هەرێم جەعفەر شکستهێنان بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق لە ساڵی رابردوودا ڕێگاخۆشکەربوو تاکو نزیکەی ٦٠ گروپی جیاوازی شیعی یەکبگرن و حەشدی شەعبی بە یارمەتی ئێران درووستبکەن. ئێستا حشد لە ژێر ناوی هاوپەیمانی فەتح وەک قەوارەیەکی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات. دامەزراوەی جەیمس داونی ئەمریکی بۆ بەدواداچوون و شیکردنەوە لە ڕاپۆرتێکیدا نووسیویەتی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو لە سوودی شیعەکان دەبێت ئەمەش بەهۆی ئەوەی سوونەکان بەهۆی جەنگی داعش لاواز و پەرتەوازە بوون و کوردەکانیش بەهۆی شکستی گشتپرسی سەربەخۆیی، حاڵیان خراپە. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا، فەتح کە خۆی وەک پارێزەری شیعەکان دەناسێنێت، بێ بەش نیە لە ڕکابەری تووند لەناو خودی شیعەکان. لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦، حەشدی شەعبی سەرەڕای ناڕەزایی سوونەکان، بوە بەشێکی یاسایی سوپای عێراق و بەمەش پارەیەکی زۆرتریان کەوتە ژێر دەست، بەڵام ڕێگرییان لێدەکرا کە بەشداری سیاسییان هەبێت، بەڵام ئێستا ئەو هێزە شیعیە- ئێرانیە دەیەوێت لە ڕێگای کاندیدی پەڕلەمان زیاتر بچنە کایەی سیاسی عێراقیشەوە. بۆ نموونە هادی عامری دوای گەڕانەوە لەئێران بەهۆی دوورخستنەوەی لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە بووە کەسێکی دیاری سیاسی عێراق و ئێستا خۆی ئامادە کردووە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کاتێکدا ڕێکخراوەکەی ئەو، ڕێکخراوی بەدر، لەناو لیستی ئەل-فەتح و لە حشدا بەهێزترینە. یەکێکی دیکە لە سەرکردەکانی حشد، کە خاوەنی گروپی عسائب ئەهل هەقە، قەیس ئەل خەزعەلیە، ناوبراو هاوڕێ لەگەڵ مەهدی موهەندیس (جەمال جعفر ئەل ئیبراهیمی)، سەرۆکی کەتیبەی حیزبوڵا، بەشێکن لە لیستی هاوپەیمانی ئەل فەتح جیاواز لە عامری، ئەم دوو کەسیاتیە خۆیان کاندید نەکردوە بەڵام ئامانجی جیاوازیان هەیە. خەزعەلی دەیەوێت ببێتە ئیمامێکی شیعی کە دژی ئەمریکا لەناو عێراقدا کار بکات و ئەبو موهەندیسیش چاوی لە پۆستی سیاسییە، هەرسێ لەمانیش پەیوەندی بەهێزیان هەیە لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی باڵای سوپای قودسی ئێران، کە بە کاریگەرترین کەسایەتی ئێرانی دەزاندرێت لە ناو سیاسەتی عێراقدا، لە ئێستادا هەموو پارتە شیعیەکانی عێراق دۆستایەتی باشیان لەگەڵ ئێراندا هەیە. لە مانگی یەکدا، فەتح و عەبادی هاوپەیمانیەتێکیان دروستکرد، بەڵام زۆری نەخایاند هەڵوەشایەوە. پێدەچوو ئێران نەیوستبێت کە عەبادی ئەو هەموو کاریگەرییەی هەبووبێت. بەڵام ئەمە سوودی هەبوو بۆ عەبادی، چونکە ئێستا وەکو هێزێکی مۆدێرن خۆی نیشاندەدات کە ئەمریکییەکان ئارەزووی دەکەن. دامەزراوەی جەیمس داونی ئەمریکی ئەوەشی نووسیوە کە نوری مالیکی سەرەڕای ئەوەی بە کەسێکی تائیفی و هاوڕێی نزیکی ئێران ناسراوە، بەڵام لە لایەن ئێرانەوە زۆر گرنگی پێنادرێت و گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات سەخت بووە. ئەمەش وایکردووە کە مالیکی ئێستا هاوپەیمانی ئەمریکییەکان بێت، بەڵام فەتحیش زۆر چاوی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نییە، چونکە دەزانێت ئەگەر عەبادی بەشێوەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بێت ئەوا ئەوان پشتگیری ئێرانیان هەیە تاکو هەژموونیان بپارێزن.  لیستێکی دیکەی شیعەکان کە زۆر دژی ئەمریکایە، لیستی (سائرون للاسلاح)ە بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر. موقتەدا سەدر فەتح بەوە تۆمەتبار دەکات کە حەشدی شەعبی بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنێت ئەمەش لەکاتێکدایە کە میلیشیاکۆنەکانی سەدر بە ناوی سوپای مەهدی ئێستا بەشێکن لە حەشدی شەعبی لەگەڵ ئەوەی سەدر کەسێکی نەریتپارێزە بەڵام بۆ هەمەچەشنکردنی دەنگەکانی لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی عێراق هاوپەیمانی پێکهێناوە و لەسەر بنەمای دوژمنی هاوبەش، یارمەتی عەبادی دەدات دژی مالیکی. هەرچی ڕەوتی حیکمەیە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، پێ ناچێت دەنگی بەرچاو بهێنێت، بەڵام کاریگەری خۆی دەبێت کاتێک هاوپەیمانیەکانی دوای هەڵبژاردن ئاسان یەکلا نابنەوە. دامەزراوەی لۆب لۆگی ئەمریکی کە تایبەتە بە شیکاری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕاپۆرتێکیدا بە لاوازیی باس لە سوونەکان دەکات لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا، بەهۆی جەنگی داعشەوە. گەورەترین گروپی سیاسی سوونەکان، پارتی ئیسلامی عێراق، لە ساڵی ٢٠١٣ خۆپیشاندانی گەورەی سوونەکانی بەڕێوەدەبرد، بەڵام بە هاتنی دەوڵەتی ئیسلامی کاریگەری جارانیان لەدەستدا ئێستا ئەو پارتە سیاسیە سوونەیە لەگەڵ حەیدەر عەبادی هاوپەیمانی کردوە و ئەمەش وای لە عەبادی کردوە کە لە شارە سوونیەکانیش هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوە بەرێت و لە میانی سەردانیکردنی بۆ شاری ئەنبار لە درێژەی کەمپینی هەڵبژاردنیدا ڕایگەیاند «خەڵک دەبێت خۆیان بە بەشێک لەم وڵاتە بزانن و دەبێت ئێمە خزمەتیان پێشکەش بکەین”. سعودیە لای خۆیەوە ئەم هەنگاوەی عەبادی پێخۆشە و دەیەوێت لە ڕێگای عەبادیەوە پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابووری و کەلتووری لەگەڵ عێراق باشبکات کە ماوەی دەیان ساڵە ئەو پەیوەندییانە پچڕاون. ئێستا گەوەرترین لیستی سوونەکان بە ناوی (هاوپەیمانی نیشتیمانی) لە لایەن جێگری پێشووی سەرۆک کۆمار، ئەیاد علاوی و سەرۆکی پەڕلەمان، سەلیم جبووری، ەوە سەرکردایەتی دەکرێت. بەڵام هیچکام لەم دوو سەرکردەیە کاریگەری سیاسی زۆریان نیە بۆ کوردەکان، ئەم هەڵبژاردنە جیاوازی زۆری هەیە. لەلایەکی ترەوە هەندێک ناوەند باس لەوە دەکەن کە کەوتنی کەرکوک و دەرهێنانی لەژێر دەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاریگەری لەسەر ژمارەی دەنگەکانی کورد دەبێت کە لە دوای روخانی سەدامەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ یەکیک بووە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی حکومەتی عێراق. ئاژانسی فڕانس پرێس لە بەدواداچوونێکیدا ئاماژە بەوە دەدات کە کورد ١٠ کورسی یان زیاتر لەدەست دەدەن کورد لە ساڵی ٢٠٠٥ لە کۆی ٢٧٥ کورسی، ٧٧ کورسییان بەدەستهێنا بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ سەڕەڕای زیادکردنی کورسییەکانی پەڕلەمان بۆ ٣٢٨ کورسی، کورد تەنها ٦٢ کورسییان بەدەستهێنا ئەمەش لە کاتێکدایە بۆیەکەمجار لیستە عەرەبییەکان هەوڵی ئەوە دەدەن دەنگی کوردی ببەن لە ناو شارە کوردییەکاندا. جیا لەمانەش، خراپی باری ئابووری کوردستان و خەڵکی ناڕازی کورد، ئەگەر دروستدەکات کە بەشداری دەنگدان نەکەن و متمانەیان بە گشت پارتە کوردییەکان لاواز بووە. ماڵپەڕی هەواڵی سیتیزن سەبارەت بە براوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسیویەتی کە ئێران بە دوای جومگەی سەرەکی و سەرۆک وەزیرانی نزیک لە خۆی دەگەڕێت، بۆ ئەمەش سەڕەڕای حەشدی شەعبی، چەند سەرکردەیەکی شیعی هاوکارن لەگەڵی ئەو وڵاتە ئیسلامیە ئێستا لەژێر ناوی جیاوازەوە پاڵپشتی هێزگەلێک دەکات بە ناوی ڕێکخراوی بەدرو کەتیبەکانی حزبوڵا و شەهیدانی کەتیبەی سەعید و جوندولئیمام و چەند گروپێکی دیکە کە ئەمجارە بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن. هەرچی سعودیە و ئەمریکاش هەیە پشتیوانی عەبادی دەکەن و وەزیری بەرگری ئەمریکاش، جیم ماتیس، ئێران بەوە تۆمەت دەکات کە دەیەوێت هەڵبژاردنەکان بۆخۆی بەکاربهێنێت و بۆ ئەوەش “ بەڵگەی نیگەرانکەریان” هەیە. سیتیزن ئاماژە بەوە دەکات کە بە هەموو پێوەرەکان، خاکی عێراق دوای هەڵبژاردنەکان هەر جێگای ململانێ دەبێت بۆ ئەمریکا و سعودیە و ئێران لە کاتێکدا ئەو وڵاتە هاوڵاتیانی داوای چاکسازی و باشترکردنی بژێویان دەکەن.

بنار هیدایه‌ت قوباد تاڵه‌بانی تاکه‌ که‌سی ناو یه‌کێتى بوو، له‌سه‌رجه‌م ده‌ڤه‌ره‌کانى هه‌رێمى کوردستان بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى بۆ حزبه‌که‌ى کرد، ئه‌مه‌ش ئه‌وى وه‌کو مایسترۆیه‌کى نوێی حزبه‌که‌ى نیشانده‌دات دواى کۆچی دوایی جه‌لال تاڵه‌بانى، سکرتێری پێشووی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان. له‌کاتێکدا یه‌کێتى له‌م ساڵانه‌ى دواییدا دووچاری کێشه‌ى ناوخۆیی بووه‌، به‌ڵام قوباد تاڵه‌بانى له‌ بانگه‌شه‌کانیدا ده‌ڵێت که‌ دڵخۆشه‌ به‌وه‌ى بانگه‌شه‌کانى «یه‌کێتى یه‌کخستووه‌«. به‌ر له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان، سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی له‌سه‌ر کادیرانی حزبه‌که‌ى له‌ناو حکوومه‌ت دوور له‌چاوی راگه‌یاندنه‌کان ئه‌نجامدا که‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ چۆنێتى بانگه‌شه‌کردن بۆ لیستى یه‌کێتى. سامان گه‌رمیانی له‌سه‌ر ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ بە هاوڵاتی راگه‌یاند «ئه‌جێندای ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن کادیرانی یه‌کێتی له‌حزب و حکومه‌ت به‌یه‌که‌وه‌ کاربکه‌ن، له‌و نێوه‌نده‌دا هه‌ر یه‌ک له‌ قوباد تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى ئاماده‌ییان هه‌بوو». سامان گه‌رمیانی زیاتر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات «قوباد تاڵه‌بانی له‌م بانگه‌شه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردن باڵانسی له‌ناو یه‌کێتی زیاتر به‌رزتر بۆته‌وه‌، چونکه‌ له‌م بانگه‌شه‌یه‌دا به‌رۆحێکی مام جه‌لالیانه‌ کاریکرد». جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌رکردایه‌تی حزبه‌که‌ى نیگه‌رانن، به‌ڵام وه‌ک گه‌رمیانی ده‌ڵێت «یه‌کێتی نه‌مێنێت دیموکراسی نامێنێت، جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی ده‌زانن یه‌کێتی حزبێکه‌ کادیرانی له‌هیچ کاتێکدا فه‌رامۆش ناکات، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر قوبادی مام جه‌لال وه‌ک ئێستا هه‌میشه‌ له‌ناو جه‌ماوه‌ری یه‌کێتیدا بێت، چونکه‌ دواجار ئه‌و کوڕی جه‌لال تاڵه‌بانییه‌«. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى که‌ قوباد تاڵه‌بانى به‌ گوڕه‌وه‌ بانگه‌شه‌ى بۆ یه‌کێتى کردوه‌ هه‌ر له‌ بادینانه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو زاخۆ، به‌ڵام له‌ وتاره‌کانیدا زمانى زبری به‌رامبه‌ر به‌ نه‌یاره‌کانى به‌کارنه‌هێناوه‌، جگه‌ له‌وه‌ى چه‌ند جارێک وتویه‌تى نه‌یارانى یه‌کێتى تۆقیون. رۆژى 5ی ئایار، قوباد تاڵەبانی لە میانی بەشداریکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەکەی لە کەلار وتی «لە بادینانەوە، لە ھەولێرو باڵەکایەتی و سلێمانی و گەرمیانەوە یەکێتییەکان چاوی نەیارەکانی کوێرکردووە، ئەوان لێیان تێکچووە و لێمان دەترسن». له‌ناو یه‌کێتییه‌کاندا وا ده‌خوێنرێته‌وه‌ که‌ قوباد تاڵه‌بانى وتاره‌کانى به‌ حه‌ماسەتە‌وه‌ ئاڕاسته‌ى جه‌ماوه‌ری حزبه‌که‌ى کردووه‌، به‌بێ شکاندنى به‌رامبه‌ره‌کان، ئه‌وان ده‌ڵێن که‌ ئه‌وه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌کانى مام جه‌لاله‌. بێگه‌رد تاڵه‌بانی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ ‌ وتى «وتاره‌کانی قوباد تاڵه‌بانی له‌م بانگه‌شه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردن وتارێکی مام جه‌لالییانه‌ بوو، چونکه‌ توانی جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی له‌خۆی کۆبکاته‌وه‌ و دڵی هیچ لایه‌نێکیش نه‌یه‌شێنێت، جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی ئه‌م قوباده‌یان ده‌وێت وه‌کو مام جه‌لال هه‌ڵسوکه‌وت بکات». تاڵه‌بانی ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد «قوباد تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى نه‌ ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی و مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتییه‌، ته‌نها کادیرێکه‌ ئه‌رکێکی قورسی خسته‌ سه‌ر شانی خۆی، به‌وه‌ى هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان به‌سه‌ر بکاته‌وه‌ و جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی رابکێشێته‌وه‌ به‌لای یه‌کێتیه‌ راسته‌قینه‌که‌دا، به‌ڕاستی من سه‌رسام بووم به‌و وتارانه‌ى قوباد تاڵه‌بانی بۆ جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی ده‌دا». بێگه‌رد تاڵه‌بانی هه‌روه‌ها وتى «ئه‌ستێره‌ى به‌ختی قوبادی مام جه‌لال له‌ناو جه‌ماوه‌ر و سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی به‌رز و به‌رزتر بۆته‌وه‌، له‌کاتێکدا وه‌کو مام جه‌لال و به‌تۆنی جه‌نابی مام قسه‌ى ده‌کرد». به‌پێی رووماڵی راگه‌یاندنه‌کانی یه‌کێتی له‌کاتی سه‌ردانکردنی کوڕی بچووکی تاڵه‌بانی، جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی به‌مامی بچووک و تاڵه‌بانی بچووک بانگیان ده‌کرد، هه‌تاوه‌کوو سه‌رۆکی لیستی یه‌کێتی له‌هه‌ڵه‌بجه‌ راسته‌وخۆ به‌قوباد تاڵه‌بانی وت «پیرۆزت بێت نازناوی مام و تاڵه‌بانی بچووک، چونکه‌ ئه‌و ناوه‌ شایسته‌ته‌«. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یه‌کێتى گروپێکى تر جێیان هێشتووه‌، به‌ڵام به‌ رای ئه‌ندامێکی دیکه‌ى سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی، بانگه‌شه‌ی ئه‌مجاره‌ى به‌ر پرسانی یه‌کێتی کێرڤ و باڵانسی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانی زیاتر به‌رزکردۆته‌وه‌. له‌تیف شێخ عومه‌ر ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی بۆ ‌ وتى «له‌چوارچێوه‌ گشتییه‌که‌ هه‌موو ئه‌ندام لایه‌نگرێکی یه‌کێتی ئه‌رکی سه‌رخستنی یه‌کێتییه‌، ئه‌وه‌ى قوباد تاڵه‌بانی کردوویه‌تی به‌جه‌ربه‌زه‌ و شاره‌زایی و لێهاتووییه‌وه‌ کردوویه‌تی، له‌پاڵیشیدا تیمێکی به‌هێزی یه‌کێتی ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ى ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ له‌هه‌ڵمه‌ته‌کانی یه‌کێتی هه‌موو دۆست و لایه‌نگران و ئه‌ندامانی یه‌کێتی و ئه‌وانه‌ى له‌رابردوو یه‌کێتی بوون چوونه‌ته‌ پاڵی». له‌تیف شێخ عومه‌ر وتیشی «قوباد تاڵه‌بانی به‌پێی پێگه‌ى خۆی کاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌ناو یه‌کێتیدا قوباد تاڵه‌بانی هه‌وڵی زۆری داوه‌ یه‌کێتی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دۆخی جارانی، له‌و رووه‌شه‌وه‌ کێرڤ و باڵانسی یه‌کێتی له‌رووی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ زۆر به‌رزتر بووەته‌وه‌«.

کاندیدى ژماره‌ 2ى لیستى پارتى له‌پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت، به‌رنامه‌کانى له‌چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌کانى پارتیدایه‌ که‌ ده‌ستورى عێراق به‌ هه‌موو برگه‌و ماده‌کانییه‌وه‌ وه‌ک خۆى جێبه‌جێ بکرێت. دانا شه‌هید جه‌زا، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتی، ده‌ڵێت «یه‌کڕیزى فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان له‌به‌غدا ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌ کورد به‌ ده‌نگێکى زوڵاڵ‌ داواى مافه‌کانى بکات. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ گه‌یاندنى هاوکارى ماددى بۆ هاوڵاتیانى که‌مده‌رامه‌ت به‌ئه‌رکێکى ئه‌خلاقى خۆى ده‌زانێت».   ‌هاوڵاتی: به‌رنامه‌ت چیه‌ وه‌ک کاندیدێکى پارتى بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق؟ دانا شه‌هید جه‌زا: به‌رنامه‌ى ئێمه‌ له‌چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌کانى پارتى دیموکراتى کوردستاندایه‌ بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌، هێڵه‌ گشتییه‌کانى به‌رنامه‌کانى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌ستورى عێراق وه‌ک خۆى ئه‌و ماده‌ و برگانه‌ى تێیدایه‌ جێبه‌جێبکرێت، نه‌ک هه‌ندێ لایه‌نى سیاسى به‌مه‌زاجى خۆیان به‌کاریبهێنن هه‌روه‌ها به‌رنامه‌مان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و کێشه‌ هه‌ڵواسراوانه‌ى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق بگاته‌ کۆتایى، یان چاره‌سه‌ر بێت به‌ته‌واوى یان بریارێکى ترى له‌سه‌ر بدرێت. هه‌روه‌ها موچه‌و بودجه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و که‌رکوک و ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان، ماده‌ى 140 و داهاتى عێراق که‌ دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌ش بکرێت و هه‌موو ئه‌م پرسانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌کلابکرێته‌وه‌. هاوکات مافى که‌مایه‌تیه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کان و ئاین و ئاینزاکان ئه‌وانه‌ هه‌مووى پارێزراو بێت. ‌ هاوڵاتی: بێجگه‌ له‌ به‌رنامه‌کانى پارتى ده‌ته‌وێت که‌ چویته‌ به‌غدا چى بکه‌یت؟ دانا شه‌هید جه‌زا: ئه‌وه‌ى لاى من زۆر گرنگه‌ یه‌کڕیزى نیشتمانییه‌، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت مافى گه‌لى کوردستان به‌ده‌ست بهێنین یان ئه‌وه‌ى به‌ده‌ستور رێکخراوه‌ وه‌ریبگرین، ده‌بێت قه‌واره‌ کورده‌کان یه‌ک هه‌ڵوێست بن بۆ ئه‌وه‌ى یه‌کڕیزى نیشتمانى دروست بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى وه‌کو هێزێک و یه‌ک کوتله‌ى په‌رله‌مانى به‌هێز به‌ ده‌نگێکى زوڵاڵ مافه‌کان وه‌ربگرین. هه‌موومان له‌یه‌ک سه‌نگه‌رداین، ئه‌گه‌ر ره‌نگى شین بین مۆر بین و زه‌رد بین، ئاینده‌مان به‌یه‌که‌وه‌یه‌وه‌، هه‌مووان ببینه‌ پارێزه‌رى هه‌ر بڕگه‌و ماده‌یه‌ک که‌ له‌دژى کورد و قه‌واره‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌به‌رانبه‌ریدا بوه‌ستینه‌وه‌و رێگه‌ى پێنه‌ده‌ین. ‌ هاوڵاتی:  رۆژ نورى شاوه‌یس، ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى له‌بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانى پارتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد ئه‌گه‌ر ده‌ستور جێبه‌جێ نه‌کرێت ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى، قسه‌تان له‌سه‌ر ئه‌و بۆچونه‌ چییه‌؟ دانا شه‌هید جه‌زا: ئه‌گه‌ر عێراق بیه‌وێت ده‌وڵه‌تێکى سه‌قامگیرو سه‌رکه‌وتوو بێت، ده‌وڵه‌تێک بۆ هه‌موو گه‌لان بێت، پێویسته‌ سه‌رجه‌م مافه‌کانى  گه‌لى کوردستان مسۆگه‌ر بکات ئه‌گه‌ر نه‌یکات رێگاى تر ده‌گرینه‌به‌ر. ‌ هاوڵاتی:  چى له‌و موچه‌یه‌ ده‌که‌یت که‌ سبه‌ى له‌به‌غدا وه‌ک په‌رله‌مانتار وه‌ریده‌گریت؟ دانا شه‌هید جه‌زا: وه‌ک ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى سێ بۆ چوار مانگ موچه‌ى ته‌واومان وه‌رگرت، دواتر له‌سه‌دا 75ى لێ پاشه‌که‌وت کراو هه‌ر مانگێک 860 هه‌زار دینارمان وه‌رگرتووه‌ تا ئه‌مرۆ، دوو به‌رانبه‌رى موچه‌که‌ زیاتر کارمان کردووه‌ و بۆ رۆژێکیش که‌مته‌رخه‌م نه‌بووم و دوانه‌که‌وتوم ئه‌وپه‌رى  تواناى خۆم خستۆته‌گەڕ بۆ کاره‌کانم. مه‌سه‌له‌ى مادده‌ لاى به‌نده‌ گرنگ نییه‌ و باوکم پێشمه‌رگه‌ بووه‌ و سیاسه‌تدا گه‌وره‌بووم، زیاتر ئه‌وله‌ویه‌تم هه‌یه‌ که‌ له‌گه‌یاندنى په‌یامى سیاسیدا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچین و ئه‌وه‌ بگه‌یه‌نین، ئه‌و به‌رپرسیارێتى و ئه‌رکه‌ى له‌سه‌ر شانمه‌ وه‌ک خۆى جێبه‌جێى بکه‌م، به‌ڵام ناڵێم مه‌سه‌له‌ى بژێوى ژیان گرنگ نییه‌ بۆم، به‌ڵام خاڵێکه‌ هه‌رگیز شه‌خسیه‌تى خۆمى بۆ ناڕوشێنم، گه‌یاندنى هاوکارى ماددى بۆ هاوڵاتیانى که‌مده‌رامه‌ت به‌ئه‌رکێکى ئه‌خلاقى خۆمى ده‌زانم. ‌ هاوڵاتی: پارتى ده‌ستپێشخه‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌ یه‌ک کوتله‌ى هاوپه‌یمانى کوردستانى؟ دانا شه‌هید جه‌زا: یه‌کڕیزى نیشتمانى له‌په‌رله‌مانى عێراق  ئه‌وه‌یه‌ هه‌مووى له‌یه‌ک کوتله‌دا کۆببنه‌وه‌ پێکه‌وه‌ بتوانین شه‌ڕ بۆ مافه‌کانى گه‌لى کوردستان بکه‌ین و پارتیش ده‌ستپێشخه‌رى ده‌کات. ‌ هاوڵاتی:  پێتوایه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م قه‌واره‌ سیاسییه‌کان به‌پێى ئیستحقاقى هه‌ڵبژاردن پۆستیان پێبدرێت له‌ دروستکردنى حکومه‌تى عێراقى دواى هه‌ڵبژاردنه‌کاندا؟ دانا شه‌هید جه‌زا: به‌پێى ده‌نگ و پێگه‌یان له‌به‌غدا هه‌موو فراکسیۆنه‌کان ئه‌و ئیستحقاقه‌یان هه‌یه‌ که‌ به‌شداربن له‌ وه‌رگرتنى پۆستى وه‌زیر و وه‌کیل وه‌زیرو سه‌رجه‌م ئه‌و پۆستانه‌ى ده‌بنه‌ پشکى کورد، ئه‌وه‌ش ده‌که‌وێته‌ سه‌ر رێکه‌وتنى نێوان لایه‌نه‌کان بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى عێراقى. ‌ هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر له‌ئاست ئه‌و به‌ڵێنانه‌دا نه‌بن که‌ ئێستا ده‌یڵێن، پێتوانیه‌ هاوڵاتیان ئه‌و مافه‌یان ده‌بێت که‌ ره‌خنه‌ بگرن؟ دانا شه‌هید جه‌زا :به‌رنامه‌ى پارتى دیموکراتى کوردستان ئیشى پێ ده‌که‌ین و کارى له‌سه‌ر ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر خوا کردى و ئیشه‌لا چوینه‌ به‌غدا و متمانه‌ى هاوڵاتیانمان به‌ده‌ستهێنا، هیچ که‌سێک به‌ته‌نها ناتوانێت هه‌موو به‌ڵێنه‌کان جێبه‌جێ بکات، دانا به‌ته‌نها ناتوانێت رێگه‌ له‌ پرۆژه‌ یاساکان بگرێت که‌ دژى گه‌لى کوردن، به‌ڵام له‌هه‌مووى گرنگ تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موومان یه‌ک ده‌نگ بین بۆ ئه‌وه‌ى ببینه‌ پارێزه‌رى ده‌نگ و مافى گه‌لى کورد له‌په‌رله‌مانى عێراق.

هاوڵاتی بەپێی بەداواداچوونێکی رۆژنامەی ‌ هاوڵاتی لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا ژمارەیەک پەرلەمانتاری ناو لیستە کوردییەکان جگە لە مۆڵەت وەرگرتن، ئامادەنەبوونی زۆریان لەپەرلەماندا هەبووە، بەجۆرێک هەندێک پەرلەمان ئامادە نەبوونی گەیشتووەتە سەروو ٣٠ ئامادە نەبوون، کە دیارترینیان ڤیان دەخیلە لە پارتی  دیموکراتی کوردستان. بە دوای ئەویش ڕێناس جانۆ دێت لەسەر هەمان لیست کە ٣٦ ئامادەنەبوونی بێ پاساوی هەیە. هەروەها لە ناو فراکسیۆنی یەکێتی دا عەبدلعەزیز حەسەن ٢٥ ئامادە نەبوونی بێ پاساوی هەیە. بە دوای ئەویش رێزان شێخ دلێر دێت بە ١٩ ئامادە نەبوون. موسەنا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووش 23 ئامادە نەبوونی بێ پاساوی هەیە. هەروەها لەناو فراکسیۆنی کۆمەڵیش دا ئەحمەدی حاجی ڕەشید و زانا رۆستایی زۆرترین ئامادەنەبوونی ناو فراکسیۆنەکەی خۆیان هەیە کە ١٤ ئامادە نەبوونی بێ پاساوە، هەروەها سەلیم شوشکەیی ١١ ئامادە نەبوونی هەیە.   فراکسیۆنی پارتی ئه‌ردەڵان نوره‌دین 17 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ئیسلام حسین عیسى علی 15 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ئه‌شواق جاف 15 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ئەمیره‌ کەریم حەمه‌ لاو مەردان 20 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. بەنگین شەوکەت عابد عەبدال 21 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. بەهار سلێمان عیسى نوعمان 12 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. بێریوان موسڵح عەبدولکەریم ئەسعەد 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. خوشەوى خەلیل حەکیم یاسین 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. رێناس جانۆ محەمەد یونس 36 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سەرحان ئەحمەد سەرحان مەلاک 15 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سۆران ئیسماعیل عەبدوڵا خزر 12 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سیروان عبدالله اسماعیل عزیز 19  ئامادە نەبوونی بێ پاساو. شاخەوان عبدلله ئەحمەد عبدالقادر 24 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. شیرین عبدالرحمن دیۆ بێری 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. تارق سدیق رەشید محەمەد ئەمین 15 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عوسمان تاهیر حاجی تاهیر 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عەرەفات کەرەم مستەفا برایم 21 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. فارس سدیق نوری عبدالجبار 14 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. فرزنده زوبێر محەمەد محەمەد 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ڤیان دەخیل سەعید خزر 38 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ماجد خەڵەف حەمۆ مستۆ 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. موحسین سەعدون ئەحمەد سەعدون 20 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. نەجیبە نەجیب ئیبراهیم خالد 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. نەدى عەنتەر خال هەمزه مەلا 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عبدالوهاب عەلى مەحمود عبدالله ٢٨ ئامادە نەبوونی بێ پاساو.   فراکسیۆنی یه‌کێتى ئارێز عبدلله ئەحمەد مەحمود 16 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ئاڵا تەحسین حەبیب عەلی 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. بەختیار جەبار عەلی 10 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. بێستون عادل وەیس ئەحمەد 8 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. رەنگین عبدلله محەمەد 14 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. رێبوار تەها مستەفا ئەحمەد 10 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. رێزان دلێر مستەفا 19 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سامان فەتاح حەسەن 10 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سەبهان سڵێمان سەلبی ئەحمەد 3 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سوزان بەکر حسین بەکر 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. شوان حەوێز فەریق نامق 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. شێرکۆ میرزا محەمەد ئەمین ئەحمەد 8 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عبدالباری محەمەد فارس محەمەد 14 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عبدالعزیز حەسەن حسێن حەسەن 25 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عبدالقادر محەمەد عومەر مەولود 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. فەرهاد قادر کەریم 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. لەیلا عەلی خزر ئەحمەد 16 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. موحسن عوسمان عبدلله رەشید 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. محەمەد عوسمان عەزیز ئەحمەد 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. میدیا جەمال عەلی خان محەمەد 5 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. نوزاد رەسوڵ حسن کانەبی 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو.   فراکسیۆنی گۆڕان ئارام محەمەد عەلى گشت دانیشتنەکان ئامادە بووە. ئەمین بەکر محەمەد 12 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سروه عبدالواحد قادر ئیبراهیم 7 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. شیرین رەزا محەمەد 6 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. تاڤگە ئەحمەد میرزا محەمەد 7 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. کاوه محەمەد مەولود حەوێز 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. مەحمود رەزا ئەمین 7 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. مەسعود حەیدر رۆستەم 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. هۆشیار عبدلله فەتاح 8 ئامادە نەبوونی بێ پاساو.   فراکسیۆنی یه‌کگرتوو ئاسیا حاجی سەلیم قادر 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. جەمال ئەحمەد محەمەد سیدۆ 16 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عادل نوری محەمەد 22 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. موسەنا ئەمین نادر 23 ئامادە نەبوونی بێ پاساو.   فراکسیۆنی کۆمەڵ ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید  14 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سه‌لیم شوشکه‌یی 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. زانا رۆستایی 14 ئامادە نەبوونی بێ پاساو.

هاوڵاتی رزگار ئه‌ژى کاندیدى ژماره‌ یه‌ک له‌ لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان پارێزگاى سلێمانى، له‌ چاوپێکه‌وتنێکى دا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى هاوڵاتى، رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌موو  هه‌وڵێک ده‌دات تا کورد له‌ به‌غدا زیاتر یه‌کگرتوو بن، سه‌باره‌ت به‌وه‌ى گه‌ر ده‌ربچن چى بۆ خه‌ڵکى ده‌که‌ن ده‌ڵێت ناتوانین بڵێن جاده‌ بۆ خه‌ڵک قیر ده‌که‌ین، به‌ڵام داکۆکى له‌و مافانه‌ ده‌که‌ین که‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به‌قوتى خه‌ڵک و مافى هاوڵاتیى بونه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانتارانى خولى پێشوو تاچه‌ند چالاک بوون، رزگار ئه‌ژى وتى ته‌نها یه‌ک دوو فراکسیۆنى زۆر موعه‌یه‌ن، نه‌ک کارا نه‌بوون به‌ڵکو خۆشیان فرۆشتووه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت رێ له‌و سازشکارییه‌ بگرین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین سیفاتى خۆفرۆشى بهێنینه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێمان بکرێت.   ‌هاوڵاتی: چ به‌رنامه‌یه‌کت هه‌یه‌ وه‌کو کاندیدێکى پارتى که‌ده‌ته‌وێت بچیته‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق؟ رزگار ئه‌ژى: له‌راستیدا هه‌موو کاندێک به‌رنامه‌ى خۆى هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ژێر رۆشنایى به‌رنامه‌ى حیزبه‌که‌یدایه‌، کارنامه‌ى پارتى دیموکراتى کوردستان له ‌ئه‌وله‌ویاتى کاره‌کانم دایه‌ و هه‌وڵ‌ و کۆششى ته‌واو ده‌ده‌م له‌گه‌ڵ‌ ته‌واوى ئه‌و هه‌ڤاڵ‌ و هاوڕێیانه‌ى له‌گه‌ڵمان بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌و کارنامه‌یه‌، ئه‌وه‌ى که‌ لاى خۆمه‌وه‌ هه‌بێت بۆ هه‌وڵدان بۆ ریکخستنى ته‌بایى نێوان فراکسیۆنه‌کان و ئه‌ندامانى فراکسیۆنه‌کانى کورد له‌به‌غدا ئه‌مه‌ش وه‌کو هه‌وڵێکى شه‌خسى خۆم ده‌بێت یه‌کێکى تر ده‌بێت له‌ئه‌وله‌ویاتى کاره‌کانى ترم که‌ به‌روحێکى برایانه‌ و کوردانه‌ له‌فراکسیۆنه‌کان نزیکببینه‌وه‌ و پێکه‌وه‌ کار بکه‌ین و په‌یوه‌ندى توندوتۆڵمان هه‌بێت بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێک که‌ رووبه‌روى کورد ببێته‌وه‌ له‌رێى ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت. ‌هاوڵاتی: چۆن کار له‌سه‌ر کارنامه‌کانى پارتى ده‌که‌ن؟ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆى به‌ ژیانى هاوڵاتیانى کورده‌وه‌ هه‌یه‌؟ رزگار ئه‌ژى: ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ژیانى خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌یه‌، ته‌نها له‌ئه‌ستۆى پارتى دیموکراتى کوردستاندا نییه‌، ئه‌گه‌رچى ئه‌مڕۆ له‌چوارچێوه‌ى هه‌رێمى کوردستاندا له‌به‌رئه‌وه‌ى پارتى حیزبى یه‌که‌مه‌و له‌ده‌سه‌ڵاتدایه‌ هه‌ندێ لایه‌نى سیاسى بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن پارتى پێ تاوانبار ده‌که‌ن، ئه‌گه‌رنا خۆیان زۆر باش ده‌زانن که‌ پارتى زۆر باش مامه‌ڵه‌ى کردووه‌ له‌و روه‌وه‌، هه‌ندێ له‌لایه‌نه‌کان باش ده‌زانن که‌ خۆیان هۆکاربوون بۆ برینى قوتى هاوڵاتیان و له‌مپه‌ر دروستکردن بۆ هه‌نگاوه‌کانى به‌ره‌و پێشچونى ئه‌م حکومه‌ته‌. هه‌ندێ لایه‌ن به‌ دڵپیسیانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ به‌غدا کردووه‌ و رێنمویى ده‌سه‌ڵاتى به‌غدایان کردووه‌ بۆ دژایه‌تى کردنى ئه‌م هه‌رێمه‌. ‌هاوڵاتی: وه‌ک کاندیدێک له‌پارێزگاى سلێمانى، به‌رنامه‌ت چییه‌ بۆ شاره‌که‌ت ؟ رزگار ئه‌ژى: ئێمه‌ له‌په‌رله‌مانى عێراق ناتوانین بڵێن جاده‌ بۆ خه‌ڵک قیر ده‌که‌ین، به‌ڵام داکۆکى له‌و مافانه‌ ده‌که‌ین که‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به‌قوتى خه‌ڵک و مافى هاوڵاتیى بونه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌چوارچێوه‌ى عێراقدا بمێنینه‌وه‌ هه‌موان به‌ کوردو عه‌ره‌ب و سونه‌ و شیعه‌وه‌ به‌ پێکهاته‌کانى تریشه‌وه‌ پابه‌ند بین به‌و ماده‌ ده‌ستورییانه‌ى که‌ له‌سه‌دا 80ى هاوڵاتیانى عێراق ده‌نگیان پێداوه‌، کاره‌ساته‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م حکومه‌ته‌ که‌خۆى په‌رله‌مانى هه‌یه‌ دواى مه‌رجه‌عیه‌تێک که‌وتووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌ستور که‌ په‌رله‌مانت هه‌یه‌ ده‌ورى مه‌رجه‌عییه‌تت بۆچییه‌؟، ئه‌م حکومه‌ته‌ که‌ خۆى سوپاى هه‌یه‌، هه‌وڵیداوه‌  پێکهاته‌یه‌کى ترى چاکدارى دروست بکات که‌ هه‌موو پێوه‌ره‌کان نا قانونییه‌ که‌ حه‌شدى شه‌عیبیه‌، تۆ که‌ سوپات هه‌یه‌، حه‌شدى شه‌عبیت بۆچییه‌؟. ‌هاوڵاتی: وه‌ک کاندیدێک چ جیاوازییه‌کت ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى خولى سێیه‌مى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق؟ رزگار ئه‌ژى: خولى سێیه‌م زۆربه‌ى زۆرى ئه‌ندامه‌کانى ئه‌کتیڤ و کارابوون و دڵسۆزانه‌ کاریان کردووه‌، ته‌نها یه‌ک دوو فراکسیۆنى زۆر موعه‌یه‌ن نه‌ک کارا نه‌بوون بەڵکوخۆشیان فرۆشتووه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت رێ له‌و سازشکارییه‌ بگرین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین سیفاتى خۆفرۆشى بهێنینه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێمان بکرێت. ‌هاوڵاتی: ئه‌و پاره‌یه‌ى وه‌ک موچه‌یه‌کى په‌رله‌مانتارى وه‌ریده‌گرێت چه‌ندى لێده‌به‌خشیت بۆ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ى که‌مده‌رامه‌تن؟ رزگار ئه‌ژى: ئێستا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تیم وه‌ک ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتم زیاتره‌ وه‌ک له‌ په‌رله‌مانتارێک بۆ ناو حیزبه‌که‌ى خۆم، کارى په‌رله‌مانتار له‌چوارچێوه‌ى کارى حیزبى ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ستکه‌وتێکیش ببێت بۆ کێیه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ستکه‌وتى شه‌خسى بێت ئه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ موچه‌ و ئه‌و ئیمتیازاته‌ى ده‌درێته‌ ئه‌ندامى په‌رله‌مان. من لێره‌ وه‌ک سه‌رکردایه‌تیه‌ک هه‌ر چۆنێک بێت ژیاوم، ئه‌گه‌ر موچه‌که‌شم زیاد بکات وه‌ک په‌رله‌مانتارێک ده‌توانى هاوکارى خه‌ڵکى پێبکه‌یت، نه‌ک هه‌ر پارتییه‌کان، به‌ڵکو خه‌ڵکى ده‌ره‌وه‌ى حیزبه‌که‌شم، چونکه‌ ده‌بینه‌ په‌رله‌مانتارى هه‌موو پارێزگاى سلێمانى، به‌نیازم چه‌ند که‌سێک ده‌ستنیشان بکه‌م له‌ ئیداره‌ى ئه‌م پارێزگایه‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانى و گه‌رمیان و راپه‌رین که‌ ئاگادارى ژیانى هه‌ندێ که‌س بن که‌ به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى هه‌ر زروفێکه‌وه‌ بێت ده‌ستى هاوکارییان ناگاتێ، به‌ڵکو ئێمه‌ بتوانین له‌ئازارو له‌که‌موکوڕییه‌کان که‌مبکه‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌ ئاواتى خۆمى ده‌زانم. ‌هاوڵاتی: ده‌توانن وه‌ک پارتى ده‌ستپێشخه‌ربن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌ندامانى فراکسیۆنه‌ جیاوازه‌کان له‌ به‌غدا ببنه‌ گروپێکى باش بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستکه‌وت به‌ده‌ستبهێنن بۆ کورد؟ رزگار ئه‌ژى:ئه‌گه‌ر هه‌ندێ له‌ فراکسیۆنه‌کان یان ئه‌ندامانیان به‌ته‌مان کێشه‌کانى ناوخۆى هه‌رێم بکه‌نه‌ به‌یاننامه‌ بیخوێننه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ خراپه‌ و گاڵته‌ به‌ ئێمه‌ ده‌که‌ن که‌ بزانن چه‌نده‌ دواکه‌وتووین، ئه‌و عه‌قڵه‌ دواکه‌وتوانه‌ى به‌غدا گاڵته‌ به‌ ئێمه‌ ده‌که‌ن که‌ کورد به‌و شێوه‌یه‌ له‌ناوخۆى خۆیدا له‌سه‌ر یه‌کترى به‌یاننامه‌یه‌ یان هه‌ر قسه‌یه‌کى تر ده‌که‌ن. هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ى هه‌مانه‌ په‌یوه‌ندى به‌ناوخۆى کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، کێشه‌ى کورد له‌به‌غدا په‌یوه‌ندى به‌ ستراتیژى هه‌مومانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌تپێشخه‌ربوون داوامانکرد با یه‌ک لیست بین بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌هۆى رووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ریش، کاندید هه‌یه‌ به‌تۆ ده‌ڵێت ریفراندۆمچى،  ئه‌ى تۆچیت 16ى ئۆکتۆبه‌رچیت، سازشکارێکى به‌رنامه‌ت له‌به‌غداوه‌ داناوه‌ بۆ له‌ناوبردنى ئه‌م هه‌رێمه‌، خۆتان ساغ بکه‌نه‌وه. بابه‌رنامه‌ى کارى هه‌موولایه‌ک یه‌ک بخه‌ین یان له‌به‌غدا پێکه‌وه‌ کار بکه‌ین.  

چه‌ند گروپێک که‌ له‌ لیستى تیرۆری ئه‌مه‌ریکادان شاری سلێمانى به‌کاردێنن بۆ سه‌ودایه‌کى نایاسایی به‌بێ ئاگاداری حکومه‌تى هه‌رێم پشتیوان جه‌لال به‌ره‌ى نوسره‌و چه‌ند گروپێکى حه‌شدی شه‌عبی که‌ له‌ لیستى تیرۆری ئه‌مه‌ریکادان، له‌گه‌ڵ قاسم سلێمانى و به‌رپرسێکى شاری سلێمانى مامه‌ڵه‌یه‌کى یه‌ک ملیار دۆلاری ئه‌نجامده‌ده‌ن بۆ راده‌ستکردنه‌وه‌ى 25 بارمته‌ى قه‌ته‌ری به‌و وڵاته‌، ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدا به‌رپرسانى حکومه‌ت ده‌ڵێن هیچ زانیارییه‌کیان له‌سه‌ر ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ نییه‌. ئه‌و 25 بارمه‌ته‌یه‌که‌ که‌ ساڵى 2015 له‌ گه‌رمه‌ى شه‌ڕی داعشدا له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌کداره‌کان له‌ عێراق رفێندرابوون، دواى دوو ساڵ بێسه‌روشوێن کردنیان، دواتر له‌ نیسانى 2017 واته‌ ساڵێک له‌مه‌وپێش له‌ رێگه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌که‌وه‌ که‌ زیاتر له‌ ملیارێک دۆلاری تێچووه‌و له‌ سلێمانى ئه‌نجامدراوه‌، قه‌ته‌ر بارمته‌کان ئازاد ده‌کات و هه‌ریه‌که‌ له‌ قاسم سلێمانى و به‌رپرسێکى شاری سلێمانی بڕی 50 ملیۆن دۆلاریان به‌رده‌که‌وێت. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند گروپێکى تری شیعه‌و سوونه‌ که‌ ناویان له‌ لیستى تیرۆری ئه‌مه‌ریکادایه‌و پشکیان هه‌بووه‌ له‌و پاره‌یه‌دا. به‌پێی به‌دواداچوونێکى رۆژنامه‌ى ‌ به‌رپرسانى خۆجێیه‌تى شاری سلێمانى ئاگاداری ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ نین و حکومه‌تی هه‌رێمیش ده‌ڵێت ئه‌وانیش به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاگاداری رووداوه‌که‌ نین.  جه‌لال شێخ که‌ریم بریکارى وه‌زاره‌تى ناوخۆی هه‌رێمى کوردستان به‌ ‌ وت  «وه‌زاره‌تى ناوخۆ به‌ هیچ جۆرێک ئاگاى له‌و حاڵه‌ته‌ نیه‌، حکومه‌تى هه‌رێمیش به‌ فه‌رمى به‌هیچ جۆرێک ئاگادارى نیه‌، ئه‌و سه‌فقه‌یه‌ که‌ بووه‌ له‌ نێوان حه‌شدى شه‌عبى و عێراق و قه‌ته‌رییه‌کان گوایه‌ یه‌کێکى تریش له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ ناوى بووه‌، من به‌هیچ جۆرێک ئاگادارى نیم، ته‌نها وه‌ک هه‌واڵێک بیستوومه‌«. هه‌روه‌ها وتى «خۆى باشه‌ ئه‌م شتانه‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ ئاگادار بێت، به‌ڵام ڕۆژانه‌ له‌م شاره‌یا ئه‌نواعى ئه‌ملاولا ده‌کرێت تجاره‌ت ده‌کرێت خۆ ناکرێت وه‌زاره‌تى ناوخۆ به‌دواى هه‌موویانه‌وه‌ بێت». رێککه‌وتنه‌که‌ که‌ ساڵێک له‌ومه‌وبه‌ر ئه‌نجامدراوه‌، له‌وکاته‌دا سه‌ردار قادر پارێزگاری سلێمانى بووه‌و به‌رپرسی لیژنه‌ى ئه‌منى شاره‌که‌ بووه‌، ئه‌ویش به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاگاداری ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ نییه‌. سه‌ردار قادر پارێزگارى پێشووی سلێمانى به‌ ‌ وت «وه‌ڵایى ئه‌و زانیاریانه‌ ئێستا له‌ تۆوه‌ ده‌بیستم، ئه‌گینا نه‌ دوورو نزیک نه‌ ئاگادارى ئه‌و سه‌فقه‌یه‌م نه‌ ورده‌کاریه‌کانى، ئه‌و کاته‌ى من پارێزگار بووم نه‌ پرسێکى ئاوها هاتۆته‌ ئۆفیسه‌که‌م نه‌ به‌شدارى کۆبونه‌وه‌یه‌کی له‌و جۆره‌ش بوومه‌«. پارێزگارى سلێمانى هاوکات به‌رپرسى لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاکه‌یه‌، له‌ ئه‌گه‌رى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ر پرۆسه‌یه‌کى ئه‌منى له‌و شێوه‌یه‌ له‌ رووی یاساییه‌وه‌ ده‌بێت پارێزگار ئاگادار بێت، به‌ڵام سه‌ردار قادر وتى «ڕاسته‌ پارێزگار به‌رپرسى لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاکه‌شه‌، به‌ڵام ئه‌م که‌یسانه‌ به‌ گشتى به‌ ڕێککه‌وتى حیزبى ده‌کرێت، کوا ده‌سە‌ڵاتى پارێزگار له‌سه‌روى حیزبه‌وه‌ بووه‌و له‌سه‌روى ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ ئه‌منیانه‌وه‌ بووه‌، بۆیه‌ وا وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه‌ ده‌مه‌وێت واقیعى بم له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌که‌م». ‌ بۆ وه‌رگرتنى زانیارى زیاتر په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ سه‌رۆک و بڕیارده‌رى لیژنه‌ى ئاسایش و ناوخۆى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانیه‌وه‌ کرد، به‌ڵام ئه‌وانیش ڕایانگه‌یاند که‌ به‌هیچ جۆرێک ئاگادارى ئه‌و بابه‌ته‌ نین. بڕیارده‌رى لیژنه‌ى ناوبراو محه‌مه‌د شێخ وه‌هاب به‌ ‌ وت  «سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ به‌ هیچ جۆرێک نه‌ ئاگادارین نه ‌ئاگادار کراوینه‌ته‌وه‌، چونکه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌رکوێ که‌یسێک هه‌بێت و سکاڵا به‌رزکرێته‌وه‌و داوامان لێبکرێت به‌دواداچوون بکه‌ین ده‌یکه‌ین، به‌ڵام ئه‌و که‌یسه‌ ڕه‌نگه‌ لاى ئاسایشى سلێمانى بێت و ئه‌وان ئاگادار بن». بەڕێوه‌چوونى ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ له‌و کاته‌دا، دواى دوو ساڵ هات له‌ ڕفاندنی ئه‌و 25 بارمته‌ قه‌ته‌رییه‌، که‌ له‌ ساڵى 2015 له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌کدارییه‌کان له‌ عێراق رفێندرابوون. به‌پێى رۆژنامه‌ى واشنتن پۆستى ئه‌مریکى که‌ چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئازادکردنى بارمته‌کانى قه‌ته‌ر له‌ عێراق، حکومه‌تى قه‌ته‌ر 150 ملیۆن دۆلارى داوه‌ته‌ قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ى سوپاى قودسى  پاسدارانى ئێران، به‌رپرسێکى ئیدارى له‌ شارى سلێمانى و به‌رپرسێکى میلیشیا شیعه‌کان به‌ناوى ئه‌بو حوسێن. ساڵى 2015 عێراق به‌ سێیه‌م مه‌ترسیدارترین وڵات له‌ جیهان ناوى ده‌رکرد، به‌تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى داعش ده‌ستى به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌کى زۆر له‌ خاکى وڵاته‌که‌دا گرت، هاوکات شه‌ڕى کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى ناوچه‌کان له‌ده‌ست ئه‌و گرووپه‌ چه‌کدارییه‌ ده‌ستى پێکرد. له‌م کاته‌ مه‌ترسیداره‌دا 28 سه‌رمایدارى عه‌ره‌ب که‌ 25یان قه‌ته‌رى بوون، 2 سعودى و یه‌ک پاکستانی، ده‌چنه‌ پارێزگاى موسه‌ننا بۆ به‌سه‌ر بردنى کاتێکى خۆش و ئه‌نجامدانى هه‌ندێک کارى میللى وه‌کو راوکردن له‌ رێگه‌ى هه‌ڵۆ، ئه‌وان به‌ نەشاره‌زایى پێیان نابوویه‌ ناوچه‌یه‌ک پڕبووه‌ له‌ چه‌کدارى تایفی. راوکردنى ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ قه‌ته‌ریانه‌ زۆرى نه‌خایاند، کاتێک گرووپێکى چه‌کدارى هه‌ڵیکوتایه‌ سەر‌یان و سه‌رجه‌میانى به‌دیلگرتن و دوو ساڵ بێسه‌روشوێنیان کردن. قه‌ته‌ر هه‌ر زوو ئه‌وه‌ى بۆ روونبووه‌وه‌ که‌ بارمته‌کانى له‌لایه‌ن که‌تیبه‌ى ئیمام عه‌لى سه‌ر به‌ که‌تیبه‌ى حیزبوڵاى سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبین. قه‌ته‌ر که‌ وڵاتێکى ده‌وڵه‌مه‌ند و پڕ‌ له‌ که‌سایه‌تى سه‌رمایه‌داره‌، بۆ رزگارکردنى بارمته‌کان جگه‌ له‌ پێدانى 50 ملیۆن دۆلار به‌ قاسم سلێمانى و به‌رپرسه‌که‌ى شاری سلێمانى، به‌ سه‌دان ملیۆن دۆلاریشی داوه‌ته‌ چه‌ند گروپێکى حه‌شدى شه‌عبى و که‌تیبه‌ى حیزبوڵاى عێراقى و حیزبوڵاى لوبنانى و گرووپه‌ چه‌کدارییه‌کان له‌ عێراق، ئه‌وه‌ش ته‌نها له‌به‌رامبه‌ر ئازادکردنى 25 بارمته‌که‌. به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌کان، گرته‌یه‌کى ده‌نگى زه‌ید بن سه‌عید خه‌یارین، باڵیۆزى قه‌ته‌ر له‌ عێراق ده‌ست واشنتن پۆست که‌وتووه‌ که‌ به‌ به‌رپرسانى سه‌رووى خۆى ده‌ڵێت، «له‌گه‌ڵ گرووپه‌ چه‌کدارییه‌کان به‌ 275 ملیۆن دۆلار گه‌یشتوونه‌ته‌ رێککه‌وتن له‌به‌رامبه‌ ئازادکردنى بارمته‌کان و ده‌ستاوده‌ستکردنى بڕه‌ پاره‌که‌ش، له‌ شارى سلێمانى ئه‌نجامده‌درێت.» به‌پێى گرته‌ ده‌نگییه‌که‌ 50 ملیۆن دۆلار ته‌نیا دراوه‌ته‌ قاسم سوله‌یمانی، ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى سوپاى پاسدارانى ئێران که‌ به‌ ئازادى له‌ عێراق و سووریا ده‌سووڕێته‌وه‌ و له‌ ژماره‌یه‌ک شه‌ڕ‌ رۆڵى کاریگه‌رى هه‌بووه‌. هه‌روه‌ها 50 ملیۆن دۆلاریش دراوه‌ته‌ به‌رپرسێکى شارى سلێمانى که‌ ئاسانکاریى کردووه‌ بۆ ئانجامدانى ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌. ئه‌وانه‌ى به‌شداربوون له‌ رێککه‌وتنه‌ نهێنییه‌که‌ و پاره‌یان ده‌ستکه‌وتووه‌ له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیی نه‌ماوه‌ته‌وه‌، حکومه‌تى عێراق و ئێران و تورکیا، به‌ره‌ى نووسره‌ و دوو گرووپى ئۆپۆزیسیۆنى سووریاش تێدا به‌شدار بوون. ته‌نانه‌ت باسله‌وه‌شده‌کرێت که‌ ته‌واوى بارمته‌کان له‌به‌رامبه‌ر یه‌ک ملیار دۆلار ئازاد کراون، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌کى فه‌رمى نییه‌ تاوه‌کو پشتڕاستى بکاته‌وه‌ بڕى پاره‌که‌ گه‌یشتووه‌ته‌ چه‌ند تاوه‌کو ئه‌و هه‌موو ده‌ستانه‌ى کردووه‌. ئاشکرابوونى ئه‌م نهێنییه‌ له‌کاتێکدایه‌، له‌ماوه‌ى رابردوودا ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانى له‌ چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌و کۆنفرانس، قه‌ته‌ریان به‌وه‌ تۆمه‌تبارکردووه‌ پشتگیرى دارایى سه‌ره‌کى گرووپه‌ چه‌کدارییه‌کانه‌. بۆ رزگارکردنى بارمته‌کان، قه‌ته‌ر ناچار به‌ په‌یوه‌ندى بووه‌ به‌و هێز و میلیشیایانه‌ى له‌ عێراق رۆڵێکیان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م گرووپانه‌ به‌خۆڕایى ئه‌م کاره‌یان بۆ قه‌ته‌ر نه‌کردووه‌. حیزبوڵاى عێراقى 25 ملیۆن دۆلارى وه‌رگرتووه‌، حه‌شدى شه‌عبى 150 ملیۆن دۆلارى وه‌رگرتووه‌، قاسم سوله‌یمانى له‌ سوپاى پاسدارانى ئێران 50 ملیۆن دۆلارى وه‌رگرتووه‌، سوله‌یمانى به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێکى دیکه‌ى عێراقى له‌ 150 ملیۆن دۆلارى دیکه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئازادکردنى بارمته‌کان سوودمه‌ند ده‌بێت. ئاشکرابوونى هه‌موو ئه‌و نهێنییانه‌ له‌کاتێکدان، هه‌ریه‌ک له‌ قاسم سوله‌یمانى و حیزبوڵاى عێراقى و چه‌ند گرووپێکى دیکه‌ که‌ سودمه‌ندى پاره‌کان بوونه‌، به‌ فه‌رمى ناویان له‌نێو لیستى تیرۆرى ئه‌مریکا هه‌ن.  

سازدانی: پشتیوان جه‌لال محه‌مه‌د ره‌ئوف، یه‌کێک له‌دامه‌زرێنه‌رانى هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری و کاندیدی پێشووى ئه‌مینداری یه‌کگرتوو، رایده‌گەیه‌نێت که‌ ئه‌گه‌ر سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری ئێستاى یه‌کگرتوو سیاسیه‌تى خۆى نه‌گۆڕێت حزبه‌که‌ تووشی « شکستێکى گه‌وره‌« ده‌کات. محه‌مه‌د ڕه‌ئووف له‌م چاوپێکه‌وتنه‌وه‌ى رۆژنامه‌ى هاوڵاتیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ ئه‌وانەی‌ ده‌نگیان به‌سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین داوه‌ قه‌ناعه‌تیان وایه‌ که‌ ئه‌و یه‌کگرتووى رزگارکردوه‌، به‌ڵام محه‌مه‌د ره‌ئوف به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌یبینێت. له‌به‌شێکى تری چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا باسی هاوپه‌یمانێتیه‌ تازه‌که‌یان ده‌کات و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ ئه‌وان ئاماده‌سازن بۆ ئه‌وه‌ى له‌هه‌ڵبژاردنى داهاتودا حکومه‌ت پێکبێنن.   ‌هاوڵاتی: چۆن هاوپه‌یمانیت هه‌ڵبژارد کاری سیاسی خۆتى تێدا بکه‌ى؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: وتوومه‌و ئه‌یڵێمه‌وه‌ هاوپه‌یمانى پرۆژه‌یه‌که‌ به‌قه‌ناعه‌تى خۆم زۆربه‌ى کادیرو ئه‌ندامى هه‌موو حیزبه‌کانى تر بڕوایان پێیه‌تى، ئه‌زموونى ئه‌م 25 ساڵه‌یه‌، ئه‌توانین بڵێین پوخته‌و پاڵفته‌ى کۆى ئه‌زموونى سیاسیى کوردستانه‌، که‌ ئه‌بێ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ هه‌بێت، چونکه‌ پرۆژه‌که‌ زۆر وازحه‌، که‌ ئێمه‌ دوو ئامانجى سه‌ره‌کیمان هه‌یه‌. ‌هاوڵاتی: ئه‌و دوو ئامانجه‌ چین؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: ئامانجى یه‌که‌م هێنانه‌ کایه‌ى سیسته‌مێکى نوێى سیاسى حوکمڕانى ڕه‌شید، که‌ ئه‌م دۆخه‌ تێپه‌ڕێنێت، به‌هه‌موو شێوازه‌کانیه‌وه‌، ئامانجى دووه‌ممان شێوازێکى حیزبایه‌تى نوێیه‌ له‌کوردستان، که‌ تا ئێستا کارى سیاسى حیزبى زۆر به‌سه‌قه‌تى کراوه‌، هه‌مووى به‌ئایدۆلۆجیا کراوه‌، جا ئیتر ئایدۆلۆجیاى چه‌پ و ڕاست و دینی بێت یان هه‌رشتێ بێت، ئه‌م مۆدێله‌له‌حیزبایه‌تى له‌قوتووى هیچ عه‌تارێکدا نیه‌و حوکمڕانى پێناکرێت، بۆیه‌ هاوپه‌یمانى وه‌ک قه‌واره‌یه‌ک پرۆژه‌یه‌کى نوسراوى هه‌یه‌ که‌ کات نیه‌ لێره‌ باسى بکه‌ین، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ که‌ ساڵێک کارمان له‌سه‌رى کردووه‌، له‌گه‌ڵ هه‌رلایه‌نێک قسه‌مان کردبێت قه‌ناعه‌تیان پێبووه‌، به‌جه‌وهه‌رى و به‌ڕه‌هه‌نده‌کانى، بۆیه‌ هاوپه‌یمانى ده‌توانێ گۆڕانکاریى له‌سیسته‌مى حکومڕانى و حیزبایه‌تى بکات. هاوڵاتی: به‌م قسانه‌تدا دیاره‌ زۆر ئومێدت به‌هاوپه‌یمانى هه‌یه‌؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: ته‌بعه‌ن. ‌هاوڵاتی: ئه‌و قه‌واره‌ى که‌ باست کرد، قه‌واره‌یه‌کى ئیسلامییه‌ یان عه‌لمانى؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: له‌سه‌ر ئه‌مه‌ زۆر به‌ڕۆشنى قسه‌مان کردووه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئێمه‌ ئایدۆلۆجیامان تێپه‌ڕاندووه‌، به‌و مانایه‌ى نا که‌ له‌ئایدۆلۆجیا بده‌ین، هه‌ر مرۆڤێک ئازاده‌ چۆن بیرده‌کاته‌وه‌، هاوپه‌یمانى مادام توانى ئایدۆلۆجیا تێپه‌ڕێنێت، ئه‌وا ئه‌توانێ هى هه‌موو مرۆڤ و هاوڵاتییه‌کیش بێت به‌هه‌موو جیاوازییه‌کییه‌وه‌، به‌پێى سیاسه‌تکردنی نێوده‌وڵه‌تى که‌ ئێسته‌ پێشکه‌وتووترین  فۆڕمى ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ سه‌نته‌ر بێت و هاوڵاتى حاکم بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ زۆر به‌چاو ڕۆشنیانه‌ ده‌یڵێن که‌ باسه‌که‌ باسی ئیسلامى و عه‌لمانى نیه‌. ‌هاوڵاتی: کێشه‌ى حزبى ئایدۆلۆجى له‌کوێدایه‌؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: کێشه‌که‌ له‌وێدایه‌ کاتێک حیزبێک ئایدۆلۆجى بوو، خۆى و ئه‌وانه‌ى بڕوایان به‌و ئایدۆلۆجیایه‌ هه‌یه‌، ئه‌ڕۆنه‌ ناو سوڵته‌، سوڵته‌که‌ بۆ ئه‌وان ئیداره‌ ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى ئیمتیازات و تواناى سه‌رزه‌وى و ژێرزه‌وى ئه‌و وڵاته‌ ده‌خه‌نه‌ خزمه‌تى ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ باوه‌ڕى ئه‌و ئایدۆلۆجیایه‌ هه‌یه‌، ئه‌و کاته‌ مرۆڤ سه‌نته‌ر نابێت. ‌هاوڵاتی: تۆ ڕابردوویه‌کت هه‌بوو له‌ناو حیزبێکى ئیسلامی، ئایا ئه‌م هه‌نگاوه‌ت بۆ هاتنه‌ ناو هاوپه‌یمانى قورس نه‌بوو؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: بۆ من که‌ به‌ته‌واوى قه‌ناعه‌تى خۆمه‌وه‌ هه‌ڵمبژاردووه‌ گران نه‌بوو، له‌ڕووى پرۆژه‌که‌وه‌، به‌ڵام له‌ڕووى ئه‌وه‌وه‌ که‌ ده‌ستهه‌ڵگرى له‌ئیشێک، 30 بۆ 40 ساڵ خه‌ریکى بیت، حه‌تمه‌ن ئاسان نیه‌، بۆ من ئاسان نیه‌، بۆ کاک ئارام قادر ئاسان نه‌بوو، ته‌نانه‌ت بۆ دکتۆر به‌رهه‌میش ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام ئێمه‌ تف له‌ڕابردووى خۆمان ناکه‌ین، شانازى به‌ڕابردوومانه‌وه‌ ده‌که‌ین، به‌تایبه‌ت که‌ ئه‌و سێ نه‌فه‌ره‌ى ناوم بردن، نه‌ گه‌نده‌ڵى سیاسى نه‌ مالى، هیچیانمان جێنه‌هێشتووه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م ئیشه‌ به‌ یه‌کێتى بکرایا دکتۆر به‌رهه‌م هاوپه‌یمانى دروستنه‌ده‌کرد، به‌یه‌کگرتوو بکرایا من هاوپه‌یمانیم درووستنه‌ده‌کرد، به‌کۆمه‌ڵى ئیسلامیش بکرایه‌ کاک ئارام هاوپه‌یمانى دروستنه‌ده‌کرد، ئێستا هه‌موو که‌س قه‌ناعه‌تى وایه‌، که‌ له‌کوردستان پێویستمان به‌گۆڕانکاریى ڕیشه‌یی هه‌یه‌، ده‌بێت که‌سانێک بیکه‌ن بیتوانن، هه‌موو حیزبێک حه‌زده‌کات بیکات به‌ڵام ناتوانن، که‌ هاوپه‌یمانى ده‌توانێت ئه‌و ژێرخانه‌ دروستبکات که‌ پێویسته‌. ‌هاوڵاتی: ئه‌م ئامانجه‌ له‌ناو حیزبه‌کانى خۆتان، له‌ناو یه‌کگرتوو به‌دى نه‌ده‌هات؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: یه‌کگرتوو ئێستاش ئه‌م ئامانجانه‌ى هه‌یه‌، به‌ڵام تواناى جێبه‌حێکردنى نیه‌، ئه‌گینا ئه‌م ئامانجانه‌ له‌کۆنگره‌ى چوارو پێنجدا له‌ناو یه‌کگرتوو ده‌ستیپێکردووه‌، مه‌سه‌لەى ئیسڵاح و ڕسته‌ى جوان بیرۆکه‌ى جوان، به‌ڵام جه‌سته‌ى حیزبه‌که‌ تواناى هه‌ڵگرتنى ئه‌م باره‌ گه‌وره‌ى نیه‌و پێى ناکرێت، له‌ئه‌سڵدا وا دروستنه‌کراوه‌ بتوانێ بیکات، میکانیزمه‌کانى پێنیه‌، بۆیه‌ ئومێد ده‌که‌م له‌قۆناغێکی تردا یه‌کگرتوو بێته‌ به‌ره‌ى هاوپه‌یمانیه‌وه‌. ‌هاوڵاتی: هه‌ندێ له‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێن مامۆستا محه‌مه‌د ڕه‌ئووف بۆ ئه‌میندارى ده‌رنه‌چوو له‌دوایین کۆنگره‌ى یه‌کگرتوودا بۆیه‌ چووه‌ ناو هاوپه‌یمانى، تاچه‌ند ئه‌مه‌ ڕاسته‌؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: پێمخۆشه‌ ورد وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ بده‌مه‌وه‌و هه‌موو وه‌ڵامه‌که‌ش دابنێ، یه‌که‌م من له‌ساڵى  2012 خولێکم کردۆته‌وه‌ بۆ کادیر و سه‌رکرده‌کانى یه‌کگرتوو. که‌ شه‌ش سه‌عات بوو، ئێستاش سیدیه‌کانى ماوه‌ لاى خۆیان، که‌ هه‌وڵمداوه‌ ئه‌وه‌ بچێنم لاى یه‌کگرتوو که‌ مرۆڤ سه‌نته‌ر بێت، دووه‌میش لێخوێندنى من له‌سه‌ر حیزب و له‌شێوازى حیزبى کوردستانى، من له‌پێش کۆنگره‌ى یه‌کگرتووش وتوومه‌ که‌ حیزبایه‌تى ئاوا بکه‌ین 500 ساڵى تر ناگه‌ین به‌هیچ، من له‌کۆنگره‌ ڕامگه‌یاند وتم من بۆ یه‌ک ده‌نگ هاتووم، هه‌موو که‌س ئه‌بێت له‌و په‌یامه‌ تێگه‌یشتبێت، که‌ مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین وتى دێمه‌وه‌ زانیم هه‌رکه‌س خۆى کاندید بکات هه‌ر ده‌رناچێت، بۆیه‌ من وتم بۆ یه‌ک ده‌نگ هاتووم چونکه‌ من پرۆژه‌یه‌کم هه‌بووه‌ له‌پێشه‌وه‌ قسه‌م بۆ سه‌رکرده‌کانى یه‌کگرتوو کردووه‌، ئێمه‌ سێ که‌س دابه‌زین هه‌موو که‌س ته‌نانه‌ت نه‌خوێنه‌وارێکیش ده‌زانێت که‌س له‌به‌رامبه‌ر مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین ده‌رناچێت. بۆیه‌ ئه‌وه‌ شوبوهاته‌و هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێکى نیه‌ که‌ من له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بۆ ئه‌میندارى ده‌رنه‌چوومه‌ بۆیه‌ هاتوومه‌ته‌ ناو هاوپه‌یمانى. ‌هاوڵاتی: پێت وایه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین بۆ بوون به‌ئه‌مینداریى، نه‌هێشتنى ده‌رفه‌ت بوو بۆ ئه‌وانى تر؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: ئه‌و یه‌کگرتووه‌ى ده‌نگى به‌و داوه‌ قه‌ناعه‌تى وایه‌ که‌ ئه‌و ئینقازى یه‌کگرتووى کرد، به‌س من قه‌ناعه‌تم وایه‌ ئه‌گه‌ر مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین سیاسه‌تى خۆى دواى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق نه‌گۆڕێ، له‌قۆناغى هه‌ڵبژاردنه‌کانى کوردستاندا یه‌کگرتوو تووشى شکستێکى گه‌وره‌ ده‌کات له‌ئاینده‌دا. ‌هاوڵاتی: ئێستا په‌یوه‌ندیه‌کانى تۆ و مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین چۆنه‌؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: له‌م قۆناغى هه‌ڵبژاردن و ئیتر ئه‌م دوو سێ مانگه‌دا هاتووچۆ و قسه‌مان نه‌ماوه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئێمه‌ له‌یه‌ک دوو سه‌ره‌وه‌ بوعدى خزمایه‌تى و ژن و ژنخوازیمان هه‌یه‌، هاوپه‌یمانیش حیزبێکى سیاسى نیه‌ تا به‌عوقده‌ مامه‌ڵه‌ بکات، بۆیه‌ زۆر ئاساییه‌ ئێستا هه‌ڵسم و بچم بۆ ماڵیان به‌لاى ئه‌ویشه‌وه‌ ئاسایی ده‌بێت. ‌هاوڵاتی: حاجى کاروان له‌چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا وتى که‌ ئه‌وانه‌ى له‌ یه‌کگرتووه‌وه‌ بۆ ناو لایه‌نێکى تر ڕۆشتوون، (که‌ زیاتر مه‌به‌ستى تۆ بوو)، خێزانه‌کانى خۆشیان له‌گه‌ڵیان ناڕۆن و هه‌ر ده‌نگ بۆ یه‌کگرتوو ده‌ده‌ن، تا چه‌ند ئه‌مه‌ ڕاسته‌؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: زۆر به‌کورتى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حاجى کاروان په‌شیمانه‌ له‌و قسه‌یه‌، من هیچ شتێکى له‌سه‌ر ناڵێم. ‌هاوڵاتی: پێتوایه‌ ڕێژه‌ى ده‌نگه‌کانى هاوپه‌یمانى له‌چ ئاستێکدا ده‌بن؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: شه‌وى ڕابردوو په‌یوه‌ندییان پێوه‌کردم، که‌ سه‌نته‌رێکى ڕووسى دیراسه‌یه‌کى کردووه‌ له‌به‌شى بادینان و هه‌ولێر پێیان وایه‌ موفاجه‌ئه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ له‌کوردستان هاوپه‌یمانیه‌. هاوڵاتی: پێتوایه‌ ده‌نگه‌کانى ئیسلامیه‌کان بۆ هاوپه‌یمانى دێت؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: ئێمه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى پرۆژه‌یه‌کین له‌مساڵدا درووستبووین، حیزبى چه‌ند ساڵه‌مان نه‌بووه‌، ده‌نگه‌کانى پارتى و یه‌کێتى به‌پله‌ى یه‌ک، لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کانیش به‌پله‌ى دوو، به‌تایبه‌ت یه‌کگرتوو کۆمه‌ڵ، لایه‌نه‌کانی تریش به‌نیسبه‌تێکى که‌متر ده‌نگه‌کانیان دێت بۆ هاوپه‌یمانى، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ده‌نگى ئه‌وان و خه‌ڵک و گه‌نجى بێلایه‌ن نه‌هێنین ئیتر له‌کوێ بیهێنین، ناچین له‌ئه‌وروپا قه‌رزى بکه‌ین. هاوڵاتی: ئه‌وه‌ى تۆ ئاگات لێیه‌ ژماره‌ى ئه‌و کادرانه‌ى یه‌کگرتوو هاتوونه‌ته‌ ناو هاوپه‌یمانى چه‌ندن؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: وه‌ک ژماره‌، ژماره‌ ناڵیم، به‌ڵام سه‌رۆکى لیستى هاوپه‌یمانى بادینان کادریى پێشووى یه‌کگرتوو بووه‌، سه‌رۆکى لیستى سلێمانى به‌هه‌مان شێوه‌، یه‌ک دوو کاندیدى لیستى هه‌ولێر یه‌کگرتوو بوون، که‌ تیایاندایه‌ ئه‌ندامى کۆنگره‌ بووه‌و یه‌که‌م ده‌نگى مه‌ڵبه‌نده‌که‌ى خۆی هێناوه‌، له‌هه‌ولێر و سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ش له‌بازنه‌کان و دامه‌زراوه‌کان کادیرى پێشکه‌وتوومان هه‌یه‌ که‌ یه‌کگرتوو بوون به‌ڵام ژماره‌ پێویست ناکات باسى بکه‌م. ‌هاوڵاتی: ئه‌و هه‌موو بۆچوونه‌ جیاوازه‌ له‌ناو هاوپه‌یمانیدا چۆن جێى ده‌بێته‌وه‌، که‌ ڕه‌نگه‌ له‌نێو حیزبه‌کانى پێشووى خۆتاندا هه‌ندێ بۆچوون جێى نه‌بووبێته‌وه‌؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: ئه‌م پرۆژه‌یه‌ى هاوپه‌یمانى، یه‌کگرتوو کۆمه‌ڵ زۆر هه‌وڵیاندا بۆیان نه‌کرا، یه‌کێتى حه‌زیکرد بۆى نه‌کرا، گۆڕان هه‌نگاوێکى زۆر باشى نا به‌ڵام کاته‌که‌ى بۆ ئه‌و گونجاو نه‌بوو نه‌هات به‌ده‌ستییه‌وه‌، چونکه‌ قۆناغ قۆناغه‌، ئێستا ئیتر کاتى هات، که‌ کاتى هات ئێمه‌ ده‌ستمان پێکرد، خۆ پێشتر دکتۆر به‌رهه‌م پرۆژه‌ى به‌یه‌کێتى داوه‌ پێى وتوون خۆتان ئاوا چاک که‌ن ئێمه‌ هاوپه‌یمانیتان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین، من و کاک ئارام پێشتر پرۆژه‌مان نوسیووه‌ ساڵێک و سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر، باوه‌ڕیان پێى هه‌بوو ده‌ستخۆشیان لێکردین به‌ڵام نه‌یانتوانى هه‌نگاوى بۆ بنێن. ‌هاوڵاتی: بۆ نه‌یانتوانى؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: ئه‌و حیزبانه‌ى که‌ ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووى 10 ساڵه‌وه‌یه‌ له‌کوردستان‌و ناتوانن خۆیان هه‌ڵیوه‌شێننه‌وه‌و شتێکى ترى لێدروست بکه‌ن، وه‌ک بینایه‌ک وایه‌ ژێرخانى تێکچووبێت و بیانه‌وێت له‌سه‌ره‌وه‌ چاکى بکه‌ن، بۆیه‌ ناتوانن. بۆنمونه‌ یه‌کگرتوو له‌کۆنگره‌ى پێنجه‌وه‌ حه‌زده‌کات ده‌عوه‌و سیاسه‌ت جیابکاته‌وه‌، به‌ڵام ناتوانێت، هه‌موو جۆره‌ پرۆژه‌یه‌کى نوسیوه‌ به‌ڵام ناتوانێت جێبه‌جێى بکات، بۆیه‌ ئه‌و حیزبانه‌ گۆڕانکارى ڕیشه‌یى و گه‌وره‌یان پێناکرێت. ‌هاوڵاتی: وه‌ک هاوپه‌یمانى ئه‌تانه‌وێت له‌ئاینده‌دا چى به‌ده‌ستبێنن؟ محه‌مه‌د ڕئووف: ئه‌وانه‌ى بیروبۆچونیان له‌هاوپه‌یمانیه‌وه‌ نزیکه‌و ده‌یانه‌وێت چاکسازى بکه‌ن، هاوپه‌یمانى ده‌رفه‌تێکه‌ که‌ بێنه‌ ناویه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى بتوانین له‌ئاینده‌دا 51%ى کورسه‌کانى په‌رله‌مان به‌ده‌ستبێنین و سیسته‌مه‌که‌ هه‌مووى بگۆڕین و حوکمڕانى وه‌رگرین، انشالله له‌کۆتایى ساڵى 2018دا خۆمان حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پێکدێنن.    

یه‌کگرتوو کێشه‌ى خێزانى بۆ هه‌ندێک له‌و ئه‌ندامانه‌ى درووستده‌کات که‌ حزبه‌که‌یان به‌جێدێڵن. هاوڵاتی ئه‌ندامانى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستان، کاتێک هێزێکى تر هه‌ڵده‌بژێرن بۆ کارى سیاسى روبه‌ڕووى کێشه‌ى خێزانى ده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ی له‌ناو ئۆرگان و میدیاکانى یه‌کگرتوو وا بڵاوده‌کرێته‌وه‌ که‌ خێزان و که‌سوکاریان له‌گه‌ڵیان نین و ده‌نگیان پێناده‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌بێ باج به‌سه‌ر یه‌کگرتوودا تێنه‌په‌ڕیوه‌. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ هه‌فته‌ى یه‌که‌مى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن، کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى که‌ «هه‌ڕه‌شه‌ى کوشتن» بکرێت له‌ حاجى کاروان کاندیدى ئه‌و حزبه‌ له‌ هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش به‌ وته‌ى خۆى. له‌ تازه‌ترین حاڵه‌تیشدا، ئه‌ندامێکى دێرینى ئه‌و حزبه‌ ده‌ستى له‌کارکێشایه‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى میدیایه‌کى یه‌کگرتوو بڵاویکرده‌وه‌ که‌ باوکه‌که‌ ده‌نگ نادات به‌ کوڕه‌که‌ى که‌ له‌ناو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕاندا خۆى کاندید کردوه‌ بۆ په‌رله‌مانى عێراق‌. ئه‌مه‌ کارێکى تازه‌ نییه‌ له‌ناو یه‌کگرتوودا، به‌ڵکو سه‌ره‌تاکه‌ى له‌ ساڵى 2014 رویدا، کاتێک میدیاو په‌یج و که‌سه‌ نزیکه‌کانى یه‌کگرتوو رایانده‌گه‌یاند که‌ بێخاڵ ئه‌بوبه‌کر ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسی یه‌کگرتوو، ده‌نگ به‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کرى براى نادات که‌ سه‌رۆکى لیستى گۆڕان بوو بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، به‌ڵام هه‌ڤاڵ زیاتر له‌ ٢٥٠ هه‌زار ده‌نگى هێنا. له‌ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌دا، مه‌سه‌له‌که‌ توندتربوو، کاتێک حاجى کاروان له‌ که‌ناڵى رووداو وتى محه‌مه‌د ره‌ئوف، ئه‌ندامى پێشووى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کگرتوو، که‌ ئێستا له‌ ناو هاوپه‌یمانییه‌، خیزانه‌که‌ى له‌گه‌ڵیدا نییه‌و ده‌نگ به‌و هێزه‌ نوێیه‌ نادات که‌ ئه‌وى لێیه‌. دواى رۆژێک له‌م قسانه‌، حاجى کاروان له‌ ڤیدیۆیه‌کى چه‌ند خوله‌کی دا وتى له‌ سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى کوشتنى لێکراوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى ناوى هه‌ڕه‌شه‌ کاره‌که‌ بهێنێت. حاجى کاروان به‌ چاکه‌تێکى قاوه‌ییه‌وه‌ ده‌رکه‌وت، که‌ قاوه‌یى ره‌نگى فه‌رمى یه‌کگرتووه‌. ئه‌و وتى مه‌به‌ستى له‌ وشه‌ى خێزان هاوسه‌رى «هیچ مامۆستایه‌ک» نه‌بووه‌ . ئه‌وانه‌ى ڕه‌نگى قاوه‌یى به‌جێدێڵن، یه‌کگرتووه‌کان سه‌ره‌تا پێیان ده‌ڵێن ئێمه‌ پێمانگه‌یاندن، دواتریش ده‌ڵێن به‌ ته‌نها رۆیشتووه‌و که‌سوکاریان ده‌نگیان پێناده‌ن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌م قسانه‌ ده‌بێته‌ هۆى کاردانه‌وه‌ى که‌سوکارى وازهێنه‌ره‌کان و پێیان وایه‌ ئه‌و قسانه‌ کێشه‌ بۆ ئاشتى ناو خێزانه‌کانیان دروستده‌کات. رۆژى 30ى نیسانن ئەمساڵ، باوکى یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆکى لیستى گۆڕان له‌ پارێزگاى سلێمانى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى خۆى له‌ یه‌کگرتوو راگه‌یاند، دواى ئه‌وه‌ى میدیاى یه‌کگرتوو بڵاویکرده‌وه‌، که‌ ده‌نگ به‌ کوڕه‌که‌ى نادات. محه‌مه‌د سادق، باوکى یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆکى پێشووى په‌رله‌مان که‌ یه‌کێکه‌ له‌ ده‌مه‌زرێنه‌رانى یه‌کگرتوو، دووشه‌ممه‌ى رابردوو وازهێنانى خۆى له‌و حزبه‌ راگه‌یاندو ئامه‌ژه‌ى به‌وه‌کرد، میدیاى یه‌کگرتوو لێدوانێکى ئه‌ویان به‌کارهێناوه‌ «دژى» کوڕه‌که‌ى. محه‌مه‌د سادق له‌ راگه‌یه‌نراوێکدا وتى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ بۆ «لێدانه‌« له‌ کوڕه‌که‌ى یوسف. محه‌مه‌د سادق که‌ ماوه‌یه‌ک ئه‌ندامى مه‌ڵبه‌ندى سلێمانى یه‌کگرتوو بووه‌، له‌ راگه‌یه‌نراوه‌که‌دا خۆى به‌ یه‌کێک له‌ دامه‌زرێنه‌رانى حزبه‌که‌ ناوبردووه‌، ده‌ڵێت «من له‌ ئێستاوه‌ بێبه‌رى بونى خۆم له‌و حیزبه‌ رائه‌گه‌یه‌نم». له‌ به‌شێکى ترى راگه‌یه‌نراوه‌که‌دا ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، که‌ کوڕه‌که‌ى  «نه‌زیهتره‌ له‌ زۆر له‌وانه‌ى که‌ خۆیان به‌ پێشه‌وا ئه‌زانن». ئه‌م قسانه‌شى وه‌کو پیشاندانى به‌هێزى خێزانه‌که‌ى پیشانداو فه‌زڵى حزبه‌که‌ى نه‌دا به‌سه‌ر ئه‌و کوڕه‌یدا که‌ یه‌کگرتوه‌کان به‌ که‌لله‌ڕه‌قى ده‌زانن، ئه‌مه‌ش به‌هۆى پێداگریى له‌سه‌ر هه‌موارکردنه‌وه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم له‌ ٢٠١٥دا که‌ یه‌کگرتوه‌کانى له‌ په‌رلەمان دابه‌شى دووبه‌ره‌ کرد. له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌، هاوڵاتى په‌یوه‌ندى کرد به‌ هادى عه‌لى وته‌بێژى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستان و دوو ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى ئه‌و حزبه‌، به‌ڵام هه‌رسێکیان وتیان که‌ هیچ که‌سێ: له‌ناو یه‌کگرتوو قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ناکات. عادل حه‌سه‌ن کادرێکى یه‌کگرتووه‌، سه‌باره‌ت به‌ بۆچوونى تایبه‌تى خۆى له‌سه‌ر باسکردن و ناوهێنانى خێزان و که‌سوکارى ئه‌ندامه‌ کۆنه‌کانى یه‌کگرتوو، به‌ کارێکى «ناشرین» ناوى بردو پێیوایه‌ بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بووه‌. عادل حه‌سه‌ن به‌ ‌هاوڵاتی وت «ئه‌وه‌ کارێکى تا بڵێى ناشرینه‌ که‌ باوکێک دژى کوڕه‌که‌ى به‌کاربهێنیت، هه‌م له‌ رووى دینى و هه‌م له‌رووى کۆمه‌ڵایه‌تى، هیچ باوکێک حاشا له‌ کوڕى خۆى ناکات تەنانه‌ت ئه‌گه‌ر کوڕه‌که‌ى زۆر خراپیش بێت». هه‌روه‌ها وتى «به‌بڕواى من هه‌ردوو جۆره‌که‌ (قسه‌کانى یه‌کگرتوو، وه‌ڵامه‌که‌ى باوکى یوسف محه‌مه‌د) بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌«. یه‌کگرتووى ئیسلامى له‌ په‌روه‌رده‌ى رێکخستنه‌کانى خۆیدا وشه‌ى (ئوسره‌) به‌کاردێنێت، که‌ به‌ کوردى به‌ واتاى خێزان دێت، مه‌به‌ست له‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وان سه‌ره‌تا تاک په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ن و دواتریش خێزان، پاشان کۆمه‌ڵگا. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٤ خۆی وەکو حزبێکی ئیسلامی ئیسلاحی لە کوردستان راگەیاند، مێژوی رێکخستنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو کە ئەوکات وەکو بەشێک لە رێکخراوی (ئیخوان موسلمین) بە نهێنی کاریان کردوە. یەکگرتوو بەشداری سەرجەم هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و عێراقی کردوە. لە ماوەی  ١٠ ساڵی رابردوودا چەندین ئەندامی وازیان هێناوەو پەیوەندیان بە هیزی ترەوە کردوە، کە دیارترینیان محمەد رەئوف و یوسف محمەدن، کە ته‌نها له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا یه‌کگرتوو کێشه‌ى خیزانى بۆ ئەو دوو کۆنه‌ ئه‌ندامەى خۆى درووستکرد. محه‌مه‌د سادق باوکی یوسف لەسەر ئەو ئه‌و قسانه‌ خۆى به‌ مه‌زڵوم ده‌زانێت و ده‌ڵێت کە کاتێك یه‌کگرتوو "به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى خۆیاندا ده‌که‌ن، ئیتر ئه‌بێت چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌له‌ سته‌مدیده‌یه‌ بکه‌ن». هه‌روه‌ها ده‌ڵێت «خوایه‌ تۆ خۆت ئاگادارى دڵى منیت، خۆت پشت و په‌ناى زوڵملێکراوانیت».

لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان پێشبینی ده‌که‌ن دوو کورسی پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین به‌ده‌ستبێنێت ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌کانیان په‌رته‌وازه‌ نه‌که‌ن. ڕاپۆرتی: پشتیوان جه‌لال بۆ به‌شداریکردنى له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، کورد له‌خورماتوو شه‌ش کاندیدی هه‌یه‌، به‌ڵام ململانێ له‌نێوان دوو کاندیدیاندایه‌ که‌ دابه‌شبوون به‌سه‌ر به‌ره‌ى مالکی و عه‌بادیدا، که‌ یه‌کێتى نیشتیمانى پشتگیریی یه‌کێکان ده‌کات و چوارلایه‌نى تریش به‌شداری ئه‌وی تریان ده‌که‌ن. ململانێ تونده‌که‌ له‌ نێوان کاندیدێکى کورد نێو هاوپه‌یمانێتى (نه‌سر)ى حه‌یده‌ر عه‌بادیه‌، که‌ هه‌ریه‌ک له‌ (گۆڕان، یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ، هاوپه‌یمانى) پشتیوانى لێده‌که‌ن. کاندیدى یه‌کێتیش (شه‌لال عه‌بدوله‌ که‌ پێشتر قایمقامى شاره‌که‌ بووه‌، ئێستا له‌سه‌ر (هاوپه‌یمانى قه‌ڵاى جه‌ماوه‌ری تیشتیمانى) پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دینه‌و به‌ هاوپه‌یمانیێکى نزیکى مالکی هه‌ژمارده‌کرێت له‌م پارێزگا سوننه‌یه‌دا. فه‌رمان عه‌بدوڵا به‌رپرسى لقى یه‌کگرتوو له‌ دووزخورماتوو له‌مباریه‌وه‌ به‌ هاوڵاتى وت»ململانێ له‌ نێوان دوو کاندیدا هه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ هه‌ردوکیان ده‌ربچن، له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌داین وا له‌ کوردانى شاره‌ک بکه‌ین ده‌نگ بده‌ن‌و نوێنه‌ریان هه‌بێت له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، چونکه‌ خه‌ڵک تاڕاده‌یه‌ک بێئومێد بووه‌، ناحه‌قیشیان نیه‌ ئه‌وه‌ى به‌سه‌ریان هات زۆربوو». به‌هۆى زۆرى کاندیده‌کان باس له‌ په‌رته‌وازه‌ بوونى ده‌نگى کورد له‌و شاره‌ ده‌کرێت، چونکه‌ شه‌ش کاندیدى کورد له‌ سنورى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین هه‌ن، ده‌نگى کورد له‌ چاو هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشوو که‌مى کردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئاواره‌بوونى کوردانى دووزخورماتوو له‌ دواى 16 ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌. هه‌ر له‌وباریه‌وه‌، مه‌لا که‌ریم به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى یه‌کێتى له‌ دووزخورماتوو به‌ هاوڵاتى وت «کاندیدى ئێمه‌ شه‌لال عه‌بدوله‌ وه‌ک یه‌کێتى، له‌ لیستێکى عه‌ره‌بى کاندیده‌ بۆیه‌ ئه‌مه‌لمان زۆره‌ که‌ ده‌نگ بێنێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ کورد شه‌ش کاندیدى هه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ هه‌وڵماندا که‌می بکه‌ینه‌وه‌ به‌ڵام نه‌ماتوانى». هه‌روه‌ها وتى»هه‌وڵى زۆرماندا له‌ گه‌ڵ حیزبه‌کانى تردا، چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌مان کرد له‌ ئاستى باڵاشدا بۆ ئه‌وه‌ى کاندیدى زۆرمان نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وان وایان ده‌زانى یه‌کێتى قاعیده‌ى جه‌ماوه‌رى شکاوه‌، ئاماده‌ییان نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ڕێکبکه‌ون». به‌ده‌ر له‌ کاندیدى هاوبه‌شى چوار لایه‌نه‌که‌و کاندیده‌که‌ى یه‌کێـتى، دوو کاندیدى کوردى هه‌ن که‌ وه‌ک سه‌ربه‌خۆ خۆیان کاندید کردووه‌، هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ک له‌ نه‌وه‌ى نوێ و حیزبى شیوعیش کاندیدیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى یه‌کێـتى بۆ هاولاتى ئه‌وه‌ى ڕاگه‌یاند که‌ تاکه‌ کاندیدى به‌هێز کاندیده‌که‌ى ئه‌وانه‌، که‌ به‌ وته‌ى ئه‌و «ئه‌گه‌رى ده‌رچوونى زۆره‌«. له‌ یه‌که‌مین خولى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقدا کوردانى دووزخورماتوو یه‌ک ئه‌ندامیان له‌و ئه‌نحومه‌نه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام دوو خولى دواتر نه‌یانتوانیووه‌ جارێکى تر ته‌نها یه‌ک کاندیدى تر بۆ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بنێرن، بۆیه‌ له‌ خولى چواره‌مدا ده‌یانه‌وێت هیچ نه‌بێت یه‌ک کاندیدى کوردى شاره‌که‌ له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن مافى کوردانى دووزخورماتوو به‌ده‌ستبێنێت. ئه‌مه‌ش له‌کاتیێکدایه‌ که‌ له‌ نێو ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دینیش کورد یه‌ک ئه‌ندامى هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانى عێراق ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى ئه‌نجومه‌نه‌که‌دا، که‌ بڕیاره‌ هه‌ر له‌مساڵدا ئه‌نجام بدرێت کورد ئه‌و کورسیه‌ش به‌ده‌ستنه‌هێنێته‌وه‌. له‌ دواىنه‌مانى زۆرێک له‌ هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى له‌و شاره‌وجێگرتنه‌وه‌یاتن له‌ لایه‌ن ( هێزه‌کانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا)، به‌شێک له‌ ماڵه‌ کورده‌کان له‌مانگى ڕابردوودا گه‌ڕانه‌وه‌ شاره‌که‌ى خۆیان، به‌ڵام هێشتا به‌شێکیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، بۆ ده‌نگدانیش ئه‌و ئاوارانه‌ هاوشێوه‌ى ئاواره‌کانى دیکه‌ى عێراق که‌ له‌ سنورى هه‌رێمى کوردستان نیشته‌جێبوون ده‌نگده‌ده‌ن. دکتۆر فه‌خره‌دین عه‌باس وتارخوێنى مزگه‌وتى کۆماری له‌ خورماتوو که‌ هێشتا ماڵه‌که‌ى نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ شاره‌که‌،به‌ هاوڵاتى وت «ده‌نگدان به‌ زه‌روور ده‌زانین، هانى خه‌ڵکى ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگ بده‌ن، به‌ڵام خه‌ڵکى به‌هۆى ئه‌و باروودۆخه‌ى به‌سه‌ریاندا هاتووه‌ زۆر نائومێده‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ له‌ میمبه‌ره‌کان و لایه‌نه‌کان و که‌سایه‌تیه‌کان به‌ کورد بڵێن ده‌نگبدات، چونکه‌ ئه‌مجاره‌یان ده‌بێت کورد هه‌وڵبدات نوێنه‌رێکى هه‌بێت، چونکه‌ له‌ ڕابردوودا نه‌مانتوانیووه‌ نوێنه‌رێکمان هه‌بێت». فه‌خره‌دین عه‌باس وتیشی «به‌هۆى زۆرى کاندیده‌کان ده‌نگى کورد په‌رته‌وازه‌ بووه‌، به‌ڵام هه‌ر ئومێدمان هه‌یه‌، که‌ کاندیدێک یان دووان ده‌نگ بێنن، چونکه‌ له‌ نێو ئه‌و لیسته‌عه‌ره‌بیانه‌دا ڕه‌نگه‌ به‌ پێنج هه‌زار ده‌نگ ده‌ربچن، که‌ به‌ پێشبینى ئێمه‌ نزیکه‌ى 20هه‌زار ده‌نگى کورد له‌ دووزخورماتوو هه‌یه‌«.  

هاوڵاتی ئەمین بەکر پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان کە هاوکات کاندیدی ژمارە ١٣ی بزوتنەوەی گۆرانە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت پێش ئه‌وه‌ى بچێتە په‌رله‌مان دۆخی دارایی باشتربووە له ئێستای، دەلێت «ئەمەش جێگه‌ى شانازیمه، چونکه‌ توانیوومه‌ ببه‌خشم نه‌ک پاره‌ کۆبکه‌مه‌وه»‌. ئەو کاندیدەی بزوتنەوەی گۆران لەم چاوپێکەوتنەی هاوڵاتیدا باسی ئەوە دەکات کە ئەوان بۆ جێه‌به‌جێکردنى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ده‌چنە پەرلەمان کە له‌ماوه‌ى ڕابردووداهه‌وڵیان بۆ داوە کە بریتین لە داواکاردنی مافه‌ ده‌ستوری و نه‌ته‌وه‌ییه‌‌کانى خه‌ڵکى کوردستان بە جۆرێک ئەو مافانە جیا بکه‌نه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى سیاسى. هەروەها دەڵیت کە ئەوان وەکو بزووتنەوەی گۆڕان هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵى یه‌کڕیزى دابوون، به‌ڵام دژى ئه‌وەش‌ بوون کە دواى لایه‌نێکى سیاسى بکه‌ون و به‌رنامه‌ى ئه‌و لایه‌نه‌ جێبه‌جێبکه‌ن.     ‌ هاوڵاتی: تۆ چوار ساڵ ئه‌ندامى په‌رله‌مان بوویت به‌ هه‌مان ڕێچکه‌ به‌رده‌وام ده‌بیت یان هه‌وڵى زیاتر ده‌ده‌ى بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌کان، به‌تایبه‌تى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌لیژنه‌که‌ى خۆته‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ لیژنه‌ى داراییه‌. ئەمین بەکر: به‌ڵێ من ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایم، به‌ڵام زۆرکات له‌ لیژنه‌ى داراییش ‌بووم، بۆیه‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌شم هه‌ڵبژاردووه‌ چونکه‌ ماسته‌ره‌که‌م له‌ ده‌ستوردایه‌ و دکتۆراکه‌شم له‌ یاساى دارایدایه‌، له‌ماوه‌ى ڕابردوودا کورد 16 بڕیارى ده‌رکردووه‌ له‌وانه‌ ده‌رکردنى سوپاى تورکیا له‌ هه‌رێم، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى باڵاى شۆڕش، پاره‌ى گه‌نمى جوتیاران .... هتد خۆشبه‌ختانه‌ به‌ته‌نها له‌و 16 بڕیاره‌ هه‌شت بڕیارى هی من بووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانى عێراق جوگرافیاى کارکردنم له‌به‌رچاوه‌ و کارى جددى ده‌که‌م. ‌ هاوڵاتی: تاچه‌ند هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌رنامه‌کانى گۆڕان جێبه‌جێبکه‌ن؟ ئەمین بەکر: ئیمه‌ بۆ جێه‌به‌جێکردنى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ده‌چین و له‌ماوه‌ى ڕابردووشداهه‌وڵى جدیمان دا مافه‌ده‌ستوری و نه‌ته‌وه‌ییه‌‌کانى خه‌ڵکى کوردستان جیا بکه‌ینه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى سیاسى دوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدار که‌ بوونه‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌ به‌رژه‌وه‌ندییه ‌گشتییه‌کانى خه‌ڵکى وه‌لا بنێن. ‌ هاوڵاتی: تا چه‌ند له‌ ئاست ئه‌و به‌ڵینانه‌دا ده‌بن که‌ ده‌یده‌ن به‌ ده‌نگده‌رانتان؟ ئەمین بەکر: ‌بێگومان ئێمه‌ تاقیکراوینه‌ته‌وه‌ و هه‌ر ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌شه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان شه‌ره‌فى ئه‌وه‌ى پێبه‌خشین جارێکى تر کاندید ببینه‌وه‌ دڵنیاین ئه‌و ئه‌مانه‌ته‌ى که‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر شانمان دیسانه‌وه‌ هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى ئامانجه‌کانیان بده‌ین . ‌ هاوڵاتی: قسه‌یه‌ک هه‌یه‌ ده‌ڵێت بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووه‌ لیسته‌کان یه‌ک هه‌ڵوێست بن، تاچه‌ند ده‌ستپێشخه‌رده‌بن سبه‌ینى یه‌ک هه‌ڵویست بن، به‌تایبه‌ت ئه‌و پرسانه‌ى که‌ په‌یوه‌ندى به‌ ژیانى خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌یه‌. ئەمین بەکر: له‌ ڕاستیدا ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ راست نیه‌، ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵى یه‌کڕیزى دابووین، به‌ڵام دژى ئه‌وه‌ بووین دواى لایه‌نێکى سیاسى بکه‌وین و به‌رنامه‌ى ئه‌و لایه‌نه‌ جێبه‌جێبکه‌ین و پارتى و یه‌کێتى ده‌یانویست ده‌سته‌واژه‌ى یه‌کڕیزى بۆ خزمه‌تى به‌رنامه‌و ئه‌جینداى خۆیان به‌کار بهێنن، بۆیه‌ ئێمه‌ دژى ئه‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ بووین، به‌ڵام چى به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکى کوردستان بووبێت ئێمه‌ هانده‌رو پشگیرى بوین. هاوڵاتی: ئه‌و پاره‌یه‌ى که‌ مانگانه‌ وه‌رتان گرت باس له‌وه‌ ده‌کرێت نزیک به‌ 26 ملیۆن دینارى مانگانه ‌بووه‌، ئێوه‌ له‌ چوار ساڵى رابردوو هیچ خزمه‌تێکتان پێکرد به‌ ده‌نگده‌ران و هه‌ڵسوڕاوانتان کرد؟ ئەمین بەکر: له‌ ڕاستیدا پاره‌ى پاسه‌وان پاره‌ى په‌رله‌مانتار نیه‌و پاره‌ى په‌رله‌مانتار به‌ پێى بروانامه‌یه‌ ئێستا په‌رله‌مانتارێک ئه‌گه‌ر به‌کالیۆریۆسى هه‌بێت نزیکه‌ى حه‌وت ملیۆن دینارێک ده‌بێت که‌ به‌شیکى بۆ خانه‌نشین و شتى تر ده‌ڕوات و ئه‌وه‌ى ترى ده‌مێنێته‌وه‌ وه‌ک بزوتنه‌وه‌ى گۆران به‌شێکى ده‌ده‌ینه‌ حزب و به‌ئه‌رکى سه‌رشانمانى ده‌زانین به‌ده‌ر له‌وه‌ش به‌ به‌رده‌وامى هاوکارى نه‌خۆش و خه‌ڵکانى ترمان پێکردووه‌، بۆ زانیاریش له‌ڕوى دارایى یه‌وه‌ دۆخى دارایی من پیش ئه‌وه‌ى بچمه‌ په‌رله‌مان باشتربووه‌ له‌وکاته‌ى که‌ په‌رله‌مانتار بووم، ئه‌مه‌ش جێگه‌ى شانازیمه، چونکه‌ توانیومه‌ ببه‌خشم نه‌ک پاره‌ کۆبکه‌مه‌وه‌. 

هەرێم جەعفەر ئه‌و پیاوه‌ى که‌ ئه‌ندازیارى کڕینى بۆرییە نه‌وته‌که‌ى هه‌رێمى کوردستانه‌، سه‌ره‌تا به‌ وه‌رگێران له‌ ریزه‌کانى سوپای وڵاته‌که‌ى ده‌ستى به‌کارکرد، دواتر گه‌یشته‌ ئاستێکى به‌رز له‌ناو حکومه‌تی روسیادا، ئه‌و ئێستا به‌ یه‌کێک له‌ نزیکه‌کانى ڤلادمیر پوتینى سه‌رۆکی روسیا داده‌نرێت.  ئیگۆر سێچین، به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمپانیاى روسنه‌فتى رووسی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى چه‌ند گرێبه‌ستێکى گه‌وره‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان و چه‌ند وڵاتێکى تر کردوه‌، له‌وانه‌ ڤه‌نزوێلا، له‌ لایه‌کى تره‌وه‌ چه‌ندین شتى سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ له‌ ژیانیدا هه‌یه‌. ئه‌و له‌لایه‌ک به‌ وه‌زیرى دووه‌مى ده‌ره‌وه‌ى روسیا ناوده‌برێت له‌ لایه‌کى تره‌وه‌ سه‌رمایه‌دارێکى گه‌وره‌ى روسیایه‌ که‌ به‌شێکى زۆرى پاره‌که‌ى بۆ خۆشگوزه‌رانى ژنه‌که‌ى ته‌رخانکردووه‌، به‌ڵام ئه‌و خیانه‌تى لێکردوه‌و دواتر کۆشکه‌کەی روخاندووە که‌ نرخه‌که‌ى ٥٠ ملیۆن یۆرۆ بووه‌. هه‌فته‌ى رابردبوو ئاژانسى رۆیته‌رز بڵاویکردووه‌ته‌وه‌ که‌ کۆمپانیاى روسنه‌فتى روسى بۆرى هه‌نارده‌کردنى نه‌وتى کوردستان-تورکیاى به‌ به‌هاى 1.8 ملیار دۆلار کڕیوه‌، ئه‌وه‌ش وایکردووه‌ روسنه‌فت رۆڵێکى سه‌ره‌کى بگێڕێت له‌ دانوستانه‌کانى نێوان به‌غداو هه‌ولێردا. ئه‌ندازیارى کڕینى ئه‌و بۆرییه‌ نه‌وته‌ ئیگۆر سێچینه‌، که‌ سه‌رۆکى کۆمپانیه‌که‌یه‌و هاوڕێیه‌کى نزیکى ڤلادمیر پوتینه‌، تاکو ئێستا سێچین سێ جار چوووه‌ته‌ به‌رده‌م دادگا به‌هۆى پێدانى «دیارى» به‌ وه‌زیرى پێشووى دارایى ڕووسیا، ئه‌لێکسى ئولیۆکایڤ، که‌ به‌هاکه‌ى دوو ملیۆن دۆلاربووه‌، به‌ڵام جارى چواره‌م به‌ بیانویى سه‌رقاڵى به‌ کاروباره‌کانى ئاماده‌ى دادگا نه‌بووه‌ که‌ ده‌بوو مانگى یانزده‌- تشرینى یه‌که‌مى ڕابردوو ده‌بوو ئه‌و دانیشتنى دادگایه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت. هه‌روه‌ها له‌ مانگى سێى ئه‌مساڵدا، سێچینى ٥٧ ساڵ دواى ئه‌وه‌ى زانى که‌ خێزانه‌که‌ی، ئۆلگا ڕۆژکۆڤاى ته‌مه‌ن ٣٢ ساڵ، په‌یوه‌ندى خۆشه‌ویستى له‌گه‌ڵ شۆفێرێکى پێشبڕکێى ئۆتۆمبێلی ئیتاڵى هه‌یه‌ به‌ ناوى فرانسیسکۆ پرۆڤێنزانۆ، ئه‌و کۆشکه‌ى که‌ به‌ بڕى ٥٠ ملیۆن یۆرۆ بۆ خاتوونى خێزانى کڕی بوو ڕووخاند، ئه‌مه‌ش به‌ پێى هه‌واڵێکى ماڵپه‌ڕى ده‌یلى مه‌یلى به‌ڕیتانی. هه‌روه‌ها ئه‌و یه‌خته‌ى که‌ بۆ ژنه‌که‌ى کڕی بوو ناوی نابوو (ئۆلگا) که‌ نرخه‌که‌ى (١٥١) ملیۆن دۆلار بووه‌، به‌ڵام دواى جیابووه‌نه‌وه‌یان ناوى یه‌خته‌که‌ى گۆڕى بۆ خۆشه‌ویستى ڕاسته‌قینه‌. ساڵى ڕابردوو سێچین توانى گرێبه‌ستێک له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێم واژۆبکات، به‌ جۆریک ئه‌و کۆمپانیایه‌ ببیته‌ کڕیارى نه‌وتى هه‌رێم بۆ ئه‌مه‌ش بڕى ملیارێک دۆلارى پێشوه‌خته‌ى به‌ هه‌رێمى کوردستان دا، که‌ له‌به‌رامبه‌ردا، ده‌بێت هه‌رێم تا ٢٠١٩ نه‌وتى بداتێ، به‌ڵام هه‌فته‌ى رابردوو کڕینى بۆرییه‌ نه‌وته‌که‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌ لایه‌ن روسنه‌فته‌وه‌ وه‌کو هه‌واڵێکى کتوپڕ‌ و پێشبینى نه‌کراو بڵاوبوویه‌وه‌. به‌پێى کۆمپانیاى روسنه‌فت و  چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق، ئامانجى ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ى روسنه‌فت ته‌نیا بازرگانى نییه ئاژانسى رۆیته‌رز له‌ راپۆرتێکدا بڵاویکردووه‌ته‌وه‌ که‌ له‌مانگى ئۆکتۆبه‌رى ساڵى رابردوو کاتێک قه‌یرانى سیاسى له‌هه‌رێمى کوردستانى عێراق له‌ ترۆپک دا بوو، نامه‌یه‌کى ئیگۆر سێچین، سه‌رۆکى کۆمپانیاى رۆسنه‌فتى روسی، گه‌یشته‌ وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق له‌به‌غدا. سه‌چین، له‌نامه‌که‌یدا که‌ رۆیته‌رز وێنه‌یه‌کى بینیوه‌، نوسیویه‌تى «حکومه‌تى به‌غدا هه‌ڵوێستێکى بونیاتنه‌رو خوازراوى له‌باره‌ى پرۆژه‌یه‌کى روسنه‌فت بۆ په‌ره‌پێدانى کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانى باشورى عێراق نیشان نه‌داوه‌«. به‌ڵام ڕۆیته‌رز ئاشکراى کردووه‌ که‌ له‌  سه‌ره‌تاى مانگى نیسانى ئه‌مساڵدا دادگا بڕیاریداوه‌ که‌ دانیشتنێکى نهێنى له‌گه‌ڵ سێچین به‌ڕێوه‌ ببات، به‌ بیانوى هه‌ستیارى بابه‌ته‌کان که‌ تیایدا سێچین به‌ بێ تاوان ده‌رچووه‌ و که‌یسه‌که‌ى داخراوه‌. سێچین له‌ سه‌ره‌تاى ژیانى فێرخوازى حه‌زى به‌ فێربوونى زمان هه‌بووه‌، فێربوونى زمانى پورتوگالى و فه‌ڕه‌نسى له‌ زانکۆى لینینگراد هه‌ڵبژاردوه‌. پاشان وه‌کو وه‌رگێڕ چوووه‌ته‌ وڵاتى مۆزه‌مبیق به‌وه‌ى یه‌کێتى سۆڤیه‌تى جاران پشتگیرى له‌ به‌ره‌ى ئازادى ده‌کرد له‌ کاتى جه‌نگى ناوخۆى وڵاتى مۆزه‌مبیق. ئۆلگا لەگەڵ فرانسیسکۆ پرۆڤێنزانۆ شۆفێرى پێشبڕکێى ئۆتۆمبێل له‌ ساڵى ١٩٨٤ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌مان زانکۆ و بڕوانامه‌که‌ى به‌ده‌ستهێناوه‌ و دوا به‌ دواى ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندى کردوه‌ به‌ ڕیزه‌کانى سووپاوه‌. ماوه‌ى دوو ساڵ خزمه‌تى سه‌ربازى له‌ ئه‌نگۆلا کردووه‌.  پوتن دواى ده‌ستبه‌کاربوونى به‌ سه‌رۆک کۆمار، ئه‌وى وه‌ک سه‌رۆکى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى شارى پیته‌رسبۆرگ ده‌ستنیشان کردوه‌ له‌ ساڵى ١٩٩٨، سێچین دکتۆراى له‌ ئابووریدا هێناوه‌ و نامه‌ى دکتۆراکه‌ى له‌سه‌ر پێشه‌سازى نه‌وت و کۆنترۆڵى حکوومه‌ت بوو له‌و باره‌یه‌وه‌. له‌ دواى ده‌ستبه‌کاربوونى ڤلادمیر پووتن وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانى ڕووسیا له‌ ساڵى ٢٠٠٠، سێچین چه‌ندین به‌رپرسیاره‌تى وه‌ک ڕاوێژکار و جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران  وه‌رگرتوه‌  و له‌ ساڵى ٢٠١٢ بووه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێکارى کۆمپانیا ڕوسنه‌فت. سه‌باره‌ت به‌ ژیانى ئۆلگا و جێهێشتنى سێچین، ڕۆژنامه‌ى ئیندیپێندنت سۆبێسێدنیکى ڕووسى ڕاپۆرتێکى له‌سه‌ر کردوه‌ و به‌ڵگه‌ ڤیدیۆیه‌کى ٦٣ خوله‌کیش سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان بابه‌ت دروستکراوه‌. ده‌رهێنه‌رى فیلم، ئاندرێى کۆنیاخین، ده‌رباره‌ى رووخاندنى ئه‌و کۆشکه‌ وتى  «ئه‌و بینا نوێیانه‌ داڕووخاون به‌ دیوار و ڕاگره‌کانه‌وه‌. زۆر خراپ دیاره‌. له‌ وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى که‌ بۆچى ئه‌و کۆشکه‌  نه‌فرۆشراوه‌ له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى به‌وجۆره‌ خاپوور بکرێت، ئاندرێ ده‌ڵێت «جیابوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئۆلگا بێ گومان برینێکى رۆحى بۆ دروستکردووه‌ بۆیه‌ بڕیارى داوه‌ ته‌واوى یادگارییه‌کان بسڕێته‌وه‌«. ئه‌و کۆشکه‌ى سێچین ڕووبه‌ره‌که‌ى چوار هێکتار(١٦ دۆنم)ه‌ که‌ ئه‌م ڕووبه‌ڕه‌ش له‌و یاریگایانه‌ زۆرتره‌ که‌ بڕیاره‌ یارییه‌کانى جامى جیهانى تێدا به‌ڕێوه‌بجێت ده‌یلى مه‌یل نووسیویه‌تى که‌ به‌وه‌ى نرخى ئه‌و کۆشکه‌ ٣٧.٥ ملیۆن پاوه‌نده‌، (52) ملیۆن دۆلار، به‌ گرانترین موڵکى ڕووسیا هه‌ژمار ده‌کرێت. ساڵانه‌ سێچین ٧.٥ ملیۆن پاوه‌ندى ده‌ستده‌که‌وێت له‌گه‌ڵ ٩.٦ ملیۆن پاوه‌ند وه‌ک پاداشت له‌ کاتێکدا ڕوسنه‌نه‌فت ساڵانه‌ ١٦.٩ ملیار داهاتى هه‌یه‌. هه‌روه‌ها نرخى ئه‌و یه‌خته‌ى که‌ به‌ناوى ئۆلگا بوو (١٥١) ملیۆن دۆلار بوو. ئه‌م به‌ڵگانه‌ له‌ لایه‌ن سه‌نته‌رى لێکۆڵینه‌وه‌ى ڕووسى (تى ئێس یو ئاى) بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ لایه‌ن سه‌رمایه‌دارى ڕووسى میخائیل خۆدۆرکۆڤسکى پاڵپشتى ده‌کرێت و به‌ هۆیه‌وه‌ ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ زیندانى کراوه‌. سێچین که‌ یه‌کێکه‌ له‌ سه‌رمایه‌داره‌ گه‌وره‌کانى روسیا، دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵى کڕینى بۆرییه‌ نه‌وتییه‌که‌ى هه‌رێمى کوردستان، هه‌ندێک له‌ میدیاکان باسیان له‌ لێهاتوویى سیاسى ئه‌م پیاوه‌ کرد که‌ به‌ وه‌زیرى دووه‌مى ده‌ره‌وه‌ى روسیا ناوده‌برێت. سێچین که‌ نزیکترین پشتیوانى ڤلادیمێر پۆتینى سه‌رۆکى روسیایه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ که‌ له‌به‌رامبه‌ر گرنگینه‌دانى به‌غدا به‌ کارکردن له‌گه‌ڵ روسنه‌فت، کۆمپانیاکه‌ى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کارده‌کات، که‌ حکومه‌تى هه‌رێم بایه‌خێکى زۆرى بۆ په‌ره‌پێدانى هاوکارییه‌ ستراتیژییه‌کانى له‌گه‌ڵ روسنه‌فت نیشانداوه‌. له‌ نامه‌که‌ى سێچیندا بۆ به‌غداـ هیچ ئاماژه‌یه‌ک به‌م پرسه‌ نه‌دراوه‌و روسنه‌فت به‌ڵێنیداوه‌ به‌ سه‌رمایه‌گوزاریکردن به‌ به‌هاى ملیاران دۆلار له‌ کوردستان، وه‌ک توڕه‌بوونێک له‌ به‌غدا. ئێستاش له‌برى پاشگه‌زبونه‌وه‌و بڕى سه‌رمایه‌گوزارییه‌که‌ى دووهێنده‌ کردوه‌. به‌پێى حه‌وت سه‌رچاوه‌ى ئاگادار له‌ پرسه‌که‌، سێچین ده‌ستێکى به‌هێزتره‌ له‌وه‌ى زۆربه‌ى به‌رپرسه‌ عێراقییه‌کان، ده‌یزانن. رۆژانى رابردوو، روسنه‌فت له‌ سه‌ودایه‌کدا له‌گه‌ڵ هه‌رێم، بووه‌ته‌ خاوه‌نى بۆرى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم بۆ تورکیا، به‌به‌هاى 1.8 ملیار دۆلار. به‌پێى کۆمپانیاى روسنه‌فت و چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق، ئامانجى ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ى روسنه‌فت ته‌نیا بازرگانى نییه‌، به‌ڵکو بۆ به‌هێزکردنى کاریگه‌ى سیاسى روسیایه‌ له‌عێراق و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.  ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ که‌ کۆنتڕۆڵکردنى ئه‌و بۆرییه‌ نه‌وته‌، رۆڵێکى سه‌ره‌کى داوه‌ته‌ روسنه‌فت له‌ دانوستانه‌کانى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراقدا به‌ ئامانجى سه‌ر له‌نوێ هه‌نارده‌کردنه‌وه‌ى نه‌وت له‌و کێڵگانه‌وه‌ که‌ به‌هۆى ریفراندۆمه‌که‌ى هه‌رێم و کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى ئه‌و کێڵگانه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقه‌وه‌ وه‌ستێنراوه‌. وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک به‌ کاریگه‌رى روسنه‌فت، به‌رپرسانى کورد وتویانه‌ ده‌ست به‌ هه‌نارده‌کردنه‌وه‌ى نه‌وتى ئه‌و کێڵگانه‌ ناکه‌نه‌وه‌و پاره‌که‌شى ناده‌نه‌ به‌غدا، ئه‌گه‌ر به‌غدا ئاماده‌ نه‌بێت پاره‌ى کرێى گواستنه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وت به‌ بۆرى هه‌رێمى کوردستاندا بۆ تورکیا، بداته‌ روسنه‌فت. جه‌بار لوعێبی، وه‌زیرى نه‌وتى عێراق دانى به‌ رۆڵى گه‌وره‌ى روسنه‌فتدا نا کاتێک له‌م مانگه‌دا چاوى به‌ ده‌سته‌ڕاسته‌که‌ى سێچین، دیدیێر کاسیمیرۆ له‌ به‌غدا که‌وت و وتى که‌ ئه‌وان ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ روسنه‌فت هه‌ماهه‌نگى بکه‌ن بۆ نوێکردنه‌وه‌ى بۆرى نه‌وت. زیادبونى هه‌ژموونى روسیا له‌کوردستان، جۆرێک له‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى جیۆپۆله‌تیکى دروست ده‌کات که‌ ناوچه‌که‌ به‌شێوه‌یه‌کى متمانه‌پێکراو له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا بووه‌ له‌ سه‌رده‌مى روخانى سه‌دامه‌وه‌. به‌غدا که‌ دان به‌ مامه‌ڵه‌که‌ى نێوان هه‌رێم و روسنه‌فتدا نانێت له‌سه‌ر ئه‌و بۆریه‌ نه‌وته‌، خۆى له‌ دۆخێکى قورسدا ده‌بینێته‌وه‌.  بارى دارایى حکومه‌تى عێراق به‌هۆى شه‌ڕى له‌گه‌ڵ داعش توشى گرفت بووه‌، بۆیه‌ پاره‌ى ته‌واوى له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ بۆ دروستکردنى بۆرى نه‌وتى نوێ له‌ کوردستانه‌وه‌ له‌کاتێکدا ته‌واو نیگه‌رانه‌ له‌ راگرتنى هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئه‌و ناوچه‌یه‌.

هاوڵاتی   هێشوو ڕێبوار، کاندیدى ژماره‌ 13ى پارتى له ‌پارێزگاى سلێمانى ئاماژه‌ به‌ کارو به‌رنامه‌کانى ده‌کات ئه‌گه‌ر بگاته‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و ده‌ڵێت که‌ هاوکارى دارایى قوتابیان و ژنان و رێکخراوه‌کانى مافى مرۆڤ ده‌کات. هێشوو ڕێبوار، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات که‌ هه‌وڵى زیاتر ده‌دات له‌ ئه‌ندامانى خولى سێیه‌مى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و به‌رگرى له‌ مافه‌ دارایی و ده‌ستورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات.   ‌ هاوڵاتی: چ به‌رنامه‌یه‌کت هه‌یه‌ وه‌کو کاندیدیکى پارتى که‌ده‌ته‌وێت بچیته‌ به‌غدا؟ هێشوو ڕێبوار: به‌ حوکمى پسپۆڕییه‌که‌م که‌ شاره‌زاییم له‌ مه‌له‌فى داراییدا هه‌یه‌، پرسى ئابوورى پرسێکى گرنگه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌کان ده‌گرێته‌وه‌، گه‌وره‌ترین کێشه‌ له‌نێوان هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى عێراق پرسى بڕینى بودجه‌ى هه‌رێم بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ یه‌کێک له‌ به‌رنامه‌ى کاره‌کانم ئه‌وه‌ ده‌بێت که‌ له‌کاتى هاتنى پڕۆژه‌ى بودجه‌ى عێراقدا داکۆکى له‌ ئه‌و خاڵ‌ و بڕگانه‌ ده‌که‌م که‌ مافى کورده‌ و تێنه‌په‌ڕاندنى بودجه‌که‌یه‌ به‌بێ ده‌نگى کورد، چونکه‌ له‌رابردوودا هه‌رێمى کوردستان به‌هۆى ئه‌و پرسه‌وه‌ تووشى قه‌یرانى دارایى بووه‌، تا ئه‌و کاته‌ى له‌ چوارچێوه‌ى عێراقى فیدڕاڵ بمێنینه‌وه‌ پێویسته‌ حکومه‌تى عێراق پشکى بودجه‌ى هه‌رێم وه‌ک خۆى له‌کاتى خۆیدا بنێرێت تا حکومه‌تى هه‌رێم موچه‌ و پێداویستییه‌کانى ترى پێدابین بکات. ‌ هاوڵاتی: به‌غدا له‌ئێستادا 317 ملیار بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت، ئێوه‌ بچنه‌ به‌غدا هه‌وڵى زیادکردنى ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى پاشه‌که‌وتى موچه‌خۆرانى هه‌رێم نه‌مێنێت؟ هێشوو ڕێبوار: ناردنى ئه‌و پاره‌یه‌ ته‌نها موسه‌کینێکه‌و چاره‌سه‌رێکى کاتییه‌، نابێت به‌غدا وه‌ک خێرێک ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ هه‌رێم بنێرێت، ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و به‌شه‌ بودجه‌یه‌ى به‌پێى ده‌ستور مافى هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستانه‌، به‌غدا ساڵانه‌ له‌بودجه‌ى عێراقدا بۆى دابین بکات. ‌ هاوڵاتی: تا چه‌ند کار له‌سه‌ر کارنامه‌ى پارتى ده‌که‌یت وه‌ک کاندیدێک له‌په‌رله‌مانى عێراق؟ هێشوو ڕێبوار: به‌رنامه‌کانى پارتى دیموکراتى کوردستان به‌رنامه‌ى گرنگ و خاڵى ستراتیژى له‌خۆگرتووه‌ و کۆده‌نگین له‌سه‌ر به‌رنامه‌کانى، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ پرسى ماده‌ى 140 ى ده‌ستور و چاکسازیى ئابووری و بێلایه‌نى سوپاى عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌کانى پارتی دا ئێمه‌ش بۆ خۆمان کۆمه‌ڵێک به‌رنامه‌ى گرنگمان هه‌یه‌، له‌وانه‌ لایه‌نى ئابوورى هه‌رێم به‌ گشتى باش بکه‌ین و کار له‌سه‌ر ژیانى ئابوورى گه‌نجان و ژنان ده‌که‌ین که‌ بژێوییان باشتر بکرێت. هه‌روه‌ها ئه‌و قه‌رزانه‌ى که‌ وڵاتانى نێوده‌وڵه‌تى ده‌یدات به‌ عێراق، پشکى هه‌رێمى کوردستانى تێدا بێت تا بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و ژێرخانى ئابوورى هه‌رێم خه‌رج بکرێت و سێکته‌ره‌ ئابوورییه‌کانى پێ به‌هێز بکرێت. هاوکات ئیش له‌سه‌ر قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ى هاوڵاتیانى هه‌رێم ده‌که‌ین له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و زیانانه‌ى رژێمى به‌عس داویه‌تى لێمان، قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ى که‌سوکارى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال و گونده‌کانى هه‌رێم ده‌که‌ین، ئێمه‌ ده‌زانین حکومه‌تى عێراق قه‌ره‌بووى هاوڵاتیانى عێراقى کردووه‌ته‌وه‌و ساڵانه‌ له‌بودجه‌دا بڕێک پاره‌ى بۆ ته‌رخان کردووه‌، به‌ڵام کوردى نه‌گرتووه‌ته‌وه‌ ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌که‌م. ‌ هاوڵاتی: وه‌ک کاندیدێک جیاوازیت له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى خولى سێیه‌مى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق چى ده‌بێت؟ هێشوو ڕێبوار: به‌پێى شاره‌زاییم له‌ بوارى ئابوورى کاره‌کانم ده‌که‌م و هه‌وڵى زیاتر ده‌ده‌م له‌ ئه‌ندامانى خولى سێیه‌مى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له‌پێشتریشدا که‌سانى زۆر سه‌رکه‌وتوومان هه‌یه‌ که‌ قسه‌ى خۆیان هه‌بووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ دواجار پێویستمان به‌  کۆده‌نگى سه‌رجه‌م فراکسۆنه‌ کوردییه‌کان ده‌بێت، به‌ته‌نها وه‌ک کاندیدێک که‌ بچمه‌ به‌غدا ناتوانم قسه‌ بکه‌م و ناگاته‌ جێى مه‌به‌ست، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کۆده‌نگى له‌نێوان فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کاندا هه‌بێت، کاره‌کانمان و فشاره‌کانمان زیاتر ده‌بن به‌تایبه‌ت بۆ پرسه‌ ستراتیژى و چاره‌نوسسازه‌کان که‌ په‌یوه‌ندى به‌ قوت و ژیانى هاوڵاتیانى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ وه‌کو پارتى ده‌ستپێشخه‌رى ده‌که‌ین بۆ کۆده‌نگى له‌نێوان فراکسیۆنه‌کاندا. ‌ هاوڵاتی: ئه‌و پاره‌یه‌ى وه‌ریده‌گریت که‌ گه‌شتیته‌ به‌غداو بویته‌ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، چى لێ ده‌که‌یت؟ هێشوو ڕێبوار: ئامانجم لایه‌نه‌ مادییه‌که‌ نییه‌ که‌ ده‌مه‌وێت بچمه‌ به‌غدا، بۆ خۆم مامۆستاى زانکۆم و موچه‌یه‌کى باشم هه‌یه‌، ئه‌و پاره‌یه‌ى له‌به‌غدا وه‌ک ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران وه‌ریده‌گرم هه‌تا بتوانم رێژه‌یه‌کى زۆرى به‌کارده‌هێنمه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵێک خزمه‌تکردن به‌تایبه‌ت له‌ خزمه‌تکردنى ئه‌و چین و توێژانه‌ى که‌ موعاناتیان هه‌یه‌ و ده‌زانین خه‌ڵکى هه‌ژار هه‌یه‌ هاوکارییان ده‌که‌م، هاوکارى ئه‌و رێکخراوانه‌ ده‌که‌م که‌ له‌بوارى مافى مرۆڤدا کار ده‌که‌ن، ئه‌و قوتابیانه‌ى که‌ ده‌خوێنن و ده‌رامه‌تیان باش نییه‌ هاوکارییان ده‌که‌م و ده‌ستیان ده‌گرم. ‌ هاوڵاتی: پێتانوایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کان یه‌کهه‌ڵوێست بن ده‌توانن فشار له‌سه‌ر به‌غدا دروست بکه‌ن؟ هێشوو ڕێبوار: هه‌موو کات وه‌کو پارتى ئه‌وه‌نده‌ى پێمان بکرێت هاوئاهه‌نگ ده‌بین، گوشارى سیاسى ته‌نها به‌ حیزبه‌که‌ى ئێمه‌ ناکرێت، به‌ڵکو ده‌بێت ئه‌و گوشارانه‌ له‌سه‌ر ئاستى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان و فراکسیۆنه‌کان هه‌بێت، تا به‌غدا داواکارییه‌کانمان جێبه‌جێ ده‌کات.

پشتیوان جەلال هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانى حزبه‌ ئیسلامییه‌کان کە له‌ ئه‌ده‌بیاتى خۆیاندا به‌ «برا» ناوده‌برێن، ده‌چنه‌ لوتکه‌ى هاوپه‌یمانێتییه‌کى نوێ، که‌ به‌رهه‌م ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتى یه‌کێتى پێکهێنا، دواى بێ هیوابوون له‌ حزبه‌کانیان، ئێستا ئه‌و ئه‌ندامانه‌ له‌وێ به‌ برا ناونابرێن بوون به‌ هاودید. هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى که‌ چه‌ند مانگێکه‌ دروستبووه‌ هه‌ندێک له‌ ئیسلامییه‌کان وه‌کو ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌ری ناسێنراون، له‌وانه‌ محه‌مه‌د ره‌ئوف ئه‌ندامی پێشووى مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کگرتوو، له‌گه‌ڵ ئارام قادر ئه‌ندامى پێشووى مه‌کته‌بی سیاسی کۆمەڵ. هه‌ریه‌که‌ له‌ ئارام قادرو محه‌مه‌د ره‌ئوف دواى به‌شداریکردنیان له‌ کۆنگره‌ى حزبه‌که‌یان له‌ نزیکه‌ى دوو ساڵى رابردودا، به‌هۆى به‌دڵنه‌بوونى ئه‌نجامه‌کانه‌وه‌ وازهێنانى رانه‌گه‌یه‌نراویان له‌ حزبه‌که‌یان ئه‌نجامدا، سه‌ره‌نجام له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ندێک ئه‌ندامى تری حزبه‌که‌یان برد، به‌تایبه‌تى کۆمه‌ڵى ئیسلامی. محه‌مه‌د ره‌ئوف پێشووتر خۆى کاندید کرد بوو بۆ ئه‌مینداری گشتى یه‌کگرتوو، به‌ڵام له‌ کۆنگره‌ى حزبه‌که‌دا ده‌رنه‌چوو، هه‌روه‌ها ئارام قادر دواى کۆنگره‌ ره‌خنه‌ى له‌خۆکاندیدکردنه‌وه‌ى عه‌لی باپیر گرت ‌و دوای ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌ندامێکى تردا هیچ پۆستێکیان له‌ناو حزبدا وه‌رنه‌گرت. له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ئه‌وه‌ بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ 80 ئه‌ندامى کۆنگره‌ی پێشوى کۆمه‌ڵ ئێستا له‌ناو هاوپه‌یمانێتیه‌که‌ى به‌رهه‌م ساڵحدان، ئه‌گه‌رچی کۆمه‌ڵ ئه‌وه‌ ره‌تده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ندامێکى پێشووى کۆمه‌ڵ که‌ ئێستا هاودیده‌ ده‌ڵێت ژماره‌که‌ زیاتره‌. دکتۆر موئمین زه‌ڵمى یه‌کێک له‌ کاندیدانى لیستى هاوپه‌یمانى، که‌ پێشتر کادرى کۆمه‌ڵى ئیسلامى بووه‌، له‌ باره‌ى ژماره‌ ئه‌و ئه‌ندامانەى کۆنگره‌ی پێشووى کۆمه‌ڵى ئیسلامى که‌ چوونه‌ته‌ نێو قه‌واره‌ى هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى، به‌‌ وت «ئه‌و ژماره‌یه‌ نه‌ک ته‌نها بۆ کۆمه‌ڵ، به‌ڵکو بۆ یه‌کگرتووش زۆر له‌وه‌ زیاتره‌«. له‌ناو ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه نوێیه‌دا ئه‌نجومه‌نێکى به‌ڕێوه‌بردن ‌و ئه‌نجومه‌نێکى گشتى هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌و  بازنه‌کانىو ده‌ڤه‌ر و شاره‌کان، به‌شێک له‌مانه‌ حزبه ‌ئیسلامیه‌کان پێکی ده‌هێنن، به‌وته‌ى موئمین زه‌ڵمی. هاوژین عومه‌ر به‌پرسى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى ره‌تیده‌کاته‌وه‌ که‌ ژماره‌یه‌کى زۆر چووبێتنه‌ ناو ریزه‌کانى هاوپه‌یمانێتیه‌وه‌و بڵاوکردنه‌وه‌ى ئه‌و قسانه‌ به‌ شه‌ڕی حزبێکى ئیسلامی تر ده‌زانێت له‌ دژی، به‌بێ ناوهێنانى حزبه‌که‌. ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه هه‌ریه‌که‌ له‌ یه‌کگرتوو و بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى پێکه‌وه‌ ده‌چنه‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه‌، بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی ناکۆکی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵی ئیسلامیداو له‌م رۆژانه‌شدا هه‌ندێک له‌ به‌رپرسانى بزووتنەوە‌ى ئیسلامی هێرشیان کرده‌ سه‌ر کۆمه‌ڵ و خودی عه‌لی باپیر ئه‌میری حزبه‌که‌. هاوژین عومه‌ر سه‌باره‌ت به‌ وازهێنانى ئه‌ندامانى کۆنگره‌ى پێشووى حزبه‌که‌ى، بە هاوڵاتی وت «وه‌ک شتێکى فەرمی نه‌مبیستووه‌، ئه‌وه‌ى من بیستوومه‌ په‌یجێکى سێبه‌رى حزبێکى ترى ئیسلامیه‌ که‌ بۆ گیانى ئێمه‌ دروستکراوه‌«. هه‌روه‌ها وتى «ناوى هه‌رچى ئه‌ندامى کۆنگره‌و کۆنفرانس هه‌یه‌ لاى منه‌، چونکه‌ من سه‌رۆکى لیژنه‌ى باڵاى کۆمه‌ڵى ئیسلامى بووم، تا ئێستا شته‌که‌ به‌و شێوه‌یه‌ نیه‌، حزب سه‌غڵه‌ت بوو بێت و بزانێ چه‌نى ڕۆشتووه‌ و چه‌نى نه‌ڕۆشتووه‌«. هاوژین عومه‌ر زیاتر وتى «ئه‌وانه‌ى رۆیشتوون و دیارن کۆمه‌ڵێکى که‌من، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى که‌ 20 ساڵ پێشتر کۆمه‌ڵ بووه‌و له‌و کاته‌وه‌ کارى سیاسى نه‌کردووه‌، ئه‌مانه‌ له‌سه‌ر کۆمه‌ڵ حیساب نابن». له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێیوایه‌ ئه‌وانه‌ى که‌ رۆیشتوونه‌ته‌ نێو هاوپه‌یمانیه‌وه‌ له‌ ده‌نگى ده‌نگده‌رانى کۆمه‌ڵ نابه‌ن، چونکه‌ پێیوایه‌ «ده‌نگده‌رى ئیسلامى ده‌نگ به‌ لیستێک یان قه‌واره‌یه‌ک ناده‌ن که‌ پاشگرى ئیسلامى هه‌ڵنه‌گرتبێت». هاوژین عومه‌ر وه‌کو به‌پرسی ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى کۆمه‌ڵى ئیسلامی ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ ده‌نگه‌کانیان له‌ 141 هه‌زار ده‌نگه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان، بۆ 220 هه‌زار ده‌نگ به‌رزده‌بێته‌وه‌، هۆکارى ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌ بۆ دوو خاڵ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، یه‌که‌میان زیادبوونى ته‌مه‌نى ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ پێشتر ده‌نگدان نه‌یگرتونه‌ته‌وه‌، دووه‌میشیان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ سیاسیانه‌ى حزبه‌که‌یه‌تى که‌ له‌ ڕابردوودا هه‌یبووه‌. هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌ یه‌کگرتووى ئیسلامی کوردستانه‌، که‌ دیارترینان که‌سیان محه‌مه‌د ره‌ئوفه‌، که‌ چۆته‌ ریزى ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئارام قادر وه‌کو ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌ری هاوپه‌یمانێتى ناوده‌برێن، هەر‌دووکیان له‌ سه‌ره‌تاى نه‌وه‌ده‌کانى سه‌ده‌ى رابردوو له‌ ریزى بزوتنه‌وه‌ى راپه‌ڕینى ئیسلامی بوون و به‌ نه‌هزه‌کان ناسراو بوون. محه‌مه‌د ره‌ئوف له‌ چه‌ند کۆنگره‌ى حزبه‌که‌یدا وه‌کو ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تى و مه‌کته‌بی سیاسی ده‌رچوه‌، دواتریش بوو به‌ وه‌زیری بازرگانى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ کابینه‌ى پێنجدا، دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش خۆى کاندیدکرد بۆ پۆستى ئه‌مینداری حزبه‌که‌ له‌ کۆنگره،‌ به‌ڵام ده‌رنه‌چوو. مسته‌فا عه‌بدوڵا به‌رپرسى ئه‌نجومه‌نى ناوخۆى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستان له‌باره‌ى کاریگه‌رى چوونى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ بۆ نێو ئه‌و قه‌واره‌ نوێیه‌، به‌‌ وت «ئه‌و خوشک و برایانه‌ى له‌ یه‌کگرتوو وازیان هێناوه‌و چوونه‌ته‌ ناو لیسته‌کانى تر به‌ تایبه‌ت هاوپه‌یمانى، ڕێژه‌که‌یان سنورداره‌و که‌مه‌و له‌ ژماره‌ى په‌نجه‌کانى ده‌ست تێپه‌ڕ ناکه‌ن، ئێمه‌ پێمانوایه‌ یه‌کگرتوو که‌ حزبێکى مه‌نهه‌جیه‌و خه‌ڵکه‌که‌ى له‌ ده‌ورى ستراتێژێک و مه‌بادیئێک کۆبوونه‌ته‌وه‌، کاتێک یه‌کێک له‌ کاره‌کته‌ره‌کانى یان کادیره‌کانى حزبه‌که‌ جێدێڵێت، کاریگه‌ریه‌کى ئه‌وتۆ جێناهێڵێت». سه‌رۆکى لیستى هاوپه‌یمانى له‌ پارێزگاى سلێمانى پێشتر ئه‌ندامى یه‌کگرتووى ئیسلامی کوردستان بووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى چه‌ند کاندیدێکى تری هاوپه‌یمانێنتیه‌که‌ پێشتر ئه‌ندامى یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵى ئیسلامی بوون. ئه‌ندامانى حزبه‌ ئیسلامیه‌کان له‌ ناو حزبدا به‌ برا و خوشک بانگ ده‌کرێن، به‌ڵام له‌ناو هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری بوون به‌ هاودیدو هه‌ندێکیان له‌ لوتکه‌ى به‌ڕێوه‌بردنیدان. هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری له‌ 10/1/2018 لە شاری سلێمانی، کۆنگرەی دامەزراندنی به‌ست و بەرهەم ئەحمەد ساڵح و تێیدا بە سەرۆکی قەوارەکە هەڵبژێردرا. بڕیاره‌ جگه‌ له‌ کۆنگره‌ى دامه‌زراندن، هاوپه‌یمانێتیه‌که‌ کۆنگره‌ى ژماره‌ یه‌کى خۆى ببه‌ستێت، ئیسلامیه‌کانى ناو هاوپه‌یمانێتیه‌که‌ ده‌یانه‌وێت هه‌ندێک له‌ پۆسته‌کانى و ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و ئۆرگانه‌کانى تر مسۆگه‌ربکه‌ن.

نەجات ئەحمەد لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان رایده‌گه‌یه‌نن پابه‌ند ده‌بن به‌ په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌فی هه‌ڵبژاردنه‌کان که‌ هه‌فته‌ى پێشوو له‌ نێوان لایه‌نه‌کانى هه‌رێمى کوردستان واژۆکرا به‌ چاودێریی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان، ئه‌مه‌ش بۆ رێگریکردن له‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر یه‌کترو ناوزڕاندنى یه‌کتری له‌ کاتى هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کاندا. ئه‌و لایه‌نانه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ گرنگى خۆى هه‌یه‌ که‌ به‌هۆیه‌وه‌ هه‌مووان ده‌توانن رێز له‌ ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن بگرن و پڕۆسه‌ى بانگه‌شه‌ش به‌ ئازادى به‌ڕێوه‌به‌رن، جیاواز له‌ ساڵانى رابردوو. په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌ف له‌ 24 خاڵى سه‌ره‌کى و چه‌ند برگه‌یه‌ک پێکهاتووه‌ که‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق بۆ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ کراوه‌، تیایدا جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندبوونى لایه‌نه‌کان ده‌کاته‌وه‌ تا رێز له‌ ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن بگرن و هه‌موویان پابه‌ندبن پێوه‌ى. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشوودا گرژی ده‌که‌وته‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان‌و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار توندوتیژی لێده‌که‌وته‌وه‌ تا ڕاده‌ى ئاستى به‌کارهێنانى چه‌ک و هه‌ندێک جاریش قوربانی لێده‌که‌وته‌وه‌، به‌ڵام دواى 10 رۆژ له‌ به‌رێوه‌چوونى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمى کوردستان، هێشتا بانگه‌شه‌یه‌کى ئارام به‌ڕێوه‌ده‌چێت. به‌شێک له‌ لایه‌نه‌کان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن گرنگى ئه‌و په‌یمانه‌ له‌وه‌یه‌دایه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ى که‌ واژووى کردووه‌ پابه‌ند ده‌بێت به‌ خاڵه‌کانى و هه‌فتانه‌ کۆبوونه‌وه‌ى نوێنه‌رى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووکان و کۆمیسیۆنى هه‌ڵبژارنه‌کانى عێراق و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان و نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى ناوخۆ  ئه‌نجام ده‌درێت هه‌ر لایه‌نێک سه‌رپێچى بکات، رێوشوێنى له‌به‌رامبه‌رى ده‌گیرێته‌به‌ر. سه‌لیم کۆیى به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌کانى کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان و ئه‌ندامى به‌شداربووى ئه‌و په‌یماننایه‌ به‌ ‌ وت «مۆرکردنى ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌،تا هه‌موومان رێز له‌ یه‌کتربگرین و له‌ کاتى بانگه‌شه‌کانمان هێرش نه‌که‌ینه‌ سه‌ر یه‌کتر و یه‌کتر نه‌شکێنین و رێزیش له‌ ئه‌نجامه‌کان بگرین». به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌کانى کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان وتیشى «گرنگى ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ نوێنه‌رى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووکان و کۆمسیۆنى هه‌ڵبژارنه‌کانى عێراق و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانى تێدایه‌ و هه‌فتانه‌ کۆده‌بینه‌وه‌ ئه‌وه‌ى روویداوه‌ له‌وێ باسى لێوه‌ ده‌که‌ین، هه‌ر لایه‌نێک پێشلکاریى ئه‌نجام دابێت، رووبه‌ڕووى ده‌کرێته‌وه‌ و نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى ناوخۆش حزوورى ده‌بێت تا رێوشوێنى یاسایی له‌به‌رامبه‌ردا بگیرێته‌به‌ر «. به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌کانى کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان که‌ خۆى واژووى له‌سه‌ر ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ کردووه‌، هێماى بۆ ئه‌وه‌ش کرد ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ مافى ئافره‌تانیش ده‌پارێزێت، به‌تایبه‌ت کاتێک هێرشى ده‌کرێته‌ سه‌ر و سوکایه‌تى پێده‌کرێت، ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ ده‌یپارێزێت. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشووى هه‌رێمى کوردستانى عێراق، گرژى و ئاڵۆزى زۆر ده‌که‌وته‌ نێوان هه‌واداران و لایه‌نگرانى حزبه‌ سیاسییه‌کانى به‌شداربوانى هه‌ڵبژاردنه‌کان، زۆرجار گرژییه‌کان کوژراو و برینداریشى لێده‌که‌وته‌وه‌. به‌ وته‌ى ئه‌و لایه‌نانه‌ى ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌یان واژوو کردووه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌و رووداوه‌ نه‌خوازراوانه‌ى  له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشوو دووباره‌ ده‌بووه‌وه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌. بێگه‌رد تاڵه‌بانى، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى نیشتانى کوردستان، ئه‌ندامى به‌شداربوونى ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌یه‌ و  واژووى له‌سه‌ر کردووه‌ به‌ ‌ وت «ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان پابه‌ندبن پێوه‌ى، خزمه‌ت به‌وه‌ ده‌کات که‌ ده‌نگده‌ره‌کانمان رێز له‌یه‌کتر بگرن و وابکه‌ن به‌ ئاراسته‌یه‌ک بانگه‌شه‌ بکه‌ین که‌ ئازادى یه‌کتر نه‌به‌زێنین و نه‌بێته‌ هۆى تێکدانى شیرازه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى و ململانێی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان». به‌ بڕواى بێگه‌رد، تاڵه‌بانى ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ کۆمه‌ڵێک بڕگه‌و ماده‌ى گرنگى تێدایه‌، بۆ ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان پاپه‌ند بکات به‌ شێوازو میکانیزمه‌کانى هه‌ڵبژاردن و رێزگرتن له‌یه‌کتر و ده‌رئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن و پارستنى ئه‌منییه‌تى هیچ هێزێک سنورى سیاسى هیچ هێزێکى دیکه‌ نه‌به‌زێنێت و هه‌مووان ئازاد بن له‌ چۆنیه‌تى بانگێشه‌ بۆ لیسته‌که‌ى خۆیان. ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌رکرایه‌تى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان ئه‌وه‌ى ره‌تکرده‌وه‌ که‌ ئه‌وپه‌یماننامه‌یه‌ وه‌ک به‌دیلێک بێت بۆ یاساى هه‌ڵبژارنه‌کانى عێراق و وتى «ئه‌مه‌ نابێته‌ به‌دیل بۆ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق و وه‌ک په‌یماننامه‌یه‌ک سه‌یر ده‌کرێت و واژوومان کردوه‌ تا هه‌موومان په‌به‌ند بین به‌ یاسه‌کانى هه‌ڵبژاردن» په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌ف سه‌ره‌تا له‌به‌غدا واژووکرا، دواتر له‌ هه‌رێمى کوردستان، نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان راسته‌وخۆ خۆى چاودێرى ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ ده‌کات و سه‌رپه‌رشتى ده‌کات و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ش ده‌کات که‌ مۆریان کردووه‌و له‌ په‌یماننامه‌که‌ لاده‌ده‌ن. هیمداد حه‌مه‌د عه‌لى رێکخه‌رى ژوورى په‌یوه‌ندى سیاسى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌‌ راگه‌یاند «گرنگى ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌  نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پێشلکاریى بکرێت و بوونى هه‌ر خروقاتێک واته‌ ته‌نزویر، ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ رێگرى لێده‌کات و ته‌ئکید له‌سه‌ر به‌ئاشتییانه‌ى ئاڵوگۆڕى ده‌سه‌ڵات  ده‌کاته‌وه‌  که‌ له‌ وڵاتێکى دیموکراسى بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت».  هیمدا حه‌مه‌د عه‌لى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ «نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ى هێناوه‌ هه‌م له‌ عێراق و هه‌و له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان دانیشتووه‌ و  واژوو کراوه‌، له‌ به‌غداوه‌ پێشنیار کراوه‌ که‌ تایبه‌تمه‌ندى بدرێت به‌ هه‌رێم، لێره‌ش  پێویسته‌ لایه‌نه‌کان له‌سه‌رى رێک بکه‌ون». رێکخه‌رى ژوورى په‌یوه‌ندى سیاسى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، پابه‌ندبوونى بزووتنه‌وه‌که‌یانی به‌م په‌یماننامه‌یه‌ راگه‌یاند و وتى» ئێمه‌ پابه‌ندبوونى خۆمان نیشانده‌وه‌ و  رێکه‌وتووین له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و به‌ندانه‌ و به‌ڵێنمان به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان داوه‌ که‌ پابه‌ند بین و وه‌ک بزووتنه‌ووه‌ى گۆڕانیش واژوومان کردوه‌« سه‌باره‌ى به‌وه‌ى ئه‌م  په‌یماننامه‌یه‌ تاچه‌د به‌دیلى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کانى کۆمیسۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق ده‌بێت، هیمداد حه‌مه‌د عه‌لى وتى «ئه‌مه‌ بۆ جێگره‌وه‌ى یاساى کۆمسیۆن نییه‌ و کۆمسیۆنیش نوێنه‌رى به‌شداره‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ئه‌مه‌ به‌ڵێننامه‌یه‌که‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌ سه‌رپه‌رشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و هه‌مووى مولزه‌م ده‌بیت پێوه‌ى»

هەرێم جەعفەر سعودیە دەیەوێت نرخی نەوت بگەیەنێتە ١٠٠ دۆلار و پێش دەچێت دۆناڵد تڕەمپ یارمەتییان بدات بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە. لە پشت پەردەوە، سعودیە هەوڵی ئەوە دەدات،  نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ ١٠٠ دۆلار بەرزبکاتەوە، ئەمەش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی خەرجی حکوومەتەکەی و بەرزکردنەوەی بەهای کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی سعودیە. پێشتر کۆمپانیای شێڵی ئەمریکی بەڵێنی دابوو کە نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەردەوام لە نرخێکی کەمدا بهێڵێتەوە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ماوەکانی ڕابردوودا پێچەوانەی ئەو بەڵێنە بووە. ئۆپیک بەردەوامە لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمێنانی نەوت، لە کاتێکدا داوا لەسەر نەوت ڕوو لە زیاد بوونە، ئەمەش بۆ دروستکردنی بازاڕێکی تووندڕە بۆ ئەو کاڵایەی پێی دەوترێت زێڕی ڕەش. ئاماژەکان وادەردەکەون کە تڕەمپ پێچەوانەی قسەکانی، هەوڵی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت بدات. لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی یو ئێس ئەی تودەی هاتووە، ئەمریکا نیازی هەیە لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوو پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران بکات کە مەبەست لێی گەڕانەوەی سزاکانی سەر ئێرانە. تڕەمپ ئەمەی بە کردەوە کردووە و کابینەکەی بەو کەسانە پڕکردۆتەوە کە دژی ئێرانن. بە گەڕانەوەی سزاکانى سەر ئێران، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان دەوەستێت ئەمەش کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی نەوت. ڕۆژنامەی جیهانی بلوومبێرگ ڕاپرسیەکی لە نێوان ١٧ گەورە کۆمپانیای نەوت کردوە و تیایدا پرسیویەتی کە ئایا سزاکانی سەر ئێران دەگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتە، لەسەدا٥٠ی ئەو کۆمپانیا نەوتیانە پێیان وایە کە ئەمریکا بەم نزیکانە سزاکان بۆ ئێران دەگەڕێنێتەوە، ئەمەش بەوەی جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەی ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ چیرپینگ، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری سی ئای ئەی کە دیاریکراوە بۆ وەزیری دەرەوە، بەردەوام دژی ئێران بە گوێی تڕەمپدا دەچرپێن. «ئەگەر بە بۆڵت بێت، سزاکان زیاد لە گەڕانەوەی ئابڵووقەکان دەبێت، ڕەنگە بیر لە گۆڕینی ڕژێمی ئێران بکاتەوە»هێلیما کرۆفت، سەرۆکی کۆمپانیای وەبەرهێنی ئەمریکی ئاڕ بی سی کاپیتاڵ مارکێت، بە بلوومبێرگی وت. پڕسیارە گەورەکە لێرە ئەوەیە، ئایا گەڕانەوەی سزاکانی سەر ئێران چی بەسەر هەناردەی نەوتی ئێران دەهێنێت؟ ئێران ١.٢ ملیۆن بەرمیل هەناردەی دەرەوە دەکات لە ڕۆژێکدا، کەمکردن یان وەستاندنی ئەم بڕە، کاریگەری ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر بازاڕی نەوت. بەڵام لە لایەکی ترەوە هەندێک بڕوایان وایە کە تڕەمپ ناتوانێت ئەو سزایانە بە تەواوی بچەسپێنێت، چونکە ئەو وەک ئۆباما خاوەنی پەیوەندییەکی بەهێز نیە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کە توانیان هەناردەی نەوتی ئێران بۆ یەک ملیۆن بەرمیل کەم بکەنەوە. لە ڕوویەکی دیکەوە تەماشای بکەین، ئەمریکا تەنها مەبەستی ئەوەی نیە کە کڕینی نەوتی ئێران قەدەغەبکات، بەڵکو دەیەوێت مامەڵەی ئەو کۆمپانیایانە لەگەڵ ئەمریکا قەدەغەبکات کە بەردەوام دەبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو وڵاتە. ئەمەش بۆ نموونە بۆ ئەوروپا و هیندستان بارودۆخێکی دژوار دروستدەکات کە دژی واشنت بوەستنەوە. بە واتایەکی دیکە، تەنانەت بە بێ هاوپەیمانەکانی، ئەمریکا دەتوانێت کاڵای ئێرانی بخاتە مەترسیەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێشبینیکردنی سیاسەتی تڕەمپ کارێکی ئاسان نیە، چونکە بڕیاری سزاکانی سەر ڕوزال، کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئەلەمنیۆمی ڕووسی، پێشبینی نەکراوبوو بەڵام ئاسانکاریی دەکات بۆ زیادکردنی تەنگەژەکانی بازاڕی نەوت. تەنانەت لە هەندێک بڕیاری تڕەمپدا دەردەکەوێت کە ئەو سەرۆکەی ئەمریکا گوێناداتە لێکەوتەی بڕیارەکانی. بۆ نموونە زیادکردنی باج لەسەر چەند بەرهەمێکی چینی کاردانەوەی وڵاتی چینی لێکەوتەوەو ئەوانیش باجیان خستە سەر گەنمەشامی و گۆشتی بەرازی ئەمریکا. لەکاتێکدا، کەرتی کشتووکاڵی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦،پشتگیری بەردەوامی دۆناڵد تڕەمپ بوون لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەگەر تڕەمپ بتوانێت بازاڕی کشتووکاڵ بەوجۆرە یاری پێبکات، ئەوا یاری کردن بە بازاڕی نەوت ئاسانترە بۆی، چونکە دواجار بەرزی نرخی نەوت لە بەرژەوەندی ئەمریکاشە بە کورتی وەک ئەوەی یو ئێس ئەی تودەی نووسیویەتی، لە چەند هەفتەی داهاتوو، ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و بەمەش کاریگەری زۆر لەسەر نرخی نەوت دروست دەبێت، ئەمەش هەنگاوێکە کە سعودیە دڵخۆش دەکات بەوەی نەوتەکەی جارێکی دیکە لە ١٠٠ دۆلار نزیک دەبێتەوە، لە وەڵامی ئەم هەواڵانەی ئەمریکادا، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، حەسەن ڕۆحانی، وەک ئەوەی لە تاران نیوز هاتووە، ڕایگەیاند «کە ئەوان خۆیان بۆ هەموو پێشهاتێک سەبارەت بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ئامادەکردوەو ناهێڵن کاریگەری بکاتە سەر خەڵکی ئێران.»