ئوسترالیا رەتیدەکاتەوە کەسوکارى داعشەکان لەسوریا وەربگرێتەوە
14 كاتژمێر لەمەوپێش
ئوسترالیا رەتیدەکاتەوە یارمەتى ئەو هاوڵاتیانەى خۆى بداتە کە لەکەمپەکانى سوریا بوون و جەختیش دەکاتەوە، لێپێچینەوەى یاساییان لەگەڵ دەکات.
ئەنتۆنى ئەلبانیز سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا دەڵێت، حکوومەتەکەی یارمەتى هیچ یەکێک لەو هاوڵاتیانەى خۆى نادات بۆ گەڕانەوە، کە لەکەمپەکانى سوریا بوون و بەگومانى پەیوەندییان بەرێکخراوى داعش زیندانیکراون.
سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا جەختیش دەکاتەوە، کە هەڵوێستێکى نەگۆریان بەرامبەریان هەیەو هیچ هاوسۆزییەکی بۆ ئەو کەسانە نییە.
ئاژانسى رۆیتەرز بڵاویکردەوە، 34 ئافرەت و منداڵ کە هەڵگرى رەگەزنامەى ئوسترالیان رۆژى دوو شەممە 16ى شوباتى 2026 لەیەکێک لەکەمپەکانى باکوورى سوریا ئازادکراون، هەوڵێک هەبووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ئوسترالیا، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە رێگرییان لێکراوە.
لای خۆیەوە تۆنى بیرک وتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى ئوسترالیا رایگەیاندووە، دەزگا ئەمنییەکانیان چاودێرى دۆخى سوریا دەکەن و ئەو هاوڵاتیانەى وڵاتەکەى کەئێستە لەسوریان سەرپێچى یاساییان کردووەو تاوانیان ئەنجامداوە بۆیە رووبەڕووى دادگا دەکرێنەوە.
