بۆ سبەینێ ڕەمەزان بوو!
4 كاتژمێر لەمەوپێش
نوسینی: د. ئاوات نامیق ئاغا
لەندەن، فێبریوەری ٢٠٢٦
شەقامی پیرەمێرد هەمیشە یەکێک بووە لە شەقامە دڵگیرەکانی سلێمانی، تەریب بە شەقامی پیرمەنسور لە ڕۆژهەڵاتی و کاک ئەحمەدی شێخ لە ڕۆژئاواوە، کە لە بەردەکی سەراوە تا فلکەی کاوەی ئاسنگەر هەڵدەکشێت. لە لای خوارووی لە دەستە ڕاستەوە گۆران و لە دەستە چەپیشەوە سەرەتا بێکەس و سەروتریش شەقامی حەمدی (قەنات) لێ دەبنەوە. ئەم ڕاستە شەقامە تا دوا ساڵەکانی حەفتاکانی سەدەی پێشوو و ناوەڕاستی هەشتاکانیش، بەرلەوەی شەقامی سالم (سەهۆڵەکە) برەو پەیدا بکات و پەرە بسێنێت، تاقە مەنزڵگای گەنجانی شار بوو.
بەو جۆرە ئێواران زۆرینەی کوڕان و کچانی شار، پۆل پۆل و تاک و تەراش ڕوویان تێ دەکرد و جارجارەش تا کۆتایی توی مەلیک و تەنکییەکەی بناریش دەکشان! ئەوکات هێشتا بە پێڕۆیشتن باوی بوو؛ سلێمانی وەک ئێستا نوقمی دوکەڵ، وڕەی ئوتۆمبێڵی چوار پاڵنەرو ڕمۆزنی جام ڕەشی بێشومار نەبوو؛ زەمانی مۆباێل و نێرگەلە، دەرمان و دۆلار نەبوو.
ئێمەی خوێندکارانی پەیمانگای هونەریی سلێمانی بە هەموو بەشەکانی تەکنەلۆجیی، بەڕێوەبردن، ژمێریاریی و تەندروستییەوە، کە پێشتر هەندێکمان پێکەوە هاوڕێی قۆناغەکانی ناوەندیی و ئامادەیی یەکدی بووین؛ گەر وەرزی خوێندن بوایە لە گەڕانەوەماندا لە پەیمانگا بە جلکی (زي الموحد)ه وە پیاسەیەکی سەرپێیمان لێ دەکرد؛ گەر کاتی پشووی هاوینەش بوایە ئەوا لە گازینۆی شارەوانی، کە دەکەوتە لای خوارووی شەقامی سابونکەران پشتی قەسرەکەی نوری عەلی، سەرەتا گرد دەبوینەوە ئەنجا، کە ئێواران فێنکی دەکرد تاوڵەکانمان دادەخست، پولەکانی دۆمینەکانمان کۆدەکردەوە؛ چەند قۆڵی هەڵدەستاین و پیاسەیەکی قەڵەومان لێ دەکرد!
گازینۆی شارەوانیی، ماوەیەک بە دەست کاک تەها باراوییەوە بوو و وامان بیستبوو، کە کۆمەڵەی مارکسیی لینینیی کوردستان بە نهێنیی بە کرێی گرتبێت؛ زۆرینەی هاموشۆکارانیشی سەروساختیان لەگەڵ بیروباوەڕی چەپ بە گشتیی و کۆمەڵەدا بەتایبەت هەبوو. ئەو کات "چایخانەی زانکۆ"ی شەقامی بێکەس، بەرامبەر دەرگای ئەمدیوی سینەمای سیروانیش زۆر گرنگ بوو، بەو هۆکارەی بەشێکی گەنجە چالاک و سرکەکانی سەر بە ڕێکخستنە نهێنیەکانی کۆمەڵەی لێ دەگیرسانەوە، لە ناویاندا شەهید دکتۆر سالار، کە گۆشەیەکی بەردەوامی لەوێ داگیر کردبوو.
گەرچی لەو تەمەنەدا زۆر قاڵ نەبووبووین بەڵام زۆرینە دوور و نێزیک هەریەک لە بازنەیەکی سیاسیی نهێنیی یان هەر نەبێت ڕۆشنبیریی و ئەدەبییدا دەخولاینەوە و هەواداری بیری چەپگەرایی و نەتەوەیی بووین. کەسمان ئاگامان لە کاری نهێنیی ئەوی دیمان نەبوو، بەڵام بە دیوەکەی تردا هەموو ناڕاستەوخۆ لە یەکتر ئاشکرا بووین و بەدڵ و گیان چاودێریی و ئاگاداریی یەکدیمان دەکرد؛ ژیانی تایبەتییمان لەیەکدی نەدەشاردەوە، هاوڕێ و برای گیانیی بە گیانیی یەکدی بووین.
هاوڕێیەکمان، کە کاک ئاراز فازیل بوو، ئەو ساڵانە لەگەڵ دەزگیرانەکەیدا، کە ئەویش هاوخوێن و هاوخوێندنی خۆمان بوو، کێشەیەکی دڵداریی سەیری بۆ دروست بوو بوو؛ دەبوو ئەو ڕۆژانە لەگەڵ دڵخوازەکەیدا سا یا بڕیاری هاوسەرگیریی بدەن بەیەکەوە؛ یاخود هێمنانە و بەڕێزەوە لە یەکدی جودا ببنەوە.
دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژەی پێویست بوو ئەمەی تێدا یەکلایی ببوایەتەوە، من لە شەقامی مەولەوییەوە بەرەو گازینۆی شارەوانیی دەچووم، کاتێک لە شەقامی کاوە لە بەردەمی کۆگای کاک جەلالی بەڵێنەوە بەرەو دەرمانخانەی کاک شەوکەت و چایخانەی شەعبی ئێستا دەپەڕیمەوە، ڕێکەوتی کاک حەمە سەعیدی هاوڕێمانم کرد، کە لە گازینۆکە هەستابوو؛ بەرەو ڕووم هات وهەواڵی بڕیارەکەی ئارازم لێپرسی، وتی ' لەوێیە، بڕۆ خۆت بیبینە!'
گەیشتمە بەردەرگای حەوشەی گازینۆی شارەوانیی، لە دوورەوە پشتی سەری کاک نورەدەینی سەید قادری باخچەم بەدیکرد، کە لەگەڵ ئاراز(١) لە ژێر سێبەری درەختاکاندا لەسەر دوو قەنەفەی تەختە بەرامبەر بەیەک دانیشتبوون و سەرگەرمی تاوڵەکردن بوون. بەرەو لایان کشام و سڵاوم کرد؛ بە هێمنیی لە لای ڕاستی ئارازەوە لەسەر قەنەفە ڕەق وتەقەکە دانیشتم و متەقم نەکرد. ئەوان هەردووک تاوڵەچی تەواو بوون؛ ئاراز کەمتر لێی دەبرایەوە!
ئاراز، کە نۆرەی زارهەڵدانی دەهات، بە پەنجە ئاڵ و خرپنەکانی زارەکانی دەگرت و کاغەزێکی لە گیرفانی ڕاستی پانتۆلەکەی دەردەهێناو بە لاواندنەوە "شەرتە تا ڕۆژی حەشر.. خولیای من بێ چاوی یار، وێڵی سەحرا بم ئەزیزم تەرکی کەم خۆیش و دیار!" ی (پەیمان و شیوەن) ەکەی ئەخۆلی شاعیر و مامۆستا عەلی مەردانی دەوتەوە. کاک نورەدین خێرا چاوێکی لێ دادەگرتم و بزەیەکی قووڵی دەکرد، تێی دەگەیشتم دەڵێت چی! ئاراز کاغەزەکەی قەد دەکردەوە، دەیخنیەوە گیرفانی پانتۆڵەکەی و ئەنجا زارەکانی دەهاویشتەوە و دەیووت (ئیکی بیر)؛ دەبووە قاقای پێکەنینمان و تاوڵە دەستی پێدەکردەوە.
کاک نورەدین، کە بە تەمەن لە هەموومان گەورەتر بوو، باڵاو سیمای ڕەسەنایەتیی لێدەباری و کەسایەتییەکی خۆشەویست و بەهێزی هەبوو؛ کەسێکی عەشایەر و خوێندەوار بەهەموو خەسڵەتە جوانەکانی کوردەوارییەوە. بەشێکمان، کە لەو گەنجتربووین هەمیشە ئەومان وەک نموونەی باڵای خۆمان سەیر دەکرد، زۆرمان حەز دەکرد زۆربەی کات لەگەڵ ئەودا بین و شتی لێوە فێر بین و خۆمان بە هاوڕێیەتییەوە هەڵدەکێشا؛ ڕاستییەکەی ئەویش بۆ خۆی ڕۆڵی برا گەورەی دەبینی! دەمانزانی ئەو بە قووڵی تێکەڵی خەباتی نهێنیی و کوردایەتییە و لەوپێناوەدا کاک (عادیل) ی برایشی لە سەرەتای شۆڕشی نوێدا قۆڵی ڕاستی دانابوو. گەرچی ئەو باسی هیچی نەدەکرد، بۆیە ئەو ڕۆژەی، کە یەکەم جار کاک عادیلی پێناساندین و ئەو بۆ تەوقە کردن دەستی چەپی هێنا، من تۆزێک نیگەران بووم و وامزانی ئێمە لە خۆی بە بچووکتر سەیر دەکات!
هاوینی ١٩٨٠ شار لە خۆشییەکی ڕێژەییدا بوو، ماوەیەک بوو مولازم موحسینی خوێنخۆری سەرسەختی گەلەکەمان دوای ئەوەی بە دەستی شەهید هیوا (غەریب ئەحمەد کاکی)(٢) و هاوڕێکانی لە خانووە زەردەکانی ئیدارەی محەلی، خوار سانەوی جمهوریی کوڕان و نزیک بە ماڵی جارانی هونەرمەند جەمال بەختیار تەمێ کرا، دیاری ونبوو. مەخابن ئەو خۆشییە تا سەر نەبوو و زۆری نەخایاند چووەوە دۆخیانی پێشوو.
مولازم موحسین،(٣) وا ناسرابوو بە ڕەچەڵەک عەرەبی فەلەستین بێت. ئێوارەی هەینی ١٢ی تەمموزی ١٩٨٠ کاک نیازی حمەسەعید ئاغای پورزای گەورەم، کە ئەو کات ئەفسەری پۆلیسی دوورخراوە بوو، بۆی باسکردم، لە دوورەوە بینیوویەتی لەسەر شۆستەکەی بەردەمی بەڕێوەبەرێتیی ئەمندا، کە ئێستا جێگەی یەکێتیی نووسەران و بنکەی ڕۆشنبیریی جەمال عیرفانە؛ تاکێک مۆبێلەیان بۆ داناوە تاکو خەڵكی سلێمانی خەنی نەبن و، بنواڕن وا جەللادەکەیان هەستاوەتەوە سەرپێ و زیندووە.
بۆ ڕۆژێک دوای ئەو دەرکەوتنەوەیەی واتە ١٣ی تەمموزی ١٩٨٠ نزیک ٧ی ئێوارە بوو ئێمە پیاسەی خۆمان تەواوکردبوو، لە دەمی کۆڵانەکەی سەروو دەرمانخانەی (سلێمانی) ی خاتوو (نەوال ئیسحاق عەلەکە)، واتە کۆڵانێک پێش ئەو کۆڵانەی دەچوەوە بۆ مەیتەم (٤) لەگەڵ دەستەیەکی تر لە هاوڕێکانمان یەکدیمان بینی و پێکەوە وەستاین. لەوانەی بیرم دێن جگە لە کاک (نورەدین، حەمەسەعید حمە ئەمین ، حەمە ڕەئوف حاجی مستەفا چۆخماخیی، سالار غەریب مامە خەلانیی) و ڕەنگە کاک( ئاراز فازیل، ئارام ئیسماعیل و سامان عەبدولقادر) (٥) و یەکدوانێکی دی بووین. زۆرینە لەسەر شۆستەکە وەستابوین، من و یەک دوو هاوڕێی تریش لەسەر شەقامەکە ڕوومان لەوان و پشتمان لەجادەکە بوو.
وردە وردە تاریک دادەهات. من، کە لە هەموویان سەرپەڕتر بووم سەیری لای خوارەوەی شەقامەکەم دەکرد، بینیم دوو پیکابی شۆڤرۆلێتی نفت و نوێی خاکیی و زەیتونیی بەڵەک، سیخناخ لە قوات خاسە بەرەو سەرەوە دێن.
چاکتر ڕوانیم دیتم، کە بە لای ڕاستی دواوەی کابینەی شۆفێریی پیکابی یەکەمەوە، مولازم موحسین لەسەر قاچی چەپی خۆی ڕاگرتووە و بەدەستی چەپ خۆی هەڵواسیوە؛ کڵاشنیکۆڤێکی بێ قۆناغی دەمانچە ئاسا هەڵگرتووە و دەست و قاچی ڕاستی لەهەوادا ڕادەوەشێنێت.
هەر ئەوەندەم پێکرا خێرا وتم 'کوڕینە موحسینە بابڕۆین'، وتیان 'لەپێی کە!' قسەکانمان گەنجانە و بەتام بوون و تاقەتی بڕینەوەیانمان نەبوو. منیش، کە خۆم لەوان بە کەمتر نەدەزانی لێم بووە کوردە ناموسیی؛ گەر ئەوان نەجوڵێن من بۆ؟ ئاخر تازە ماوەیش نەبوو!
پیکابەکان کاوەخۆ دەبزوان، چوون دڕندەیەک بۆ نێچیر دەگەڕێت، هەستمان دەکرد چاویان تێبڕیوین، بۆیە گەر خۆیشمان بکردایە بە کۆڵانەکەدا دەبوینە مایەی سەرنجی ئەوان. من لەو ساتە کەمەدا خێرا کارەساتەکەی حەسەنم هاتەوە بەرچاو، ئەو لاوە هەژارەی لە سەمونخانەکەی لای نۆڕینگەکەی دکتۆر (عەبدولرەحمان ئەلڕیس) ەوە کاری دەکرد، وەک ئەوەی ڕیشی هەبوو، کراسی ڕەشی پۆشیبوو و تەزبیحی ئەبڵەقی بەدەستەوە بوو بوو، چەند مانگێک بەر لەو بەروارە، موحسین پاش بریندارکردنی هەر لەو ئاستەدا خوێنساردانە شەهیدی کردبوو؛ بۆیە لە نەستی خۆمدا وتم 'تازە فت، بە خوا بەدەردەکەی ئەو دەچین!'
کەلـلەی پیکابی یەکەم تێپەڕی و لە ئاستی تایەی دواوەیدا بووین، من لە شوکرانە بژاردنی خودای خۆمدا بووم؛ تایەکان خولێکی تریش خولانەوە، هەموو گیانم بوو بوو بەگوێ! تەپەیەک هات، هەستم کرد موحسین بە قۆناغی تفەنگەکەی کێشای بەسەری پیکابەکەیدا؛ ئاوڕێکی لێداینەوە و بە دەنگێکی بێنەزاکەتانە وتی "ها لیش واگفین، گواوید؟!"
هێشتا لە لێکدانەوەی ئەوەدا بووم لە پای چی داگیرکەران بەو ئاستە نزمە ئاخافتنمان لەگەڵ دەکەن و ئاوا دەستی حورمەتیان دەخەنە سەرمان؛ جەجاڵ هەستاو، وەک کولـلە دابارین بە سەرماندا!
چوون ئەوەی پشتم لە جادەکە بوو یەکەم کێبڵ، کە هاویشترا ڕێکەو ڕاست بەر گازەرەی پشتی من کەوت؛ ئازارەکەی چونکە گەرماو گەرم بوو مامناوەندیی بوو. ئیتر بە کێبڵ و قۆناغە تفەنگ و بۆکس و لەقە هەموومان کەم و زۆر بەسەرکراینەوە؛ شەقام هەمووی ورووژا، ئەمبەر و ئەوبەر دوکانەکان خێرا دەڕابەکانیان دادایەوە و خەڵکی بێچارە تێکڕا لەگەڵ ئێمەدا سەرەو خوار ڕایان کرد و بوو بە قڵیشانەوەی تەواو!
یەکێک لە قوات خاسەکان ویستی بمخات، لە ڕاکردنمدا قاچێکی بە پۆستاڵە ڕەشەکانییەوە خستە بەردەمم تا بەدەمدا بکەوم و ملم بشکێنێت و ئەوسا بە پێلەقە بکەونە جەستەم؛ منیش خۆڕسکانە بازێکم بەسەرلاقیدا داو لێی دەرباز بووم. بە هەرجۆرێک بوو خوا کردی لە پیکابی یەکەم قوتار بووین؛ ئەو کاتەی بە خۆمان زانی پیکابی دووەم بە دە مەترێک دوای ئەو لە بەردەمماندا هەڵتۆقین و بەدەست و قاچی ئەوانیش خواردمان! یەکێک لە قوات خاسەکان، کە هێشتا فریای دابەزین نەکەوتبوو، ئەوەندەی بۆ کرا کێبڵەکەی دەستی تێگرتم و ویستی لە قاچم بخات، لەویش ڕزگار بووم؛ کێبڵەکەی ئێستاش لەبەرچاوم بە پێچەوانەی میلی کاتژمێرەوە دەخولێتەوە! بەش بەحاڵی خۆم تا ئەو کاتە نەمدەزانی لە ژیانمدا ئەوەندە گورج و گۆڵم و بازی وا دەدەم وهێندەش لە ڕاکردندا خێرام، ڕاستییەکەی هەمووشمان وابووین و لە مردن ڕامان دەکرد!
گەیشتمە نزیک بانقی ڕەشید ولە بەردەمی دەرگای پۆلیسی سەرادا دەرگای دواوەی تەکسیەکی لادایان بۆ کردمەوە، بینم کاک نوردەدین و چەند کەسێکی تریشی تێدابوون؛ خۆم فڕێدایە ناوی و پێی گەیشتینەوە نزیک گومرگە سوتاو (٦)، و لەوێوە پێکەوە لەگەڵ کاک نورەدین، کە کڵاشێکی پەڕۆی ئەبوبەکریی تازەی لە پێدا بوو بەرەو خوار تا چوخمەکەی سەرشەقام داگەڕاین، خۆمان کردەوە بەماڵی ئێمەدا و لە حەوشەکەدا لەسەر زەوی دانیشتین؛ بە ڕێکەوت ئەو ئێوارەیە کفتەیەکی کوردیی پڕ زەردەچەوەی عەنابیمان هەبوو و کاک نوردەین وتەنی 'نسیبمانی تێکەوت'، تێرو پڕمان لێخوارد، بەر لەوەی بگەڕێتەوە ماڵی خۆیان لە پشت خەستەخانەی خەبات!
کاتی خەوتن لەسەر قەرەوێڵە زنجیرەکەی خۆم لە حەوشەکە ڕاکشام؛ بەردەوام ڕووداوەکەم دەهاتەوە بەرچاو و دەمووت "هەر بەڕاستی خوا داینییەوە". وردە وردە ئازارێک لە پشتمدا پەیدا بوو، چەند جارێک ئەمدیو وئەودیوم کرد، سوودی نەبوو. لەپەوڕوو کەوتم، ئازارەکە توندتر دەبوو و نەمدەتوانی چاوم خافڵ بکەم، وتەکەی پیرەمێردی نەمرم بەبیرهاتەوە، کە کاتی خۆی لە مامۆستا کامەران موکریم بیستبوو، و دەڵێت "ئێستاش شێی زیندانەکانی تورکیا لە بڕبڕەی پشتما هاتوچۆیانە لەسەر کورد"!
بەو چەشنە هەموو شەوەکە لەبەر ژانی پشتم بە زیتیی مامەوە. ڕێکەوت بۆ سبەینێ یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بوو؛ کاتی پارشێو هەستم کرد دایکەکانم نایانەوێت خەبەرم بکەنەوە بۆیە، کە ڕاچەنیم وتیان "تۆ ئازارت هەیە و ڕۆژووت لەسەر نییە" بەڵام من وەک موسوڵمانێکی نەریتیی، هەرسووربووم و نییەتم هێنا!
کاتێک کاک نورەدین بوو بە پێشمەرگە چەند چەکێکی سەربازییشی لەگەڵ خۆی فڕاند. پێشتریش ئاگادار بووم، کە ئاگاداری چەند چالاکییەکی ناو شار بوو لەوانە تەقە لێکردنی ڕاگری پەیمانگا (دکتۆر ڕیاز ئەلعانی).
کاک حەمە سەعید بوو بە بەڕێوەبەری فەرمانگەی گەشتوگوزاری سلێمانی؛ ئێمە زۆر جار لەگەڵ ئارازو سالار بۆ فراوین دەچوینە لای ئەو! ڕۆژێک پێی وتم 'دەمەوێت پیاسەیەکی دوو قۆڵی بکەین'، بەو جۆرە بە شەقامی مەحویدا لەوبەری حەمامی سورەتەوە سەرەو ژوور ڕۆیشتین، پێش ئەوەی بگەیەنە لای مەنجەڵە گەورەکانی کاک (وەهابی ماستفرۆش) یاخود ئەومان تێ پەڕاندبوو و لە ئاستی دوکانەکەی (حاجی عەبدولی سلۆ) دا بووین، هەڵوێستەیەکی کرد و وتی " ئەمەویت خواحافیزیت لێکەم، چونکە سبەینێ ئەچمە دەرەوە!"
لێم پرسی "کاک حەمەسەعید، باش بیرت لێکردۆتەوە؟"، وتی "ئەزانم مەبەست چییە، مام جەلال و هەموو ئەوانەی لەوێن تەسلیم ببنەوە، من تەسلیم نابمەوە!" بەلامەوە سەیر بوو چونکە ئەو جێگەی لەق نەبوو، جگە لەوە بڕوام وا بوو ئەو زۆرتر لە شەهید فەرهاد خەفافەوە نزیک بێت و ببێتە پێشمەرگەی پاسۆک، نەک کۆمەڵە!
کە گفتوگۆی ساڵی ١٩٨٤ی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حوکمەتی بەعسی بەغدا دەستی پێکرد، کاک حەمە سەعید ساڵێک پتر بوو لە شۆڕش زویر بوو بوو، و لە دەوروبەری قەمچوغە دانیشتبوو؛ بەڵام وەک کەسێکی پابەند بە بنەماکانی خەبات و کۆڵنەدان خۆی ڕادەست نەکردەوە و وەک هەموو پێشمەرگەیەک لەو ماوەیەدا بە مۆڵەت تەنها بۆ یەک دوو ڕۆژ بە نهێنیی هاتەوە ناوشار و لە ماڵەکەی مامیدا، کە دەکەوتە سەرووی سەدەکەی دارۆغا ناردی بە شوێنماندا؛ ئێمەش سێ قۆڵی لەگەڵ ئاراز و سالار سەردانمان کرد. ئیتر هەر ئەو بینینە بوو و گەڕایەوە بۆ قەمچوغە!
کاتێک ئەنفالی یەک دەستی پێکرد، ئەم لەگەڵ شەش پیاوی تر و چوار ئافرەتدا لە چۆمی دوکان بە نیازی دەربازبوون بە کەڵەکێک لە پەڕینەوەدا دەبن بۆ بەری ئەوبەر، بەڵام چونکە بارانی خوڕەم بوو و بەنداوی دوکانیش زۆر بەردرابووەوە، چۆمەکە ئەوەندەی تر سەرشێت دەکات و ئەمانیش ڕاپێچ و ون؛ مەخابن تا چەند ساڵێکیش دوای ڕاپەڕین ئێسک و پروسکیان نەدۆزرانەوە!
کاک حەمە ڕەئوفی حاجی مستەفای چۆخماخ، بوو بە پێشمەرگە و هەر لە ناوچەی چۆخماخ و گەڕەدێی شارباژێڕ گیرسایەوە. من جار جارە بە نهێنیی سەردانیم دەکرد لەو دۆڵی جافایەتییە ڕۆژێک و دوان پێکەوە دەبووین. لە ڕێگەی ئەوەوە زۆر کەسم بینین لەوانە شێخ سدیقی چۆخماخ و کاک ئیبراهیم جەلال. دواجار لە دەوروبەری پایزی ١٩٨٧دا بوو ئەو لە گەڕەدێ بوو، کە دیدەنیم کرد، ئەو شەوە جگە لە من کاک شێرکۆ جدیی، کاک مەجید حاجی عەلی شاناخسێیش پەیدابوون. بۆنەیەکی زۆر خۆش بوو؛ سەرسام بووم بە ورە و وتەکانی کاک شێرکۆ و ئازایەتیی و ڕوخساری کوردانە و پێشمەرگانەی کاک مەجید و هەرگیزیش ئەو قسەیەیم بیر ناچێتەوە ، کە وتی 'ئێمە حەوت براین هەموو پێشمەرگەین'!
بۆ سبەی ، کە پێكەوە هاتینە گاپیڵۆن، جگە لە کاک شۆڕش ئیسماعیل، کاک ئارام بەکری وەستا مەحمودی خاڵۆزازای خۆم، و کاک ئەوڕەحمانی حەمە فەرەجی هەڵەبجەم بینی، کە ئاوەڵزاوای کاک حەمە ڕەئوف بوو و هەردووکیشیان زاوای مامۆستا ڕەشیدە فەنی بوون.
بەداخەوە دوای ئەم سەفەرە ببڕای ببڕای کاک حەمە رەئوفی هاوڕێی هەرە نزیکمم نەبینیەوە. ئەو لە ئەنفالی نەگریسدا رۆژی ٢٢ مارتی ١٩٨٨ لە شاناخسێ لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگەی تردا بە چەکی کیمیاویی شەهید دەبێت، هەمانکات بۆ یەکەم جار و دواجار بوو کاک شێرکۆ و کاک ئەوڕەحمانیش ببینم، چونکە ئەوانیش هەردووک شەهید بوون، و ئەوەی لەم دواییانەشدا بیستم کاک مەجید شاناخسێی لەم ساڵانەی دواییدا لە گەڕەکی هەواری تازە، دەبێت بە ژێر ئۆتۆمبێلەوە و گیانی دەسپێرێت.
کاک نورەدین لە دەوروبەری کۆتایی سەدەی ڕابردوو لە هۆڵەندا بە نەخۆشیی دڵ کۆچی دوایی کرد، کاک عادیلی برایشی بەماوەیەکی کەم دوای ئەو بەهەمان نەخۆشیی ماڵئاوایی کرد.
کاک سالار مامەخەلانیی، کە بەڕێوەبەری بانکی ئاشتیی شار بوو، نموونەی فەرمانبەری دەوڵەتیی دەست و داوێن پاک بوو؛ لەو ساڵانەی دواییدا ناحەزێک بوهتانێکی گەورەی بۆ ڕێکخست و بەو هۆیەوە چەند شەوێک لە دەستبەسەرکرا؛ کاتێک ئازاد کرا بەو داخەوە تووشی ئیفیلجیی مێشک بوو، ئەنجام ماوەی دوو ساڵ زۆرتر لەسەر جێگا بێهۆش کەوت و نۆڤەمبەری ٢٠١٨ گیانی سپارد.
بەشێکمان نەبووینە پێشمەرگە، وچوینە سەربازیی، ئاراز لە سەربازیی بوردرا چونکە لە یەکەمەکانی پەیمانگا بوو، سوپاس بۆ خوا لە ژیاندا ماوە، بەڵام ئەفسوس چەندین ساڵە بە خەستیی و سەختیی بە دەست نەخۆشیی لەرزین (پارکنسن) ەوە پەرێشانە، ژیانی هێندە ئاڵۆز بووە، کە ئەستەم بتوانێت لە ڕۆژێکدا زۆرتر لە نیو کاژێر بەبێ لەرزین لە جێگەی خۆی دابنیشێت. جێگەی داخە، کە هاوسەرە بەڕێزەکەیشی ناساغە؛ کەچی نە دەسەڵات، نە دڵسۆزێکی ئەم وڵاتە ئاوڕیان لێ نەدایەوە و چارەسەر نەکرا، وەک ئەوەی، کە کوڕی ئەم وڵاتە نەبووبێت!
من ، کە یاداشتی ئەو ڕابردووە تاڵە تۆمار دەکەم، وا دەخوازم لە پاڵ بیرخستنەوەی ئەو ڕۆژگار و ژیانە ناهەموارەی ئەو نەوەیەی ئێمەی تێدا گەورە بوو، و ئەمڕۆکە کەس لەبەر چاوی ناگرێت؛ لە یادی ئەو ڕووداوە چەند خولەکییەی ئەو ئێوارەیەی شارەکەماندا، ناوی بەشێک لەو هاوڕێیانەم بێنم، کە بۆ بەرگریی لە کورد و خاکی کوردستان هەر زوو گیانیان خستە سەرلەپی دەستیان؛ ئەوانەی لایان نەنگیی بوو ترس و گورێز دەستەمۆیان بکەن؛ ئەوانەی وا نزیکەی چل ساڵێکە لەو پێناوەدا بێناز لە ژێر خاکدا ڕاکشاون، کەچی تا هەنووکە کەسێکیش ناویان نازانێت!
دەمەوێت بڵێم؛ ئەز هاوڕێ لە کیس چووەکانم هەر ئەوەندە نین، بۆیە هیوادارم بتوانم لە بۆنەی تردا ئەوانی دیش وەبیر بێنمەوە. بە ئومێدی ئەوەی ئەودڕندانەی ئەو ئێوارەیە بە ناڕەوا پەلاماریان داین و ویستیان لەناومان بەرن، ئێستا نیشتەجێی کوردستان، هاوشارو دراوسێی کەسمان نەبن.
پەراوێز:
١. لێرە بەدواوە جار جارە بەبێ بەکارهێنانی پێشگری (کاک) ناوی هەر یەک لە ئاراز و سالار، دەهێنم. هۆکاری ئەمە ئەوەیە، کە کاتی خۆیشی ئەو سیانەمان هەروا یەکدیمان بانگ دەکرد.
٢. خەڵکی گوندی وڵوبە بوو، کەسێکی سوور وسپی، ڕووخۆش و هەمیشە دەم بە پێکەنین بوو. بە درێژایی ساڵانی خوێندنمان لە قوتابخانەی کوردیی سەرەتایی کوڕان، هاوڕێ و هاوپۆل بووین.
٣. کاتی خۆی لە سەرچاوەیەکی عەرەبیدا کە بەداخەوە ناچمەوە سەری، بەرچاوم کەوت، کە مولازم موحسین پسپۆر و فەرماندەی (قوەی ئیقتیحامی) بوو، بەو هۆکارەی چەند خولی تایبەتیی لای فەلەستینیەکان لەسەر ئەو شێوازە بینیبوو.
٤. جێگەی مانەوە و بەخێوکردنی منداڵان و مێرمنداڵانی بێ دایباب.
٥. کاک ئارام ئیسماعیل شاعیرو نووسەرە، کاک سامان عەبدولقادر هونەرمەند و نیگارکێشە سوپاس بۆ خوا لە ژیاندان.
٦. دەکەوێتە سەر شەقامی سەیوان نزیک بە فولکەی خانەقا.

وێنەی یەکەم:
گازینۆی شارەوانی سلێمانی. پایزی ١٩٧٨
لە ڕاستەوە: ئاوات، حەمە سەعید حەمە ئەمین، ئاراز فازیل، سالار غەریب مامە خەلانیی، سەلاح حسەین.

وێنەی دووەم:
بەردەمی پەیمانگای هونەریی سلێمانی. بەهاری ١٩٧٩
لە ڕاستەوە: چوارەم، حەمە سەعید حەمە ئەمین؛ پێنجەم، ئاوات؛ حەوتەم، نوردەدین سەید قادر باخچە. جگە لەوە؛ دووەم، عومەر؛ سێیەم، ئاراس مستەفا حەمە ڕەش؛ نۆهەم، جەمال؛ دەهەم، بەختیار.

وێنەی سێیەم:
شەقامی مەولەوی. بەهاری ١٩٨٠
لە ڕاستەوە: ئاوات، ئاراز فازیل، سالار عەریب مامەخەلانیی

وێنەی چوارەم:
شەهید هیوا ( غەریب ئەحمەد کاکی) و هاوڕێ شەهیدەکانی، کە مولازم موحسینیان تەمێ کرد.
.jpg)
وێنەی پێنجەم:
شەهید حەمە رەئوف حاجی مستەفای چۆخماخ

وێنەی شەشەم:
فەرەماندەی گەشمردە، مەجید حاجی عەلی شاناخسێیی
