زەمین لەرزەکەى تاران بەغدا دەهەژێنێت.. داهاتووى گرووپەکانى عێراق لە دواى خامنەییى

4 كاتژمێر لەمەوپێش



عێراق بە دیارنەمانی عەلى خامنەیى، پێ دەنێتە قۆناغێکى نوێوە، بەو پێیەى  ساڵانێکى زۆرە خامنەیى بۆتە مەرجەعى باڵا بۆ ئەو هێزانەی هاوپەیمانن لەگەڵیدا و پەیوەندى توندیان لەگەڵ ویلایەتى فەقیهدا هەبووە، هاوکات پابەندى تەواویان هەبووە بۆ بڕیار و راسپاردەکانى ئەو کەسایەتییە، بەڵام بە گۆرانى کەسایەتییەکانى نێو خۆى ئێران، بە ئەگەرێکى زۆرەوە کاریگەرى لەسەر گرووپ و هێزە سیاسییەکانى عێراق دەبێت، ئایا بەردەوام دەبن لەسەر ئەو مەنهەجەى پێشوو، یان بە لەبەرچاوگرتنى دۆخەکە پاشەکشە دەکەن.

موجاهید سومەیدعی، لێکۆڵەری کاروباری ئەمنی عێراق دەڵێت، کوشتنی ڕێبەری باڵای ئێران و غیابى سەرکردە باڵاکان، لێکەوتەى دیارى دەبێت، لەسەر رەوتى سەرکردەى گرووپەکانى عێراق، بەو پێیەى ئەوان وەک هەڵۆى نێو گروپەکان لەو سەرکردانەیان دەروانى کە ئێستا نەماون.

سومەیدعی دەڵێت، بوونى رێبەرێک کە بۆ چەندین ساڵ  تاک جەمسەر بووە، بۆ راگرتنى هاوسەنگى لە عیراق و سەپاندنى دەسەڵاتى خۆى لە نێو شیعەدا بەگشتى، بێگومان دیارنەمانى پاڵنەر دەبێت بۆ پاشەکشەکردنى پابەندبوونى گرووپەکان بەتاکە یەک جەمسەرەوە.

بەوتەى ئەو لێکۆڵەرە، راستە بەمردنى کەسێک دامەزراوە و گرووپەکان کۆتاییان نایەت و رەنگە سەرەتا گۆرانکارییەکانیش بەخێراى روونەدات، بەڵام لەدواى هێوربوونەوەى دۆخەکە، هێدى هێدى پابەندبوونەکە خاو دەبێتەوە و جیاوازییەکان سەر هەڵدەدەن لەسەر پابەندبوون بە تاکە یەک کەسەوە، بۆیە پێشبینى دەکرێت، بەشێکى سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى لەو پابەندبونەیان بە خامنەیی پاشەکشە بکەن

لای خۆیەوە، شرۆڤەکاری سیاسی ڕەمەزان بەدران، دەڵێت، غیابی خامنەیی، دەبێتە هۆی ناهاوسەنگییەکی ڕوون لە سیستمی پەیوەست بوون بە ویلایەتى  فەقیهی لە ڕووی سیاسی، ئایدۆلۆژی و سەربازییەوە، چونکە ئەو کەسایەتییە لە چوار دەیەدا فاکتەرێکى چارەنووسساز بوو لە داڕشتن و چەسپاندنی سروشتی پەیوەندیی ئەو گرووپانە بە ڕژێمی ئێرانەوە و بەدیاریکراویش بە کەسایەتى خامنەیى خۆیەوە.

ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت، سیستمى ئەو وڵاتە لە دواى خامنەیی دووچارى بۆشایی هاتووە، بەتایبەتى لەم دۆخەى ئێستا تارانى پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئیتر چۆن کاردانەوەى لەسەر گرووپ و هێزە سیاسییەکانى عێراق نابێت، کە بەشیکى زۆر شەرعیەتى بیروباوەڕ و رێکخستنەکانیان لەو کەسایەتیە وەرگرتووە.

لای خۆیەوە عەلی ناسر، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، لە قۆناغى دواى خامنەیی گۆرانکارى روون بەدەى دەکرێت، لەنێو گرووپەکانى عێراق، بەتایبەتى دیاریکردنى سروشتى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران.

هاوکات کەمال تائی، شرۆڤەكاری ئەمنى دەڵێت، دیارنەمانى خامنەیى بۆشاییەکى گەورە بۆ گرووپەکانى عێراق دروست دەکات، لەم قۆناغەى ئێستاشدا هەر گۆڕانێک لە ئێران رووبدات رەنگدانەوەى دەبێت لەسەر گرووپەکان، بەنمونە هەر دابەشبوونێک لەتاران لێکەوتەکەى درێژ دەبێتەوە بۆ نێو گرووپەکانى عێراق.

شارەزایان پێیان وایە هەر ململانێیەک لەناو ڕژێمی ئێراندا رووبدات، گرووپەکانى نێو عێراق  هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستەکانیان دەکەنەوە، چ لە ڕووی هاوپەیمانییە ناوخۆییەکان و چ لە ڕووی ئاستی تێوەگلانیان لە ململانێی ناوچەکە، بە تایبەتیش بە لە بەرچاوگرتنی فشارەکانی ئەمریکا و هۆشدارییەکانى لە ئەگەرى هێرشەکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا، جگە لەوەش، نیگەرانییەکان لە زیادبووندایە کە عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەى ململانێکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار