مەسرور بارزانی: نزیکین لەچارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا

10 كاتژمێر لەمەوپێش
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: خۆشحاڵین کە وەبەرهێنەری وڵاتانی دیکە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ وەبەرهێنان ئەمەش دەرخەری سەقامگیری ئاسایشی کوردستانە. هەر بۆیە سوپاسی ماندووبوونی پێشمەرگەی کوردستان دەکەم.
ئەمڕۆ سێ شەممە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، شەشەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی خانووبەرە و وەبەرهێنان لە شاری هەولێر کرایەوە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا باسى لەسەر چەند پرسێکى جیاوازکرد.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: بانگهێشتنامەمان ناردووە تاوەکو کۆمپانیاکانی ئەمریکا بێنە کوردستان، دوای پێشانگاکە کۆبوونەوەم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەیە.
مەسرور بارزانی گوتیشی "هەر وەکوو پێشتریش لە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم هەبووە، بۆ فرەچەشنکردن و فراوانکردنی کەرتی بازرگانی و ئابووری لە هەرێم لە هەموو ڕوویکەوە. بۆیە من خۆشحاڵم کە ئێستا وڵاتانی تر ڕوو لە هەرێم دەکەن، ئەمەش بێگومان زۆربەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەقامگیرییەی کە لە هەرێم هەیە. سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین، سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان دەکەین.
هەروەها ئەوەشى خستەڕوو هەوڵمانداوە سەرجەم کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ چارەسەر بکەین و ئێستا شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدان، نزیکین لە چارەسەری تەواوی کێشەکان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وتیشى: گرفت نەماوە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، تەنها ئەوەیە کۆمپانیاکانی بواری نەوت داوای دەستبەرکردنی گرێنتی لە حکومەتی عێراق دەکەن.
