مەسرور بارزانی کەنیسەی ئوم ئەلنووری کردەوە
.jpg)
6 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکوەزیرانی کوردستان کەنیسەی ئوم ئەلنووری لە عەنکاوە دەکاتەوە. ئەم کەنیسەیە لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە،12ـی ئۆکتۆبەری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەنیسەی "ئووم ئەلنوور" لە شارۆچکەی عەنکاوە دەکاتەوە، کەنیسەى ئوم ئەلنوور لەسەر ڕووبەری شەش هەزار مەتر و گوژمەی پڕۆژەکە، بە چوار ملیار و 290 ملیۆن دینار لە عەنکاوە دروستکراوە. شوێنی هەزار کەس لەناو کەنیسەکەدا دەبێتەوە.
بە گوتەی مەترانی کاتدرائی، کردنەوەی ئەو کەنیسەیە زۆر گرنگە بۆ کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
چەندین ئاینزای جیاواز لە هەرێمی کوردستان بەبێ کێشە دەژین، ئەمەش سیمایەکی گەش و دیاری بەخشیووە بە پێکەوەژیان لە کوردستان. دوای هاتنی چەکدارانی داعش لە 2014 هەزاران مەسیحی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، بەشێکیان نەگەڕانەوە و بڕیاریاندا لێرە بژین.
خالید جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە ئاڤا میدیای وت، کەنیسەی ئوم ئەلنوور لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2012 دەستکرا بوو بە دروستکردنی، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی کارکردن لە کەنیسەکە وەستا بوو. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان فەرمانی کرد کەنیسەکە تەواو بکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مەسیحییەکان دەشڵێت: ڕووبەری کەنیسەی ئوم ئەلنوور نزیکەی پێنج هەزار مەتر دووجایە، جێگای زیاتر لە هەزار کەس دەبێتەوە. بۆ ئاوارە سریانییە ئەرسۆدۆکسەکان دروستکراوە.
شارۆچکەی عەنکاوە تاکە شارۆچکەی هەرێمی کوردستانە کە ھیچ شارەدێ و گوندێکی نییە و کەوتووەتە ناو ناوەندی هەولێرەوە، بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014دا بووە شارۆچکە. زۆرینەی دانیشتووانی ئەم شارۆچکەیە کلدان و ئاشووریین، کە زۆربەیان پەیوەستن بە کڵێسای کاسۆلیکی کلدانی. لە هەرێمی کوردستان 151 کەنیسە، 76 مەزار، 10 دێری مەسیحییەکان هەیە.
