ڕۆژەڤدایە. پەیوەست بەمە هێندەی ئێمە لێی تێگەیشتین، دەوڵەت باخچەلی بەناوی دەوڵەتەوە بانگەوازێکی کرد. بێگومان ڕێبەر ئاپۆش ئەم مەترسییەی بۆ سەر تورکیا بینی و لەم بابەتەدا دەستپێشخەری کرد. ڕێبەر ئاپۆ وەکو ئیرادەیەک، بەڕاستی بڕیارێکی گرنگ و چاوەڕواننەکراوی دا. لە ئێستادا زۆر کەس دەڵێن گوایە لێدوانەکەی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـی دەوڵەت باخچەلی سەرسوڕهێنەر بووە و هیچ کەس چاوەڕێی شتێکی لەم شێوەیەی نەدەکرد. واتا کەس چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد کە کەسێکی وەکو دەوڵەت باخچەلی قسە و بانگەوازێکی لەو شێوەیە بکات. بەڵام بەلای ئێمەوە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆش شۆکێک بوو. لەوانەیە بەهۆی ئەوەی کە ئێمە فکری گۆڕین-گۆڕانکاریی ڕێبەر ئاپۆ دەزانین و لەگەڵ ڕێبازی ڕێبەرێتین، زۆر سەرمان سوڕنەما، بەڵام کۆمەڵگەکەمان چاوەڕوانی شتێکی لەم شێوەیە نەبوو. بەکورتی ڕێبەر ئاپۆ مەترسییەکەی سەر تورکیای بینیوە و لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیدا مامەڵەی لەگەڵ کردووە. لەم چوارچێوەیەدا ویستوویەتی شەڕ ڕابگرێت. سەرکێشی کرد، دەستپێشخەری کرد؛ ئێمەش وەکو ڕێکخستن بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆمان بەجێهێنا. 

باشە، لەم سەردەمەدا لەگەڵ ڕۆڵی لەم شێوەیە، ڕاستە لەلایەنی تورکیاوە باخچەلی و سەرۆککۆمار ئەردۆغان ڕۆڵیان هەیە؛ بەڵام لەلایەنی ئێمەوە ئەندازیاری ئەمە ڕێبەر ئاپۆیە. ڕێبەر ئاپۆ، وەکو ئەندازیاری ئەم پرۆسەیە تاوەکو ئێستا پرۆسەکە تاکلایەنە پێشدەخات. هەروەها لەلایەن دەوڵەتەوە تاوەکو ئێستا شتێکی دیار ئەنجام نەدراوە؛ هەنگاوی هەرە گرنگی دەوڵەت ئەوەیە کە لە ئیمراڵی هەندێک گۆڕانکاری ئەنجامدان و دامەزراندنی ئەم کۆمیسیۆنەیە. 

ئەگەر ئەندازیاری ئەم سەردەمە لە زیندان بێت، ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەدینایەت 

بەڵام پێویستە ئەمە بزانرێت کاتێک کە دانوستانکاری سەرەکی واتا بەردەنگی سەرەکی لە زینداندا بێت، لەنێو کۆمەڵگەدا ئاشتی بەدینایەت. گەر لە بابەتی ئاشتیی گەلانی کورد-تورکدا جددی بن، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بێت. کاتێک کە ئەندازیاری ئەم سەردەمە لە ئیمراڵی بێت، چۆن لەناو کۆمەڵگەدا خوشک و برایەتی و ئاشتی بەدی دەهێنن! ئەم قسەیەی من وەکو مەرجێک نییە؛ با کەس وەکو مەرج شرۆڤەی نەکات. لە چوارچێوەی پێشکەوتنی ئەم پڕۆسەیەدا ئەرکێکی سروشتییە. هەرخۆی ئەنجوومەنی ئەورووپا سەبارەت بە داننان بە مافی هیوادا بڕیاری دەرکردووە. ساڵی ڕابردوو ئەنجوومەنی ئەورووپا ساڵێک دەرفەتیدا بە تورکیا. هەڵە نەبم یان ئەیلوول یان تشرینی یەکەم ئەم دەرفەتە کۆتایی دێت. ئەگەر تورکیا یاساکانی بەگوێرەی مافی هیوا هەموارنەکاتەوە، ئەوکات پێویستە ئەنجوومەنی ئەورووپا سزا بۆ تورکیا ببڕێتەوە. باشە، مەگەر پێویست نییە بۆ کەسێک کە ئەم سەردەمە و پرۆسەی ئاشتی پێشخستووە، تیۆرەکەی دامەزراندووە و ڕۆڵ و قۆناغەکەی تاکلایەنە بەجێهێناوە، مافی هیوا دانی پێدا بنرێت و لە پەرلەمانی تورکیا هەموارکردنەوەی یاسایی ئەنجام بدرێت؟ بۆ ئەمە لە تورکیا چی پێویستە؛ پێویستە یاساکان بسەپێنرێن. واتا پێویستە تورکیا یاساکانی بەگوێرەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا هەمواربکاتەوە. ئەمە شتێکی ئاساییە. مادام ئێمە بەڕاستی ئاشتی بەدیدێنین، پێویستە ئەمە ڕووبدات. واتا وەکو پێشتر دەوڵەت باخچەلیش باسی کرد، باڵندە ناتوانێت بە باڵێک بفڕێت. لەبەرئەوە پێویستە باڵی دووەمیش لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە بئافرێنرێت و پەیوەست بەمە بەشێوەیەکی ڕاست ئاشتییەکی هەمیشەیی بەدیبێت. پێویستی بەمە هەیە. 

لەم سەردەمەی ئێستادا، کەسێک کە سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگە دەخوێنێتەوە، دەبینێت کە لە هەموو سەردەمە مێژووییەکاندا، لە هەموو سەردەمە چارەنووسسازەکاندا پێویستیی بە ڕێکەوتنی کورد-تورک هەیە. پێویست ناکات بچینە وردەکاریی مێژووەوە؛ نوعمان کورتولموشیش لە قسەکانیدا باسی مێژووی کرد؛ ڕێبەر ئاپۆش بەشێوەیەکی بەرفراوان باسی دەکات، بەڵام پێویست ناکات من لێرە باسی بکەم. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار