پنتاگۆن ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی دووەم کەشتیی جەنگی بەرەو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

10 كاتژمێر لەمەوپێش



 میدیا ئەمریکییەکان بڵاویانکردەوە، پنتاگۆن گروپی فڕۆکە کەشتیهەڵگرەکانی ئاگادارکردووەتەوە، ئامادەکاریی بکەن بەمەبەستی ڕەوانەکردنی دووەم کەشتی جەنگیی فرۆکەهەڵگری وڵاتەکە بەرەو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی کە لەزاری سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکی دەستی کەوتووە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوان بۆ سەر ئێران دەکات لە ئەگەری بە بنبەستگەیشتنی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، بۆ ئەم مەبەستەش بەنیازە دووەم کەشتی جەنگی (یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیوو بوش) ڕەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکات.
 
 ئەو بەرپرسە ئەمریکییانە بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، لە ئێستادا، کەشتییە جەنگییەکە لە کەناراوەکانی ویلایەتی ڤیرجینا لە مەشقدایە و لە دوو هەفتەی داهاتوودا ڕەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت بەمەبەستی پشتیوانیی کەشتیی جەنگی (ئەبراهام لینکۆڵن) کە لەئێستادا لەناوچەکەیە و ئەمەش وەک بەهێزبوونی ئەگەرەکانی جەنگ لە ناوچەکەدا لێکدەدرێتەوە.

زیادبوونی پەرەسەندنە سەربازییەکان و سیستەمی بەرگریی ناوچەکە، دوای پۆستێکی دۆناڵد تڕەمپ دێت کە دوێنێ چوارشەممە لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهوو، بڵاوی کردبووەوە: "پێداگریم کرد لەسەر بەردەوامی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بۆ ئەوەی بزانین ڕێککەوتن دەکرێت یان نا. بە ناتانیاهووم ڕاگەیاند، بژاردەی یەکەمی ئێمە ڕێککەوتنە، بەڵام ئەگەر نەکرێت، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامەکان بین".  
  
سەرەڕای زیادکردنی هێزەکان لەلایەن ئەمریکا و سیستەمی بەرگریی لە ناوچەکە، دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی هەینی پێشوو دووپاتیکردبووە: "کاتێکی زۆرمان لەبەردەستە و پەلەمان نییە،  ئێستا دانوستاندنی باشمان لەگەڵ ئێراندا هەیە". 

 له‌ به‌رامبه‌ریشدا تاران پێداگرە لەسەر ئەوەی ئامادەنییە لەژێر گوشارە سەربازییەکانی ئەمریکا دانوستاندن بکات و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ڕەتیدەکەنەوە سازش لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەیان بکەن و بەهۆیەوە دانوستانەکانی واشنتۆن و تاران نەگەیشتوون بە ئەنجامێک و بڕیارە هەردوولا بەهەوڵی وڵاتانی نێوەندگیر بەردەوامی به‌ دانوستانەکانیان بدەن، بەڵام تا ئێستا کاتەکەی نادیارە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار