مەسرور بارزانی: هەرێم بەردەوام دەبێت لەسەرخستنی پەیامی ئاشتی

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەنیسەی "ئووم ئەلنوور" لە شارۆچکەی عەنکاوە کردەوە و وتارێکی پێشکەشکرد.

مەسرر بارزانی لەمیانەی وتارەکەیدا رایگەیاند، "ئەم کەنیسەیە دیارییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەو خوشک و برایانەی کە وەک بیستم بەشێکی زۆریان ئاوارەی دەشتی نەینەوان، کە بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە هەر لێرە ماونەتەوە و سوود لەم کەنیسەیە وەردەگرن و خواپەرستی تێیدا دەکەن".

ئاماژەی بەوەکرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بەم بارودۆخە سەپێنراوەی دەشتی نەینەوا و بۆ دروستکردنی کەشێکی ئارام و سەقامگیر بۆ ئەوەی خوشک و براکانمان بتوانن بەسەربەرزی و بائارەزووی خۆیان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و کەنیسەکانیان".

مەسرور بارزانی وتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی دەدات بە هەموو ئایینەکان و قوڵکردنەوەی بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانە و ئازادی ئایینی لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لەسەرخستنی پەیامی ئاشتیی و پێکەوەژیان لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار