مەزڵوم عەبدی: کشانەوە لەڕەقەو دەیرەزور لە ئاردانییە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەختى کردەوە، واشنتۆن پێشنیازی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دیمەشق کرد بۆ روبەڕوبونەوەی داعش.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی روناهی، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات،  وتى: کشانەوە لە پارێزگاکانی رەقەو دەیرەزور لە ئاردانییە،  ئەو دیدارانەی لەگەڵ سەرۆکی سوریا لە دیمەشق ئەنجامدراون تیشکیان خستۆتە سەر پێویستی گەیشتن بە چارەسەرێكی سوری-سوری.

هەروەها باسى لەوەکردوە کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی مافەکانی کورد بخرێنە نێو دەستوری سوریا، بەم نزیکانەش شاندی کوردی سەردانی دیمەشق دەکاتـ 

بەوتەى ئەو واشنتۆن پێشنیازی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دیمەشق کرد بۆ روبەڕوبونەوەی داعش.

هەر لەو چاوپێکەوتنەدا، مەزڵوم عەبدی هێماى بۆ ئەوەشکردوە کە کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا هێشتا كراوەیە، ئەنكەرە دەتوانێت پاڵپشتی رێککەوتنی ئێستا لەگەڵ دیمەشق بکات ئەگەر بیەوێت جێبەجێی بکات.

دەشڵێت: دۆسیەی گەڕەکەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە ئەولەویەتێکی ستراتیژییەو واشنتۆن و هاوپەیمانی نێودەوڵەتيش بایەخ بەم پرسە دەدەن، لەگەڵ پێویستی جێبەجێکردنی رێککەوتنی حەلەب.

هاوکات باس لەوەدەکات کە پێشنیارەکەی ئەمریکا قبوڵکراوە، ئامانجیش ئەوەیە شەڕی دژی رێکخراوەکە ببێتە جەنگێکی نیشتمانی گشتگیر، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

فەرماندەى گشتى هەسەدە داوای لە خەڵکی عەفرین و سەرێکانیە (راس العین) و گرێ‌ سپی (تەل ابیض) کرد خۆیان بۆ گەڕانەوەیەكی سەلامەت ئامادە بکەن. وتیشى: لەگەڵ حكومەتی دیمەشق لێکتێگەیشتنی ئەمنی و سەربازیمان کردووە.

ئەوەشى خستەڕوو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆ ئاوێتە دەكرێن و نوێنەرانیان لە لیژنەی سەربازیدا دەبێت كە بەرەو دیمەشق دەڕوات. 

وتیشى: ئەگەری بەشداریکردنی دیمەشق هەیە بەم نزیکانە لە شەڕی دژی داعش، بەشداریکردنی لەم بابەتەدا یەکێکە لە مەرجەکانی هەڵگرتنی سزاکان، لێکتێگەیشتن هەیە بۆ ئەوەی بڕگەکانی رێککەوتنی 10ی ئازار بخرێتە ناو دەستورەوە.

باسى لەوەشکرد لە کۆبونەوەکەی ئەم دواییەی دیمەشق لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری رێککەوتن كرا لەسەر ئاگربەستێکی گشتگیرو بەردەوامبونی گفتوگۆی ئاست بەرز. وتیشى: سازان كراوە لەسەر بنەمای نا ناوەندێتی سەرەڕای ناکۆکی لەسەر لێکدانەوەی زاراوەكان. 

عەبدى وتى: بەم نزیكانە شاندەکانی ئیدارەی خۆسەر سەردانی ژمارەیەک لە شارەكانی سوریا دەكات،  سەردانەکەی باراک و کوپەر، جەخت لە بەردەوامی هاوکارییەکانی نێوان واشنتۆن و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکاتەوە. 

لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا دەڵێت: لە کۆبونەوەکانی داهاتوودا باس لە هەموارکردنەوەی دەستوری سوریا دەکرێت،  هەماهەنگی زارەکی كراوە سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سوپای سوریادا، دیمەشق خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ سودمەندبون لە شارەزاییە سەربازییەکەی.

وتیشى: کۆبونەوەی حەسەکە باسی لە هەڵگرتنی سزای یاسای قەیسەر و بەشداری دیمەشق لە شەڕی دژی تیرۆر کردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار