دەوڵەتی یاسا داواى درێژكردنەوەى ماوەی حكومەتەكەی سودانی دەکات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا داوادەكات ماوەی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی درێژبكرێتەوە، تاوەكو عێراق لەم قەیرانە سیاسیە تێپەڕدەبێت.
زیا ناسری، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکەیان پێشنیاریكردووە، بۆ هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە ماوەی حكومەتی ئێستا لەڕێگەی پرۆژە یاسایەكەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران درێژبكرێتەوە، تا ئەوکاتەی عێراق لەم قەیرانە سیاسییە تێپەڕدەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوەدا کە هاندان هەیە بۆ ئەوەی جارێكی دیکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیامی دووەم دژی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بڵاوبکاتەوە.
پێشتریش عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا راگەیاند، ژمارەیەک پەیام ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کراوە لەبارەی کاندیدکردنی نوری مالیکی بەڵام لەدوای ئەو پەیامانەوە تا ئێستا لەلایەنی ئەمریکییەوە، نە رەتکردنەوە هەبووە نە پەسەندکردن، لەگەڵ ئەوەی بۆچوونی ئەمریکا بۆ ئێمە گرنگە، بەڵام هیچ سازشێک لەسەر کاندیدکردنی مالیکی نییە.
ئەمە کاتێکدایە لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و تەواوکردنی پێکهاتەی دامەزراوە دەستوورییەکانی وڵات، لە سەرووی هەموویانەوە پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق.
