پارێزگاری هەولێر وردەکاری ڕووداوەکەی گوندی لاجان ئاشکرادەکات
11 كاتژمێر لەمەوپێش
پارێزگاری هەولێر بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە داگیرکردنی زەوی پاڵاوگەکە دەکەن و ڕایگەیاند، ئەو زەوییە بە پارە لە خاوەنەکانیان کڕدراوەتەوە و نە حکوومەت پێیداوە و نە داگیرکراوە.
یەکشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەربارەی ڕووداوەکانی گوندی لاجان گوتی: ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی لە هێز و لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەو بابەتە زۆر قسەی ناڕاستیان کرد، ئەمڕۆ ئێمە ڕاستییەکان دەخەینە ڕوو.
گوتیشی: یەکەم بابەت کە زۆر زەق کراوە و بە جۆرێک قسەی دەربارەوە کرا کە گوایە ئەو زەوییەی پاڵاوگەی "لاناز"ـی لەسەر دروستبووە، ئەو زەوییە داگیرکراوە. ئەو بابەتە هیچ بنەمایەکی نییە، دوورە لە ڕاستییەوە. ئەو پاڵاوگەیە کاتێک لەو شوێنە پاڵاوگەکەی دروستکردووە، زەوییەکەی کڕیوەتەوە، نە حکوومەت پێیداوە، نە زەوی خەڵکی داگیرکردووە.
ئومید خۆشناو باسی لەوەشکرد، نزیکەی 70 کەسی گوندەکە لەو پالاگەیە دامەزراون، داواکاری دیکەش هەبووە خەڵکی دیکە دابمەزرێت، بەڵام کۆمپانیاکە بە ڕوونی و بە ڕاشکاوی بەو خەڵکەیان گوتووە ئەوەی بەشی ئێوە بووە بە زیادەوە بۆتان کراوە، لەوە زیاتر ناتوانین بیکەین. واتە وەکو هەندێک کەناڵی میدیایی و هەندێک کەس باسی لێوە دەکەن بەڵێن بە خەڵک دراوە، بە هیچ جۆرێک بەڵێن بە خەڵک نەدراوە.
ڕاشیگەیاند، 67 بارهەڵگری ئەو گوندە دەرفەتی کاریان بۆ ڕەخساوە بەپێی ئەو میکانیزمەی کە دیاری کراوە و ئەنجوومەنیان هەبووە و ڕۆژانە لەوێ کاریان کردووە، هەروەها لە کارگەی شیشی سنوورەکە 300 کارمەندی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە کار دەکەن. 73 کەسیش خەڵکی "لاجان" لە "لاناز" دامەزراون و کار دەکەن.
ئومێد خۆشناو، جەختیشی کردەوە، پێش ئەوەی پاڵاوگەی لاناز لەو سنوورە دروست بکرێت، ئەو گوندە ژمارەی خێزانەکانی نەدەگەیشتە 100 کەس، ئێستا 425 خێزانە. واتە بوونی پاڵاوگەکە لەوێ، زەمینەی کارکردنی ڕەخساندووە، بەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی خەڵکی دیکەش بگەڕێتەوە ئەو گوندە.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی ڕووداوەکە، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بەداخەوە شۆفێرێکی خەڵکی کەرکووک و پاسەوانێکی شوێنەکە گیانیان لەدەستداوە و شەش کەسی دیکە بریندار بوون.
ئومێد خۆشناو پەنجەی تۆمەتی بۆ لایەنێکی سیاسی درێژ کرد و ڕایگەیاند، ئەو کەسەی لە دانپێدانانەکاندا دەرکەوتووە کە هاندەر بووە، "بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتییە"، داواشی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد هەڵوێستی خۆیان ڕوون بکەنەوە کە ئایا ئەمە سیاسەتی ئەوانە یاخود نا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئومێد خۆشناو ئەو خزمەتگوزارییانەی خستەڕوو کە کۆمپانیای لاناز پێشکەشی گوندەکەی کردووە، لەوانە، دروستکردنی بنکەی تەندروستی و قوتابخانە و نۆژەنکردنەوەیان. هەروەها مانگانە بڕی 14 هەزار دۆلار وەک هاوکاری دراوە بە سندوقی گوندەکە، ئاو و کارەبایان بۆ دابینکراوە و سێ هۆڵی بۆنەکانیشی بۆ دروستکردوون، خەرجی چارەسەری نەخۆشیشی لە دەرەوەی وڵات وەکوو (هیندستان و تورکیا) بۆ دابینکردوون.
ئاماژەی بەوەشدا، خۆپیشاندان بە "ئارپیچی" ناکرێت و ئەوەی ڕوویدا ئاژاوەگێڕی بوو، ڕاشیگەیاند، تا ئێستا 16 کڵاشینکۆف و ئارپیچییەک ڕادەستی پۆلیس کراون و لیژنەیەک بۆ تۆمارکردنی چەکەکانی ئەو گوندە پێکهێنراوە.
لە کۆتاییدا ئومێد خۆشناو، دڵنیایی دایە هاووڵاتیان کە دۆخەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کراوە و یاسا سەروەر دەبێت بەسەر ئەوانەی دەستیان لە ئاژاوەکەدا هەبووە، هەروەها ڕەخنەی توندی لەو میدیایانە گرت کە بە گوتەی ئەو "بە چەواشەکاری بوونە هۆی ترساندنی ئافرەت و منداڵ و چۆڵکردنی گوندەکە."
