رێباز حەملان: وەزارەتی ناوخۆ پشکی پارتییە و نادرێت بە یەکێتی
9 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕێباز حەملان ڕایگەیاند، لە لقی بانکی ناوەندیی هەولێر کێشەی سیوولە نییە و بەشی سێ مووچە پارەی تیایە. لەبارەی مووچەی مانگی 10ـش دەڵێت، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ـی فەرمانبەرانی عێراق، ڕەوانە دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێباز حەملان، بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە، لیستی مووچەی مانگی 11 لەگەڵ میزان موراجەعەی مانگی 10 ڕەوانەی بەغدا دەکرێت، هەروەها سبەی دەبرێتە وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
ڕێباز حەملان لە درێژەی وتەکانیدا باسی لەمانەش کرد:
- لیستی مووچەی مانگی 10 وردبینی و کارەکانی تەواو بووە، ئەوەی ماوەتەوە بەغدا دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی 12ی خۆی بکات، دواتر مووچەی مانگی 10ی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
- سیوولەی پێویست بۆ دابەشکردنی سێ مووچە لە لقی هەولێر بانکی ناوەندی عێراق هەیە و كێشە لەوە نییە.
- لە 29-9-2025 تا 7-12-2025، لە ماوەیەدا ئێمە 14 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتمان ڕادەستی سۆمۆ کردووە، بۆ ئەوەی هەناردەی دەرەوەی بکات و بیفرۆشێت.
- نەوتەکە بە نرخی برێنت فرۆشراوە و هەموو حسابەکە چووەتەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و نایەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
- 120 ملیار لە داهاتی ناوخۆ هەموو مانگێک ڕادەستی بەغدا دەکەین، عێراق نزیکەی 270 ملیار دیناری دەخاتە سەر، کەواتە پێویست ناکات منەت بەسەر هەرێمی کوردستانی بکات.
- عێراق لە ڕووی سیاسییەوە دەیەوێت کارتی نەوت و داهاتی ناوخۆ بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت.
-بەگوێرەی یاسای ئیدارەی مالی، دەبێت پشت بە (قەید ئیستحقاق) ببەسترێت بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی 11 و 12، بەگوێرەی ئەم یاساییە مووچەکان ئیستحقاقە لەسەر عێراق و خەرج نەکردووە، بەڵام ئەوان ناچنە ژێر باری ئەمە و دەڵێن دەبێتە قەرز لەسەر ئێمە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەسەر ئەم خاڵە لەگەڵ بەغدا قسە دەکات.
-هەوڵێک هەیە لەم هەفتەیە یەکێتی و پارتی جارێکی دیکە کۆببنەوە و لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ گفتوگۆ بکەن.
-لەسەر بنەماکانی حکومڕانی گەیشتووینەتە ڕێککەوتن، بەڵام کێشە لەسەر پۆست هەیە، پارتی زیاتر لە هەشت پۆستی وەزاری و دەستەی بە یەکێتی داوە.
-پارتی 50+50ی بۆ پێکهێنانی حکومەت قبووڵ نییە، چونکە دوو هێندەی یەکێتی دەنگی بەدەست هێناوە.
-دەبێت کێشەی مووچە و بودجە لە ڕێککەوتنی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق جێگیر بکرێت.
-پارتی ژمارەیەک مەرجی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق هەیە، کە پەیوەندی بە بابەتی سیاسیی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
