بافڵ تاڵەبانی: ئاڵاکەمان ناسنامەمانە و بە ڕۆحی خۆمان دەیپارێزین
3 مانگ لەمەوپێش
لەیادی ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا جەختی لە پیرۆزیی ئاڵای کوردستان کردەوە و بە هێمای ناسنامە، مانەوە و قوربانیدانی گەلی کوردی وەسفکرد.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: "ئاڵاکەمان ناسنامەمانە، هێمای مانەوە و قوربانیدان و خۆڕاگریمانە، ئێمە بە ڕۆحی خۆمان پارێزگاری لێدەکەین."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، بافڵ تاڵەبانی یادی ئەو شەهیدانەی کردەوە کە گیانی خۆیان لەپێناو شەکاوەیی ئاڵای کوردستاندا بەخشیوە و وتی: "ئەمڕۆ بە ڕێزەوە یادی هەموو ئەو شەهیدانەمان دەکەینەوە کە لەپێناو سەرفرازی و شەکاوەیی ئاڵاکەماندا شەهیدبوون."
لە کۆتاییدا، سەرۆک بافڵ پەیامێکی سیاسیی ئاراستەی لایەنەکان کرد و نووسیویەتی: "لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا ئەوە بیردەهێنمەوە، پێویستە هەموومان جیاوازییەکان قبوڵ بکەین و کار بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بکەین." پەیامەکەی بە دروشمی "بەرز و پیرۆزبێت ڕۆژی ئاڵای کوردستان" کۆتایی پێهێنا.
