زمانی ئێمە و زمانی ئەوان

2 كاتژمێر لەمەوپێش



  فەرەیدوون سامان

ئایا دەزانن لە سەدەکانی ڕابردوو، زانایانی کورد چەند کتێبیان بە زمانی کوردی نووسیوە و چەندە زانست و زانا و هونەروەریان هەبووە؟ داخۆ ئێمە بۆمان هەیە شانازی بە زانایانی وەک دەینەوەری و ئیبن خەلەکان و ئیبن ئادەم و ئیبن مستەوفی و شارەزووری و سۆروەردی و دەیان زانای دیکەی کوردەوە بکەین؟
 کەچی ئەم ناوە گەورانە لە جیهانی ئیسلامدا دەقێکیان بە زمانی کوردی بۆ بەجێ نەهێشتووین، باشە بۆچی ئێمەی کورد وەک زانایانی فارس نەمانتوانی بە هانای زمانەکەمان بێین و لە بە عەرەبکردنی ڕزگار بکەین؟
لە بیرمە لەسەرەتای هەشتایەکانی سەدەی ڕابردوو لە ڕۆژنامەی (العراق)دا لە بەغدای پایتەختدا گۆشەیەک هەبوو بە ناونیشانی (العلماء الکورد الذين خدموا الاسلام) واتە ئەو زانا کوردانەی خزمەتیان بە ئیسلام کرد، کە بێگومان لە هەژمار نایەن و هەر لەو ڕێگایەش بە ناوی پیرۆزی ئیسلام پشتیان لە زمانی کوردی کرد و خزمەتی زیاتری زمانی عەرەبییان کرد، بەڵام بۆچی زانا ئایینییەکانی فارس وا نەبوون؟
زانا فارسەکان و وانەیەک بۆ فێربوون
شاهنامه، ئەو کتێبەی کە زمانی فارسی لە لێواری بە عەرەبکردن ڕزگار کرد، سەرەڕای ئەوەی ئێران لەلایەن دەسەڵاتی عەرەبی ئیسلامی بۆ ماوەی  پتر لە دوو سەدە گەمارۆ درابوو، بەڵام فارسەکان ئەم هەموو دەسەڵات و زانستەیان لە کوێوە دەست کەوت؟ 
تاکە هۆکار ئەوە بوو کە ئەوان کە لە سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی زمان و بە عەرەبکردن ڕزگاریان بوو، کتێبە بەنرخەکەی (شاهنامە)ی فیردەوسی بوو، کە لە ١٥ی گوڵانی هەموو ساڵێکدا، ئێرانییەکان جەژنەواڵەی ڕۆژی حەکیم و  وەهاناهاتووی زمانی فارسی فیردۆسی تۆسی بە شانازییەوە ئەو کەرنەڤاڵە پیرۆز دەکەن و ئاهەنگی بۆ دەگێڕن. 
فێردۆسی زانا کێیە؟
 لە ساڵی ٩٤٠ی زایینی لە نزیک شاری تووس لەدایکبووە، بە هۆی کتێبی شاهنامە(کتێبی شایەکان) کە درێژترین داستانی شیعری تاکە نووسەر و بەردی بناخەی ئەدەبیاتی فارسییە، بە شێوەیەکی گشتگیر بەرز دەنرخێنرێت. ئەم شاکارە ئەدەبییە کە دوای سێ دەیە لە کارکردن تەواو بووە، کاتێک زمانی عەرەبی هەڕەشەی جێگرتنەوەی زمانی فارسی وەک زمانی فێربوون و مەعریفەی دەکرد، ڕابردووی ئەفسانەیی و مێژوویی ئێران لە نزیکەی ٥٠ هەزار بەیتی بڕگەداردا لە سەرانسەری ٦٢ چیرۆکدا بەڵگە دەکات.
شاهنامه به سەر سێ سەردەمی میتۆلۆژی و قارەمانیی و مێژوویی دابەش دەبێت و شیعر و مێژوو و فۆلکلۆر و ناسنامەی کولتووری ئاوێته دەکات و درێژەپێدانی نەریتێکی دەوڵەمەنده له چیرۆکگێڕان له ڕۆژهەڵاتی نزیکدا، ئارامگەی فیردۆسی کە دەکەوێتە شاری تووس لە نزیک شاری مەشهەدی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیران، ساڵانە بە هەزاران گەشتیار و سەردانیکەرانی ئێرانی و بیانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، ئێرانییەکان ستایشی بەشدارییەکانی فیردۆسی دەکەن لە بەرەو پێشبردنی زمانی فارسی، هەر بۆیە لە ١٥ی گوڵانی هەموو ساڵێک ئەو یادەوەرییە نەتەوەییان پیرۆز کردووە، چرایەک بۆ ناسنامە و کولتووری ئێرانی، ئاهەنگگێڕان بە بەشدارییەکانی فێردۆسی، "حەکیم"، وەک فارسەکان پێیان خۆشە ناوی لێ بنێن، بۆ بەرەو پێشبردنی زمانی فارسی، فیردۆسی بە فریادڕەسی زمانی فارسی دادەنرێت و میراتی فارسی لە ڕێگەی شاکارەکەی (شاهنامە)وە پاراستووە کە بە گێڕانەوەی ڕابردوویەکی شکۆمەندانە لە سەردەمی ئەدەبی عەرەبیدا یەکگرتوویی و ناسنامەی کولتووری فارسی دامەزراندووە، کاریگەریی ئەو لە ئەدەبدا تێدەپەڕێت و هونەر و شانۆ و فەلسەفە و مێژووی فارسی دەگرێتەوە، گڵکۆی فیردۆسی وەک هێمای شانازی نەتەوەیی دەمێنێتەوە و بەرهەمەکانی بەردەوامن لە سەرچاوەی سرووش و لێکۆڵینەوەی جیهانیدا، دڵنیا دەبن لەوەی کە شاهنامە دوای هەزار ساڵ وەک کڕۆکی ناسنامەی کولتووری فارسی دەمێنێتەوە.
باباتاهیری هەمەدان ناسراو بە باباتاهیری عوریان کە یەکەم شاعیری کوردی-لەک نووسە تا ئێستا زۆر لە توێژەران و لیکۆڵەرانی کورد بە گومانەوە لە ناسنامەی کوردبوونی ئەو دەڕوانن، لە کاتێکدا ئەم شاعیرە مەزنە یەکێکە لە نۆبەرە شاعیران کە بەر لە هەزار ساڵ بە زمانی شیرینی کوردی شیعری عاریفانەی نووسیوە و بۆ خۆیشی ددان بە کوردبوونی خۆی دەنێت، بەڵام هێشتا نە دامەزراوەیەکی کەلتووری نەزانکۆیەک، نەپارکێک تەنانەت شەقامێکیش بەناوی ئەم شاعیرە مەزنەوە نییە.
بابە تاھیری عوریان، ھۆنراوەنووسێکی سەدەی ١١ بوو کە بە زمانی پاڵەوی (شێوەزاری فەھلەویات-پاڵەوییەکان) ھۆنراوەی نووسیوە. ساڵی لەدایکبوونی بابا تاھیر ئاشکرا نییە، لە زۆر سەرچاوە باسکراوە، بەڵام بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان[١] لە ماوەی نێوان نیوەی دووەمی سەدەی دەیەم و نیوەی یەکەمی سەدەی یازدەمی زایینی ژیاوە. ھەر بۆیە لەدایکبوون و کۆچی دوایی بە ساڵانی (٩٣٥ زایینی - ١٠١٠ زایینی) دیارکراوە. زۆربەی شیعرەکانی بابا تاھیر دوو بەیتین کە بریتییە لە چوار نیوە دێڕ، جگە لە ھۆنراوەی دوو بەیتی نزیکەی ٥ ھەزار (غەزەل) یشی ھەیە. بڕێک لە ھۆنراوەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زاری سۆرانی، بۆ نموونە دڵزار یەکێک لە ئەو کەسانەیە کە بڕێک لە شیعرەکانی بابە تاھیری وەرگێڕاندۆتە سەر کوردی-سۆرانی.
سەرچاوەکان زمانی شیعرەکانی بابا تاھیریان بە زاری لوڕی نزیکتر زانیوە.[٢] بەڵام ھەندێکی دیکە لە سەرچاوەکان پێیان وابووە کە شیعرەکانی باباتاھیر بە زمانی راجی ھۆندراونەتەوە.[٣] جگە لەمانە ھەندێک کەسیش زمانی باباتاھیر بە کوردیی لەکی، یان شێوەیەک لە کوردیی خوارین زانیوە.
نموونەیەک لە دوو بەیتەکانی بابا تاھیر:
مەگەر شێر و پڵنگی ئەی دڵ ئەی دڵ        بەموو دایم بە جەنگی ئەی دڵ ئەی دڵ
ئەگەر دەستوم ڕەسەد خونت وەرێژوم        بوینم تا چ ڕەنگی ئەی دڵ ئەی دڵ
شیکردنەوەی: «دیارە تۆ وەکو شێر و پڵنگی ئەی دڵ، ھەمیشە لەگەڵ من لە جەنگدای، ئەگەر بکەویتە بەر دەستم خوێنت دەڕێژم، بۆ ئەوەی ببینم ڕەنگت چۆنە!»
نموونەیەکی تر لە دوو بەیتەکانی:
مو ئان بەحروم کە دەر زەرف ئامەدەستوم    مو ئان نوقتە کە دەر حەرف ئامەدەستوم
بە ھەر ئەلفی ئەلف قەددی بەریو ئایو        ئەلف قەدووم کە دەر ئەلف ئامەدەستوم

سەرچاوەکان
 - د. مارف خەزنەدار- سەرەتای مێژووی ئەدەبی کوردی- هەولێر-دەزگەی ئاراس 
-مصطفوی دھکردی، سید اسداللە. دیوان باباطاھر عریان (عارف سوتەدل ھمدان)، با مقابله شانزدە نسخه خطی قدیمی و نسخه چاپی خاورشناسی کلمان ھوآر و براساس لھجەشناسی علمی بە ضمیمه ادبیات راجی و ترجمه ارمنی، انگلیسی، فرانسە و آلمانی، تھران: حیدری، ۱۳۵۲.
- الدكتور اسماعيل قمندار-اللهجات الکوردیة الجنوبیة-بغداد- ٢٠٠٥
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار