ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید دادگایی دەکرێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش



بڕیارە ئەمرۆ پێنجشەممە، بڕیارێکی چارەنووسساز لەبارەی دۆسیەی یاسایی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەربکرێت.

سەڵاح حەسەن، وتەبێژی دادگای سلێمانی، ڕاگەیاند، ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، دەبرێتە بەردەم دادوەر و گوتەی لێوەردەگیرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە پێشوودا بە بێ ئامادەبوونى خۆی سزا درابوو.

عەبدولواحید، کە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە بە فەرمانی دادگا و لەسەر بنەمای سکاڵایەکی شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، دەستبەسەر کراوە، ڕووبەڕووی سزای شەش مانگ زیندانیکردن بووەتەوە. 

سزاکە پێشتر و بەبێ ئامادەبوونی خۆی بە تۆمەتی "هەڕەشەکردن" لە پەرلەمانتارە ناوبراوەکە دەرچووە، بەڵام تانەی لێدراوە و ئێستا دۆسیەکە لە قۆناغی تێهەڵچوونەوە (تەمیز) دایە.

چاوەڕوان دەکرێت لە دادگاکەدا پارێزەری شاسوار عەبدولواحید داوای پێداچوونەوە بە فەرمانی دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بکات.

پێشتر نەوەی نوێ داوایکردبوو شاسوار عەبدولواحید بە کەفالەت ئازاد بکرێت، بەڵام بە گوتەی دادوەر سەڵاح حەسەن، "تاوەکو حوکمەکە بەم جۆرە بێت بە کەفالەت ئازاد ناکرێت".

12ـی ئابی 2025، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە فەرمانی دادوەر لەلایەن هێزێکی پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکرا.

سەڵاح حەسەن، جێگرى سەرۆکى دادگاى سلێمانى کە هاوکات گوتەبێژى دادگاکەشە، راگەیاند، شاسوار عەبدولواحید هەڕەشەى لە پەرلەمانتارێکى پێشوو کردووە.

دەشڵێت، پەرلەمانتارەکە لەساڵى 2021ـەوە سکاڵاى لەسەر تۆمارکردووە، دادگا ئاگادارکردنەوەى بۆ دەنێرێت، بەڵام ئامادە نابێت لە بەردەم دادوەر.

گوتیشى، پاش چوارساڵ دادگاى سلێمانى بە بێ ئامادەبوونى خۆى سزاى شەش مانگ زیندانیى بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرکردووە.

هەروەها جێگرى سەرۆکى دادگاى سلێمانى، راشیگەیاند، بەهۆى ئەوەى شاسوار عەبدولواحید بەدەم ئاگادارکردنەوەکانى دادگاوە نەچووە، بۆیە دادگا بەبێ ئامادەبوونى خۆى سزاى داوە.

بەپێی زانیارییەکان، دادوەر لە دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەممەدا لەبەردەم سێ ئەگەری سەرەکیدایە کە هەر یەکێکیان ئاڕاستەی دۆسیەکە بە تەواوی دەگۆڕێت:

پشتڕاستکردنەوەی سزا: دادوەر بڕیاری پێشووی دادگا پەسەند بکات و سزای شەش مانگ زیندانیکردنەکە جێگیر بکات. لەم حاڵەتەدا، شاسوار عەبدولواحید لە زیندان دەمێنێتەوە تا تەواوکردنی ماوەی سزاکەی.

ئازادکردن بە کەفالەت: دادوەر بڕیار بدات بە کردنەوەی دۆسیەکە و دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ دادگاییکردنەوەی عەبدولواحید بە ئامادەبوونی خۆی. لەم ئەگەرەدا، تا کاتی دانیشتنی داهاتوو بە دانانی کەفالەت ئازاد دەکرێت.

هێشتنەوە لە زیندان تا دادگاییکردنەوە: وەک ئەگەری دووەم، دادگا ڕۆژێکی تر بۆ دادگاییکردن دیاری بکات، بەڵام تا ئەو کاتە عەبدولواحید لە زینداندا بهێڵێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار