سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن سه‌میعه محه‌مه‌د هه‌ڵه‌بجه‌یى له‌بوارى نواندندا کارى کردووه‌و به‌دراماى ره‌شه‌ى پۆلیس ناسراوه، که له‌زۆربه‌ى کاره‌کانیدا رۆڵى دایکى بینیوه، له‌ساڵى 1982وه به‌به‌رده‌وامى کارى نواندن ده‌کات، له‌زیاتر له (15) کارى دراما به‌شدارى کردووه، چوار کورته فیلم و چوار فیلمى سینه‌مایى هه‌یه، ماوه‌ى (28) ساڵە مامۆستاى کوردییه. سه‌میعه محه‌مه‌د له‌چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى باس له‌وه‌ده‌کات، لایه‌نى ماددى زۆر گرنگ نییه به‌لایه‌وه ئه‌وه‌نده‌ى ناوه‌ڕۆکى سیناریۆکه گرنگه، پێیوایه هونه‌رمه‌نده کۆنه‌کان وافێربون که‌گرێبه‌ست و مادده له‌دواى ناوه‌ڕۆکى رۆڵه‌که‌یانه‌وه بێت که‌به‌رجه‌سته‌ى ده‌کات. هاوڵاتى: چۆن بوو هاتیته بوارى هونه‌ره‌وه به‌تایبه‌ت دراما؟ سه‌میعه محه‌مه‌د: له‌منداڵییه‌وه 1982ەوه واته له‌قۆناغى ناوه‌ندیه‌وه له‌شارى هه‌ڵه‌بجه له‌کارى منداڵانه‌وه ده‌ستمپێکردووه‌و تادوایى چوومه په‌یمانگا و به‌ئه‌کادیمى به‌شى شانۆم خوێند، له‌وێوه حه‌زه‌کانم گه‌وره بوون و خۆم له‌بوارى نواندندا دۆزییه‌وه، به‌کارى شانۆیى و درامى و کورته‌فیلم ده‌ستمپێکردووه‌و تائێستاش به‌رده‌وامم. هاوڵاتى: له‌ئێستادا بۆ کارى شانۆیت نیه؟ سه‌میعه محه‌مه‌د: له‌هه‌ڵه‌بجه‌دا تاساڵانى 1989 و 1989ش زیاتر له‌شانۆدا به‌شداریم ده‌کردو دواى ئه‌وه که‌هاتمه سلێمانى زیاتر له‌کارى نواندنى درامادا خۆم بینییه‌وه‌و تواناى خۆمم له‌وه‌دا کۆکرده‌وه، تاساڵى 2001 به‌دواوه به‌ته‌واوى له‌درامادا ئیشم کردووه. هاوڵاتى: چ کارێکت تائێستاش شانازى پێوه ده‌که‌یت؟ یان چ کارێکی سه‌میعه محه‌مه‌د پێی ناسرا؟ سه‌میعه محه‌مه‌د: هه‌موو رۆڵه‌کانم شانازییان پێوه‌ده‌که‌م، چونکه خۆم پێوه ماندووکردون و له‌هیچ کارێکم په‌شیمان نیم، زۆر مایه‌ى خۆشحاڵیم بوون، به‌ڵام وه‌ک ده‌رکه‌وتن به‌ڕه‌شه‌ى پۆلیس زیاتر ناسرام، که‌ئێستاش خه‌ڵک به‌وه ده‌مناسێته‌وه. هاوڵاتى: بۆ کارى کۆمیدیات نابینرێت؟ ئایا نا‌توانیت یان حه‌زت پێی نه‌بووه کارى کۆمیدى بکه‌یت؟ سه‌میعه محه‌مه‌د: حه‌زم له‌کارى کۆمیدى نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى کارێکى جوانیشه، به‌ڵام هه‌ستم کردووه زۆر له‌گه‌ڵ مندا ناگونجێت و هه‌ست ناکه‌م بتوانم زۆر رۆڵى کۆمیدیا ببینم، زیاتر حه‌زم له‌ڕۆڵى تراژیدیایه. هاوڵاتى: چ رۆڵێک به‌لاى سه‌میعه محه‌مه‌ده‌وه کاریگه‌رتره‌و ده‌توانێت ته‌واو رۆڵه‌که به‌رجه‌سته بکات؟ سه‌میعه محه‌مه‌د: هه‌موو رۆڵه‌کانم پێ گونجاوه‌و ده‌توانم بینیم، به‌پێی دابونه‌ریتى کۆمه‌ڵگا بگونجێت، به‌ڵام زیاتر رۆڵى دایکێکى گه‌نجم بینیوه‌و خۆم گونجاندووه له‌گه‌ڵیدا، که له‌وانه‌یه ده‌رهێنه‌ره‌کانیش زانیبێتیان ده‌توانم جوان به‌رجه‌سته‌ى بکه‌م، بۆیه زۆرترین جار ئه‌و رۆڵه‌م پێدراوه. هاوڵاتى: چ مه‌رجێکت هه‌یه بۆ به‌شدارى له‌درامایه‌ک؟ ئایا ماددیه‌که له‌پێشتره یان رۆڵه‌که؟ سه‌میعه محه‌مه‌د: مه‌رجى تایبه‌تیم نیه ته‌نیا حه‌زده‌که‌م سیناریۆکه جوان بێت و له‌گه‌ڵ کلتورى ئێمه‌دا وه‌ک کورد بگونجێت، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگاکه‌ماندا بگونجێت زیاتر گرنگى به‌و کارانه ده‌ده‌م، له‌لایه‌نى ماددیه‌وه زۆر کێشه‌م نه‌بووه‌و هه‌موو ده‌رهێنه‌ره‌کان شایه‌تى ئه‌وه‌ن، راسته مافى خۆته لایه‌نى مادیش ئه‌وه ماندووبونى خۆته، به‌ڵام سه‌ره‌تا که‌ئێمه کارمان ده‌کرد وا فێرکراوین ئه‌م گرێبه‌ستانه وه‌ک ئێستا نه‌بووه، بۆیه زۆر کێشه‌م نییه، ته‌نیا مه‌به‌ستم ناوه‌ڕۆکى کاره‌که‌یه. هاوڵاتى: هه‌بووه له‌کارێکدا به‌هۆى ئه‌وه‌ى لایه‌نى ماددى مه‌رجت نه‌بووه هه‌قت بخورێت؟ واته ناهه‌قیت به‌رامبه‌ر بکرێت؟ سه‌میعه محه‌مه‌د: هه‌بووه‌و ئه‌وه هه‌ر رووده‌دات له‌کارکرندا جارى وایه هه‌ست ده‌که‌یت که‌سێکى تر زیاتر هه‌قى پێدراوه، به‌ڵام زۆر به‌که‌مى و هه‌رگیز نه‌بۆته کێشه، له‌وانه‌شه بۆ که‌سێکى تر روویدابێت، زۆربه‌ى جار هه‌قى خۆم وه‌رگرتووه، به‌گشتى وه‌ک ئه‌وانه‌ى تر. هاوڵاتى: رۆڵ هه‌بووه حیوارێکیت به‌دڵ نه‌بێت؟ بۆت لابه‌رن؟ سه‌میعه محه‌مه‌د: به‌ڵێ رۆڵ هه‌بوه، که‌حیوارێکیم به‌دڵ نه‌بووه له‌گه‌ڵ خۆم و کۆمه‌ڵگاکه‌مان هه‌ستده‌که‌م ناگونجێت، داوامکردووه بۆم بگۆڕن و گۆڕیویانه. هاوڵاتى: تاچه‌ند پێت گونجاوه له‌درامایه‌کى کوردی‌دا بۆ نمونه ماچى تێدابێت؟ ئایا نه‌گه‌یشتوینه ئه‌و ئاسته‌ى ئه‌مانه له‌درامایه‌کى کوردی‌دا هه‌بێت؟ سه‌میعه محه‌مه‌د: من وه‌ک خۆم ئاماده‌نیم بیکه‌م، زیاتر په‌یوه‌ندى به‌کۆمه‌ڵگاکه‌مانه‌وه هه‌یه، که‌ده‌بوایه ئێمه‌ش به‌ره‌وپێش بچووینایه وه‌ک کۆمه‌ڵگاکانى تر، به‌ڵام تائێستا کۆمه‌ڵگاى ئێمه ئه‌وانه‌ى به‌لاوه ئاسایى نیه‌و ماویه‌تى بگاته ئه‌و ئاسته، بۆیه کردنى بۆ ئه‌کته‌ر قورسه. هاوڵاتى: به‌ده‌ر له‌به‌شداریکردنت له‌کارى درامى چ کارێکى ترت کردووه؟ سه‌میعه محه‌مه‌د: کارى شانۆیى وه‌ک یه‌که‌م کاره‌کانم کردوومه، به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ کارى دراما کارى چوار کورته فیلم و چوار فیلمى سینه‌مایم کردووه، که‌زۆر حه‌زم پێیه‌تى و توانیومه تیایدا سه‌رکه‌وتوو بم. هاوڵاتى: ئاستى هونه‌ر له‌چ ئاستێکدایه به‌تایبه‌ت کاره هونه‌ریه‌کان؟ پێتوایه ئه‌وه سه‌رچاوه‌ى مرۆییه که که‌مه یان هاوکارییه‌کان که‌من، بۆیه به‌رهه‌مى کوردیمان که‌مه؟ سه‌میعه محه‌مه‌د: هه‌موو هونه‌رمه‌ندێک حه‌زده‌کات ئیش بکات و به‌رده‌وام کارى هه‌بێت، چونکه کارى هونه‌رى ده‌چێته ناخته‌وه، بۆیه به‌رده‌وام پێویستت پێى ده‌بێت وه‌ک ئه‌کته‌ر، به‌ڵام که یارمه‌تى ده‌رهێنه‌ره‌که نه‌کرێت له‌ڕووى مادییه‌وه‌و هاوکارى نه‌کرێت، ئه‌ویش کار به‌چى بکات، چونکه سه‌رمایه‌یه‌کى زۆرى تێده‌چێت به‌س ئێمه خۆمان ده‌زانین که له‌نزیکه‌وه ئاگادارین، بۆیه ئه‌مه هه‌مووى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حکومه‌ت که تاچه‌ند هاوکاره، ده‌بێت ده‌رهێنه‌ر خۆى سپۆنسه‌ر بدۆزێته‌وه‌و بچنه لاى ده‌وڵه‌مه‌ندو کۆمپانیاکان تاکارێکیان بۆ ده‌کرێت، خۆمان ده‌زانین که‌ده‌رهێنه‌ره‌کان چیان به‌سه‌ردێت، چونکه ئه‌و ساڵانه‌ى که‌ئێمه کارمان ده‌کرد هونه‌رمه‌ند به‌په‌نجه‌ى ده‌ست ده‌ژمێردران، زۆر نه‌بووین، به‌ڵام ئێستا هونه‌رمه‌ند زۆره که هاوکارى هه‌بێت کارى زۆر جوان ده‌کرا، زۆر که‌س هه‌یه حه‌زى به‌کارى زۆر باشتر‌و جوانتره به‌ڵام هاوکار نه‌بێت هیچ ناکرێت. هاوڵاتى: وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى تاچه‌ند هاوکارى هونه‌رمه‌ندان ده‌کات؟ سه‌میعه محه‌مه‌د: خۆى زیاتر ده‌رهێنه‌ره‌کان به‌ر ئه‌و ناوه‌ندانه ده‌که‌ون و ئه‌رکه‌که‌ى زیاتر بۆ ئه‌وانه، به‌ڵام که له‌دووره‌وه سه‌یر ده‌که‌م ئه‌وه ده‌بینم که‌هاوکارییه‌کان جیاوازیان هه‌یه، زیاتر بۆ کاره شانۆییه‌کان و فیلمه سینه‌ماییه‌کان هاوکارى هه‌یه نه‌ک کارێکى درامى. هاوڵاتى: پێت وایه وه‌ک پێویست رێز له‌هونه‌رمه‌ندان گیراوه، هه‌م له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌و هه‌م حکومه‌ت و کاربه‌ه‌دستانیش؟ سه‌میعه محه‌مه‌د: له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه به‌ڵى زۆر رێزمان لێده‌گیرێت، به‌ڵام له‌لایه‌نى حکومه‌ته‌وه، هیچمان بۆ نه‌کراوه، ته‌نانه‌ت رێزلێنانێکیش ناکرێت، له‌چاو وڵاتاندا زۆر جیاوازه. هاوڵاتى: نوێترین کارت چییه؟ سه‌میعه محه‌مه‌د: نوێترین کارم کارێکى فیلمى سینه‌ماییه، به‌ناوى (رێگا)، رۆڵى دایک ده‌بینم، که‌کاره‌کانى ته‌واو بووه‌و ئه‌م هه‌ینییه له‌سینه‌ما نمایش ده‌کرێت، به‌ده‌ر له‌وه‌ش کارده‌که‌ین بۆ کارێکى درامى که‌ئێستا له‌قۆناغى سه‌ره‌تایین و هیوادارم بگونجێت و بتوانین تا دواقۆناغ به‌رهه‌مى بهێنین و به‌بینه‌ر شاد بینه‌وه.
سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن ڤینۆس فایه‌ق خه‌ڵکى باشوورى کوردستانه‌و به‌زمانى کوردى و عه‌ره‌بى شیعرى نووسیوه و شیعره‌کانى وه‌رگێڕدراونه‌تە سه‌ر زمانى ئیسپانى و فه‌ره‌نسى، چه‌ندین دیوانه شیعرى چاپکراوى هه‌یه، دوو رۆمانیشى بڵاوکردۆته‌وه. ڤینۆس فایه‌قى شاعیر ده‌ڵێت: ئه‌و ناساندنه له‌لایه‌ن یۆنسکۆوه، ئه‌رکى سه‌ر شانى هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان گه‌وره‌تر ده‌کات به‌پاراستنى ئه‌و ئاست و ئه‌و نازناوه. ڤینۆس فایه‌ق له‌چاوپێکه‌وتنه‌که‌ى له‌گه‌ڵ هاوڵاتى باس له‌وه‌شده‌کات، ئاستى ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له‌ئاستێکى باشدایه، له‌گه‌ڵ ئه‌و زۆر‌و بۆریه‌ى هه‌یه، ئاستى ئه‌ده‌ب و هونه‌رى کوردى پاشه‌کشه‌ى نه‌کردووه. هاوڵاتى: گرنگى ناساندنى سلێمانى وه‌ک شارى ئه‌ده‌ب و رۆشنبیرى له‌لایه‌ن یونسکۆوه چیه؟ چ گڕوتینێک ده‌دات به‌ئه‌دیبان و رۆشنبیرانى سێمانی؟ ڤینۆس فایه‌ق: له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌وڵه‌کانى ونکردنى ئه‌ده‌ب و هونه‌رى کورد له‌ناو ئه‌ده‌ب و هونه‌رى داگیرکه‌راندا، میلله‌تى کورد خاوه‌نى ناسنامه‌یه‌کى ئه‌ده‌بى ده‌وڵه‌مه‌نده.. ئێمه که‌خاوه‌نى مه‌حوی، نالی، سالم، حه‌مدى ساحێبقڕان، گۆران، کوردی، شێخ نورى شێخ ساڵح و جه‌میل سائیب و سه‌دان ناوى تر‌ى گه‌وره‌ى بواره‌کانى ئه‌ده‌ب و هونه‌رین، نابێت شتێکى سه‌یر بێت شارى سلێمانى له‌لایه‌ن یونێسکۆوه به‌شارێکى پێ داهێنانى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى ده‌ستنیشان بکرێت، چونکه ئه‌ده‌ب و هونه‌رى کوردى هه‌موو خه‌سله‌ت و فاکته‌ره‌کانى ئه‌ده‌ب و هونه‌رى جیهانى له‌خۆیدا هه‌ڵگرتوه، ئه‌مه بۆ خۆى دڵخۆشکه‌ره، پێمان ده‌ڵێت هه‌وڵ و کۆششى به‌رده‌وام و دانه‌بڕاو سه‌ریهه‌ڵداوه به‌ئاڕاسته‌ى ناساندنى جیهانى ده‌ره‌وه‌ى کوردستان به‌داهێنانى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى کوردى و که‌کورد خاوه‌نى داهێنان و تازه‌گه‌ریه‌و دوور له‌ئه‌ده‌ب و هونه‌رى داگیرکه‌ره‌کانى و له‌ئاستى ئه‌ده‌ب و هونه‌رى جیهانیدا ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ى بۆ بکرێت. ئه‌م ده‌سکه‌وته‌ش به‌رپرسیارێتیه‌کانى سه‌رشانى ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نده‌کان گه‌وره‌تر ده‌کات، چونکه مه‌سه‌له‌که ته‌نها له‌و ده‌ستنیشانکردنه‌دا ناوه‌ستێت، به‌ڵکو پاراستنى ئه‌و ئاسته‌و به‌رده‌وامى له به‌جیهانناساندنى هه‌موو تازه‌گه‌ریه‌ک و هه‌موو داهێنانێکى نوێ به‌جیهانى ده‌ره‌وه، ئه‌و گڕوتینه‌ش به‌ته‌نها ناکه‌وێته سه‌رشانى ئه‌دیب و رۆشنبیران، به‌شێکى زۆرى به‌ر رێکخراوو دامه‌زراوه چالاکه‌کانى بوارى رۆشنبیرى و ئه‌ده‌ب ده‌که‌وێت، به‌یه‌کخستنى زمانى ستانداردى کوردى و پاککردنه‌وه‌ى زمانى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى و زیاتر بایه‌خدان به‌بوارى رۆشنبیرى و رۆشنبیران به‌تایبه‌ت ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان. هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر به‌پێى ئه‌و نازناوه بودجه‌ى بۆ ته‌رخان بکرێت چ بۆشاییه‌کی پێ پڕده‌کاته‌وه؟ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى تاچه‌ند هاوکارى نووسه‌ر و ئه‌دیبان ده‌کات یان ته‌نیا هاوکارى گۆرانیبێژه‌کان ده‌کات کارى کلیپ و کۆنسێرت بکه‌ن؟ ڤینۆس فایه‌ق: پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه کێ ئه‌و بودجه‌یه دابین ده‌کات و چۆنى دابین ده‌کات و له‌چیدا خه‌رج ده‌کرێ؟ له‌سه‌ر ئاستى حکومه‌ت هیچ ستراتیژ‌و سیاسه‌تێکى وا به‌دى ناکه‌م که‌بوارى رۆشنبیرى کردبێته ئامانج و به‌رپرسیارێتی. هێشتا ده‌وڵه‌ت بوارى رۆشنبیرى به‌به‌رپرسیارێتى خۆى نه‌زانیوه. حزب له‌شاره‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتیان ده‌ستى له‌و چالاکیانه‌دا هه‌یه، بودجه حزب دابینى ده‌کات، له‌کاتێکدا ده‌بێت ده‌وڵه‌ت ستراتیژێکى هه‌بێت بۆ پرۆگرام و ئامانجى پرۆگرامه رۆشنبیریه‌کان و ساڵانه بودجه به‌بێ هیچ جیاوازیه‌ک بداته رێکخراوه‌کان و چالاکیه‌کان له‌سه‌ر ئاستى نیشتیمانى جێبه‌جێ بکه‌ن، وه‌زاره‌ت ده‌بێت بودجه بۆ هونه‌رو ئه‌ده‌ب ته‌رخان بکات، نه‌ک بۆ شار‌و زۆن.. شتێکى خراپیش نیه حکومه‌ت پاره بۆ سازدانى کۆنسێرتى گۆرانى خه‌رج بکات، به‌ڵام ده‌بێت بپرسین: مه‌به‌ست و ئامانج له‌سازدانى ئه‌و کۆنسێرتانه چیه؟ ئه‌گه‌ر ته‌نها پاره په‌یداکردن نیه؟ یان بۆچى که‌گۆرانیبێژه غه‌یره کورده‌کان بانگهێشت ده‌کرێن زیاتر له‌هونه‌رمه‌نده‌کانى خۆمان رێزیان لێده‌گیرێت و بودجه‌یه‌کى زه‌به‌لاح له‌کۆنسێرته‌کانیاندا خه‌رج ده‌کرێت، له‌کاتێکدا هونه‌رمه‌ندى کورد هه‌ن چه‌ندین ساڵه به‌سه‌ر نه‌کراونه‌ته‌وه‌و باسیش ناکرێن، ئه‌مه‌ش له‌بوارى ئه‌ده‌بدا به‌هه‌مان شێوه‌یه، هێنده‌ى بایه‌خ به‌نووسه‌رو شاعیرێکى فارس و تورک ده‌درێت هێنده بایه‌خ به‌ئه‌دیبه‌کانى خۆمان نه‌دراوه. ئێمه که‌خاوه‌ن ئه‌و میتۆلۆژیا و ئه‌ده‌ب و هونه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌ین ده‌بێت له‌ناو خۆماندا به‌رز خۆمان بنرخێنین بۆ ئه‌وه‌ى جیهانى ده‌ره‌وه به‌چاوێکى بێ بایه‌خ و نرخ لێمان بڕوانن. هاوڵاتى: له‌ئێستادا ئاستى ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌ڕاى به‌ڕێزت چۆنه؟ ڤینۆس فایه‌ق: تاڕاده‌یه‌کى باش ئه‌ده‌ب و هونه‌رى کوردى له‌ئاستێکى باش‌دا ده‌بینم، به‌ده‌ر له‌و ره‌خنانه‌ش که‌هه‌مانه، به‌م ساڵانه‌ى دوایى کرانه‌وه‌یه‌کى باش هه‌یه له‌و دوو بواره‌دا به‌ڕووى جیهاندا، گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ى له‌دنیاى ده‌ره‌وه ته‌نها به‌میلله‌تێکى زوڵملێکراو ژێرده‌سته‌و چه‌وساوه پێناسه‌مان ناکه‌ن، به‌ڵکو وه‌کو میلله‌تێکى خاوه‌ن مێژوویه‌کى داهێنانى ئه‌ده‌بى ده‌وڵه‌مه‌ند ناومان ده‌به‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌و دوو بواره زۆرى و بۆرى پێوه دیاره، به‌ڵام له‌کۆتاییدا ئه‌و ده‌نگانه ده‌مێننه‌وه که ره‌سه‌ن و حه‌قیقین. هاوڵاتى: ئایا به‌به‌راورد به‌پێشوو ئاسته‌که پاشه‌کشه‌ى کردووه؟ که‌پاشه‌کشه‌ى کردووه کێ به‌رپرسیاره؟ ڤینۆس فایه‌ق: له‌گه‌ڵ ئه‌و زۆر‌و بۆریه‌ى که‌هه‌یه، باوه‌ڕم وانیه ئاستى ئه‌ده‌ب و هونه‌رى کوردى پاشه‌کشه‌ى کردبێت، بگره به‌ره‌وپێشچوونى باشى به‌خۆیه‌وه بینیوه، چونکه ده‌نگى باش و ره‌سه‌ن هه‌ن و خزمه‌ت ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر که‌میش بن یان بایه‌خیشیان پێ نه‌درابێت، به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى کرچ و کاڵ هه‌موو کات و له‌هه‌موو دونیا هه‌ن، ئه‌وه‌ش ناکاته ئه‌وه‌ى ئه‌ده‌بى کوردى پاشه‌کشه بکات، چونکه ئه‌مڕۆ هه‌موو ئه‌دیبێک و هونه‌رمه‌ندێک که بۆ خۆى ده‌نگێک و حزوورێکه، خۆى به‌رپرسه له‌وه‌ى داکۆکى له‌ئه‌ده‌به‌که‌ى بکات. هاوڵاتى: به‌به‌راورد به‌ساڵانى پێشوو مێژووى سلێمانى شاعیرێکى زۆری هه‌بوو؟ دۆخى ئه‌ده‌ب سه‌رده‌مى زێڕ‌ینى خۆى تێپه‌ڕاندووه؟ ڤینۆس فایه‌ق: ئه‌ده‌ب سه‌رده‌م تێناپه‌ڕێنێت، گه‌شه‌ده‌کات و ده‌چێته قۆناغێ تازه‌وه.. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى که به «زێڕین» پێناسه‌ت کردووه تاڕادده‌یه‌ک له‌هه‌موو بواره‌کانى تر‌ى داهێناندا بوونى نه‌ماوه، نه‌ک له‌کوردستان به‌ڵکو له‌دونیاى ده‌ره‌وه شتێک نه‌ماوه به‌ناوى (قوتابخانه هونه‌رى و شیعریه‌کان)ه‌وه، ئه‌وه‌ى هه‌یه ئێستا ته‌نها (شیعر)ه، ئه‌وه‌ى ده‌یهێڵێته‌وه ته‌کنیک و قیمه‌تى ئه‌ده‌بى و بیناى قه‌سیده‌و وێنه‌ى شیعرى و زمانێکى ده‌وڵه‌مه‌ندو ته‌عبیرى فراوان و هه‌ندێ ورده‌کارى تر. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى ببین به‌شاعیرێکى باش، ده‌بێت به‌مێژووى ئه‌ده‌بى میلله‌ته‌کەمان ئاشنا بین و زانیاریمان هه‌بێت، ده‌بێت بیانخوێنینه‌وه و لێیان تێبگه‌ین، هه‌مان شت بۆ بوارى هونه‌ریش راسته. بۆ ئه‌وه‌ى ببین به‌هونەرمه‌ندێکى باش ده‌بێت هونه‌رمه‌نده‌کانى پێش خۆمان به‌مامۆستاى خۆمان بزانین و شاره‌زاییمان له‌قوتابخانه هونه‌ریه‌کاندا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى خه‌سڵه‌تى هونه‌رى خۆمان بدۆزینه‌وه. هاوڵاتى: خۆت چۆن بوو چویته بوارى هونه‌رى و دنیاى شیعره‌وه؟. له‌سه‌ر چ رێبازێک شیعر ده‌نووسی؟ ڤینۆس فایه‌ق: شیعر دونیایه‌ک نیه بڕیار بده‌ین بچینه ناویه‌وه. شیعر ئه‌و دونیایه‌یه که له‌ناوماندایه، له‌گه‌ڵى له‌دایک ده‌بین، وه‌کو ده‌نگخۆشی، گۆرانیبێژ ده‌نگێکى ده‌ره‌وه‌ى خۆى به‌کارناهێنێت یان ده‌نگ قه‌رز ناکات، به‌ڵکو به‌ده‌نگێکى خۆشه‌وه هاتۆته دونیاوه شیعر نووسینیش ئاوه‌هایه، تۆ له‌دایک ده‌بیت و ئاماژه‌کانى خولیاى شیعر نووسینت لێ دیارى ده‌دات، من دونیاى شیعرم بۆ خۆم هه‌ڵنه‌بژاردوه، به‌ڵکو هه‌ر له‌منداڵیه‌وه دێڕه شیعره‌کان زیاتر له‌هه‌موو جۆرێکی تر له‌نووسین سه‌رنجیان راکێشاوم، له‌هه‌موو شتێکیش زیاتر شیعرم نووسیوه، شیعره‌کانیشم پابه‌ند نین به‌هیچ رێبازێکى کۆن، به‌ڵکو ده‌توانى له‌ژێر خانه‌ى (ده‌قى کراوه) پۆلێنى بکه‌یت. له‌گه‌ڵ شیعر نووسیندا ژیانکردنێکى ئاره‌زوومه‌ندانه به‌دیوه سیحراویه‌که‌یدا ئه‌زمون ده‌که‌م هاوڵاتى: شیعر بۆ چى ده‌نووسی؟ ڤینۆس فایه‌ق: شیعر نووسین ژیانکردنێکى ناوازه‌یه له‌ناو لاپه‌ڕه‌کانى ده‌فته‌رى شیعره‌کانماندا، له‌گه‌ڵ شیعر نووسیندا ژیانکردنێکى ئاره‌زوومه‌ندانه به‌دیوه سیحراویه‌که‌یدا ئه‌زمون ده‌که‌م. شیعر نووسین بۆ من دروستکردنى هاوسه‌نگیه له‌نێوان واقیعه حه‌قیقیه‌که‌و خه‌یاڵمان، واقیع ده‌بێته خه‌یاڵ و بۆ چرکه‌یه‌کیش بێت خه‌یاڵ وه‌کو واقیعى لێدێت، شیعر شته ناشرینه‌کان بۆ جوانى ده‌گۆڕێت.. شیعر له‌ناو شته بێزارکه‌رو نه‌ریتیه‌کاندا جوانترین ماناکان ده‌دۆزێته‌وه، دواجار شیعر بۆ خۆم ده‌نووسم، هه‌ندێک جاریش شیعر ده‌بێته تێراپیه‌ک (چاره‌سه‌رى سروشتی) بۆ ده‌روون و هه‌ستم، بۆ ساتێکیش بێت دوور دوورم ده‌خاته‌وه‌و ده‌چمه جیهانێکه‌وه به‌ته‌نها خۆمم، به‌بێ رتوش، به‌بێ هیچ زیادو که‌م، شیعر نووسین بۆ من موماره‌سه‌کردنى ئه‌و ئازادیه‌یه که له‌مێشکمدایه‌و باوه‌ڕم پێیه‌تى و له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع راستگۆیانه خۆمم له‌گه‌ڵی. هاوڵاتى: چ هه‌ستێکت له‌ڕێگه‌ى شیعر نووسینه‌وه به‌تاڵ ده‌بێته‌وه؟ ڤینۆس فایه‌ق: شیعر نووسین هه‌موو جارێک به‌تاڵمان ناکاته‌وه، هه‌ندێک جار پڕمانده‌کاته‌وه، کاتێک له‌ناو پڕوپووچیه‌کانى ژیاندا ونده‌بین و ده‌بینه‌وه به‌ده‌موچاوێک وه‌کو هه‌موو ده‌موچاوه‌کانى تر، ره‌قه‌مێک له‌ناو ره‌قه‌مه‌کانى تر، گیایه‌ک به ریز هه‌موو گیاکانى تره‌وه، ئه‌وه شیعره ده‌مانکاته بوونه‌وه‌رێکى بینراوو نه‌بینراو له‌یه‌ک کاتدا، ده‌مانکاته ئه‌و ده‌موچاوه‌ى که له‌ناو شیعره‌کانماندایه، ده‌مانکاته‌وه خۆمان، ده‌مانکاته گه‌ڵایه‌کى پایزه له‌ناو دێڕى شیعرێکدا.. بۆ ئه‌وه‌ى خۆت به‌شاعیر بزانیت پێویستیت به‌بڕێکى زۆر له‌ڕاستگۆیى هه‌یه، شیعر دوو روویى و درۆ قبوڵ ناکات، من ئه‌و کاتانه په‌رۆشیم بۆ نووسینى قه‌سیده‌یه‌ک زیاد ده‌کات که‌سیخناخ ده‌بم له‌خۆم و له‌ده‌نگ و ره‌نگ و شته نه‌بینراوه‌کانى ده‌وروبه‌رم که‌ته‌نها خۆم ده‌یانبینم، که‌زمانى قسه‌کردنى ئاسایى به‌هانامه‌وه نایه‌ت بۆ ده‌ربڕین، ئیتر په‌نا بۆ شیعر ده‌به‌م و پڕ ده‌بمه‌وه له‌وزه‌و له‌سیحر... هاوڵاتى: کۆڕى شیعریت پێ چۆنه؟ خۆت گوێ ده‌گری؟ ڤینۆس فایه‌ق: شتێکى باشه شاعیر ناو به‌ناو شیعره‌کانى له‌کۆڕه شیعریه‌کاندا له‌گه‌ڵ هه‌وادارانیدا به‌ش بکات، به‌ڵام من به‌مدواییه هه‌ست ناکه‌م گوێگرى جیددى شیعرمان مابێت.. خوێندنه‌وه‌ى شیعر جیایه له‌گوێگرتن له‌شیعر،، به‌مدواییه وام هه‌ستکردوه کۆڕى شیعرى زیاتر ده‌بێته بۆنه‌یه‌ک بۆ یه‌کتر بینین و کات به‌سه‌ربردن و خۆبه‌تاڵکردنه‌وه له‌قسه‌و باس نه‌ک گوێگرتن له‌شیعر، هه‌ر بۆیه له‌ئێستادا ئه‌زمونى (سالۆنى شیعری)م به‌لاوه په‌سه‌نده له‌سه‌ر شێوه‌ى سالۆنه ئه‌ده‌بیه‌که‌ى (مه‌ى زه‌یاده) که ته‌نها ئه‌و که‌سانه‌ى بۆ بانگهێشت ده‌کرا که‌بایه‌خیان بۆ ئه‌ده‌ب هه‌بوه‌و له‌پاڵ شیعر خوێندنه‌وه، هه‌واڵى ئه‌ده‌بیان گۆڕیوه‌ته‌وه‌و باس و خواسى بوارى ئه‌ده‌بیان تاووتوێکردوه. هاوڵاتى: پێم وابێت شیعره‌کانت وه‌رده‌گێڕیته سه‌ر زمانى تریش بێجگه له‌کوردی؟. یان به‌عه‌ره‌بى شیعر ده‌نووسی؟ ڤینۆس فایه‌ق: به‌هه‌ردوو زمانى کوردى و عه‌ره‌بى شیعر ده‌نوسم و بڵاوده‌که‌مه‌وه، زۆرێک له‌شیعره عه‌ره‌بیه‌کانم بۆ زمانه‌کانى هۆڵه‌ندی، ئه‌ڵمانی، فه‌ره‌نسی، ئیسپانی، عیبری، فارسى و ئینگلیزى وه‌رگێڕدراون. یه‌که‌مین ده‌قى شیعرى و زۆرترین ده‌قى شیعریم به‌زمانى عه‌ره‌بى نووسیومه، ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه قۆناغه‌کانى خوێندنم هه‌تا زانکۆى به‌غدا به‌شى فه‌لسه‌فه‌ى کۆلیژى ئه‌ده‌بیات به‌زمانى عه‌ره‌بى بووه. جگه له‌وه زۆرترین کتێبه‌کانى خوێندومنه‌وه‌ته‌و ده‌یانخوێنمه‌وه به‌زمانى عه‌ره‌بین. هاوڵاتى: کتێبى نوێت هه‌یه له‌سه‌ر شیعر؟ ماوه‌یه‌که به‌رهه‌مت که‌متر ده‌بینرێت؟ پڕۆژه‌ى تازه‌ت چییه؟ ڤینۆس فایه‌ق: کۆمه‌ڵه شیعرێکى نوێم به‌زمانى عه‌ره‌بى ئاماده‌یه بۆ چاپ، هه‌روه‌ها دوه‌م رۆمانم به زمانى کوردى به‌مزوانه ته‌واو ده‌بێت و چاپى ده‌که‌م، ماوه‌یه‌که تاقه‌تى زۆر نووسینم نه‌ماوه، ساڵانێکى زۆر چه‌ندین گۆشه‌م له‌چه‌ندین رۆژنامه و گۆڤار ده‌نووسی، ئێستاش له‌ترسى دزینى ده‌ق حه‌ز ناکه‌م زۆر لەده‌قه بڵاونه‌کراوه‌کانم له‌فەیسبوک بڵاوبکه‌مه‌وه، که‌م تا زۆر له‌هه‌ندێ رۆژنامه بابه‌تى ئه‌ده‌بى ده‌نووسم به‌گشتى له‌باره‌ى ئه‌ده‌به‌وه. هاوڵاتى: به‌چییه‌وه سه‌رقاڵى به‌ده‌ر له‌شیعر نووسین؟ ڤینۆس فایه‌ق: به‌ده‌ر له‌وه‌ى سه‌ره‌وه باسم کردن، زیاتر به‌وه‌رگێڕان و کارى خۆبه‌خشیه‌وه سه‌رقاڵم، هیچ کارێک بۆ ده‌سکه‌وت و داهات ناکه‌م.
سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، شاعیر رایده‌گه‌یه‌نێت ناساندنی سلێمانى وه‌کو شاری داهێنه‌رى ئه‌ده‌ب لە لایەن رێکخراوى یونسکۆوه گڕوتین ده‌دات به‌ئه‌دیبان و رۆشنبیرانى کورد له‌هه‌ر شوێنێکى دنیا. که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت «بڕوانه ئێمه چه‌ند دڵخۆشین به‌وه‌ى سنه شارى داهێنانى هونه‌رییه لاى یونسکۆ، بێگومان ئه‌وانیش خۆشحاڵن سلێمانى شارى داهێنانى ئه‌ده‌بییه هه‌موو کوردێک واى لێ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ئه‌م هه‌نگاوه هانیبدات بۆ گه‌یاندنى شار‌و وڵاته‌که‌ى به‌ئاستى رێزلێنراو له‌چاوى جیهاندا. که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، له‌شارى که‌رکوک له‌دایک بووه‌و له‌شارى سلێمانى ژیاوه، ساڵى 1986 تێکه‌ڵ به‌ژیانى نووسین بووه‌و له‌ساڵه‌کانى 1992 تا 2008 له‌زۆربه‌ى بواره‌کانى میدیاى کوردی‌دا کاریکردووه به رادیۆ‌و رۆژنامه‌و گۆڤار‌و ته‌له‌فزیۆنه‌وه، داهاتى دیوانێکى بۆ که‌سوکارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان خه‌رج کردووه‌و چه‌ندین به‌رهه‌مى تر‌ى هه‌یه که‌وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانى ئینگلیزى و عه‌ره‌بى و نه‌رویجى. که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، له‌چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى هاوڵاتى ئاماژه به‌وه‌ده‌کات له‌ئێستادا شاعیرى تازه‌ى باشمان هه‌یه، پێیوایه شاعیره کۆنه‌کانیش ماوه‌یه‌کیان ویستووه تاگه‌یشتون به‌و ئاسته، ده‌ڵێت «نابێت په‌له له‌نه‌وه‌ى نوێى شیعر بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌بدرێت بشکوتێن». هاوڵاتى: گرنگى ناساندنى سلێمانى وه‌ک شارى ئه‌ده‌ب و رۆشنبیرى له‌لایه‌ن یونسکۆوه چییه؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: ناساندنى شارى سلێمانى له‌لایه‌ن رێکخراوى یونسکۆ له‌بوارى ئه‌ده‌بدا به‌شێوه‌یه‌کى فه‌رمیی، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کى جیهانیى پڕ بایه‌خه بۆ ئاستى رۆشنبیریى رابردوو، ئێستا‌و ئاینده‌ى ئه‌م شاره زیندووه‌ى کوردستان، ئه‌وه‌ى شانازییه‌که‌یشمان ده‌کات به دوو هێنده ئه‌وه‌یه، شارى سنه‌ى ده‌سته‌خوشکى سلێمانیش وه‌ک یه‌کێک له‌شاره داهێنه‌ره‌کان له‌بوارى میوزیکدا تۆمارکراوه، له‌کۆى ئه‌م هه‌نگاوه‌شدا دڵخۆشم خاتوو ئالان مارى لیڤنسۆن لابروس و دێڤدى هاوسه‌رى رۆڵى گرنگیان هه‌بووه‌و خاوه‌نى بیرۆکه‌ى ده‌ستنیشانکردنى سلێمانى بوون وه‌ک شارى داهێنانى ئه‌ده‌بیى له‌لایه‌ن رێکخراوى یونسکۆ. هاوڵاتى: له‌وانه‌یه که‌سانێک بپرسن ناساندنى سلێمانى له‌لایه‌ن یۆنسکۆوه چى ده‌خاته‌سه‌ر خه‌رمانى سه‌روه‌رییه‌کانى شارى سلێمانی؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: وه‌ک نووسه‌رێکى مێ که‌ساڵانێکه له‌بوارى ئه‌ده‌بدا به‌هه‌موو توانایه‌که‌وه هه‌وڵده‌ده‌م، گرنگیى بڕیاره‌که‌ى یونسکۆ له‌وه‌دا ده‌بینم که‌دانپێدانانێکى جیهانییه به‌مێژووى کۆن و نوێى داهێنانى ئه‌ده‌بیى له‌شارى سلێمانیدا که‌پایته‌ختى رۆشنبیریى هه‌رێمى کوردستانه‌و له‌دامه‌زرانیه‌وه تا به‌ئه‌مڕۆ ده‌گات شارى داهێنه‌ره گه‌وره‌کانى کوردستانه، وه‌ک چۆن هه‌ولێر به‌قه‌ڵاکه‌ى چۆته ناو مێژووى کاره‌کانى یونسکۆ، سلێمانى به‌داهێنانه ئه‌ده‌بییه‌کانیه‌وه ناوى له‌لیستى شاره داهێنه‌ره‌کانى جیهاندایه. هاوڵاتى: ئه‌م ناساندنه چ گڕوتینێک ده‌دات به‌ئه‌دیبان و رۆشنبیرانى سێمانی؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: پێموایه گڕوتین ده‌دات به‌ئه‌دیبان و رۆشنبیرانى کورد له‌هه‌ر شوێنێکى دنیابن، بڕوانه ئێمه چه‌ند دڵخۆشین به‌وه‌ى سنه شارى داهێنانى هونه‌رییه لاى یونسکۆ، بێگومان ئه‌وانیش خۆشحاڵن سلێمانى شارى داهێنانى ئه‌ده‌بییه هه‌موو کوردێک واى لێ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ئه‌م هه‌نگاوه هانیبدات بۆ گه‌یاندنى شار‌و وڵاته‌که‌ى به‌ئاستى رێزلێنراو له‌چاوى جیهاندا. هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر به‌پێى ئه‌و نازناوه بودجه‌ى بۆ ته‌رخانبکرێت چ بۆشاییه‌ک پڕ ده‌کاته‌وه؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: نازانم نازناو بودجه‌ى بۆچییه؟!، له‌وڵاتێکدا که‌هاووڵاتییه‌کانى تائێستاش له‌واده‌ى خۆیدا مووچه وه‌رناگرن؟! راستى حه‌زم به‌گوێگرتن له‌ناوهێنانى بودجه‌یش نیه، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌رگیز به‌باشى بۆ ئه‌و به‌رنامانه خه‌رج ناکرێت که‌ده‌کرێته هه‌نجه‌ت بۆ وه‌رگرتنی. هاوڵاتى: له‌ئێستادا ئاستى ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له‌چ ئاستێکدایه به‌ڕاى به‌ڕێزت؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: ئه‌ده‌بیاتى ئێمه له‌قۆناغى خۆناساندن و چوونه ناو دنیاى ئه‌ده‌بیاتى جیهاندایه‌و خوێنه‌رانى غه‌یرى کوردیش پێى سه‌رسامن، هه‌ربۆیه بێمانایه خۆمان به‌که‌متر داهێنه‌ر له‌نووسه‌رانى دنیا بزانین، هه‌ر بۆ نموونه نووسه‌رێکى وه‌ک به‌ختیار عه‌لى توانیویه‌تى به‌به‌رهه‌مه‌کانى جێگاى گرنگیى پێدانى خوێنه‌رى ئه‌ڵمانیى بێت و بێجگه له‌به‌ده‌ستهێنانى خه‌ڵاتى نیلى زاکسى ئه‌ده‌بیى له‌ئه‌ڵمانیا، رۆژنامه‌و بڵاوکراوه‌کانى ئه‌و وڵاته به‌سه‌رسامییه‌وه باس له‌ڕۆمان و شیعره‌کانى ده‌که‌ن. هاوڵاتى: ئایا به‌به‌راورد به‌پێشوو ئاسته‌که پاشه‌کشه‌ى کردووه؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: ئه‌ى ئه‌وه نییه دیوانى وه‌رگێڕدراو بۆ ئینگلیزیى مامۆستا عه‌بدوڵڵا په‌شێوو دیوانى من له‌ئه‌مریکا چاپ و بڵاو ده‌بێته‌وه، بۆیه پێم وایه ئه‌وانه هه‌ست ده‌که‌ن ئه‌ده‌بى کوردیى پێشنه‌که‌وتووه ئه‌وانه‌ن که بۆ خۆیان و ئه‌ده‌به‌که‌یشیان له‌سنوورى چایخانه‌و کافتریا ئه‌ده‌بییه‌کانیان ته‌جاوزیان نه‌کردووه، هه‌ر بۆیه پێم وانییه ئاستى ئه‌ده‌بیمان له‌چاو رابردوودا پاشه‌کشه‌ى کردبێت. هاوڵاتى: به‌به‌راورد به‌ساڵانى پێشوو مێژووى سلێمانى شاعیرێکى زۆری هه‌بوو؟ ئێستا پێت چۆنه؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: ژماره‌ى شاعیر‌و نووسه‌ره‌کان ئاماژه نین بۆ باشیى دۆخى ئه‌ده‌بیمان، بۆ داهێنان چۆنێتى گرنگه نه‌ک چه‌ندایه‌تی، با ژماره‌ى شاعیرانى کورد زۆریشبن خۆ هه‌موویان ناتوانن گۆران یان شێرکۆ بێکه‌س بن بۆ ئه‌ده‌بى کوردیمان، وه‌ک چۆن له‌دنیاى ئه‌ده‌بدا یه‌ک شکسپیرو له‌بوارى هونه‌ردا یه‌ک داڤنشى هه‌یه، یه‌ک نالى و یه‌ک مه‌لاى جزیریى و یه‌ک مه‌ستووره، یه‌ک کامکاره‌کان و یه‌ک عه‌لى مه‌ردان و یه‌ک ئه‌یاز زاخۆیى و یه‌ک محه‌مه‌د شێخۆ و یه‌ک ئه‌حمه‌د کایه هه‌ن، که‌واته کێشه‌که که‌مى و زۆریى ژماره‌ى ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نده‌کان نییه، گرنگ تایبه‌تمه‌ندیى تاک و بێوێنه‌ى داهێنه‌ره‌کانه. هاوڵاتى: دۆخى ئه‌ده‌ب سه‌رده‌مى زێڕ‌ینى خۆى تێپه‌ڕانددووه؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: له‌سه‌ره‌تاى راپه‌ڕینى ساڵی 1991ـەوه تا ئه‌م ساڵانه‌ى دواییش هه‌رده‌م ده‌وترێت ساڵى هه‌شتاکان سه‌رده‌مى زێڕ‌ینى ئه‌ده‌ب و داهێنان بووه، کاتى ئه‌وه هاتووە قسه‌یه‌کى جیاواز له‌م بۆچوونه دووباره‌و سواوه بکه‌ین، ئه‌م قۆناغه‌ى ئه‌ده‌بیاتى کوردیى سه‌رده‌مى زێڕینه له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌موو په‌نجه‌ره‌و ده‌رگاو سنووره‌کانى جیهان به‌ڕووى نووسین و کاره‌کانماندا ئاوه‌ڵایه، جاران ده‌نگمان هه‌ر ده‌گه‌یشته ئاماده‌بووانى کۆڕه‌که‌مان له‌گوندو شاره‌که‌ى خۆماندا، ئێستا خوێنه‌ره‌کانمان له‌وڵاتانى گه‌وره‌و به‌هێزى دنیاوه هاوارده‌که‌ن به‌نووسین و بۆچوونمان سه‌رسامن، بۆچى گرنگ نییه ئه‌ده‌بمان خه‌ریکه جێگا ده‌ستى خۆى له‌سه‌ر نه‌خشه‌ى ئه‌ده‌بیاتى جیهانیى به‌جێده‌هێڵێت که‌ئه‌مه شتێکه باپیره‌و داپیره گه‌وره‌کانى ئه‌ده‌بیاتى کوردیى له‌خه‌ونیشدا نه‌یانبینیوه. هاوڵاتى: ئێستا خۆت وه‌ک شاعیر سه‌رقاڵى چیت؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: ئێستا له‌ئه‌ڵمانیام له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارو که‌سانى دیارى ئه‌و وڵاته‌وه پێشوازى لێکراوم و کۆڕم کردووه، له‌شارى ئیسن ژنه چالاک و خۆبه‌خشه‌کانى قوتابخانه‌ى کوردیى کۆڕێکى شیعری‌یان بۆ رێکخستم به‌ناونشانی (سۆزێک له‌نیشتمانه‌وه بۆ تاراوگه)و یانه‌ى کوردى میدیا له‌ئه‌مستردام له‌هۆڵه‌ندا کۆڕه شیعرێکى ناوازه‌ى بۆ رێکخستم، له‌شارى کۆڵن له‌ئه‌ڵمانیا کۆڕه شیعرم کردووه به‌ناوى (شه‌ماڵى نیشتمان و غوربه‌تى تاراوگه) هه‌روه‌ها له‌شارى بۆن و زۆر شوێنى تر که‌زیاتر سه‌رقاڵى ئه‌وانه‌م له‌ئێستادا، پرۆژه‌ى نوێم کۆڕێک ده‌بێت له‌سویدو دواترش له‌فرانکفۆرد که‌گه‌ڕایشمه‌وه بۆ کودستان کتێبه‌که‌م به‌ناوى (له‌شانشینه‌وه) که سه‌باره‌ت به‌کوردى ئه‌رده‌نه بڵاوده‌که‌مه‌وه. هاوڵاتى: رات چییه سه‌باره‌ت به‌شاعیره تازه‌کان؟ پێت وایه توانیویانه خه‌رمانى ئه‌ده‌بى کوردى و سلێمانى به‌ره‌وپێشه‌وه به‌رن؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: هه‌ندى له‌شاعیره گه‌نجه‌کان نووسینه‌کانیان جێگاى تێڕامانه، په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کیاندا هه‌یه‌و بیروڕا ده‌گۆڕینه‌وه به‌تایبه‌تى له‌گه‌ڵ خانمه‌کان، پێم وایه شاعیره دێرینه‌کانیش پێویستیان به‌ساڵانێکى زۆر هه‌بووه تا بوون به‌ناوو ناسراون، بۆیه هه‌قه په‌له له‌و نه‌وه نوێیه‌ى شیعر نه‌که‌ین و رێگه بده‌ین بپشکوێن ئینجا داواى بۆنى خۆشى داهێنان و شیله‌ى هه‌نگه‌کانى کاریگه‌ربوونیان لێبکه‌ین. هاوڵاتى: شیعرت بۆ سلێمانى نووسیوه؟ دوو دێڕه شیعرت بۆ سلێمانى؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: سلێمانی ئه‌ی رسـتێ مرواریی رژاوی ناو له‌پی نیوه‌ی شه‌و به‌رامبه‌ر دڵانی داگه‌ڕا‌و به‌جاده‌ی ئه‌زمڕتا تۆ موچڕکی فێنکی ئه‌و عه‌شقه‌ی که‌س نه‌یدیووه مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که عاشقته ده‌مه‌وێت بشڵێم؛ خۆزگه ئێمه‌ش چ وه‌ک نووسه‌رو چ وه‌ک دامه‌زراوه‌ى ئه‌ده‌بیى و رۆشنبیریى بتوانین له‌ئاستى ئه‌و نازناوه شایسته‌یه‌دا بین و رۆشنبیریى و داهێنانى ئه‌ده‌بیى به‌ره‌و ئاستى باڵاتر ببه‌ین.
هاوڵاتى له‌به‌شی «نمایش‌کردنی تایبه‌ت»ی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی «سلێمانی» له‌ژێر ناونیشانی «شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی»؛ پێنج به‌ڵگه‌فیلمی درێژ له‌ده‌رهێنه‌رانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان نمایش کران. بەپێی راپۆڕتی لیژنەی راگەیاندنی گشتیی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، له‌به‌شی «نمایش‌کردنی تایبه‌ت»ی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی «سلێمانی» Slemani له‌ژێر ناونیشانی «شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی»؛ پێنج به‌ڵگه‌فیلمی درێژ له‌ده‌رهێنه‌ره‌کانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌وانه؛ «شوێنکه‌وتنی مه‌رجان»، «چیرۆکێکی ناخۆش: راسته‌قینه‌ی گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات»، «جه‌نگاوه‌رانی هه‌وا»، «سه‌هۆڵی ئاگرین»و «سه‌یروسه‌مه‌ره‌کانی ده‌ریا» له‌هۆڵه‌کانی سیتی سینه‌ما» له‌شاری سلێمانی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری هه‌رێمی کوردستان نمایشکرا‌ن. ئه‌و پێنج به‌ڵگه‌فیلمه‌ی که له‌به‌شی «شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی» Earth Cancer له‌چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی «سلێمانی» چوونه‌سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما، بریتین له؛به‌ڵگه‌فیلمی «شوێنکه‌وتنی مه‌رجان» Chasing Coral له‌ده‌رهێنانی «جێف ئۆرلوسکی» Jeff Orlowski له‌وڵاتی ئه‌مه‌ریکا بۆ ماوه‌ی (93) خوله‌ک، به‌ڵگه‌فیلمی «چیرۆکێکی ناخۆش: راسته‌قینه‌ی گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات» An Inconvenient Sequel: Truth to Power له‌ده‌رهێنانی «جۆن شێنک» Jon Shenk و «بۆنی کۆهن» Bonni Cohen له‌وڵاتی ئه‌مه‌ریکا بۆ ماوه‌ی (99) خوله‌ک، به‌ڵگه‌فیلمی «جه‌نگاوه‌رانی هه‌وا» Climate Warriors له‌ده‌رهێنانی «کارل ـ ا فێچنه‌ر» Carl-A. Fechner و «نیکۆلیا نیمان» Nicolai Niemann له‌وڵاتانی ئه‌ڵمانیا، به‌لژیک و ئه‌مه‌ریکا بۆ ماوه‌ی (86) خوله‌ک، به‌ڵگه‌فیلمی «سه‌هۆڵی ئاگرین» Ice on Fire له‌ده‌رهێنانی «له‌یلا کۆنرێس» Leila Conners له‌وڵاتانی ئه‌مه‌ریکا، کاستاریکا، کرۆڤاسی، فه‌ره‌نساو ئه‌ڵمانیا بۆ ماوه‌ی (98) خوله‌ک و به‌ڵگه‌فیلمی «سه‌یروسه‌مه‌ره‌کانی ده‌ریا» Wonders of the Sea له‌ده‌رهێنانی «ژان ـ میشێل کۆستێئۆ» Jean-Michel Cousteau و «ژان ژاکوس مانتێلۆ» Jean-Jacques Mantello له‌وڵاتانی ئه‌مه‌ریکاو فه‌ره‌نسا بۆ ماوه‌ی (82) خوله‌ک. چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی «سلێمانی» له‌لایه‌ن کۆمپانیای سینه‌مایی «مه‌ستی فیلم» به‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی «فوئاد جه‌لال»، به‌سه‌رۆکایه‌تی «مه‌لا به‌ختیار» به‌رپرسی به‌شی پاڵپشتیی فێستیڤاڵ، به‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ریی «دانه‌ر عومه‌ر فارس» و به‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رنامه‌داڕشتنی خاتوو «لینا ره‌زا»و به‌نمایشکردنی (134) فیلم لەده‌رهێنه‌ره‌کانی (٧9) وڵاتی جیهان؛ له دوو به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی «سینه‌مای جیهان» (نێوده‌وڵه‌تی)و به‌شی رکابه‌ریی «سینه‌مای کوردی» (نه‌ته‌وه‌یی) و هه‌روه‌ها سازدانی وۆرکشۆپه‌کانی پیشه‌یی و پسپۆڕانه‌ی سینه‌مایی و کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش؛ به‌دروشمی «شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی» له پێنج هۆڵی «سیتی سینه‌ما»، «سینه‌ما سالم»، هۆڵی «ئه‌منه سووره‌که« و هه‌روه‌ها له‌ته‌لاری «هونه‌ر» له‌شاری سلێمانی له‌هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
هاوڵاتى نەستەرەن جەواد نیا خاتوونە ئەکتەری کرماشانی، وەک باشترین ئەکتەری ژن لە فستیڤاڵی شانۆی دەربەندیخان خەڵات کرا. نەستەرەن جەواد نیا لەفستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی دەربەندیخان وەک باشترین ئەکتەری ژن خەڵات کرا ئەوەش بە بۆنەی ڕۆڵگێڕانی لە شانۆی «دەکرێت گورگ نەبین» بەرهەمی مورتەزا ئەسەدی. شانۆی «دەکرێت گورگ نەبین» لە نووسینی وەحید خەسرەوی و دەرهێنانی مورتەزا ئەسەدی مەرام، وەک نوێنەرێکی شانۆ ئێرانییەکان لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی دەربەندیخان بەشداریی کردبوو. مورتەزا ئەسەدی مەرام لە بارەی فستیڤاڵەکەوە ڕایگەیاند بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەهرە لە زمان و کو‌لتوور وەردەگرن بۆ پێشخستنی فەرهەنگ و ئابووری و کەرتی گەشتیاریی خۆیان. ناوبراو ئەو خەڵاتە بەگرنگترین خەڵاتی نێودەوڵەتی ناو دەبات کە هونەرمەندانی کرماشانی توانیویانە مسۆگەری بکەن. خولی شەشەمی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی دەربەندیخان لە 21 بۆ 24ی تشرینی یەکەمی 2019 بەرانبەر بەڕێوەچوو، هونەرمەندانی زۆر وڵاتی ئەورووپی و ناوچەکەش بەشداریی فستیڤاڵەکەیان کردبوو لەوان: ئیتاڵیا و سپانیا و شیلی و تونیس و لوبنان و ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان.
شوان ئه‌حمه‌د -1- شاعیرگەلێکی زۆر ھەن خۆشیم بەچارەیان نایەت.. خوا خۆی دەزانێت بەبینینی سەرو فەساڵیان چەن قەڵس دەبم. بەخوێندنەوەی دەقە مردوەکانیان، چۆن سوڕی خوێنم تێکدەچێت و مەراقێکی قوڵ دامدەگرێت. مەبەستم لەوانە پێڕی درۆزنە شاعیرەکانن، ئەوانەی تەنها ئەوکاتە شاعیرن که قەڵەم بەدەستەوە دەگرن و دەکەونە لاپەڕه رەشکردنەوە. دوای ئەوە وەک بونەوەرێکی هارو برسی، شوێن چڵێسیەکانی ژیان دەکەون. دەبن بەڕاپۆرت نوس، دەبن بەڕاوچی، دەبن بەپۆلیس و بەبزنسمان و بەهاوڕێ و دۆستی کاربەدەستان و بەچاودێری سیاسی و بەواعیز، شاعیربون نەبێت. من زۆرێک لەو درۆزنە شاعیر‌و شاعیرە لۆتیانە دەناسم. ئەوانەی باسی میهر و وەفاو خۆشەویستی دەکەن، کەچی خۆیان کوانوی بوغز‌و کانگای پۆخڵی و سەرمەشقی نامەردین. باسی منداڵی و پاکبونەوە و مێخەک و کوکوختی و بەرسیلەو پوشکە بەقنە دەکەن، بەڵام لەسیمای کەسیاندا نەک نور و رۆحانیەت، تروسکایی نا‌بینیت. ئەم پێڕە لەنێو تێکستەکانیاندا شتێکن و لەدەرەوەڕا شتێکی دی. لەشیعرەکانیاندا جۆرێک دەپەیڤن و لەژیانی رۆژانەشدا شتێکی دی ئەزمون دەکەن. شاعیرە درۆزنەکان ئەوانەن، لەدەقەکانیاندا حاشا لەحزب و سیاسەت و هەلپەرستی دەکەن و لەواقیعیشدا، شەڕ بۆ ئەندام پەرلەمانی و وەزیری و پلەو پۆستی بەرزو باڵای حکومی دەکەن. درۆزنە شاعیرەکان بەشیعرەکانیان بێت، قوتی ڕۆژانەیان لەگەڵ منداڵە برسیەکاندا بەش دەکەن و لەگەڵ بەشمەینەتاندا رۆژدەکەنەوە، وەلێ لەفیستیڤاڵ و لەبۆنە رەسمیەکاندا، هەر ئەوانەن دێن بەقات و بۆینباخ و پێڵاوی لەماعەوە، شیعر بۆ مرۆڤکوژەکان دەخوێننەوەو شیعر سوک و هەرزانفرۆش دەکەن. بۆ نەگبەتی وڵاتەکەی من پڕپڕە لەو شاعیرە دوو ڕووانە. وڵاتەکەی من ھەر کوشتەی دەستی سیاسی گەلحۆو بەرپرسی گژۆژەو بازرگان و قاچاخچی چاوچنۆک و بێ‌ویژدان نیە، وڵاتەکەی من بەر لەوانە بیماری دەستی ئەوانەیە بەناوی شیعر و شاعیریەوە، هەقیقەتیان ریسواکردو پاکێتیان نایە ژێرپێ. (سوبحى) درێژکراوه‌ى ئه‌و ده‌نگه شیعریانه بوو که‌یه‌ک ده‌موچاویان هه‌بوو، سه‌ر به‌و بنه‌ماڵه‌یه بوو که‌وه‌ک یه‌ک له‌ناو تێکست و له‌واقعى ژیانى ڕۆژانه‌یاندا، چیان ده‌نوسى وه‌هاش ره‌فتاریان ده‌کرد شاعیرە نامەردو درۆزنەکانی وڵاتی من کەدیوانەکانیان پڕپڕە لەباس و خواسی (رۆحی ژن و جوانی ژن و ئازادی ژن و سەنگینی ژن)، رۆژانە وەک جلەکانی بەریان و وەک ئۆتۆمۆبێلەکانی ژێریان، ژن دەگۆڕن. پاشانیش بۆ خۆ نوێکردنەوەو فراوانکردنی زەین و دونیابینیان، سەنگەر دەگوازنەوە. کەسیاسیەکان و مافیاکانی خوێن، تەماحی شەڕو ئارەزوی ئاگر خۆشکردنیان دەبێت، ئەوان دێن و بەچامەی درێژ‌و بەپۆستەرە شیعرەوە، زەمینەیان بۆ خۆشدەکەن و کوڕگەلی ئەم هەرێمە تەیار دەکەن بۆ جەنگێکی نوێ. ئەوانەی شاعیربون تەنها بەنوسینی قەسیدەوە گرێ دەدەن و شاعیریەتیان تائەو شوێنە بڕدەکات کە لەنوسینی دەقەکە دەبنەوە، دەبێت وەک خەڵک و خوای ئاسایی چاوەڕوانی هەموو شتێکیان لێبکرێت. شاعیربون کەلەگەڵ تەواوکردنی نوسینەوەی قەسیدەدا کۆتایی هات و نەپەڕییەوە بۆ ناو چرکە بەچرکەی ژیان و ساتەکانی تەمەن، هەموو شتێکی لێ چاوەڕێ بکە جوانی نەبێت. هەمو شتێکی پێ دەبێت راستگۆیی نەبێت، هەموو شتێکێی تێدا دەدۆزینەوە پاکێتی نەبێت. -2- بەداخەوە ناوەندی رۆشنبیری کوردی زۆرێک لەو شاعیرانەی تێدایەو ئەو مۆدێلەی تێدا زاڵە، بەڵام لەپەراوێزیشیدا هێشتا خەڵکانێک هەن تەسلیم بەو قەدەرە نەبون و لەخەمی پاراستنی ماکی راستەقینەی شیعر و شاعیر بوندان. (ئازاد سوبحی) یەکێک بوو لەو دەنگانە. ئەو زیاتر لەبیست ساڵە وەک شاعیرێکی پەراوێزنشین، بێدەنگانە سەرقاڵی کاری خۆی بوو. نەماشێنێکی ئیعلامی گەورەی لەپشت بوو، نەهیچ دەستەو تاقمێکیش شاباشی کارەکانیان دەکرد. وزەو سەلیقەی شیعری خۆی، هەڵوێست و ئەخلاقی بەرزی شاعیرانەی لەئاست نوسین و ژیان و مرۆڤدا، ئەویان گەیاندە ئەو شوێنەی تەنهاو تەنها نوسەرە راستگۆکان دەیگەنێ. ساڵی 1994 بۆ یەکەمجار بەشێک لەقەسیدەی (بونەوەرێک بەقەدەر لەزەتی گومان)م خوێندەوە، کەتەواوم کرد بەخۆمم وت (ئا من لەم هەناسە شیعرییە دەگەڕێم). سەروەختێکیش (باخچەکانی باوکم) بەو کوالێتی و بێ نازییەوە بڵاوکرایەوە، دڵنیابوم کەئێمە لەبەردەم ئەزمونێکی شیعریی تایبەتداین. ئەڵبەتە سیحر‌و جوانی (سوبحی) شاعیر تەنها هەر دەرگیری دەقە شیعریەکانی نەبوو، بەڵکو هاوکات پەیوەست بوو بەو ئەخلاقی شاعیرانەیەی لەژیانیشدا بەرجەستەی کردبوو. (سوبحی) درێژکراوەی ئەو دەنگە شیعریانە بوو کەیەک دەموچاویان هەبوو، سەر بەو بنەماڵەیە بوو کەوەک یەک لەناو تێکست و لەواقعی ژیانی رۆژانەیاندا، چیان دەنوسی وەهاش رەفتاریان دەکرد. ئەو لەنمونەی (جان دەمۆ و ماغوت و سوهراب و رامبۆ) بوو. بەراورد بەهاوتەمەنەکانی خۆی کەمێکی کەمی نوسی، لەو کەمەش هەندێکی بڵاوکردەوە. مەسرەف نەکردنی زۆری وشەو خۆ بەدورگرتنی لەبڵاوکردنەوە، لەتەمبەڵی و دەستە پاچەییەوە نەبوو، ئەوەندەی پەیوەندی بەوەوە هەبوو لەم سەردەمە جەنجاڵ و بێ روحەدا کە (هیچ نەزم و عورف و پێودانگێکی) تێدا نەماوە، هەندێ شکۆ بۆ وشەو بۆ شیعر بگێڕێتەوە. چونکە ئەو وەکی (عیزەت سرایلیچ)ی شاعیری گەورەی بۆسنە پێیوابوو (ئێمە رۆژگارێک دەگوزەرێنین کەتەواوی شتەکان، هەر لەچەقۆوە تاگژو گیا پیس و ژەهراوی بون). لەناو ئەو پیسی و ژەهراوی بونەدا، ئەو ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر پەنای دەگرت و بۆ هەر شوێنێک رێی بکردایه، هەڵدەخلیسکایەوه ناو ناخی خۆی. دەگەڕایەوه ناو ماڵی تەنها و بێدەنگی خۆی. (سوبحی) رۆیشت و بۆ یەکجارەکی رۆژ ژمێری ژیانی پێچرایەوه، بەڵام لەدوای خۆی بۆ نەوەکانی ئێستا‌و داهاتوو، هەر بەتەنها رێچکایەکی شیعریی تایبەتی جێنەهێشت و هەر تەنها هونەری شیعر نوسینیان فێرناکات، بەڵکو لەسەروو ئەوانەوه ئەخلاقی شاعیرانەی راستەقینەشیان نیشان دەدات کەعەیامێکه، لەواقعی ئێمەدا لەبەین چوەو لەناو دنیای رۆشنبیری ئێمەدا کاڵبۆتەوه. (سوبحی) تەنها هەر شاعیرێکی هەست ناسک و مرۆڤێکی جوان و میهرەبان نەبوو، بەڵکو نوسەرێکی بەسەلیقەو وەرگێڕێکی لێهاتووش بوو. وەک چۆن بەکوردی تێکست و نوسینی ئاست بەرزی هەبوو، بەزمانی عەرەبیش بەهەمان شێوه. شەوێکیان وتی بابچین بۆ ئاسمان وتم ئاخر ئێمه باڵمان نیه گوڵه گیان وتی ئاسمان خۆشه کەسی لێ نیه هەر خوای لێیه.. خوا گوڵی خۆش ئەوێ ئێستاکێ رۆحی تۆ رۆیشت بۆ ئاسمان، بەڵام ئەوەی دەمترسێنێ ئەوەیه دوای رۆیشتنت، شاعیرگەلێکی درۆزن بێن و رەگوڕیشەی خۆیان بگێڕنەوه سەر دنیای شیعری تۆ‌و لەسەر میراتی شیعری تۆ، خۆیان بژیەنن. رۆحت شاد‌و ئارام بنوو ئەو ئارامیەی لەم دنیایەدا بەنسیبت نەبوو. بڕۆ خوات لەگەڵ.... سلێمانی 3/10/2014
هاوڵاتى محەمەد عومەر عوسمان ناسراو بە ژەنەراڵی پایز، شەوی رابردوو بەکارەساتێکی دڵتەزێن کۆچی دوایی کرد. بەوتەی پۆلیسی سلێمانی، خۆی خنکاندووە. محەمەد عومەر عوسمان هەرچەندە شاعیریکە بەرهەمی کەمە، بەڵام قەڵەمێکی دیارە لەناو دنیای شیعری کوردی‌دا لەدوای راپەڕین. دەقی «ژەنەراڵی پایز» یەکێکە لەشیعرە دیارەکانی ئەم شاعیرەو بەم ناوەوە ناسراوە ژەنەراڵ پلەیەکی سەربازیی باڵایە، بەڵام لێرەدا بووەتە ناونیشانی شیعر. محەمەد عومەر عوسمان لەبەشێک لەشیعرەکانیدا باسی پایز دەکات و لەپایزیشدا کۆچی دوایی کرد. هەروەک چۆن پایز بەوەرزی کۆتایی و بەرەو مردن دادەنرێت ئەوا محەمەد عومەر عوسمانیش هەست دەکات لەهەمووان نزیکترە لەمردنەوە، بەوەش وەک شای پاییزی لێدێت. بەمانایەکی تر، ناونیشانی جەنەراڵی پایز مانای گەورەیی و باڵابوونی ئەم کەسێتیە نیشاندەدات لەچاو پاییزدا، ئەمیش لەسەر بنەمای ئەو خاسێتە پایزیانەی کەهەیەتی بەجۆرێک کەدەیگەیەننە ئاستێک خۆی لەسەروی وەرزی پایزەوە ببینێت. شاعیر وەکو ژەنەراڵێکی سەربازی وێنای خۆی دەکات و سەرجەم ئەو نیشانانەی کە لەڕووکەشدا ژەنەراڵێکی سەربازی پێ دەناسرێنەوە بەرجەستە دەکات، بەڵام هەموویان لەو رەگەزانەی سرووشت وەردەگرێت کە پەیوەستن بەپاییزەوە. گەڵای رەنگ زیوینی درەخت دەبێتە ئەستێرەکانی سەرشانی، کزەبای پاییز لەبەر دەکات و لقی درەخت دەکات بەشمشێر. ئێستا ئەوە ئاشکرا دەبێت کەشاعیر بەجۆرێک پەیوەست و عەشقی پاییزە کەدەیەوێت لەڕێگای بەئامرازکردنی توخمەکانیەوە بەرجەستەی شووناسێک بۆ خۆی بکات و ببێتە هاوشێوەی پاییز یان تەنانەت وەکو دەقەکە بەرجەستەی دەکات ببێتە ژەنەراڵی پاییز. لەڕوویەکی ترەوە سەیری چەمکی پاییز بکەین، ئەوا دەزانین کەپاییز لەڕوانینی خەڵکەوە هاوشانە لەگەڵ چەمکی غوربەت و نامۆبووندا کە دوو چەمکی نزیک لەیەکن، بەڵام هەریەکە رەهەندی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی خۆی هەیە کە بەگشتیش پەیوەستن بەبوونی مرۆڤەوە. بەواتا دەتوانین بڵێین غوربەت و نامۆبوون لەو ڕوانگەیەوە کە لەڕووی بەرهەم هاتنەوە پەیوەندیان بەپاییزەوە هەیە لەهەمان کاتدا پەیوەستن بەبوونی ئەنتۆلۆجیانەی مرۆڤەوە. بۆیە لەبارێکی وەهادا جۆرێک لەهاوشێوەیی لەنێوان مرۆڤ و پاییزدا دروست دەبێت. کاتێ شاعیر خۆی وەکو جەنەڕاڵی پاییز واتە سەروەرو سەرکردەی پاییز نیشان دەدات، ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێت کەئەو خۆی وەکو مرۆڤێکی باڵاتر دەبینێت لەچاو ئەوانی تردا کە دەشێ لەناخی خۆیداو بەو هەموو خەمە پاییزییەوە کەهەڵیگرتووە هەست بکات ئەم لەڕووی هەستکردن و بەتەنگەوە هاتنی مرۆڤایەتیەوە لە سەرووی ئەوانی ترەوەیە، ئەوەش وای لێ بکات کەهەست بکات ئەم لەچاو مرۆڤەکانی تردا مرۆڤێکی باڵاترە. بەواتا دەتوانین بڵێین جەنەراڵی پاییز جەنەراڵی مرۆڤەکانیشە، بەڵام لەسەر بنەمای بوونی دەسەڵاتێکی زیاتر نا لەچاو ئەوانی تردا، بەڵکو لەسەر بنەمای هەست بەئینسانی کردنێکی زیاتر‌و بەتەنگەوە هاتنی زیاتر بۆ خۆدی مرۆڤ و بۆ کێشەو ئازارەکانی و بۆ چارەنووسی نادیار‌و ونی. منم ژەنەراڵی پاییز.. منی هەرگیز ئۆقرە نەدیو ژەنەراڵم.. ژەنەراڵی هەزارەها داری رووت و ملیارەها گەڵای وەریو ئەوی شاعیر لەئاشکراکردنی شووناسی راستەقینەی خۆیدا بۆمان ئاشکرا دەکات، ئەم نەک بۆ مەرگی مرۆڤ و بۆ ئازار‌و مەینەتییەکانی ئازار دەچێژێت و خەم دەخوات، بەڵکو بە جۆرێک هەستیارە کەئازاری وەرینی گەڵای درەختەکان و رووتبوونەویان کاری لێ دەکات و خەمیان بۆ دەخوات. هەر لێرەوە دەتوانین بڵێین لە کاتێکدا کەئەم خۆی وەکو ژەنەراڵی پێشکەش دەکات، ئازارەکانی لەئازارەکانی پاییز بۆ ئەو دیاردانە زیاترەو هەر چۆن مرۆڤی هەستیار بەدیار مەرگی مرۆڤایەتیەوە دەگری ئەمیش بەهەمان شێوە بەدیار وەرینی گەڵاکانەوە دەگری و ئەوەش وای لێدەکات کە خۆی بخاتە سەرووی پاییزەوە، لە کاتێکدا کەپاییز وەکو هێمای خەم و نامۆیی دەناسرێت، ئەم خۆی لەسەرووی پاییزیشەوە دەبینێت لەخەم خواردندا، هەر بۆیە وەکو ژەنەراڵی پاییز خۆی نمایش دەکات. منم ژەنەراڵی پایز.. کاسکێتەکەی سەرم هەورەو ئەستێرەکانی سەر شانم چەن گەڵایەک بە ڕەنگی زیو پاڵتۆی بەرم کزە بایەو شمشێرەکەم لقی درەختێکی ڕزیو ئەم شاعیرەی ئێمە بە باشی لەو خەمە ئەزەلیەی مرۆڤ تێدەگات و بەهوشیاریشەوە سەیری دەکات و خۆیشی فریو نادات بۆ ئەوەی خۆی لێ بشارێتەوە. بەڵکو بەئاگاوە مامەڵە لەگەڵ ئەو خەمەدا دەکات و هەوڵیش دەدات پایەیەک بێت لەو دنیایەدا کە ناوی دنیای پاییزو هەڵوەرین و خەم ونیگەرانیە ئەوەش وای لێدەکات ببێتە ژەنەراڵی پاییز. منم ژەنەراڵی پایز .. درەختی رووت ئەم نازناوەی خەڵات کردم منیش نازناوی شەهیدم دا بەگەڵای هەڵوەریوو کردمە تاکە ئازیزم لەیەک ساتا خۆم کۆرپەی گەڵاڕێزان و هەر خۆشم باوکی پاییزم شاعیر پێش ئەوەی کەدرەختی رووت نازناوی ژەنەراڵی پایزی پێ ببەخشێت خۆی کەسێکی سرووشت پاییزی بووەو لەگەڵ وەرینی هەر گەڵایەک و رووتبوونەوەی هەر درەختێک و هەڵکرنی هەر کزەبایەکدا ئەم خەمی هەموو گەڵاکانی هەڵگرتووەو لەگەڵ هەستکردن بەغەریبی و بەنامۆییدا ژیاوەو هەستی بەمردنێکی بەردەوام و هەمیشەیی هێواش کردووە. لێرەشەوە هەستی ئینسانانەی ئەم کەسێتیە دەردەکەوێت و ئەوێک کە بۆ وەرین و مەرگی گەڵاو رووتبوونەوەی سرووشت و ماتەمی پاییز بگری و ئازار بچێژێت داخۆ ئازار‌و مەرگ و رووخاندنی مرۆڤ و سوکایەتی کردن بەمرۆڤ چ کاریگەریەکیان هەبێت لەسەری؟ ئەوەی کە هەندێ شاعیر‌و نووسەر لە شێوەی رستەی ناشیعری ئاشکراو درووشمدا و لەشێوەی هەڵوێست فرۆشتندا دەری دەبڕن محەمەد عومەر لەئاستێکی زۆر قوڵتری مرۆڤانەداو لەئاستێکی شیعری باڵا‌و بەچێژو جوانیەکی بەرزەوە دەری دەبڕێت کە ئەوەش راستگۆیی شاعیر‌و تێگەیشتنی ئەو لەشیعرو لەچەمکی شیعر دەردەخات. منم ژەنەراڵی پایز.. خوێنێکی زەرد بە نێو دەمارما دەگەڕێ و چاوم هەروەک هەور نمناک تەنیا من بووم کە لەتابووتی شوشەدا.. چەندین گەڵام سپارد بەخاک
هاوڵاتى عەبدوڵا پەشێو شاعری نیشتیمان پەروەرو ئازادیخواز، خاوەنی تێکستی مانیفێستی کۆبانی کە پێنج ساڵ پێش ئێستا بۆ شەڕڤانانی رۆژاڤای نووسی، نامەیەکی نارەزایەتی دەگەیەنێتە کۆشکی کریملین و نیگەرانی خۆی دەردەبڕیت لەقڕکردنی کوردانە. شاعیر‌و نووسەری دیاری کورد « عەبدوڵا پەشێو» لەنامەیەکدا بۆ ڤلادیمێر پوتن-ی سەرۆکی رووسیا، لەبارەی رەزامەندی رووسیا لەسەر بەردەوامی لەشکرکێشی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان، پێیدەڵێت «دەنگدانتان بۆ قڕکردنی کوردان هەتا هەتایێ لە زەینی نەتەوەییمان ناسڕێتەوە.» عەبدوڵا پەشێو، کە ساڵانێکە لە رووسیا ژیان بەسەر دەبات، لەپەیامێکدا کە بە دەستەواژەی «ئەوەی لەسەر خنکان بێ دەست بە پووشێکیشەوە دەگرێ.» دەستپێدەکات نوسیوویەتی:» ئەمڕۆ نامەیەکم بۆ سایتی فەرمیی سەرۆکی رووسیا نووسی و گەیشت. نامەکە (بەگوێرەی بەرسڤی ئۆتۆماتیکی) دوای ٢٤ سەعات، وەک نامەیەکی کراوە، بڵاودەکرێتەوە.» پەشێو، دەڵێت «وام پێ باشە، هەموو لایەک نامە بنووسن، بەتایبەتیش بۆ سەرکردایەتیی وڵاتانی کاریگەر، گلەیی لە هەندێکیان (بەتایبەتی رووسیا و ئەمەریکا) بکرێ، هەروا سوپاسی وڵاتانی وەک فەرەنسا و سکەندیناڤیاش بکرێ، هەرچەند هێشتا کردەوەمان نەبینیوە. دەقی نامەکەی عەبدوڵا پەشێو بۆ ڤلادیمێر پوتن: بەڕێز ڤڵادیمیر ڤڵادیمیرۆڤیچ: لە مۆسکۆ خوێندنم تەواو کردووە. نووسەر و وەرگێڕی پووشکینم بۆ سەر زمانی کوردی. وەک هەوادارێکی فەرهەنگی رووسی بە جەنابتان رادەگەیەنم، کە دەنگدانتان بۆ قڕکردنی کوردان هەتا هەتایێ لە زەینی نەتەوەییمان ناسڕێتەوە. دڵنیاتان دەکەم، کەگەلی کورد، لەگەڵ ئەو هەموو نەهامەتییانەی بە سەری هاتوون، ئایندە دەباتەوە، بەپێچەوانەی ئەردۆگان، کەڕێگەی سیاسی لەبەر دەمیا گەیشتۆتە بنبەست و ئێستا بە تاقی تەنیا، بێ پشتەوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بڕیارەکانی دەدا.. وێڕای ڕێزم بۆتان عەبدوڵڵا پەشێو عەبدوڵڵا پەشێو یەکێکە لەو شاعیرە نیشتیمان پەروەرانەی کە ئازاری میللەتەکەی نوسیوەتەوە، وەکو شعرە بەناوبانگەکەی سەربازی ون دا دەردەکەوێت. گۆڕی سەربازی ون کە وەفدێ دەچێتە شوێنێ بۆ سەر گۆڕی سەربازی ون تاجە گوڵینەیەک دێنێ ئەگەر سبەی وەفدێک بێتە وڵاتی من لێم بپرسێ: کوانێ گۆڕی سەربازی ون؟ دەڵێم: گەورەم! لە کەناری هەر جۆگەیێ لەسەر سەکۆی هەر مزگەوتێ لەبەر دەرگای هەر ماڵێ هەر کڵێسەیێ هەر ئەشکەوتێ لەسەر گابەردی هەر شاخێ لەسەر درەختی هەر باخێ لەم وڵاتە: لەسەر هەر بستە زەمینێ لە ژێر هەر گەزە ئاسمانێ مەترسە کەمێک سەر داخەو تاجە گوڵینەکەت دانێ عەبدوڵا پەشێو لەگەڵ ئەوەی شاعیرێکە کەساڵانێکە پشتگیری شۆڕشی ئازادایخوازی کرد دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت ئەو چەکی خۆشناوێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کۆتری ئاشتی لە شەقەی باڵ نادات، بۆیە دەبیت بە لولەی تفەنگ خەبەر بکرێتەوە. خوا دەزانێ باڵای تفەنگم خۆش ناوێ! بەڵام، ئاخ! کۆترەکەی ئاشتی کڕە وەک شێرە بەفرینەی بەیانی لەسەر لوتکەی تۆپی وەستا ڕەجەب دەنووکی خۆی خستۆتە ژێر باڵەکانی وەک بیستوومە ئەو کۆترە مانگرتووە لە ئاسمانی وڵاتی مندا بە شریخەی تفەنگ نەبێ قەت لە شەقەی باڵ نادا #پەشێو وەستا ڕەجەب: چەکسازێکی بەهرەداری کورد بوو، گەلێک تۆپی بۆ پاشای گەورەی رواند دروستکرد، کە هەندێکیان تا ئێستاش هەر ماون ٢٣-٠٥-١٩٧٣ #کوردستان عەبدوڵا پەشێو پێنج ساڵ پیش ئێستا کاتیک داعش گەمارۆی کۆبانی دابوو. پەخشانی مانیفێستی کۆبانی، نووسی. لەم پەخشانەدا سەرەڕای باسکردن لەقوربانیدان و خۆڕاگریی و گیانفیدایی شەڕڤانان، هەروەها رەخنە دەگرێت لەحوکمی چارەکە سەدە لەهەریمی کوردستان کە بارگاوی بووە بە گەندەڵی. مانیفێستی کۆبانێ برینی شنگال شەوو ڕۆژ دەتریوێنێ. دەشێ ڕۆژێک لەڕۆژان ژانەکەی لە زیڕە بکەوێ، بەڵام قەت ناشێ ساڕ‌ێژ بێ. وێنەی سەر شاشەکان مێردەزمەن، شەوان لێت وەژوور دەکەون، سواری سەر سنگت دەبن و چەمۆڵەت لێ دەنێن. ئێستاش، دوای شنگال، جەستەمان شەبەقی برینێکی نوێی تێ بووە، برینی کۆبانێ. شیروەشێن، هەمان شیروەشێنە، جەستە هەمان جەستەیە و خوێنەکەش هەر هەمانە، بەڵام ئێشەکەیان جودایە. ناتوانم باسی ئەو جیاوازییە بەزمانی سەربازی، زانستی یا لێکدانەوەی لۆژیکی بکەم، هەر ئەوەندە دەڵێم، شنگال خاڵێکی لەو جێیە دانا، کە ئەخلاقسزیی سیاسی گەیشتە لووتکە و کۆبانێش یەکەم ڕستەی بۆ مێژوویەکی تازە تۆمار کرد‌و بووە کاراترین کارگەی نەتەوەسازی. لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، چاخێک تێپەڕی و بەراییی چاخێکی نوێ پشکووت. هەموو رۆژێ دەمەوێ داستانێک بنووسم لەسەر کۆبانێ... سارد دەبمەوە. چما داستان لەسەر داستان دەنووسرێ؟ دەمەوێ، بۆ چەند پەیڤێک، پەنا ببەمە بەر ئەفسانە، چەند پەیڤێک، کە شایانی بەژنی کۆبانێ بن، بەڵام کۆبانێ خۆی بووە بەئەفسانە و پێویستی بە ئەفسانەنووس نییە! سەدان ساڵ شۆڕەسوارانی رۆژهەڵات ببوونە کۆنە مەرەکەبی سەر کاغەزو تەنیا بە خەیاڵی رۆژهەڵاتناساندا دەهاتن، کەچی ئەوەتا، نەوەی میدییەکان، هەسپی مێژوویەکی تازەیان زین کردووە و بەرەو ئاسۆیەکی هەزارڕەنگی لینگ دەدەن. ئەو سوارانەی من باسیان دەکەم لەڕەگەزێکی دیکەو لەتیرەیەکی دیکەن. پێشتر نەمانبینیون، نەمانناسیون. ئاخر، ئەوانەی پێشتر یا لەناو تۆز و غوماری سەرپەڕێنەکانی سەدەی حەفتەمدا ون بوون، یا شاعەباسێک ڕایپێچان سەرحەدەکانی بۆ بپارێزن، یا لووسکەیەکی جەنگیزخان بە مەیتەر لە ئاستانە دایمەزراندن، یا بوونە فشەحزبی خۆخۆری بێ پڕۆژە و ستراتیژ، حزبی سایکسبیکۆپەرست و لۆزاندۆست و بتەوان و موفاوەزاتچیی بودجە. ئەوانەی من باسیان دەکەم لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەن: کیژگەل و کوڕگەلی کۆبانێن، ئەوانەن، کە چاویان بریسکەی ئاتەشگەکانی بابوباپیرانی تێدایە، ئادگاریان پڕاوپڕە لە گزنگی گاتاکانی زەردەشت. ئەمانە کۆتای‌یان بە مێژووی هەڵاتهەڵات و ڕاکەڕاکە و نووزانەوە و شەڕەپەڕۆ و ئاڕئاڕ و قاچاخچیاتیی سنووران هێنا. ئەمانە لەڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەن. ئەمانە سەرەتای قڕبوونی سەرکردەی بندیوار و سکرتێری بندیوار و وەزیری بندیوار و ڕاوێژکاری بندیوار و جەنەراڵی بندیوار و هەموو شتێکی بندیوارن. ئەوانە، ئەو جگەرگۆشانەی من، بە زگی قۆپاو و رەنگی پەڕیو و کلاشینکۆفی سەدەی ڕابردوو، بەرامبەر تانک و زرێپۆش، بەرامبەر تاعوونی رەش و قاسەی پڕی نەوتفرۆشان چەقیون و بەدنیادا جاڕ دەدەن، دەڵێن: نا، ئێمە لەقەڵای دمدم داناگەڕێین، بە فتوایەک پایتەختی سۆران جێناهێڵین و ناچینە خزمەت سوڵتان. هەزار گفتولفتی شیرینی شای ئێران تەفرەمان نادا و نامانباتە بەر سێدارەی چوارچرا. ئێمە هەزار پەیمانی جەزایر بە قرۆشێک ناکڕین. ئێمە لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەین. تەماشایان دەکەم، جارێک و دووجار و دە جار... لە پڕمەی گریان دەدەم. نازانم گریانەکەم هی خۆشییە، یا نیشانەی پێشبینییەکی تاڵ، یا هی هەردووکیانە؟ ئەوان بە زەردەخەنەیەک دڵم دەدەنەوە، حاڵیم دەکەن، کە ڕۆژی سایکسبیکۆپەرستان و پیرەجامبازانی موفاوەزاتچی تەواو. لەمەولا، کێ زات دەکا، ئەو سنوورە حەرامزادانە بە سنوور بزانێ؟ کێ زات دەکا بڵێ کوردستانی عێراق، کوردستانی ئێران، کوردستانی تورکیا، کوردستانی سووریا، کوردستانی جیبۆتی و جڕتاوە؟ کێ... ؟ مەگەر هەتیوچەکانی «کڵاوڕەش و کڵاوسوور»، مەگەر ئەوانەی، لە سەدەی بیستویەکەمدا، بە ئەقڵییەتی موختاری گوند دەوڵەت بەڕێوە دەبەن، ئەوانەی بە دووربین تەماشای ئەوپەڕی دنیا دەکەن، کەچی بە زەڕەبینیش بنپێی خۆیان نابینن! جەیلان، ئەو تەوارەی لە توخمی هەڵۆیانی زاگرۆس بوو، ئەوەی لەگەڵ گوللە ژوانی دانا، چما هەر جەستەی گوڵبەدەمی خۆی پێکا؟ نا، ڕابردوویەکی پڕ لە شەرمەزاری و سنووری حەرامزادەی سیمالکەشی پێکا. ئارین، ئەو پڵنگەکیژەی، لەباتی دەستی یار، ئاگربەندی لە کەمەری خۆی ئاڵاند، چما هەر بۆ ئەوە جەستەی پیرۆزی خۆی ئاگر دا ڕەوەئەسپێخۆرێک بۆ دۆزەخ ڕادا؟ نا، ئەو لەگەڵ خۆیدا خەندەقی براکوژان و شەڕەپەڕۆی بەرەبابان و تانکەری قاچاخچییانیشی ئاگر دا. ئەمانە، کوڕینە، لە ڕەگەزێکی دیکە و لە تیرەیەکی دیکەن! عەبدوڵڵا پەشێو هێلسنکی ١٢/١٠/٢٠١٤
هاوار ته‌یب ئەم منداڵه نەناسراو نییه لەم کەونەدا گەڕیدەکە هەر ڕۆژەی له شارێکە ڕۆژێک لە ئۆرشەلیمە نزا بۆ پاکبوونەوە دەکات ڕۆژێکی دی لەپاریسە و دەپرسێ ئێرە شاری تیرۆرکردنی ناسنامەی منە شەوێکیان میوانی تارانە و خەریکی لابردنی ماسکەکانە بەیانییەک لە ئەنقەرە سەرخەوێک دەشکێنێ و دەڵێت: ئازادی دیل ناکرێ و پەیامێک ئاڕاستەی بەغدا دەکاو ئێژێ وڵات بە خوێن ئاو نادرێ لە دیمەشقەوە هاوار دەکات سەرۆک ئەوە ڕۆژی ڕەشی تۆیە کە پەپوولەکان بە ئاسمانتا نافڕن و بیرکردنەوەکانت دیلی جەنگن. ئەم منداڵە گەڕێدەیەکی عاشقه له مهاباد و ماردیندا به‌دوای ئازادی‌دا له هەڵەبجه به دوای هەناسەیەکی بێ بۆنی سێ‌و له لالش به دوای ناسنامەی منداڵانی دوای شەڕ ئەگەڕێ له کوبانی بەدوای خەندەی سەرلێوی دایکیدا دەگەڕێ. ئەو منداڵە گەڕیدەیەکه بۆ ژیان نزا دەکا گەڕیدەکی ڕووتە وەک ڕووتی حەوا ئەو نازانێ سەر بە کام ڕەگەزە و بۆ هێندە دەگەڕێ ئینسانیبوونی ئەو منداڵە لە حەقیقەتی مێژووەوە هاتووە و خەون دابەش دەکات وەهم تا ئەوجی بیرکردنەوە دیل دەکات. گەڕیدەیی ئەو کۆنترە لە مێژوو گەڕیدەیی ئەو کۆنتره له شەڕ پێش شەڕ بانگەوازی ژیانی کرد پێش باران گوڵەگەنمێک بوو پێش تفەنگ عاشقێکی وێڵ بوو. گەڕیدەیەک بوو لە چوار کانی ئاوی خواردەوە، بەڵام هێشتا تینوو بوو. ئاوێنەیەک بوو دەم و چاوی ڕاستەقینەی مێژووی خۆی تیادا دەبینی. ئێستاش ئاوارەیەکە لەباخچەکانی پووچگەراییەوە وەهمەکانی تۆ باڵ دەکات و لە پشت پەنجەرەکانەوە خەیاڵ تا ئەوجی نغرۆبوون لە لای هابیل و قابیل دیل دەکات
سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن میدیا حسێن له ساڵى1978 تیپى هونه‌رى میدیان دامه‌زراندووه‌و یه‌که‌م گۆرانی بڵاوکردۆته‌وه، به گۆرانیبێژى میللى ناسراوه، له‌سه‌ربازى و له‌شاخیش گۆرانى وتووه. ماوه‌ى پێنج ساڵ به‌هۆى له‌سێداره‌دانى براکه‌یه‌وه له‌هونەر دوورکه‌وته‌وه‌و دواى ئه‌وه تائێستاش به‌رده‌وامه. له‌چاوپێکه‌تنه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه هه‌زار گۆرانى وتووه و زیاتر له 300 گۆرانى ئاواز‌و تێکستى خۆیه‌تى. هاوڵاتى: له‌ساڵانى نه‌وه‌ده‌کاندا به‌رهه‌مى فۆلکلۆر زۆر ده‌بینرا؟ دواى ئه‌و ماوه‌یه زۆر که‌م ده‌بینرێت؟ میدیا حسێن:فۆلکلۆر واته به‌رهه‌مێک خاوه‌نه‌که‌ى دیارنه‌بێت و 200 ساڵ پێشتر بێت و هه‌ندێک ده‌یڵێنه‌وه تێکی ده‌ده‌ن، ماوه‌یه‌ک فۆلکلۆر واى لێهاتبوو عه‌یبه بوو زۆر که‌س نه‌یده‌وت، ئه‌وه‌نده شێواندبویان، من زۆر گۆرانیم راستکردۆته‌وه به‌پێی توانام، نزیکم کردۆته‌وه له‌خاوه‌نه راستیه‌که‌ى، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ڕوى هونه‌رى شیعریه‌وه شاره‌زام، هونه‌رى میللى جوانى و جه‌مالیه‌تى خۆى هه‌یه، به‌ڵام خه‌ڵک به‌وه وه‌ستاندى، یه‌کێکم له‌وانه‌ى گۆمى هونه‌رى میللى و فۆلکلۆرم شڵه‌قاند و جارێکى تر گوێگرم ئاشناکرده‌وه به ئه‌مانه‌ته‌وه هه‌ڵه‌یه‌کم بینیبێت که هونه‌رمه‌ندێک ده‌یڵێته‌وه چاکم کردۆته‌وه، چه‌ند به‌رهه‌مێکى میللیم خسته‌ناو خه‌رمان و ئه‌رشیفى هونه‌رى میللى. هاوڵاتى: له‌ئێستادا گوێگرى گۆرانیه تازه‌کان زۆرن؟بۆ؟ میدیا حسێن:ئه‌و خه‌ڵکه‌ى گوێ له‌و بابه‌تانه ده‌گرن ناهۆشیارن و ته‌نیا بۆ ساتێک گوێى لێده‌گرن، که‌ناڵ و راگه‌یاندنه‌کان زیاتر مه‌به‌ستیانه زۆرترین بینه‌ریان هه‌بێت، جا بینه‌ره‌که‌ى به‌هه‌رچییه‌ک پاراو بێت، کێشه‌ى نیه، ده‌سه‌ڵاتیش لایه‌نى ئه‌ده‌ب و هونه‌رو ڕ‌ۆشنبیرى به‌ته‌واوه‌تى فه‌رامۆش کردوه، پێمان ده‌ڵێن هونه‌رى خۆتان بۆ خۆتان و ده‌خلى خۆمان بۆ خۆمان، له‌کاتێکدا باس له‌سیسته‌مى ته‌کنۆقراتى ده‌کرێت، هاوکات ئیداره‌ى کوردى کۆماره‌که‌ى ئه‌فلاتونه‌و جێگه‌ى ئه‌ده‌ب و هونه‌رى تێدا نابێته‌وه. هاوڵاتى: گۆرانى میللى چ تایبه‌تمه‌ندیه‌کى هه‌یه؟ میدیا حسێن: ته‌نیا ئه‌وه‌یه راسته‌وخۆ ده‌چێته ناو جه‌ماوه‌ره‌وه. هاوڵاتى: ئایا هیچ فلته‌رێک هه‌یه بۆ پۆلین کردنى به‌رهه‌مه هونه‌ریه‌کان؟ میدیا حسێن: بیر له‌وه نه‌کراوه‌ته‌وه بۆ فلته‌رکردن پسپۆرێک دابنرێت بۆ پۆلین کردنى هونه‌رى کوردى که ئه‌مه هونه‌رى میللیه‌و هونه‌رى هاوچه‌رخ و رۆژئاوایى و ئۆکسترایه و سه‌مفۆنیایه و پۆلین نه‌کراوه و که‌س خه‌مخۆرى نیه، چونکه ئه‌م بواره سودى ماددى تێدا نیه بۆ ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت، سودى ماددى نه‌بێت که‌س هه‌وڵى بۆ نادات، هه‌ر ئه‌مه‌ش واى کردووه هونه‌رى باش و خراپ جیانه‌کرێته‌وه. هاوڵاتى: ئایا بارودۆخه‌که تاچه‌ند هاوکارى هونه‌رمه‌نده که په‌ره به‌هونه‌ره‌که‌ى بدات و پێشى بخات؟ میدیا حسێن: له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنى هه‌موو چه‌مکه‌کانى بوارى ژیان، هونه‌رو ئه‌ده‌بیش پێشده‌که‌وێت، به‌ڵام له‌کاتێکدا ژیان راوه‌ستاو بێت، هونه‌رو ئه‌ده‌بیش راده‌وه‌ستێت. هاوڵاتى: به‌ندبێژى ده‌بێت چۆن بێت؟ ئێستا چۆنه؟ میدیا حسێن: به‌ند واتا به‌ندێکى ته‌واو بێت و واتاى هه‌بێت، له‌پێنج دێڕ زیاتر بێت، ده‌شتوانى لێره بۆ به‌سرا بڕۆیت و شت بلێیت، به‌ڵام ئایا تامى هه‌بوو؟ ئه‌مانه ناچنه خانه‌ى به‌نده‌وه، به‌داخه‌وه فلته‌ر نیه بۆ به‌نده‌کانیش، له‌ئاستى نزمدا نه‌بن بڵاوى ناکه‌نه‌وه، له‌ڕوى مه‌عریفیه‌وه خاوه‌نى ئه‌م ده‌زگایه له‌و ئاسته‌دایه، بۆیه ئه‌وانه په‌خش ده‌کات، هونه‌رى میللى تورک و فارس هه‌مووى هه‌یه‌تى، به‌ڵام ده‌زگاکانیان شتى نه‌شیاو بڵاوناکه‌نه‌وه، پێویسته به‌شێوه‌یه‌کى جوان وه‌سف بکات وه‌ک حه‌سه‌ن زیره‌ک که به‌ندى وتووه، گاڵته ئامێز بوه شیعره‌کانى شێخ ره‌زاى تاڵه‌بانى کۆمیدیایه‌کى هادیف، ئه‌وه جوانه‌و له‌چوارچێوه‌ى ئادابدا گونجاوه. هاوڵاتى: بۆچى به‌رهه‌مى هونه‌رمه‌نده کۆنه‌کان زیاتر ده‌مێننه‌وه؟ میدیا حسێن:به‌رهه‌مه کۆنه‌کان زۆربه‌ى هونه‌رمه‌نده‌کان خوێنده‌وار نه‌بون به‌ماناى که به زانستى خوێندبێتیان، من وه‌ک خۆم ته‌مه‌نم 59 ساڵه، چل ساڵى ته‌مه‌نم سه‌رم شۆڕکردۆته‌وه به‌سه‌ر کتێب‌دا، له‌میانه‌ى خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردنم به‌خوێندنه‌وه، توانیومه ئه‌و ئاسته په‌یداکه‌م و پێشکه‌شى بکه‌م، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى تر که‌خوێنده‌وار نه‌بون ژیان بۆته قوتابخانه بۆیان، ئه‌مانه فاکته‌رى گرنگن بۆ په‌روه‌رده‌کردنى هونه‌رمه‌ندى ره‌سه‌ن و مانه‌وه‌ى هونه‌ره‌که‌ى تاڕه‌نگدانه‌وه‌ى تواناکانى خۆى بێت. هاوڵاتى: جیاوازى ده‌کرێت له نێوان هونه‌رمه‌نده دێرینه‌کان و تازه‌کان؟ میدیا حسێن:دێرینه‌کان خاوه‌نى ئه‌زمونن و هاوچه‌رخه‌کان خاوه‌نى کوالێتین، واته ته‌کنه‌لۆژیا هاوکاره بۆ ناسینیان، به‌ڵام دێرینه‌کان توانا و هێزى شعر و ده‌نگ و ئاوازه‌کانیان بناغه‌ى بۆ داناون. هاوڵاتى: هاوکاریه‌کان بۆ هونه‌رمه‌ندان وه‌ک یه‌که؟ میدیا حسێن: وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى لیژنه‌یان هه‌یه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى بابه‌ته‌کان و شێوازى دابینکردنى هاوکاریه‌کان، تائێستا له‌و لیژنه‌یه که‌سێکم نه‌بینیوه ته‌مه‌نى بگاته 40 ساڵ، ئه‌م ته‌مه‌نه، براده‌رى میدیا حسێن و که‌ریم خه‌مزه‌یى و که‌ریم کابان و عه‌تا چاوشین و که‌مال محه‌مه‌د نین، براده‌رى جیله هه‌ره تازه‌که‌ن، کار بۆ ئه‌وان ده‌که‌ن، یه‌که‌م که‌سم بۆ هه‌ڵه‌بجه هه‌یه‌جانم نوسیوه (سیروان ده‌خیلم) که‌کیمیاییه‌که ئه‌وکات به‌ئاسمانه‌وه خه‌ڵکى ده‌کوشت، ده‌بوایه خه‌ڵاتێک هه‌بێت بۆ هه‌ڵه‌بجه یه‌که‌م که‌س میدیا حسێن بوایه، به‌داخه‌وه له 2013دا 4 ملیۆن دۆلار ته‌رخان کرا بۆ میهره‌جان و فیستیفاڵى هه‌ڵه‌بجه، ئه‌وانه‌ى به‌شداریان کردوه به‌وشه‌یه‌ک خه‌ڵاتکران، به‌س منى تێدا نه‌بوم، ئه‌مه گله‌یى ئه‌وه‌یه جیاوازى ده‌کرێت، ئه‌گینا سوپاس بۆخوا هه‌رگیز حه‌زناکه‌م بانگهێشت بکرێم بۆ سفره‌یه‌ک که به‌خوێنى شه‌هیدان رازابێته‌وه، خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه له‌ناو مۆنۆمێنته‌که‌دا له2011 رێزلێنانیان بۆکردم، 13 که‌ناڵى لێ‌بوو له‌که‌ناڵه عه‌ره‌بیه‌کان و ئه‌وانى تر، یه‌ک که‌ناڵى ته‌له‌فزیۆن له‌حزبى سۆسیالیست زیاتر په‌خشى نه‌کرد، چونکه حزب و ده‌سه‌ڵات بۆى نه‌کردوم، خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه بۆى کردم. هاوڵاتى: لایڤ میوزیک ده‌که‌یت؟ میدیا حسێن: من لایڤ میوزیک ده‌که‌م له‌سلێمانى و هه‌ولێرو ده‌ره‌وه‌ى کوردستان، دانیشتنم هه‌یه له‌گه‌ڵ سه‌روو ته‌مه‌نى خۆم و مامناوه‌ندو ئه‌و که‌سانه‌ى ئاستى هۆشیارییان به‌رزه، خۆم خۆشحاڵ ده‌بم له‌نزیکه‌وه هونه‌ره‌که‌میان پێشکه‌ش بکه‌م، زۆرترین داواکاریشم له‌سه‌ره، هۆتێل تایتانیک های کریست و چوارچرا‌و کریستاڵ، هونه‌ر پێویسته ئه‌وه‌ى تیاى سه‌رف ده‌که‌یت لێت ده‌سکه‌وێته‌وه، بۆیه بۆ خراپه له رێگه‌ى لایف میوزیکه‌وه، شتێکت ده‌ست بکه‌وێت، چونکه لاى ئێمه که‌سێک نایه‌ت له‌غه‌یبه‌وه پاره بکات به‌گیرفانتاو بڵێ بڕۆ ئیبداع بکه و هونه‌ره‌که پێشخه، هونه‌رمه‌ند بژیه‌نێت بۆئه‌وه‌ى داهێنان بکات. هاوڵاتى: دانیشتنى میدیا حسێن و جێگرى کوڕت له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌کدا زۆر که‌س بینى؟ میدیا حسێن: دانیشتنێکم کرد له‌گه‌ڵ جێگرى کوڕم، تائیستا به‌هه‌فته‌یه‌ک گه‌یشته چاره‌که ملیۆنێک بینه‌ر، چ که‌ناڵێک هه‌یه له‌کوردستان که به‌رنامه‌یه‌کى هونه‌رى بکات ئه‌وه‌نده بینه‌رى هه‌بێت. هاوڵاتى: کۆنسێرتت پێ چۆنه؟بۆ تائێستا کۆنسێرتت نه‌کردووه؟ میدیا حسێن: تائیستا کۆنسێرتم نه‌کردوه، پێویستم به کۆنسێرت نیه، چونکه زۆر له‌نزیکه‌وه بینراوم و گۆرانیم بۆ خه‌ڵکى خۆم وتووه، هه‌وادارانم به‌رده‌وام له‌ده‌ورو پشتمن، زۆر ده‌رکه‌وتوم ئه‌گینا شتێکى باشه‌و پێویسته، من به فیستیفاڵه‌کان پڕم کردۆته‌وه. هاوڵاتى: بۆ کلیپت بۆ هیچ له‌گۆرانیه‌کانت نه‌کردووه؟ میدیا حسێن: کلیپم نیه هه‌ندێک وێنه‌م بۆ گیراوه‌و پێویستیشم به‌کلیپ نیه‌و من سپۆنسه‌ره‌که‌م گیرفانى خۆمه‌و ناتوانم پاره‌ى ماڵ و منداڵم سه‌رف بکه‌م و بیده‌م له‌هونه‌ره‌که‌م، خه‌ڵک وابزانم ئه‌وه‌نده‌یان له‌من ده‌وێت که‌گۆرانیه‌کانیان بۆ بلێم، له گوێوه بۆ روح و بۆ دڵ، کلیپ دیمه‌نێکى جوان پیشانده‌دات، به‌ڵام که وێنه‌که لاچوو بیرده‌چێته‌وه. هاوڵاتى: کوڕه‌کانت هه‌مان رێچکه‌ى خۆتیان گرتوه وه‌ک گۆرانی وتن، به‌ڵام ستایلیان جیاوازه؟تاچه‌ند هاوکاریان بویت؟ میدیا حسێن: سێ کوڕم گۆرانی ده‌ڵێن و ستایلى من و جێگر جیاواز نیه، زۆر به‌ڵام ده‌نگمان جیاوازه‌و له‌یه‌ک ناچێت، له‌ڕوى هونه‌ره‌که‌وه‌و له‌ڕوى میوزیکه‌وه ئه‌کادیمى تره، دڵنیام دواڕۆژێکى باشیان ده‌بێت و پشتیوانیان بوم و له‌ڕوى ئاواز‌و تێکسته‌وه هاوکاریان بوم و بۆم داناون، به‌رچاوڕونیم پێداون، به‌ڵام خۆیان توانا‌و حه‌زیان هه‌بوه بۆى. هاوڵاتى: به‌کۆپله‌یه‌ک مه‌عاناتى خۆت به‌خوێنه‌رى رۆژنامه‌که و هه‌وادارانت بلێیت چى ده‌لێیت؟ میدیا حسێن: نه ئێستام و نه منداڵیم نه له‌تافى هه‌ژده ساڵیم له‌ڕۆژێکم له‌زه‌ت نه‌دى وه‌ک یه‌ک بون شیرینى و تاڵیم خۆم ته‌رازی سه‌نگى خۆمم له‌گه‌وهه‌رى مانا حاڵیم رۆژێک نه‌مدیوه یه‌کسان بێت دڵى پڕ‌و ده‌ستى خاڵیم
شاناز حه‌سه‌ن مۆزه‌خانه‌ى که‌له‌پورى کورد له‌سلێمانى به‌هۆى نه‌بوونى بیناوه ماوه‌ى چوار ساڵه داخراوه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه سه‌دان که‌لوپه‌ل و ئاسه‌وارى کلتوورى ترسی له‌ناوچوونیان هه‌یه، به‌ڕێوبه‌رى مۆزه‌خانه‌ى که‌له‌پورى کورد ده‌ڵێت» له‌وڵاتى ئێمه رێز له‌کلتورو که‌له‌پورى خۆمان ناگیرێت». به‌ڕێوبه‌رێتى که‌له‌پورى کورد له‌سلێمانى، لقێکى تایبه‌تى هه‌یه به‌ناوى که‌له‌پورى کورد که‌تایبه‌ته به‌و که‌ره‌ستانه‌ى له‌کۆندا بۆ پیشه‌سازى سه‌ره‌تایى و کاروبارى رۆژانه به‌کارهاتون، ماوه‌ى 44 ساڵه کراوه‌ته‌وه. چوار ساڵه به‌هۆى کۆنى بیناکه‌وه داخراوه، که پێشتر زۆر که‌س سه‌ردانى ئه‌و شوێنه‌یان ده‌کرد بۆ بینینى که‌لوپه‌له‌کان. بیناى مۆزه‌خانه‌ى که‌له‌پورى کورد، له‌خانوویه‌کى کۆندایه که له‌ساڵى 1901 له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ى حاجى فه‌قێ شاڵى دروستکراوه‌و ئێستا موڵکى حکومه‌ته، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى کۆمه‌ڵێک که‌ره‌سته‌ى به‌نرخى که‌له‌پورى تایبه‌تى تێدایه، به‌ڵام له 2015وه داخراوه. به‌وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى مۆزه‌خانه‌ى که‌له‌پورى کورد، هۆکارى داخستنی بۆ ترس له‌داڕووخانى بیناکه‌و له‌ناوچوونى که‌ره‌سته که‌له‌پورییه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه. محه‌مه‌د به‌کر، به‌ڕێوبه‌رى مۆزه‌خانه‌ى که‌له‌پورى کورد، له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى»کۆنى بیناکه واى کردووه له 2015وه تائێستا داخراوه‌و زۆر جار داواى بینایه‌کى ترمان کردووه، به‌ڵام هیچمان بۆ نه‌کراوه«. ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاند» به‌داخه‌وه له‌وڵاتى ئێمه گرنگى به‌کلتورو که‌له‌پورى خۆمان نادرێت، رێز له‌کلتورى خۆمان و که‌له‌پورمان ناگیرێت، که ئه‌و شتانه مێژویه‌کیان هه‌یه‌و ورده ورده له‌ناوده‌چن». محه‌مه‌د به‌کر، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه: زۆرجار داوامان له‌ڕۆشنبیرى سلێمانى و پارێزگار کردووه که‌بینایه‌کى تریان بۆ دابین بکه‌ن، چونکه بیناکه مه‌ترسى روخانى هه‌یه‌و به‌وه‌ش هه‌موو که‌لوپه‌له‌کان له‌ناوده‌چن. هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، به‌رێوه‌به‌رى گشتیى که‌له‌پورى کورد، به هاوڵاتى راگه‌یاند»هه‌وڵى زۆر دراوه‌و هه‌مووى بێئه‌نجام بووه، به‌رده‌وام له‌هه‌وڵداین بۆ دابینکردنى بینایه‌کى تایبه‌ت بۆ ئه‌م به‌شه‌مان و پاراستنى ئه‌و هه‌موو پارچه که‌له‌پورییانه‌ى که هه‌ریه‌که‌یان مێژووى سه‌رده‌مێک و جۆره ژیانێک ده‌گێڕێته‌وه«. ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، وتیشى» سیاسه‌تى کلتورییمان نییه، بۆیه ته‌نیا هه‌وڵى تاکه‌که‌سى هه‌یه‌و ئه‌م شوێنانه گرنگى پێ‌نادرێت و هه‌وڵناده‌ن بپارێزرێن». لاى خۆشیه‌وه، بابه‌کر دڕه‌یى، به‌ڕێوبه‌رى گشتیى رۆشنبیرى سلێمانى، ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو، له‌توانایاندا نییه بیناى نوێ بۆ دروستبکه‌ن و له‌وباره‌یه‌وه به هاوڵاتى ڕاگه‌یاند «له‌گه‌ڵ پارێزگار و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌گفتوگۆداین بۆئه‌وه‌ى که‌لوپه‌له‌کان بگوازینه‌وه بۆ بینایه‌ک له‌سه‌راى سلێمانى بۆ پاراستنى ئه‌و به‌رهه‌مانه«. هه‌روه‌ک وتیشى «ئێمه خۆمان تائێستا بینایه‌کى جوانمان نییه، به‌ڵام به‌نیازى دروستکردنى بینایه‌کین لاى خۆشمان له‌و دوو شوێنه‌دا یه‌کێکیان دابین ده‌که‌ین بۆ ئه‌م به‌شه‌و پاراستنى ئه‌و که‌لوپه‌لانه«.
رەفیق سابیر لەم وڵاتە هەموو شت زۆرە ، بەنی ئادەم کەم. (هێمن) *تینوو دڵشکاو، جەستە پڕی برینە رۆح وێنەی گزینگ باڵەفڕەیەتی، تینووی چڕینە. هەر دەمێکی ساڵ وەرزی جوانییە وادەی ئەوینە. *ئەوین رەنگین و پڕراز، رەنگە وەک فاڵ بێت، هاوشێوەی جوانی ئەوینیش تاڵ بێت.(٢) *قیبلەنوما لە هەر جێ بۆنی مردن دێت، بەرەو رێی ژیانە ئەوین. ئێمە بە ئەوین زەمان دەپێوین. *گۆڕی بێ ناو هاوسنوور بێ ناز و بێ ناون کێلەگۆڕ لار و خوار وەک نەمام، وەک ئەوین بە پەلە نێژراون. *شایەت رەنگە رۆژێ دار و بەیان، تریفە، روبار، یان ویژدان، لە باسی ئەو جوانەمەرگانە بێنە گۆ، یان دەشێ پیرە گۆڕستان: تۆ! *شین وەرزی وەرینە ئازادیی دیل و جوانی تازیەبار شینی ئەوینە. *فریشتە بەڵام خانمە ونناوەکان! هەر چۆن بوون و هەر کەسێک هەن خوا شایەتە لەچاو هەموواندا فریشتەن! فریشتەن! *بە یادی ئێوە لە هەرجێیەک بم بە یادی ئێوە لەگەڵ جوانیدا لەگەڵ ئەویندا رووناکی دەچڕم. سەرنج و پەراوێز: ١-خانمە ونناوەکان (خانمی ونناو) مەبەست لەو ئافرەت و کچانەی هەرێمی کوردستانە، کە مێردەکانیان، یان کەسوکاریان، جانەوەرانە کوشتویانن. بەشێک لەوانە تەرمەکانیان فڕێ دراون. دواتر شارەوانی لە گۆڕستانی تایبەتدا ناشتوونی. دەزگای پۆلیسیش، لەجیاتی دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیان، بە بەهانەی ئەوەی کەس داوای یاسایی، لەبارەی ئەم کوژراوانە، تۆمار نەکردووە، ئەو کەیسانەیان پشتگوێ خستوون. بە پێی ریپۆرتاجێکی رۆژنامەی ئاوێنە، تەنیا لە گۆڕستانی سەیوان، لە سلێمانی، دوو هەزار ژنی لەم جۆرە، لەشوێنێکی تایبەت، بە ناوی (گۆڕستانی بێناسنامەکان) نێژراون، لە هەولێریش دوو گۆڕستانی هاوشێوە هەن، کە ریپۆرتاجەکە هیچی لەبارەیانەوە باس نەکردووە، هەروا بەلای دهۆکیشدا نەچووە. ناوی (بێناسنامەکان)!! بەرهەمی ژن‌کوژی و دیاریی دەسەڵاتی کوردییە بۆ ژنان و کۆمەڵی کوردستان و بۆ تەواوی مرۆڤایەتی!!. دەسەڵات، کە تاوانباران وەک بکوژ سزا نادات، ناڕاستەوخۆ هانی ژن‌کوژی دەدات. ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بۆتە کوشتارگەی ژنان، یان (خێڵخانەی ژنکوژان). بۆیە هەق وایە، خەڵکی ئازادیخواز و رێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ، خەباتی دژی دیاردەی (ژن‌کوژی-ژیانکوژی) فراوانتر بکەن. هەروا، پێشنیار دەکەم، ناوی (گۆڕستانی فریشتەکان) یان (گۆڕستانی شەهیدانی ئەوین) یاخود ناوێکی لەو شێوەیە، لەو گۆڕستانانە بنێن. هیوادارم رووناکبیرانی ئازادیخواز دەنگیان لە بەرامبەر دیاردەی ژن‌کوژی-ژیانکوژی، زیاتر هەڵببرن. هونەرمەندانی داهێنەر، گۆرانی و شانۆنامە، پەیکەڕ و تابلۆ، بۆ ئەم ئاشقە بێ‌موراد و جوانەمەرگانە، کە قوربانیانی ئەوینن، دابهێنن. چونکە ژن‌کوژی و نەرمی و خۆگێلکردنی دەسەڵات، لەم تاوانە، هەموو سنوورێکی قانوون، ویژدان، ئینسانییەت و هەموو رێسا و پیرۆزییەکی ئینسانی و ئاینیی بەزاندووە، ناوی (بێناسنامەکان) گومڕاکردنێکی ئاشکرای زمانیی پێوە دیارە، کە ناوەرۆکی تاوانەکە، دەشارێتەوە. چونکە ئەمانە ئەگەر ناسنامەیان هەبێت، یان نەبێت، کوژراون. ئەرکی دەسەڵاتە بکوژرکان بدۆزێتەوە و وەک بکوژ سزایان بدات. هەروا بێناسنامە! کەسێکە دەشێت ژن، یان پیاو بێت. کەچی ئەمانە هەموویان ژنن. لەمەش زیاتر ئەم قوربانییانە بێناسنامە نین، ناسنامەکانیان لای بکوژانیانە، کە زیاتر باوک و برا و مێردەکانیانن و بەشێکیان، لای خەڵکی گەرەک و گوندەکانیان، ناسراون. بۆ زیاتر لەبارەی گۆڕستانی بێناسنامەکان، بڕوانە: رێژنە سەردار- بێناسنامەکان، گۆڕستانی ئەو ژنانەی بێکەسکوژران، ئاوێنە، ژمارە ٢١٤٨ رۆژی ١٥-٥-٢٠١٩ ٢-ئاماژەیە بۆ شیعرێکی ئارتۆر رامبۆ کە دەڵێ: (ئێوارەیەک، جوانیم لەسەر رانم دانا -بینیم تاڵ بوو). بڕوانە: : -Arthur Rimbaud, Helvete och Illuminationer, Urval och översättning: Helmer Lång, Dikter symposion, Stockholm, 1994, s.51 -ارثور رامبو، حیاتە وشعرە، ترجمة خلیل الخوری، مطبعة الشعب، ط١، بغداد ١٩٧٨ ص١٣١ -ئارتۆر رامبۆ، وەرزێک لە دۆژ و درەوشانەوە، وەرگێڕانی ئەحمەدی مەلا، ئاراس، هەولێر ٢٠٠١، ل٢٢
هۆشیارجەمال مرۆڤ لەپاش لەدایک بوون و گەشەکردنی سەرجەم جەستەی و هزری سۆز و خۆشەویستی بۆ ئەوپارچە زەویە یان ئەوخانوە هەیە کە لەسەری دەژی، ئەم خۆشەویستە لەو کاتەوە دەستت پێدەکات کە دایک و باوک ڕۆڵ دەگێرن و بەردەوام دەبن لە پەیوست بوونیان بەو خانوە یان ئەو ناوچەیەی تێدا دەژین و ئامادە نابن هەروا بەئاسانی بەجێبهێڵن. ئەگەر ئەم تێگەیشتنە بە شێوەیەکی گەورەتر ببینین ئەوا بۆمان دەردەکەوێت، کەمرۆڤ سۆز و خۆشەویستی بێ سنوری هەیە بۆ ئەو نیشتیمانەی کە دەژی تێدا و لێی پەروەردە بووە، هەردەم هەوڵی پاراستنی داوە لە هێرشی دوژمنان، ئەم خۆشەویستیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە ڕەنگە کەسێکی سەرمایەدار بە وەگەرخستنی سەرمایەکەی لەوڵاتەکەی خۆیدا خۆشەویستی خۆی بۆدەربڕێ، یان مێژوونوس و شوێنەوارناسان بەگەڕان و ئەنجامدانی توێژینەوەکانیان لەسەر ڕوداوەکان و شوێنەوارە مێژوویەکان لەپێناو هەواڵدان بۆ پاراستنی کەلەپوری وڵاتەکەیان خۆشەویستیان دەربڕن. شاعیران و نوسەران و ئەدیبان نوسەرانی کورد هەرلە ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیی و نالی و گۆران و شێخ نوری شێخ ساڵح و چەندانی تر هەریەکەیان لەڕێگای توانا ئەدەبیەکەیانەوە خۆشەویستیان بۆ نیشتیمانەکەیان دەربڕیوە، ئەگەرچی توشی گرتن و زیندانی کردنیش بوبێت، بەڵام بەردەوام بوون و پەیامی خۆیان گەیاندوە، شێرکۆ بێکەسی شاعیر یەکێکە لەو کەسانەی لە دەستپێکی شیعر نوسینەوە یاخی بوو لە کلتورو دەسەڵات و هەموو ئاینەکان لە پێناو نیشتیمانەکەی. ئەو شاعیرە گەورەیە لەتەنیشتی چرایەکی گەشەوە گەورە بووە کە ئەویش شاعیری نیشتمانپەروەر فایەق بێکەسی باوکی بوو، کە یەکێک بوو لەڕۆشنبیرە هەرە دیارەکانی کورد لە نیوەی یەکەمەی سەدەی بیستەم ، کە لەتەمەنێکی کورت‌دا هەر لەپیشەی مامۆستایەکەیەوە تاشاعیرەیەکەی کە بەشیعرە نیشتمانپەروەریەکانی هەموو نیشتمانپەروەرانی هاندەدا کە ستەمکاری لەدەسەڵاتی سیاسی قبوڵنەکەن. شێرکۆ بێکەس کە بە دیوانی تریفەی هەڵبەست لە ساڵی (1968) دەستی پێ‌کرد، هەر لەسەرەتاوە نیشتمانی وەک مەعشوقێک بینیوە بەچەندین شێوە فۆڕمی جیاواز لەگەڵ بەرەو پێشچوونی شیعری کوردی دۆزی نەتەوەی کورد و ئەو کارەساتانەی بەسەریدا هاتوون ، بەردەوام بووە لە خزمەت و نوسین بەدرێژایی چل ساڵ کە لوتکەی خۆشەویستی بۆ نیشتیمان و گەلەکەی لەگۆڕستانی چراکان و دەربەندی پەپولە و خاچ و مار و ڕۆژمێری شاعیرێکدا ڕەنگی داوەتەوە. بەڵام لەدوای سەرکەوتنی شۆڕش لەباشوری کوردستان و بەدی نەهاتنی بەشێک لەمافەکانی خەڵک هەنگاو بەهەنگاو شیرکۆ لەمەعشوقەکەی دورکەوتەوە کە نیشتمانە. سەرەتای رەخنەی شێرکۆ بێکەس لە دەقی واڵای کورسیەوە دەستی پێ‌کرد ودواتر لە کتێبە شیعری ملوانکە و هەروەها هەست و نەست درێژەی پێدا تا لە ساڵی ٢٠١١ لە دەقی واڵای ئێستا کچێک نیشتنمانمە-دا بەتەواوی ڕەنگی دایەوە و گەیشتە لوتکە. ئێستا کچێک نیشتمانمە یاخی بوونێکی ناوازە و جیاواز بوو لەڕابردووی شاعیرخۆی گومان کردن بوو لە هەموو بەرهەمەکانی پێشوتری شێرکۆ لە بەرهەمە نیشتمانیەکانی تری! شێرکۆ لە نێوان بێدەنگ بوون لەبەرامبەر ئەو نادادپەروەریەی هەیەو و بەرگری کردن لە گەنجانی مافخوراو دووهەمیانی هەڵبژارد. لەبیرمە لەساڵی ٢٠١١ کەشێرکۆ بێکەس داوای کرد پێش ئەم بەرهەمە پێش ئەوەی بڵاوبکرێتەوە وەک کتێب بەشێوەی دەنگ و ڕەنگ لەکۆڕیکدا بۆ ئەدەب دۆستان و گوێ‌گران بخوێنێتەوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار ڕێگەیان نەدا بە هۆی باری ئەمنی ئەو دەمە کۆڕەکەی بکات. بۆیە شێرکۆبێکەس بڕیاری دا لەیەکێک لە ژێر زەمینەکان بەرهەمەکەی بخوێنێتەوە وەک ناڕەزایی دەربڕینێک، دەقی واڵای ئیستا کچێک نیشتمانمە بەشێکی یەکەمی بەڕۆژمێری کورێکی گەنجی تەمەن نۆزدە ساڵە کە باس لەئازارو گرفتەکانی خۆی دەکات لە ماوەی حوکمرانی کورد خۆیدا و دەڵێت: من ناوم ( کامەرانە) یەکەم درۆی نوساو بەجەستەی خۆمەوە ناوەکەی خۆمە هەروەک ئەوەی دڕدۆنک ناوی (دڵنیا) بێ و (قاقی) ناوی دارستان بێت. شیرکۆ لەم بەرهەمەیدا دەبێتە زمانحاڵی زۆربەی باڵندە و گیانلەبەرەکان دەبێتە گەروی هاواریان ،دەڵیت: من ناوم کیسەڵە ئەوە چەند ساڵە لەم گوێ گۆمە حەماڵی ئەکەم ئائەو کونەش ماڵەکەمە. بەڵام دوێنێ چەند قاچێکی نیشتمانم لێ پەیدابوون توڕەو تڕ‌ۆ بەنوکە شەق هەتا ئەو خوارەیان بردم لەم کتێبە دا چیتر نیشتمان ئەودایکە میهرەبانە نیە کە منداڵەکان لەدەوری کۆببنەوە وبەدادپەروری ژەمە خۆراکێک دابەش بکات بە سەریاندا چونکە نیشتمان بەدەست کۆمەڵێک کەسەوە تەواو هیلاک و ماندوە ڕۆژانە ئازار دەدرێت و دەشت و دۆڵ وڕووبارەکان هەمووی دابەشکراوە تەنانەت مەتریش دێتە گۆ ودەڵیت: من ناوم( مەترە) مەتری ئەرز پێوان بێزارم بێزار ئەوە چەند ساڵە کۆمەڵە دەستێکی نیشتمان لە بناری ئەوشاخەوە هەتا ناو شار ئەمکەنەوە و ڕامەکێشن جاری واهەیە من چەندین جار تەواو ئەبم بەڵام ئەوان ئەرزەکانیان تەواو نابێ! شاعیر بەم زمانە ڕەخنەیە بەردەوام دەبێت تا لە بەشی دوومەدا لەجیاتی کوردستان کچێک دەکاتە نیشتمانی خۆی بەناوی (ڕۆزانا) ئەم کچە لەچاوی شاعیردا پرچە ڕەشەکانی مەراقی دایکێتی ڕەنگی پێستی لە جۆگەلەی بەرهەتاو دەچێت و دەستەکانی لە دەستی بەفری قەسیدە. دانیشتن لەکەناری ئەو وەک دانیشتە لای ڕووبار هەرچی ئازار‌و ناخۆشی و سەختی نیشتمانە ڕۆزانا بەجوانی و لێبوردەیی و خۆشەویستی لەبیری دەباتەوەو دەڵیت؛ من ئەوەتەی ئەوکچەم ناسیوە ئەوەتەی بارانی پرچی ئەو لێم ئەدا بووم بە شاعیری ئاو‌و ناوبەناو نم نم ئەنوسم و هەندێک جاریش لێزمە بەخوڕ! پێستی نازداری ڕۆزانا لەگەواڵە هەورئەچێ ڕەنگ برۆنزیی هەمووجارێ کەسەرنجم لەهەوری شان ومل ئەدا ئیتر بارانی پەخشان و خەون و ئاواز بەسەر مندا دائەڕژ
سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن مۆزه‌خانه‌ى سلێمانى، له‌ساڵى2000 به‌فه‌رمى کراوه‌ته‌وه، مۆزه‌خانه به‌شێکه له‌وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار، (19) ساڵه هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوەبه‌ریه‌تى. له‌چاوپێکه‌وتنه‌که‌ى له‌گه‌ڵ هاوڵاتى باسى له‌وه‌کرد چه‌ندین شوێنه‌وار هه‌یه، ده‌توانرێت ڕۆڵیان هه‌بێت له‌به‌ره‌وپێشبردنى که‌رتى گه‌شتوگوزارو زیادکردنى داهات و داوا ده‌کات که‌ده‌سته‌یه‌کى سه‌ربه‌خۆبن بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستکراوه‌تر بن و کارى زیاتر بکه‌ن بۆ به‌ره‌وپێشبردنى ناوچە شوێنه‌واریه‌کان و پاراستنیان. هاوڵاتى: سه‌ره‌تا که‌مۆزه‌خانه‌ى سلێمانى کرایه‌وه چى تێدابوو؟ توانرا پارچه‌ى هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان کۆبکرێته‌وه؟ باس له‌چى ده‌که‌ن ئه‌و پارچانه؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: چه‌ندین ساڵ پێش ساڵى2000 مۆزه‌خانه هه‌ر هه‌بوه، به‌ڵام به‌هۆى شه‌ڕه‌وه نه‌ده‌کرا به‌ئاشکرا هه‌بێت و به‌کردنه‌وه‌ى به‌پێی ئه‌و پارچانه‌ى که‌هه‌مانبون، پارچه‌ى هه‌موو سه‌رده‌مه مێژووییەکانى تێدابوو، له‌چاخى به‌ردینه‌وه، تاسه‌رده‌مى مێژوویى، پارچه‌کان باسى قۆناغه مێژووییەکانى ژیانى مرۆڤایه‌تى ده‌کات، که‌مرۆڤ له‌وکاته‌دا به‌ردى به‌کارهێناوه بۆ هه‌موو شتێکى ژیانى، دواتر ورده ورده که‌کۆچى کردووه‌و ئه‌شکه‌وتى به‌جێهێشتوه، له‌گونده‌کاندا ژیاون قوڕیان به‌کارهێناوه‌و دواتر مس و کانزاکانى تریان دۆزیوه‌ته‌وه. هاوڵاتى: له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادى؟ ژماره‌ى پارچه‌کانتان زیادبون بۆ؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادییه‌وه ژماره‌یه‌کى زۆر تیمى ئه‌مریکى هاتن و له‌گردو ته‌پۆڵکه‌کانى سنورى پارێزگاى سلێمانى کاریان کرد‌و پارچه‌ى کوردستانى خۆمان به‌تایبه‌تى زۆرتر بون، داواکاریش زیاتر خه‌ڵک داواى پارچه‌ى کوردستان ده‌کات، بۆیه زیاتر ئه‌و پارچانه‌مان کۆکرده‌وه، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى پێش مێژوو زۆرن. هاوڵاتى: به‌چ ڕێگه‌یه‌ک پارچه‌کانتان ده‌ستده‌که‌وێت؟ ژماره‌ى پارچه‌کان چه‌ندن؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: پارچه‌کان زیاتر به سێ ڕێگه ده‌ستمان ده‌که‌ون، یان ئه‌وانه‌ن که‌هاوڵاتى پێشکه‌شى مۆزه‌خانه‌ى ده‌کات، یان له‌ئه‌نجامى پشکنیندا، یاخود ئه‌وانه‌ى که ده‌ستى به‌سه‌رداده‌گیرێت، وه‌ک ئه‌وانه‌ى که خه‌ڵک ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌کى نایاسایى کڕین و فرۆشتنى پێوه‌بکات، بۆیه له‌ڕێگه‌ى تیمه‌کانیشه‌وه به‌رده‌وام له‌زیادبوندان و به ده‌یان هه‌زار پارچه‌مان هه‌یه. هاوڵاتى: مۆزه‌خانه چ ڕۆڵێکى هه‌یه بۆ پێشکه‌وتنى وڵات؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: مۆزه‌خانه ناوه‌ندێکى زانستى و فکرى کۆنه‌و گه‌نجینه‌یه بۆ کۆکردنه‌وه‌ى مێژووى ناوچه‌که‌و که‌ره‌سته‌کانى و چۆنیه‌تى ژیانیان ڕونده‌کاته‌وه بۆ ئه‌و وڵاته، ئه‌سڵه‌ن له‌وڵاتان چه‌ندین مۆزه‌خانه هه‌یه، که‌ئێمه به‌هه‌موو هه‌رێم چوار مۆزه‌خانه‌مان هه‌یه، که‌ده‌توانرێت له‌ڕێگه‌یه‌وه مێژووى وڵاتێک بگێڕێته‌وه. هاوڵاتى: هۆشیارى خه‌ڵک تاچه‌ند به‌رزبۆته‌وه بۆ هاوکارى مۆزه‌خانه له‌هێنانى پارچه ئاسه‌واریه‌کان و سه‌ردانى کردنیان بۆ مۆزه‌خانه؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: هۆشیارى هاوڵاتى له‌ئه‌نجامى سه‌ردانیکردنیانه بۆ مۆزه‌خانه، که به‌خۆشحاڵییەوە به‌رده‌وام ئاستى هۆشیارى له‌به‌رز بونه‌وه‌دایه، چونکه که سه‌ردانى کرد‌و بینى چه‌ند به‌نرخه ئه‌و پارچانه له‌م شوێنه‌دا بپارێزرێت و ئه‌مه شوێنى خۆیه‌تى بۆ ئه‌وه‌ى نرخه‌که‌ى ده‌رکه‌وێت، پێویسته ئه‌و پارچه‌یه له‌مۆزه‌خانه بێت، زیاتر ئه‌وانه‌ى که‌سه‌ردان ده‌که‌ن خوێندکارى بنه‌ڕه‌تین و ئه‌وانه‌ى که له‌زانکۆن که‌مترین حه‌زیان هه‌یه بۆ سه‌ردانى کردن، چونکه له‌منداڵییه‌وه لایان نه‌چه‌سپێنراوه. هاوڵاتى: به‌شێکى تازه کراوه‌ته‌وه تایبه‌ته به‌به‌شى منداڵان؟ ئه‌م به‌شه بۆچى پێوسته؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: ئه‌م به‌شه هه‌فته‌یه‌که کراوه‌ته‌وه، به‌پێى زۆرى ئه‌وانه‌ى سه‌ردانمان ده‌که‌ن، بۆیه منداڵیش حه‌ز ده‌کات، زیاتر ده‌ست له‌و شتانه بدات که ده‌یبینێت بۆیه ئه‌م به‌شه‌مان کردەوه‌و ئه‌و پارچانه‌مان به‌کۆپى کراو له‌وێدا داناوه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ده‌ستى لێبده‌ن، پارچه قوڕێکى ده‌درێتێ بۆ ئه‌وەى ئه‌و شتانه‌مان بۆ دروستبکه‌نه‌وه و لممان داناوه بۆ ئه‌وه‌ى بزانن شت چۆن ده‌دۆزرێته‌وه‌و خۆى هه‌ڵکۆڵین بکات، ئه‌مه گرنگى له‌وه‌دایه که بیربکاته‌وه، بۆ ئه‌وەى بزانێت باوک و باپیرانى ئاوا ژیاون و له‌گرنگى پارچه‌ى مێژوویى بزانێت، بۆ ئه‌و قوتابخانانه‌ش که له‌ده‌ره‌وه‌ى شارن و له‌گونده‌کاندان، له‌به‌رنامه‌ماندایه، له‌ڕێگه‌ى کردنه‌وه‌ى خوله‌وه بۆ مامۆستایان تا ئه‌وانیش بتوانن پارچه کۆنه‌کان به‌کۆپى کراوى به‌رن و وانه‌ى له‌سه‌ر بخوێنن. هاوڵاتى: ئه‌و پارچه‌و شته که‌له‌پوریانه‌ى که له‌مۆزه‌خانه‌دایه، که‌سێک هه‌یه زانیارى وردى هه‌بێت له‌سه‌ر شته‌کان و هاوکارى ئه‌و که‌سانه بێت که‌سه‌ردانى مۆزه‌خانه ده‌که‌ن؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: شێوازى مۆزه‌خانه ئه‌وه‌یه که بێجگه له پارچه‌کان نوسراوێکیش له‌سه‌ر پارچه‌که دانراوه که‌مێژووى ڕونکردنه‌وه‌یه‌کى کورتى تێدایه سه‌باره‌ت به‌و پارچه‌یه، به‌ده‌ر له‌وه‌ش ئه‌پڵیکه‌یشنێکمان دروستکردووه، له‌ڕێگه‌ى شاشه‌یه‌که‌وه، که‌ئه‌وانه‌ى حه‌ز بکه‌ن له‌و ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانن زانیارى زیاتر له‌سه‌ر چه‌رخى مێژووى پارچه‌کان بزانن، که‌چه‌ند ڕێبه‌رێک ئه‌و شتانه ڕونده‌که‌نه‌وه به‌چه‌ند زمانێک و له‌ڕێگه‌ى ڕێبه‌ره‌که‌وه پرسیار ده‌که‌ن و وه‌ڵامده‌درێته‌وه. هاوڵاتى: پێت وانیه مۆزه‌خانه‌یه‌کى ئاوا پێویسته به‌رده‌وام کراوه بێت؟ نه‌ک ته‌نیا له‌کاتى ده‌وامى حکومی‌دا؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: به‌داخه‌وه پێویسته به‌رده‌وام بکرێته‌وه، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌و هاندانێک نیه بۆ ئه‌و کارمه‌ندانه‌و کاره‌باو که‌ره‌سته‌ى زۆر باش، که پێویسته هه‌مووى پێکه‌وه هاوکاربن و مۆزه‌خانه هه‌موو کات کراوه‌بێت بۆ خزمه‌تى زیاترى ئه‌و که‌سانه‌ى سه‌ردان ده‌که‌ن. هاوڵاتى: تاچه‌ند گرنگى به‌مۆزه‌خانه‌ى سلێمانى دراوه وه‌ک شوێنى پاراستنى ئاسه‌واره‌کان که‌سه‌روه‌تێکى مێژوویی سلێمانین؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: به‌داخه‌وه که مۆزه‌خانه پێویسته له‌کاره ئه‌وله‌ویاته‌کانى حکومه‌ت بێت، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه وایکردوه نه‌توانێت بژێویى هاوڵاتیانیش دابین بکات و مۆزه‌خانه ڕوحێکى زیندووى شارەکه‌یه، تۆ چۆن ڕوح ده‌که‌یته به‌رى که که‌ره‌سته‌و پێداویستیه‌کانى نه‌بێت، وه‌ک بینا، یان پارکى ئوتۆمبێل که‌هه‌ر نیه له‌م بینایه‌داو سه‌وزایى و پارک. هاوڵاتى: خوێندکارانی به‌شى شوێنه‌وار له‌زانکۆى سلێمانى که‌ته‌واوى ده‌که‌ن دانامه‌زرێن، تاچه‌ند سود له‌وانه وه‌رده‌گیرێت؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: پێویسته ئه‌وانه بێن لاى ئێمه دابمه‌زرێن که‌شاره‌زاییه‌کى بنه‌ڕه‌تییان له‌گه‌ڵ شوێنه‌وار هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه که دامه‌زراندن نیه‌و ناتوانین سود له‌ئه‌وانه‌ش وه‌ربگرین. هاوڵاتى: ئایا مۆزه‌خانه‌ى سلێمانى بودجه‌یه‌کى تایبه‌تى هه‌یه؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: به‌داخه‌وه هیچمان نیه‌و پێویسته بودجه‌ى تایبه‌تى خۆى هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر ده‌ستکراوه بن له ئیشوکاره‌کانمانداو بخرێینه سه‌ر وه‌زاره‌تێک که‌ده‌ستکراوه‌بێت، به‌داخه‌وه که بودجه‌یان سفره. هاوڵاتى: چۆن ئه‌و شوێنانه دیاریده‌که‌ن که‌هه‌ڵکۆڵینى تێدابکه‌ن؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: زۆربه‌ى گرده شوێنه‌واریه‌کان ڕوپێوى شوێنه‌وارى بۆکراوه‌و ده‌زانین چینه‌کانى سه‌ره‌تاى بۆ سه‌رده‌مى ئیسلامى و چینه‌کانى خواره‌وه‌ى بۆ چاخى به‌ردین ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م گردانه پێوست ده‌کات بپارێزرێن، چونکه که‌هه‌مووى هه‌ڵکۆڵین بۆ نه‌وه‌کانى داهاتومان هیچ نامێنێت که توێژینه‌وه‌ى له‌سه‌ربکه‌ن. هاوڵاتى: ئایا یاسایه‌ک هه‌یه کارى پێبکرێت وه‌ک یاساى شوێنه‌وار؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: له‌کوردستان یاسایه‌ک هه‌یه که‌سزاى سه‌رده‌مى عێراقیه‌و سزایه‌کى زۆر که‌مه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ده‌ستدرێژى ده‌که‌نه‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ى که‌گرده شوێنه‌واریه‌کانن، پێویسته یاساکه له‌په‌رله‌مان هه‌مواربکرێته‌وه‌و به‌وپێیه پاڵپشتى زۆرت ده‌بێت، تابتوانرێت له‌بوارى شوێنه‌واردا په‌ره‌ى پێبدرێت و خۆى بژیه‌نێت، نه‌ک بچێته‌وه داهاتى ده‌وڵه‌ت و دیسانه‌وه له‌وێوه سه‌رفبکرێته‌وه. هاوڵاتى: ئه‌و شتانه‌ى که له‌وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ن و ئاسه‌وارى کوردن تاچه‌ند ئێوه یان حکومه‌ت هه‌وڵتانداوه بیانهێننه‌وه مۆزه‌خانه‌کانى خۆمان؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: له‌ئێستادا زۆر گرانه چونکه له‌ڕوى یاساوه سه‌ر به‌ده‌وڵه‌تى عێراقین، بۆیه پێویسته ئه‌و کاره‌بکات و ده‌سه‌ڵاتێکى یاسایى وامان نیه تابتوانێت وا له‌وڵاتان بکه‌ین بیهێننه‌وه، پێشوه‌خت پێویستمان به‌یاسایە، ئه‌وکات ده‌توانین ئه‌وه بکه‌ین، له‌کۆندا زۆر شت براوه‌و له‌زۆربه‌ى مۆزه‌خانه‌کانى ئه‌وروپا، له‌ئه‌مریکاو شیکاگۆ. هاوڵاتى: ئه‌و پارچانه‌ى که له‌وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ن له‌مۆزه‌خانه‌کاندا مێژووه‌که‌ى پارێزراوه بۆ کورد یان نا؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: ئه‌و سه‌رده‌مه سنوره‌کان نه‌بون، بۆیه ئه‌وانه تایبه‌ت نین، مێژووى مرۆڤایه‌تى بوه، واته هه‌موو پارچه کانى چه‌رخى به‌ردین ته‌نیا هى کورد نین، به‌ڵکو تایبه‌تن به‌مرۆڤایه‌تى. هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر که‌سێک پارچه زه‌وییه‌کى خۆى هه‌بێت و شتێک بدۆزێته‌وه له‌زه‌ویه‌که‌ى خۆیدا به‌پاره بۆتان ده‌هێنێت یان به‌دیارى؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: یاساى شوێنه‌وار ده‌ڵێت، هه‌رچى له‌ژێر زه‌وى بوو به نه‌وت و یۆرانیۆم و ئاسن، موڵکى مرۆڤایه‌تییه، پێویسته ده‌سه‌ڵاتى شوێنه‌وار بچێت و هه‌ڵیبکەنێت و بیپارێزێت، که که‌سه‌که خۆى بیبات بگیرێت ڕوبه‌ڕوى یاساى زۆر توندده‌بێته‌وه، ئه‌و که‌سه ته‌نیا به‌شى سه‌ره‌وه‌ى کڕیوه‌و به‌کاریدەهێنێت بۆ خۆى، به‌ڵام ئێمه بۆ ئه‌وه‌ى هاندانێک بکه‌ین، که‌خۆى پێشکه‌شى بکات به‌ئێمه، خۆمان بۆمان هه‌یه پاداشتى داراییشى بکه‌ین، به‌نمونه له‌گوندى قه‌ره‌شتان به‌ردێک دۆزراوه‌ته‌وه خاوه‌نه‌که‌ى بردویه‌تى بۆ ناو ماڵه‌که‌ى خۆى و تاساڵى نه‌وەده‌کان پێشمه‌رگه‌یه‌ک پێشکه‌شى مۆزه‌خانه‌ى کردووه‌و به‌ناوى خۆشیه‌وه تۆمارکراوه، ڕێزمان لێناوه، که‌مێژووه‌که‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوو هه‌زار ساڵ پێش زایین. هاوڵاتى: چه‌ند شوێنى ئاسه‌وارى هه‌یه که‌گه‌شتیار ده‌توانن سه‌ردانى بکه‌ن و ببنه ناوچه‌یه‌کى گه‌شتوگوزار بۆ کوردستان؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: گرده‌کانمان هه‌یه که‌هیچ شوێنێکى تێدانیه خه‌ڵک بچن بۆ گه‌شتیارى، به‌ڵام ئه‌شکه‌وت و نه‌خشه هه‌ڵکۆڵراوه‌کانمان هه‌یه که‌خه‌ڵک ده‌چن بۆ گه‌شتیارى بۆ سه‌ردانیان، نه‌خشى قزقاپان و ده‌ربه‌نى گاور و ره‌به‌نه و میرکولیه، له‌سنورى سلێمانیدا، ناشکرێت ئه‌مانه بکرێن به‌شوێنى گه‌شتیارى چونکه کارى هه‌ڵکۆڵین ته‌واو نه‌بوه، مێژوه‌که‌ى له‌ناوده‌چێت، ته‌نیا قزقاپان له‌ئێستادا ده‌توانین بیکه‌ینه گه‌شتیارى. هاوڵاتى: تاچه‌ند ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار هاوکارتانن بۆ کردنى ئه‌و ناوچه شوێنه‌واریانه بۆ ناوچه‌ى گه‌شتیارى؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: به‌داخه‌وه هێشتا نه‌گه‌یشتوینه‌ته ئه‌و ئاسته‌ى که پشت به‌شوێنه‌وار ببه‌ستین بۆ ئه‌وه‌ى ببێته ناوچه‌یه‌کى گه‌شتیارى و سه‌رچاوه‌یه‌کى داهات، چونکه ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه نیه شوێنه‌که بکرێته شوێنێکى گه‌شتیارى، به‌ڵکو ئه‌وه کاره‌باى پێویسته‌و ڕێگاوبان و ئوتێل و شوێنى حه‌وانه‌وە بۆ گه‌شتیاره بیانیه‌کان، به‌تایبه‌تى ئه‌وکات ده‌توانى به بلیتیش بێت بۆ چونه ژوره‌وه‌و ببێته داهاتێکى زیندوو. هاوڵاتى: پرۆژه و پلانتان چییه بۆ پێشخستنى مۆزه‌خانه و ده‌ستکه‌وتنى پارچه‌ى زۆرى ئاسه‌وارى؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌و ناوچه شوێنه‌واریانه بکه‌ینه هه‌م گه‌شتیارى، هه‌م سه‌رچاوه‌یه‌کى داهات و ئه‌و شوێنانه بخرێته ڕێبه‌رى گه‌شتوگوزارییه‌وه‌و پرۆژه‌یه‌کى تریشمان هه‌یه که‌کارگه‌ى جگه‌ره‌ى سلێمانى به‌شێکى بکرێت به‌مۆزه‌خانه، به‌ڵام بودجه‌یه‌کى زه‌به‌لاحى ده‌وێت، هیوادارم رێکخراوه ناوخۆیى و بیانیه‌کان هاوکارمان بن و پێکه‌وە ئه‌و به‌شه بکرێته‌وه، ئه‌وه خه‌ونێکى گه‌وره‌ى ئێمه‌یه، له (100) هه‌زار ساڵه‌وه تا سێ هەزارو 500 پێش زایین ژیان له‌کوردستان هه‌بوه، به‌ڵام له‌باشورى عێراقدا نه‌بوه، که‌واته پێویستت به‌مۆزه‌خانه‌یه‌کى زۆر گه‌وره‌و مۆزه‌خانه‌ى زیاتره که‌هه‌بێت بۆ هه‌موو به‌شه جیاوازه‌کان.
ئومێد بابان شاکارێکی شانۆیی نووسەری جیهانی (هینریک ئیبسن ١٨٢٨ - ١٩٠٦) کە بە باوکی شانۆی ریالیزمی دادەنرێت، لە شاری هەولێر کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و نمایش دەکرێت، ئەویش شانۆگەریی (دوژمنی گەل)ـە، لەم شانۆگەرییەدا کە ژمارەیەکی فراوانی بەشدارانی لەخۆ گرتووە، دەستەیەک لە شانۆکارە گەنجەکانی شاری هەولێر رۆڵەکان بەرجەستە دەکەن و کارە هونەرییەکان رادەپەڕێنن. سەبارەت بەم نمایشە، دەرهێنەری کورد (ئەرسەلان دەروێش) دەڵێت: شانۆگەریی (دوژمنی گەل) کە لەساڵی ١٨٨٢دا بڵاو بووەتەوە لە رێگای بابەتی پیسبوونی ئاوی شارێکی باکوری رۆژهەڵاتی نەرویژەوە، پرسی نغرۆبوونی ویژدانی خەڵک لە نێو زەلکاوی بەدمۆڕاڵی و پشت لە راستیکردن و ملدان بۆ ستەم وچەواشەکاریی دەسەڵاتداران دەخاتە روو. (ئیبسن) لەم شاکارەیدا بوێرانە پەردە لەسەر دیاردەی گەندەڵی هەڵدەماڵێ و بانگەشە بۆ زەروورەتی بەرپەرچدانەوەی دەکات ئەگەر بە شێوەیەکی تاکەکەسیش بێت! تا ئەو ئاقارە دەڕوات کە بڵێت: (بەهێزترین مرۆڤ لە جیهاندا، ئەو کەسەیە کە بەتەنها دەجەنگێت)، ئێمەش لە میانەی بایەخدان بە کەلتووری شانۆی جیهانی، نەخاسمە ئەو تێکستانەی کە بەرکەوتنی لەگەڵ واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و رامیاریی کۆمەڵگاکەماندا هەیە، پێمان پەسەند بوو وەک (تیپی شانۆی سالار) ئەم کارە کە چەندین جار پێشتر لە کوردستاندا نمایش کراوە، لە شاری هەولێری پایتەختدا بە پشتیوانی (بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ)ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری هەولێر لە وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان پێشکەش بکەین. ئەرسەلان دەروێش وتیشی: لەم دەرفەتەدا وێڕای سوپاس بۆ ئەو پشتیوانییەی (بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆی هەولێر)، سوپاسی تەواوی ستافی بەشداربوو دەکەم کە لە هەلومەرجێکی یەکجار سەختدا بە هۆی نەبوونی هۆڵی شانۆیی شایستە لە شارەکەدا و ئاریشەگەلێکی زۆر بۆ ئەم جۆرە کارە گەورانە، خۆنەویستانە ئەم بەرهەمەیان سەرپێ خستووە بۆ بەر دیدەی بینەرانی ئازیز.. هەروەها جێی خۆیەتی سوپاسی (پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر) و بەشی شانۆکەی بکەم بۆ تەرخانکردنی هۆڵی رەوانشاد (مامۆستا فەرهاد شەریف) بۆ کارەکەمان. بەو هیوایەین کە بینەرانی ئازیز‌و خامە ماندووکانی بواری نووسینی هونەریی بایەخ بەم هەوڵە خاکەڕایەمان بدەن و بە ئامادەبوونیان و بەشداریکردنیان لە نمایشی (دوژمنی گەل)ـدا.. جێگەی باسە، شانۆگەریی (دوژمنی گەل) یەکێک لە بەناوبانگترین دەقەکانی نووسەری مەزنی نەروێژی (هینریک ئیبسن)ـە، کە لەم کارەدا دەستەیەک لە شانۆکارە گەنجە ئەکادیمییەکان بەشداری دەکەن و کارە هونەرییەکانی ڕادەپەڕێنن، رۆڵە سەرەکییەکان لەلایەن هونەرمەندان (بەهمەن حاجی، مەولان حەمەدەمین، وەیلان سدیق، یوسف یوسفی، محەمەد تاهیر، یاسین عومەر، سیما مستەفا، زیاد کەریم) بەرجەستە دەکرێت، هەروەها کۆمەڵێک ئەکتەری تر بەشدارن لەوانە (زەهرە نەجات، هۆزان کاروان، نەورۆز عەلی کەمال، بنیاد فەرحان، دیمەن تاهیر، هاوکار خدر، محەمەد حەمە، شەنیار محەمەد ، عەلی کەمال، گەرمیان گلی ، باوان کەیفی ، یارا ئەرسەلان ، رەهێڵ هەورامان) هەروەها هونەرمەندان (دانا محەمەد وەک یاریدەدەری دەرهێنەر، کۆمەڵێک بەهرەی تازە دەرکەوتوو کارە هونەرییەکانی (دیکۆر و روناکی و موزیک و دەنگ ) ئەنجام دەدرێت، پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێریش بە هۆڵە شانۆییەکەی (فەرهاد شەریف) پشتیوانیی کارەکە دەکات و نووسەر و هونەرمەندی دوورەوڵات (هاودەم ساڵح جاف) لە نەرویژییەوە دەقەکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی، کە بڕیارە لە رێکەوتی ٩ی ئەیلوولەوە رۆژانە کاتژمێر ٥ی ئێوارە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر نمایش بکرێت.