شوقەكانی كوڕەكەی خامنەیی لە لەندەن هەرا دەنێتەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



دوای هەواڵی دەستنیشانكردنی موجتەبا، وەك سێیەم رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەنێو میدیاكانی بەریتانیا هەواڵێك بڵاوبوووەتەوە، کە کوڕەکەى خامنەیی رێبەری ئێران خاوەنی دوو شوقەی گران بەهایە، بەرامبەر باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا.

ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرایکردووە، موجتەبا خاوەنی دوو شوقەیە لەناوچەی کنسینگتۆن لەرۆژئاوای لەندەن و بەهاکەیان زیاتر لە 50 ملیۆن پاوەنەو هەردوو شوقەکە لەنهۆمی شەش و حەوتى باڵەخانەیەکدان، لەگەڵ ژوورێکى تایبەت بۆ خزمەتکارەکانى لەنهۆمى زەمینى، ئەو دوو شوقەیە زۆر نزیکن لە کۆشکێکى شا و شاژنى وێڵزەوە.

بلومبێرگ رونیکردوەتەوە، موجتەباى تەمەن 56 ساڵ لەساڵی 2014وە بۆتە خاوەنى ئەو دوو شوقەیە، بەڵام خاوەندارێتیەکەى دواى یەک ساڵ لەلێکۆڵینەوە ئاشکرابووە، جگەلەوەش دەرکەوتووە کوڕەکەى خامنەیی خاوەنى 11 موڵکى ترە لەباکوورى لەندەن و موڵکەکان کراون بەناوى کۆمپانیایەکى وەهمیەوە، هەروەها لەسەرانسەرى جیهاندا بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار خاوەنى موڵکەو پارەکەشى لەرێگەى فرۆشتنى نەوتى ئێرانەوە بەدەستى هێناوە.

هاوکات، رۆگر ماکمیلان پسپۆڕ لەبوارى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر رایگەیاندووە، دوو شوقەکەى موجتەبا تەنها 50 مەتر دوورە لەباڵیۆزخانەى ئیسرائیل و دەتوانرێت بۆ چاودێریکردن و وێنەگرتنى کارمەندو میوانەکانى بەکارى بهێنێت، پێگەى شوقەکانیش زۆر گونجاوە بۆ ریکۆردکردنى دەنگ و وێنەى گفتوگۆکان لەباخچەى باڵیۆزخانەکەى ئیسرائیل و چاودێریکردنى وردى جموجۆڵەکانیان.

بلومبێرگ باسى لەوەشکردووە، یەکێک لەشوقەکان ساڵى 2014 بە 16 ملیۆن و 700 هەزار پاوەن و ئەوى تریان لەساڵى 2016 بە 19 ملیۆن پاوەن کڕدراون، پرۆسەى کڕینەکەش لەلایەن کۆمپانیایەکى وەهمى بەناوى (بیرچ ڤێنچەرز لیمیتد) بووەو دواتر لەڕێگەى بەڵگەنامەکانى خانووبەرەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانەوە دەرکەوتووە خاوەندارێتیەکەى بۆ کەسێک دەگەڕێتەوە بەناوى ئەنسارى، هەر ئەو ئەنساریە 11 موڵکى ترى لەساڵى 2013 بۆ موجتەبا کڕیووە بە بەهاى 73 ملیۆن پاوەن.

بلومبێرگ رونیکردوەتەوە، دواى ئاشکرابوونى، هەر 13 موڵکەکەى موجتەبا لەمانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2025وە لەلایەن وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکاوە، بلۆککراون و لەو کاتەوە نەتوانراوە هیچ مامەڵەیەکیان پێوەبکرێت.

لەکۆتایى راپۆرتەکەى بلومبێرگدا هاتووە، ئاشکرابوونى ئەم زانیاریانە دواى ئەوەهات لەماوەى رابردوودا 4 ئێرانى لەباکوورى لەندەن دەستگیرکران بەگومانى سیخوڕیکردن بۆ دەزگاى ئیتڵاعاتى ئێران، دواتریش 6 کەسى تر لەبەریتانیا دەستگیران بەگومانى یارمەتیدانى ئەو 4 کەسەو داڵدەدانیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار