سەرچاوەیەک: تا ١٢٠ ملیارەکە نەنێردرێت موچە خەرج ناکرێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش
وەفدی باڵای حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا لەسەر پرسی موچە و رادەستکردنی داهاتی نانەوتی گەیشتونەتە لێکتێگەیشتن، هاوکات شاندی هەرێم داوایان لە تەیف سامی کردووە، مووچەی مانگی شەش بنێرێت، بەڵام وەزیرەکەی عێراق گوتوویەتی: "هەر کات نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانمان پێگەیشت، دەینێرین."
سەرچاوەیەک لە شاندى باڵای هەرێم ڕایگەیاند: هەرێم و بەغدا رێکەوتوون لەسەر ئەوەی داهاتی گومرکی لە سەدا پەنجا بە پەنجا بێت و بە نیوەی لە نێوان هەرێم و بەغدا دابەش دەکرێت، هاوکات هەفتەی داهاتوو وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ دارایی عیراق و لیژنە وزارییەکە کۆدەبێتەوە و داهاتی باج و رسومات یەکلایی دەکەنەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عیراق رازی بووە کە لە دوای مانگی شەشەوە بە 120 ملیار دینارەکەدا بچێتەوە، ئەمەش رەزامەندی تەیف سامیی لەسەرە ، بەڵام هێشتا لەسەر هیچ ژمارەیەکیش رێکەوتن نەکراوە.
بەوتەى ئەو سەرچاوە باڵایە، وەزارەتی دارایی عیراق لە چاوەڕوانی گەیشتنی نوسراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش، لە کاتی گەیشتنی نوسراوەکە بۆ دارایی عیراق، ئەوکات لەسەر بنەمای ئەو نوسراوە تەیف سامی ئیمزا لەسەر خەرجکردنی پارەی مووچەی مانگی شەش دەکات.
ئاشکرایشیکرد، لە کاتی رادەستکردنی 120 ملیارەکە لەلایەن هەرێمەوە بە بەغداد و تەواو کردنی (رێکارەکانی) دەستپێکردنەوەی نەوت، راستەوخۆ پارەی موچەی مانگی شەش خەرج دەکرێت، واتا تەنها تەواوکردنی رێکارەکان نەک هەناردەکردنەوەی نەوت.
بەپێى زانیاریەکانى سەرچاوە باڵاکە، خەرجکردنی موچەی مانگی شەش پەیوەست کراوە رادەستکردنی 120 ملیارەکە و تەواوکردنی ریکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت.
لەلایەکى دیکەوە ئەندامێکى بەشداربووى کۆبونەوەکەى ئەمڕۆ کە نەیوست ناوى ئاشکرابکرێت دەڵێت: شاندی هەرێمی کوردستان داوایان لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کردووە مووچەی مانگی شەش خەرج بکات، بەڵام ئەو رایگەیاندووە، 'تاوەکو ئێستا نووسراوی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بەدەست نەگەیشتووە و هەر کاتێک گەیشتە دەستیان لەسەر بنەمای بڕیارەکە، مووچەی مانگی شەشی هەرێمی کوردستان خەرج دەکەن'."
شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و لیژنە وەزارییەکەی حکومەتی عێراق بەردەوام دەبن لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن، ماوەی هەفتەیەکیان لەبەردەستە تاوەکو بگەنە ئەنجامی کۆتایی."
