ئامینە زکری: پارتی دەمڕاستی پرسی کورد و کوردستانە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: بەهێزەوە بەشداری لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەکەن و گوتیشی، "بەغدا رادەستی خەڵکێکی لاواز ناکەین."

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئامینە زکری لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە وتی، "پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکردووە، لە رووی رێکخستنیشەوە ئامادەکاریی زۆر باش کراوە، هەموو میحوەر و بازنەکان کاری خۆیان دەکەن."

ئامینە زکری گوتی، "پارتی پشت ئەستوورە بە مێژووی پڕ سەوروەریی خۆی و دەنگی جەماوەریی کوردستان. ئێمە بە ئەوپەڕی متمانە بەخۆبوون بەشداریی لەم پرۆسەی هەڵبژاردنەدا دەکەین و ئامادەکاریش دەکرێت بۆ ئەوەی ئاهەنگێکی دەستپێک بۆ بانگەشە ساز بکەین."

ئامینە زکری، باسی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدای کرد و بە باشی زانی پارتی (کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لایە) بەهێزەوە بچێتە نێو ململانێی هەڵبژاردنەوە و گوتی، "سەرەڕای هەموو ئاڵۆزییەکان و ئەو گرفتانەی حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستانی دروست کرد، ئێمە لەو باوەڕەداین دەبێ پارتی بە سەنگ و هێزێکی گەورە بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکات. داوا لە هەموو جەماوەر و خەڵکی خۆشمان دەکەین کە ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە و کێشەیەکی قووڵمان لەگەڵ بەغدا هەیە، ئەویش بابەتی جێبەجێ نەکردنی دەستوور و مافی رەوای خەڵکی کوردستانە، بۆیە درووشمی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە چوارچێوەی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازاندایە، کە سێ بنەمای سەرەکین."

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، کێشەی نێوان هەولێر و بەغدای بە "قووڵ" وەسفکرد و ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو کێشەیەی من باسمکرد لەگەڵ عێراق، زۆر قووڵە، دروستکردنی حکومەتی نوێی عێراق لە دوای سەدام لەسەر سێ بنەما بووە، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لەگەڵ سەرکردایەتیی ئەوکاتی عێراق لەسەر دەستوور رێککەوتوون کە لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازاندایە. کێشەی بنەڕەتیی عێراق کاتێک چارەسەر دەبێت کە ئەو سێ بنەما دەستوورییە جێبەجێ بکرێن."

بە گوتەی ئامینە زکری، پارتی باوەڕێکی زۆری بە جەماوەری خۆی هەیە، "لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش دەبێ سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان بزانن، نابێ سەنگ و پێگەکەی لەسەر بنەمای کورسی بێت، بەڵکو پێکهاتەیەکی سەرەکی و کیانێکی دەستووریی هەیە و دەبێ وەکو پێگە دەستوورییەکەی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

بە بڕوای ئامینە زکری، کێشەی سەرەکیی هەرێمی کوردستان ئەو سێ بنەمایە (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) و جێبەجێ نەکردنی دەستوورە، بۆیە ئەوە بووەتە بنەمای بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی، "هاوبەشییەکی راستەقینەی عێراقمان دەوێت، هاوسەنگی و سازانمان دەوێت بۆ دەرچوواندنی یاسا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دەبێ زۆرینە و کەمینە نەکرێنە پێوەر، بەڵکو دەبێ پێگەی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت."
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: "ئێمە داکۆکیی لەسەر ئەوە دەکەین کە لە بەرژوەندیی خەڵکی کوردستاندایە، لە هەرجێیەکی مافی دەستووریی هەرێمی کوردستان هەبێت، پارتی بە هێزەوە لەوێ بەشدار دەبێت، بۆیە ئێمەش داوا لە دەنگدەری خۆمان دەکەین بە هێزەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن، تاوەکو پرسی کورد و کێشەی هەولێر و بەغدا هەبێت، پارتی ئامادەیی دەبێت. پارتی دەمڕاستی پرسی کورد و کوردستانە، بۆیە ئێمە بەغدا رادەستی خەڵکێکی لاواز ناکەین، بۆ کێشەکانیش پشت ئەستوورین بە دەنگدەری خەڵکی کوردستان."
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار