ئۆپەراسیۆنی سەعاتی سفر

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەنوەر بازگر

* ئەگەری هێرش بۆسەر ئێران لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە سەرەكیترین هەواڵی ڕۆژانەی میدیا جیهانییەكانە، بەڵام بەپێی مەنتق نابێ ئەو شەڕە ڕووبدات، چونكە پارسەنگی هێزەكان زۆر نابەرانبەرە، كە چۆن دەبێت تاران ڕیسكێكی وابكات –مەگەر دەستی ڕاگەیشتبێت بە بۆمبی ئەتۆمی و ئاشكرای نەكردبێت-.

* كەم ڕێككەوتووە ئەو دوو كەشتیە زەبەلاحە (ئەبراهام لینكۆڵن، جیرالد فۆرد) بێنە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە خەرجی هەر كامیان بۆ هەر سەعاتێك سێ سەد هەزار دۆلارە، جیا لە پێشكەوتووترین فڕۆكەی جەنگی زۆر و زەوەند، بە بڕیاری كێ؟ دۆناڵد ترامپ، كە حەزی بە ڕیسكە، هەمیشەش موعجیزە دەخوڵقێنێ، وەكو ئۆپەراسیۆنەكەی ڤەنزوێلا بۆسەر مادۆرۆ.

* لە ڕاستیدا، هیچ كەس و وڵاتێك مخالیفی ئەم هێرش و شەڕ و ئۆپەراسیۆنە نییە، بەڵام هەر كامیان داوای بەش و ئیمتیاز و گۆڕینەوەی كارت دەكات، ڕووسیا چاوی لە ئۆكرانیایە، چین لە تایوان، توركیا لە بەشێكی ئازربایجانی توركنشین، ئیمارات لە سێ دورگەكەی، پاكستان دراوسێی بێ بۆمبی ئەتۆم، ئەفغانستان شكستی شیعە، سعودیە هەیمەنەی سوننەی بێ ڕكابەر، بەحرێن كۆتایی هەیمەنەی شیعەی وڵاتەكەی، ئیسرائیل تەواوكردنی ئەجێندای (7)ی ئۆكتۆبەر.

* ئەمەریكا ئەجێندای هەیە ببێتە خاوەنی وزە، نەوت و غازی (ڤەنزویلا، ئێران، عێراق) بەم بەرنامەیەش نەوت و غازی جیهان كۆنتڕۆڵ دەكات، بەوەش هێندەی تر ئابوورییەكەی گەشە دەكات.

* كۆكردنەوەی ئەو هەموو هێزە زەبەلاحەی واشینتۆن، تەنیا بۆ لێدان و هێرشكردنە سەر ئێران نییە، بەڵكو پێدەچێت لە پاڵ تاراندا هێرش و پەلامار بێت بۆسەر یەمەن و عێراقیش.

* سەرۆكی سربیا زوو وتی؛ ترامپ ئەو هێرشە بۆسەر ئێران هەر ئەنجامدەدات، یەكێك لە فاكتەرەكانیشی داپۆشینی فەزیحەی ئیپستن-ە. لەپاڵ ئەوەشدا ئەمەریكا، فلاشێك دەنێرێت بۆ ئەوروپا بۆ گریلاند و كوبا.

* ئیسرائیل، پڕۆژە و ئەجێندای (7)ی ئۆكتۆبەر بەنیوە ناچڵی جێناهێڵێت، كە دەرفەتێكی سەد ساڵەی دەستكەوتوو لە دەستی نادات بۆ كۆتایی نەیارەكانی. بە دوای شەڕەكانی (7)ی ئۆكتۆبەر و شەڕی دوانزە ڕۆژەی لەگەڵ تاران، باشتر خۆی تەیار و ئامادەكردوە و باشتریش بیری لە خۆپاراستن لە هێرشەكانی ئێران كردۆتەوە.

* ڕەنگە شەڕێكی جیاواز لەوانەی پێشوو لە نیوەشەوێكدا ڕووبدات، مەگەر قەراربێت كودەتایەكی سپی لە تاران ڕووبدات یان ئاڵای تەسلیم بوون هەڵكات، ئەمەش زۆر ئەستەمە، وەكو پێشتر ئێرانییەكان وتبوویان؛ "شەڕ و ئاشتی بۆ ئێمە هەر یەك ئەنجامی هەیە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار