لەبەر زیادکردنی هەوڵی تەزویر و ناڕوونی پرۆسەکە چەند وڵاتێک لە جیهان بڕیاریان داوە کە ئەو سیستەمە قەدەغە بکەن. هەرێم جەعفەر دوای ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پرسیاری گەورە لەسەر سیستمی ئەلیکترۆنی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان دروستبوو بە جۆرێک کار گەیشتە ئەوەی بەشێک لە لایەنەکان داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی پرۆسەکە بکەن. سیستمی ئەلیکترۆنی دەنگدان کە هاوکات بە دیجیتاڵ دیموکراسی ناسراوە، ئەو دەستەواژە  تازەیە کە لە هەڵبژاردنی چەند وڵاتێکدا پێناسەی جیاوازی بۆکراوە. مەبەست لەو دەستەواژەیەش بە ئەلیکترۆنی کردنی پرۆسەی دەنگدانە. بۆ هەندێک لە ئەمریکییەکان، دیجیتاڵ دیموکراسی بە مانای پێشکەوتن و ئاسانکردنی پرۆسەی دەنگدانە و بۆ هەندێکیش بە مانای دۆڕاندنی ئیرادەی میلەتە بەبێ بەکارهێنانی سوپا و مووشەک. لە ڕاپۆرتێکی  گۆڤاری فاینانشیاڵ تایمزدا هاتووە کە  شارەزایانی بواری دەنگدان و چاودێرانی ئەمریکی ئەزموونی زۆریان هەیە لە هەر ٣٨ ویلایەتەکەی ئەمریکا بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی ئەمریکا ئەوەی چاوەڕێیان نەدەکرد ئەوەبوو کە بکەونە بەر هێرشی هاکەرانی ڕووسیا، لەبەر ئەم هۆکارەش ئێستا پاراستنی ئەو سیستەمانە لە هاکی دەرەکی بۆتە بەشێک لە ڕاهێنانی چاودێران. گروپی کۆمپرۆمات، ئەو گروپە هاکەرە ڕووسیەن کە تۆمەتبار دەکرێن بە هێرشکردنە سەر سیستەمی  هەڵبژاردنی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦. فاینانشیاڵ تایمز لە زاری حکومەتی ئەمریکاوە ئاشکرای کردووە کە ئەو گروپە هەوڵی داوە کە سیستەمی ئەلیکترۆنی ٢١ ویلایەت لە ئەمریکا هاک بکات. تەنانەت ئەو گروپە ڕووسییە زانیاری ناو و ئیمەیڵی لیژنەی دیموکراسی نەتەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان، دزە پێکردبوو. بەڕێوبەری ئاسایشی زانیاری و نهێنپارێزی کۆمپانیای گووگڵ، هێسەر ئادکینس، لە لێدوانیکدا سەبارەت بە هێرشی  ئەلیکترۆنی بۆ سەر سیستەمی ئەمریکا وتی» ئێستا ڕووسیا نیشانی دا کە دەتوانن چی بکەن بۆیە دەبێت وڵاتانی دیکە ئامادەکاری بکەن چونکە ئەو هێرشانە لە پڕو بە چڕی ڕوودەدەن» ئەمەش وایکرد ئیریک ڕۆزنباچ، بەڕێوبەری پێشووی ستافی وەزیری بەرگری ئەمریکا، پڕۆژەیەکی بەناوی (بەرگری کردن لە دیجیتاڵ دیموکراسی )بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی هارڤارد لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ بەهێزکردنی بەرگری سەر سیستەمە هەڵبژاردنیەکان ئەنجام بدەن کە بودجەکەی ٣٠ ملیار دۆلارە و نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەس کاری تێدا دەکەن. ئیریک ڕۆزنباچ پێی وایە کە دەبێت پنتاگۆن هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ پاراستنی سیستەمی دەنگدان چونکە ڕەنگە لە داهاتوو»کیم جۆن ئون یان ئێرانیەکان» هێرشیان بکەنە سەر. بە وتەی میشێل سولمێیەر، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی هارڤارد ، ئەو وڵاتانەی کە دژی دیموکراسین لە جیهان وەک ڕووسیا و ئێران و چین و کۆریای باکوور، هاکەری پێشکەوتوویان هەیە کە بەشێوەی گرێبەستی بازرگانی کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی و تاوانە جیاوازەکانی ئینتەرنێت. ئەم سیستەمە نوێیەی دەنگدان، کارێکی وایکردوە کە ستراتیژی پارتە سیاسیەکان بگۆڕدرێن. لە سیستەمە کۆنەکە، پارتە نەیارەکان تەنها چاویان لەسەر یەک بوو تا دڵنیا بن کە کەسیان  یاسا پێشێل ناکات بەڵام چیدی ئەوە کار ناکات لەگەڵ ئەم شێوازە نوێیە. تۆ چۆن دەزانیت ئەوانەی لە پشت کۆمپیوتەرەکانن  بە چ مەرامێک دێنە ناو سیستەمەکە و بەرەو چ ئاقارێکی دەبەن. ئادکینس کە ١٦ ساڵ لە بەشی پاراستن- سکیورتی کۆمپانیای گووگڵ کاری کردوە دەشڵێت »من بەڵێنت دەدەمێ ، تەنها یەک ڕۆژم بدەرێ، دەتوانم بچمە ناو ئامێرەکان» (ئامێری تۆماری دەنگدەر، ئامێری دەنگدان و سیستەمی میدیای ئامێرەکان). ساڵی پار، گروپی هاکەری دێف کۆن لە لاس ڤێگاس، توانیان لە ماوەی ٩٠ خولەک یەکەم ئامێری دەنگدان هاک بکەن لە کۆنفرانسێکدا، لەکاتی تەواو بوونی کۆنفراسەکە، تەواوی ئامێرەکانی ناو کۆنفرانسەکەیان هاک کرد. لە جیهاندا، ٢٦ وڵات سیستەمی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنن بۆ هەڵبژاردنەکان کە سوودی و زیانی خۆی هەیە. سوودەکانی ئەو سیستەمە بریتیە لە خێرا هەژمار کردنی دەنگەکان و کەمکردنەوەی نرخی دەنگدان و ئاسانکاری بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەڵام بە بڕوای هەندێک کەس ئەو سیستەمە دەرگا لەسەر تەزویر کردن زیاتر دەکاتەوە. لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئۆفیسی بەڕێوەبەری زانیاری نەتەوەی ئەمریکی( ئۆ دی ئێن ئای) لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٧ بڵاویکردەوە کە سەرکردایەتی ڕووسیا بە قازانجی دۆناڵد تڕەمپ و دژی هیلاری کلینتن هەوڵیان داوە کە هێرش بکەنە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و تاکو ئێستاش لێکۆڵینەوەی جیاواز و ئەنجامی جیاواز لەو بارەیەوە بڵاودەکرێتەوە . لەبەر زیادکردنی هەوڵی تەزویر و ناڕوونی پرۆسەکە چەند وڵاتێک لە جیهان بڕیاریان داوە کە ئەو سیستەمە قەدەغە بکەن.   ئەڵمانیا لەبەر بوونی کرداری هاکی و بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە بۆ مەرامی سیاسی، بەپێی دەستووری ئەڵمانیا، (ئی ڤی ئێم) ئامێری دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەو وڵاتە قەدەغەکراوە. ( هۆڵەندا) لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی هۆڵەندا، سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەو  وڵاتە قەدەغەکرا بەهۆی ئەوەی خەڵکی  گومانیان لە ڕاستی ئەنجامی ئەو ئامێرانە هەبوو.  ئیرلەندا دوای خەرج کردنی ٥١ ملیۆن پاوەند و سێ ساڵ کارکردن، ئیرلەندا بڕیاریدا سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی بەکار نەهێنێت ئەمەش بەهۆی نەبوونی متمانە خەڵکی بەو ئامێرانە و ناڕوونی پڕۆسەکە. ئینگلتەرا ئینگلتەرا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خۆی دوور گرتوە لەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ پرۆسەی دەنگدان. لە ساڵی ٢٠١٦، پەڕلەمانی ئینگلتەرا بە فەرمی ئاشکرای کرد کە ئەوان پلانیان نیە ببنە بەکاربەری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە پڕۆسەی دەنگداندا.  

براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەڵامی عێراقییەکان بۆ ئەمریکا و ئێران دەکاتە نەخێر. هەرێم جەعفەر ئەگەرچی چاوی میدیاکان لەسەر براوەکانی شەری داعش بوو کە لە هەڵبژاردندا سەربکەون، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا ئەوە بوو کە موقەدا سەدر نەیهێشت تامی دەرکەوتنەکانیان بکەن. سەدر لە چەند ساڵی رابردوودا سەودا و کاری هەمیشە لەگەڵ چینی هەژارەکان بووە. لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ هاتووە کە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران کاریگەریان لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق هەیە. چاوەڕوان دەکرا سەرۆک وەزیرانی ئێستا، حەیدەر عەبادی، کە پشتگیری ئەمریکای هەیە و کاندیدەکانی دیکە کە لە ئێران نزیکن ببنە خاوەن زۆرترین دەنگ، بەڵام سەدر بە هاوپەیمانی لەگەڵ کۆمۆنیستەکان توانی لە هەردوو بەرە بەرێتەوە. سەدر ڕۆژانێک لە ڕێگای سوپاکەی بە ناوی میلیشیاکانی مەهدی دژی ئەمریکیەکان دەجەنگاو لە شەڕی تائیفی عێراق بەشدار بوو، بەڵام دواتر بووە خاوەن پەیامێکی نەتەوەیی هەردوو بەرەی ئێران و ئەمریکای ڕەتکردەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەدر هەرگیز هیچ پۆستێکی سیاسی نەبووە و بە ناڕاستەوخۆ بەشداری سیاسەتی عێراقی کردووە، بەڵام لە دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، پشکی شێری بەردەکەوێت. وەک سەرکردەیەکی شیعە، لەگەڵ هەندێک لە سوونەکانی هاوڕێی ئەمریکا پەیوەندی هەبووە بە تایبەت لەگەڵ سعودیە. هەروەها پشتگیری لە حەیدەر عەبادیش کردوە کە شەڕی دژی داعش دەکرد. سەدر پەیوەندی لەگەڵ ئێران باش نیە بەوەی پێشتر وتبووی کە دەبێت بەشار ئەسەد واز لە کورسی دەسەڵات بهێنێت و میلیشیا ئێرانیەکان لە عێراق دوور بخرێنەوە. ئەو دژی ناردنی خەڵکی عێراقیشە بۆ جەنگی سووریا لە ژێر ناونیشانی بەرەی بەرگری کە ئێران سەرپەرشتی دەکات. ئەمەش وایکردوە کە سەدر زیاتر لە عەبادی، هاوپەیمانەکەی ئەمریکا نزیک بێت. لەبەر ئەوەی تاکو ئێستا سەدر بەشداری لە هیچ پۆستێکی حکوومی نەکردوە، نازاندرێت کە سیاسەتی ئەو حکوومەت چۆن دەبێت کە سەدر دروستی دەکات، بەڵام ڕەنگە ئەوە ڕوون بێت کە ئامانجی ئەمریکا لە عێراق کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران. ئالا سەعید، پرۆفیسۆری زانکۆ و شیکاری سیاسی لە زانکۆی بەغداد، وتی «ئەو بەشەی عێراق کە نزیک بوو لە بەرژەوەندییەکانی ئێران شەڕی هەڵبژاردنیان دۆڕاندوە و بەشەکەی دیکە سەرکەوتوە». سەدر پێشتر ڕابەڕایەتی چەندین خۆپیشاندانی کردوە. دوو ساڵ لەمەوبەر هاوئاوازەکانی لە خۆپیشاندانی دژی گەندەڵی چوونە ناوچەی سەوز و پەڕلەمان لە بەغداد. ئەو خۆپیشاندانانە بوونە سەرەتایەک بۆ سەدر کە ببێتە کەسێکی بەهێزتر لە عێراق. هەروەها سەدر یەکێکە لەو سیاسییە کەمانەی ئەمجارەی هەڵبژاردنی عێراق کە سوودیان لە بەشداری کەمی دەنگدەران بەهۆی نەمانی متمانە بە چینی سیاسی عێراق بینیوە. فێرخوازێکی تەمەن ٢٤ ساڵان لە بەغداد، ڕەزاق حوسەین، کە یەکێک بووە لە خۆپیشاندەرانی ناوچەی سەوز و دەنگی بە سەدر داوە بەم جۆرە سەبارەت بە سەرکەوتنی سەدر بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ دوا «سەدر پێشبینیەکی هەبوو کە هاتە دی. ئەو وتی کە خەڵک بەسەر سیاسیە گەندەڵەکاندا سەردەکەون و ئەوەش ڕوویدا». «دوای ئەو قسەیە خەڵک چوونە ناوچەی سەوز بەرپرسە گەندەڵەکانیان ترساند. ئێستا هاوپەیمانی سائیرون سەرکەوت. سەدر سەودا و کاری هەمیشە لەگەڵ چینی هەژار و نزمەکان بووە، ئەم نەریتەشی لە باوکیەوە هەڵگرتوە کە کاتی خۆی دژی دیکتاتۆری سەدام حوسەین بوو و لەسەر شەقامێک تەقەی لێکراو و کوژرا. لە هەڵبژاردنی پیشوودا، سەدر توانی ٣٤ ئەندام بنێرێتە پەڕلەمان، بەڵام نەیهێشت هیچیان خۆیان کاندید بکەنەوە، چونکە دەیزانی دەنگدەران لە دەمووچاوە کۆنەکان بێزارن. ئێستا سەرکردەکانی عێراق ئەرکی زۆریان لەسەر شانە، وەک دووبارە دروستکردنەوەی شارە ڕووخاوەکانی دەستی داعش و نەهێشتنی ئەو گروپە بە تەواوی. بە وتەی بانکی جیهانی، عێراق بۆ چاککردنەوەی زیانەکانی داعش، پێویستی بە ٨٠ ملیار دۆلار هەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە وەبەرهێنەری دەرەکی خۆیان بە دوور دەگرن لە عێراق. ئەگەری کەمە کە موقتەدا سەدر خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی بپاڵێوێت، بەڵکو دەیەوێت وەک سەرکردەیەکی ڕۆحی بمێنیتەوە. ئەو دەبێت لە نێوان عەبادی و کاندیدی هاوپەیمانی فەتح کەسێک هەڵبژێرێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق. بەڵام ئەوەی نزیکە کە ئەو پۆستە لە لایەن سەدر وەربگرێت، زیاتر حەیدەر عەبادیە چونکە جگە لەوەی هاوپەیمانی فەتح نزیکن لە ئێران، پێشتر لە چاوپێکەوتنەکانیدا، سەدر ستایشی عەبادی کردبو  و ڕاشی گەیاندبوو کە ئەو پشتگیری دەکات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی، چونکە عەبادی توانیویەتی داعش تێکبشکێنێت و ڕیفراندۆمەکەی کوردیشی بێ خوێن ڕشتن چارەسەر کرد. موقتەدا سەدر سەر بە خێزانێکی شیعیە کە بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی لوبنان. ئەو کوڕی چوارەمی  ئایەتوڵا موحەمەد سەدیق ئەل سەدرە کە یەکێکە لە کەسایەتیە گەورەکانی شیعە لە جیهان. محەمەد سەدیق لەگەڵ دوو لە کوڕەکانی لە لایەن سەدام حووسەینەوە کوژران. موقتەدا سەدر جیا لە باوکی ڕاستەقینەی خۆی، زرباوکەکەشی، ئایەتوڵا باقر سەدر لە ساڵی ١٩٨٠ لە لایەن ڕژێمی پێشوی عێراقەوە کوژرا. پێش کوژرانی باوکی، سەدر زانستە ئیسلامییەکانی دەخوێند، بەڵام بە وتەی ڤالی ناسر، مامۆستایەکی شیعی، نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات. دوای هێرشی سەر عێراق لە لایەن هاوپەیمانانەوە، سەدر لە ڕێگای سوپای مەهدی دژیان وەستایەوە و چەند جارێکیش پێکدادانیان لە نێوانیان ڕوویداوە. موقتەدا سەدر دژی بوونی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە عێراق دەیگووت، کە مەبەستی سەرەکی سوپای مەهدی گەڕانەوەی سەقامگیرییە بۆ عێراق.   لە جەنگی نێوان لایەنگرانی سەدر و ئەمریکا و سوپای عێراق، سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزارانیش بریندار بوون. شارەزایان پێیان وایە کە موقتەدا سەدر هەوڵی بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی دینی داوە و هیوای بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی دیموکراسی هەیە. بەهۆی دژایەتی بەرامبەر بە حکومەتی عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٨ چالاکی چەکدارانی سەدر قەدەغەکرا و بەهۆیەوە سەدر چووە شاری قومی ئێران. لە ساڵی ٢٠١٠ بەهۆی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمان، گەڕایەوە عێراق و لە شاری نەجەف نیشتەجێ بوو. لە دوای ساڵی ٢٠١١، لایەنگرانی سەدر چەندین خۆپیشاندنی بەرفراوانیان ئەنجام داوە.

شەوی شۆک؛ رۆژی بەدوادا هەڵنەهات «بەشخوراوانی هەڵبژاردن» هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەکی نوێ دەدەن لە بەغدا لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی جەخت لەسەر یەکڕیزیی دەکەنەوە. بنار هیدایه‌ت ئه‌و شه‌وه‌ى که‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانى هه‌ڵبژاردن ئاشکرابوون، یه‌که‌م درز که‌وته‌ نێوان خه‌ونى پێکه‌وه‌ رۆیشتنى کورد به‌ره‌و به‌غدا، به‌ هیواى هاڵهاتنى رۆژێکى نوێ دواى روداوه‌کانى ریفراندۆم و ١٦ى ئۆکتۆبه‌ر، به‌ڵام ئێستا کار بۆ دروستکردنى دووبه‌ره‌ى کوردى ده‌کرێت، ئه‌وانیش به‌ره‌ى یه‌کێتى و پارتى و به‌ره‌ى ئه‌و لایه‌نانه‌ى که‌ خۆیان به‌ «به‌شخوراو» ده‌زانن. هه‌ریه‌که‌ له‌  گۆڕان و کۆمه‌ڵ، هاوپه‌یمانى و یه‌کگرتوو له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عیراق، کۆى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان ره‌تده‌که‌نه‌وه‌، هاوکات به‌دواى دروستکردنى به‌ره‌یه‌ک ده‌که‌ن بێ یه‌کێتى پارتی. بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ش شاندێکى ئه‌و به‌ره‌یه‌ بچێته‌ به‌غدا بۆ دروستکردنى هاوپه‌یمانێتی. پارته‌ به‌شخوراوه‌کان دووشه‌ممه‌ى رابردوو له‌شارى هه‌ولێر کۆبوونه‌وه‌یه‌کى لوتکه‌یان له‌باره‌گاى یه‌کگرتووى ئیسلامى سازکرد، که‌ تێیدا به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح پێشنیارى به‌ره‌یه‌کى نوێى کردووه‌ بۆ چوونه‌ به‌غدا ئه‌مه‌ش له‌ لاى حزبه‌کانى ترى ره‌تنه‌کراوته‌وه‌. به‌ڵام یه‌کیتى و پارتى پێیان وایه‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ سه‌رکه‌وتوو نابێت له‌ ته‌نگ پێهه‌ڵچنین به‌ یه‌کیتى و پارتی. پارتی: به‌رهه‌م ساڵح له‌دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى جیاواز سه‌رکه‌توو نابێت فازڵ به‌شاره‌تى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى دیموکراتى کوردستان به‌ ‌هاوڵاتى وت "هه‌ر پارتێکى سیاسى له‌کوردستان ئازاده‌ له‌وه‌ى چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ن، به‌ڵام ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌کى ته‌ندروست ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ بکات". وتیشى "به‌رهه‌م ساڵح له‌دروستکردنى دووبه‌ره‌ى جیاواز سه‌رکه‌توو نابێت چونکه‌ نه‌ عه‌بادى و نه‌ عێراق مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، نه‌ ده‌بێته‌ ئه‌و قورساییه‌ى ته‌نگ به‌یه‌کێتى و پارتى هه‌ڵچنێت، دروستکردنى هاوپه‌یمانى شتێکى ئاساییه‌، به‌ڵام نابێت ببنه‌ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ بۆ ناو هه‌رێمى کوردستان، ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه‌ى ئێستا هه‌یه‌ خۆیان رابێنن چونکه‌ هه‌وڵه‌کانیان هیچ ده‌رئه‌نجامێکى نابێت". به‌پێى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانى هه‌ڵبژاردن پارتى و یه‌کیتى زۆرینه‌ى کورسیه‌کانیان به‌ده‌ستهێناوه‌و لایه‌نه‌کانى تریش دان به‌و ده‌نگانه‌ نانێن و داواى دووباره‌کردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌نه‌وه‌. فازڵ به‌شاره‌تى وتى "ده‌بێت ئه‌و لایه‌نانه‌ى خۆیان ناو ناوه‌ ئۆپۆزسیۆن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆلاى حزبى ده‌سه‌ڵاتدار، که‌مهێنانى ده‌نگ کۆتایى به‌دنیا ناهێنێت، به‌ڵکو چه‌ند مانگێکى تر هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌کرێت ئه‌و کاته‌ش پارتى وه‌ک ئێستا دژ به‌ غه‌ش و ته‌زویر ده‌بێت و رێگه‌ به‌ساخته‌کارى نادات، به‌ڵکو ده‌بێت به‌شێوازێکى باشتر هه‌ڵبژاردن بکرێت". یه‌کێتی: به‌رهه‌م ساڵح به‌ره‌ى جیاواز دروستبکات بێ وه‌ڵام نابین یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان داواى یه‌ک به‌ره‌یى لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان ده‌کات به‌وه‌ى ئێستا هه‌موو چاوه‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌ر کوردستانه‌، سه‌رکردایه‌تییه‌کى یه‌کێتیش ده‌ڵێت له‌ئه‌گه‌رى دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى جیاواز له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ بێ وه‌ڵام نابن. مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌ندامى سه‌کردایه‌تى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان به‌ ‌هاوڵاتى وت "له‌ئێستا پێویستمان به‌وه‌یه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌یه‌کگرتوویى به‌ره‌و به‌غدا هه‌نگاو بنێن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین له‌ئایینده‌دا ئه‌وه‌ى بۆ کورد به‌ده‌ست نه‌هاتووه‌ به‌ده‌ستى بهێنین، یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌یه‌که‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدا هه‌نگاو بنێن". ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌ى یه‌کێتى جه‌ختیشده‌کاته‌وه‌ "دروستکردنى دووبه‌ره‌یى کورد له‌به‌غدا له‌به‌رژه‌وه‌ندیى کوردستان نییه،‌ چونکه‌ هه‌موو چاوه‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌ر کورده‌ و ئه‌وانه‌ى چاویان له‌ناکۆکیى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانه‌ نه‌ دڵسۆز و نه‌دۆستى کورد و کوردستانن". مسته‌فا چاوڕه‌ش وتیشى "یه‌کێتى به‌چاوى دوژمن ته‌ماشاى به‌رهه‌م ساڵح ناکات چونکه‌ هه‌موومان یه‌کتر ده‌ناسین، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح به‌ره‌ى جیاواز و دوو به‌ره‌یى له‌به‌غدا دروستبکات یه‌کێتى به‌بێ وه‌ڵام نامێنێته‌وه‌". بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان: باوه‌ڕمان به‌ پارتى سه‌رکرده‌ نییه‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان یه‌کێکه‌ له‌و پارته‌ ناڕازییانه‌ى له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگى پێویستى نه‌هێناوه‌ دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى هاوبه‌ش به‌پێویست ده‌زانێت، ره‌تیشیده‌کاته‌وه‌ باوه‌ڕى به‌سه‌رکرده‌ى پێشڕه‌و و  حزبى پێشڕه‌و هه‌بێت. ئاسۆ مه‌حمود ئه‌ندامى جڤاتى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ ‌ هاوڵاتى وت "رووداوى ته‌قه‌کردن له‌گردى زه‌رگه‌ته‌ و ئه‌و ساخته‌کارییه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان کراوه‌ بۆته‌ هۆى ئه‌وه‌ى بیر له‌ دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى جیاواز له‌ یه‌کێتى و پارتى بکاته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا باس له‌وه‌ نه‌کراوه‌ کێ سه‌رکردایه‌تى ئه‌و به‌ره‌یه‌ ده‌کات و له‌ژێر چ ناونیشانێکدا ده‌بێت". له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌و به‌ره‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تى بکرێت، ئاسۆ مه‌حمود جه‌ختیشده‌کاته‌وه‌ "بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان باوه‌ڕى به‌سه‌رکرده‌ى پێشڕه‌و و پارتى پێشڕه‌و نیه‌، گۆڕان به‌دواى خاڵى هاوبه‌شى هاوپه‌یمانێتیدا ده‌گه‌ڕێت، هه‌ر پارتێک له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان خاڵى هاوبه‌شى هه‌بێت نزیک ده‌بین لێى له‌دروستکردنى هاوپه‌یمانێتییه‌وه‌". کۆمه‌ڵى ئیسلامی: ناچینه‌ هیچ به‌ره‌یه‌که‌وه‌ له‌ژێر ناوى شه‌خسدا بێت کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان ده‌یه‌وێت به‌شوێن ئه‌نجامى ده‌نگده‌رانیدا بڕوات و جه‌ختیش ده‌کاته‌وه‌ ناچێته‌ ناو هیچ به‌ره‌یه‌که‌وه‌ له‌ژێر ناو و هه‌یمه‌نه‌ى هیچ که‌سێکدا بێت. فاروق عه‌لى ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان به‌ ‌هاوڵاتى  وت "ده‌بێت لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان قسه‌یان له‌سه‌ر ئایینده‌یان هه‌بێت، ده‌بێت به‌شوێن ئه‌نجامى ده‌نگه‌کانیاندا بڕۆن، چونکه‌ ئێستا ئه‌وانه‌ى ده‌نگیان پێداوین داواى ده‌نگه‌کانیان ده‌که‌نه‌وه‌ و به‌ده‌ست ناعه‌داله‌تییه‌وه‌ گیریان خواردوه‌". وتیشى "ده‌کرێت لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان به‌ره‌یه‌کى جیاواز له‌به‌غدا دروستبکه‌ن و هه‌موومان به‌یه‌که‌وه‌ له‌هه‌وڵى به‌دیهێنانى ئامانج و مافى گه‌لى کوردا بین، به‌ڵام کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان ناچێته‌ ناو هیچ به‌ره‌یه‌که‌وه‌ له‌ژێر ناوى یه‌ک که‌س و له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ى یه‌ک که‌سدا بێت، به‌ڵکو ده‌بێت به‌ره‌یه‌ک دروستبکرێت به‌ناوێکى جیاوازه‌وه‌ شه‌ڕى کورد بکات" هه‌روه‌ها وتى "کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان له‌سه‌ر یه‌ک پرۆژه‌ى هاوبه‌ش رێکبکه‌ون و هه‌رکه‌سێک ده‌یه‌وێت به‌ره‌یه‌ک دروست بکات به‌ناوى خۆیه‌وه‌ ده‌یتوانى به‌ر له‌هه‌ڵبژاردن دروستى بکات، ئه‌گه‌ر بیزانیایه‌ سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت له‌سه‌ر لایه‌نه‌کانى دیکه‌ رانه‌ده‌وه‌ستا". یه‌کگرتووى ئیسلامی: دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى جیاواز یه‌کێکه‌ له‌بژارده‌کان به‌پێى زانیارییه‌کانى رۆژنامه‌ى ‌هاوڵاتى له‌کۆبوونه‌وه‌ى لوتکه‌ى لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان له‌هه‌ولێر، یه‌کێک له‌و بژارده‌ و ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌کییانه‌ى باسى لێوه‌کراوه‌، به‌ره‌یه‌کى جیاوازه‌ به‌ده‌ر له‌پارتى و یه‌کێتی، ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى یه‌کگرتوو زانیارییه‌کان پشتڕاستده‌کاته‌وه‌. دکتۆر عومه‌ر مه‌لائیکه‌ به‌رپرسى نوسینگه‌ى ئه‌نجوومه‌نى جێبه‌جێکارى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستان له‌سلێمانى به‌ ‌‌هاوڵاتى وت "ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کان نه‌گه‌نه‌ رێکه‌وتن ئه‌وا ده‌بێت بایکۆتى پرۆسه‌که‌ بکه‌ن یا به‌دواداچوونى گشتى بۆ خواردنى مافیان بکه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌گه‌نه‌ رێکه‌وتن ئه‌وا دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى جیاواز له‌یه‌کێتى و پارتى یه‌کێکه‌ له‌و بژاردانه‌ى له‌به‌رده‌ست لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کاندا هه‌یه‌". ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌کگرتوو نمونه‌یه‌ک له‌شارى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ تێیدا به‌پێى داتاکانى ئه‌وان پێنج هه‌زار ئه‌ندامى رێکخستنیان له‌هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌کاتى ده‌نگداندا ته‌نها 3700 ده‌نگیان بۆ هاتۆته‌وه‌، "ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆى فشارێکى زۆر له‌سه‌رمان له‌لایه‌ن ئه‌ندامه‌کانمانه‌وه‌". عومه‌ر مه‌لائیکه‌ وتیشى "له‌ئێستادا زووه‌ باس له‌وه‌ بکه‌ین کێ ده‌بێته‌ سه‌رۆکى ئه‌و به‌ره‌یه‌ و له‌ژێر ناوى کێدا ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر داخوازى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌کاتى ده‌ستپێکردنى پرۆسه‌که‌دا". نه‌وه‌ى نوێ: ده‌چینه‌ ناو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رکردایه‌تیى ده‌کات جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ دووپاتیده‌کاته‌وه‌، کێشه‌یان له‌گه‌ڵ هیچ هاوپه‌یمانێتییه‌ک نیه‌ به‌ده‌ر له‌یه‌کێتى و پارتى که‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و دروستکردنى کابینه‌ى نوێ پێکبهێنرێت. ئارام سه‌عید به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌کانى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ نه‌وه‌ى نوێ هیچ کێشه‌یه‌کى نیه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌ک به‌ده‌ر له‌یه‌کێتى و پارتى پێکبهێنرێت که‌ به‌یه‌که‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدا بڕۆن". ئارام سه‌عید به‌ ‌هاوڵاتى وت «ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ره‌یه‌ى باسى لێوه‌ده‌کرێت به‌ده‌ر له‌یه‌کێتى و پارتى و به‌رهه‌م ساڵح سه‌رکردایه‌تى بکات، نه‌وه‌ى نوێ هیچ کێشه‌یه‌کى له‌گه‌ڵدا نیه‌ و به‌شدارى ئه‌و به‌ره‌یه‌ ده‌کات" . هاوپه‌یمانی: باس له‌وه‌نه‌کراوه‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رکردایه‌تى به‌ره‌ى هاوبه‌ش بکات ئه‌ندامێکى هاوپه‌یمانێتى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى ره‌تیده‌کاته‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح کرابێت به‌سه‌رکرده‌ى ئه‌و به‌ره‌یه‌ى له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کانه‌وه‌ پێکده‌هێنرێت، ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ که‌سێکى دیکه‌ ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌ بکات نه‌ک به‌رهه‌م ساڵح. ئارام قادر بۆ ‌هاوڵاتى ئاشکرای ده‌کات "زۆرینه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ناڕازییه‌کان کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌ره‌یه‌کى جیاواز له‌یه‌کێتى و پارتى دروستبکرێت، به‌ڵام ئێمه‌ تێبینیمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کان و له‌ ئه‌گه‌رى جێبه‌جێنه‌کردنى داواکارییه‌کانمان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن، به‌شدارى له‌ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ناکه‌ین". هه‌روه‌ها وتى "ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ وه‌فدێکمان ده‌چێته‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به‌گفتوگۆ بکرێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى عێراق بۆ ئایینده‌ى سیاسیى عێراق و دروستکردنى هاوپه‌یمانێتی".

هۆکاری کەمکردنی دەنگەکان بەلای هەندێک لە گۆڕانخوازەکانەوە هەمووی بۆ ساختەکاریی ناگەڕیتەوە ئارا ئیبراهیم هەندێک لە گۆڕانخوازان حزبەکەیان روبەڕووی رەخنە دەکەنەوە بەهۆی دەرەنجانی هەڵبژاردنەکان و پێیان وایە پاشکشەی گۆڕان هەمووی بەهۆی ساختەکارییەوە نیە، بەشێکی تری گۆڕانخوازەکان ئەمە رەتدەکەنەوە. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بزووتنەوەی گۆڕان دەنگەکانی رووی لە دابەزین کرد، ئەمەش مشتومری زۆری هێنایە ئاراوە. بەجۆریک هەندێک لە گۆڕانخوازەکان داوای چارەسەرکردنی هۆکاری کەمبونەوەی دەنگەکانیان دەکەن. بەڵام عه‌بدوڵا مه‌لا نورى، هه‌ڵسوڕاوى دیاری گۆڕان رەتیدەکاتەوە کە پاشەکشەیان کردبێت و هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکان دەخاتە ئەستۆی ساختەکاریی. عه‌بدوڵا مه‌لا نورى به‌‌هاوڵاتی وت "ده‌یان به‌ڵگه‌ و دیکۆمێنت هه‌یه‌ که‌ ته‌زویرێکى گه‌وره‌و رێکخراو کراوه‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى کوردستان و که‌رکوک و ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان، ته‌زویره‌که‌ به‌قازانجى به‌ره‌ى ده‌سه‌ڵات که‌ پارتى و یه‌کێتین کراوه‌" له‌تیف مسته‌فا، ئه‌ندامى خولى پێشترى په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر فراکسۆنى گۆڕان، لە وتارێکدا کە له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کانى گۆڕان نوسیویەتی، باسی چه‌ند خاڵێک دەکات کە پێیوایە بوونەتە هۆی کەمبونەوەی دەنگەکانی گۆڕان. له‌تیف مسته‌فا ده‌ڵێت "من ناڵێم ته‌زویر نه‌کراوه‌، به‌ڵکو ته‌زویرێکى باش و رێکخراویش کراوه‌، به‌ڵام دابه‌زینى ده‌نگه‌کانیش چاوه‌ڕوان کراوبوون". هه‌روه‌ها هۆکاره‌کانى دابه‌زینى ده‌نگه‌کانى گۆڕانى باسکردووه‌ و ده‌ڵێت "به‌شداریکردنى لاواز له‌ده‌سه‌ڵاتێک به‌لاوازى و له‌ڕێى کاراکته‌رى لاوازه‌وه‌ که‌ ئه‌دا‌یان  له‌کاراکته‌ره‌کانى دوو حزبه‌که‌ خراپتر نه‌بوبێت باشتر نه‌بووه‌" هەروەها دەڵێت «دووباره‌ خۆکاندید کردنه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى پێشوو، وێنایه‌کى واى دروستکرد لاى ده‌نگده‌ر که‌ ئه‌مانیش وه‌ک حزبه‌کانى تریان لێهاتووه‌و پۆسته‌کان بۆ ده‌موچاوێکه‌ به‌تایبه‌تى که‌ ئێستا په‌رله‌مانتارى له‌به‌غدا ئیمتیازاتى زۆره‌". ئه‌وه‌شى رونکردووەته‌وه‌ که‌ گۆڕان له‌په‌رله‌مانى کوردستان ده‌نگیدا به‌ یاساى ئیمتیازات و خانه‌نشینى په‌رله‌مانتاران وه‌ک حزبه‌کانى ده‌سه‌ڵات. بەڵام بە بڕوای عەبدوڵا مەلا نوری، ئەو ئه‌نجامانە راسته‌قینه‌ نین کە بڵاوکراونەتەوە. دەشڵێت کە ئەوان لە دەنگەکانیان خۆشنابن. عەبدوڵا مەلا نوری وتی "ئەگەر تەزویر نەبووایە له‌سه‌ر ئاستى سلێمانى براوه‌یه‌کى گه‌وره‌ ده‌بوین و له‌سه‌روو ئاستى هه‌ولێر ده‌نگه‌کانمان زۆر زیادى ده‌کرد و له‌ که‌رکوکیش کورسیمان مسۆگه‌ر بوو له‌سه‌ر ئاستى دهۆکیش چاوه‌ڕوانى کورسیمان ده‌کرد". وتیشى "ناڵێم گۆڕان که‌موکورتى نه‌بووه‌، به‌ڵام گریمان گۆڕان که‌موکورتى هه‌بووه‌ دانى پێدا ده‌نێین، به‌ڵام یه‌کێتى و پارتى خیانه‌تى نیشتمانیان هه‌بووه‌ و قوتى خه‌ڵکیان بڕیوه‌ و گه‌نده‌ڵیان هه‌بووه‌، هه‌رگیز خه‌ڵک گۆڕان و پارتى یه‌کێتى ناکاته‌ تاى یه‌ک ته‌رازوه‌وه‌". هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ گۆڕان و هاوپه‌یمانه‌کانى ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردنیان ره‌تکردۆته‌وه‌و قبوڵى ناکه‌ن "گۆڕان به‌م ئه‌نجامه‌وه‌ ناچێته‌ به‌غدا و قبوڵى ئه‌مه‌ ناکات". له‌یه‌که‌م ئێواره‌ی ئاشکرابوونی بەشێک لە ئەنجامە بەراییەکان گۆڕان هه‌وڵى دبلۆماسى و یاسایى ده‌ستپێکراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى "هاوکێشه‌که‌ راست بکرێته‌وه‌«. عەبدوڵا مەلا نوری وتیشی «بژاردەی جه‌ماوه‌ری و بایکۆتیش لەبەردەماندایە".  

بنار هیدایەت یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەدەست هەژمارکردنی دەنگەکانی کەرکوک رەتدەکاتەوە ئاماژە بەوەدەکات شەقام دەجوڵێنن لە ئەگەری بەدەست هەژمارکردنی دەنگەکان. لەبەرامبەر ئەوەدا داوای هەیە هەڵبژاردن لە تەواوی عێراق ئەنجام بدرێتەوە. دوێنێ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای کرد دەنگەکانی کەرکووک بەدەست هەژمار بکرێنەوە، ئەمەش کاردانەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا. سەعدی ئەحەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە‌ رایگەیاند «یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرەتا ئەوەی باسکردووە لە هەر شوێنێک نیگەرانی هەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی دووبارەیە، بەڵام بە تەنها لە شاری کەرکووک ئەوە زوڵمە بەرامبەر بە یەکێتی دەکرێت». وتیشی «یان دەبێت لە هەموو عێراق هەڵبژاردن و دەنگدان بکرێتەوە یا یەکێتی رێگە نادات ئەم کەڵەگاییەی بەسەردا تێپەڕێنرێت، هەر کاتێک شتێکی لەو جۆرە کرا رای گشتی و نێودەوڵەتی دەخەینە سەرخەت». حەیدەر عەبادی دوێنێ رایگەیاند بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکانى کەرکوک داوادەکەم دەنگەکانى کەرکوک بە دەست هەژماربکرێنەوە. عەبادی داواشی لە کۆمسیۆن کرد، «بە شێوەیەکى دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ سکاڵای لایەنەکان بکات لەسەر هەڵبژاردنەکان». ئەمەش لەدواى ئەوە هات، لەدواى هەڵبژاردنەکە تورکمان و عەرەبەکانى کەرکوک ڕایانگەیاند، ساختەکاری و دەستکاری ئەنجامەکانى هەڵبژاردن کراوە و دوایانکرد بەشێوەى دەستى هەژماربکرێتەوە. هاوکاتیش لە هەرێم  شەش لایەنی سیاسی و نەوەى نوێش لەسەر ئەو پرسە ڕاگەیەندراویان بڵاوکردەوە و سەرجەمیان دەڵێن ساختەکاری لە ئەنجامەکاندا کراوە. لەبەرامبەر گومانەکانی لایەنەکان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، پارتی ئامادەیی دەربڕیوە دەنگەکان لەسەرانسەری هەرێم بە دەست هەژمار بکرێن، بەڵام یەکێتی دژی ئەوەیە. وتەبێژی فەرمی یەکێتی لەو بارەیەوە دەڵێت «ئەم هەموو ئیستغلالەی برادەرانی پارتی بۆ..! ئێمە جەختدەکەینەوە یا لەهەموو عێراق یا بەتەنها لەکەرکووک جێی قبوڵ و بێدەنگ بوون نیە». لە لایەکی ترەوە یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان لە کەرکوک هه‌ڕه‌شه‌ی جوڵاندنی شه‌قامی کوردی ده‌کات له‌ کەرکوک، لەبەرامبەر فشارخستنە سەر کورد لە شارەکە لەلایەن هێزەکانی سەپاندنی یاسای حەیدەر عەبادی، بەهۆی ئاشکرابوونی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن. له‌ ‌بانگه‌وازه‌که‌دا که‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ی ئایار بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ تیایدا هاتووه‌ «ئێمه‌ له‌ یه‌کێتی زۆر دانمان به‌خۆماندا گرت و زیاتریش دانبه‌خۆماندا ده‌گرین، به‌ڵام هه‌موو شتێک سنوری خۆی هه‌یه‌«. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ یه‌کێتی دوابه‌دوای ئه‌و بارگرژییه‌ دێت کە چه‌ند رۆژێکه‌ به‌هۆی ئاشکرابوونی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دروستبووه‌. له‌ ‌بانگه‌وازه‌که‌ی یەکتی دا هاتووه‌ «ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ (سه‌پاندنی یاسا) ئاگادارده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ به‌شێک له‌ ‌میلیشیا چه‌کداره‌کان و حزبه‌ توندڕه‌وه‌ نا کوردییه‌کان ده‌ستیانکردوه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و په‌لاماردانی فه‌رمانبه‌رانی کورد له‌ کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌ که‌رکوک». بانگەوازەکە میلیشیاکان تۆمەتبار دەکات کە په‌لاماری هاوڵاتیانی کورد ده‌ده‌ن له‌به‌شێک له‌ فه‌رمانگه‌کانی که‌رکوک. یەکیتی جه‌ختده‌کاتەوە لەوەی که‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌منی رێکاری پێویست نه‌گرنه‌به‌ر به‌رامبه‌ر ئه‌و توندوتیژییانه‌ی له‌ژێر سێبه‌ر سه‌پاندنی یاسادا ده‌کرێت، «ئه‌وه‌ شه‌قامی کوردی ده‌جوڵێنین له‌ پێناو پاراستنی هاوڵاتیان». هێزه‌کانی سه‌پاندنی یاسا به‌ ‌بڕیاری حه‌یده‌ر‌ عه‌بادی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ 16ی ئۆکتۆبه‌ری رابردوه‌وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی پارێزگاکه‌ی گرتۆته‌ده‌ست. له‌ بانگه‌وازه‌‌که‌ی یه‌کێتی-دا هاتووه‌ «هیچ به‌رپرسیارێتی و سزایه‌ک هه‌ڵناگرین که‌ له‌ جوڵاندنی شه‌قامی کوردیدا ده‌که‌وێته‌وه‌، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌و گێره‌شێوێنییه‌ ره‌تده‌که‌نه‌وه‌ که‌ به‌شێک له‌ عه‌ره‌ب و تورکمان و میلیشا چه‌کداره‌ مۆڵه‌ت پێنه‌دراوه‌کان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی و ئاشتیداین له‌ که‌رکوک». چەند رۆژێکە خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی عه‌ره‌ب و تورکمانه‌کانی که‌رکوک به‌رده‌وامی هه‌یه‌و یه‌کێتی به‌ یاریکردن به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان تۆمه‌تبارده‌که‌ن، لەکاتێکدا ئه‌و حزبه‌ ساختەکاری ره‌تده‌کاته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌ به‌شداری فراوانی پێکهاته‌ی کورد ده‌کات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 12ی ئایاری رابردوودا. به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان که‌ هێشتا کۆمسیۆن راینه‌گه‌یاندوه‌ یه‌کێتی به‌ته‌نیا نیوه‌ی کورسییه‌کانی پارێزگای که‌رکوکی به‌ده‌ستهێناوه‌، ئەمە جگە لە دەنگی لایەنە کوردیەکانی تر.

هەرێم جەعفەر ڤلادمیر پوتن دووشەممەی رابردوو وەک سەرۆکی ڕووسیا بۆ خولی چوارەم سوێندی یاسایی خواردو ئەو هۆڵەشی مەراسیمەکەی تێدا بەڕێوەچوو هەمان ئەو هۆڵە بوو کە قەیسەرە کۆنەکانی ڕووسیا تیایدا سوێندی سەرۆکایەتیان دەخوارد. ئێستا پوتن ماوەی ١٨ ساڵە وەک سەرۆک وەزیران و سەرۆک وڵات حکومی ڕووسیا دەکات.   سەرکردەیەک کە دووبارە ڕووسیای وەک هێزیکی کاریگەر درووستکردەوە  لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران بە ئامادەی شەش هەزار کەس، ڤلادمیر پوتن بەهۆی دەستپێکردنی خولێکی نوێی سەرۆکایەتی، بەڵێنی باشترکردنی ئابووری ڕووسیای دا. پوتن لە قسەکانی هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەدا کە بیەوێت لە مانگی ئاداری ئەمساڵ پەیوەندی ڕوسیا لەگەڵ ڕۆژئاوا باشتر بکات. پوتن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیادا بە ڕێژەی ٧٧٪ توانی سەربکەوێت بەسەر ڕکابەرەکانی ئەمەش وای لە پوتن کرد ببێتە یەکەم سەرۆکی ڕووسیا کە بەو ڕێژە بەرچاوە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا، پوتن بە دووبارەکەرەوەی هەژموونی قەیسەرە کۆنەکانی ڕووسیا تۆمەتبار دەکات و هەڵبژاردنەکانیش بە پڕ خەوش دەزانن. لەکاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە، پاسەوانانی کۆشک و ئاڵا هەڵگرەکان هەمان جۆری کڵاو و جلیان پۆشیبوو کە سەربازانی سەردەمی جەنگی ڕووسیا و ناپلیۆن لە ساڵی ١٨١٢ دەیانپۆشی . هەر سێ قەیسەری ڕووسیا (ئەلیکساندەری دووەم و ئەلیکساندەری سێهەم و نیکۆلاسی دووەم) بەهەمان جۆری پوتن مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکایەتیان ئەنجام دا. دوا بە دوای مەراسیمەکەش، پاتریک کیریل، سەرۆکی کریستیانیە ئۆرسەدۆکسیەکانی ڕووسیا، خەڵاتی پیاوی سەدەی ١٨ی پێبەخشیە پوتن و پیرۆزی کرد بۆ دەستپێکردنی خولی چوارەمی لە میانی خولی سێهەمیدا، پوتن زیاتر دەستێوەردانی نێودەوڵەتی کرد و لە هەردوو وڵاتی ئۆکرانیا و سووریا دەستێوەردانی سەربازی کرد. نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەدات دەزگا هه‌واڵگرییه‌کانى ئەمریکا، ڕووسیایان بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستێوەردانی کردووە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لەناوخۆی ڕووسیادا، پوتن دەسەڵاتی زیاتری داوە بە هێزەکانی دەزگای زانیاری وڵاتەکەی کە خۆی ئەندام بوو تیایدا، بەڵام ئابووری وڵاتەکەی زیاتر بەرەو خراپی دەڕوات و لە کاتی ناڕەزایی دەربڕینیش، دەسەڵات ئۆپۆزسیۆن دەستگیردەکات و کاری میدیایی سنووردار دەکات. دوو ڕۆژ پێش مەراسیمی سوێند خواردنی پوتن، بەهۆی ناڕەزای دەربڕینەوە، پۆلیس هەزار و ٦٠٠ خۆپیشاندەری دەستگیرکرد کە لەناو مۆسکۆدا پەیامیان بۆ پوتن دەنارد و هاواریان دەکرد” ئەو قەیسەری ئێمە نیە” و گاڵتەیان بە ماوەی درێژی سەرۆکایەتی پوتن دەکرد کە لەسەردەمی جۆزێف ستالینەوە وێنەی نەبوە. پوتن ڕۆژی دووشەمە کارنامەکەشی واژۆ کرد کە تیایدا بەڵێنی کەمکردنەوەی هەژاری و بەرزکردنەوەی تێکڕای ناوه‌ندی ته‌مه‌نی هاوڵاتیانى ڕووسی لە ٧٢ بۆ ٧٨ ساڵ. ڤلادمیر پوتن لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٥٢ لە شاری لینینگراد( پیتەرسبۆرگی ئێستا) لە دایک بووە. باوکی پوتن لە جەنگی جیهانی دووەم وەک دەریاوان خزمەتی سەربازی کردووە. لە ساڵی ١٩٧٥، پوتن لە لە زانکۆی لینینگراد بڕوانامەی لە بواری یاسادا بەدەستهێناوە و پاشان بووەتە ئەندام لە دەزگای هەواڵگری کەی جی بی یەکێتی سۆڤیەتی جاران لە ساڵی ١٩٨٥. پوتن پەیمانگای ئەندرۆپۆڤی تەواوکردوه‌ کە تایبەته‌ به‌ دەزگا هەواڵگریەکەی خۆی لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران کە ئێستا ناونراوە دەزگای زانیاری دەرەوەی ڕووسیاو دوای ته‌واو کردنی خوێندن، لە ساڵی ١٩٨٥ بۆ کارکردن چووەته‌ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا تاکو ساڵی ١٩٩٠، بەڵام پێش ئەوەی ئەڵمانیا بەجێبهێڵێت هاوسه‌ری خۆی دۆزیەوە. پوتن لە رێگای هاوڕێیەکیه‌وه‌ لیودمیلا شکرێبنێڤای بینی کە ئەو کات وەک ئەندامی تیمی خزمەتگوزاری ناوفڕۆکە کاری دەکرد، پوتن و لیودمیلا کاتێک لەگەڵ هاورێکانیان دەچنەسەیری شانۆ چەند ڕۆژێک لەسەر یەک، هەلیان بۆ دەڕەخسێ کە یەک بناسن و پاش ماوەیەک هاوسەرگیری دەکەن “شتێک هەبوو کە منی بەلای ڤلادمیر ڕادەکێشا. گۆڤاری فۆڕن پۆلیسی لە زاری لیودمیلا نووسیویەتی «سێ بۆ چوار مانگ دوای ئەوە، زانیم کە ئەو پیاوەیە کە من پێویستم بوو» لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٦، پوتن و لیودمیلا بوونە خاوەنی دوو کچ بە ناوەکانی ماریا و کاتێرینا لە ساڵی ١٩٩٦، پوتن و خێزانەکەی گەڕانەوە بۆ مۆسکۆ و لەوێش ژیانی سیاسی دەستی پێکرد لە ساڵی ١٩٩٧ وەک جێگری سەرۆکی ئۆفیسی جێبەجێکاری سەرۆکی ڕووسیا دەست بەکار بوو پوتن لە ساڵی ٢٠٠٠ دوای نەخۆشکەوتنی بۆریس یێڵستن بووە سەرۆک و بۆ ماوە دوو خول بوە سەرۆکی ڕووسیا. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٨ بوە سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا تا ساڵی ٢٠١٢. لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە جارێکی دیکە گەڕایەوە کورسی سەرۆکایەتی وڵات و تاکو ئێستاش بەردەوامە لە ژیانی سیاسی پوتن دەردەکەوێت، کە کشتووکاڵ گرنگی زۆری بۆ ئەو هەیە و بەردەوام گرنگی پێ دەدات. هەروەها پوتن گرنگی زۆریش بە کەسایەتی سەربازی و مامۆستا دەدات دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەمە سوێندی یاسای خوارد بۆ دەستپێکردنی خولی چوارەمی، هەندێک لە شارەزایانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە بۆ دەنگدەرانی ڕووسی، ئێستا پوتن بۆتە ئاڵا و سیمبول و پێناسەی وڵاتی ڕووسیا هەندێک شکۆی و ژیانی ڕووسیا بە ڤلادمیر پوتن دەبەستنەوە ئەمەش وای کردوە کە خەڵکی هەمیشە بەزۆرینە هەڵیبژێرن، چونکە دوای پوتن ڕەنگە ئاسایشی وڵاتەکەیان بەوجۆرەی ئێستا نەمێنێت.

بنار هیدایه‌ت به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ى پارتی دیموکراتی کوردستان له‌م چاوپێکه‌تنه‌ى رۆژنامه‌ی هاوڵاتی باس هاوپه‌یمانێتی پارتی و لایه‌نه‌ عێراقیییه‌کان و لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان ده‌کات له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و پێکهێنانی کابینه‌ى نوێی حکوومه‌تی عێراق. ‌ هاوڵاتی: بۆ پێکهێنانی کابینه‌ى نوێ، پارتی تاچه‌ند ئاماده‌یی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی هاوپه‌یمانێتی دروستبکات؟ هۆشیار سیوه‌یلی: هه‌ڵوێستی فه‌رمی پارتی ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا دیارنیه‌ له‌گه‌ڵ چ لایه‌نێک هاوپه‌یمانێتی دروستده‌کات، هاوپه‌یمانیمان به‌نده‌ به‌ به‌رنامه‌ى ئه‌و لایه‌ن و کارنامه‌ى ئه‌و لایه‌نه‌ و هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی کوردستان، پێویسته‌ پارتی دوای هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان دابنیشێت تا ئه‌وه‌ى بۆ روون بێته‌وه‌ و بزانێت هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی کوردستان چییه‌، پارتی هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌دات سه‌رجه‌م حزبه‌کان به‌نه‌وه‌ى نوێ و گۆڕان و هاوپه‌یمانییه‌وه‌ به‌ یه‌ک لیست و یه‌ک به‌رنامه‌ بچیینه‌ به‌غدا، چه‌ند جارێک جێگری سه‌رۆکی پارتی ئه‌وه‌ى راگه‌یاندووه‌ به‌ به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوو بچینه‌ به‌غدا تا شه‌ڕی کورد بکه‌ن، تا ببنه‌ هێزێکی کاریگه‌ر له‌به‌رامبه‌ر به‌دیهێنانی خواسته‌کانی میلله‌ته‌که‌مان. ‌ هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر عه‌بادی ئاماده‌یی هه‌بێت بۆ جێبه‌جێکردنی داواکانتان ئاماده‌یی هاوپه‌یمانێتیتان هه‌یه‌؟ هۆشیار سیوه‌یلی: هیچ تێبینییه‌کمان نیه‌ له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێک، هه‌ر لایه‌نێک ده‌ستوور جێبه‌جێبکات هاوپه‌یمانێتی ده‌که‌ین. ‌ هاوڵاتی: بۆ له‌ناو ئه‌م هه‌موو سه‌رکرده‌ سۆرانییه‌دا پارتی ئه‌دهه‌م بارزانی دانا وه‌ک سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌ن، ئه‌مه‌ بێ باوه‌ڕی نیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ سۆرانییه‌کانی ناو پارتی؟ هۆشیار سیوه‌یلی: به‌و شێوه‌یه‌ نیه‌ و مه‌به‌ست له‌وه‌ نیه‌، دانانی به‌رپرس که‌ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ نه‌بێت شتێکی نوێ نیه‌ له‌ناو پارتی، له‌شه‌سته‌کان و شۆڕشی ئه‌یلول به‌شێکی له‌ سه‌رکرده‌ سه‌ربازییه‌کانی سلێمانی خه‌ڵکی هه‌ولێر و سلێمانی، به‌پرسی لقی چوار که‌سێکی ده‌ره‌وه‌ى سلێمانی بووه‌، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ توانا و گونجانی ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ تا کاره‌کان رابپه‌ڕێنێت. ‌ هاوڵاتی: به‌ڵام له‌مێژووی پارتی که‌سێکی سۆرانی قه‌ت به‌رپرسی لقی یه‌کی دهۆک نه‌بووه‌؟ هۆشیار سیوه‌یلی: راسته‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ پێویستی به‌وه‌ نه‌کردبێت، ئه‌گه‌ر به‌مێژوودا بڕۆینه‌وه‌ خوالێخۆشبوو جه‌وهه‌ر نامیق به‌رپرسی سیاسیی و عه‌سکه‌ری بادینان بووه‌، له‌مێژووی پارتی روویداوه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌که‌ به‌رپرسی ئه‌و شوێنه‌ بووه‌. ‌ هاوڵاتی: چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر نێچیرڤان بارزانی باسی نه‌هێشتنی ئیرهابی فکری کرد له‌سلێمانی و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی هاوڵاتیانی سلێمانی زویرکرد، پێتان وانیه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ببێته‌ هۆی که‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگه‌کانتان له‌م ناوچه‌یه‌؟ هۆشیار سیوه‌یلی: نازانین ئه‌م زانیارییه‌ له‌کوێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت تا ده‌نگی پارتی له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ که‌مبکات، وته‌که‌ى کاک نێچیرڤان ئاڕاسته‌ى هاوڵاتیانی سلێمانی نه‌کراوه‌ به‌ڵکو ئاڕاسته‌ى هه‌ندێک لایه‌ن کراوه‌ به‌تایبه‌تی له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژارندا پارتییان خستۆته خانه‌یه‌ک که‌ خانه‌ى حه‌قیقی خۆی نیه‌، به‌شێوه‌یه‌ک دژایه‌تی پارتی ده‌که‌ن و هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان به‌کارهێناوه‌ بۆ باسکردنی سیاسه‌تی پارتی له‌ناو کوردستان، به‌شێوه‌یه‌ک خه‌ڵکیان تێگه‌یاندووه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ په‌رله‌مانی کوردستانه‌. ‌ هاوڵاتی: ئه‌و لایه‌نانه‌ کێن که‌ باسی ده‌که‌یت؟ هۆشیار سیوه‌یلی: پارتی پێش هه‌ڵبژاردن ویستی به‌یه‌ک لیست دابه‌زین تا بۆ عێراقی بسه‌لمێنین کورد یه‌کگرتووه‌، گۆڕان و هاوپه‌یمانه‌کانیان و نه‌وه‌ى نوێ، نه‌وه‌ى نوێ و گۆڕان و کۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانیی ئیرهابی فکریان بۆ سه‌ر پارتی ده‌ستپێکردووه‌. ‌ هاوڵاتی: له‌شه‌قامی سلێمانی پارتی وه‌ک میوان ته‌ماشا کراوه‌ بۆ؟ هۆشیار سیوه‌یلی: ئه‌مه‌ش به‌شێکه‌ له‌و ئیرهابه‌ فکرییه‌ دژ به‌پارتی کراوه‌، بۆ وه‌ک میوان ته‌ماشا بکرێین، پارتی پێشتر وه‌ک خاوه‌ن ماڵ بووه‌ له‌سلێمانی، قوربانی یه‌کجار زۆری داوه‌ و وجودی گه‌وره‌ی هه‌یه‌. ‌ هاوڵاتی : ده‌ڵێن ده‌نگی پارتی له‌که‌رکووک یه‌کلایی کراوه‌ته‌وه‌ بۆ سۆسیالست، تا چه‌ند راسته‌؟ هۆشیار سیوه‌یلی: هه‌ڵوێستی فه‌رمی پارتی ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ده‌نگ بۆ کاندیدی هیچ لایه‌نێکی سیاسیی ناده‌ین به‌ سۆسیالستیشه‌وه‌، چونکه‌ به‌فه‌رمی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنمان کردووه‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانمان ده‌نگ ناده‌ن.  هۆشیار سیوه‌یلی: په‌یوه‌ندییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزه‌ و له‌ئێستادا به‌هێزتره‌، سه‌ردانی سه‌رۆکی حکوومه‌ت بۆ فه‌ڕه‌نسا و چه‌ند وڵاتێکی تر دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ر به‌هێزی حکوومه‌تی هه‌رێم نیشانده‌دات، تا کونسوڵی وڵاتی چیک ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه‌ بۆ دروستکردنی کۆنسوڵخانه‌ى خۆی له‌هه‌رێمی کوردستان. ‌ هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ پارتی له‌مساڵدا کۆنگره‌ ده‌به‌ستێت؟ هۆشیار سیوه‌یلی: وه‌کو بڕیاری کۆتایی بۆ دیاریکردنی به‌ستنی کۆنگره‌ هیچ بڕیارێک نه‌دراوه‌، به‌ڵام چه‌ند رۆژێکی دیکه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق کۆتایی دێت و په‌رله‌مانی کوردستان له‌مانگی ده‌ دەچێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌، بۆیه‌ یا کۆتایی ئه‌مساڵ یا سه‌ره‌تای ساڵی ئاینده‌ پارتی کۆنگره‌ دەبه‌ستێت.

بنار هیدایه‌ت عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی پۆلیسی قه‌زاو ناحییه‌کانی که‌رکووک له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى ‌دا، زانیاری له‌سه‌ر چه‌ند پرسێکی گرنگ ئاشکرا ده‌کات، هاوکات رایده‌گه‌یه‌نێت «د.نه‌جمه‌دین که‌ریم لیستێکی نوێ و سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای که‌رکووک دروستده‌کات». ‌هاوڵاتی: له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو که‌س و کار و خزمه‌کانت سه‌رپشک کرد بۆ ده‌نگدان به‌ هه‌رلیست و قه‌واره‌یه‌ک، ئه‌مه‌ ناچێته‌ چوارچێوه‌ى نیگه‌رانییه‌کانت له‌پارتی؟ سه‌رحه‌د قادر: رۆژانه‌ زیاتر له‌سه‌د که‌س په‌یوه‌ندیم پێوه‌ده‌که‌ن و پێم ده‌ڵێن ده‌نگ بده‌ین به‌ چ لایه‌نێک، راسته‌وخۆ پێم وتون کێ ده‌توانێت مافه‌ زه‌وتکراوه‌کانتان له‌که‌رکووک بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و به‌رگریتان لێبکات دەنگی پێبدەن، ئه‌مه‌ رای تایبه‌تی خۆمه‌. ‌هاوڵاتی: ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ بابی نیگه‌رانییه‌کانت له‌سه‌رکردایه‌تی پارتی؟ سه‌رحه‌د قادر: نیگه‌رانیم له‌پارتی شتێکی جیایه‌، هه‌رکه‌س ئازاده‌ له‌بیروبۆچوونی تایبه‌ت به‌خۆی، هه‌میشه‌ بۆچوونی خۆمم وتووه‌ به‌بێ سڵه‌مین ‌کردنه‌وه‌، له‌ ماوه‌ى 15 رۆژی رابردوودا زۆربه‌ى کاندیده‌کانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان هاتوونه‌ته‌ لام و زۆر شتیان خستۆته‌ به‌رده‌مم، به‌ڵام تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێکم نه‌داوه‌ته‌وه‌. ‌هاوڵاتی: هیچ لایه‌نێک راسته‌وخۆ پێی وتویت له‌گه‌ڵیاندا کاربکه‌یت؟ سه‌رحه‌د قادر: ئه‌گه‌ر بچمه‌ ناو هه‌ر لایه‌نێکه‌وه‌ و خۆم قه‌ناعه‌ت و باوه‌ڕم پێی نه‌بێت فه‌شه‌لی تێدا ده‌هێنم، ده‌بێت له‌سه‌دا په‌نجا باوه‌ڕم پێی هه‌بێت و له‌سه‌دا په‌نجاکه‌ى تر پۆسته‌که‌ دروست بکه‌م، چونکه‌ بچمه‌ هه‌ر شوێنێک و پۆستێکم بدرێتێ و له‌گه‌ڵ قه‌ناعه‌تما نه‌بێت سه‌رکه‌وتوو نابم. هاوڵاتی: رۆژێک له‌ رۆژان ئه‌ندامێکی یه‌کێتی بوویت، خه‌ڵک ئه‌و هه‌سته‌ى لای دروستبووه‌ ئێستا له‌م حزبه‌وه‌ زۆر نزیکی، تاچه‌ند راسته‌؟ سه‌رحه‌د قادر: بابه‌ته‌که‌ یه‌کێتی نیه‌، زۆرجار ئه‌و قسه‌یه‌یان پێ وتووم، هه‌موو مه‌کته‌ب سیاسیی یه‌کێتی ده‌ناسم و جه‌نابی مام جه‌لال به‌ڕه‌حمه‌ت بێت هاتۆته‌ که‌رکووک و چوومه‌ته‌ لای و خه‌ڵاتیشی کردووم، سه‌رده‌مانێک ئه‌ندامێکی یه‌کێتی بووم، له‌یه‌کێتییه‌وه‌ نزیکم و له‌بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانیشه‌وه‌ نزیکم. ‌هاوڵاتی: ئه‌مه‌ تێکه‌ڵاوییه‌کی حزبایه‌تیی و نزیکبوونه‌وه‌یه‌؟ سه‌رحه‌د قادر: ئه‌گه‌ر وه‌ک هه‌ندێک که‌س حزبایه‌تی بکه‌م بێزم له‌خۆم دێته‌وه‌، بۆیه‌ وه‌ک ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ هه‌لپه‌رسته‌ نه‌ حزبایه‌تی ده‌که‌م و نه‌کردوومه‌ و نه‌بیریشم لێکردووەته‌وه‌ و نه‌ قه‌ناعه‌تم پێی هه‌یه‌. ‌هاوڵاتی: له‌دوای 16 ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ پارتی هیچ کاتێک سه‌ردانیکردویت و لێیان پرسیویته‌وه‌؟ سه‌رحه‌د قادر: به‌ته‌نها هه‌ر من نیم، ماوه‌ى حه‌وت مانگه‌ ئێمه‌ له‌که‌رکووک نه‌ماوین، نه‌ پرسیارییان لێکردوین و نه‌ لێیان پرسیوینه‌ته‌وه‌، کاتێک شه‌هیدم ده‌دا له‌که‌رکووک و له‌ده‌شتاییه‌کانی حه‌ویجه‌ عه‌مید سه‌رحه‌د بووم، ئێستا کاندید هه‌یه‌ بۆ ده‌نگ کۆکردنه‌وه‌ سه‌ردانی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌کات، له‌کاتێکدا خه‌ڵک کاغه‌زی سپی ده‌خوێنێته‌وه‌. هاوڵاتی: ئه‌م هه‌موو فه‌رامۆشکردنه‌ بەهۆی چییەوەیە؟ سه‌رحه‌د قادر: له‌دوای ساڵی 2003 ه‌وه‌ من له‌که‌رکووک بووم، هیچ میزانییه‌ و خه‌رجییه‌کمان له‌سه‌ر حکوومه‌تی هه‌رێم نه‌بووه‌ و به‌ڵکو له‌سه‌ر حکوومه‌تی عێراق بووه‌، ماوه‌ى 15 ساڵی رێکه‌ پارتی دوژمنایه‌تییم ده‌کات و تۆمه‌تم ده‌خاته‌ پاڵ و کێشه‌م بۆ دروست ده‌کات، به‌شه‌رتێک یه‌ک دینار سودمه‌ند نه‌بووم له‌م حکوومه‌تی هه‌رێمه‌، که‌چی خه‌ڵک وایده‌زانی به‌ لۆری چه‌کی «ئێم فۆڕ» مان بۆ دێت، له‌مه‌جلیسێکدا به‌ به‌رپرسی پێشووی لقی چوارم وت ناتوانم پێنج کیلۆ چا بکڕم وتی ئه‌مه‌ کاره‌ساته‌ وامانزانیوه‌ به‌ فه‌رده‌ دۆلارتان لایه‌، ئه‌مانه‌ و ده‌یان شتی تر که‌ رۆژانه‌ رووبه‌ڕوومان بۆته‌وه‌. ‌هاوڵاتی: به‌نیازی جارێکی تر بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ که‌رکووک؟ سه‌رحه‌د قادر: زۆر جار براده‌ران ئه‌وه‌یان پێ وتووم بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ که‌رکووک، من لێره‌وه‌ و له‌هاوڵاتییه‌وه‌ ئاشکرایده‌که‌م جارێکی تر به‌جلی پۆلیسییه‌وه‌ ناگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ که‌رکووک، ئه‌گه‌ر بمویستایه‌ بگه‌ڕامایه‌ته‌وه‌ بۆ که‌رکووک زۆر پله‌ى به‌رزتر وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس و قائید فیرقه‌یان ده‌دامێ، به‌ڵام دڵنیابه‌ سه‌رحه‌د قادر جارێکی تر به‌جلی پۆلیسی و به‌و سلکه‌وه‌ له‌ناو که‌رکووک نابینرێت. ‌هاوڵاتی: هۆکاری به‌شدارینه‌کردنت له‌که‌رنه‌ڤاڵی پارتی له‌سلێمانی و هاتنی نێچیرڤان بارزانی بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ سه‌رحه‌د قادر: ماوه‌ى حه‌وت مانگه‌ له‌ماڵه‌وه‌ دانیشتووم و هیچ به‌رپرسێکی باڵای پارتیم نه‌بینیوه‌، بۆ که‌رنه‌ڤاڵه‌که‌ش ته‌له‌فۆنیان بۆ کردم وتیان وه‌ره‌، وتم نایه‌م. هاوڵاتی: ده‌ڵێن لینکی نێوان سه‌له‌فییه‌کان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و هاوپه‌یمانان و شێخه‌ عه‌ره‌به‌کان بویت له‌گه‌ڵ بارزانیدا، چۆن ئه‌م لینکه‌ دروست بووه‌؟ سه‌رحه‌د قادر: ئه‌و کاته‌ى له‌که‌رکووک بووم، مامۆستا عه‌بدول له‌تیفی سه‌له‌فی و سه‌له‌فییه‌کان داوایانکرد بچنه‌ لاى بارزانی، من ئه‌وانم برد، هه‌روه‌ها شێخ و که‌سایه‌تییه‌ عه‌ره‌به‌کانمان بردووه‌، هێزه‌کانی هاوپه‌یمانیم بردووه‌، براده‌رانی گۆڕان له‌که‌رکووک مام رۆسته‌م و ئه‌وان داوایانکردووه‌ بیانبه‌مه‌ لای بارزانی ئه‌وانیشم بردووه‌، من به‌ بروسکه‌ به‌ مه‌کته‌بی سه‌رۆکم وتووه‌ و ئه‌وانیش وتوویانه‌ با بێن، شتێکی تر هه‌یه‌ خه‌ڵک لێی بێ ئاگایه‌، له‌کاتی دووباره‌ بوونه‌وه‌ى بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم، ئه‌وه‌نده‌ى حه‌مه‌ى حاجی مه‌حمود و عه‌بدول له‌تیفی سه‌له‌فی پشتگیرییان له‌مانه‌وه‌ى بارزانی ده‌کرد هه‌ندێک له‌ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیارنه‌بوون، ئه‌ندام مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی هه‌یه‌ له‌هه‌موو شه‌ڕی داعشدا جارێک جلی کوردی له‌به‌ر نه‌کردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ى حه‌مه‌ى حاجی مه‌حمود و عه‌بدول له‌تیفی سه‌له‌فی پشتیوانیان له‌پارتی و بارزانی کردووه‌ که‌سی دیکه‌ نه‌یکردووه‌ و مه‌وقیفییان هه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پارتی، ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌تێکه‌ و ئاشکرایه‌. ‌هاوڵاتی: زۆرێک له‌شه‌هیده‌کانتان له‌سه‌ر رێگای که‌رکووک سلێمانی وێنه‌ى دانراوه‌، پارتی له‌خانه‌واده‌کانیان ده‌پرسێته‌وه‌؟ سه‌رحه‌د قادر: شه‌هید شه‌هیدی هیچ حزب و لایه‌نێک نیه‌، به‌ڵکو شه‌هیدی کوردستانه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌هیدانه‌ ئێستا زیندوو ببنه‌وه‌ و سه‌یر بکه‌ن بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌کاریان ده‌هێنن په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌ له‌وه‌ی رۆژێک له‌رۆژان خۆیان به‌شه‌هید کردن داوه‌. ‌هاوڵاتی: ده‌نگۆی هاوپه‌یمانییه‌تیه‌ک هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ نه‌جمه‌دین که‌ریم بۆ لیستێکی سه‌ربه‌خۆ له‌ که‌رکووک، تاچه‌ند راسته‌؟ سه‌رحه‌د قادر: دکتۆر نه‌جمه‌دین له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌ى له‌گه‌ڵ کردووم، به‌ڵام تائێستا خۆم یه‌کلایی نه‌کردۆته‌وه‌ و نه‌ به‌ رازی بوون نه‌ به‌ ناڕازیی بوون، پێی وتووم تورکمان و عه‌ره‌ب و لایه‌ن و که‌سایه‌تیی دیکه‌مان له‌گه‌ڵه‌، به‌ڵام من وه‌کوو ئه‌ندامێکی ئه‌نجوومه‌ن ناچمه‌وه‌ که‌رکووک، که‌ی خۆم یه‌کلایی کرده‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ده‌ده‌م.

  چه‌ند کاندیدێک ده‌ڵێن گه‌ر بچنه‌ په‌رله‌مان پاره‌کانیان بۆ هه‌ژاران هه‌ڵده‌ڕێژن، چاودێرانیش ئه‌وه‌ به‌ «مژده‌ی به‌تاڵ» ناوده‌به‌ن هیوا غەفور به‌شێک له‌ کاندیده‌کانى ئه‌مجاره‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ده‌نگیان پێبدرێت ده‌بنه‌ خێرخواز، به‌ بڕواى چاودێرانى سیاسی بانگه‌شه‌کردن بۆ کاری خێرخوازی بۆ هه‌ڵبژاردن نادروسته‌ به‌و پێیه‌ى په‌رله‌مان پرۆسه‌یه‌کى یاسایی و سیاسییه‌و نه‌ک ده‌زگاى خێرخوازیی. ژماره‌یه‌ک کاندید بۆ په‌رله‌مانى عێراق له‌ فراکسیۆنه‌ جیاوازه‌کانى کوردستان، له‌ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى  هه‌ڵبژاردنى خۆیاندا، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌ربچن و بچنه‌ په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌، به‌شێک له‌ موچه‌و  ئه‌و پاره‌یه‌ى ده‌ستیان ده‌که‌وێت له‌ کارى په‌رله‌مانتارى دا، کارى خێرخوازى لێ ئه‌نجام ده‌ده‌ن. کاندیدێکیش له‌ دادنووس به‌ڵێننامه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پڕکردۆته‌وه‌. سه‌رهه‌نگ ئیبراهیم، کاندیدى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان، جیاواز  له‌و کاندیدانه‌ى تر که‌ ته‌نها به‌ زاره‌کى به‌ڵێن ده‌ده‌ن، له‌ دادنووس به‌ڵێننامه‌یه‌ک پڕ ده‌کاته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر ببێته‌ په‌رله‌مانتار، له‌ %75 ى مووچه‌که‌ى ده‌به‌خشێت. کاندیده‌که‌ى یه‌کێتى، له‌ به‌ڵینامه‌ که‌ى دا که‌ له‌ دادنووسى هه‌ولێر ده‌رچووه‌ ده‌ڵێت «به‌ڵین ده‌ده‌م ئه‌گه‌ر ده‌چووم و بووم به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانى عێراق، له‌ %75 ى مووچه‌که‌م ده‌به‌خشم به‌ خوێندکاران و شه‌هیدان و هه‌ژاران» ئه‌گه‌رچی بانگه‌شه‌ى کاری خێرخوازی پێشتر ته‌نها ئیسلامیه‌کان پێی هه‌ستاون، به‌ڵام له‌م بانگه‌شه‌یه‌دا زۆربه‌ى کاندیدی حزبه‌کانى گرتۆته‌وه‌، هه‌ریه‌که‌و به‌شێوازێک باسی دابه‌شکردنى پاره‌که‌ى ده‌کات. موئمین زه‌ڵمى، کاندیدى هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى، که‌ پێشتر کادری کۆمه‌ڵى ئیسلامی بووه‌، به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند «ئه‌گه‌ر ببم به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانى عێراق نیوه‌ى موچه‌که‌م ده‌به‌خشم به‌ هه‌ژاران و که‌م ئه‌ندامان و  وه‌رزشکاران و گه‌نجان و خوێندکارانى وڵاته‌که‌م، ئه‌م کاره‌شم له‌ رێگه‌ى لیژنه‌یه‌کى یاسایی و دارایی و شه‌رعى یه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌که‌م»  وتیشى «ئه‌م کاره‌م له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، که‌ خۆشم زۆر ئازارم به‌هۆى نه‌بوونى و که‌مده‌رامه‌تییه‌وه‌ چه‌شتووه‌و له‌ ئازارى ئه‌وانه‌ تێده‌گه‌م» تائێستا سێ کاندیدى پارتى دیموکراتى کوردستان و کاندیدێکى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان و دوو کاندیدی یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستانیش، به‌ ئاشکرا ئه‌وه‌یان راگه‌یاندووه‌. هێشوو رێبوار، کاندیدى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ سلێمانى، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌و بار و گوزه‌رانى باشه‌ له‌ رووى داراییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بچێته‌ به‌غدا، ئه‌و پاره‌یه‌ى وه‌ک و ئه‌ندام په‌رله‌مانى وه‌ریده‌گرێت، رێژه‌یه‌کى زۆرى وه‌کو کارى خێرخوازى و خزمه‌تکردن به‌کارده‌هێنێته‌وه‌. هێشوو به‌ هاوڵاتى وت «ئەو چین و توێژانەى که موعاناتیان هەیه و دەزانین  هەژارن هاوکارییان دەکەم، هاوکارى ئەو رێکخراوانەش دەکەم که لەبوارى مافى مرۆڤدا کار دەکەن، ئەو قوتابیانەى که دەخوێنن و دەرامەتیان باش نییه، هاوکارییان دەکەم و دەستیان دەگرم»   هەر پەرلەمانتارێکی عێراقی مانگانە بڕی  6 ملیۆن دینار مووچەی بنەڕەتی ‌وەردەگرێت، لەگەڵ 5 ملیۆن دینار دەرماڵە، هاوکات نزیکەی ملیۆنێک ‌و 100 هەزار دینار دەرماڵەی میوانداریش ‌وەردەگرێت، لەگەڵ پارەی مانگانه‌ى 30 پاسەوان کە هەریەک 750 هەزار دیناری هەیە و دەکاتە 22 ملیۆن ‌و 500 هەزار دینار. ئەم پارەیەی پاسەوان ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر حیسابی بانکی پەرلەمانتارەکە، ئیتر پەرلەمانتارەکە ئازادە پاسەوانی دەوێت یان نا، بەمەش پارەکە دەکاتە نزیکه‌ى 34 ملیۆن دینار. هه‌ندێک له‌ حزبه‌کانى تر رێژه‌یه‌کى مووچه‌کانیان ده‌ده‌نه‌ حزبه‌کانیان وه‌کو هاوکاری دارایی، له‌وانه‌، گۆڕان، کۆمه‌ڵ یه‌کگرتوو. جگه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق، مووچه‌ى په‌رله‌مانتارانى هه‌رێمى کوردستانیش به‌رزه‌ به‌روارد به‌ فه‌رمانبه‌ری ئاسایی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌ کۆتایی خولی په‌رله‌ماندا، هه‌ر په‌رله‌مانتارێکى هه‌رێمى کوردستان بڕی 48 ملیۆنى پێده‌درێت. له‌ خولی پێشوودا ته‌نها دوو په‌رله‌مانتار ئه‌و پاره‌یه‌یان به‌خشی، له‌ فراکسیۆنى گۆڕان و یه‌کگرتوو بوون. به‌ڵێنى کارخێرخوازى و دابه‌شکردنى مووچه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیان و که‌م ده‌رامه‌تاندا له‌نێو په‌رله‌مانتارانى پێشووى کوردستانیشدا پێشتر به‌دیکراون، به‌شێکیان به‌ڵێنه‌کانیان برده‌سه‌ر و به‌شێکیشیان ئه‌و به‌ڵێنه‌ى دابویان، جێبه‌جێیان نه‌کردووه‌. له‌ خولى سێیه‌مى په‌رله‌مانى کوردستاندا، له‌گه‌ڵ له‌کۆتایی هاتنى ئه‌و خوله‌دا، هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێک بڕى 48 ملیۆن دینارى وه‌کو پاداشت وه‌رگرت، له‌نێو 111 ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌که‌ى کوردستاندا ته‌نها دوو په‌رله‌مانتار ئاماده‌نه‌بوون ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ خۆیان هه‌ڵگرن و له‌کارى خێرخوازى دا به‌خشییان. ناسک تۆفیق و عه‌بدوڵاى مه‌لانوورى، دوو په‌رله‌مانتارى خولى پێشووى په‌رله‌مانى کوردستان بوون، که‌ ئاماده‌ نه‌بوون ئه‌و 48 ملیۆن دیناره‌ى په‌رله‌مان بۆ خۆیان خه‌رج بکه‌ن، عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى سه‌رجه‌م پاره‌که‌ى به‌خشى به‌ نه‌خۆشخانه‌ى هیوا له‌ سلێمانى، ناسک تۆفیقیش په‌رله‌مانتارى پێشووى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستانیش ئه‌و پاره‌یه‌ى به‌سه‌ر هه‌ژاران و  که‌سانى که‌م ده‌رامه‌تدا دابه‌شکرد. ناسک تۆفیق که‌ ئیستاش کاندیده‌ بۆ په‌رله‌مانى عێراق به‌ هاوڵاتى  وت «من بەهیچ جۆرێ لەکاتی هەڵمەتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بەڵێن نادەم بەڵام دواتر هەرچیم پێبکرێ دەیکەم» وتیشى «له‌ خولى سێیه‌مى په‌رله‌مانى کوردستاندا، کە ٤٨ملیۆن دینارى موکافەئەی خانەنشینی پەرلەمانم وەرگرت، من به‌به‌رچاوى کامێراوه‌ هه‌موویم  بەسەر که‌سانى هەژارو نەخۆشی دوو ناوچەی کارەساتباری کوردستانى وه‌ک هەڵەبجەو گەرمیان دا دابەش کرد». له‌ نێو کاندیده‌کانى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستانیشدا هه‌ریه‌که‌ له‌ حسێن گرده‌چاڵى و حاجى کاروان، رایانگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ربچن بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانى به‌شێک له‌ مووچه‌کانیانى خۆیان ده‌به‌خشن. حاجى کاروان له‌ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى خۆى دا ئه‌وه‌ى راگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ربچێت مووچه‌ى 100 خێزان دا‌بین ده‌کات، حسێن گرده‌ چاڵیش ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ده‌ربچم له‌%75 مووچه‌که‌م ده‌به‌خشم. به‌ بڕواى چاودێرێکى سیاسیى، ئه‌و مژدانه‌ مژده‌یه‌کى به‌تاڵن و هیچ قورساییه‌کى نیه‌ و په‌رله‌مانى عێراق جێگه‌ى یاساو به‌ده‌ستهێنانى مافى نه‌ته‌وه‌یه‌که‌ نه‌ک جێگه‌ى کارى خێرخوازیى. عه‌زیز ره‌وف، چاودێرى سیاسی به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند «خراپترین مژده‌ ئه‌و مژدانه‌ن که‌ پێش هه‌ڵبژاردن ده‌درێن، ئه‌و مژدانه‌ مژده‌یه‌کى به‌تاڵن به‌ بڕواى من هیچ قورساییه‌کى نیه‌.  فۆڕمى یارمه‌تى دان و خزمه‌تکردنى هه‌ژاران بانگه‌شه‌ نیه‌، خۆ ئه‌مه‌ رێکخراوى خێرخوازى نیه‌، ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌کى یاساییه‌«. ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ هۆکارى ئه‌وه‌ى که‌ ئه‌و کاندیدانه‌ ئه‌و مژدانه‌ ئه‌ده‌ن، بۆ دوو هۆکار ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و وتى «بۆ ئه‌وه‌یه‌ بڵێ من له‌و ماف و ئیمتیازه‌ زۆره‌ که‌ له‌ به‌غدا هه‌یه‌ ده‌بورم، یان ده‌یه‌وێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌نگ کۆبکاته‌وه‌« وتیشی «ئه‌گه‌ر ئه‌م کاندیدانه‌ ئه‌گر راست ده‌که‌ن بابچن له‌ دادنووس به‌ڵێننامه‌یه‌ پڕبکه‌نه‌وه‌و بڵێن ئه‌وه‌ من ئاماده‌م نیوه‌ى موچه‌که‌م ببه‌خشم به‌نه‌خۆشخانه‌ى هیوا، ئه‌وه‌ شتێکى قانونى و یاساییه‌ له‌وه‌ بترازێت، من بڕوام به‌هیچ شتێکى تر نیه‌«

نه‌جات ئه‌حمه‌د ئه‌و کاندیدە ژنانه‌ى که‌ له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کاندا روبه‌ڕووی ناوزڕاندن بوونه‌ته‌وه‌، هیچ سکاڵایه‌کیان تۆمارنه‌کردوه‌، به‌ڵام داواکاری گشتى و ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان  سکاڵا تۆمارده‌که‌ن، له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌رانیان. له‌سه‌ره‌تاى ده‌سپێکردنى بانگه‌شەى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، شه‌ڕێکى لابه‌لای نێوان لایه‌نه‌گرانى حزبه‌کان له‌سه‌ر جه‌سته‌ى ژنه‌ کاندیدو په‌رله‌مانتاره‌کان ده‌ستى پێکردوه‌، ئه‌مه‌ش وه‌کو به‌شێک له‌ ململانێی نێوان لایه‌نه‌کان سه‌یرده‌کرێت بۆ شکاندنى یه‌کتر. سه‌رۆکایه‌تى داواکارى گشتى ده‌ڵێت به‌پێى یاسا سزاى ئه‌و که‌سانه‌ ده‌ده‌ن که‌ سوکایه‌تى به‌ کاندیده‌ ژنه‌کان ده‌که‌ن و هه‌ر که‌سێک پێشێلکارییان به‌رامبه‌ر بکات رووبه‌ڕووى دادگای ده‌که‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمانیش سکاڵایان تۆمارکردوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وکاسانه‌ که‌ له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان سوکایه‌تى به‌ کاندیده‌ ژنه‌کان ده‌که‌ن. به‌پێى نووسراوێکى سه‌رۆکایه‌تى داواکارى گشتى، ده‌سته‌ى مافى گشتى به‌ ژماره‌ (263) له‌ رێکه‌وتى 30/4/2018 ده‌رچووه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات» لێره‌و له‌وێ له‌ هه‌ندێک وێبسایت و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌کان و په‌یجه‌کانى تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وێنه‌ی نه‌شیاوى کاندیده‌کان و گرته‌ى ڤیدیۆیی ناڕاستى کاندیده‌کان که‌ به‌شێوه‌ى نه‌شیاو دروستکراوه‌وه‌ بڵاده‌که‌نه‌وه‌ که‌ هه‌مووى بۆ لێدانى ئافره‌تانى کورده‌«. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق که‌ بڕیاره‌ رۆژى 12ى ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌بچێت 146 کاندیدى ژن کێبڕکێى 46 کورسیى له‌ سێ پارێزگاکه‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن، ئه‌مساڵ جیاواز له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى تر، زۆرترین قسه‌و باس و گرته‌ى ڤیدیۆیی له‌ تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فیسبوک و تویته‌ر و یوتیوب له‌سه‌ر کاندیده‌ ژنه‌کان بڵاوده‌کرێته‌وه‌. دڵخواز عه‌بدوڵڵا ، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان به‌ ‌ راگه‌یاند «به‌ دوو رۆژ پێش ده‌ستپێکردنى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژدنه‌کان داوامان له‌ داواکارى گشتى کرد که‌ له‌گه‌ڵمان له‌سه‌ر خه‌ت بێت، بۆ ئه‌وه‌ى رێگرى بکه‌ین له‌هه‌ر جۆره‌ ناوزڕاندنێک که‌ ده‌رهه‌ق به‌ کاندیده‌ ژنه‌کان ده‌کرێت». ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان که‌ سه‌رۆکى به‌شى یاساشه‌ له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ «له‌سه‌ر به‌کارهێنانى فۆتۆشۆپ بۆ مه‌به‌ستى ناوزڕاندنى کاندیده‌ ژنه‌کان له‌ رێگه‌ى تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و شکاندنى شکۆى میله‌تێک، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ داواکاریى گشتى کۆبووینه‌ته‌وه‌ تا به‌یاننامه‌یه‌ک ده‌ربکه‌ین به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ ده‌یانه‌وێت سووکایه‌تى به‌ ژنان بکه‌ن و داواى یاساییش دژى ئه‌و که‌سانه‌ تۆمارکراوه‌ که‌ به‌مکاره‌ هه‌ستاون». دڵخواز گله‌یی له‌و کاندیده‌ ژنانه‌ هه‌بوو که‌ سوکایه‌تییان پێکراوه‌ به‌ڵام بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه‌و سکاڵاى یاساییان تۆمار نه‌کردووه‌، ئه‌و وتى «به‌داخه‌وه‌ تائێستا که‌سیان نه‌هاتوون سکاڵا تۆماربکه‌ن، راسته‌ ئه‌وان له‌ ئێستادا سه‌رقاڵى بانگه‌شه‌ن بۆ خۆیان، به‌ڵام ئه‌وانیش پێویسته‌ بێ ده‌نگ نه‌بن و سکاڵا تۆماربکه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ک ئه‌نجومه‌ن به‌ ئه‌رک و وه‌زیفه‌ى خۆمان هه‌ڵستاوین و سکاڵامان تۆمارکردووه‌«. ده‌سته‌ى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆیى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق له‌ هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ روو که‌ ئه‌وانیش له‌ رێگه‌ى لیژنه‌یه‌کیانه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ هه‌موو ئه‌و پێشێلکارییانه‌ ده‌که‌ن که‌ لاى ئه‌وان تۆمار ده‌کرێت. مازن عه‌بدوڵقادر، سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆیى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق له‌ هه‌رێمى کوردستان به ‌ وت «وه‌کو کۆمسیۆن به‌پێى یاسا رێنمایمان هه‌یه‌ و بڵاومانکردووه‌ته‌وه‌ و کاتێ که‌ سکاڵایه‌ک تۆمارده‌کرێت به‌دواداچوونى بۆ ده‌که‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش خۆشمان لیژنه‌مان هه‌یه‌ بۆ تۆمارکردنى سه‌رپێچییه‌کان و دواتر ئیجرائاتى یاساییان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین و بڕیارى سزادانیان بۆ ده‌رده‌چێت». وتیشى «به‌پێى یاساى عێراقى ئیجرائاتیان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت و دادگاکان و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى به‌رپرسن و پێویسته‌ به‌پێى یاسا ئه‌و که‌سانه‌ رووبه‌ڕووى دادگاکان بکرێنه‌وه‌، کاتێ ته‌شهیر و به‌ کاندیده‌کان ده‌کرێت». له‌ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقى ئه‌م جاره‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى کاندیده‌ ژنه‌کان دووچارى سوکایه‌تى و ناوزڕاندن ده‌بنه‌وه‌، دووچارى لێکردنه‌وه‌ى پۆسته‌رات و لێکردنه‌وه‌ى لافیته‌کانیشیان ده‌بنه‌وه‌. محه‌مه‌د گۆمه‌شینى، وته‌بێژى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌باره‌ى پێشلکارییه‌کانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژارنه‌کان به‌ ‌ راگه‌یاند «هه‌ستمان کردووه‌ له‌سه‌ره‌تاى هه‌ڵبژارنه‌کانه‌وه‌ى ژنه‌کان زیاتر رووبه‌ڕووى لێکردنه‌وه‌ و دڕاندنى پۆسته‌ره‌کانیان ده‌بنه‌وه‌، پێده‌چێت  به‌رنامه‌یه‌ک هه‌بێت بۆ کاندیده‌ ژنه‌کان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌وان به‌ کۆتا ده‌رده‌چن (که‌ ده‌نگى که‌میان پێویسته‌) ره‌نگه‌ خه‌ڵکانیک ترسیان هه‌بێت له‌ ده‌رچوونیان بۆیه‌ رێگه‌ى نابه‌جێ ده‌گرنه‌ به‌ر». وته‌بێژى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ وتیشى «له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشوودا په‌نا بۆ زۆر شت براوه‌، به‌ڵام زۆر که‌م په‌نا بۆ بابه‌تى که‌سیه‌تى و خێزانى براوه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ئه‌وشمان بینى، که‌ ئه‌مه‌ش کاریگه‌رى نه‌رێنى له‌سه‌ر پرۆسه‌ ده‌کات». سه‌باره‌ت به‌وه‌ى تا ئێستا ئه‌و کاندیده‌ ژنانه‌ سکاڵایان تۆمار نه‌کردووه‌، محه‌مه‌د گۆمه‌شینى وتی «راسته‌  تائێستا که‌س سکاڵاى تۆمار نه‌کردووه‌، به‌ڵام وه‌کو ده‌سته‌که‌ ئێمه‌ له‌ نزیکه‌وه‌ چاودێرى پێشلکارییه‌کان ده‌که‌ین، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى بابه‌تى مافى مرۆڤن و په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌بێت».

هەرێم جەعفەر شکستهێنان بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق لە ساڵی رابردوودا ڕێگاخۆشکەربوو تاکو نزیکەی ٦٠ گروپی جیاوازی شیعی یەکبگرن و حەشدی شەعبی بە یارمەتی ئێران درووستبکەن. ئێستا حشد لە ژێر ناوی هاوپەیمانی فەتح وەک قەوارەیەکی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات. دامەزراوەی جەیمس داونی ئەمریکی بۆ بەدواداچوون و شیکردنەوە لە ڕاپۆرتێکیدا نووسیویەتی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو لە سوودی شیعەکان دەبێت ئەمەش بەهۆی ئەوەی سوونەکان بەهۆی جەنگی داعش لاواز و پەرتەوازە بوون و کوردەکانیش بەهۆی شکستی گشتپرسی سەربەخۆیی، حاڵیان خراپە. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا، فەتح کە خۆی وەک پارێزەری شیعەکان دەناسێنێت، بێ بەش نیە لە ڕکابەری تووند لەناو خودی شیعەکان. لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦، حەشدی شەعبی سەرەڕای ناڕەزایی سوونەکان، بوە بەشێکی یاسایی سوپای عێراق و بەمەش پارەیەکی زۆرتریان کەوتە ژێر دەست، بەڵام ڕێگرییان لێدەکرا کە بەشداری سیاسییان هەبێت، بەڵام ئێستا ئەو هێزە شیعیە- ئێرانیە دەیەوێت لە ڕێگای کاندیدی پەڕلەمان زیاتر بچنە کایەی سیاسی عێراقیشەوە. بۆ نموونە هادی عامری دوای گەڕانەوە لەئێران بەهۆی دوورخستنەوەی لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە بووە کەسێکی دیاری سیاسی عێراق و ئێستا خۆی ئامادە کردووە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کاتێکدا ڕێکخراوەکەی ئەو، ڕێکخراوی بەدر، لەناو لیستی ئەل-فەتح و لە حشدا بەهێزترینە. یەکێکی دیکە لە سەرکردەکانی حشد، کە خاوەنی گروپی عسائب ئەهل هەقە، قەیس ئەل خەزعەلیە، ناوبراو هاوڕێ لەگەڵ مەهدی موهەندیس (جەمال جعفر ئەل ئیبراهیمی)، سەرۆکی کەتیبەی حیزبوڵا، بەشێکن لە لیستی هاوپەیمانی ئەل فەتح جیاواز لە عامری، ئەم دوو کەسیاتیە خۆیان کاندید نەکردوە بەڵام ئامانجی جیاوازیان هەیە. خەزعەلی دەیەوێت ببێتە ئیمامێکی شیعی کە دژی ئەمریکا لەناو عێراقدا کار بکات و ئەبو موهەندیسیش چاوی لە پۆستی سیاسییە، هەرسێ لەمانیش پەیوەندی بەهێزیان هەیە لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی باڵای سوپای قودسی ئێران، کە بە کاریگەرترین کەسایەتی ئێرانی دەزاندرێت لە ناو سیاسەتی عێراقدا، لە ئێستادا هەموو پارتە شیعیەکانی عێراق دۆستایەتی باشیان لەگەڵ ئێراندا هەیە. لە مانگی یەکدا، فەتح و عەبادی هاوپەیمانیەتێکیان دروستکرد، بەڵام زۆری نەخایاند هەڵوەشایەوە. پێدەچوو ئێران نەیوستبێت کە عەبادی ئەو هەموو کاریگەرییەی هەبووبێت. بەڵام ئەمە سوودی هەبوو بۆ عەبادی، چونکە ئێستا وەکو هێزێکی مۆدێرن خۆی نیشاندەدات کە ئەمریکییەکان ئارەزووی دەکەن. دامەزراوەی جەیمس داونی ئەمریکی ئەوەشی نووسیوە کە نوری مالیکی سەرەڕای ئەوەی بە کەسێکی تائیفی و هاوڕێی نزیکی ئێران ناسراوە، بەڵام لە لایەن ئێرانەوە زۆر گرنگی پێنادرێت و گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات سەخت بووە. ئەمەش وایکردووە کە مالیکی ئێستا هاوپەیمانی ئەمریکییەکان بێت، بەڵام فەتحیش زۆر چاوی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نییە، چونکە دەزانێت ئەگەر عەبادی بەشێوەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بێت ئەوا ئەوان پشتگیری ئێرانیان هەیە تاکو هەژموونیان بپارێزن.  لیستێکی دیکەی شیعەکان کە زۆر دژی ئەمریکایە، لیستی (سائرون للاسلاح)ە بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر. موقتەدا سەدر فەتح بەوە تۆمەتبار دەکات کە حەشدی شەعبی بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنێت ئەمەش لەکاتێکدایە کە میلیشیاکۆنەکانی سەدر بە ناوی سوپای مەهدی ئێستا بەشێکن لە حەشدی شەعبی لەگەڵ ئەوەی سەدر کەسێکی نەریتپارێزە بەڵام بۆ هەمەچەشنکردنی دەنگەکانی لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی عێراق هاوپەیمانی پێکهێناوە و لەسەر بنەمای دوژمنی هاوبەش، یارمەتی عەبادی دەدات دژی مالیکی. هەرچی ڕەوتی حیکمەیە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، پێ ناچێت دەنگی بەرچاو بهێنێت، بەڵام کاریگەری خۆی دەبێت کاتێک هاوپەیمانیەکانی دوای هەڵبژاردن ئاسان یەکلا نابنەوە. دامەزراوەی لۆب لۆگی ئەمریکی کە تایبەتە بە شیکاری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕاپۆرتێکیدا بە لاوازیی باس لە سوونەکان دەکات لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا، بەهۆی جەنگی داعشەوە. گەورەترین گروپی سیاسی سوونەکان، پارتی ئیسلامی عێراق، لە ساڵی ٢٠١٣ خۆپیشاندانی گەورەی سوونەکانی بەڕێوەدەبرد، بەڵام بە هاتنی دەوڵەتی ئیسلامی کاریگەری جارانیان لەدەستدا ئێستا ئەو پارتە سیاسیە سوونەیە لەگەڵ حەیدەر عەبادی هاوپەیمانی کردوە و ئەمەش وای لە عەبادی کردوە کە لە شارە سوونیەکانیش هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوە بەرێت و لە میانی سەردانیکردنی بۆ شاری ئەنبار لە درێژەی کەمپینی هەڵبژاردنیدا ڕایگەیاند «خەڵک دەبێت خۆیان بە بەشێک لەم وڵاتە بزانن و دەبێت ئێمە خزمەتیان پێشکەش بکەین”. سعودیە لای خۆیەوە ئەم هەنگاوەی عەبادی پێخۆشە و دەیەوێت لە ڕێگای عەبادیەوە پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابووری و کەلتووری لەگەڵ عێراق باشبکات کە ماوەی دەیان ساڵە ئەو پەیوەندییانە پچڕاون. ئێستا گەوەرترین لیستی سوونەکان بە ناوی (هاوپەیمانی نیشتیمانی) لە لایەن جێگری پێشووی سەرۆک کۆمار، ئەیاد علاوی و سەرۆکی پەڕلەمان، سەلیم جبووری، ەوە سەرکردایەتی دەکرێت. بەڵام هیچکام لەم دوو سەرکردەیە کاریگەری سیاسی زۆریان نیە بۆ کوردەکان، ئەم هەڵبژاردنە جیاوازی زۆری هەیە. لەلایەکی ترەوە هەندێک ناوەند باس لەوە دەکەن کە کەوتنی کەرکوک و دەرهێنانی لەژێر دەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاریگەری لەسەر ژمارەی دەنگەکانی کورد دەبێت کە لە دوای روخانی سەدامەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ یەکیک بووە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی حکومەتی عێراق. ئاژانسی فڕانس پرێس لە بەدواداچوونێکیدا ئاماژە بەوە دەدات کە کورد ١٠ کورسی یان زیاتر لەدەست دەدەن کورد لە ساڵی ٢٠٠٥ لە کۆی ٢٧٥ کورسی، ٧٧ کورسییان بەدەستهێنا بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ سەڕەڕای زیادکردنی کورسییەکانی پەڕلەمان بۆ ٣٢٨ کورسی، کورد تەنها ٦٢ کورسییان بەدەستهێنا ئەمەش لە کاتێکدایە بۆیەکەمجار لیستە عەرەبییەکان هەوڵی ئەوە دەدەن دەنگی کوردی ببەن لە ناو شارە کوردییەکاندا. جیا لەمانەش، خراپی باری ئابووری کوردستان و خەڵکی ناڕازی کورد، ئەگەر دروستدەکات کە بەشداری دەنگدان نەکەن و متمانەیان بە گشت پارتە کوردییەکان لاواز بووە. ماڵپەڕی هەواڵی سیتیزن سەبارەت بە براوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسیویەتی کە ئێران بە دوای جومگەی سەرەکی و سەرۆک وەزیرانی نزیک لە خۆی دەگەڕێت، بۆ ئەمەش سەڕەڕای حەشدی شەعبی، چەند سەرکردەیەکی شیعی هاوکارن لەگەڵی ئەو وڵاتە ئیسلامیە ئێستا لەژێر ناوی جیاوازەوە پاڵپشتی هێزگەلێک دەکات بە ناوی ڕێکخراوی بەدرو کەتیبەکانی حزبوڵا و شەهیدانی کەتیبەی سەعید و جوندولئیمام و چەند گروپێکی دیکە کە ئەمجارە بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن. هەرچی سعودیە و ئەمریکاش هەیە پشتیوانی عەبادی دەکەن و وەزیری بەرگری ئەمریکاش، جیم ماتیس، ئێران بەوە تۆمەت دەکات کە دەیەوێت هەڵبژاردنەکان بۆخۆی بەکاربهێنێت و بۆ ئەوەش “ بەڵگەی نیگەرانکەریان” هەیە. سیتیزن ئاماژە بەوە دەکات کە بە هەموو پێوەرەکان، خاکی عێراق دوای هەڵبژاردنەکان هەر جێگای ململانێ دەبێت بۆ ئەمریکا و سعودیە و ئێران لە کاتێکدا ئەو وڵاتە هاوڵاتیانی داوای چاکسازی و باشترکردنی بژێویان دەکەن.

بنار هیدایه‌ت قوباد تاڵه‌بانی تاکه‌ که‌سی ناو یه‌کێتى بوو، له‌سه‌رجه‌م ده‌ڤه‌ره‌کانى هه‌رێمى کوردستان بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى بۆ حزبه‌که‌ى کرد، ئه‌مه‌ش ئه‌وى وه‌کو مایسترۆیه‌کى نوێی حزبه‌که‌ى نیشانده‌دات دواى کۆچی دوایی جه‌لال تاڵه‌بانى، سکرتێری پێشووی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان. له‌کاتێکدا یه‌کێتى له‌م ساڵانه‌ى دواییدا دووچاری کێشه‌ى ناوخۆیی بووه‌، به‌ڵام قوباد تاڵه‌بانى له‌ بانگه‌شه‌کانیدا ده‌ڵێت که‌ دڵخۆشه‌ به‌وه‌ى بانگه‌شه‌کانى «یه‌کێتى یه‌کخستووه‌«. به‌ر له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان، سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی له‌سه‌ر کادیرانی حزبه‌که‌ى له‌ناو حکوومه‌ت دوور له‌چاوی راگه‌یاندنه‌کان ئه‌نجامدا که‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ چۆنێتى بانگه‌شه‌کردن بۆ لیستى یه‌کێتى. سامان گه‌رمیانی له‌سه‌ر ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ بە هاوڵاتی راگه‌یاند «ئه‌جێندای ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن کادیرانی یه‌کێتی له‌حزب و حکومه‌ت به‌یه‌که‌وه‌ کاربکه‌ن، له‌و نێوه‌نده‌دا هه‌ر یه‌ک له‌ قوباد تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى ئاماده‌ییان هه‌بوو». سامان گه‌رمیانی زیاتر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات «قوباد تاڵه‌بانی له‌م بانگه‌شه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردن باڵانسی له‌ناو یه‌کێتی زیاتر به‌رزتر بۆته‌وه‌، چونکه‌ له‌م بانگه‌شه‌یه‌دا به‌رۆحێکی مام جه‌لالیانه‌ کاریکرد». جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌رکردایه‌تی حزبه‌که‌ى نیگه‌رانن، به‌ڵام وه‌ک گه‌رمیانی ده‌ڵێت «یه‌کێتی نه‌مێنێت دیموکراسی نامێنێت، جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی ده‌زانن یه‌کێتی حزبێکه‌ کادیرانی له‌هیچ کاتێکدا فه‌رامۆش ناکات، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر قوبادی مام جه‌لال وه‌ک ئێستا هه‌میشه‌ له‌ناو جه‌ماوه‌ری یه‌کێتیدا بێت، چونکه‌ دواجار ئه‌و کوڕی جه‌لال تاڵه‌بانییه‌«. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى که‌ قوباد تاڵه‌بانى به‌ گوڕه‌وه‌ بانگه‌شه‌ى بۆ یه‌کێتى کردوه‌ هه‌ر له‌ بادینانه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو زاخۆ، به‌ڵام له‌ وتاره‌کانیدا زمانى زبری به‌رامبه‌ر به‌ نه‌یاره‌کانى به‌کارنه‌هێناوه‌، جگه‌ له‌وه‌ى چه‌ند جارێک وتویه‌تى نه‌یارانى یه‌کێتى تۆقیون. رۆژى 5ی ئایار، قوباد تاڵەبانی لە میانی بەشداریکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەکەی لە کەلار وتی «لە بادینانەوە، لە ھەولێرو باڵەکایەتی و سلێمانی و گەرمیانەوە یەکێتییەکان چاوی نەیارەکانی کوێرکردووە، ئەوان لێیان تێکچووە و لێمان دەترسن». له‌ناو یه‌کێتییه‌کاندا وا ده‌خوێنرێته‌وه‌ که‌ قوباد تاڵه‌بانى وتاره‌کانى به‌ حه‌ماسەتە‌وه‌ ئاڕاسته‌ى جه‌ماوه‌ری حزبه‌که‌ى کردووه‌، به‌بێ شکاندنى به‌رامبه‌ره‌کان، ئه‌وان ده‌ڵێن که‌ ئه‌وه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌کانى مام جه‌لاله‌. بێگه‌رد تاڵه‌بانی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ ‌ وتى «وتاره‌کانی قوباد تاڵه‌بانی له‌م بانگه‌شه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردن وتارێکی مام جه‌لالییانه‌ بوو، چونکه‌ توانی جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی له‌خۆی کۆبکاته‌وه‌ و دڵی هیچ لایه‌نێکیش نه‌یه‌شێنێت، جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی ئه‌م قوباده‌یان ده‌وێت وه‌کو مام جه‌لال هه‌ڵسوکه‌وت بکات». تاڵه‌بانی ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد «قوباد تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى نه‌ ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی و مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتییه‌، ته‌نها کادیرێکه‌ ئه‌رکێکی قورسی خسته‌ سه‌ر شانی خۆی، به‌وه‌ى هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان به‌سه‌ر بکاته‌وه‌ و جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی رابکێشێته‌وه‌ به‌لای یه‌کێتیه‌ راسته‌قینه‌که‌دا، به‌ڕاستی من سه‌رسام بووم به‌و وتارانه‌ى قوباد تاڵه‌بانی بۆ جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی ده‌دا». بێگه‌رد تاڵه‌بانی هه‌روه‌ها وتى «ئه‌ستێره‌ى به‌ختی قوبادی مام جه‌لال له‌ناو جه‌ماوه‌ر و سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی به‌رز و به‌رزتر بۆته‌وه‌، له‌کاتێکدا وه‌کو مام جه‌لال و به‌تۆنی جه‌نابی مام قسه‌ى ده‌کرد». به‌پێی رووماڵی راگه‌یاندنه‌کانی یه‌کێتی له‌کاتی سه‌ردانکردنی کوڕی بچووکی تاڵه‌بانی، جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی به‌مامی بچووک و تاڵه‌بانی بچووک بانگیان ده‌کرد، هه‌تاوه‌کوو سه‌رۆکی لیستی یه‌کێتی له‌هه‌ڵه‌بجه‌ راسته‌وخۆ به‌قوباد تاڵه‌بانی وت «پیرۆزت بێت نازناوی مام و تاڵه‌بانی بچووک، چونکه‌ ئه‌و ناوه‌ شایسته‌ته‌«. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یه‌کێتى گروپێکى تر جێیان هێشتووه‌، به‌ڵام به‌ رای ئه‌ندامێکی دیکه‌ى سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی، بانگه‌شه‌ی ئه‌مجاره‌ى به‌ر پرسانی یه‌کێتی کێرڤ و باڵانسی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانی زیاتر به‌رزکردۆته‌وه‌. له‌تیف شێخ عومه‌ر ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی بۆ ‌ وتى «له‌چوارچێوه‌ گشتییه‌که‌ هه‌موو ئه‌ندام لایه‌نگرێکی یه‌کێتی ئه‌رکی سه‌رخستنی یه‌کێتییه‌، ئه‌وه‌ى قوباد تاڵه‌بانی کردوویه‌تی به‌جه‌ربه‌زه‌ و شاره‌زایی و لێهاتووییه‌وه‌ کردوویه‌تی، له‌پاڵیشیدا تیمێکی به‌هێزی یه‌کێتی ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ى ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ له‌هه‌ڵمه‌ته‌کانی یه‌کێتی هه‌موو دۆست و لایه‌نگران و ئه‌ندامانی یه‌کێتی و ئه‌وانه‌ى له‌رابردوو یه‌کێتی بوون چوونه‌ته‌ پاڵی». له‌تیف شێخ عومه‌ر وتیشی «قوباد تاڵه‌بانی به‌پێی پێگه‌ى خۆی کاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌ناو یه‌کێتیدا قوباد تاڵه‌بانی هه‌وڵی زۆری داوه‌ یه‌کێتی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دۆخی جارانی، له‌و رووه‌شه‌وه‌ کێرڤ و باڵانسی یه‌کێتی له‌رووی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ زۆر به‌رزتر بووەته‌وه‌«.

کاندیدى ژماره‌ 2ى لیستى پارتى له‌پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت، به‌رنامه‌کانى له‌چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌کانى پارتیدایه‌ که‌ ده‌ستورى عێراق به‌ هه‌موو برگه‌و ماده‌کانییه‌وه‌ وه‌ک خۆى جێبه‌جێ بکرێت. دانا شه‌هید جه‌زا، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتی، ده‌ڵێت «یه‌کڕیزى فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان له‌به‌غدا ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌ کورد به‌ ده‌نگێکى زوڵاڵ‌ داواى مافه‌کانى بکات. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ گه‌یاندنى هاوکارى ماددى بۆ هاوڵاتیانى که‌مده‌رامه‌ت به‌ئه‌رکێکى ئه‌خلاقى خۆى ده‌زانێت».   ‌هاوڵاتی: به‌رنامه‌ت چیه‌ وه‌ک کاندیدێکى پارتى بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق؟ دانا شه‌هید جه‌زا: به‌رنامه‌ى ئێمه‌ له‌چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌کانى پارتى دیموکراتى کوردستاندایه‌ بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌، هێڵه‌ گشتییه‌کانى به‌رنامه‌کانى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌ستورى عێراق وه‌ک خۆى ئه‌و ماده‌ و برگانه‌ى تێیدایه‌ جێبه‌جێبکرێت، نه‌ک هه‌ندێ لایه‌نى سیاسى به‌مه‌زاجى خۆیان به‌کاریبهێنن هه‌روه‌ها به‌رنامه‌مان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و کێشه‌ هه‌ڵواسراوانه‌ى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق بگاته‌ کۆتایى، یان چاره‌سه‌ر بێت به‌ته‌واوى یان بریارێکى ترى له‌سه‌ر بدرێت. هه‌روه‌ها موچه‌و بودجه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و که‌رکوک و ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان، ماده‌ى 140 و داهاتى عێراق که‌ دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌ش بکرێت و هه‌موو ئه‌م پرسانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌کلابکرێته‌وه‌. هاوکات مافى که‌مایه‌تیه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کان و ئاین و ئاینزاکان ئه‌وانه‌ هه‌مووى پارێزراو بێت. ‌ هاوڵاتی: بێجگه‌ له‌ به‌رنامه‌کانى پارتى ده‌ته‌وێت که‌ چویته‌ به‌غدا چى بکه‌یت؟ دانا شه‌هید جه‌زا: ئه‌وه‌ى لاى من زۆر گرنگه‌ یه‌کڕیزى نیشتمانییه‌، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت مافى گه‌لى کوردستان به‌ده‌ست بهێنین یان ئه‌وه‌ى به‌ده‌ستور رێکخراوه‌ وه‌ریبگرین، ده‌بێت قه‌واره‌ کورده‌کان یه‌ک هه‌ڵوێست بن بۆ ئه‌وه‌ى یه‌کڕیزى نیشتمانى دروست بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى وه‌کو هێزێک و یه‌ک کوتله‌ى په‌رله‌مانى به‌هێز به‌ ده‌نگێکى زوڵاڵ مافه‌کان وه‌ربگرین. هه‌موومان له‌یه‌ک سه‌نگه‌رداین، ئه‌گه‌ر ره‌نگى شین بین مۆر بین و زه‌رد بین، ئاینده‌مان به‌یه‌که‌وه‌یه‌وه‌، هه‌مووان ببینه‌ پارێزه‌رى هه‌ر بڕگه‌و ماده‌یه‌ک که‌ له‌دژى کورد و قه‌واره‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌به‌رانبه‌ریدا بوه‌ستینه‌وه‌و رێگه‌ى پێنه‌ده‌ین. ‌ هاوڵاتی:  رۆژ نورى شاوه‌یس، ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى له‌بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانى پارتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد ئه‌گه‌ر ده‌ستور جێبه‌جێ نه‌کرێت ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى، قسه‌تان له‌سه‌ر ئه‌و بۆچونه‌ چییه‌؟ دانا شه‌هید جه‌زا: ئه‌گه‌ر عێراق بیه‌وێت ده‌وڵه‌تێکى سه‌قامگیرو سه‌رکه‌وتوو بێت، ده‌وڵه‌تێک بۆ هه‌موو گه‌لان بێت، پێویسته‌ سه‌رجه‌م مافه‌کانى  گه‌لى کوردستان مسۆگه‌ر بکات ئه‌گه‌ر نه‌یکات رێگاى تر ده‌گرینه‌به‌ر. ‌ هاوڵاتی:  چى له‌و موچه‌یه‌ ده‌که‌یت که‌ سبه‌ى له‌به‌غدا وه‌ک په‌رله‌مانتار وه‌ریده‌گریت؟ دانا شه‌هید جه‌زا: وه‌ک ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى سێ بۆ چوار مانگ موچه‌ى ته‌واومان وه‌رگرت، دواتر له‌سه‌دا 75ى لێ پاشه‌که‌وت کراو هه‌ر مانگێک 860 هه‌زار دینارمان وه‌رگرتووه‌ تا ئه‌مرۆ، دوو به‌رانبه‌رى موچه‌که‌ زیاتر کارمان کردووه‌ و بۆ رۆژێکیش که‌مته‌رخه‌م نه‌بووم و دوانه‌که‌وتوم ئه‌وپه‌رى  تواناى خۆم خستۆته‌گەڕ بۆ کاره‌کانم. مه‌سه‌له‌ى مادده‌ لاى به‌نده‌ گرنگ نییه‌ و باوکم پێشمه‌رگه‌ بووه‌ و سیاسه‌تدا گه‌وره‌بووم، زیاتر ئه‌وله‌ویه‌تم هه‌یه‌ که‌ له‌گه‌یاندنى په‌یامى سیاسیدا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچین و ئه‌وه‌ بگه‌یه‌نین، ئه‌و به‌رپرسیارێتى و ئه‌رکه‌ى له‌سه‌ر شانمه‌ وه‌ک خۆى جێبه‌جێى بکه‌م، به‌ڵام ناڵێم مه‌سه‌له‌ى بژێوى ژیان گرنگ نییه‌ بۆم، به‌ڵام خاڵێکه‌ هه‌رگیز شه‌خسیه‌تى خۆمى بۆ ناڕوشێنم، گه‌یاندنى هاوکارى ماددى بۆ هاوڵاتیانى که‌مده‌رامه‌ت به‌ئه‌رکێکى ئه‌خلاقى خۆمى ده‌زانم. ‌ هاوڵاتی: پارتى ده‌ستپێشخه‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌ یه‌ک کوتله‌ى هاوپه‌یمانى کوردستانى؟ دانا شه‌هید جه‌زا: یه‌کڕیزى نیشتمانى له‌په‌رله‌مانى عێراق  ئه‌وه‌یه‌ هه‌مووى له‌یه‌ک کوتله‌دا کۆببنه‌وه‌ پێکه‌وه‌ بتوانین شه‌ڕ بۆ مافه‌کانى گه‌لى کوردستان بکه‌ین و پارتیش ده‌ستپێشخه‌رى ده‌کات. ‌ هاوڵاتی:  پێتوایه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م قه‌واره‌ سیاسییه‌کان به‌پێى ئیستحقاقى هه‌ڵبژاردن پۆستیان پێبدرێت له‌ دروستکردنى حکومه‌تى عێراقى دواى هه‌ڵبژاردنه‌کاندا؟ دانا شه‌هید جه‌زا: به‌پێى ده‌نگ و پێگه‌یان له‌به‌غدا هه‌موو فراکسیۆنه‌کان ئه‌و ئیستحقاقه‌یان هه‌یه‌ که‌ به‌شداربن له‌ وه‌رگرتنى پۆستى وه‌زیر و وه‌کیل وه‌زیرو سه‌رجه‌م ئه‌و پۆستانه‌ى ده‌بنه‌ پشکى کورد، ئه‌وه‌ش ده‌که‌وێته‌ سه‌ر رێکه‌وتنى نێوان لایه‌نه‌کان بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى عێراقى. ‌ هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر له‌ئاست ئه‌و به‌ڵێنانه‌دا نه‌بن که‌ ئێستا ده‌یڵێن، پێتوانیه‌ هاوڵاتیان ئه‌و مافه‌یان ده‌بێت که‌ ره‌خنه‌ بگرن؟ دانا شه‌هید جه‌زا :به‌رنامه‌ى پارتى دیموکراتى کوردستان ئیشى پێ ده‌که‌ین و کارى له‌سه‌ر ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر خوا کردى و ئیشه‌لا چوینه‌ به‌غدا و متمانه‌ى هاوڵاتیانمان به‌ده‌ستهێنا، هیچ که‌سێک به‌ته‌نها ناتوانێت هه‌موو به‌ڵێنه‌کان جێبه‌جێ بکات، دانا به‌ته‌نها ناتوانێت رێگه‌ له‌ پرۆژه‌ یاساکان بگرێت که‌ دژى گه‌لى کوردن، به‌ڵام له‌هه‌مووى گرنگ تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موومان یه‌ک ده‌نگ بین بۆ ئه‌وه‌ى ببینه‌ پارێزه‌رى ده‌نگ و مافى گه‌لى کورد له‌په‌رله‌مانى عێراق.

هاوڵاتی بەپێی بەداواداچوونێکی رۆژنامەی ‌ هاوڵاتی لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا ژمارەیەک پەرلەمانتاری ناو لیستە کوردییەکان جگە لە مۆڵەت وەرگرتن، ئامادەنەبوونی زۆریان لەپەرلەماندا هەبووە، بەجۆرێک هەندێک پەرلەمان ئامادە نەبوونی گەیشتووەتە سەروو ٣٠ ئامادە نەبوون، کە دیارترینیان ڤیان دەخیلە لە پارتی  دیموکراتی کوردستان. بە دوای ئەویش ڕێناس جانۆ دێت لەسەر هەمان لیست کە ٣٦ ئامادەنەبوونی بێ پاساوی هەیە. هەروەها لە ناو فراکسیۆنی یەکێتی دا عەبدلعەزیز حەسەن ٢٥ ئامادە نەبوونی بێ پاساوی هەیە. بە دوای ئەویش رێزان شێخ دلێر دێت بە ١٩ ئامادە نەبوون. موسەنا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووش 23 ئامادە نەبوونی بێ پاساوی هەیە. هەروەها لەناو فراکسیۆنی کۆمەڵیش دا ئەحمەدی حاجی ڕەشید و زانا رۆستایی زۆرترین ئامادەنەبوونی ناو فراکسیۆنەکەی خۆیان هەیە کە ١٤ ئامادە نەبوونی بێ پاساوە، هەروەها سەلیم شوشکەیی ١١ ئامادە نەبوونی هەیە.   فراکسیۆنی پارتی ئه‌ردەڵان نوره‌دین 17 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ئیسلام حسین عیسى علی 15 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ئه‌شواق جاف 15 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ئەمیره‌ کەریم حەمه‌ لاو مەردان 20 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. بەنگین شەوکەت عابد عەبدال 21 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. بەهار سلێمان عیسى نوعمان 12 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. بێریوان موسڵح عەبدولکەریم ئەسعەد 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. خوشەوى خەلیل حەکیم یاسین 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. رێناس جانۆ محەمەد یونس 36 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سەرحان ئەحمەد سەرحان مەلاک 15 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سۆران ئیسماعیل عەبدوڵا خزر 12 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سیروان عبدالله اسماعیل عزیز 19  ئامادە نەبوونی بێ پاساو. شاخەوان عبدلله ئەحمەد عبدالقادر 24 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. شیرین عبدالرحمن دیۆ بێری 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. تارق سدیق رەشید محەمەد ئەمین 15 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عوسمان تاهیر حاجی تاهیر 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عەرەفات کەرەم مستەفا برایم 21 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. فارس سدیق نوری عبدالجبار 14 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. فرزنده زوبێر محەمەد محەمەد 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ڤیان دەخیل سەعید خزر 38 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ماجد خەڵەف حەمۆ مستۆ 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. موحسین سەعدون ئەحمەد سەعدون 20 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. نەجیبە نەجیب ئیبراهیم خالد 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. نەدى عەنتەر خال هەمزه مەلا 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عبدالوهاب عەلى مەحمود عبدالله ٢٨ ئامادە نەبوونی بێ پاساو.   فراکسیۆنی یه‌کێتى ئارێز عبدلله ئەحمەد مەحمود 16 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ئاڵا تەحسین حەبیب عەلی 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. بەختیار جەبار عەلی 10 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. بێستون عادل وەیس ئەحمەد 8 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. رەنگین عبدلله محەمەد 14 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. رێبوار تەها مستەفا ئەحمەد 10 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. رێزان دلێر مستەفا 19 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سامان فەتاح حەسەن 10 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سەبهان سڵێمان سەلبی ئەحمەد 3 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سوزان بەکر حسین بەکر 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. شوان حەوێز فەریق نامق 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. شێرکۆ میرزا محەمەد ئەمین ئەحمەد 8 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عبدالباری محەمەد فارس محەمەد 14 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عبدالعزیز حەسەن حسێن حەسەن 25 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عبدالقادر محەمەد عومەر مەولود 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. فەرهاد قادر کەریم 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. لەیلا عەلی خزر ئەحمەد 16 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. موحسن عوسمان عبدلله رەشید 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. محەمەد عوسمان عەزیز ئەحمەد 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. میدیا جەمال عەلی خان محەمەد 5 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. نوزاد رەسوڵ حسن کانەبی 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو.   فراکسیۆنی گۆڕان ئارام محەمەد عەلى گشت دانیشتنەکان ئامادە بووە. ئەمین بەکر محەمەد 12 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سروه عبدالواحد قادر ئیبراهیم 7 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. شیرین رەزا محەمەد 6 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. تاڤگە ئەحمەد میرزا محەمەد 7 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. کاوه محەمەد مەولود حەوێز 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. مەحمود رەزا ئەمین 7 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. مەسعود حەیدر رۆستەم 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. هۆشیار عبدلله فەتاح 8 ئامادە نەبوونی بێ پاساو.   فراکسیۆنی یه‌کگرتوو ئاسیا حاجی سەلیم قادر 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. جەمال ئەحمەد محەمەد سیدۆ 16 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عادل نوری محەمەد 22 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. موسەنا ئەمین نادر 23 ئامادە نەبوونی بێ پاساو.   فراکسیۆنی کۆمەڵ ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید  14 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سه‌لیم شوشکه‌یی 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. زانا رۆستایی 14 ئامادە نەبوونی بێ پاساو.

هاوڵاتی رزگار ئه‌ژى کاندیدى ژماره‌ یه‌ک له‌ لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان پارێزگاى سلێمانى، له‌ چاوپێکه‌وتنێکى دا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى هاوڵاتى، رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌موو  هه‌وڵێک ده‌دات تا کورد له‌ به‌غدا زیاتر یه‌کگرتوو بن، سه‌باره‌ت به‌وه‌ى گه‌ر ده‌ربچن چى بۆ خه‌ڵکى ده‌که‌ن ده‌ڵێت ناتوانین بڵێن جاده‌ بۆ خه‌ڵک قیر ده‌که‌ین، به‌ڵام داکۆکى له‌و مافانه‌ ده‌که‌ین که‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به‌قوتى خه‌ڵک و مافى هاوڵاتیى بونه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانتارانى خولى پێشوو تاچه‌ند چالاک بوون، رزگار ئه‌ژى وتى ته‌نها یه‌ک دوو فراکسیۆنى زۆر موعه‌یه‌ن، نه‌ک کارا نه‌بوون به‌ڵکو خۆشیان فرۆشتووه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت رێ له‌و سازشکارییه‌ بگرین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین سیفاتى خۆفرۆشى بهێنینه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێمان بکرێت.   ‌هاوڵاتی: چ به‌رنامه‌یه‌کت هه‌یه‌ وه‌کو کاندیدێکى پارتى که‌ده‌ته‌وێت بچیته‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق؟ رزگار ئه‌ژى: له‌راستیدا هه‌موو کاندێک به‌رنامه‌ى خۆى هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ژێر رۆشنایى به‌رنامه‌ى حیزبه‌که‌یدایه‌، کارنامه‌ى پارتى دیموکراتى کوردستان له ‌ئه‌وله‌ویاتى کاره‌کانم دایه‌ و هه‌وڵ‌ و کۆششى ته‌واو ده‌ده‌م له‌گه‌ڵ‌ ته‌واوى ئه‌و هه‌ڤاڵ‌ و هاوڕێیانه‌ى له‌گه‌ڵمان بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌و کارنامه‌یه‌، ئه‌وه‌ى که‌ لاى خۆمه‌وه‌ هه‌بێت بۆ هه‌وڵدان بۆ ریکخستنى ته‌بایى نێوان فراکسیۆنه‌کان و ئه‌ندامانى فراکسیۆنه‌کانى کورد له‌به‌غدا ئه‌مه‌ش وه‌کو هه‌وڵێکى شه‌خسى خۆم ده‌بێت یه‌کێکى تر ده‌بێت له‌ئه‌وله‌ویاتى کاره‌کانى ترم که‌ به‌روحێکى برایانه‌ و کوردانه‌ له‌فراکسیۆنه‌کان نزیکببینه‌وه‌ و پێکه‌وه‌ کار بکه‌ین و په‌یوه‌ندى توندوتۆڵمان هه‌بێت بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێک که‌ رووبه‌روى کورد ببێته‌وه‌ له‌رێى ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت. ‌هاوڵاتی: چۆن کار له‌سه‌ر کارنامه‌کانى پارتى ده‌که‌ن؟ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆى به‌ ژیانى هاوڵاتیانى کورده‌وه‌ هه‌یه‌؟ رزگار ئه‌ژى: ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ژیانى خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌یه‌، ته‌نها له‌ئه‌ستۆى پارتى دیموکراتى کوردستاندا نییه‌، ئه‌گه‌رچى ئه‌مڕۆ له‌چوارچێوه‌ى هه‌رێمى کوردستاندا له‌به‌رئه‌وه‌ى پارتى حیزبى یه‌که‌مه‌و له‌ده‌سه‌ڵاتدایه‌ هه‌ندێ لایه‌نى سیاسى بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن پارتى پێ تاوانبار ده‌که‌ن، ئه‌گه‌رنا خۆیان زۆر باش ده‌زانن که‌ پارتى زۆر باش مامه‌ڵه‌ى کردووه‌ له‌و روه‌وه‌، هه‌ندێ له‌لایه‌نه‌کان باش ده‌زانن که‌ خۆیان هۆکاربوون بۆ برینى قوتى هاوڵاتیان و له‌مپه‌ر دروستکردن بۆ هه‌نگاوه‌کانى به‌ره‌و پێشچونى ئه‌م حکومه‌ته‌. هه‌ندێ لایه‌ن به‌ دڵپیسیانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ به‌غدا کردووه‌ و رێنمویى ده‌سه‌ڵاتى به‌غدایان کردووه‌ بۆ دژایه‌تى کردنى ئه‌م هه‌رێمه‌. ‌هاوڵاتی: وه‌ک کاندیدێک له‌پارێزگاى سلێمانى، به‌رنامه‌ت چییه‌ بۆ شاره‌که‌ت ؟ رزگار ئه‌ژى: ئێمه‌ له‌په‌رله‌مانى عێراق ناتوانین بڵێن جاده‌ بۆ خه‌ڵک قیر ده‌که‌ین، به‌ڵام داکۆکى له‌و مافانه‌ ده‌که‌ین که‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به‌قوتى خه‌ڵک و مافى هاوڵاتیى بونه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌چوارچێوه‌ى عێراقدا بمێنینه‌وه‌ هه‌موان به‌ کوردو عه‌ره‌ب و سونه‌ و شیعه‌وه‌ به‌ پێکهاته‌کانى تریشه‌وه‌ پابه‌ند بین به‌و ماده‌ ده‌ستورییانه‌ى که‌ له‌سه‌دا 80ى هاوڵاتیانى عێراق ده‌نگیان پێداوه‌، کاره‌ساته‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م حکومه‌ته‌ که‌خۆى په‌رله‌مانى هه‌یه‌ دواى مه‌رجه‌عیه‌تێک که‌وتووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌ستور که‌ په‌رله‌مانت هه‌یه‌ ده‌ورى مه‌رجه‌عییه‌تت بۆچییه‌؟، ئه‌م حکومه‌ته‌ که‌ خۆى سوپاى هه‌یه‌، هه‌وڵیداوه‌  پێکهاته‌یه‌کى ترى چاکدارى دروست بکات که‌ هه‌موو پێوه‌ره‌کان نا قانونییه‌ که‌ حه‌شدى شه‌عیبیه‌، تۆ که‌ سوپات هه‌یه‌، حه‌شدى شه‌عبیت بۆچییه‌؟. ‌هاوڵاتی: وه‌ک کاندیدێک چ جیاوازییه‌کت ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى خولى سێیه‌مى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق؟ رزگار ئه‌ژى: خولى سێیه‌م زۆربه‌ى زۆرى ئه‌ندامه‌کانى ئه‌کتیڤ و کارابوون و دڵسۆزانه‌ کاریان کردووه‌، ته‌نها یه‌ک دوو فراکسیۆنى زۆر موعه‌یه‌ن نه‌ک کارا نه‌بوون بەڵکوخۆشیان فرۆشتووه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت رێ له‌و سازشکارییه‌ بگرین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین سیفاتى خۆفرۆشى بهێنینه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێمان بکرێت. ‌هاوڵاتی: ئه‌و پاره‌یه‌ى وه‌ک موچه‌یه‌کى په‌رله‌مانتارى وه‌ریده‌گرێت چه‌ندى لێده‌به‌خشیت بۆ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ى که‌مده‌رامه‌تن؟ رزگار ئه‌ژى: ئێستا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تیم وه‌ک ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتم زیاتره‌ وه‌ک له‌ په‌رله‌مانتارێک بۆ ناو حیزبه‌که‌ى خۆم، کارى په‌رله‌مانتار له‌چوارچێوه‌ى کارى حیزبى ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ستکه‌وتێکیش ببێت بۆ کێیه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ستکه‌وتى شه‌خسى بێت ئه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ موچه‌ و ئه‌و ئیمتیازاته‌ى ده‌درێته‌ ئه‌ندامى په‌رله‌مان. من لێره‌ وه‌ک سه‌رکردایه‌تیه‌ک هه‌ر چۆنێک بێت ژیاوم، ئه‌گه‌ر موچه‌که‌شم زیاد بکات وه‌ک په‌رله‌مانتارێک ده‌توانى هاوکارى خه‌ڵکى پێبکه‌یت، نه‌ک هه‌ر پارتییه‌کان، به‌ڵکو خه‌ڵکى ده‌ره‌وه‌ى حیزبه‌که‌شم، چونکه‌ ده‌بینه‌ په‌رله‌مانتارى هه‌موو پارێزگاى سلێمانى، به‌نیازم چه‌ند که‌سێک ده‌ستنیشان بکه‌م له‌ ئیداره‌ى ئه‌م پارێزگایه‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانى و گه‌رمیان و راپه‌رین که‌ ئاگادارى ژیانى هه‌ندێ که‌س بن که‌ به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى هه‌ر زروفێکه‌وه‌ بێت ده‌ستى هاوکارییان ناگاتێ، به‌ڵکو ئێمه‌ بتوانین له‌ئازارو له‌که‌موکوڕییه‌کان که‌مبکه‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌ ئاواتى خۆمى ده‌زانم. ‌هاوڵاتی: ده‌توانن وه‌ک پارتى ده‌ستپێشخه‌ربن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌ندامانى فراکسیۆنه‌ جیاوازه‌کان له‌ به‌غدا ببنه‌ گروپێکى باش بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستکه‌وت به‌ده‌ستبهێنن بۆ کورد؟ رزگار ئه‌ژى:ئه‌گه‌ر هه‌ندێ له‌ فراکسیۆنه‌کان یان ئه‌ندامانیان به‌ته‌مان کێشه‌کانى ناوخۆى هه‌رێم بکه‌نه‌ به‌یاننامه‌ بیخوێننه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ خراپه‌ و گاڵته‌ به‌ ئێمه‌ ده‌که‌ن که‌ بزانن چه‌نده‌ دواکه‌وتووین، ئه‌و عه‌قڵه‌ دواکه‌وتوانه‌ى به‌غدا گاڵته‌ به‌ ئێمه‌ ده‌که‌ن که‌ کورد به‌و شێوه‌یه‌ له‌ناوخۆى خۆیدا له‌سه‌ر یه‌کترى به‌یاننامه‌یه‌ یان هه‌ر قسه‌یه‌کى تر ده‌که‌ن. هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ى هه‌مانه‌ په‌یوه‌ندى به‌ناوخۆى کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، کێشه‌ى کورد له‌به‌غدا په‌یوه‌ندى به‌ ستراتیژى هه‌مومانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌تپێشخه‌ربوون داوامانکرد با یه‌ک لیست بین بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌هۆى رووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ریش، کاندید هه‌یه‌ به‌تۆ ده‌ڵێت ریفراندۆمچى،  ئه‌ى تۆچیت 16ى ئۆکتۆبه‌رچیت، سازشکارێکى به‌رنامه‌ت له‌به‌غداوه‌ داناوه‌ بۆ له‌ناوبردنى ئه‌م هه‌رێمه‌، خۆتان ساغ بکه‌نه‌وه. بابه‌رنامه‌ى کارى هه‌موولایه‌ک یه‌ک بخه‌ین یان له‌به‌غدا پێکه‌وه‌ کار بکه‌ین.