دواى کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان عیراق دەتوانێت بەرەنگارى داعش بێتەوە؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش




دواى بریارى کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان لە عێراق و کەمکردنەوەى رۆڵیان لەئەرکە سەربازییەکان، وەک راهێنانى سوپاو پێدانى رێنماییەکان، خوێندنەوەى جیاواز بۆ دۆخى عیراق دەکرێت لەنێوان هۆشدارى دروستبوونى بۆشایى ئەمنى و سەرهەڵدانەوەى شانە نووستووەکانى داعش، لەلایەکى تر دڵنیاى دانى دامەزراوە سەربازییەکان لەوەى دەتوانن بۆخۆیان قۆناغەکە تێپەڕێنن بەبێ پشت بەستن بە پاڵپشتى دەرەکى.

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى دژی داعش لە ساڵى 2014 پێکهێنرا، کە لەسەر داواى عێراق بۆ شەڕکردن لە دژى رێکخراوەکە هاتە عێراق، ئەوکاتەی داعش سێیەکى خاکى عێراقى بەدەستەوەبوو، بەڵام لە 14ـی ئابى 2023، محەممەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەى پێویستى بە هێزى شەڕکەری بیانی نەماوە و گەیشتوونەتە ئاستێکى پێشکەوتووى گفتوگۆ لەبارەى شێوازى پەیوەندى و هاریکاریی داهاتوو لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. 

بەگوێرەى میدیای فەرمیى عێراق، لە قۆناغى دواى کۆتاییهاتنى ئەرکى سەربازیى هاوپەیمانان لە عێراق دا، پەیوەندییەکە لەنێوان بەغدا و وڵاتانى هاوپەیمانیێتیی نێودەوڵەتی دا بۆ پەیوەندیی دووقۆڵى بۆ هاوکاریکردنى هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەگۆڕدرێت. 

لیواى خانەنشین، جواد دەهلکى، دەڵێت، هاوپەیمانیی ناتۆ کاتێک ئەرکى مەشق و راهێنانى هێزە ئەمنیى و سەربازییەکانى گرتە دەست، رۆڵێکى گەورەى گێڕا لە بەرزکردنەوەى تواناى راهێنان و پەرەپێدانى هێزەکانى سوپاى عیراق، هەروەها بەردەوام زانیارى هەواڵگرى دەدایە هێزەکان لەسەر شوێنى داعشەکان، جگەلەوەش رۆڵى گرنگى هەبوو پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى ئاسمانى و پاڵپشتى لۆجستى.

جواد دەهلکى، لەبارەى کۆتاییهاتنى ئەرکى ئەو هێزانە هۆشدارى دەدات و دەڵێت، کۆتایهاتنى کارەکانى هاوپەیمانیی ناتۆ لە عیراق ماناى کۆتاییهاتنى سەردەمێکى گرنگى یارمەتیدانى عیراقە، بۆ لەناوبردنى گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان، جگەوە لەوەش درووستکردنى بۆشاییەکە، هەرگیز ناتوانرێت پڕبکرێتەوە، بەتایبەتى ئێستا کە مەترسى سەرهەڵدانەوەى داعش لە عیراق و شام سەریهەڵداوەو هەزارانیان لەنێوان سنوورى هەردوولا هەن.

ئەو لیوا خانەنشینەى عیراق پێى وایە، ئێستا بە قۆناغێکى بۆشایى ئەمنیدا تێپەڕ دەبین، لەچەن رویکەوە ئەو بۆشاییە بەدى دەکرێت، دیارترینیان نەمانى زانیارى ئاسمانییە بۆ ئاشکراکردنى شوێنى شانەکان، لەگەڵ ئەو خزمەتگواریانەى تر لەسەر زەوى هاوپەیمانیی ناتۆ پێشەکەشى دەکرد، وەک مەشق و راهێنانى جەنگ و کردە تایبەتە سەربازییەکان، لەگەڵ پێشکەشکردنى پاڵپشتى دارایى .

لەبەرامبەردا فازل ئەبو رەغیف، پسپۆڕی بوارى ئەمنى دەڵێت، کۆتایییهاتنى ئەرکى هێزەکانى هاوپەیمانان و هاوپەیمانیی ناتۆ، هیچ کاریگەریەکى لەسەر دۆخى ئەمنى عیراق نابێت، بەو پێیەى ئەرکى ئەو هێزانە لەرابردوودا تەنها رێنمایکردن و پێدانى زانیارى و مەشق و راهێنان بووە، نەک بەشداریکردنى جەنگ.

ئەبو رەغیف دەشڵێت ، دۆخى عیراق بە ئاراستەى زیادبوونى گرووپە چەکدارەکان هەنگاو نانێت، چونکە ئەو گرووپانە لە مەترسى دۆخەکە تێگەیشتوون، جگە لەوەش ئەمریکا لەوە بە ئاگایە ئەگەر بنکە سەربازییەکانى هێزەکانى هاوپەیمانان و هاوپەیمانیی ناتۆ بە تەواویش لەسەر خاکى عیراق نەمێنێت، بوونیان وەک هەواڵگرى و تەکنیکى و زانیارى دەمێنێتەوە.

ئەو پسپۆڕە دەشڵێت، ئێستا جەنگ بەشێوە کلاسیکیەکەى نەماوە، جەنگى هەواڵگرى و زانیارییە لەگەڵ بەکارهێنانى فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان، جگە لەوەش دۆخى عیراق و هەرێمى کوردستان سەقامگیرە، هەموو لایەنەکان لەدەسەڵات و حکومەت هێندەى قورسایى خۆیان بەشداریان پێکراوە، هیچ هێزێک نەکراوەتە دەرەوەى هاوکێشەکانەوە، بۆیە کۆتاییهاتنى ئەرکى هاوپەیمانان بۆشایى دروست ناکات.

ئەبو رەغیف دووپاتیدەکاتەوە، هەماهەنگى لەنێوان عیراق و هێزەکانى هاوپەیمانان و هاوپەیمانیی ناتۆ بەردەوام دەبێت، دیدگایان بۆ عێراق بەراورد بە ناوچەکانى ترى جیهان جیاوازەو رۆڵیان بەردەوام دەبێت لەناوچەکە، واتە ئەگەر ئەگەر بەشکڵ لەناوچەکە دەرنەکەون، ئەوا بەشێوەى پێدانى زانیارى و تەکنیکى لەسەر گۆڕەپانى عیراق دەمێننەوە.

فەرماندەیی ناتۆ لە عێراق، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2018ـەوە دامەزراوە و تەنیا راوێژ بە هێزە خۆجێییەکان دەدەن و توانستیان بەرزدەکەنەوە، ئامانج لە فەرماندەییەکە ئەوەبوو عێراق دامەزراوەی ئەمنیی سەقامگیر، روون و کاریگەر بونیات بنێت، فەرماندەیی ناتۆ بە رەزامەندی حکومەتی فیدراڵ لە عێراقدا کاردەکەن و بەگوێرەی ئەنجێدای کارکردنی ناتۆ، رێز لە سەروەریی خاکی عێراق دەگرن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار