مەسرور بارزانی: پرۆژەی ڕووناکی بەخەون دەزاندرا، بەڵام جێبەجێکرا
15 كاتژمێر لەمەوپێش
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی جەماوەی پارتی بۆ پشتیوانی کردن لە لیستی 275، گوتی: ئێمە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بە منەت نازانین، بەڵکو بە ئەرکی خۆمانی دەزانین.
جێگری سەرۆکی پارتی وتی: یەک لەو پرۆژانەی بە خەون دەزاندرا، پرۆژەی ڕووناکی بوو، بەڵام بە ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان و خۆڕاگریی پارتی، ماندووبوون و پشوودرێژی و پشتیوانی ئێوە، بە زەحمەت و ماندووبوونی گەنجی پارتی، پرۆژەی ڕووناکی بووە ڕاستی.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند "ئێمە گوتارمان نییە، چونکە بە ڕاستی کردارەکانمان گوتاری ئێمەیە. ئەو کارانەی پێش ئێستا کردوومانن، شاهێدی لەسەر ئەوەی پارتی چۆن توانیویەتی خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات.
پڕۆژەی هەژماری من یەكێكە لەو پرۆژانەی كە زۆر گرنگە بۆ دروستكردنی ژێرخانی ئابووری و كردنەوەی دەروازە بۆ گەنجانی ئێمە تاوەكوو ببنە خاوەن بزنسی خۆیان یان دەتوانن قەرزی بانكی وەربگرن و زیاتر سوود لەو خزمەتگوزارییە بكەن كە لە سیستەمی بانكیدا حكوومەتی هەرێم پێشكەش بە هاووڵاتیان دەیكات.
هیوای ئێمە ئەوەیە كە چەندە ئەو بەرنامە و خزمەتگوزارییانەی پێشكەش دەكرێن، بەردەوام بن بە پشتیوانیی ئێوە، ئێستاش هیوادارم ئێمە بتوانین جێی باوەڕی ئێوە بین، ئەو باوەڕەی ئێوە بە ئێمەتان داوە، ئێمە بتوانین ئەو ئەمانەتە رابگرین و لە خزمەتی ئێوەدا بین. ئێستاش داوای من لە ئێوە ئەوەیە، ئەگەر ئێوە دیسان باوەڕی خۆتان بدەن بە ئێمە، من دەڵێم كرداری ئێمە شاهێدی ئەوەن كە ئێمەش دەتوانین بەردەوام بین لە خزمەتكردنی ئێوە.
پارتی لە ڕابردوو قوربانیی زۆری داوە، پارتی ئێستا دەستكەوتی زۆری هەیە كە پێشكەشی ئێوەی كردووە و پارتی بۆ پاشەڕۆژ بەرنامەی زۆر زیاتری هەیە بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵكی خۆمان و بۆ بەهێزكردنی كوردستانی خۆمان، بەڵام بۆ ئەوەی بەرەو پاشەڕۆژ بچین، بەرەو ئاییندەی رووناكتر بچین، پێویستە ئێمە پێكەوە بچین. پارتی جودا نییە لە ئێوە، پارتی بەشێكە لە ئێوە و ئێوە هێزی پارتین، ئەگەر ئێوە دەتانەوێ كوردستان رۆژ بە رۆژ بەرەوپێشتر بچێت، سەركەوتووتر بێت، دەنگی خۆتان بدەنە پارتی تا پارتی سەربكەوێت و ئێوەش سەربكەون و لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمجارە لەو پەرلەمانە سەربكەوێت، گەرەنتیی ئەوە دەدات كە زیاتر پارتی بكەوێتە خزمەتی خەڵكی كوردستان.
