ئێران لە ژێر باراندا سەما دەکات

2 كاتژمێر لەمەوپێش



موفید محمد نووری

لە ئێران خەڵک و ئابووریەکەی بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت، دۆخێک کە بیرهێنەرەوەی "داڕمانی گەورەی ئابووری ساڵانی ١٩٣٠"یە لە جیهاندا. لەو سەردەمەدا جیهان تووشی بێکاری و هەژاریی گەورە بوو، خەڵک توانای کڕینی هیچ شتێکی نەمابوو، ئێستاش هاوڵاتیانی ئێران بە هەمان دۆخدا تێدەپەڕن.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ناوەندی ئاماری ئێران و بانکی جیهانی، ڕێژەی هەڵاوسان لە ساڵی ڕابردوودا لەسەرووی ٤٠٪ بۆ ٥٠٪ جێگیر بووە، بەڵام هەڵاوسانی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان زۆر لەم ژمارەیە زیاترە و لە هەندێک مانگدا گەیشتووەتە نزیکەی ٧٠٪ بۆ ٨٠٪. ئەمەش وایکردووە تاکێکی ئێرانی توانای دابینکردنی سەرەتایترین مافەکانی وەک خۆراک و گۆشت، شیرەمەنی و میوەی نەمێنێت.

لە چەند مانگی ڕابردوودا، بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی تۆمار کرد. ئەم دابەزینە بەردەوامە وایکردووە موچەی فەرمانبەران و کرێکاران کە بە تمەنە، لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا نیوەی بەهاکەی لەدەست بدات. ئێستا هێڵی هەژاری لە شارە گەورەکانی وەک تاران گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت ئەوانەی کاریشیان هەیە، ناتوانن کرێی خانوو و خەرجی ڕۆژانە دابین بکەن. ئەم فشارە ئابوورییە بووەتە هۆی تەقینەوەی تووڕەیی خەڵک و خۆپیشاندان، وەڵامی دەسەڵاتیش بۆ ناڕەزایەتییەکان توندوتیژی، دەستگیرکردن و دەرکردن لەسەر کار بووە.

لەم نێوەندەدا، "ڕەزا پەهلەوی"، شازادەی جێنشینی پێشووی ئێران، هەوڵ دەدات شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆی ئاراستە بکات. ناوبراو کە نزیکەی پەنجا ساڵە لە تاراوگە دەژی و لەدوای ساڵی ١٩٧٩وە نەگەڕاوەتەوە ئێران، دەیەوێت وەک "بەدیل"ێک بۆ دەسەڵاتی ئێستا خۆی وێنا بکات. بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ببێتە یاریزانێکی سەرەکی لە گۆڕەپانەکەدا، چونکە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی سنووردارن. بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، دەرگای کۆشکە سەرۆکایەتییەکانی ئەورووپا و ئەمەریکای بۆ واڵا نییە و سەرمایە و لۆبییەکەیشی هێندە بەهێز نییە کە بتوانێت هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان بگۆڕێت.

کاتێک دۆخی ئێستای ئۆپۆزسیۆنی ئێران بەراورد دەکەین بە ئۆپۆزسیۆنی عێراقی پێش ساڵی ٢٠٠٣، جیاوازییەکی گەورە بەدی دەکرێت. ڕەزا پەهلەوی خاوەنی ئەو کاریزما و زیرەکییە سیاسییە نییە کە لە کەسایەتییەکانی وەک "مام جەلال" و "ئەحمەد چەلەبی"دا هەبوو. ئەوان خاوەنی تۆڕێکی پەیوەندیی بەهێز و دیدگایەکی سیاسیی بوون، هەروەها نەخشەڕێگایەکی ڕوونیان دایە دەست واشنتۆن و بوونە ئەندازیاری ڕووخانی ڕژێمی سەدام. بەڵام ڕەزا پەهلەوی نە ئەو کارامەییەی هەیە و نە ئەو متمانەیەی لای بڕیاربەدەستانی ڕۆژئاوا دروست کردووە. هاوکات، هێزە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامیش، لە لایەنگرانی پاشایەتییەوە بیگرە تا موجاهیدین و کۆماریخوازەکان، نەک هەر یەکگرتوو نین، بەڵکو زۆرجار دژ بە یەکتر دەوەستنەوە. ئەم پەرتەوازەییە وای کردووە نەتوانن ڕێبەرێکی کاریگەر یان ئەنجومەنێکی یەکگرتووی جێگەی متمانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەڵبژێرن.

سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک لەژێر هەیمەنەی "ترامپیزم"دایە؛ دیدگایەک کە سیاسەت وەک مامەڵەیەکی ڕووتی بازرگانی دەبینێت و بڕیارەکان تێیدا لەسەر بنەمای هاوکێشەی "قازانج و زیان" دەدرێن. تاران ئەمە دەزانێت، بۆیە دڵنیایە لەوەی کە واشنتۆن ئامادە نییە تێچووی جەنگێکی فراوان لە ئەستۆ بگرێت کە ڕەنگە هیچ قازانجێکی ماددیی مسۆگەری تێدا نەبێت. ئەوەی ژەنەڕاڵەکانی پێنتاگۆن باسی لێوە دەکەن، تەنها پلانی لێدانی چەند "خاڵێکی دیاریکراو"ە. هەمووان، تەنانەت خودی ئێرانییەکانیش، باش دەزانن کە بۆردومانکردنی چەند بنکەیەکی سەربازی یان دامەزراوەیەکی ئەتۆمی، هەرگیز نابێتە هۆی ڕووخانی ڕژێمێک کە ڕەگ و ڕیشەی لە قوڵایی دەزگا ئەمنییەکاندا داکوتاوە.

ئەم جۆرە لێدانانە زیاتر بۆ شکاندنی شکۆ و نیشاندانی هێزە، نەک گۆڕینی نەخشەی سیاسی. هەروەها لە ڕووداوەکانی ١٨ و ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ کاتێک شەقامەکانی ئێران گەرمترین خۆپیشاندانیان بەخۆوە بینی و هەزاران قوربانیی لێکەوتەوە، ترەمپ تەنها بە لێدوانێک وتی: "پشتگیریتان دەکەین"، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنا.  لەو چوارچێوەیەدا، هێنانی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" تەنها وەک "نمایشێکی سەربازی" دەبینرێت. ئەمەریکا نایەوێت ئەو هەڵە گەورەیە دووبارە بکاتەوە کە ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراق کردی. هەروەها بەم دواییانەش دەرکەوتنەوەی ناوی 'جێفری ئیپستین' و بڵاوبوونەوەی لیستە نوێیەکان، بە قازانجی تاران شکایەوە. ئەم دۆسیە ئابڕووبەرە جیهانییە هەموو سەرنجەکانی میدیای بۆ خۆی ڕاکێشا.

میدیا و ڕای گشتیی ڕۆژئاوا، لەبری ئەوەی لەسەر کوشتاری خۆپیشاندەرانی ئێران چڕ ببنەوە، بەدوای نهێنییەکانی ئیپستینەوە بوون. لە لایەکی تریشەوە ئەم ئابڕوچونە کاریگەری گەورەی هەیە بەسەر بڕیارەکانی ئەمەریکا. ئێران باش دەزانێت ڕوداوەکان لە قازانجی ئەودان بۆیە لە خۆشیی مانەوەی ڕژێمەکەی لەژێر باراندا سەما دەکات.

کەواتە، ڕاستییەکە ئەوەیە کە مەرج نیە ئێران لە ڕێگەی فشاری سەربازی لەناوبچێت. ئەگەر خەڵکی ئێران بیەوێت ئەم سیستمە بگۆڕێت، دەبێت هەمان سیناریۆی "شۆڕشی ١٩٧٩" دووبارە بکەنەوە. لەو ساڵەدا، ئەوەی سیستەمی پاشایەتیی ڕووخاند، "مانگرتنی سەرتاسەری" و ئیفلیجکردنی جومگە ئابوورییەکانی دەوڵەت بوو لەلایەن خودی خەڵکەوە بەبێ چاوەڕوانیی دەستێوەردانی سەربازیی زلهێزەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار