یەکێک لەو دەنگە ناسراو دیارانەی ناو دونیای شیعری ئێمە، کە ساڵانێکە بەرهەمەکانی دەخوێنینەوە، خاتوو (کەژاڵ ئەحمەد)ە، ئەو هێمن و لەسەرخۆ و عاریفانە ڕۆژ دوای ڕۆژ دەست لەملانی شیعرو دونیا تایبەتەکەی خۆی دەبێت. لەم دیدارەدا سەرنجەکانیمان دەربارەی شیعرو کاریگەری لەسەر دونیا و ئەو وەرگرت و پرسیمان. سازدانی: شاخەوان سدیق هاوڵاتی: شیعر یەکێکە لە گرنگترین و کۆنترین ئەو ژانرە ئەدەبیانەی کە بەدرێژای مێژوو لەگەڵ مرۆڤدا ژیاوە، نیچە پێى وایە (ئەسەفە کە ژیان شاعیرێک دروستى نەکردووە) بەبڕوای ئێوە ئەم گرنگیەی شیعر لە چییەوە ھاتوە. بۆ تۆ دەتەوێت شیعر بنوسیت و بۆ تۆ شیعر چییە؟ - شیعر چییە و گرنگییەکەی لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، پرسیاری زۆر کۆنن لە ھەموو سەردەم و زەمانێکدا شاعیران و فەیلەسوفەکان ئەو پرسیارانەیان لە خۆیان کردووە و لێکدانەوەی جیایان بۆ کردووە. خۆ دەبێت دوای بەسەربردنی زیاتر لە سی ساڵ لەگەڵ شیعردا ، منیش ئەو پرسیارەم لەخۆم کردبێت : ئەی شیعر تۆ چ نیشتمانێکی ئارامیی بەخشیت کە توانیوومە ئەو ھەموو ساڵانەت لەگەڵ بەڕێبکەم. لە کاتێکدا چەندین جار نیشتمانم بەجێھێشتووە و گەڕاومەتەوە بۆلای؟! پێدەچێت وەک عاشقێکی راڕا لەگەڵ نیشتمان ژیابم، بەڵام وەک ھاوسەرێکی ھەمیشەیی لەگەڵ شیعر! لەبەرئەوەی شیعر بۆ کەژاڵ ئەحمەدی ناخم ھەر گرنگ بووە و گرنگە. وەک ئەوەی رۆحم بێت. ئەمە بۆچوونی منە بەپێی ئەزموونی تایبەتی خۆم لەگەڵ ئەو ژانرە خاوەن مێژووە دێرینەی ئەدەب. لە سەرەتاکانی نووسینیشمەوە لە ناوەڕاستی ھەشتاکانەوە تا ئێستا خوێندنەوە و لێکدانەوەی کەسانی تر بۆ شیعر جێگای سەرنجە بۆم و دەزانم لە کۆی لێکدانەوەکاندا ئێستایش شیعر لە نێوان تاوانبارکردن و ئەستۆپاکیدا راگیراوە لەناو کۆمەڵگە جۆراو جۆرەکانی ئەم سەرزەمینە دیجیتاڵی و گەردوونیەدا، شیعر ھەندێ ھەناسەی پڕ لە حەسرەتی پێماوە. نیتشە کە بۆخۆی فەیلەسوف و شاعیر بوو یەکێک لە بۆچوونەکانی ئەوەیە کە شاعیران "ئاوەکە لێڵ دەکەن بۆئەوەی قووڵ دەربکەوێت"! واتا شاعیرەکان بەوە تاوانبار دەکات راستییەکان دەشارنەوە. وەک چۆن ئەفلاتوونیش تاوانبایکردوون بەوەی بنەما ئەخلاقییەکانی ئەو کۆمارە دەڕمێنن کە ئەو دەیوویست لە کۆمارەکەیدا ھەبن، ئەم بە گرنگ و بەپێویست نەزانینەی شیعر و شاعیران بەم بیرکردنەوە ئەفلاتوونییە لەم سەردەمەیشدا بە شێوەیەک لە شێوەکان شوێنکەوتووانی خۆی ھەیە. بەڵام شیعر بێ پشتیوانیش نییە، سوقرات وەک ئامرازی پێشکەوتنی مرۆڤ وەسفی دەکات و بەباڵاتر لە فەلسەفەشی دادەنێت. نەک ھەر شیعر ئەدەب بەگشتی لە لێکدانەوەی پەیوەست بە سەردەمە جیاکانەوە رزگاری نەبووە و ناشبێت، لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا چەمکی مردنی ئەدەب یان مەرگ دەق جێگای باسبوو، ھەڵگرانی ئەم باوەڕە پێیان وابوو ھیچی نوێ نەماوە بنووسرێت ئەوەی دەنووسرێت داڕشتنەوەی نوێیە بۆ ھەمان ئەو دەقانەی پێشتر نووسراون. پێیان وابوو ئەو دەقانە نەماون کە گۆڕانکارییان لەدنیادا بەرپا دەکرد، لەم ساڵانەی دواییدا نووسورێک بەناوی (یۆھان فایربر) بە کتێبی (دوای ئەدەب- نووسینەوەی سەردەم) بۆچوونێکی دیکەی خستەڕوو کە نەمردنی دەق رەتدەکاتەوە و نە نەمریشیی، لەو نێوەندەدا لێکدانەوەیەکی بەرھەمھێناوە کورتکراوەکەی ئەوەیە (ئەدەب دەمرێت وەک ھەلێک بۆ لەدایک بوونەوەیەکی تر) بۆچوونەکەی لەسەر پاکنووسکردنی نووسین بنیات ناوە و دەڵێت (ئەو لاپەڕەیەی نووسینێکی تیادا پاکنووس دەکەین دەبێتە گۆڕی دەقەکە و لەھەمان کاتیشدا شوێنی لەدایکبوونەوەی دەقەکەیە ) . بە بۆچوونی من ئەگەر (گۆران) ی مەزن ئەو بازە گەورەیەی بە شیعری کوردیی دابێت بەرەو ئازادبوون و سەردەمیانەبوون بەھەمان کەرەستە زمانیی و ھەستییەکانی سەردەمی کلاسیکەوە ھەمان کاری کردووە کلاسیکی ناشتووە لەو شوێنەی ھاوچەرخی خستۆتە بێشکەی لەدایکبوونەوە. لەڕاستیدا ھەموو لێکدانەوەکان بەوانەشەوە کە شیعر و شاعیر فڕێدەدەنە دەرەوەی جیھانەکانیان جەختکردنەوەن لەسەر گرنگی و کاریگەریی شیعر لەسەر ژیانی مرۆڤ وئەو ژینگەیەی تیایدا دەژی. ئینجا ئەگەر شیعر بۆ شاعیرێکی گەورە و بەئەزموونی وەک ئەدۆنیس ئەو گەرووە بێت کە ھەناسەی لێوەدەدات و بۆ ھەندێ نوسەری جیھانیش ئەو ژانرەبێت کە مرۆڤ توانای پێناسە کردنی نییە، شیعر بۆ من ئەو جیھانە گریمانەییەیە کە تیایدا دەژیم، ئەگەر نەبووایە ژیانم زەحمەت دەبوو. هاوڵاتی: (مارتیڤ ئەرنۆڵدە)ش دەڵێت" ئەدەب ڕەخنەی ژیانە" بەڕاستی ئێوە پێتان وایە ئەدەب و تێکستی شیعرى بۆ کاری ڕەخنەگرتنن لە ژیان، یان ئەدەب و شیعر خوڵقاندنی دونیایەکی نوێن لەو دیو ژیانی واقیعییەوە، بەگشتی پەیوەندی ئەدەب، بەتایبەت شیعر بە ژیانەوە چۆن دەبینن؟ - ئەدەب و تێکستی شیعریی ئامرازنین بۆ رەخنە گرتن لە ژیان لەوانەشە رەخنەگر بێت لە ژیان، ھیوادارم مەبەستەکەم گەیشتبێت. ئێمە رەخنە دەگرین، چونکە دەقی ئەدەبیی ژیانە لەسەر کاغەز یان لاپەڕە، بەڵام شیعر ئامڕاز و ئامانج نییە بۆ مەبەستێکی دیایکراو کە ڕەخنەیە. دەقی ئەدەبیی ئامانج و ئەرکەکانی فراوانترن و ناکرێت لەیەک ئەرکدا قەتیسبکرێت. پەیوەندیی ئەدەب بەگشتی و شیعر بەتایبەتی بە ژیان و مەرگیشەوە رەنگ و تام بە ئەدەب دەبەخشن، جۆری پەیوەندییەکەش ئاوێنەی ئەو سەردەمەن کە نووسەر تیایدا ژیاوە. كتێبی ( ئەدەب چییە) کەی (جان پۆل سارتەر) کە وەڵامی سێ پرسیاری جدیی تیادەداتەوە: ئەدەب چییە ؟ بۆچی دەنووسین ؟ بۆ کێ دەنووسین؟ زۆر جوان ئەم ھاوکێشەیە دەکات و لەنێو ھەموو ژانرەکانی ئەدەبدا بە تەنیا شیعری لە بازنەی پابەندبوون (الالتزام) دەرھێناوە و بارگاویی نەکردووە بە ھیچ جۆرە ئیلتزامێک و ئازادی کردووە و نەیکردووە بە ئامرازی ھیچ ئەرکێکی ئیجباریی. ئەمەی لە سەردەمێکدا خستەڕوو کە سەراپای جیھان بەھۆی بیری شۆڕشی ئیشتراکییەوە ئەدەبی وەک ئامرازی دژبە کاپیتالیزمی جیھانی و بەرەنگاربوونەوەی نادادپەروەریی چاولێدەکرد. ئینجا کاک شاخەوان ئەگەر ئەم پرسیارەت لە سەرەتاکانی دەرکەوتنمدا لێبکردمایە کە ھەڵگری بیروباوەڕیی مارکسی بووم وەڵامەکەم جیاواز دەبوو، من لەئێستادا پێم وایە شیعر و ئەدەب خودی ئەو ژیانەن کە ئێمەی نووسەر خوازیارین ھەبێت یان ئەو ژیانەن کە رەتیدەکەینەوە بەو شێوازەی ئێستای تیایدا بژین، ئەدەب و شیعر چەک نین بۆ کوشتنی دوژمن و نامەی دڵداریی نین بۆ بەدەستھێنانی دڵی دڵخوازەکەمان ئەو ئاوێنەیەکە بە ئامرازی بوونی خۆمان نیشاندەدات، من پێم وایە شاعیرەکان حیکایەتخوانی کارامەی سەردەمەکانی خۆیان و ئەفسونگەرە ناودار و ئایندە بینەکانی گەردوونن. ئەمە بۆچوونی منە بۆچوونی کەسێکی ئەم سەردەمە کە روانینێکی ئێستایی ھەیە، مەرجیش نییە ھەموو ئەوانەی باسی ئێستا دەکەن ھاوچەرخ و سەردەمییبن وەک چۆن مەرج نییە ئەوەی نووسەرێکی ئەم سەردەمە بێت نووسینەکانی ئێستایی و رەنگدانەوەی ئەو سەردەمە بێت کە تیایدا دەژیی. بە سەدان شیعر و شاعیرمان ھەن لە کۆندا دەقەکانیان چەقیوە و لە ئەمڕۆ و ئێستادا مرۆڤی ھاوچەرخ و سەردەمین.       هاوڵاتی: زۆر جار دەوترێت پرۆسەی نوسین بەسەرھاتی تەواو نەبووی ھەریەکێک لە ئێمەیە، یان کاتێک مرۆڤ دەستی بە ھێنانەدی خەونەکانی ناگات پەنا بۆ نوسین دەبات. بەڕاستی نوسەر بوون دواکارتی فشاری مرۆڤە بۆ بەردەوام بوون لە ژیان، یان نوسین بۆ دەستڕاگەیشتنی مرۆڤە بە ئاشنابوون بە دیوێکی کەی ژیان و کەشف کردنی دونیا یەکی نوێیە؟ - نازانم بۆ کەسێکی تر ھەستەکە چۆنە، بەڵام شیعر بۆ من ئەوەی دووەمییانە. واتە ھەوڵدانە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئاشنابوون بە دیوێکی دیکەی ژیان ودۆزینەوەی دنیایەکی نوێ، زۆر بەم دنیایە نەچێت کە تیایدا دەژین، دەتوانم بڵێم شیعر دنیای خەونە کوژراوەکانمە، چیرۆکە تاڵ وگۆشە ناشیرین و تاڵەکانی جیھانە راستەقینەکەمی تیادا دەگێڕمەوە و خواست و روانینەکانمی تیادا دەنووسمەوە کە لەوانەیە خواست و خەون و روانینی تەواوی میللەتێک یان تەواوی مرۆڤایەتیبن. پێم وایە لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشوودا بەڕوونی وتوومە نووسین چییە بۆ ژیانی من، بەڵام پرۆسەی نووسین لای ھەر نووسەرێک مەبەستێک دەپێکێت و لە شێوە گشییەکەیشیدا ئامانجێکی فراوانتری دەبێت. بۆچوونەکان زۆرن وەلێ نووسین بۆ ھەندێکمان وەک خوێندنی ئەو باڵندە دەنگخۆشەیە کە ئەگەر دەنووکی ببەسترێت و بخرێتە قەفەسێکەوە دەمرێت. ھەموو مرۆڤێک بەوانەیشەوە کە نووسەرنین گۆرانییەکیان ھەیە حەز دەکەن بیچڕن لەژیاندا ئەوانەی نووسەرنین گۆرانییەکە بۆ خۆیان دەڵێن و نووسەرەکان ھەموو دارستانەکە و زیندەوەرانی ئەرز و ئاسمان گوێی بۆ ھەڵدەخەن و مانایەک دەدۆزنەوە بۆ ژیانیان لەسەر زەوی. هاوڵاتی: ( ماغوت) لە دیدارێکدا دەڵێت"شاعیرە ڕاستەقینەکان شاعیری ژیانن، ئەو شاعیرانەن مەرگی باڵندەیەک و لێڵ بوونی جۆگەیەک، ھێندەی مەرگی مرۆڤێک نیگەرانیان دەکات، ئەم تێڕوانینە تا چەند لە ڕاستیەوە نزیکە لە کاتێکدا زۆرێک لە شاعیران تەنھا لەکاتی نوسینی شیعردا شاعیرن. - ماغوت لە ژیانی رۆژانەیشیدا شاعیر بوو، لە کۆتاییەکانی ژیانیدا بوو کە لەگەڵ (ھێرۆخان و د. شێرکۆ عەبدوڵڵا و فەخری کەریم) چووین بۆ سەردانی، لە شوقەیەکی سادەی شام دا لەسەر قەنەفەیەک کەوتبوو، لەسەر مێزەکەی بەردەمی ژمارەیەکی زۆر لە حەب و دەرمان ھەڵدرابوونەوە. رووانین و قسە و رەفتارەکانیشی شاعیرانەبوو. لەڕاستیدا (ماغوت و ئەدۆنیس و مەحمود دەروێش و سەلیم بەرەکات) ئەو قەڵەمانە بوون کە ساڵانێكی زۆرە لەو دیوو شاکارەکانیانەوە سەیری کەساتییە شیعر ئاساکانیان دەکەم، ئەگەرچی مەرج نییە شاعیران لەژیانی ئاسایشدا شاعیرانەبن، بەڵام بەپێی ئەزموون گەیشتوومەتە ئەو راستییەی ئەوانەی نووسەر و شاعیری راستەقینەن لە ژیانی رۆژانەشیاندا شاعیربوون رەنگدەداتەوە و رەفتاریان رەنگدانەوەی ئەو دنیایەن کە لە بەرھەمەکانیاندا بەریدەکەون. لەناو کوردا ئەزموونی (حەمە عومەر عوسمان) و تاکە دیوانەکەی (لەغوربەتا) شایستەی قووڵبوونەوەیە لە ھەڵسەنگاندندا، جارێک ویستم بزانم ئەو جەنەڕاڵی پایزەی کە پایز شان و ملی درەختێک رووت دەکات ئەم پاڵتۆکەی خۆیی لەبەردەکات، ئەم شاعیرە لە ژیانی ئاسایدا چۆنە، گەیشتم بەچەند چیرۆکێک یەکێک لەوانە ئەوەیە پاڵتۆکەی بەخشیووە بە سەگێکی تەزیووی کۆڵانێکی وەرزی زستان. ئەزموونێکی تری شاعیرانە ژیان ئەو چیرۆکەی مامۆستا (لەتیف ھەڵمەت) ە کە لە حەفتاکاندا بە رۆژی رووناک بەچرایەکەوە گەڕاوە، یان لە ھەشتاکاندا (ئەحلام مەنسوور) لە کۆڕێکی مامۆستا ھێمن دا چۆتە سەر شانۆ و ماچی داوەتێ لەوەڵامی ئەو شیعرەیدا کە دەڵێت "وەرە ماچم دەیە ماچی خودایی کەبێزارم لە ماچی سینەمای". ئایا لەبیرتانە یان بیستووتانە لە نەوەدەکان فەرھاد پیرباڵ بۆ راگرتنی شەڕی ناوخۆ چۆن بە ھەموو باوەڕێکەوە دەیوویست خۆی بسوتێنێت، ئایا شاعیرانە نییە کە مامۆستا شێرکۆ بێکەش وەسێتی کرد ولە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی نێژرا؟! ئەی بیستووتە چۆن خۆشەویستیی ژنە شاعیری رۆژھەڵات ژیلا حوسەینی بۆ دیداری شاعیرێکی گەورە لە رۆژێکی تەماویدا بە منداڵێكەوە لە سنەوە بۆ تاران دەچێت و لەرێگە خۆی و کۆرپەکەشی لەئەنجامی وەرگەڕانی ئوتۆمبێلی ھاوسەرەکەیدا کۆچی دوایی دەکەن، چیرۆکەکانی شاعیرانە ژیان و مردن زۆرن و ئەوەمان بۆ دووپاتدەکەنەوە کە شاعیر و نووسەرە راستەقینەکان بەشێوەیەکی خۆڕسک ژیانیشیان شاعیرانە دەبێت. هاوڵاتی: کاتێک بەر نوسین یان دەقێکی تۆ دەکەوین لەگەڵیدا بەر دونیایەک خۆزگ و هیواوى نوێ و وێنەى شتەخوانەکان بە زمانێکى سادەو بێگرێوگۆڵ دەکەوین، دەمەوێت بپرسم زمانی جیاواز یان جیاواز نوسین، تاچەند بۆ نوسەر گرنگە؟ ئایا زمانی جیاواز مەرجە بۆ پرۆسەی داھێنان؟ - ئەدەب خۆی کارکردنە لە سەر پانتایی زمان و شیعر باشترین ئەسپی تاودراوی ئەو ناوەندەیە بۆ دەرخستنی ھونەر و جوانییەکانی زمان و ئاست و توانای زمانەوانیی نووسەر. ئەو نووسەرەی خاوەنی زمانێکی جیاواز نەبێت نابێتە خاوەنی مێژوویەکی ئەدەبیی جیاواز لە نووسورانی سەردەمەکەی خۆیی و ئەوانی پێش خۆی و ئەوانەیش کە لە ئایندەدا دێن. بەشێکی زۆر لە ناوداریی و گەورەیی شاعیرێکی وەک نالی کارکرنە جیاوازەکەی بووە لەکایەی زمانی کوردیدا، کاری نوێگەرانەی ئەم شاعیرە ئەوە بوو بەشێوەزارێک تێکستی شیعری کوردیی نووسی کە لەسەردەمی خۆیدا زۆر سەرزەنشت کراوە لەسەری بەڵام دواتر بەو ھەنگاوە جەریئەی چۆتە مێژووی ئەدەبی کوردییەوە. ئەگەرچی شێوازەکەی کوردییەکی سۆرانی تەواو پەتی نییە و کاریگەریی زمانی عەرەبی و تورکی و فارسی پێوەدیارە، بەڵام ئەم ھەنگاوەی نالی زۆر گرنگ بووە بۆ دامەزرانی پایەکانی نووسین بەشێوەزارێکی نوێی کوردیی خۆئەگەر شیعری نالی بەشۆڕشێک لەبواری زمانی شیعریدا سەیربکەین ئەوا عەبدوڵڵا گۆران بە شۆڕشێک لەبواری فۆڕم و زمانیشدا چەند ھەنگاوێکی کە شیعری کوردیی بەرەوپێش بردووە. با ئەوەش بڵێم کە نالی لە وەڵامی لۆمەکارەکانیدا وتوویەتی:" کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆی کوردییە خۆ کردییە، ھەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مانا دەکا" بەم شیعرە نەمرەی کە ھەر ئەو چەند کۆپلەیەم بیرماوە کاری پاڵەوانانەی خۆی لەناو مەیدانی زمانی شیعر نووسیندا کردووە بەمێژوو بۆ نەوە شیعرییەکانی دوای خۆی. لە ھاوچەرخەکانیش ئەزموونی مامۆستا شێرکۆ بێکەس دیارترینە، بەرھەمە ناوازەکانی ئەو فەرھەنگێکی دەوڵەمەندی زمانن. ئەسڵەن زمانی نووسین لای کاک شێرکۆ وەک ئەو قوڕە لەبارەیەیە کە دەیتوانیی ھەموو توحفەیەکی سەرسوڕھێنەری لێ دروستبکات. وەستاکانی زمانی کوردیی لەبواری ئەدەب و شیعردا کەم نین و ھەر شاعیرێکی دیار خاوەنی زمان و شێوازی نووسینی تایبەت بە خۆیەتی. ھەروەھا گروپە ئەدەبییەکانیش جیاوازییان لە نووسیندا بەشێکە لە ناسنامەیان ھەر بۆ نموونە: گروپی کفریی یان نووسەرانی روانگە یان رەھەندییەکان یان تەمبور قوڕییەکانی ھەولێر و ئەوانی دیکەیش ھەوڵدانیان بۆ کارکردن لە پانتایی زمانی کوردیدا جیاواز و جیاکەرەوەیش بووە. ھەر ئەو جیاوازیی نووسینەیشە دەبێتە ناسنامە بۆ نووسەرەکە، ئەگەر سەبارەت بە ئەزموونەکەی خۆم پرسیارم لێدەکەیت بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی پسپۆڕە ئەکادیمییەکانی جیھان و کوردستان سەبارەت بەشیعری من وتوویانە وەک (ئینگەر ئونستساد) ی مامۆستای کۆلێژی ئاداب لە ئۆسلۆ و (ئالانا لیڤنسون ماری لابروس) ی مامۆستای زانکۆی ئەمریکی و سەنتەری وەرگێڕانی شیعری جیھانی لە لەندەن و پرۆفیسۆر دکتۆر (عیزەدین مستەفا رەسوڵ و خاتوو لەیلا عەتاڵڵا) ی لێکۆڵەر وشاعیری مەغریبیی لەگەڵ زۆرێک لە ناوی درەوشاوەی تر، پێیان وایە خاوەنی زمانی نووسینی جیاواز و ژنانە و تایبەت بە خۆمم.  لەوانەیە بۆ شاعیرێکی مێینەی ناو پانتاییەکی رۆشنبیریی پیاوانە ئاسانتر ئەو جیاوازیی زمان و تایبەت بوونەی دەق ھەست پێبکرێت، بەڵام لەوباوەڕەدام ھیچ داھێنانێک لە دنیادا نییە خاوەنی جیاوازیی لە زمان و شێوە و دەربڕینیدا نەبێت. هاوڵاتی: زۆر جار باس لە قەڵەمى (نێر و مێ) دەکەوێت، لە پرۆسەى نوسینا، تۆ تاچەند بڕوات بە نوسینى (نێرانە و مێیانە) هەیە، پێتانوایە ئەوو دووقەڵمە لەنوسیندا جیاوازن، یان نوسین هەر نوسینە جا نوسەرەکەى نێربێت یان مێ؟ - بڕوای تەواوم بە نووسینی ژنانە ھەیە، بەڵام بەو مانا سادە و ساویلکەیە نا کە ئەو تێکستە ژن نوسیوویوتی یان پیاو. باشترین ئەمەیە جیاکاریی کاتێک یەکێک باڵاتر لەویکە دابنێین بەھۆی رەگەز یان نەتەوە یان ئاینەوە، ئەدەبی ژنان بەومانایە پشتیوانیم کە زمانێک ھەیە سەربە جیھانی ژنە لەم دنیایەدا کە ژن چەوساوەیە وھێشتا پلەدووە. زمانێک ھەیە زمانی پیاوە، کەباڵا دەست و خۆسەپێن و خۆ بەپلە یەک زانە. ئێوە ئەو پیاوانەتان پێ چۆنە کە لە شەست و حەفتاکاندا و لە سەر شانۆ و لەتەلەفزیۆنی رەش و سپیدا رۆڵی ژنیان دەبینی خۆ ھەندێکیان ھەرزۆر سەرکەوتوو بوون، بەڵام ئایا دەیانتوانی قەناعەت بە منداڵێکیش بکەن ئەوان ژنن؟ نەخێر نەیانتوانی ھەردەبووایە ژنان بێنە سەر شانۆ و لەتەلەفزیۆنە رەش و سپی و رەنگاورەنگ و دیجیتاڵەکانەوە دەربکەون و رۆڵ ببینن، ئەدەب و شیعریش بەھەمان شێوەن، (نزار قەببانی) لە زمانی ژنەوە زۆر شیعری جوانی نوسیووە و شاعیری کوردی واماشمان ھەن ھەموو شیعرەکانیان بۆ ژنە، بەڵام ھیچکام لەمانە جیھانی راستەقینەی ژن وێنا ناکەن. وەک ئەوەیە بمانەوێت قەناعەت بە خەڵک بکەین گوڵی دەستکرد دەتوانێت جێگرەوەی گوڵی سروشتی بێت. ھاوڕێم ئێمەی ژن لەکۆمەڵگەیەکی رۆژھەڵاتیدا بە ئومێدێکی دوور لە واقیع و بە وتنی قسەیەک کەدەڵێت ئەدەب رەگەزی نییە و نابێت بەسەر ژنانە و پیاوانەدا دابەش بکرێت، نابین بە پلە یەک یان ھاوشانی پلەیەک. تا ژنکوشتن ھەبێت، تا دوورخستنەوەی مێینە ھەبێت لە بوارەکانی رۆشنبیریی و ژیان، زمانی ژنانە لە ئەدەبدا یەکێک دەبێت لە ئەگەرە حەتمییەکان کە دەبێت ھەبێت. ژن دەبێت ئەدەبیاتی ژنانە پەرەپبدات و خۆزگە دەیتوانی باوەڕی پێی ھەبێت. پیاو پێویستی بەوەنییە ھەوڵبدات ئەدەبیاتی ھەبێت لەبەرئەوەی ئەدەبیاتی کوردیی تاپۆی رەشی پیاوەکانی بواری ئەدەبە تاک و تەرا دەنگی ژن دەبیسترێت لەو تاک و تەرایەش ھەمووان بە ژمارەیەکی کاریگەری بوارەکە دانانرێن! بەڕای من نووسین ھەر نووسین نییە، ژن بینووسێ یان پیاو. لەبەرئەوەی تایبەتمەندیی قەڵەمی ژن لە گێڕانەوەی ئەو ئەزموونانەدا کە بەتەنیا رەگەزی مێ پێیدا تێپەڕیووە بەدرێژایی مێژوە قوڵترین و کاریگەرترینە. پرۆسەی دووگیانی و منداڵبوون بۆ ژن ولە بەرامبەر ئەمەشدا ھەستی پیاو کە بەکۆرپەیی لەلایەن دایکییەوە لە رەحمێکی ئارامەوە فڕێدراوەتە ناو دنیایەکی دڵڕەق و بێڕەحم. کە گەورەش دەبێت بە ھەموو ھێزیەوە ئەم مەخلوقەی ناوی پیاوە ھەوڵدەدات بگەڕێتەوە ناو ئەو ئارامییە لەرێگەی خۆشەویستی و ھاوسەرگیرییەوە و شکست دەخوات و باڵا دەستێکی تۆڵە سێنەوەی لێ دەردەچێت، ژنیش کە لەپای میھرەبانییەکانیدا ھەر دڵڕەقی دەچنێتەوە لە دەوروبەری رادەوەستێت و بەگومانەوە لە دنیا دەڕوانێت. ئیتر ئەم دوو ھەستە مەگەر ھەر دوو رەگەزەکە خۆیان بتوانن باسیبکەن. ژنان و پیاوان بەدوو ھەستی جیاواز و ئاڵۆزەوە لەیەک جیھانی ھاوبەشدا دەژین و بەھۆی کۆدی خۆ گونجاندنەوە درێژە بە پێکەبوون ئەدەن. نووسین ئەو ئاڵۆزکاوییە تەواو خاو دەکاتەوە، بەمەرجێ ھەردوو رەگەزەکە بەزمانی رەگەزی خۆیان باس لەھەستەکانیان بکەن نەک کۆیلە لاسایی سەردارەکەی بکاتەوە. بەلامەوە مەبەستە ئەگەر ناوەکەشم لەسەر شیعرەکەم نەنووسم بەلای کەمەوە بزانرێت ئەمە شیعری ژنێکە. ئەگەر نەشزانرا کە شیعری (کەژاڵ ئەحمەد)ە. ئەو رەگەزی مێیەی لە رۆژھەڵاتدا ترس لە خێزان و پیاوانی عەشیرەت لاڵی کردووە یان کردوویەتی بە کەسێک ھەموو ھەستەکانی بە باشیی بشارێتەوە ئیتر چۆن ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت لەبواری نووسیندا ئازاد و ئازا بێت ؟! زۆر کەمن ئەوانەی دەوێرن خۆیانبن لەسەر کاغەز و لەژیانی رۆژانەیشدا. هاوڵاتی: زۆرجاران ڕەخنە لە نوسەرە خانمەکان دەگیرێت بەتایبەت لە شیعر نوسەکان کە ئەوخانمانە بە بەکارهێنانى ووشەى ئیرۆتیکى و جنسى و جەستەیەکان سەرنجى خوێنەران ڕادەکێشن بۆ ئەوەى زۆربخوێنرێنەوە، ئێوەبۆچونتان لەم بارەیەوە چۆنە؟ پێتان وایە ئەو ڕەخنانە بێبنەمان و ئەوە جوانى دونیاى خانمان خۆیان و نوسین و دەقە یان ئەوە دیدى پیاوسالارانەى کۆمەڵگایە یان نەخێر ڕاستەو زۆرێک لە قەڵمى لاوازى هەندێک خانمە ئەو هەلە دەقۆزنەوە بۆ خۆێندنەوەیان و سەرنج ڕاکێشان مەبەستمە دیدى تۆبزانم. - رەخنەکە لەشوێنی خۆیدایە، ئەگەر بەڕاستی دۆخەکە بەوجۆرە بێت کە باسیدەکەیت. سەردەمانێک ئەو کاتانەی خاتوو (شیرین کاف) بەرپرسی ئەدەب و ھونەر بوو، بەمجۆرە دەقانەی دەوت: (عەرزی عەزەڵاتی جورئەت) واتا نمایشکردنیی لەشجوانیی جورئەت، ئەم شیعرانە نەدەچوونە قاڵبی داھێنانەوە بەڵام ئارەزووی پیاوانیان دەجووڵاند و قەرەباڵغییان لە دەوری خۆیان دروست دەکرد. پیاوی شاعیریش ھەن بە باسکردنی ھەمیشەیی جەستەی ژن لەشیعریاندا یاریی لەسەر پەتی ئەو ھەست و ئارەزووانەی خوێنەردەکەن، بەڵام مەرج نییە دەقی نەمر و شاکاری ئەدەبیبن. نزار قەببانی لە دیدارێکدا دەڵێت: ناوبانگی ھەندێک وەک ناوبانگی سەماکارەکانی سەمای رۆژھەڵاتییە کە دەتوانن قەرەباڵغیی سەیر لە دەوری خۆیان دروستبکەن بەجۆرێک ھیچ نووسەرێکی گەورە نەتوانێت ئەو ھەموو جەماوەرەی ھەبێت بەڵام ناتوانێت وابکات تاسەر بەو تامەزرۆییەوە لە دەوری بمێنن. کەواتە کاری نووسەری راستەقینە وروژاندنی دەوروبەر نییە پێشەوایەتی کردنی جەماوەر و خوێنەرەکانیەتی بەرە و ئامانجێکی روون و ئایندەیی. پێم وانییە رەخنەیەکی بێ بنەماو دیدێکی پیاوسالارانەی لەپشت نیە ئەگەر باس لە ناشیعرییەت بکرێت لەو دەقانەی بەشیعر حسابیان بۆ دەکرێت ھەر لەبەرئەوەی نووسەرەکانیان ژنن و باسی جەستەی خۆیان دەکەن بۆ وەوژاندنی بەرامبەر نەک لەپێناوی خوڵقاندنی دەقێک. لەدوو ھەزارەکاندا باسی ئەو جۆرە نوسەرانەمان دەکرد، کە قەڵەمی لاواز بوون، بەڵام زیاتر لە نووسەرێکی گەورە گرنگییان پێدەدرا، ئەمانە نەتوانیان بمێننەوە بۆ ئەمڕۆ نە بەو نووسینانە توانیان سەرنجی ناوەندەکانی وەرگێڕان و چاپ و بڵاوکردنەوە جیھانییەکان بۆلای خۆیان رابکێشن، لەبەرئەوەی داھێنان و ناوبانگی راستەقینە شتێکی زیاتر لەدەھۆڵ کوتانی راگەیاندنەکان و لە ختوکەدانی ئارەزووە رووکەشەکانی پێویستە. بە زمانێکی ناپوختی کوردیی و توێشوویەکی خاڵیی لە مەعریفەت و ھەڵوێستی شاعیرانەی ئەو سەردەم و زەمانەی تیایدا دەژین نابینە نووسەر و شاعیری راستەقیینە، ناوبانگ بەرپرسیارێتیەکە قوربانیدان و زەمان و زەمینەی لەبار دروستیدەکات و کاری بەردەوام و نوێگەریی بەردەوامییەکەی مسۆگەر دەکات. نووسەری راستەقینە چ نێر بێت یان مێ رۆژگار دروستیدەکات. دەکەوێتە بەردەم تاقیکردنەوەی سەخت و رۆژانی تاڵ کە تیایدا کەسانێک ئەو مەودایەی تۆ بە سەختی بڕیووتە زۆر سانا پێی بگەن. لەیەکێ لەشیعرەکانی دیوانی بەندەری بەرمۆدا دا وتوومە:  "ئەوەی کە من بەنیووەی تەمەنم سەندم . یەکێکی تر، بەدەرخستنی لاسکی ستیانەکەی وەریگرت"!!! نائومێدیی لەو دوورییەدا نییە کە ھەندێ کەس بە وروژاندن کورتیدەکەنەوە، نائومێدیی ئەوەیانە قوربانیدان و رەنجی چەند ساڵەی میللەتێک بەقووربانی لاسکی ستیانێک بکرێت!

دلێر محەمەد نووری  رەنگە هیچ شتێک لە سەر ئەم گۆی زەوییە هێندەی قۆناغەکانی مێژووی کورد لە یەک نەچن. ئەم مێژووە ئەوەندە دووبارەیە گۆڕینی ناوی کارەکتەرەکانی وشوێنەکان و کاتەکانیش تۆزقاڵێک کۆمەکی ناکەن لەوەی کەمێک ئەگەر بە ئاستەمیش بێت؍ خەت وخاڵ وشێوەی دەموچاوی قۆناغەکانی لە یەک دووربکەونەوە.ئەم قۆناغانەی مێژووی کورد کۆپییەکی هێندە کووشندەن ولە بەریەکگرتنەوەیەکی هێندە ترسناکن کە خودی کارەکتەرەکانیشی کە خۆیان داهێنەرین ڵەو دووبارە بوونانە تێناگەن ووانەیەکی ئەوتۆی لێ وەرناگرن تا هەنگاوی داهاتوویان لە هەڵگری هیچ گەرایەکی میحنەتەکانی دوێنێ نەبن. کورد لەو کەمە نەتەوانەیە کە لە هەموو قۆناغکانی مێژووی خۆیدا سوننەتەکانی پێشووی پیادە دەکاتەوە وزۆربەی خەلک وەکو خزمەتکارو مورید ژیاوە بۆ بتە شکاوەکانی دوێنێ و بتە درووستکراوەکانی ئەمرۆی؍ بە جۆرێک هەر سە رۆکێک کە خۆی دروستی دەکات هەموو هیواکانی تا پلەی قودرەتی ئیلاهی بە پێوە هەڵدەواسێت. کاتێکیش پێچەونەکەی بۆدەردەکەوێ بتەکەی خۆی تێک ئەشکێنی وساتێک بێ هیوا ولە وەهمدا دەژی تا کاتی درووستکردنی بتێکی تازە وپەرستنی بە هەمان سوننەتەکانی پێشووەوە. لە بەرەبەیانی مێژووەوە شۆڕببەرەوە تادەگەیتە رۆژی ئەمڕۆمان ڕاستی ودروستی ئەم گریمانەیەت بۆ روون دەبێتەوە. ئەمە کرۆکی بیرۆکەی ڕۆمانی دەریاس ولاشەکانە. وەهمی سەرەکی مێژووەیەکی دوور ودرێژی کوردە کە هەر گەیشتنە لووتکەیەک بەداڕمان ووەهمێک کۆتایی دێت. بەختیار عەلی هاتووەلە دووتوێی رۆمانەکەیدا ئەم ڕاستییە تاڵانە بەرجەستە بکات. هەرچەندە من دەرچووی بواری زمان وئەدەبی کوردیم؍ بەڵام ئەم تێکستەم بە ڕەخنەیەکی ئەدەبی رووت لێ وەرمەگرن؍ هیندەی ئەوەی کەچەند وردە سەرنجێکی بچووکە لە هەندێ ڕەمزی ناو ڕۆمانەکە کە سەرنجی منی بۆخۆی بردبوو. ئەوەی من هەستم پێکردبێت نووسەر پەنجە بۆ قۆناغی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەرینی هەرێمی کوردستان ڕائەکێشێت و زۆری ئاماژەکان بۆ سەرۆک و سەرکردەی حزبە کانی کوردستانە؍ جا وەکوو خوولقێنەری ئەو مێژووە بێت . یان مێژوو مێژووی خەڵکە و بە جۆرێک لە جۆرکان خەڵکی خۆی عەرشێک دادەمەزرێنێ و سەرۆکێک لە وێنەی خودا دەخاتە سەر عەرش و لە قۆناغێکی تردا هیوای بەم خودایەش نامێنێت وبە سەرپەرشتی خودایەکی تازە هەوڵی تێکشکانی بتی سەرۆک یان خودا کۆنەکە دەدات؍ یان هەر نەبیت لە سەر عەرش دەیهێنێتە خوارەوە.نووسەر لە لاپەرە ۵ و٦ و۷ ودواتریش بە گێڕانەوەیەک دەستمان ئەگرێت و دەمانباتە ناو ڕۆمانەکەوە کە باس لە هێنانەوەی تەرمی سەرۆکێک ئەکات کە شانزەساڵە بە ئەمانەت نێژراوەو لە مەراسیمێکدا ئەهێنرێتەوە بۆ خاکی وەتەن. بە هەندێ سەرنجی سەیرو هەندێ جار دژبە یەک کە لە ڕووانگەی خوودی خەڵکەکە خۆی سەرچاوەی گرتبوو؍ دەیەوێت بینینی خەڵک بۆ سەرۆک نیشانبدات لەو کات ودەڤەرەدا. هێنانەوەی تەرمی سەرۆکێک دوای شانزەساڵ لە مردنی لە مەراسیمێکی پڕ شکۆدا؍ لەولاشەوە ئەلیاس کە دواتر ئەبێت بە کاراکتەرێکی سەرەکی رووداوەکان لاشەی ئەو سەرکردەیەی وەکو دارجگەرەیەکی رزیوی بێ بایەخ تەماشا دەکات و ئەو بۆ کەسێکی دی دەگەڕا تا بیکا بە سەرۆکی خۆی وهیواکانی پیا هەڵواسێت. لە سەرێکی دیکەشەوە باسکردن نووسەرلە ژمارەی زۆری سەرۆکەکان و مردنی لەناکاوویەک لە دوای یەکیان وتێگەیشتنی حیزبەکان لەوەی کە هەمیشە پێویستە سەرۆکی یەدەک وخەزنکراویان هەبێت وشەڕی سەرۆکەکان لە سەر موڵکایەتی ئازادی ورزگاری و دانانی گۆرستانی تایبەت بە سەرۆکەکان دەیەوێت گرنگی سەرۆکمان لای ئەم میللەتە بۆبخاتە ڕوو کە مەحاڵە شۆرش بە بێ سەرۆک هەڵگیرسێ وسەررێبکەوێت. لە باسکردن لە تەرمی قەمەرخانیشدا کە دوای شانزە ساڵ لە مردنی تێکنەچووە و بۆنی مردووی لێ نایات و لە کەسێکی نووستوو ئەچوو تا مردوو. درووستکردنی ئەم هالەیە لە موعجیزە سەیرکردنی خەڵکیمان نیشان ئەدات بۆ سەرۆک جیاواز لە سەیرکردن بۆ مرۆڤێکی ئاسایی؍ کە دواتریش لە کەسایەتی ژەنەرال بیلال و تارماییەکەشی جوانتر ڕەنگدەداتەوە. کە هەندێک لە سیفەتی نەمری یان خوایی بوون پێئەبەخشێت لە ڕۆمانەکەدا کە لە ڕاستیدا وا نییە و بەڵام بۆ بەردەوامی دان بە ڕێبازی سەرکردەیەک پێویستی بە جۆرێک لە نەمرییە. بۆ زیاتر پاڵپشتی ئەو بۆچوونەشم سەرنجتان بۆ گفت وگۆیەکی نێوان مامۆستا مەردان و دەریاس ڕادەکێشم لە لاپەڕە ۸۹ کاتێ مامۆستا بە دەریاس دەڵێت ( خەڵک ئەسڵەن ئایینیان بۆ گرنگ نییە؍ لە راستیدا هیچ بیروڕاو ئەفکارێکی دونیاشیان بۆ گرنگ نەماوە....خەڵکی ئێرە شتێکیان دەوێت بیپەرستن؍ خودا بە تەنها بەشیان ناکات...گەر خودا بە تەنها بەشی بکردینایە نەدەکەوتینە عیبادەتی شتی تر...)ئەمەش ئەو دەرئەنجامەیە کە بەختیار عەلی ویستوویەتی ل ڕێگەی ئەم ڕۆمانەوە بیگەیێنێ؍ کە ئەرکی سەرۆک وخودا بە جۆرێک تێکەڵ بووە کە خەڵکی چاوەڕوانی تواناوقودرەتی ئیلاهی لە سەرۆک ئەکەن و تا ئەو ڕادەیەی کە باوەڕێکی ئەوتۆیان بە تواناکانی خوداش نییە ولە گۆڕانکارییەکانی ژیاندا ئەوە خودایە کە لە سەرۆکدا بەرجەستە بووە لەم سەرزەمینە تا دونیایان بۆ بگۆڕێت. کاتێکی سەرۆک دەمرێت یان دەکوژرێت یاخود پەیام وئەرکەکەی بە هەر هۆکارێک بێت ناگات ئەوا وەهمێکی کووشندە؍ بێ ئومێدییەکی ڕووخێنەر؍ بێ هیوابوونێکی ڕەش سەرتاسەری کۆمەڵگا دادەگرێت؍ وەک ئەوەی نەک تەنها سەرۆک بەڵکو خوداش جێیهێشتبن. رێگەم پێ بدەن بۆ ئەوەی لە بیرۆکەکە نزیکتان بخەمەوە ووتەیەکی فرۆید بە نموونە بهێنمەوە کاتێ لە باسی ئاییندا لە کتێبی (ئاینده ی وەهم ١٩٢٧) کە شیکارییەکی دەروونییە لەبارەی سەرهەڵدان وپێشەوەچوونی ئایینەکان، دەڵێت ئایینەکان هیچ نین جگە لە وەهمێک کە لە هیوایەکی قووڵی مرۆڤ سەریهەڵداوە بۆ پاراستنی خۆی. بە ڕای فرۆیید ئایین لە لای تاک لە گرێی ئۆدیبەوە سەریهەڵداوە کاتێک لە ململانێیدا لەگەڵ سرووشت وشارستانییەت ومەرگدا پێویستی بۆ خوا پەیدادەبێت، هەروەک پێویستی مناڵ بۆ باوک.. تد نەتەوەی کوردیش بەو پێییەی یەکێکە لەو نەتەوەدەگمەنانەی کە سەرڕای هەبوونی زمان وخاک وکولتورو کۆی پێداویستییەکانی تری سەربەخۆبوون؍ کەچی تا ئەمرۆش لە وەهمی دەوڵەت بوون وئازادیدا دەژی. هەربۆیە هەمیشە بە دوای فریادرەسدا گەڕاوەو هەر لە خوداوە تا ڕاپەڕین وشۆڕش وچالاکی چەکداری وسیاسی وکۆبوونەوە لە دەوری سەرۆک وڕەمزی نەتەوەیی..هتد هەتا ئەمڕۆش هیچکام لەوفریادرەسانە لە وەهم وبێ هیوابوون لەولاوە هیچی تری بۆ بەرهەم نەهێناوە. من نموونەیەکی سادەی خەڵکێکی سادەی هەشتاکان دەهێنمەوە بۆ ئەو بێهیوابوونە؍ لە کۆتایی هەشتاکاندا کە کورد لەوپەری نائومێدی و تێکشکاندا بوو بەرانبەر بە رژێمێک لە ئەوجی سەرکەوتنەکانیدا بە سەر کورددا چەندین جار نەنکی خۆمم بە سەر بەرماڵەوە گوێ لێ بووە کە ووتوویەتی خوایە تۆ ئەم ستەمە دەبینی؟ ئەی بۆ بە جواب نایەیەت؟ دەیان ڕەخنە وگازەندەی تریش...هەمان بێهوابوون وهەمان وەهم بەرانبەر بە مێژوو؍ حیزب؍ سەرکردە؍ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هەبووە وکراوە. لە خەیاڵدانی دەریاس ولاشەکاندامەودایەکی فراوان بۆ حیزب وسەرۆک بەرانبەربەئایین وخوداوەند دانراوە. نووسەری ڕۆمان بەمەبەست وەها ئەم گوزارشتانەی ئاوێتەی یەکتری کردووە کە خوێنەر لە قوولایی خوێندنەوەدا لێکیان جیا ناکاتەوە ولە ناو هزریدا بێ گوێدانه مانای تایبەتی خۆیان ووشەی خواوەند ئەبەستێتەوە بەسەرۆک وحیزبیش وەکو ئایین تەماشا ئەکات و فەرمانەکانی زۆر پیرۆزتر لە هەر شتێکی تر ئەبینێت ئەمەش بە روونی هەست پێ دەکەین کاتێک لە ناشتنی تەرمی ژەنەرال بیلالدا ئەلیاس ئامادە نابێت لە مەراسیمی ناشتنی دایکی ئامادەبێت. دەبینین هەرچەندە بابەتی سەرەکی ماددەکە باس لە ڕووداوی مێژوویی وململانێی حیزبی وسیاسی ئەکات کەچی فۆڕمی ئایین وخواوەند له نێو هەر لاپەڕە وپنتێکدا وجودییان هەیە بەڵام لە بەرگی سەرۆک وحیزبدا. نووسەر لەمەیاندا بەبێ ویستی خۆمان ڕاممان دەکات بۆ باوەڕهێنان بەوەی له سەردەمی ئەم ڕووداوانە بە ڕادەی پەرستن خەڵکی سەرۆک وسەرکردەکانی حیزبی دەپەرست وملکەچی وبەندەیی خۆی بۆ دووپات دەکردنەوە، وەبە ئەندازەی پیرۆزی ئایین پەیڕەوی لە پرۆگرامەکانی حیزب کردووە. بە گشتی ئەم وەهمانەی کە پەیوەستکراوە بە سەرکەوتنەوە لە زیهنییەتی تاکی کورد؍ وای کردووە نووسەر کارێکتەری سەرەکی رۆمانەکەی بۆداتاشێت کە ئەویش دەریاسە ودکتۆرای هەیە لەمێژووی وەهم؍ لە ئەوروپاوە گەڕاوەتەوە بە گوومانێکی گەورەوە تا سەر لەم وەهمە دەربکات.

ئۆرکێسترای سیمفۆنی تۆرنتۆ یەکێکە لەئۆرکێسترا گەورەو شایستە ئەکادیمییەکانی جیهان لەئاستی ئۆرکێسترا بەنێوبانگەکانی ئەمریکاو کەنەدا-دایەو ساڵانە بەبەشداری چەندین موزیکدانەرو کۆمپۆزەرو موزیکژەنی بەتوانای کەنەدی‌و جیهانی چالاکییە هونەرییە ئەکادیمیی‌و جیهانییە بەرزەکانی پێشکەشدەکات. لەدرێژەی چالاکیە هونەریاکانی هونەرمەندی مۆسیقادانەرو پیانۆژەنی کورد نەورۆز تەنیا، ڕۆژی 27ی ئەپریل لەسەر شانۆی Roy Thomson Hall سەمای کوردی ژمارە 1ی نەورۆز تەنیا لەنێو کۆمەڵێک کاری جیهانی پێشکەشدەکرا. دەربارەی چۆنێتی بەڕێوە چونی ئەم کارەش ئەم دیدارەمان لەگەڵ مۆسیقادانەرنەورۆز تەنیادا ئەنجامدا. سازدانی: شاخەوان سدیق هاوڵاتی:  ڕۆژی 27ی ئەپریل لەسەر شانۆی Roy Thomson Hall سەمای کوردی ژمارە 1 کۆمەڵێک کاری جیهانی پێشکەشدەکرا، پەیوەندی تۆ لەگەڵ ئەم کارانە چی بوو؟ ئایا هیچ کارێکی ئێوە پێشکەشکرا لەو چالاکیەدا؟ نەورۆز تەنیا- من وه‌ك موسیقادانه‌رێكی كه‌نه‌دی به‌شداریم كرد و نوێنه‌ری دانه‌ره‌كه‌نه‌دیەكانم كرد، Kurdish Dance پارچه‌ موسیقایه‌ك بو له‌ ساڵی یه‌كه‌می ‌خوێندنم نوسیم و دواتر له‌زۆر بۆنه‌داو له‌ چه‌ند زانكۆیه‌ك پێشكه‌شكرا.ئۆركێسترای سیمفۆنی تۆرۆنتۆ دوای هه‌ڵبژاردنی كاره‌كه‌ی من له‌ناو زیاترله‌ ١٠ كاری موسیقا دانه‌ره‌ كه‌نه‌دیه‌كان په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردم و بۆ من چركه‌ساتێكه‌ كه‌ وشه‌م نیه‌ وه‌سفی بكه‌م چه‌نده‌ دڵخۆشبوم پێی. چه‌ندجارێك به‌ختی ئەوه‌م هه‌بوه‌ تۆرۆنتۆ سیمفۆنی كاره‌كانی منیان خۆیندوته‌وه‌، بۆ موسیقا دانه‌ر ئەوه‌ شتێكی زۆر گرنگه‌ چونكه‌ پێش هه‌مو مامۆستایه‌ك باشترین ڕێگاكه‌ فێری نوسینی موسیقات بكات ئەوه‌یه‌ كه‌ خۆت له‌ ڕێگای پراكتیكیه‌وه‌ فێری ده‌بیت. كۆنسیرته‌كه‌ ٣ جار پێشكه‌شكرا و جگه‌ له‌ ئاماده‌بوانی ئاسایی زۆربه‌ی قوتابخانه‌كانی تۆرۆنتۆ قوتابیه‌كانیان هێنابو بۆ ئاشنابون به‌ ستایڵه‌جیاوازه‌كانی سه‌ما له‌ جیهان. هاوڵاتی:  وەک دەزانی ئەم پڕۆژە هونەرییە پێشتر لە ئۆرکێسترای بەناوبانگی سیمفۆنی نۆڤاسکۆشیا پێشکەشکراوە و لەهەمان کۆنسێرتدا داواکراوە بۆ جاری دووەم پێشکەشبکرێتەوە. هۆکاری ئەمە چیبوو بۆ داوای دوبارەبونەوەی کرا؟ نەورۆز تەنیا- له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی په‌نا‌به‌رێكی زۆر هاتنه‌ كه‌نه‌دا، من وه‌ك خۆبه‌خش له‌ ڕێكخراوی دۆكتۆرانی بێ سنور كارده‌كه‌م، له‌ ڕێی ئەوانه‌وه‌ پێیان وتم كه كۆنسێرتێك بۆ په‌نابه‌ره‌ تازه‌ هاتوه‌كان ده‌كرێت و پێیان خۆشببو كاره‌كه‌ی منیش له‌وی پێشكه‌شبكر‌ێت. له‌وكۆنسیرته‌ چیرۆكی هاتن و خوێندن و ژیانی من باس كرابو، بۆ په‌نابه‌ره‌كان چیرۆكێك بو زۆربه‌یان خۆیان تیا ده‌بینیه‌وه‌ هه‌ربۆیه‌ له‌بری هه‌ركارێكی تر سه‌مای كوردیم نارد. ده‌زانم ژیانی داهاتویان له‌باشترین سیناریۆدا به‌ ئەسته‌می گەو‌ره‌ تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام وه‌ك هانا ئەرنێت ده‌ڵێت ''گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كان ماناكانمان بۆ ده‌رده‌خه‌ن به‌بێ ئەوەی ئەو هه‌ڵه‌یه‌ بكات پێناسه‌یان بكات". بۆ من مۆسیقا هه‌ندێك جار ڕۆڵی گێڕانه‌وه‌ ده‌گێڕێت به‌بێ ئەوەی مه‌به‌ستی بێت, هه‌ندێك جار من وای ده‌بینم موسیقا وه‌ك هه‌ر فۆرمێكی تری هونه‌ر ده‌توانێت بتخاته‌ گریان له‌كاتێكدا یه‌كزه‌ڕه‌ دڵته‌نگی وه‌ك وه‌سیله‌یه‌ك به‌كارناهێنێت. مه‌به‌سم له‌وه‌یه‌ كه‌ كاره‌كه‌ی من مۆسیقای سه‌مایه‌ له‌گه‌ڵ ئەوه‌ش له‌ناو خۆیدا چیرۆكی ئەسته‌نگی بێوینه‌ له‌ سه‌رله‌به‌ری پێكهاته‌كه‌دا هه‌یه‌، ئەوه‌ی سه‌رنجڕاكێشه‌ گوێگره‌كان هه‌مویان ئەمه‌یان نه‌بینی ته‌نیا‌ ئەوانه‌ بیستیان كه‌ سوێی به‌جێهێشتنی نیشتیمانیان چه‌شتوه‌. ڕه‌نگه‌ هه‌ر له‌به‌ر ئەوەش كه‌ كاره‌كه‌ی من ته‌واو بو چه‌ند ئاماده‌بویه‌ك هاواریان كرد Agian Agian Again. كه‌ ڕوانیمه‌ ڕوخساریان له‌ مه‌زاجی دڵخۆشی نه‌بون وه‌ك ئەوه‌ی موسیقاکە‌ (پێشنیاری ده‌كات) به‌ڵكو ئەیان ویست گوێیان له‌و ئاسته‌گانه‌یانه‌ بێته‌وه‌ كە بینیبویان یان به‌ ڕێوه‌یه‌ بیبینن. بۆ هه‌موو دانه‌ریكی موسیقا خه‌ونێكی گه‌وره‌یه‌ داوابكرێت كاره‌كه‌ی بژه‌نرێته‌وه‌. هاوڵاتی: وەک بینرا لەو مۆسیقا دانەرانەی ناویان لەو کۆنسێرتە هێنرابوو Dvorak, Schostakovitch, Tchaikovsky و چەندین دانەری دیکە لەپاڵ ناوی ئێوەدا هاتبو کە ئێوە موزیک سیان و موزیکدانەری کوردن. چۆن لەگەڵ ئەم موزیکدانەرانە ئاشنا بویت و کۆبونەوە؟ نەورۆز تەنیا- من ئەو دانه‌رانه‌م له‌ مناڵیمه‌وه‌ ناسیوه‌، و دواتر له‌ ڕێی خوێندنه‌كه‌مه‌وه‌ به‌ وردی له‌سه‌ریان خوێندومه‌، هه‌ر من نا زۆر كات ڕو ده‌دا، بینینی ناوی خۆت له‌ پاڵ ئەو ناوانه‌دا هیچ نیه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئەوه‌ پیشان ده‌دا كه‌ تۆ چیتر ئەو په‌نابه‌ره‌ ته‌نیایه‌ نیت كه‌ كه‌س نایناسێت تۆ ناوێكیت شایانی گوێ لێگرتنیت و چیتر گوێگر وه‌ك شتێكی سه‌یر لێت ناڕوانێت به‌ڵكو وه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌ری پارچه‌یه‌كی به‌نرخی هونه‌ر لێت ده‌ڕوانیت، بۆ من ئەوه‌ زۆر زۆر گرنگه‌.ڕه‌نگه‌ پرسیاره‌كه‌ ئەوه‌ بێت كه‌ی و چۆن ده‌گه‌یته‌ ئەو ئاسته‌ی له‌ ئۆركسترایه‌كی جیهانی ناوت له‌گه‌ڵ ئەو ناوانه‌ بنوسرێت، بۆ ئەوه‌ش ڕه‌نگه‌ وه‌ڵامم دابێته‌وه‌ له‌ پرسیاره‌كانی تر هاوڵاتی: وەک دەزانی پێشتر لەم ئۆرکێسترایە مۆسیقای ئۆرکێسترالی کوردی بەو جۆرە پێشکەش نەکراوە." چۆنبو ئەم کارە کرا؟ ئەی هەستت چی بوو؟ نەورۆز تەنیا- دانیه‌ڵ كه‌سێكی به‌توانایه‌ و هاوڕیه‌كی ئەزیزی منه‌، هه‌ر ئەو له‌ زانكۆ كۆنشێرتۆی پیانۆكه‌می ڕابه‌ری كرد. دیاره‌ سه‌دان جار به‌ شێوه‌ی جیاجیا موسیقای كوردی لێره‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت، به‌ڵام ئەوه‌نده‌ی من ئاگاداربم دانه‌ری كوردی- كه‌نه‌دی كاری ئۆركیسترالی له‌لایه‌ن ئۆركیسترای سیمفۆنی تۆرۆنتۆوه‌ پێشكه‌ش نه‌كردوه‌ پێده‌چێت گرنگیه‌كه‌ی ته‌نیا ئەوه‌بێت یه‌كه‌م جار بو و زۆر كه‌س هاتنه‌ لای من و دانیه‌ڵ و پرسیاری ئەوایان ده‌كرد كورد چیه‌؟ یان كورده‌كان چۆنه‌ وڵاتیان نیه‌؟ هه‌ست ده‌كه‌م ئەگه‌ر من هیچم نه‌كردبێت ده‌ستم هه‌بوه‌ له‌ تیشك خستنه‌سه‌ر ئەو پرسه‌یارانه‌‌. دوای كۆنسیرته‌كه‌ نامه‌م له‌ چه‌ند كوردێكی دانیشتوی تۆرۆنتۆ بۆ هات كه‌ له‌وێ ئاماده‌بون بۆ ئەوان و بێگومان بۆمن ڕوداوێكی تابڵییت دڵخۆشكه‌ر بو.   هاوڵاتی: بایەخ و گرنگی بەشداری کۆمپۆزەرو موزیکدانەرێکی کورد لە ئاوەها ئۆرکێسترایەکی گەورەی جیهانیدا راماندەگرێت لەبەردەم بەرپسیارێتییەکی راستەقینەی ئەکادیمیدا؛ کورد خاوەنی چەندین ئەکادیمیست و هونەرمەندو پەیکەرساز و نوسەر و نیگارکێش و رۆمانوسی بە توانایە؛ بەڵام ئایا لە ناوخۆی کوردستان چ لەسەر ئاستی گروپ و ج لەسەر ئاستی تاک گرنگی بەم توانا جدیانە دراوە؟ بەتایبەت لەلایان وەزارەتی ڕۆشنبیری؟ نەورۆز تەنیا- من ساڵانێكه‌ له‌ كوردستان دور كه‌وتومه‌ته‌وه، ڕاسیه‌كه‌ی ئەمه‌ پر‌سیارێكی زۆرگرنگه‌، له‌لایه‌ك گوێم له‌ هه‌ندێك گروپ ده‌بێت كاری هه‌تا بڵییت جوان ده‌كه‌ن و دڵنیام بێئەندازه‌ هیلاك ده‌بن. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئەیبینم شڵاوێكی دامه‌زراندن و دروستبونی زانكۆھەیە. بڕوام وایه‌ كارێكی ڕاست نه‌بێت، چونكه‌ سه‌رله‌به‌ری سیسته‌می خوێندن له‌ژێر پرسیاردایه‌، له‌ژێر پرسیاردایه، چونكه‌ به‌رهه‌م هێنانی كاری نویێ و توێژینه‌وه‌ی نویێ كه‌ شایه‌نی ئاماژه‌ بۆكردن بێت سه‌دان جار كه‌متره‌ له‌و ژماره‌ بێشوماره‌ی زانكۆ و په‌یمانگا کەله‌سه‌ر هه‌مو كۆڵانێك له‌ شاره‌ جیاوازه‌كان دروست بون . ‌ڕه‌نگه‌ من زۆر ورد نه‌توانم باسی ئەوه‌ بكه‌م چۆن وه‌زاره‌تێك ده‌توانێت یارمه‌تی توانای جدی بدات، هه‌ستده‌كه‌م ئەگه‌ر توانایەك هه‌بێت بتوانین به‌ (جدی) ناوی‌ به‌رین، لێره‌، له‌وێ،به‌ نوسین، له‌ زیندان،به‌ موسیقا وهه‌ر ڕێگایه‌كی تر بێت دێته‌ده‌ره‌وه‌ و له‌ هه‌ندێك كاتتدا ڕێگره‌یه‌كان ته‌نیا هێزی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی زیاتر ده‌كه‌ن. من وای ده‌بینم ئەو دامه‌زراوانه‌ كاریان ئەوه‌ بێت له‌ ئاست كاری (جدی) واقیان بوڕمێت. كه‌سی جدی ده‌ست گرتنی ناوێت ده‌ستبه‌ردانی ده‌وێت. له‌ كوردستان توانای گه‌وره‌ هه‌یه‌، هێجگارگه وره به‌ڵام ناتوانم و نامه‌وێت بڕوابه‌وه‌ بكه‌م چاوه‌ڕێی كه‌س ده‌كه‌ن تا كار بكه‌ن، له‌وه‌ش تێده‌گه‌م ده‌بێت بژین، ڕه‌نگه هەوڵی نان په یداكردن ڕێگرێكی جدی بێت ڕه‌نگه‌ ئەوه‌ش له‌ هه‌مو دونیا زۆری جیاوازی نه‌بێت. من به‌ڕێوبه‌ری كاره‌كانی ئۆركێسترای شارێكم له‌ كه‌نه‌دا به‌ڵام، بیرم نییه‌ ئیشێكی ئەسته‌م ھەبوبێت نه‌مكردبێت. كات هه‌بوه‌ له‌ ١٠ شه‌و بۆ ١٠ به‌یانی كارم ده‌كرد و تا كاتژمێر٤ ی ‌ئێواره‌ زمانی ئنگلیزیم ده‌خوێند هه‌مو داهاته‌كه‌یم ده‌دا به‌ پرۆفیسۆریكی پیانۆو هارمۆنی تا بتوانم له‌ زانكۆ وه‌ربگیرێم. له‌ چێشتخانه‌ و باخ و چه‌ندین شوێنی تر كارم كردوه‌، ژیان هه‌تابڵێیت ئەستەمه. من هاوڕێم هه‌یه‌ له‌ كوردستان قه‌د بڕواناكات ئەو كارانه‌م كردبێت، ڕۆژگارێك هه‌بوه‌ له‌ بونی خۆم بێزار بوم، به‌ڵام هه‌ر ئاوا ده‌توانیت ‌ ئەو هه‌زاران دیواره‌ ببڕیت و له‌ سوچێكی ئەم دونییایه‌ ناوێك بۆ خۆت دروست بكه‌یت. هه‌موشتێك نرخی هه‌یه،‌ نرخی به‌ دیهێنانی خه‌ون ده‌كرێت گرانترینیان بێت.‌ هاوڵاتی: تاچەند پێتان وایە ئەوەی شاکارییەکی موزیکی و رۆمانێکی گەورەو شاکارێکی هونەریی دەتوانێت لەدنیای مۆدێرندا بەداهێنان و جوانیی و ئەکادیمیبوونەوە کورد وەک کۆمەڵگەیەکی زیندو بەجیهان بناسێنن هەرگیز سیاسەت و سیاسەتمەندارو ململانێکان ناتوانن ئەو هەنگاوە جیهانییە هەڵبهێن. ئێوە چۆن لەم بۆ چونە دەروانن؟ نەورۆز تەنیا- من ئەگه‌ر گوێگرێك له‌و قاڵبه‌ بهێنمه‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ ئەو دایناوه‌ بۆ نوسه‌ر و دانه‌رێكی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك ڕۆژهه‌ڵاتی یان ده‌ره‌وه‌ی كولتوری خۆراوا هه‌سده‌كه‌م كارێكی گرنگم كردبێت و ئەوەش ئێجگار ئەسته‌مه‌، بەڵام مه‌حاڵ نیه‌. من گه‌ر وه‌سفێكی به‌ختیار عەلی به‌كار بهێنم کە ئە وەسفی دەکات چۆن “پەنابەر وێنەی کۆنی خۆی دێتەبەرچاو”ده‌ڵێم چیتروێنه‌ی خۆم له‌ ئاوێنە‌داوه‌ك خۆینابینم، من ئیتر‌ له‌دیو ئەو سنوره‌وه‌ خۆم ده‌بینم كه‌ ڕۆژگارێك تیا زیندان بوم، ڕۆژێك من له‌ كۆنسێرت هۆڵێكا خۆم بینییه‌وه‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ی نیو ئاوێنە‌كه‌ هه‌رگیز خه‌ونی پێوه‌ نه‌ده‌بینی، ئیتر من سنوری خه‌ونه‌ به‌ دیهاتوه‌كانی خۆم بڕی، له‌و ته‌نیا ده‌رگایام دا كه‌ له‌ناو هه‌مو ده‌رگاكانی تر لێم داخرابو، سه‌ره‌ڕای ترس له‌وه‌ی ده‌بێ چی له‌ودیو ئەو ده ر‌گایه‌وه‌یه، خۆم به‌ ئازا هاته‌ به‌ر چاو ئەو كاته‌بو كه‌ به‌ دڵێكی بێ ترس ئەودەرگایه‌م كردەوه‌ و له‌وه‌ نه‌ترسام چیده‌بینم، ئەوه‌ له‌لام گرنگ بو وێنه‌ی خۆم ببینم وه‌ك كه‌سێك كه‌ ئاوێنه‌كه‌ ناتوانێت بیناسێته‌وه‌.

ئەم کتێبە خوێندنەوەی سێ ڕۆمانی نوسەر و ڕۆمان نووس (بەختیارعەلی)ە،و لە نووسینی: نوسەر(ئومێد حەمە عەلی)ە  ئەم کتێبە سێ لێکۆڵینەوەی چڕوپڕە سەبارەت بە سێ ڕۆمانی نووسەر و رۆمانووس بەختیار عەلی کە ئەوانیش ڕۆمانەکانی "کەشتی فریشەتەکان، هەورەکانی دانیاڵ، دەریاس و لاشەکان"ـە. کتێبەکە کارکردنە لەسەر دیوە فیکریی و پەیامەکانی پشت چیرۆک و حیکایەتەکان و کەشفکردنی دیوێکی تاڕادەیەک پەنهانی تێکستەکانە. زیادەڕەوی نابێت ئەگەر بلێین ئەم کتێبە کارکردنە لە قووڵایی ئەم سێ تێکستەدا، نەک ئەو دیوەی هەموو خوێنەرێک بەری دەکەوێت. بۆیە خوێندنەوەی کۆمەکی زیاتری خوێنەر دەکات لە زیاتر لە دونیای کارکردنی بەختیار عەلی شارەزا بێت. ئەم کتێبە لە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕەهەند و ئێستا لە کتێبخانەکاندا دەست دەکەوێت.

  یەکێک لە دەنگە دیارەکانی ژانری چیرۆکی ئێمە کە تاڕادەیەک لە دونیای تایبەت و بێدەگی خۆیەدا کار دەکات چیرۆک نووس(فەڕۆخ نێعمەتپوور)ە. کە بەم دواییانە دوو بەرهەمی نوێی بڵاوکردەوە. کە پێکهاتبون‌ له‌ رۆمانێک بە ناوی 'خەیاڵاتی بێهوودە' و کۆمەڵە چیرۆکێک بە ناوی 'دەستەکلیل' دەربارەی چیرۆک بەگشتی و کێشەکانی چیرۆکی کوردی لەم دیدارەدا ڕاو سەرنجەکانیمان وەرگرت. سازدانی: شاخەوان سدیق هاوڵاتی ـ چیرۆک یه‌کێک له‌ کۆنترین ژانره‌کانى ئه‌ده‌به‌ که‌ هه‌میشه‌ مرۆڤ له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌کاندا چ به‌ زاره‌کى یان به‌نووسین هه‌وڵى گێڕانه‌وه‌ى داوه‌، عه‌تا محه‌مه‌دیش ده‌ڵێ "ئه‌وه‌ى مرۆڤى له‌ فه‌وتان ڕزگارکرد گێڕانه‌وه‌بوو" ده‌پرسم گرنگى چیرۆک و گێڕانه‌وه‌ بۆ مرۆڤ چین؟ ـ برووسکە ڕستەکان هەمیشە بە هۆی تیژبوونیان لە گەیاندنی مانا، جێگای سەرنجن، بەڵام هەر بەو شێوەیە دەتوانن جێگا بە یەک لەق کەن و یەکتر بسڕنەوە. برووسکەڕستەکان، چونکە پشت ئەستور بە بەڵگە نین و زیاتر هەلێنجراوی زەینی نووسەرن دەتوانن یەکجار فرەچەشن بن. جا هەر بەم پێیە، لە مانایەکی ئاوەژوودا، دەتوانین بڵێین "ئەوەی مرۆڤی فەوتان گێڕانەوە بوو!" رەنگە پێت سەیر بێت ئەمە دەڵێم، بەڵام زۆر جێگای سەرسووڕمانیش نیە، چونکە زۆر جار مرۆڤ لە رێگای گێڕانەوەکانەوە بەرەو دۆزەخ راپێچکراوە. بۆ وێنە لە بواری ئایدیۆلۆژیا دونیاییەکاندا سەیری فاشیزم بکە. فاشیزمی ئاڵمانی گەلێک چیرۆکی جوانی لەسەر مێژووی نەتەوە هۆنییەوە و لێرەوە ئاڵمان و گەلی ئاڵمانی بەرەو کارەساتێکی مێژوویی پاڵ پێوەنا. یان لە بواری ئایدیۆلۆژییە ئاسمانییەکان، بڕوانە ئەو چیرۆکانەی دینی یەهوود بۆ باوەڕدارانی خۆی دەیانڵێتەوە و بزانە یەکێک لە دەرکەوتەکانی کارەساتی گەلی فەلەستین و ئەو شەڕە بێکۆتاییەیە مێژووی نوێی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داگیرکردووە. ئەمەم وت نەک لەبەر ئەوەی رستەکەی عەتا محەممەد رەدبکەمەوە، نا، بێگومان ئەو رستەیە لە خۆیدا و لە گۆشەنیگایەکی ترەوە خاوەن مانایەکی پوزەتیڤ و جوانە، بەڵام ویستم پێ لەسەر ئەوە دابگرم کە گێڕانەوە لە بەربڵاوترین مانای خۆیدا دەتوانێ دیاردەیەکی ترسناکیش بێت وەک هەموو دیاردەکانی خوڵقاوی دەستی بەشەر. بۆیە ئێمەی نووسەر نابێ زۆر خۆمان بە هونەرەکەمانەوە بابدەین و پێمان وابێ خاوەنی خاوێنترین کەرەسەین وەها کە دەتوانێ مرۆڤایەتی رزگار بکا. کەواتە گێڕانەوە لەخۆیدا پارادۆکساڵە. بەڵام ئەوەیکە چیرۆک یەکێک لە کۆنترین ژانرەکانی ئەدەبە، دەبێ بلێم کە ئەم پێناسەیە زۆر دەقیق و ورد نیە. لەبەر ئەوەی چیرۆک لە راستیدا ژانرێکی مودێڕنە و خۆی جیادەکاتەوە لەوەی سەردەمی کۆن کە بە حەقایەت و ئەفسانە ناوبانگی دەرکردبوو. چیرۆکی مودێڕن خاوەن کاراکتێری کۆمەڵایەتییە، موتیڤ و پێوەندی (علت ـ معلول)ی تیا رچاو کراوە و هەندێ تایبەتمەندیی تریش. راستە لە حەقایەت و ئەفسانەدا رەگی گێڕانەوە هەیە، بەڵام نەفسی ئەمە ئەم دووانە ناکا بە یەک. (هەڵبەت لە چیرۆکی ئەمڕۆدا مەرج نیە ئەو پێناسانەی وا باسم کرد توخمی سەرەکیی چیرۆک بن.) چ حەقایەت و ئەفسانە و چ چیرۆک ئەوە دەسەلمێنن مرۆڤ هەمیشە مەیل و حەزی گێڕانەوەی هەبووە. رەنگە گێڕانەوە یەکەمین شێوازی مرۆڤ بووە بۆ تەعبیر لە ژیان، لە بوون و لە دونیا. ئەو کاتانەی هێشتا بیرکردنەوە بە شێوەی ئەبستراکت باو نەبووە، گێڕانەوە رۆڵی گرینگی لە بەماناکردنی ئەو دیاردە ئاڵۆزانە هەبووە وا لە دەرەوەی مرۆڤ، واتە لە دونیای دەورووبەری بینیویەتی. گێڕانەوە شێوازێک بووە بۆ ناسین و بۆ تێگەیشتن لە دونیا و رووداوەکانی. کەواتە چیرۆک میتۆدێکی ناسینە، رێک وەک زانست و فەلسەفە. سەیر ئەوەیە دوواتر بە هاتنە ئارای زانست و فەلسەفە و بە گشتی زانستە مرۆییەکان، قەت گێڕانەوە (بەمانای مودێڕنی خۆی چیرۆک) پاشەکشەی نەکرد و بەردەوام لە پاڵ ئەو جەمسەرانەی تردا رێگای بڕیوە. بگرە هەندێ جار لە هەندێ دۆخدا پشکی شێریشی بەرکەوتووە. بەڵام دەبێ بڵێم کە ناکرێ هەموو پێناسەکە لەسەر ناسین خڕبکەینەوە. لەبەر ئەوەی چیرۆک سەر بە بەشی هونەر و ئەدەبە، هەڵگری هەستی مرۆڤیشە و لێرەوە توخمێکی تری وەک پێناسە پێ زیاد دەبێ کە جیای دەکاتەوە لە زانست و لە فەلسەفە. چیرۆک هەڵگری دونیای چیرۆکنووسە، ئەگەرچی باسی دونیا دەکا. چیرۆک بەرهەمی لێککەوتنی دونیای دەرەوە و دونیای دەروونییە. شێوازێکە بۆ بینینی جیهان بەو شێوازەی چیرۆکنووس دەیەوێ. ئەم نیازەیش لەوێوە سەرچاوە دەگرێ کە مرۆڤ هەمیشە لە خولیای داڕشتنەوەی جیهانی دەرەوە بە شێوازی دڵخوازی خۆی بووە. واتە مرۆڤ لێرەدا رۆڵی خوڵقێنەر دەگێڕێ. وەک خودا. بەڵام خودایەکی زەمینی. چیرۆک سەرلەنوێ داڕشتنەوەی جیهانە، جا چ جیهانی دەرەکی و چ ناوەکی. هاوڵاتی ـ واته‌لبنیامین ده‌رباره‌ى گێڕانه‌وه‌ ده‌ڵێت "ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتوودا که‌سمان نه‌بێت تواناى گێڕانه‌وه‌ى هه‌بێت" ئه‌م قسه‌یه‌ تاچه‌ند په‌یوه‌ندى به‌ کاریگه‌رى ته‌کنه‌لۆژیاوه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌ت چیرۆک و گێڕانه‌وه‌، ئایا له‌ ئێستادا مه‌ترسى نه‌مانى کاریگه‌رى چیرۆک بۆ دونیاى مرۆڤه‌کان هه‌یه‌؟ ـ بەڕای من گێڕانەوە هەمیشە وەک نیازێک دەمێنێتەوە و هیچ دۆخێک ناتوانێ بیکوژێ. رەنگە لاواز بێت، بەڵام نامرێ. مەگەر تەکنەلۆژیایش بەردەوام کەڵک لە گێڕانەوە نابینێ؟ مەگەر نوێترین فیلمەکان پشت ئەستور بە گێڕانەوە نین؟ مەگەر کایە دیجیتاڵییەکان پشت ئەستور بە بەسەرهاتێک نین؟ مەگەر لە جیهانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئێمە هەموو رۆژێ بەسەرهاتەکان ناخوێنینەوە؟ بێگومان، بەڵام هاوکات دەبێ دان بەوەدا بنێین کە رەنگە گێڕانەوە گەورەکان ئیتر وەک جاران لە دوو توێی کتێبەکاندا حوزوریان نەبێ. رەنگە بزربوونی رەوایەتە گەورەکان (وەک پۆستمودێڕنەکان باسی دەکەن) تەنیا بەرۆکی بە ئایدیۆلۆژیاکانی نەگرتووە و بەڵکو بەرۆکی گێڕانەوەیشی گرتووە. بە رای من گێڕانەوە وەک هەمیشە فۆڕم دەگۆڕێ. وەک چۆن لە حەقایەت و ئەفسانەوە بوو بە چیرۆک، ئاوایش دەتوانێ ببێ بە شتی تر. کەواتە ژیانی لەگەڵ ژیانی مرۆڤە. هاوڵاتی ـ له‌ ئێستادا چیرۆکى مۆدێرن و شێوازى گێڕانه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ى پشت به‌ ته‌کنیک ده‌به‌ستێت هێنده‌ گوێ به‌ ڕه‌گه‌زو ئامرازه‌ و بنه‌ماکانى تر نادات که‌ له‌ پێکهاته‌ى بونیادى چیرۆکدا پێویستن. که‌ به‌بڕواى هه‌ندێک ئه‌مه‌ کارى له‌ چێژى گێڕانه‌وه‌ کردووه‌. ئێوه‌پێتان وایه‌ مۆدێرنێته‌ تا چه‌ند زیانى له‌ بنه‌ماکانى چیرۆک و گێڕانه‌وه‌ داوه‌ له‌ ئێستادا؟ ـ چێژ، دیاردەیەکی مێژووییە، واتە بە گوێرەی دۆخ و نەریت شێوازی تر بە خۆیەوە دەگرێ. نە مرۆڤی سەردەمی شکسپیر دەتوانێ ئەو چێژە لە شانۆی سەردەمی نوێ ببینێ و نە مرۆڤی ئەم سەردەمە هەمان چێژ لە شانۆی سەردەمی شکسپیر. ئاساییە بونیادەکان، یاخود توخمەکانی گێڕانەوە گۆڕانیان بەسەردابێت. وە هەمیشەیش چێژ لەگەڵ ئەم گۆڕانانە خۆی دەگۆڕێ. من وا تێدەگەم کە مەبەستی تۆ لە چیرۆکی مودێڕن، چیرۆکی پۆستمودێڕنە. ئەگینا چیخۆفیش چیرۆکنووسێکی مودێڕنە و تەنیا پشت بە تکنیک نابەستێ. کەواتە ئەو دیاردەی تۆ باسی لێدەکەی دیاردەی زیاتر پۆستمودێڕنە تا مودێڕن. منیش پێم وایە چیرۆکی باش ئەو چیرۆکەیە کە باڵانس و یەک وەزنییەک لە ناو هەموو توخمەکانی پێکهێنەریدا هەبێ (دیارە ئەم توخمانە لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر گۆڕانیان بەسەردا دێت). تەنیا تکنیک ناتوانێ خوڵقێنەر بێت، تکنیک بە تەنیا رۆحی چیرۆک کە بریتییە لە گۆشەنیگای تایبەتی چیرۆکنووس سەبارەت بە رووداوێکی تایبەت، دەکوژێ و وەک پۆڵای ساردی لێدەکا. گێڕانەوە لەهەر حاڵەتێکدا دەبێ گەرمییەکی تیا بێت کە ئەمەیش تەنیا ئەو کاتە دروست دەبێ چیرۆکنووس رووداوەکان لە دەروونی خۆیەوە گوزەر بدا و مۆرکی خۆیانی لێبدات. واتە دەبێ لە گەڵیان بژی. نووسەر گەر ئەمە نەکا تەنیا دەبێ بە راگوێزەری وشە ساردەکان و بەس. هاوڵاتی ـ ئه‌گه‌رچى له‌ دونیادا چیرۆک قۆناغه‌کانى به‌ره‌و پێشچوونى زۆر بڕیوه‌و زۆر گۆڕانکارى به‌سه‌ردا هاتووه‌. به‌ڵام تا ئێستاش چیرۆکى کوردى له‌ قۆناغه‌کانى کلاسیک و تا ڕاده‌یه‌ک پێش مۆدێرن دا له‌ شێوازى گێڕانه‌وه‌ى ته‌قلیدى باو و زۆر که‌م به‌ چیرۆکى جوان به‌ ئاست و ته‌کنیکى نوێ ده‌که‌وین، ئێوه‌ هۆکارى ئه‌مه‌ بۆچى ده‌گێڕنه‌وه‌؟ کێشه‌کان له‌ گێڕانه‌وه‌ى چیرۆکى ئێمه‌دا چین؟ ـ من زۆر لەگەڵ ئەم رایە نیم. چیرۆکی کوردی بەڕای من تا رادەیەکی زۆر نەدۆزراوەتەوە، پیش لەهەر شتێک بە هۆی نەبوونی رەخنەگری شارەزا و باشەوە. دەق گەر خوێندنەوەی لەسەر نەکرێ و بە شوێن چاپبوونی بەرهەمدا نەبێتە جێگای گفتوگۆ ئەوا دونیای ئەدەب نازانێ چی نووسراوە و چی کراوە. چیرۆکی کوردی خاوەن دەقی باشە، بەڵام بێ ناز کەوتووە. چیرۆکی کوردی لە دونیایەکی ئاڵۆزدا دەژی. دەقەکان لە دایک دەبن بە بێ گفتوگۆ و رەخنە لەسەریان و بۆیە کەس نازانێ ئەدەبی کوردی لە بواری چیرۆکدا لە کوێدا راوەستاوە. بەڕای من چیرۆکی کوردی هێشتا نرخی خۆی پێنەدراوە و بۆیە دەقە باشەکانیش دەتوانن لەگەڵ لە دایکبوونیان بمرن، مەگەر ئەوەی لە داهاتوودا نەوەیەکی بە مشوورتر بێت و ئاوڕێکی جددییان لێبداتەوە. هاوڵاتی ـ هه‌ندێک له‌ نوسه‌ران ده‌ڵێن ئه‌وه‌ى به‌ چیرۆک ده‌ى نوسین ده‌توانین بیکه‌ینه‌ ڕۆمان و ئه‌وه‌ش به‌ ڕۆمان ده‌ى نوسین ده‌توانین بیکه‌ینه‌ چیرۆک، تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆ چونه‌ن؟ ئایا کارى وا ده‌کرێت؟ ـ چیرۆک دەتوانێ ببێ بە رۆمان، بەلام رۆمان ناتوانێ ببێ بە چیرۆک. رۆمان ناتوانێ ببێ بە چیرۆک پێش لە هەر شتێک بەم هۆکارانە: ـ زۆریی وشە و رستەکان، ـ زۆربوونی کاراکتێرەکان، ـ کردنەوەی بەردەوامی جیهانە نوێیەکان لە ناو دەقی رۆماندا، ـ سەرئەنجام ئەگەری هەبوونی گێڕەرەوەی زۆر لە دەقی رۆماندا. بەڕای من ئەوانەی بەم شێوازە لەسەر چیرۆک و رۆمان دەدوێن، ئاگاداری جیاوازییەکانی ئەم دوو ژانرە نین. رەنگە ئەوان 'تێم'یان لا بەرجەستە بێت بۆیە وا دەڵێن، بەلام خۆ تێم Theme تەنیا رەگەزەی پێکهێنەری رۆمان و چیرۆک نیە. هاوڵاتی ـ چۆن له‌ چیرۆکى ئێستاى کوردى ده‌ڕوانن؟ پێتان وایه‌ ئه‌ده‌بى گێڕانه‌وه‌ى ئێمه‌ له‌ کوێى دونیادایه‌؟ ئه‌توانین بڵێن چیرۆکى کوردى خاوه‌ن سه‌بک و تایبه‌تمه‌ندێتى خۆیه‌تى؟ ـ  پرسیارێکی قورسە و ئەمە لە راستیدا کاری رەخنەگرە. وەک ئەنجامی خوێندنەوەکانی خۆم دەتوانم بڵێم کە چیرۆک و رۆمانی کوردی، چونکە پشت ئەستوور بە بەرهەمی ریالیستی و رۆمانتیکی باش نیە بە تووش کێشەوەیە. سەیری سەدەی نۆزدە بکە. سەدەی نۆزدە سەدەی نووسەرە گەورە ریالیستی و رۆمانتیکیەکانە لە ئۆرووپا و لە رووسیا. ئەوان لە سەر ئەو بنەمایانە شۆڕش دەکەن و دەگەنە ئەدەبی سەدەی بیست و کۆتایی سەدەی بیست. دیارە مەبەستم ئەوە نیە ئێمە دەبێ بگەرێینەوە ئەو سەردەمە و بەو شێوازە بنووسین، بەڵام ریالیزم هەمیشە بەرگی گۆڕیوە و وەک دەشزانین یەکێک لە بنەماکانی ئەوەیە کە نووسەر دەبێ زانیاری زۆری لەسەر کۆمەڵگاکەی خۆی هەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ دەقی ریالیستی پێشکەش بکا. بەلام داخۆ نووسەری ئێمە خاوەن ئەو زانیاریانەیە؟ من کە بۆ خۆم گومانم لەمە هەیە. من لام وایە چیرۆکنووسی ئێمە لە رۆمان و چیرۆکیش وەک شیعر دەڕوانێ و بۆیە دەقەکانی زیاتر دەروونین و کەمتر خوێنەر بە رووداوەکانی دەرەوە، ئەو رووداوانەی وا خوێنەریش دەتوانن خۆیانی تیا ببیننەوە، گرێ دەدا. بەڵام سەرەڕای هەموو کەم و کوڕییەکان من دڵخۆشم بە ئایندەی چیرۆکی کوردی. بەو مەرجەی نووسەرەکەی خۆی لە جیهانی شیعر راپسکێنێ!

یوسف عزەدین { کەبنووسیت کەواتە دەبێت دەنگێک یان شێوازێک دابهێنیت،تا فۆرمێکی شێوازگیرانە بەجیهان ببەخشیت،مەرج نییە شیک و ڕۆشنفکرانە بێت، بەڵکو دەبێت تایبەت بێت بەخۆت} کارلۆس لیسکانۆ1- { بنیادەم ناتوانێت لەڤێرجیڵ بگات، گەر لانی کەم پێنج ساڵان کشتکاری نەکردبێت..مرۆڤ ناتوانێت لەنامەکانی شیشرۆن بگات و تەنانەت ناشتوانێت لێشی خوورد بێتەوە؛گەر بۆماوەی بیست ساڵان لەگەڵ زل وڵاتاندا سیاسەتی نەکردبێت..کەسیش ناتوانێت بەتەوایی لەکتێبی پیرۆزدا ڕۆبچێت،گەر بۆماوەی سەدەیەک کڵێساکانی بەڕێوەنەبردبێت و لەتەک پەیامبەرانی وەک ئیلیا و یۆهەننای مەعمەددان و مەسیح و موریدانی ئەواندا ڕێی نەکردبێت؟! ئێمە دەرۆزەکارین و ئەمەش ڕاستە؟!} مارتن لۆسەر2- لەگەرمەی گفتوگۆو ئاخافتنە گەرمەکانی پیاوانی ئایینی،ئەوانەی بەفەرمانی فیلیپی دووەم،ساڵی هەزار و پێنج سەد و بیست و نۆ، لەئەڵمانیا و سویسراوە بۆ ساغکردنەوەی پرەنسیپە سەرەکی و تەوەرەییەکانی پرۆتستانت-ییەتی تازەگەشەکردوو هاتبوون؛ هاوکات ئەرتەشی عوسمانییەکان بەسەرکردایەتی سوڵتان سلێمانی قانوونی، ڤییەننای پایتەخی نەمسایان ئابڵووقەدابوو. بەر لەم گەمارۆدانە "مارتن لۆسەر"-ی باوکی ڕۆحی پرۆتستانت-ییەت، لەقەواڵەنامەی نەوەدو پێنج مەسەلەکەیدا،ڕەفزی وەستانەوەی دژ بەعوسمانییەکان ڕاگەیاندبوو،هەرچەند لای وی وەک تەسەوراتی کەڵچەریانەی سەردەمەکەی،عوسمانی و موحەممەدی و موسڵمان،هاوتا بوون و بەبەڵایەکی گەورەی خودا، بۆ سزادانی مەسیحییەکان ئەژمار دەکران. "مارتن لۆسەر" یەکێکە لەکاراکتەرە پڕ ئیشکالە ڕادیکاڵەکانی نێو ئایینی مەسیحی و لەبنڕا دەستی بۆ گۆڕینی پرەنسیپە سەرەکییەکانی کاسۆلیکییەت بردو پاش دەرئەنجامی کێشمانکێشێکی توند و ترسناک، توانی ببێتە وەرگێڕی کتێبی پیرۆز لەلاتینییەوە بۆ ئەڵمانی.. کەپێشترو پێش ئەم کارەی ئەو،مومکین نەبووە باس لەوەرگێڕانی بکرێت!؟ هەر خودی لۆسەر ڕێگەیدا کەشیشەکان هاوسەرگیری بکەن و هەر بۆخۆشی ئافرەتێکی پێشتر ڕاهیبەی کردە هاوسەری.. دژ بەجەور و ستەمی کڵێسا وەستایەوە، بەتایبەت لەو دەمەی لەپێناو پارە پەیداکردندا، قەواڵەی لێخۆشبوونیان بەکریستانەکان دەفرۆشت و مزگێنی چوونە فیردەوسیان پێدەدان. وردەکارییەکانی ژیان و گوزەرانی ئەم زاتە تەلیسماوییە دەور پڕ لەهالەیە، فرەن و ئەوەی لێرەدا گەرەکمانە هاوردەی نێو وتارەکەمانی بکەین، بەرجەستەکردنی کەمێک لەهەموو ئەو دنیا سەیروسەمەرە تراژیدی ئامێزەی مارتن لۆسەر-ە؛ لەزەمەنی سڕینەوەی هەموو فیکر و تەرح و بۆچوون و دنیابینییەکی دژ بەکاسۆلیکییەت و دەسەڵاتی پاپا..لەزەمەنی کوشتن و سوتاندن و لەناوبردن و کوژاندنەوەی فیزیکی سەرجەم نەیارونەویستراوەکانی نێو قەڵەمڕەوی حوکمی کڵێسا و دەسەڵاتە فیوداڵە کوشندەو سەرکوتگەرەکانی ئۆروپا..ئەم زاتە هات و پاش مملانێیەکی توندو خەتەرناک،دوای چەند قۆناغ و مەنزڵێک..نەخشەی؛ گەر نەڵێین سەرجەم..ئەوە نەخشەی ئایینی و کۆمەڵایەتی و بگرە سیاسی بەشێکی هێجگار گرنگی ئۆروپای گۆڕی و دواجار بووە مایەی زەمینەخۆشکردن، بۆ لەدایکبوونی دواتری کۆمەڵێک لەقوتابخانەو تێز و ڕێبازە فەلسەفییەکانی ناوەوەو دەرەوەی ئەڵمانیا. لەم کورتە بەراییەوە دەگەڕێینەوە بۆ سەر ئەسڵی مەتڵەب، ئەویش بەرجەستەبوون و بینینەوەی گەلێک لەتراژیدیا و مەرگەسات و پێکدادانە دەروونییەکانی سەردەمەکەی لۆسەر-ە، لەڕۆمانێکی ئەڵمانیدا و بەدانپێدانانی زۆرێک لەڕەخنەکاران و خوێنەرانی زمانی ئەڵمانی، لەئاست و پلەیەکی باڵای بەلاغی و گرامەری و زمانسازیدا نووسراوە و درێژکراوەی ئەو چەشنە زمانە تۆکمەو باڵایەی لۆسەر-ە؛ کەبۆ خۆی زمانزانێکی داهێنەر و دۆزەرەوەی شاراوەو پەنهان و جوانییەکانی زمانی ئەڵمانی بووە. ئەوەی لەڕۆمانی "ئیڤانگیلیۆ"ی تایبەت بەتراژیدیای مارتن لۆسەر و کێشمانکێشەکانی سەردەمەکەشی بۆتە مایەی سەرنجڕاکێشان و ئیعجاب، ئەوەیە خودی ئەو ڕۆماننووسەی "ئیڤانگیلیۆ"ی چەند ساڵێک لەمەوبەر لەئەڵمانیا و بەزمانی ئەڵمانی بەچاپ گەیاندووە، بەساوایی لەگەڵ باوانیدا گەیشتۆتە ئەڵمانیا و بەڕەگەز تورکە. ئەم ڕۆماننووسە یەکێک بووە لەخوێندکارە سەرکەوتووەکانی کۆلێژی پزیشکی، کەچی لەدوا ساڵ و دوا تاقیکردنەوەیدا دەست بەرداری خوێندن بووەو پاشان چۆتە کۆلێژی هونەر و دواتر،پاش دەرکردنی بۆ هەتا هەتایە ماڵئاوایی لەخوێندنی ڕەسمی و پیشەیی دەکات..ئەمەش دەبێتە هۆکاری کارکرنی بۆ ماوەی ١١ ساڵ وەک هەر کرێکار و کۆچبەرێکی تر، لەپێناو بژێوی ژیانیدا وەک نەقاش و سپیکەرەوە، ڕۆژەکان بەڕێدەکات..ئیدی لەپڕ؛ بێ زانیارییەکی ئەوتۆ لەنهێنی و پەنهانەکانی دنیای چاپ و بڵاوکردنەوەو چۆنیەتی بەرزکردنەوەی یەکێک و لێدانی ئەوی تر و سڕینەوەی نووسەرێک و پێداهەڵدان و گەورەکردنی یەکێکی تر..یەکەم کتێبی بەناونیشانی "شێوەزاری کاناک" بەچاپ دەگەیەنێت. ناوی ئەم نووسەرە ئەڵمانییە بەڕەگەز تورکە "فەرەیدون زائیمئۆگڵو"ەو پاش جۆرێک لەونبوون و پاشاگەردانی و لەدەستدانی هەموو هیوایەک بەداهاتوویەک کەتێیدا ببێتە خاوەن کارو گوزەرانێکی مسۆگەری هاوشانی ئەڵمانەکان و دوای یانزە ساڵ خولانەوەو ڕاوحکردن لەبێمانایی هیچ نەبوون لەنێو دنیایەکی نەیار بەوی موغتەریب، کەئەم و هاوشێوەکانی ئەمی لەپەراوێزدا سیخناخ کردووە، دەبێتە نووسەر. هەر دواتر خودی خۆی لەچاوپێکەوتنەکانیدا ئەو سەردەمانەی پێشتری ژیانی وبەتایبەتیش ئەو دەمانەی کەخوێندکار بووە؛ خۆی وەک فاشلیترین کەسێک وێنادەکات؟! جێگەی سەرنج و تێڕامانە،بەدرێژایی مێژوو،زۆربەی ئەوانەی توانستێکی داهێنەرانەیان لەبواری ئەدەب و هونەردا نمایش کردووە،نەیانتوانیوە لەمیانی خوێندنی تەقلیدی و ڕەسمی دەوڵەتییەوە پلە پلە و قۆناغ قۆناغ بچنەبان.. یان ئەگەر چووبێتیش وەک "فەرەیدون زائیمئۆگڵو" ئەوە لەساتەوەختێکدا و تەنانەت زۆر جاران بێ هۆکارێکی ئاشکراو دیاریش دەستبەرداری بوون!؟ تەنانەت ئۆرهان پامووک-یش پاش سێ ساڵ لەخوێندنی فاکڵتی جیۆمەتری لەئەمریکا، وازی لێ دەهێنێت و دەگەڕێتەوە تورکیاو دواتر هەرچۆنێک بێت،فاکڵتی جۆڕناڵیستی تەواو دەکات؟! "فەرەیدون زائیمئۆگڵو" لەساڵی هەزارو نۆسەدو شەستوچوار-دا هاتۆتە دنیاوەو لەئێستادا یەکێکە لەنووسەرە هاوچەرخە ناسراوەکانی ئەڵمانیا..لەمیانی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی " ئێرین گوڤەرجین3-" لەچاوپێکەوتنێکیدا..دەڵێت: " من مەیلی ددانپێدانانم بەهێزو توانای ڕۆشنگەرەکاندا نییەو ڕۆشنگەری بۆتە لەمپەرێک لەئاست خەیاڵکردنەوەداو ئەوان خەونەکانیان تێکشکاندوو...... گەرەکیان بوو کەلێنێکی مەزن بەوێنە پڕبکەنەوە..بەڵام ئەو وێنانە دەستکردن وسەرباری ئەوەش نەقەشەنگن و نەخەیاڵیشن...؟!" کەواتە لای ئەو ئیدی سەردەمی ڕۆشنگەریی و باڵادەستی ڕۆشنگەران بەسەرچوو،پێی وایە ئەوەی ئەوانیش هەر هەوڵدان بوو بۆ جێگرتنەوەی ئایینەکان، لەمیانی لێدان و دژایەتیکردنییەوە..ڕاستییەکەشی هەر ئەمەیە هەر ئەوانەی دژایەتی پێشووتر دەکەن و پاش بۆ لووان و تێکشکاندنی ئەوەی هەیە، هەر خودی خۆیان سیستمێکی لەوەی پێشووتر تۆکمەتر و ڕەقتر دەخەنەگەڕ. "زائیمئۆگڵو" خاوەنی کۆمەڵێک کتێبەو هەرچەند سەرەتا پاش بڵاوکردنەوەی کتێبی"شێوەزاری کاناک" لەساڵی هەزارو نۆسەدو نەوەدو سێ-دا کەوتە بەر هێرشێکی نێگەتیفانەی ڕەخنەکاران و بەنووسەرێکی بێ بەهرەو بێ کەڵک لەڕووی ئەدەبییەوە هاتە ئەژمار. بەڵام دواتر و بەتایبەتیش دوای بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی"لەیلا" لەساڵی دووهەزاروشەش-دا، هاوكێشەکە گۆڕاو بەجدییەتەوە خوێنەرانی ئەدەبی کەوتنە خوێدنەوەیی و بەبڵاوکردنەوەی ڕۆمانی"سوێی ئەڤین"یش لەساڵی دوو هەزار و هەشت-دا، بەتەوایی خۆی لەپەراوێز هێنایە دەرو بووە یەکێک لەڕۆماننووسە جالیب و فرە  خوێنەرەکانی ئەڵمان و"ئانا نۆردمان4-"یش لەبارەی ئەم ڕۆمانەیەوە دەڵێت:"بەڕۆمانی سوێی ئەڤین سەرکەوتوو بوو لەورووژاندنی گفتوگۆگەلێکی ڕۆمانسییانە لەڕۆژنامە فیکرییەکاندا..هەرچەند شتێکی لەم چەشنە زۆر ڕوو نادات و هاوشانی چاخەکەی ئێستامان ڕەو ناکات و دەرحەق بەئەڤین و ئەشقی ڕۆمانسییانە نووسراوە..ئەم ڕۆمانە لەیاسا و ڕێسای نووسینی هونەری گێڕانەوەی خۆشەویستی ساردو سڕو داخراو دەچێتە دەرو ئەمەش مەدح وسەنایەکە بۆ ڕۆمانەکەو شایانیشیەتی" ڕۆمانی "ئیڤانگیلیۆ" لەساڵی دووهەزار و هەڤدە-دا چاپ و بڵاوبۆتەوەو "زائیمئۆگڵو" لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی دی دەبلیو-5-، وردەکاری نووسینی ڕۆمانەکە بەزمانێکی سادەو سانا دەخاتەڕوو..باس لەوە دەکات چۆن لەساڵانی هەفتاکاندا و بەڕێکەوت لەکتێبخانەیەکدا نوسخەیەک لە"بایبڵ"ە وەرگێراوەکەی مارتن لۆسەر-ی دەکەوێتە بەردەست و پاش خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەکی درک بەوە دەکات؛ بۆ یەکەمجارە ئاشنای زمانێکی جوداو جیاوازی ئەڵمانی زۆر باڵاو کاریگەر دەبێت..جیاواز لەو زمانەی خۆی و خوشکەکەی لەگەڕەکە هەژارنشینەکەی خۆیاندا گوێ بیستی بوون..دیارە پاش ساڵانێک و دوای باڵادەستبوون و ناسراوبوونی لەبواری ڕۆماننووسیندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژگارە، یان دەتوانین بڵێین بەدرێژایی ساڵانێک بەردەوام لەڕێی سەردانی کڵێسا و دێر و شوێنە پیرۆزەکان و پاشانیش خوێندنەوەی بەردەوامی کتێبە تایبەت و ئایینییەکانی ئەو سەردەمانەوە خۆی بەوابەستەیی لەگەڵ ئەو بیرۆکە زۆر گرنگەدا هێشتۆتەوە؛ بیرۆکەی ڕۆمانێکی تایبەت بەزاتێکی کاریگەر و گرنگی نێو مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و کلتووری ئەڵمانی. هەر وەک خۆی ئاماژەی پێدەدات لەپێناو نووسینی ڕۆمانەکەیدا سەردانی گشت ئەو شوێنانە دەکات کە"مارتن لۆسەر" تێیدا ژیاوە یان پێیدا گوزەریکردووەو بەمەشەوە نەوەستاوەتەوەو وەک ئەو دەستی کردووە بەپەرستش و خودا پەرستی..هەربۆیە ڕۆژانێکی دوور و درێژ وەک "لۆسەر" شەوان کاتژمێر سێ-ی شەو هەستاوە بۆ نوێژکردن و هەروەک ئەویش بەڕۆژوو بووەو هەر "زائیمئۆگڵو"ش بۆ خۆی دەڵێت؛ هەن بەگاڵتەجاڕییەوە دەڕواننە ئەوەی من کردوومە، بەڵام خودی نووسەر بوون، هەر بۆ خۆی زۆر جاران مایەی گاڵتەجاڕی و پێڕابواردنە ؟!  هەر لەهەمان چاوپێکەوتنیشیدا دەڵێت؛ خۆشحاڵم بەوەی کەخۆم وەک کەشیشێک دێتە پێشچاوو دەمەوێت ئەم نامە تەڵخ و تاڵ و لەهەمان کاتیشدا مزگێنی بەخشە بەدنیا بگەیەنم. لەهەمان چاوپێکەوتندا کاتێک "ڕیکاردا ئوتە"ی پێشکەشکاری بەرنامەکە لێی دەپرسێت؛ لوتی قرتاو و قوڵپەقوڵپی خوێن و ئەو ژنەی کۆرپە ساواکەی نێو منداڵانی خۆی، دەرئەنجامی باوەڕهێنانی بەخوڕافاتێک دەهێنێتەدەر..ئایا مەبەستت بوو هەموو ئەمە بڵێیت و بگەڕێیتەوە بۆ چاخەکانی ناوەڕاست؟ "زائیمئۆگڵو" لەوەڵامدا دەڵێت؛ لەپێناو ئیبرازپێکردنی ڕۆڵی گەورەی "مارتن لۆسەر"و ئەو بارودۆخە گەنیوو و لێک هەڵوەشاوو داڕماوەی لەو زەمەنەدا تێیدا گوزەراوە..ئەمەم کردووەو منیش وەک خوێنەرێک پێویستە خۆم بخەمە ناو هەمان ئەتمۆسفێرێک کەئەوی تێدا گوزەراوە، نەک لەبەر ئەوەی دەمەوێت خۆم ئەشکەنجە بدەم..بەڵکو لەبەر ئەوەی نەدەکرا بەچەشنێکی تر فەزاعەتی چاخەکانی ناوەڕاست بگەیەنم و وێنای بکەم. لەڕۆمانەکەیدا زۆر باس و خواسی تریش بوونەتە جێی باس؛ وەک خەون بینینە ئیبلیسییەکان و لەسێدارەدانەکان و منداڵە ئاوارەکان و فەناتیکە ئیسلامییەکان و زۆر بابەتی سەرنجڕاکێشی وەک ئەوەی خودی گێڕەڕەوەی ڕۆمانەکە پارێزەری غەیبیانەی مارتن لۆسەر-ەو لەنەهامەتی و کارەساتەکان دەیپارێزێت و ئەم جۆرە تەسەورەش لەخودی ئایینی مەسیحییەتدا هەیەو ئەوەی کەسەکان دەپارێزێت بەفریشتەی پارێزەر دەناسێنرێت و گوایە هەر کاتێک ئەوان دەستبەرداری بوون، ئینجا ئەو کەسە ڕووبەڕووی کارەسات و شتگەلە خراپە هەمەجۆرەکانی تر دەبێتەوە!؟ تەنانەت کڵێسا کاسۆلیکەکان ساڵانە لەدووی ئۆکتۆبەردا یادی فریشتە پارێزەرە پیرۆزەکان دەکەن-ەوە، بەفەرمانی پاپا ئەکلیمندۆس لەساڵی هەزار و شەسەدو هەفتا-ەوە ئەم یادە دەکرێتەوە. یەکێک لەو کەسایەتییە ناسراوە مێژووییانەی باوەڕی بەبوونی فریشتەی پارێزەر هەبووە، قەشە "تۆما ئەکوینی"یە؛ پێی وابووە هەموو شار و شارۆچکەو کڵێسایەک، تەنانەت؛ کەسایەتییە ئایینییەکانی نێویشیان لەلایەن فریشتەی پارێزەرەوە دەپارێزرێن. لەکۆتایی ئەم کورتە وتارەشدا واباشە پەرەگرافێکی کتێبەکەی کارلۆس لیسکانۆ" الکاتب و الاخر" وەبیرخۆمان بهێنینەوە،لەلاپەڕە هەفتاو چوار-دا دەڵێت: " کەبنووسم، بەواتای کردنەوەی دەرکە دێت بەسەر شێتیدا،ئەمەش ئەوەیە کەنابێت بیکەم. نووسین دەبێت ڕێگەیەک بێت، بمانگەیەنێتە ڕامانێکی نورانی و وامان لێبکات پێویستمان بەنووسین نەبێت..هەرچەند هیچ کاتێک نەشگەینە ئەو ئاستە،بەڵام هەر دەبێت ڕۆژێک ڕابوەستین..وشەکان لەجێی خۆیاندا جێ بهێڵین و بەردەوام نەبین لەنووسین لەسەر زیندەگی،بەڵکو دەبێت دواتر، خۆمان بۆ زیندەگی تەرخان بکەین..ئەم شەو وەک شەوەکانی تری ئەم ساڵانەی دوایی،ئەو هەستەم لا دروست دەبێت؛ کاتی وەستان لەنووسین هاتووە".     ژێدەر: ١ – الکاتب و الاخر/کارلوس لیسکانو/ترجمە؛نهی ابو عرقوب/ابوضبی-٢٠١٢ ٢- مارتن لوثر-ویکبیدیا ٣-https://ar.qantara.de/content/hwr-m-lktb-frydwn-zym-wglw-sr-itnwyr-fqd-bryqh ٤-انا نوردمان/ترجمە:رائد الباش/قنطرە٢٠٠٩-Feridun Zaimoglu-Liebesbrand-kiepenheuer&Witsch-2008-ISBN978-3-462-03969-6. ٥-https://www.dw.com/ar/فريدون-زعيم-اوغلو-وروايته-إيفانجليو-عن-لوثر/av-41159334 e.mail: [email protected]          

 ئامانج عەبدوڵا دەمەوێت ڕاستەوخۆ و بە بێ هیچ پێشەکییەک بچمە ناو باسەکەوە، کە ئەمەیە: یەک لە سەرەکیترین و یەکەمین خاڵ لە ریزبەندی گرفتەکانی شانۆ لە باشوری کوردستاندا شانۆکاران خۆیانن. پشت بەست بە بینینی هەمان گرفت و دیاردە لە ئەزموون و کارە شانۆییەکانی سەر بە گرووپ و کۆمەڵە جیاوازاکانی ناو ئەو مێژووە کورتەی شانۆ لە کوردستاندا، ئەو ڕاستییەت بۆ دەردەکەوێت کە ڕێژەیەکی زۆری شانۆکاران چەندە هەوڵیان داوە بۆ بەرهەم هێنانی کاری شانۆیی و بە زیندو هێشتنەوەی ئەم هونەرە ئەوەندەش هەوڵی سڕینەوە و قبوڵ نەکردنی کاری هاوپیشەکانی خۆیان داوە. ئەگەرچی مێژووی  دروست بوونی ئەم دیاردەیە لە ئاستی جیاوازدا بە تەریبی لەگەڵ بەردەوامی ڕەوتی شانۆ لە کوردستاندا  ڕاستەوخۆ  یا ناڕاستەوخۆ بوونی هەبووە و بەشێوەیەکی نێگەتیڤ لەسەر پڕۆژە و ئەزمونە شانۆییەکان  بەردەوام ئامدەیی هەبووە، بەڵام لە ئێستادا بە ئەندازەیەکی ئێجگار گەورە و دیار لەناو شانۆکاراندا بوونی هەیە و ڕۆژ لە دوای رؤژ بەرەو سەر هەڵدەکشێت. هەڵبەت چەندین هۆکار و هێڵی ڕێخۆشکەر لەپشت ئەم دیاردەیەوەن، کە هەریەکەو بە ئەندازەی خۆی یارمەتی دەر و دروستکاری ئەو دۆخەن. من لێرەدا و بەپێێ تێگەیشتنی خۆم و پشت بەست بە بینین و بەدواداچونم بۆ ئەزمونی جیاوازی وڵاتانی پێشکەوتوو باس لە بەشێک لەو هۆکار و  دەرئەنجامانە دەکەم کە لە پشت ئەم دیاردەیەوەن. نە بوونی رەخنەی دروست و زانستی و پڕکردنەوەی بۆشایی ڕەخنەی شانۆیی لە ڕێگەی  سۆشیال ـ میدیا بە گشتی و فەیسبوک ـەوە بەتایبەتی. لە ئەنجامی نەبوونی کەسانی پسپۆڕ لە بواری رەخنەی شانۆدا کە بتوانن بە شێوەیەکی پیشەیی و دروست و دوور لە بەرژەوەندی تایبەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەزمون و کارە شانۆییەکان بنوسن، بەشێک لە شانۆکاران یاخود ورد تر بڵێم کەسێک یان چەند کەسێک لەهەر گروپ و کۆمەڵەیەک دەست دەکەن بە نوسین و شیکاری جیا جیا و لە سەر دیواری فەیسبوکەکانیان بڵاوی دەکەنەوە. وە بەداخەوە بەشی هەرە زۆری ئەو نوسینانە بابەتی زۆر خراپ و بێ ئەندازە نا هونەرین و ناتوانیت وەک بابەتی ڕەخنەیی سەیریان بکەین. چونکە بەشی هەرە زۆری ئەو نوسینانە لەسەر بنەمای ڕەخنەی شانۆیی نە نووسراون، زیاتر ریزکردنی ووشە و ڕستە دەچن لە شێوەی پەخشاندا کە هیچ بەهایەکی هونەری ڕەخنەسازیان تێدا نیە. وە زۆر جار نوسینەکان لە چێوەی دووری و نزیکی   کەسەکان لەیەکتری و لەسەر بنەمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بونیات دەنرێن و جۆرێک لە ستایش یا شکاندنی تێدایە.  ئەمەش دەبێتە گرێیەکی دەرونی و کەسی لە بارەوە نوسراو وەڵامی کەسی نوسەر دەداتەوە، ئیتر لەوێوە شۆڕ دەبنەوە بۆ ناو جۆرێک لە گفتوگۆ و قسەکردن کە شیاوی وتن و نووسینی کەسی شانۆکار نییە. خۆ ئەگەر بابەتێکی ئاست بەرزی رەخنەییانەش لە لایەن شانۆکارێکەوە لەسەر کارێکی شانۆیی بنوسرێت و سیما و بنەماکانی هونەری رەخنەسازی تێدا بەرجەستە بێت، ئەوا لە کۆتایدا هەر وەک دژایەتی یاخود ستایش کردن دەخوێنرێتەوە! واتە هێشتا بەشی هەرە زۆری شانۆکاران  لە بازنەی ستایشکردن یان ڕەتکردنەوەدا خوڵ دەخۆن و توانای بەرهەم هێنانی ڕەخنەیەکی دروست و بونیاتکاریان لەسەر کارە شانۆییەکان نییە. لێرەوە و بۆ خاڵی یەکەم، دەبێت بگەینە دەرئەنجامێک کە لەوە تێبگەین  نمایشی شانۆیی و هونەری رەخنەسازی دوو پڕۆسەی جیاوازی هەمان کاری هونەرین بەڵام لە دوو سیاق و شێوەی جیاوازدا. وە بەهەمان شێوەی ڕەچاوکردنی بنەماو ڕێساکانی کاری دەرهێنان و نواندن لە لای دەرهێنەر و ئەکتەرەکانەوە دەبێت ڕەچاوی ڕێسا و بنچینەکانی هونەری ڕەخنەسازی بکرێت. وە دەبێت کاری رەخنەیی لە شێوەی نوسراوی فەرمی و لەناو بڵاوکراوە و پێگە فەرمییەکاندا بڵاوبکرێتەوە، یاخود لە شێوەی کۆڕ و سیمیناری تایبەتدا بخرێتە ڕوو. گرنگترین خاڵیش ئەوەیە کە دەبێت هەموو نوسراوێکی سەر دیواری فەیسبوک و قسەی ناو دانیشتنە کۆمەڵایەتییەکان و هاوشێوەکانی وەک ڕایەکی شەخشی و دوور لە کاری پرۆفێشناڵی سەیر بکرێت و نەکرێتە سەرچاوە و کەرەستەی هیچ جۆرە گڤتوگۆیەکی جدی. شانۆکار و ڕەتکردنەوە و بڕوا نەبوون بە شێوەی کارکردنی ئەوانی تر. بەشێکی زۆری شانۆکاران توانای وەرگرتن و جێژ بینین لە کاری یەکتریان نییە و هەمیشە وەک چاوێکی ئامادە بۆ ڕەخنەگرتن و دۆزینەوەی کەم و کورتییەکان دەچنە هۆڵەکانی شانۆوە بۆ بینینی نمایشەکان. زۆر جار تەنانەت ئامادە نین  کاری هاوپیشەکانیان ببینن. بڕوا بوون و تەنیا بە دروست زانینی شێوەی کارکردنی  گروپێک یان کەسانێک لای خۆیان، تێڕوانین و بۆچونی  نا دروست و بە کەمتر بینینی کارەکانی تری لێ کەوتۆتەوە. ئەمەش پەرتەوازەیی و دابەشکارییەکی گەورەی لای شانۆکارن دروست کردووە، وە پرۆسەی یەکتر قبوڵکردن و پێکەوە کار کردن بۆ شانۆیەکی دەوڵەمەند و کاریگەری زۆر زەحمەت و ئاڵۆز کردووە. بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی پۆزەتیڤ و  بونیاتکار لە خاڵی دووەمدا، دەبێت شانۆکاران لەوە تێبگەن کە بۆ ئەوەی شانۆیەکی زیند و کاریگەرمان  هەبێت و ببێت بە بەشێکی چالاکی ناو چالاکییە کولتورییەکان، دەبێت لە یەک ڕەنگی و هاوشێوەیی ڕزگاری بکەین و نمایشی سەر بە ڕێباز و شێوە جیاوازەکانمان هەبێت. وە لەگەڵ هەبوونی کاری شێوە جیاوازدا دەبێت هونەرمەندی شانۆکار  بیر و ڕوانگەی خۆی  بۆ شانۆ نەکاتە پێوەر و هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی تر. هەر نمایشێک وەک خۆی و بە ئەندازەی ئاستی هونەری و توانای کاریگەری لەسەر بینەران لێی بڕوانین. دەبێت زۆر سادە و ئاسان لەوە تێبگەین کە توانا و تێروانینەکان بۆ شانۆ جیاوازن، هەر لەبەر ئەوەشە کە بەرهەمە شانۆییەکان جیاوازن. وە لە کۆتایشدا ئەم جیاوازییە لە بەرهەمهێناندا دەبێتە زەمینەیەک بۆ دروست بوونی شانۆیەکی دەوڵەمەند و کاریگەر کە لە توانایدا هەبێت زۆرترین بینەر بێنێتە  هۆڵەکانی شانۆوە و ببێتە بەشێک لە پڕۆسەی بە کولتور کردنی شانۆ. جیاکاری و نا یەکسانی لە دابەشکاری هاوکاری نێوەندە شانۆییەکاندا. بەو پێیەی تا ئێستا شانۆکاران ناتوانن تەنیا لە ڕێگەی فرۆشتنی بلیتەوە ئیدارەی کارەکانیان بدەن، زۆر جار پێویستیان بە هاوکاری مادی و یارمەتی ئیداری نێوەندە شانۆییە حکومی و نا حکومییەکان دەبێت کە سەرچاوەی دارای و دابەش کردنی ئەو برە یارمەتیەن کە لە لایەن حوکمەتەوە بۆ شانۆکاران دابین کراوە. بەڵام بە داخەوە زۆر جار جیاوازی لە نێوان شانۆکاراندا دەکرێت و خودی ئەو شانۆکارانەی لەو نێوەندانەدا کاربەدەستن بودجەیەکی باش و کار ئاسانییەکی زۆر بۆ هەندێ لە شانۆکاران بەردەست دەخەن، لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک فەرامۆش دەکەن و وەک پێویست هاوکاریان ناکەن و دەبنە ڕێگر لە بەردەم پرؤژەکانیاندا. واتە زۆر جار هاوکارییەکان لەسەر ئاستی نزیکی و گەرمی پەیوەندییە کۆمڵایەتییەکاندایە نەک ئاستی هونەری و جۆری پڕؤژەکە. ئەم جیاکارییەش دابەشکارییەکی گەورەی لە ناو شانۆکاراندا دروست کردووە و بووەتە خولقێنەری جۆرێک لە جەنگی دەروونی. بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی دروست و کاریگەر کە ئەم خاڵە نێگەتیڤە لەناو ببات، دەبێت هەموو ئەو دەسەڵات و هاوکارییە مادییانە لە ژێر دەستی تاکە کەس دەربهێنرێت و بە لیژنە و دەستەی پسپۆڕ بسپێردرێن، تا بتوانن بە یەکسانی و بە پێی قەبارەی کارەکان هاوکارییەکان دابەش بکرێن و ئەو جیاکاری و دابەش بوونە نەهێڵێت. ناکۆکی نێوان گروپ و کەسەکان. بەداخەوە کە ناکۆکی و دژایەتی نێوان بەشێک لە شانۆکاران چ وەک تاک یان گروپ، دیاردەیەکە بوونی هەیە و کاریگەریەکی خراپی هەیە. ئەگەر چی ئەم دیاردەیە ڕاستەوخۆ و ئاشکرا نییە، بە ڵام تارماییەکی گەورەی ڕوخێنەری لەناو کایەی شانۆدا دروست کردووە و جەمسەر گیری بۆ کار و پڕۆژە شانۆییەکان خولقاندووە. مەترسی ئەم ناکۆکی و تەنیا خۆ بە درووست زانینە تەنیا لە یەک زەمەندا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە بەشێک لە نەوەی نوێ یاخود کەسانێک کە تازە دێنە ناو دونیای کاری شانۆوە و ئاگاییەکی ئەوتۆیان لە مەترسییەکانی ئەم جەمسەرگیرییە نییە دەکەونە ژێر کاریگەری (ستایش یان رەتکردنەوە)ی کەسێک یان گروپێکەوە و دەوامە بەو کارە نا دروست و روخێنەرە دەدەن. یەک لە دەرئەنجامە نێگەتیڤەکانی  ئەم دیاردەیە بریتییە لە ستایشکردن و گەورە کردنی لە ڕادە بەدەر بۆ کار و پڕۆژەی کەسانێک و رەتکردنەوە و قبوڵ نەکردنی تەواوەتی کەسانێکی تر لە کایەی شانۆدا، وە بۆ ئەوانی ترش بە پێچەوانەوە. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە دەبێت شانۆکاران سودمەند و دەوامەپێدەر و تەواوکاری کارەکانی یەکتر بن. واتە هەرکەس و گروپە لەسەر هێڵ و شێوەی کارکردنی خۆی، بەڵام بەرەو یەک ئاراستە، ئاراستەیەک ڕوەو  بونیاتنانی شانۆیەکی زیند و دەوڵەمەند . نەک یەکتر ڕەتکردنەوە و خۆ سەپاندن و دژایەتی کردنی یەکتری.   ئەمانە وەک خاڵی سەرەکی و هەندێ هۆکاری تر خولقێنەری ئەو گرفتەی نێوان بەشێکی زۆر لە شانۆکارانن کە لە سەرەوە باسمان کرد. ئەوەی پێویستە و دەبێت بکرێت، کار کردنە بە ئاراستەی جێ هێشتنی ئەو گرفتانە و بە کولتور کردنی هونەری شانۆ و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەی دەسەڵات و سیاسەت لە کایەی شانۆدا دروستیان کردووە. چونکە بەرپرسیاری یەکم و بەکار خستنی ئەم پرۆسەیە شانۆکاران خۆیانن، نەک دەسەڵات و بینەر.           

  سیمیۆلۆژیای گێڕانەوە نوێترین بەرهەمی چاپکراوی نووسەرو لێکۆڵەر (د.حەمە مەنتک)ە. کە بڕیارە بەم زوانە بڵاو بکرێتەوە.  دەربارەی کتێبەکە نووسەر بە هاوڵاتی ڕاگەیاند" لە بنەڕەتدا ئەم کتێبەم تێزی دکتۆراکەمە، ئیشکردنە لەناو گێڕانەوەناسیدا.ئاراستەی سیمیۆلۆژیای گێڕانەوە ئاراستەیەکی نوێی توێژینەوەیە لە دەقی گێڕانەوەیی. من هەوڵمداوە توێژینەوە لە کەرەسەیەکی کۆنی وەکوو هەقایەت بە مێتۆدێکی نوێ بکەم. هاوکات ئەوەیشم سەلماندووە، کە توخم و رەگەزەکانی ڕۆمان چۆن لە هەقایەتەوە هاتوون و ڕەوتی گەشەسەندنیان چۆن بووە.  بە کۆمەکی ئاراستەی سیمیۆلۆژیای گێڕانەوە گوتاری دەقی هەقایەتم ڕاڤە کردووە، هەموو ئەو بار و گۆڕانکاریانەی بوونەتەوە بەرهەمهێنانی واتا توێژینەوەمان لەبارەوە کردوون.  ئەوەی لای من گرینگ بووە لەم توێژینەوە پرسیاری ئەم دەقە چی دەڵێ؟ ت و کێ دەیڵێت؟ گرینگ نەبووە، بەڵکوو پرسیاری ئەم دەقە چۆن دەیڵێت؟ بووە. واتە چۆنیەتی گێڕانەوە. ئەم کتێبە لە بڵاوکراواکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەدەمە.

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ،یه‌کێکه‌ له‌ ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ گه‌وره‌کانی خێزان. که‌ده‌بێته‌ بنه‌مای پێگه‌یاندنی مرۆڤێکی سه‌رکه‌وتوو له‌ داهاتوودا.ئه‌وپه‌روه‌رده‌کردنه‌ی منداڵ، له‌ کۆمه‌ڵگاکاندا به‌مێتۆدو ڕێسای کۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازه‌. به‌و مانایه‌ی په‌روه‌رده‌کردنی مندال له‌ڕۆژهه‌ڵات جیایه‌ له‌ ڕۆژئاواو له‌کۆمه‌ڵگایه‌کی ئایینی و نه‌ریتخوازدا، جیایه‌ له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی لیبرال و سه‌ربه‌خۆ. به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان بیربچێت، میتۆده‌کانی په‌روه‌رده‌کردن چه‌ند جیاوازبن، دواجار ئامانجی یه‌که‌م و کۆتاییان ئه‌وه‌یه‌ چۆن منداڵ به‌ په‌روه‌رده‌یه‌کی ڕاست و دروست گه‌وره‌ بکه‌ن. که‌که‌سیه‌تییه‌کی سه‌رکه‌وتووی  له‌داهاتوودا هه‌بێت. کتێبی(ده‌رباره‌ی په‌روه‌رده‌ کردن) یه‌کێکه‌ له‌وکتێبانه‌ی که‌زۆربه‌وردی له‌باره‌ی په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه‌وه‌ ده‌دوێت وپه‌یوه‌ندی خێزان به‌ منداڵ له‌قۆناغه‌کاندا ڕوونده‌کاته‌وه‌. ئه‌م کتێبه‌ یه‌کێکه‌ له‌وکتێبانه‌ی که‌بایه‌خێکی هه‌ره‌گرنگی له‌ڕووی په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌ هه‌یه‌.به‌تایبه‌تیش په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ و شێوه‌کانی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ منداڵ هه‌ر له‌قۆناغی شیره‌خۆریه‌وه‌ که‌ئێمه‌ به‌ ساوا ناوی ده‌نێین، تاقۆناغه‌کانی دواتر. نووسه‌ری کتێبه‌که‌ چه‌ند دیارده‌یه‌ک له‌هه‌مبه‌ر په‌روه‌رده‌کردنی منداڵدا ڕوونده‌کاته‌وه‌، که‌ تاکوئێستا له‌کۆمه‌ڵگا نه‌ریتییه‌کان و کوردستانیشدا، به‌ڕێگه‌یه‌کی دروستی پێگه‌یاندنی منداڵ داده‌نرێت. که‌چی له‌بنه‌ڕه‌تدا شێوازێکی هه‌ڵه‌یه‌. نووسه‌ر ئه‌وه‌ ڕوونده‌کاته‌وه‌ که‌ زۆرجار له‌میانه‌ی خۆشویستنی بێ سنوورو نازپێدانی له‌راِده‌به‌ده‌ری منداڵ له‌ ته‌مه‌نی بچووکیدا، منداڵ فێری نازکردن و داواکاری زیاترده‌بێت. کاتێ قۆناغی مندالیش جێدێڵێت و گه‌وره‌ ده‌بێت،ئه‌وا داخوازییه‌کانیشی له‌گه‌ڵدا، زۆر و گه‌وره‌ده‌بن، به‌ڵام هه‌مان ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی هه‌یه‌ که‌وه‌ک چۆن له‌ منداڵیدا هه‌رشتێک مه‌به‌ستی بێت بۆی کراوه‌، ئه‌وا ده‌بێ له‌ گه‌وره‌ییش به‌هه‌مان شێوه‌ بێت. که‌ئه‌مه‌ش خێزانه‌کان ڕووبه‌ڕووی گرفت و ئاریشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کاته‌وه‌.به‌بڕوای من ئه‌م شێوازه‌ له‌ مامه‌ڵه‌کردن و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ منداڵدا، یه‌کێکه‌ له‌ نه‌ریته‌ باو و دیاره‌کانی کۆمه‌لگای کوردی. چونکه‌ له‌کۆمه‌لگای ئێمه‌دا به‌گشتی دایبابه‌کان به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک کۆرپه‌که‌ی خۆیان خۆشده‌وێت،ته‌نانه‌ت له‌ ڕوحی خۆشیان زیاتر. به‌ڵام کاتێ هه‌مان ئه‌و منداڵانه‌ گه‌وره‌ده‌بن، ئیدی ئه‌و نازوسۆزپێدانه‌ش ورده‌ ورده‌ کاڵده‌بێته‌وه‌و له‌هه‌ندێک کاتدا نه‌ک هه‌رنامێنێت، بگره‌ باوک و منداڵه‌که‌ی به‌تایبه‌تیش کوڕ، ده‌بنه‌ دوژمنی یه‌کتری و زۆرجار خوێنی یه‌کتریش به‌ ده‌ستی یه‌کتری ده‌ڕێژن و کاره‌ساتی جه‌رگبڕدروست ده‌که‌ن. که‌به‌دڵنیاییه‌وه‌ نموونه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ یه‌کجار زۆره‌ له‌خێزانی کوردی. بۆیه‌ نووسه‌ری کتێبه‌که‌(بێرتڕاندڕه‌سل) جه‌حت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ده‌بێ له‌نێوان نازپێدانی له‌ڕاده‌به‌ده‌رو خۆشویستنی منداڵ، سنوورێک هه‌بێت. ناکرێ له‌په‌نای خۆشویستنه‌وه‌ هه‌رشتێک منداڵ مه‌به‌ستی بوو، بۆی جێبه‌ جێبکرێت. چونکه‌ دواجار ئه‌م منداڵه‌ که‌سیه‌تییه‌کی داخوازیکه‌ری لێده‌رده‌چێت و هاوکات خووێکی سایکۆلۆژی خراپیش ده‌گرێت. نووسه‌ر له‌م ڕووه‌وه‌ نموونه‌یه‌کی به‌رجه‌سته‌ دێنێته‌وه‌.که‌ئه‌ویش په‌یوه‌ندی به‌کۆرپه‌له‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ به‌ ساوا ناوی ده‌به‌ین. واته‌ زۆربچووک.هه‌موومان ده‌زانین له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا و ڕه‌نگه‌ له‌ کۆمه‌لگاکانی دنیاش به‌و شێوه‌یه‌بێت، کاتێ منداڵی شیره‌خۆر له‌لانکه‌ ده‌پێچن یاخود ده‌خه‌وێنین، ئه‌وا لای لایه‌و لاواندنه‌وه‌ی وه‌ک ڕێگه‌یه‌کی خه‌وتن بۆبه‌کاردێنن. به‌ڵام بێرتڕاند ڕه‌سل، ئه‌م شێوازه‌ به‌ ڕێگه‌یه‌کی یه‌کجارهه‌ڵه‌ ناوده‌بات. ئه‌و باس له‌وه‌ ده‌کات که‌منداڵ کاتێ پێویستی به‌خه‌وبێت، ئه‌وا ده‌بێ ژینگه‌یه‌کی له‌باروگونجاوی هێمن و دوورله‌ده‌نگه‌ ده‌نگی هه‌بێت. چونکه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و پێویستی به‌خه‌وتنه‌، نه‌ک لاواندنه‌وه‌ی. پێویستی به‌ئارامییه‌، نه‌ک ناز هه‌ڵگرتنی.نابێ خووێک وه‌ک تایبتمه‌ندییه‌کی که‌سی منداڵ بچسپێنین که‌خۆمان ده‌مانه‌وێت. نووسه‌ری کتێبه‌که‌، هه‌رپه‌یوه‌ست به‌و ته‌مه‌نه‌ نموونه‌یه‌کی دیکه‌ دێنێته‌وه‌ که‌ئه‌ویش گریانی منداڵه‌ له‌و ته‌مه‌نه‌دا. بێگومان کاتێ منداڵ ده‌گریێت و ڕه‌نگه‌ به‌گریانه‌که‌ی هه‌م دایباب دڵته‌نگ بکات و هه‌میش ئارامیان تێکبدات، ئه‌وا دایک په‌نا ده‌باته‌ به‌رڕێگه‌ی جۆراو جۆر بۆ ژیرکردنه‌وه‌ی.به‌مه‌ش بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بکات، خووێک لای منداڵ دروست ده‌کات که‌ ئه‌ویش له‌به‌رامبه‌ر گریان شتێکی پێده‌درێت. بۆیه‌ کاتێ ساواکه‌ ده‌زانێت ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت به‌ گریان بۆی مه‌یسه‌ر ده‌بێت، ئه‌وا گریان ده‌کاته‌ چه‌کی به‌هێزی ده‌ستی خۆی بۆجێبه‌جێکردنی داواکانی.کاتێ گه‌وره‌ش ده‌بن و داواکاری دیکه‌یان ده‌بێت و خێزانه‌کانیش به‌شێوه‌یه‌کی دیکه‌ وه‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه‌، ئه‌وا ده‌که‌ونه‌ بارودۆخێکی ده‌روونی خراپه‌وه‌ که‌ ئاسه‌وارێکی نادروست له‌سه‌رکه‌سیه‌تییان جێدێڵێت.به‌ڵام ئه‌گه‌ر منداڵه‌که‌ هه‌رگریا وهه‌ستی کرد ماندوو ده‌بێت، ئیدی بۆخۆی بێده‌نگ ده‌بێت. به‌تایبه‌تیش که‌ ئه‌و منداڵه‌ هیچ نه‌خۆشییه‌کی نه‌بێت. نابێ ئه‌وه‌نده‌ سۆز بدرێته‌ منداڵ وه‌ک بووکه‌ شوشه‌ی لێبێت.چونکه‌ ئه‌و تاهه‌تایه‌ هه‌رله‌ قۆناغی منداڵی نامێنێته‌وه‌، گه‌وره‌ ده‌بێت. که‌گه‌وره‌ش بوو، ناکرێ به‌هه‌مان شێوه‌ی منداڵی بۆی بڕوانرێت و  هه‌ر هه‌مووداواکانی جێبه‌جێبکرێن. بابه‌تێکی دیکه‌ی په‌یوه‌ست به‌منداڵ که‌ نووسه‌ر ئاماژه‌ی پێ ده‌کات ئه‌ویش ترسه‌. واته‌ کاتێ منداڵ به‌هۆی هه‌رشتێکه‌وه‌ بێت به‌رجه‌سته‌ یاخود نابه‌رجه‌سته‌یی ده‌ترسێت. به‌بڕوای نووسه‌ر، زۆر جار گه‌روره‌کان ده‌بنه‌ هۆکاری قوڵبوونه‌وه‌ی ئه‌وترسه‌ لای منداڵ و دۆخێکی ده‌روونی پڕله‌ترس و دوودڵییان بۆ دروست ده‌که‌ن. زۆر ئاساییه‌ منداڵ وه‌ک هه‌ر مرۆڤێکی دیکه‌ بترسێت. به‌ڵام نابێ ئه‌وترسه‌ ببێته‌ فۆبیاو هه‌رله‌ سه‌ره‌تاوه‌ منداڵ تێکبشکێنێ و تاهه‌تایه‌ به‌ترس گۆشبکرێًت.یه‌کێک له‌و ڕێگایانه‌ی که‌ده‌شێ ترس له‌ده‌روونی منداڵ دووربخاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌که‌خودی گه‌وره‌کان نابێ بترسن.خۆ ئه‌گه‌ر نه‌شیانتوانی زاڵبن به‌سه‌رئه‌و ترسه‌دا، ئه‌وا به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ ده‌بێ هه‌وڵبده‌ن ئه‌وترسه‌ به‌ڕوویانه‌وه‌ دیارنه‌بێت. بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌که‌ هه‌ست نه‌کات که‌تۆده‌ترسێی. ئه‌وکات ترس وه‌ک هه‌ر دۆخێکی دیکه‌ی ده‌روونی مرۆڤه‌کان ده‌بینێت که‌ زۆرجار به‌هۆی ڕووداوێکه‌وه‌ یاخود به‌رکه‌وته‌یه‌که‌وه‌ دروست ده‌بێت. وه‌لێ کاتێ گه‌وره‌کان به‌ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆرله‌به‌رده‌م منداڵه‌کانیاندا ده‌ترسێن،ئیدی ئه‌وانیش هه‌ست به‌جۆرێک له‌ترس و دڵه‌ڕاوکێ ده‌که‌ن.نووسه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌شێوازه‌کانی په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ که‌ ئه‌و به‌په‌روه‌رده‌ی مۆدێرن له‌به‌رامبه‌ر په‌روه‌رده‌ی کلاسیک وێنای ده‌کات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌سه‌ر خووه‌کانی منداڵ ‌وتێڕوانینی بۆ ده‌وروبه‌رده‌وه‌ستێت.بێرتڕاند ڕه‌سل، باس له‌وه‌ ده‌کات که‌منداڵان ئاره‌زووی سه‌یریان هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاره‌زووانه‌ هیچ مانایه‌کیش به‌ژیانیان نه‌به‌خشێت.وه‌ک هه‌ندێک جۆری یاریکردن.به‌ڵام ئه‌وان هه‌رچێژی لێده‌بینین. بۆنموونه‌: کاتێ منداڵێک ده‌چێته‌ نێوباخچه‌یه‌کی پڕ له‌گوڵ و گوڵزاره‌وه‌، ئه‌وا حه‌زده‌کات کام گوڵیان زۆرجوان و سه‌رنج ڕاکێشه‌، یاخود زۆربه‌یان بقرتێنێت و لێبکاته‌وه‌. ئه‌رکی گه‌وره‌کانه‌، وه‌ک دایباب و خێزان که‌ منداڵ به‌ئاگا بێننه‌وه‌ له‌وه‌ی نابێ گوڵه‌کان لێ بکاته‌وه‌. چونکه‌ دیمه‌ن و بۆن و به‌رامه‌ی باخچه‌که‌ ونده‌بێت و ده‌شێوێت. به‌ڵام ئه‌رکی گه‌وره‌کان هه‌ر ته‌نها له‌و ئامۆژگارییه‌ به‌زمانێکی ساده‌ کۆتایی نایه‌ت، به‌ڵکوله‌وه‌ گرنگترو پڕبه‌هاترئه‌وه‌یه‌که‌منداڵ فێری ئه‌وه‌ بکرێت که‌گوڵه‌کانی خۆشبوێت هاوشێوه‌ی گه‌وره‌کان. له‌هه‌رجێگه‌یه‌ک بیانبینێت، بیانپارێزێت. چونکه‌ گوڵ هێمای جوانییه‌. که‌به‌و شێوه‌یه‌ گوڵمان له‌ دنیابینی منداڵ نه‌خشاند، ئیدی ئه‌ویش گوڵه‌کانی خۆشده‌وێت و له‌ هه‌رجێگه‌یه‌ک بیانبینێت ده‌یانپارێزێت. نووسه‌ری کتێبه‌که‌ باس له‌ بابه‌تێکی دیکه‌ی گرنگ ده‌کات که‌ ئه‌ویش په‌یوه‌ندی منداڵ به‌گه‌وره‌کانه‌وه‌، که‌زۆر جار بێ متمانه‌یان لادروست ده‌کات.نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌نابێ گه‌وره‌کان به‌ قسه‌و بۆچوونی ئه‌فسانه‌یی و ناواقیعی مێشکی منداڵ ئاڵۆزبکه‌ن. یاخود نابێت بابه‌تێکییان بۆ بوروژێندرێت که‌ له‌ ئه‌قڵ و توانای گه‌وره‌کان خۆشیان به‌ده‌ره‌ چ جای منداڵ. منداڵان هه‌ر ته‌نها حه‌زناکه‌ن گوێیان له‌گه‌وره‌کان بێت چی ده‌ڵێن، به‌ڵکو ده‌یانه‌وێت به‌ پراکتیکیش بۆیان بسه‌لمێنرێت. ده‌نا باوه‌ڕ به‌قسه‌کانیان ناکه‌ن. بۆیه‌ ده‌بێ گه‌وره‌کان له‌م ڕووه‌وه‌ هوشیاربن وشتێک نه‌ڵێن که‌ نه‌توانن جێبه‌جێی بکه‌ن. چونکه‌ ئه‌مه‌  بڕوای منداڵ لاوازده‌کات و ئه‌و هه‌سته‌شیان لادروست ده‌کات که‌ئه‌وانیش له‌ داهاتوودا قسه‌یه‌ک بکه‌ن و نه‌توانن بیسه‌لمێنن. یاخود فێری فریودان و درۆکردن ده‌بن.دواجار نووسه‌ری کتێبه‌که‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ده‌بێ دایکان و باوکان له‌هه‌موو ته‌مه‌نێکدا به‌وشێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ منداڵ بکه‌ن،که‌ ئه‌و مرۆڤێکی ئه‌م جیهانه‌یه‌و به‌دڵنیاییه‌وه‌ تووشی خۆشی و ناخۆشیش ده‌بێت. له‌ڕاستیدا ئه‌م کتێبه‌ یه‌کێکه‌ له‌کتێبه‌ هه‌ره‌گرنگه‌کانی بواری په‌روه‌رده‌.که‌ ئێمه‌ ده‌رفه‌تمان نییه‌ هه‌موو کتێبه‌که‌ به‌خوێنه‌ران بناسێنین. گرنگی ئه‌و کتێبه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌خێزانه‌کان و مامۆستاکان و که‌سانی بواری په‌روه‌رده‌وه‌و بگره‌هه‌موو که‌سێکیش بیخوێنێته‌وه‌. چونکه‌ ئێمه‌هه‌میشه‌ پێویستیمان به‌په‌روه‌رده‌کردنێکی ڕاست و دروستی نه‌وه‌کانمان هه‌یه‌. به‌تایبه‌تی له‌ ژێرسایه‌ی سیسته‌مێکی په‌روه‌رده‌یی له‌و شێوه‌یه‌ی که‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌. *په‌راوێز/ ناوی کتێب (ده‌رباره‌ی په‌روه‌رده‌کردن)/ نووسینی (بێرتڕاند ڕه‌سل)/وه‌رگێڕانی(جیهاد محمد) بڵاوکراوه‌ی سه‌رده‌م_2018.  

ئاماده‌کردنى: هانە شاخی کتێبی "گوناح و ئیمان"  توێژینەوەیەکی ئەکادیمی و مەیدانییە لەسەر گروپە ئیتنیە جیاوازەکانی کوردستان. کە بریتین لە (ئێزدی و کاکەیی و سابیئەی مەندائی و ئەرمەن و هەقە و قەرەج). لەلایەن نووسەر و رۆشنبیر (سمکۆ محەمەد) ئامادەکراوە و لەسەر ئەرکی ئەکادیمیای کوردستان چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبە بریتیە لە کتێبێکی ناوازەی پڕ لە زانیاری لەسەر بارودوخی مێژووی و کولتووری و فەرهەنگی و ئایینی و نەتەوەیی پێکهاتە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئایینی ئیسلام.ئەم کتێبە سمکو محەمەد وەکو توێژینەویەەکی مەیدانی کاری لەسەرکردووە. چیرۆکەکەی بەپێی پێشەکییەک کە نووسەر نوسیویەتی، دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە17 ساڵ گە ئەوکات وەکو کارێکی پەراوێزخراوی رۆژنامەوانی کاری لەسەر کردووە، دواتر بیری لێکردۆتەوە کە بیکات بە پرۆژەیەک بۆ ئەوەی خوێنەر و توێژەران زیاتر ئاشنایەتی دۆخی جوگرافی و مێژوویی و فەرهەنگی و ئایینی ئەم پێکهاتە ئیتنییانە بن لەرووی ئایینیەوە، ئەم کتێبە لەدوتوێی 336 لاپەرە، لەسەر ئەرکی ئەکادیمیا ی کوردستان چاپکراوە. له‌مباره‌یه‌وه‌ (سمکۆ محه‌مه‌د) که‌ دانه‌رى کتێبه‌که‌یه‌ له‌پێشه‌کى کتێبه‌که‌یدا ده‌ڵێ "چیرۆکى سه‌ره‌تایى ئه‌م کتێبه‌ بۆ زیاتر له‌ 17 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ یه‌که‌مجار وه‌کو بابه‌تێکى په‌راوێزخراوى رۆژنامه‌نووسى، کارم له‌سه‌ر ئاین و پێکهاته‌کانى کوردستان ده‌کرد، ئه‌وکات بیروڕام وابوو هێشتا نه‌ک هه‌ر خه‌ڵکى کوردستان به‌گشتى به‌یه‌کتر ئاشنا نین، بگره‌ رۆشنبیر و لیکۆڵه‌رانى کۆمه‌ڵناسیش ئاشناى ته‌واویان نییه‌ به‌ پێکهاته‌ کۆمه‌ڵایه‌تى و ئاینییه‌کانى کوردستان و بگره‌ مامۆستاى تایبه‌ت به‌م بواره‌ شاره‌زا له‌ هه‌ندێک ژیانى په‌نهانى پێکهاته‌کان نین، نه‌ک هه‌ر له‌ رێوڕه‌سم و تێکسته‌کانیان و مێژووه‌کانیان شاره‌زا نین، بگره‌ تا ئه‌و جێگه‌ى که‌ له‌وه‌ش تێنه‌گه‌یشتوون بۆچى جوگرافیاى دانیشتوانى ئه‌م پێکهاتانه‌ پچڕ پچڕن و هه‌ر پارچه‌یه‌کیان له‌ شوێنێکن که‌ ئه‌مه‌ پێویستى به‌ کۆمه‌ڵناس هه‌یه‌ و کوردیش کۆمه‌ڵناسى نییه‌ تاکو خۆى بناسێت، بۆیه‌ به‌ گرینگم زانى بۆ داهاتوو بیکه‌م به‌ کتێبێک، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ هات که‌ هه‌ردوو کتێبه‌که‌ى مارکسم خوێنده‌وه‌ به‌ناوى (ده‌رباره‌ى مه‌سه‌له‌ى یه‌هودیه‌ت) و کتێبى (عائله‌ المقدسه‌.. خێزانى پیرۆز) ى مارکس، که‌ له‌ کتێبى یه‌که‌میاندا باسى گرینگى فره‌یى بوونى ئاین ده‌کات که‌ "ئه‌گه‌ر هێشتا زۆرینه‌ى خه‌ڵک دیندار بن، ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت خۆى له‌ کۆت و به‌ندى ئایین رزگار بکات و ئه‌و گومانه‌ش بڕه‌وێنێـه‌وه‌ که‌ له‌لاى زۆرینه‌ى خه‌ڵک هه‌یه‌، له‌حاڵێکدا زۆرینه‌ به‌ هۆى تایبه‌تبوونى ئایینه‌وه‌ ده‌ست له‌ ئاین به‌ر ناده‌ن، به‌ڵام شێوازى ره‌فتارى ده‌وڵه‌ت به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌تى ئازاد به‌رامبه‌ر ئایین، شتێک نیی جگه‌ له‌ شێوازى ره‌فتارى ئینسانه‌ دامه‌زرێنه‌ره‌کانى ده‌وڵه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ ئایین، بۆیه‌ به‌رگى یه‌که‌مى ئه‌م بابه‌ته‌م وه‌کو ناساندنى ئاینه‌کان و که‌مینه‌کان له‌کتێبێکدا خسته‌ڕوو، بۆیه‌ بیرم له‌وه‌ کرده‌وه‌ به‌رگى دووهه‌م خویندنه‌وه‌ى هه‌مه‌لایه‌نه‌ بێت بۆ ئاین و تێکست و فه‌رهه‌نگ و ره‌هه‌ندى مان و نه‌مانیان.

ئامادەکردنی: هانە شاخی کۆمه‌ڵه‌ شیعرى که‌سێک نییه‌ وێنه‌مان بگرێ  نوێترین کۆمه‌ڵه‌ شیعرى شاعیر ئیبراهیم هه‌ورامانى یه‌و له‌دوتوێی 124 لاپه‌ڕه‌دا نزیکه‌ى 120 شیعر له‌خۆده‌کرێت ،له‌لایه‌ن نوسه‌ر (ڕه‌شاد حامید _ دڵدار دانا ) ه‌وه‌ کراوه‌ته‌ سه‌ر شێوه‌ زارى کرمانجى ژوور و. ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ شیعرییه‌ له‌لایه‌ن  نزار نورى دیزاینى به‌رگ و لاپه‌ڕه‌کانى ناوه‌وه‌ى بۆ ئه‌نجامدراوه‌. بڕیاره‌ له‌ئاینده‌یه‌کى نزیک دا له‌لایه‌ن چاپخانه‌ى کارۆ چاپ و بڵاوبکرێته‌وه‌. له‌ لێدوانێکى کورت دا شاعیر ئیبراهیم هه‌ورامانى وتى: تا ئیستا چه‌ندین شیعرى من وه‌رگێڕدراونه‌ته‌ سه‌ر زمانى عه‌ره‌بی و تورکى و فارسى وه‌ دوو کۆمه‌ڵه‌شیعریم به‌ زمانى عه‌ره‌بی و کۆمه‌ڵه‌ شیعرێکمان به‌زمانى فارسى چاپ و بلاوبونه‌ته‌وه‌ . به‌ڵام ئه‌م کاره‌ نوێییه‌م که‌ چه‌ندین شیعره‌ به‌تایبه‌ت کورته‌ شیعرییه‌کان له‌لایه‌ن کاک ره‌شاد حامید ( دڵدار دانا ) به‌ زارى کرمانجى ژورو کراون مایه‌ى دڵخۆشییه‌م به‌هیوام جێگه‌ى په‌سه‌ندى و ڕه‌زامه‌ندى خوێنه‌رانى بێت. ئه‌وه‌ى شایانى باسه‌ ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ شیعرییه‌ له‌سه‌ر ئه‌رکى وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى و لاوانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان (بودجه‌ى پایته‌ختى ڕۆشنبیرى ) چاپکراوه‌.

ھاوڕێ توانا ھێندێک کتێب بەجارێک خوێندنەوە لێت ڕازی نابن ھێندێک کتێب ھەن جارێکیش بۆ خوێندنەوە نابن، من ساڵێک پێش ئێستا جارێک ئەم کتێبەم خوێندەوە لەماوەیە جارێکی تر وەک بڵێی بانگم بکات!  دیسان خوێندمەوە ئەوە لەبەر ئەوەنا کتێبێکی قۆڵ و شفرە دارە نا بەڵکو ئەم کتێبە دایالۆگێکەو دوای توشی جۆرێک لە مەنەلۆگت دە کات، ئەم کتێبە زیاتر لەسەبەتێک میوە دەچێت کەچەندین میوەی تیایە، تۆ حەزی ئاوازت لەکامەیانە ھەڵی بژێرە، ڕاستی من کاتێک ئەم کتێبەم خوێندەوە جۆرێک  لە خەم دایگرتمو تۆش جۆرێک لە مەنەلۆگ بووم، چەندین پرسیارم لەخۆمکرد  کە  زانینم بایی وڵام دانەوەیان نەبوو ! دیقەتم داو گوتم خۆش بخاتە لە فەزای پشکنین و گەڕان و وەرگێرانی ئێمە دا دوو دێڕی کافکاو پۆشکین و جۆڕج ئۆروێل نەماوە نەکوردێندرا بێت ، شکور ئێستا دوو دێڕە شیعریی  ئەدۆنیس و مەحمود دەروێش و نزار قەبانی محمد ماغوت نەماوە  وەرنەگێردرا بێت ، بەڵام لەبەد بەختی بێت ، یان کەمەتر خەمی  ئێمە، زیاتر لە ھەژدە ھەزار ( شیعر و غەزل و بەیت ) ، ی  مەستورەی ئەردەلانی نە دۆز ڕاوتەوەو بەنادیاری ماوتەوە مەستورەیەک کە مورئەیخی  مێژوی  میرانی ئەردەلان و لێکدەرەوەی فیقھی ئیسلامی کە تاکو ئێستا کام فێمنیستی کوردە ناتوانێت وەسفی ڕەگەزی بەرانبەر بکات، ئینجاخەفەت و کەمتەر خەمیەکە، گەورەترە  چەندان شاعێری تری کورد شیعریان ونکراوە! دەی ئاخر چۆن خەفت و خەم دات نەگرێت کە تاکو ئێستا دنیایی سیاسی ئێمە ئەسیری ئەو وسفەی  حاجی قادری کۆی بێت کاتێک ئەڵێت،  (یەکێ لەملاوە ڕوودەکاتە عەجەم  دوو لاو لاوە دەبنە دووژمنی ھەم  دوو ھەزار ژن فەساد کرا لەملا  بوونە قاتیل ئەوانی تر لەولا . )  ئاخر چۆن نائومێدی بەدبینی دات نەگرێت کاتێک مەلا و عەلامەی گەورەی کورد مەلای گەوەری کۆیە زیاتر لەسەدەیەک پێش ئێستا  ڕەش بینی دای دەگرێت و ئەڵێت.   (مەحاڵە کاکی خۆم تەشکیلی دەوڵەت )  دەی ئێمە ھێشتا  دیلی وبەدبینی بەری نەداوین لەوساوە تا ئێستا دەیان دەوڵەت، تەشکیل و  تەرتیب کراو  ئەفسوس   کەچی ئێمە ھێشتا لەو وەسفی مەلای گەورەدا نەکەوتین! ئاخر چۆن خەم و داخ دات نەگرێت تۆ  کاتێک (لەخەومای) جەمیل سائیب  دەخوێنیتەوە دوای  نزیک بەسەدەیەک، قەڵەمێک لەسەر  خەیاڵێک خەڵاتانی خوێن دەکرێت، ئەوەڕێک ڕیوایەتەکەی مارکس لە ھەنبەر مێژوو و خۆ دووبارەکردنەوەدا تەحقیق دەبێت، جەمیل سائیب  بەخەونێکی بچرو تەواونەکراو تەعبیر لە فەرمان ڕەواکانی ئاوسا خۆی دکات، سەردەشت عوسمانیش بەخەیاڵکردن نیازمەندە کە تەعبیر لەو جێکەوتە  چیانیەیی ئێستای خۆی بکات، دەی ئاخر ئێوە دیقەت بدەن تاکو ئێستاش (موکیل ) نیمایندەیەکی وەک محمد  ئەمین زەگی بەگ ھەس کە زۆر جەریئانەو  جسورانە دەبێژێت (ئەوەی حسابی پاکە لەمحاسبە بێ باکە ) ئەو کەڵەپیاوە کتێب دەنوێست لەژێر ناوی (محاسەبەی نیابات  ئاخر ئەمین زەگی بەگ  ھەر موکیل نەبوو ئەو مێژوو نوس و ڕوناکبیرێکی گەورەی گەلەکەشی بوو، دەی تاکو ئێستا نمایندەیەکی وا گەوڕە ھەڵکەوتوە؟ ئاخر تاکو ئێستا پەروەردەکارێکی وەک نەجمەدینی مەلا لەو سەر دەمی یەک لەشکر دکتۆرا و ماستەر نامە زانکۆ کۆلێجی شوشەیی و پآ لە تەکنیک و تەکنەلۆجی ھەس ھێشتا ھێندەی کەشتی نوح  خەمی زانین و مەعریفەیان ھەڵنەگرتووە، ناتوانم تەقیمی کتێب بکەم و یان لێی نازانم بێم ڕانانێک بۆ کتێب بکەم  ئەوە نەبێت من تەنھا خوێنەرم و  وەک خوێنەر بانگ ھێشتی خوێندنەوەی کتێبێکتان دەکەم، جا  تۆ  ئەگەر شاعێری و ئەگەر سیاسی و ئەگەر حقوقی و ئەگەر سوفی و ئەگەر ئەھلی فیکر و وشەی  ئەوا ئیسڕافێکم نەکردووە کە بڵێم لە خەیاڵەوە بۆ خۆڵ  دەفرێکە پڕە، لەھەموو ئەو شتانەیی ئارەزووتە، ماوەتەوە بڵێم دەستی کاک  کامەران سوبحان دەکوشم و ھێز لە ھزیان کە وا  بەزمانێکی چێژدار و پاراو بەزمانێک کە ڕات ناگرێت و ڕات ناکێشێتە بۆ سەر فەر ھەنگ تا بێی دەقەکەیانیی  پێبخوێنیتەوە ،خۆزیە ژمارەیی کامەرانەکان زۆر بایە بەخاتری ئەوەی ڕوحی  ئەدیب و منەوەرانی کورد کامەران نەدەبوو ، خۆزیە  لەو جۆرە کتێبانە زۆر دەبوو کتێبک کە بیۆگرافیای تەنھا کەڵەپیاوە کانی کورد نیە بەڵکو تێگیشتنە لە ئایدیاکانیان.

هانا شاخی  بەندییەک - پیتەربروک لە تەمەنی نەوەد و سێ ساڵیدا یەکێکە لە نوێترین بڵاوکراوەکانی نوسەرو شانۆکار( ئامانج عەبدوڵا) کە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا بڵاوکرایەوە.  ئەم کتێبە کتێبێکی تیۆری شانۆییە و تایبەتە بە دەرھێنەر و تیۆرستی شانۆی جیھانی (پیتەر بروک) کە یەکێکە لە تیۆرست و شانۆکارە جیھانیەکان و کاری گەری گەورەی بەسەر رەوتی شانۆی جیھانەوە ھەیە.  کتێبەکە لە سێ بەش پێک دێت - بەشی یەکەم: دەربارەی پیتەر بروک و ئاوێتە بوونی (شانۆ و ژیان)ە لای ئەو. لەم بەشەدا خوێنەر ئاشنا دەبێت بە ژیان و ئەزموونەکانی بروک. ھاوکات تێڕوانینێک لە ھێزی بەردەوامی و نمایشکردنی شانۆ بەپێی قۆناغەکانی ژیانی شانۆکار بە گشتی و باسکردنی بروک وەک نمونەیەکی زیندو. -بەشی دووەم: تایبەتە بە دوا بەرھەمی بروک (بەندییەک) کە لە تەمەنی نەوەد و سێ ساڵیدا بە ھاوکاری نوسەر و شانۆکاری فەرەنسی ( ماری-ھێلن ئێستیەن) کاری نوسین و دەرھێنانی بۆ بە ئەنجام گەیاندووە.  ئەمە نوێترین نمایشی ئەم دەرھێنەرەیە کە لە ھەریەک لە وڵاتانی (فەرەنسا، سکۆتلاند، ئنگلتەرا و ئەمریکا) نمایشکراوە، نوسەری کتێبەکە لە شاری لەندەن و لەسەر شانۆی نیشتیمانی ئینگلیزی ئامادەی بینینی بووە. -بەشی سێییەم: کاری وەرگێرانی دەقەکە شانۆییەکەیە ( بەندییەک ) لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ کوردی، کە لەلایەن نوسەری کتێبەکەوە کاری وەرگێرانی بۆ کراوە و نوسەر و شانۆکار فاروق ھۆمەر کاری پێداچونەوە و بەراوردکاری بۆ بە ئەنجام گەیانددوە.  زنجیرە کتێبی شانۆیی تاڤ، پرۆژەیەکی تیۆری شانۆیی ناوەندی شانۆی تاڤە و تا ئێستا دوو ژمارەی لێ چاپ کراوە.

یەکێک لە قەڵەمە دیارە گەنجەکانى ئێستاى ناو دونیاى نوسینى ئێمە، کە خاوەن دەنگ و ڕەنگى تایبەت بەخۆیەتى، خانمە شاعیر(کۆچەر ئەبوبەکر)ە، ئەو جگە لە شیعر نووسین خاوەنى کتێبى (هیچ)ە کە گێڕانەوەى بیرەوەرى و جۆرێک لە وەسیەت و پێشبینیە بۆ داهاتوو لە شێوەى گێڕانەوەى نامەیدا بۆ کوڕەکەى، لەم دیدارەدا راو بۆچونەکانى ئەومان تایبەت بە هەندێک پرسى ئەدەبى وەرگرت. سازدانى شاخەوان سدیق   هاوڵاتی: نووسین یەکێکە لە هەرە تایبەتمەندیە خودییەکانى ئینسان و هەر یەکەو بە بیانو هۆیەکەوە دەنوسێت، دەکرێت بزانین نووسین لاى تۆ چییەو بۆ دەنووسن؟ -نوسین شەڕی منە لەگەڵ جیهان، بۆ ئەوەی باڵانسی ژیانم راگرم ئەبێت بنوسم، بنوسم و بنوسم. نوسین وا ئەکات زیاتر بژیم، پشیلە ماڵیەکەی تۆیە، کە نەخۆشی خۆی، گۆشەنشینی خۆی توڕەبون و دڵشکانی خۆی هەیە. نوسین وا ئەکات خۆ بە دەستەوە نەدەیت، هەناوت هەو نەکات. ئەدەبیات وەکو رۆژی یەکشەممە گرنگە لە هەفتەدا، نوسین ئەیەوێت فریای دونیا بکەوێت، ئەوە نوسینە وا ئەکات ژیان بە سینگمەوە بنوسێنم، ئەگەر نا بە دیار گۆڕێکی بەتاڵەوە جۆلانەیەکم هەڵدەواسی و جۆلانەم ئەکرد، نوسین وا دەکات لە ئێوارەدا دڵ نەیبەستێت، ئەو کاتەی هەست ئەکەم لە گەردوندا هیچ شتێک پاڵپشتم نییە، نوسین ئەبێتە قەڵام. باشیەکەی لەوەدایە تا کۆتایش پێمان وایە نوسین رزگارکەرەکەیە، وەلێ...   هاوڵاتی: زۆرکەس پێى وایە نووسینى ئێستاى گەنجانى ئێمە، ئەگەرچى بە تەمەن و بە قەڵەم لە ڕووى ئەزموونى نوسینەوە گەنجن. بەڵام نووسینەکانیان بەزۆرى نوسینى نائومێدى و ڕەش بینیەو تەواو نەوەیەکى بێهیوان لە ناو دەقەکانیاندا. تاچەند ئەم بۆ چونە ڕاستەو هۆکارەکەى چییە گەروایە؟   -ئەم پرسیارە وەڵامەکەی کتێبێکە، چون ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، کە پەیوەندی بە نەریت و میراتی فەرهەنگی وتەواوی ئەو زەبرو زەنگەوە هەیە کە بەر ئێمە کەوتووە، گۆرانکاریە جیاوازەکانی بواری ژیان و کۆمەڵگە کاریگەری بەسەر ئەرێنی و نەرێنی ژیانی هەر تاکێکەوە هەیە، کە بێگومان نوسینیش وەرگێڕانی ئەو ژیانەیە بۆ ناو نوسین. کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەی پاش شەڕەو کارتێکەرەکانی ئەم نەوەیەن، کە بە قۆناغ ئەم زەبرەیان بەر کەوتووەو هێشتا خەریکن باجی جەنگ ئەدەن، هەر تاکێک بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت رۆژانە لە لایەن سیستمێکی سیاسییەوە سزا ئەدرێت، رەنگدانەوەی کۆمەڵگەیەکی نائازادە لە هەموو بەندو پێوەندە کۆنەکان.هەر ئەوەشە وای کردووە  ئێمە شاعیرمان زۆر بێت، چون هێشتاش ئێمە لە خەیاڵێک ئەگەڕێین تێیدا ئارام بگرین، خوێنەری کورد هەتا ئێستایش ئارەزووی خوێندنەوەی رۆمانی خەیاڵئامێزو فیلمی رۆمانسی ئەکات. ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەیەکی وردی ئەوێ، پاشان خودی نوسین لە قۆناغێکدا بەرهەمی نا ئومێدی و برینە، یاخود خاڵی ناکۆکی تۆیە لەگەڵ ژینگەو دەوروبەرت، لەگەڵ بون، لەگەڵ جیهان، بە جۆرێک ئەتەوێت خۆت لە رەگەوە هەڵبکەنی و لە جێگەیەکی تردا بڕوێیتەوە، کە بۆ هەندێک ئەو جێگەیەی تر نوسینە، نوسین جار هەیە دامەزراو و جێگیرت ئەکات، جاریش هەیە بۆ سەفەر ئەتباو هەرگیز ناگەڕێیتەوە، دوور دوور ئەتبات.  نا ئومێدی لە نوسیندا و بە تایبەت لە نێو نوسەرانی گەنجدا گەر لە ئاگاییەوە بێ و بزانن ئەو نا ئومێدیە لە نێو کۆی خۆیدا بەرەو کوێ دەچێت و بۆ ئەنوسرێت، وە هەڵگری بەرپرسیاریەتیەک بێ بەرامبەر بە دەقی راستەقینە، وە لە دەرەوەی نەریت کاری تێدا بکرێ، ئاسایی وەر ئەگیرێت، بەڵام لە قۆناغێکدا، کە نائومێدی ئەبێت بە چەشنێک لە مۆدێل ئەمە خاڵە ترسناکەکەیە، کە مەترسی هەیە بۆ سەر ئەدەبیاتی ئێمە، کە بە نیگەرانیەوە ئەڵێم لای گەنجانی ئێمە چەشنێک لە عەبەسیەت و نا ئومێدی پەیدا بووە، گەیشتۆتە ئەو خاڵەی کە پێیان وایە لە دەرەوەی نا ئومێدی دەق دەلالەت و واتایەکی قوڵی نییە، کە ئەمەش بێگومان بێئاگایی نوسەر دەردەخات لەمەڕ ئەدەبیات و نوسینی دونیای دەرەوە، بەم هۆکارەشە من پێم وایە ئەدەبیاتی ئێمە هەتا ئێستا لە بازنەیەکدا خول ئەخوات...   هاوڵاتی: بۆچى زۆربەى گەنجانى ئێمە کە دەنووسن بە شیعر نوسین دەستپیێدەکەن؟ بۆچى نوسەرى گەنجى چیرۆکنووس یان ڕۆماننووس یان ژانرەکانی دیکەمان زۆر کەمە هۆکارى ئەمە چییە؟ ئەمە تاچەند پەیوەندى بە و قسیەوە هەیە کە دەڵێن ئەم نەوەیە ناخوێنەوە و تاقەتى خۆ ڕۆشنبیرکردنیان نییە؟ -وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشودا تیشکم خستە سەر، لە نێو ئەدەبیاتدا ژانری شیعر لە زۆر رووەوە گرێدراوی جیهانی خەیاڵەو کەمێک دورکەوتنەوەیە لە فەوزای واقع، بارو دۆخ و هەلو مەرجی رۆژهەڵات کەشێکی خوڵقاندووە بۆ گەنج، هەمیشە بە دوای ئارامیەکدا گەڕاوە و ئەم ئارامیەشی لە شیعردا دۆزیوەتەوە، شیعریش پتر رەنگدانەوەی گرفتگەلی تاکی ئێمەیە و من وای دەبینم نزیکە رۆڵی سندوقی سکاڵا ببینێت، لە کاتێکدا ئێمە پێویستمان بە خاڵێکی وەرچەرخانە لە ئەدەبیاتدا و بەتایبەتتر شیعر، پێویستمان بە تەکنیک و خەتێکی جیاوازە، پێویستمان بە تەکانێکە، بە شێوە گۆڕکێیەکە، ئێمە خەریکی جوینەوەی خۆمانین، لە شیعردا هەموو ئەڵێیت بە سکێک لەدایک بوین.  سەبارەت بە ژانرەکانی تری نوسین، بەتایبەت ئەگەر قسەی من لەسەر رۆمان بێت، ئەکرێت بگەڕێینەوە بۆ درەنگ کەوتنی رەوتی رۆماننوسین لای ئێمە، لە کاتێکدا لە خۆرئاوا لە سەرەتاکانی سەدەی حەڤدەوە سەری هەڵداوە، گەنجی ئێمە گەنجینەیەکی رۆماننوسی بەر لە خۆیان شک نابەن تا بچنەوە سەری، ئەوەی هەیە چەند هەوڵێکی کەمن، وە هەندێکیان ئەوەندە سەرەتایین ئەتوانی هەست بکەیت، کە چەند بێ ئەزمونانە نوسراون. خودی گەشەسەندنی رۆمان پەیوەستە بە ئەزمون و تەمەنەوە، ناکرێت نوسەر بێ ئەوەی ئەزمونێکی هەبێت و تەمەنێکی بەسەر بردبێ دەست بۆ ژانری رۆمان بەرێت، تۆ ناتوانی رەخنە لە گەنجێک بگری بەوەی  بۆچی شیعر ئەنوسێ و رۆمان نانوسێت، زۆربەی زۆری رۆماننوسانی دونیا سەرەتا شاعیر بون، پاش ئەزمون و قوڵبونەوەیەکی زۆر و ئاشنابونێکی باش بە ئەدەبیات ئەوکات دەستیان بۆ رۆماننوسین بردووە، پاشان. با ئێمە شعر وەکو گوتارێکی بێبایەخ چاولێنەکەین، کە یەکێکە لە هەرە ژانرە گرنگەکانی ئەدەب لە دونیاداو گرنگی تایبەتی پێ ئەدرێت.  هاوڵاتی: تا چەند بڕواتان بە تەمەن یان ئەزموون هەیە لە بوارى نووسیندا؟ ئایا بۆ نووسینى باش پیێتان وایە تەمەن ڕێگربێت؟ بەو پێییەى هەمیشە باس لەنەوەى کۆن و نەوەى تازە دەکرێت لە ناو دونیاى نوسیندا؟ - ئەم پرسیارەی تۆ بە چەشنێک گشتگیرەو زەینی من یان خوێنەر بەو ئاراستەیەدا ئەبات، کە دروست مەبەستت کام جۆری نوسەری نەوەی نوێ و نەوەی کۆنە، رێگەم بدە من وەڵامەکە تایبەت بکەم بە نوسەری نەوەی کۆن و نەوەی نوێ لە باشور، چون ئێمە نوسەرمان هەیە وە کەسانێکیشمان هەن لە هەوڵی بە نوسەربوندان، تا کۆتاییش لەو قۆناغەدا ئەمێننەوە وە توشی چەشنێک لە وەهم ئەبن، کە پێیان وایە بەڵێ ئەمانە نوسەرن، بەوەی کۆمەڵێک کتێبی ریز کردووە، لە بەرامبەردا ئەشێ گەنجێکمان هەبێ تەنیا سێ بۆ چوار دەقی هەبێ، بەڵام بە مانا نوسەرە و جێی خۆی لە مێژودا ئەکاتەوە. ئێمە ناتوانین ناسنامەیەکی لە قاڵبدراومان بۆ نوسەرانی نەوەی کۆن و نەوەی نوێ هەبێ، وە ئەدەبیاتی کوردی بەو چەشنە گەی و نییە بتوانی پۆلێنبەندییەکی وردی بۆ بکەیت، لە دۆخێکی واشدا گرنگە پشت لە (کێیە) بکەین و بیر لە( چییە) بکەینەوە، ئەمەیان پەیوەندی بە تەمەنەوە نییە بەو شێوە باوەی کە ئەمڕۆ لە باشور پۆلێن کراوە، کە ئەتوانم بڵێم زیاتر فۆرمی قوتابی و مامۆستای وەرگرتوە، وەک لە نەوەی کۆنو نەوەی نوێ. لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە وتومە، ئەزمون بۆ نوسەر  گرنگە، کات و شوێن رەمز و رازی دەق و سیحری ئافراندنی نوسەر دیاری ئەکەن، ژیانی نوسەر، یاخود ژیانی ئەدەبی نوسەر پۆلێن کراوە بەسەر چەند قۆناغێکدا، هەر چەند ساڵ جارێک نوسەر بە پێی ئەزمون و بەر یەککەوتنی لەگەڵ دونیا، نوسینەکانی پێویستە فۆرمێکی تر وەرگرن و شتێکی جیاوازتر لەوەی پێشو بە خوێنەر ئاشنا کات، هەندێک جێگە هەن  لە نێو مرۆڤدا  لە لاوێتیدا نەگەییون و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا ئەگەن، لێرەدا تەمەن رۆڵی خۆی ئەگێڕێت، بەڵام دیسانیش لەم  پۆلێنکردنەدا مانای وا نییە هەوڵی لاوان هەوڵێکی نەزۆکە.

بەختیار حەمەسوور قۆناخی ئامادەیی بووم، لە ئامادەیی سلێمانی کوڕان. پشت پاڵاس. ئەم قوتابخانەیە لە مێژووی ئەم شارەدا جێیەکی تایبەتی هەیە، چەندین کەسی دیار و بەناوبانگی سلێمانی، قۆناخی ئامادەییان لەم مەکتەبەدا تەواو کردووە. یەکێکە لە قوتابخانە هەرەکۆن و قەدیمەکان، لە ساڵانی ١٩٢٤ – ١٩٢٥ دامەزراوە. من ئەزموونێکی خۆشم لێرە نەبوو؛ لە گەڕەکە خوارەکانی شارەوە بەرەو ئێرە بەڕێ کەوتم، هەر کە لێرە چاوم کردەوە، چواردەورم لە چینە بەرز و هەبوو و ڕاقییەکان بوون، نامەوێ ئەم حەکایەتە تاڵە بگێڕمەوە، وەک چۆن نامەوێ یادەوەرییەکانی تریش بگێڕمەوە، پلانم داناوە بە زنجیرە ئەم قۆناخە بنووسمەوە، دانە بە دانە. بە تەنیشت ئەم حەکایەتانەوە، حەکایەتی جددیەت و بەپرەنسیپ و بەرپرسیارێتی، وەک خەسڵەت و سیما و ناسنامەیەک ئەم مەکتەبەی پێ دەناسرایەوە، ئەمە زۆر ئازاری دەدام، دەیڕەنجاندم، بەردەوام ماندوو و وەڕزی دەکردم، بە هەموو توانامەوە دەمخوێند، دەکۆشام و دەجۆشام، لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر بەناڕەحەت دەردەچووم؛ زۆرترین هەوڵم دەدا، بە کەمترین ئەنجام. لە پۆلی چوار بووم، چوار دەی ئێستەیە. ئەوکاتە بەشی ئەدەبی و عیلمی لە پۆلی پێنجەوە جیا دەکرانەوە، لە چواردا، تێکەڵەیەک لە هەردوو بەشەکە دەخوێنرا. چواربڕین ئاسان نەبوو. دوای نیوەی ساڵ، مامۆستایەکمان بۆ هات، ناوی مامۆستا ئامانج جەبار بوو، پیاوێکی بەژن ڕێک و بۆشناخ، چاویلکەلەچاو و جددی، وردبین و بێ بزە، خۆی وەک مامۆستای هونەر و شێوەکاری ناساند، لەو کاتە و دواتریشدا، وانەی هونەر، لە پاڵ وانەکانی وەرزش و موزیکدا، لە وانە فەرامۆشکراوەکان بوو، کە هەمیشە بەر ڕێست و فەراغ دەکەوت، یان لەبریی، وانەیەکی تر دەگوترایەوە، لە زۆر حاڵەتیشدا دەخرایە وانەی کۆتاییەوە و نەدەخوێنرا و دەڕۆیشتینەوە. هاتنی ئەو مامۆستایە پێچێکی خستە ئەم ڕێسایە و وانەی وێنەکێشانی کرد بە وانەیەکی سەرەکی، سووربوو لەسەر ئەوەی وانەکە چۆن لە جەددوەلدا هەیە، وا بخوێنرێ و گرنگی تەواویشی پێ دا. هەموو ئەمانەی لە یەکەم وانەدا گوت. حەفتەی جارێ وانەکەی ئەومان هەبوو، دەهات و بە کۆمەڵێک قسەی تازە و نەبیستراوەوە، لە حاڵەتی حەپەسان و دەمکردنەودا، جێی دەهێشتین. جارێ لەگەڵ هاتنەژوورەوەیدا، گوتی: «سەرو پەڕەی سپی دەربێنن، بە دڵی خۆتان پڕی بکەنەوە، بە هەرچییەک کە دەتانەوێ؛ گرنگ پڕ و ڕەشی بکەنەوە.» و دەنگی دڕان و لێکردنەوەی پەڕەکان لە دەفتەر، بۆ ساتێک سەدایەکی ناجۆر و خشەخشکەری لە هەوای پۆلەکەدا سازاند و هەر زوویش لە هەمان هەوادا توایەوە. دواتر مامۆستا ئامانج بەسەر ڕیزەکاندا ڕەحلەبەڕەحلە دەستی بە گەڕان کرد و پاش وردبوونەوەیەکی کەم بەڵام قووڵ، لەناو ئەو پەڕە ڕەشکراوانەی بەردەمماندا، شتی سەیروسەمەرەی دەدۆزییەوە. ئێستە کە ئەم دێڕانە دەنووسم بیری ئەو قسە بەناوبانگەی شێوەکار و پەیکەسازیی ئیتاڵیی، مایکڵ ئەنجیلۆ کەوتوومەتەوە؛ کە ڕۆژێک لە تەماشاکردنی گاشەبەردێکدا گوتوویەتی: «ئەسپێک لەناو ئەم گاشەبەردەدا گیری کردووە، دەبێت ڕزگاری بکەم.» و دواتر جوانترین پەیکەری ئەسپی خۆی و سەردەمی ڕۆنیسانس لەناو دڵی گاشەبەردەکەدا دەردەهێنێت. ئەمە دەلالەت لە درک و هەستی قووڵ و وردبینیی هونەرمەند دەکات، کە دەتوانێت لە کەلاوەیترین و شپڕێوترین جێیەکاندا کاری هونەریی دانسقە کەشف بکات و بدۆزێتەوە. بەهەرحاڵ، مامۆستای هونەرەکەی ئێمەیش شتێک لەو نابیغەبوون و درککردنە وردەی تێدا بوو؛ بەوەدا کە ئەو هەموو ژن، پیاو، مناڵ، ئەسپ، باڵندە، کانی و... لە پەڕە شپڕێو و شپرزەکانی ئێمەدا دەرهێنا، کاتێکیش گەیشتە ڕەحلەکەی من و لە تەنیشتم دانیشت، وانەکە بەرەو کۆتایی لێژ دەبووەوە. کەمێک لە پەڕەکەم ورد بووەوە، پەڕەیەک، کە دەتگوت پشیلە شەڕی تێدا کردووە، داینا و گوتی: «چی تیا دەبینی؟» بزەیەکی ساکارم کرد و گوتم: «هیچ.» گوتی: «چی هیچ!» گوتم: «وەڵڵا نازانم.» گوتی: «کوڕی باش، تۆ جوانترین ژنی ڕووتت کێشاوە، کە لەسەر گازەرای پشت لێی ڕاکشاوە!» حەپەسام و گوتم: «چۆن؟» گوتی: «قەڵەمەکەتم بەرێ.» و دامێ. هەندێ لە خەتە خوارەکانی منی تۆخ کردەوە و جوانترین ژنی لەناو دڵی ئەو پەڕە پڕکراوە بە هێڵ و خەتی لەخۆوەکێشڕاو و بێسەروبەرەدا دەرهێنا. زەنگ لێی دا و وانەکە کۆتایی هات، بەڵام ئەو چرکەساتە چون بیرەوەرییەکی سەوز کۆتایی نەهات و نایەت. وەک وەفایەک بۆ ئەو مامۆستایە نزیکی پازدە ساڵە ئەم وێنەیە و ئەم لاپەڕەیەم هەڵگرتووە، ناڵێم بێوەفاییم نەکردووە و بێوەفا نەبووم، بووم و هەم، بەڵام لە ئاست ئەم مامۆستایەدا، دەتوانم کەمێک بە تۆنێکی بڵند بڵێم: «نا، نەبووم و نیم.» پاش ئەو ڕووداوە چەند جار هەوڵم دا وێنە بکێشم و شکستم خوارد، بە ئێستەیشەوە، هەر پەڕەیەکی ڕەشکراوە بە شەڕەپشیلە دەبینم، دەزانم ژنێک، پیاوێک، مناڵێک، ئەسپێک، باڵندەیەک، کانییەک و... گیری کردووە و دەبێت دەربهێنرێت، بەڵام من دەستم ناگاتە قووڵایی و دڵی پەڕەکان و تێپەڕ دەبم.