ئەمڕۆش چارەنوسی موچە یەكلانەكرایەوە

7 كاتژمێر لەمەوپێش
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆتایهات، بەهۆی ناكۆكی لەبارەی داهاتە نانەوتییەكان، جارێكی تر یەكلاكردنەوەی چارەنوسی موچەی هەرێم دواكەوت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، پرسی داهاتی ناوخۆ رەوانەی ئەنجوومەنی دەوڵەت بکرێت بۆ بڕیاردان. هەروەها لەبارەی رادەستکردنی نەوت بڕیاردرا ئەو نەوتەی کۆمپانیاکانی ناوخۆ بەرهەمی دەهێنن، رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێت.
بڕیارەکە وایە، بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ گلدەدرێتەوە، باقییەکەی رادەست دەکرێت.
بەپێی زانیارییە بەراییەكان، لەبارەی پرسی نەوت و داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاریداوە:
ناكۆكییەكان لەبارەی داهاتی نانەوتیی (داهاتە فیدراڵییەكان) رەوانەی بەردەم (ئەنجومەنی دەوڵەت) بكرێت بۆ یەكلاییكردنەوەی، ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم چاوی لەوە بوو پرسەكە لە دادگای فیدراڵی یەكلابكرێتەوە.
لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە حكومەتی هەرێم دەستبكات بە رادەستكردنی نەوتی بەردەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكرێت (پاش لێدەركردنی بڕی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم).
