برایەتی و کوردایەتی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئارێز عەبدوڵلا
ناشیرینترین دیاردەی سیاسی ئەوەیە، ستەملێکراو لاسایی ستەمکار بکاتەوە. گەلی کوردستان لە دژی ستەمی داگیرکەران قوربانیی زۆری داوە؛ دوای خەبات و قوربانیدانێکی زۆر، توانیمان بەشێک لە نیشتمان ڕزگار بکەین و خۆمان کاروباری وڵات بەڕێوە ببەین، بەڵام کاتێک ئاوڕ لە ڕابردوو دەدەینەوە، دەبینین لە هەر بوارێکدا لاسایی داگیرکەرانمان کردبێتەوە، گەورەترین هەڵەمان کردووە.
ئەو هەڵانە سەرچاوەی براکوژی، ئەشکەنجەی زیندانیان، بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و گەندەڵین. لە هەر بوارێکی دیکەدا، ئەگەر چاومان لە نموونە پێشکەوتووەکان کردبێت یان نەریتە ڕەسەنەکانی کوردەواریمان لەبەرچاو گرتبێت، هەنگاوی گەورەمان ناوە.
ئێمەی گەلی کوردستان، بە موسڵمان (سوننە و شیعە)، کریستیان، جوو، ئێزیدی، کاکەیی، تورکمان، ئاشووری، کلدان، ئەرمەنی و عەرەبەوە، بە ئاشتی و برایەتی پێکەوە ژیاوین. ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان درزێکی بچووک لە نێوانماندا دروست بووبێت، بە دڵنیایییەوە بێ دەستی دەسەڵاتی داگیرکەر نەبووە.
گەلی کوردستان خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، بۆیە لە هەڕەشە گەورەکان پارێزراو نین. ئێمە لە ڕابردوودا بە هۆی خۆڕاگری، قوربانیدان و چیاکانەوە ماوینەتەوە، بەڵام ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە و خەریکە یەکگرتوویی کورد شوێنی دەوڵەت دەگرێتەوە. ئەو یەکدەنگی و هەستانە سەرپێیەی کورد بۆ پشتیوانیی ڕۆژاڤا، ڕووداو و سەرەتایەکی مێژوویی زۆر گرنگە و ئەرکی هەموومانە ئەو گیانە بپارێزین.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، لەم ماوەیەدا هەندێک دەنگ دژی برایەتیی گەلان و پێکەوەژیانی نەتەوەکان بەرز بوونەتەوە! ئێمە دەزانین ئەوە کاردانەوەیە نەک هەڵوێستی نەگۆڕ، بەڵام دەبێت بزانین ئەو جۆرە دەنگان و کاردانەوانە خزمەت بە ئایندەی گەلەکەمان ناکەن، چونکە:
١. داگیرکەران ئەوەیان پێباشە و دەیانەوێت بیکەنە پاساوی هاندانی نەتەوەیی خۆیان بۆ دوژمنایەتی و پەلاماردانی کوردستان.
٢. ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە لە ناو گەلان و وڵاتانی پێشکەوتوودا، نەک هەر بە خراپ دەبینرێت، بگرە قەدەغەشە.
٣. ئەو جۆرە هەڵوێست و بیرکردنەوەیە، لەگەڵ مێژوو و نەریتی کوردەواریدا ناکۆکە.
٤. ئەگەر بابەتەکە کاردانەوەش بێت، دەبێت لەبیری نەکەین کە ئێمە نەک هەر لە ئەمریکا، ئەورووپا و ئەفریقا دۆستی ڕاستەقینەمان هەن، بەڵکو لە ناو گەلانی عەرەب، فارس و تورکیشدا دۆستی ڕاستەقینە و گەورەمان هەن و دەبێت هەوڵ بدەین زیادیان بکەین، نەک ئەوانیش بە ناوی گوتاری نەتەوەییەوە لە خۆمان دوور بخەینەوە.
کوردایەتی، خەباتی جۆراوجۆرە لەپێناوی پاراستنی کورد و کوردستان، کوردايەتی بڕوابوون بە ئاشتی، پێکەوەژیان و برایەتیی گەلانیش دەگرێتەوە. گەلی کوردستان خاوەن مێژوویەکی پڕ لە شانازی و کوردایەتییەکی ڕاستەقینەیە، دەبێت بەبئ سازشکردن لەسەر مافە رەواکانی خۆمان ئەو ڕەسەنایەتییە بپارێزین.
