ئامیار ١. زیندە خەو، فەتاح ئەمیری ٢. دیوانی ئەحمەد موختاری جاف ٣. دیوانی حەقیقی ئایدیا ١. کوردەکانی سوریا، کەریم یڵدز ٢. چەمکەکانی (یزم)، کۆمەڵە زنجیرە ٣. ئاشنابوون بەفەیلەسوفان و بیرمەندان، کۆمەڵە زنجیرە ئەکادیمیا ١. گەنجی سەربەمۆر، ئەحمەد بەحری ٢. لێکۆڵینەوەی ئەدەبی (وتارەکانی رادیۆ)، محەمەد سدیق موفتی زادە ٣. دیوانی شێخ ئەحمەدێ فەقیر دەزگای ئەندێشە ١. سوبارتۆ، حەلیم یووسف، وەرگێڕانی وریا غەفووری ٢. لەچ ئێستایەکدا دەژین، مەریوان وریا قانع ٣. ئەی بەندەری دۆست، ئەی کەشتی دوژمن، بەختیار عەلی نشر افراز ١. ێ‌خرین انار دنیا، بختیار علی، ێ‌رش سنجابی ٢. مرگ تک فرزند دوم، بختیار علی، سردار محمدی ٣. قصر پرندگان غمگین، بختیار علی، رچا کریم مجاور چوارچرا ١. فەرهەنگی کوردستان، گیوی موکریانی ٢. پەتاتەخۆرەکان، فەرهاد پیرباڵ ٣. مێژووی میرنشینە کوردیەکان له‌چاخی نوێدا، پ.د ئاکۆ بەدرخان چاپەمەنی خانی 1-نەسری کوردی و گۆڕانی فۆڕم، سەید قادر هیدایەتی 2-رەوتی گەشەکردنی چیرۆک و گێڕانەوەی کوردی، عەزیز مەحموودپوور 3- چاوشارەکی، سراج بناگەر رەهەند ١. ئایدۆلۆژیست، بەختیار عەلی ٢. ناشوێن، بەختیار عەلی ٣. دەریاس و لاشەکان، بەختیار عەلی چاپەمەنی کالج 1- هەوارگەی هاوار، عەباس کەمەندی 2- کارەسات،جەلال مەلەکشا 3- خوێندنەوە و نووسینی کوردی ، جەبار خزری دانشگاه کردستان ١. فرهنگ دانشگاه کردستان ، ٤ جلد، ماجد مردوخ روحانی ٢. خانەهای قدیمی شهر سنندج، د محمد ابراهیم زارعی ٣. نیمرخ شهرهای کردنشین، هوشمند علیزادە، کسری ێ‌شوری انتشارات کردستان ١. دیوانی مەولەوی ٢. رشتەی مرواری ٣. دیوانی بێسارانی گوتار ١. زمان و وێژەی کوردی، د.بەختیار سەجادی، مەزهەر ئیبراهیمی ٢. قامەتی نووشتاوەی راوێستان، جەماڵ مەلایی ٣. دفتر سرخ، منخب اشعار عبداللە پشیو، ترجمە د. منیژە میرمکری نشر مادیار ١. دۆنکیشوت، سێرڤانتس، وەرگێڕانی ئەحمەد قازی ٢. گفتوگۆی بن شوراکان، ئۆیا بایدار، وەرگێڕانی سەڵاحەدین بایەزیدی ٣. گاتاکانی زەردەشت، ئیدیت و وەرگێڕان هادی محەمەدی مانگ ١. کوردو کوردستان، ئەمین زەکی بەگ ٢. هونەری داستان، دەیڤید لاچ، وەرگێڕانی هاشم ئەحمەدزادە ٣. گرەوی بەختی هەڵاڵە،  عه‌تا نه‌هایی نگاه ١. اینک دختری میهن من است، شیرکو بیکس، ترجمە رچا کریم مجاور ٢. کرد و کردستان، درک کینان، ترجمە ابراهیم یونسی ٣. تو اینجا نیستی اما، شێرکو بێکەس، ترجمە مختار شکری پور هەژار موکریانی ١. فەرهەنگی خەم، حەسیب قەرەداخی ٢. گەشتێک بۆ مۆسۆپۆتامیاو کوردستان لەبەرگی نادیاردا، مەیجەرسۆن، وەرگێڕانی مینە ٣. ١٠١ رۆژ تەنیایی، هەڵۆ شێرکۆ بێکەس تێبینی: لیستی کتێبەکان لەلایەن بەرپرسانی دەزگا چاپەمەنییەکانەوە بەماڵی کتێبی کوردی راگەیندراون و جێی ئاماژەیە کەڕیزی ناوی ناوەندەکانی بڵاوکردنەوەش بەپێی پیتی ئەلفبێی ریزکراون.

-شوانی کورد لەمێژووی ئەدەبی کوردیدا وەک یەکەمین رۆمانی کورد پێناسە دەکرێ، کە بەم هۆیەوە بەدەر لەچییەتی و چۆنیەتیی ناوەرۆکەکەی، خاوەن پێگەوپلەیەکی مێژووییە لەناو مێژووی وێژەی کوردیدا. ئەم کارە بۆ یەکەم جار لەساڵی 1935 لەئیرەڤانی پایتەختی ئەرمەنستان چاپ و بڵاوکراوەتەوەو ئینجا بۆ سەر چەندین زمان وەرگێڕدراوەو سەرنجی بەشێک لەتووێژەرانی بواری کوردناسیی بۆ لای خۆی راکێشاوە، کە لەم بارەوە ئەکرێ ئاماژە بە “واسیلی نیکتین” وەک وەرگێڕی فەڕەنسایی ئەو تێکستە بکرێ. ئەم کارە هەتا ئێستا دوو جار هاتووەتە سەر پیتی “کوردی-عەرەبی”، کە جاری یەکەم لەساڵی 1989و بەسەرپەرشتیی ئەنیستیتۆی کورد لەپاریس، لەلایەن “دوکتۆر موحسین ئەحمەد عومەر ” و جاری دووهەمیش لە 2017 لەلایەن “زنارێ مەلێ”وە ئەم کارە کراوە. عەرەبی شەمۆ جیا لەشوانی کورد، خاوەنی چەندین رۆمانی ترە وەکو “بەربانگ”، “ژیانا بەختەوەر”، ” دمدم” و ” حوپۆ”. جیا لەبواری رۆمان، ناوبراو قەڵەمی لەشانۆنامەنووسیشدا گەڕاندووەو شانۆی” کوردێن ئەرمەنستانێ” پێ بەرهەم هێناوە. جێگای ئاماژیه‌ کەعەرەبی شەمۆ، نووسەری یەکەمین کتێبی فێرکاریی زمانی کوردی بووە بەناوی” خۆبەخۆ هینبوونا زمانێ کوردی”، کە ئەم کارەیشی لە ساڵی 1928 بەهاوکاریی زمانناسی ئاسووری “ئیسحاق مارگۆلۆڤ” بڵاوکردووەتەوە بۆ تێپەڕین لەپیتی “ئەرمەنی” لەناو کوردانی مەڵبەندی ئەرمەنستانا.  هاوکات لەتەک پرۆفیسۆر “قەناتێ کۆردۆ” رۆحێکی نوێ بەبەر بواری کوردناسی لەوڵاتانی یەکێتیی سۆڤێتدا کردووەو  یەکێ بووە لەکۆڵەکە سەرەکییەکانی  رۆژنامەی “رێیا تازە”. شوانی کورد لەدوو بەشی سەرەکیی شوانی کرمانجان و چیرۆکی کوردانی ئەلەگەز پێکهاتووە کە لەهەر بەشدا، نووسەر خۆی قارەمان و کاراکتەری سەرەکیی تێکستەکەیە، بەڵام بەدوو ناوی جیاوازە. بەشی یەکەم وەک بەشی سەرەکیی رۆمانەکە دائەنرێت و بەشی دووهەمیش وەک درێژەی بەشی ئەوەڵ تواشا ئەکرێت. جیا لەم دوو بەشە کە ناوەرۆکی رۆمانەکە پێکئەهێنن، لەم کارەدا لەلایەن وەرگێڕەوە پێشەکییەکی بۆ دانراوە کە لەودا، وێڕای ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لەبان مێژووی پەخشانی هونەریی کوردی و دەرکەوتنی یەکەمین کورتەچیرۆک، چیرۆک و رۆمان لەناو کوردستانداو هەروەها ئاماژەیەک بەژیان و بەرهەمەکانی عەرەبێ شەمۆ، لەپێنج رەهەندی مێژوو، چین، نیشتمان، پرسی ژنان، دواکەوتووییەوە ئەم کارە شیکراوەتەوە. هەروەها، باس لەڕێکەوتی نووسینی ئەم کارەو  جۆری گوتارو وێژمانی کارەکەیش کراوە.  لەکۆتایی کتێبەکەشدا، فەرهەنگۆکێکی دەوڵەمەند دانراوە بۆ ئەوەی وا خوێنەر باشتر بتوانێ پێوەندیی لەتەک داڕشتنەوەکەدا دروست بکات. لەبواری چۆنیەتی وەرگێڕانی ئەم کارە، وەک وەرگێڕ خۆی ئاماژەی کردووه هەر سێ مێتۆدی دەقاودەق، مەیلەو ئازدو تەواو ئازاد لەو کارەیا کەڵکی لێ وەرگیراوەو لەهەندێ شوێنیش وا پێویست بووە بابەتەکە لەبەریەک کێشراوەتەوەو کەوتووەتە ناو وردەکارییەکانەوەو لەهەندێ جێگەیش خۆی لەمە پاراستووە. هەرچەند کە فەزای بنزاراوەیەک بەسەر وەرگێڕانەکەدا تاڕادەیەک زاڵە ، بەڵام وشەو داڕشتی زاراوەکانی تریش لەناو کارەکەدا بەرچاوە. نزیک بەیەک سەدە لەچاپبوونی کارەکانی عەرەبی شەمۆو وەرگێڕانیان بۆ سەر زمانەکانی تر، تەنیا رۆمانی “دمدم” نەبێ کەساڵی 1975 لەلایەن نەمر مامۆستا شوکور مستەفاوە هاتووەتەسەر زاراوەی سۆرانی و کۆڕی زانیاریی کورد لەبەغدا چاپی کردووە، هیچ کام لە بەرهەمەکانی دیکەی ئەم نووسەرەو نووسەرانی تری کوردی سۆڤیەت دەرگای ماڵی ئاخێوەرانی کوردیی ناوەڕاستیان لێ نەکراوەتەوەو وەرگێڕانەوەی ئەم کارە هەنگاوێکی گرنگە لەم بارەوە. به‌شێک له‌کتێبه‌که‌: “لەسەر پێودانی ساڵان، لەگوندەکەمان چ شتێک نەگۆڕابوو. والی کە لای وابوو لەئاسمانەوە بەربووەتەوە، ئێستاکەش دەستی بارتەقای قەیسەری تزاری دەڕۆیی و هەنووکەش چەرخی دەسەڵاتی لەگەڕ نەکەوتبوو. هەروابێتەوە، دەسکیس و دایکەدزەی ژاندرمان، ساڵ دوازدەی مانگێ خەریکی تێسرەواندنی کوردان، مووشەو مڵومۆو چەمۆڵانی ماڵ و سووتمانی سامانیان بوون. لەبەرامبەردا، کەس هەترەش و نەترەی دەستکردنەوەو بەگژداچوونەوەی پێ نەمابوو. پاکی یەکسەر خۆیان رادەستی ئەو ملهوڕانە کردبوو؛ ئەوان وەک لەگوێی گادا نووستبن وابوو و ئاگایان لەوە نەبوو کەئەوە شۆڕشێک لەڕوسیا روویداوەو دەسەڵاتی تزارەکان نسکۆی بەسەردا هاتووە.   ماڵی کتێبی کوردی

هاوڵاتى ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبی مەریوان هەستا بەڕێکخستنی کۆڕێک بۆ خوێندنەوەی رۆمانی « هیچ دۆستێک جگه لهچیاکان» بەبەشداریی نووسەران، توێژەران و مامۆستایانی زانکۆو هۆگرانی ئەدەبی کورد. کۆڕی خوێندنەوەو لێکدانەوەی «هیچ دۆستێک جگه له چیاکان» لەنووسینی بێهرووز بووچانی لەهۆڵی کۆبوونەوەکانی دایرەی فەرهەنگ و ئێرشادی مەریوان بەڕێوەچوو. رەحمەت سادقی سەرۆکی زانکۆی کوردستان، ئومێد وەرزەنده مامۆستای زانکۆی ئازادو بێهرووز چەمەن ئارا مامۆستای زانکۆی کوردستان و سەرۆکی توێژینگەی کوردستانناسی و نووسەران و رۆشنبیران و لایەنگرانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی بەشداری کۆڕەکە بوون. دوکتۆر وەرزەنده پسپۆڕی ئەدەب و گێڕانەوە و ئەندامی لیژنەی زانستیی زانکۆی ئازادی سنەی ناوەندی پارێزگای کوردستان خوێندنەوەیەکی ژانرناسانەو گێڕانەوەناسی بۆ رۆمانەکە کرد.  ناوبراو لەوتارەکەیدا وتی «رۆمانی ‹هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان› جۆرێک لەئۆتۆبیۆگرافییە و دەچێتە خانەی دژەژانرەوەو داڵغەی شوناسی هەیە.» ناوبراو بەئاماژە بەوەی کە فۆرمی گێڕانەوەی رۆمانەکە شەپۆلی ناوشیاری زەینە، رایگەیاند «نووسەری هیچ دۆستێک جگە لەچیاکان سوودی لەڕۆمانە شێعرەکان و بەرهەمەکانی شێرزاد حەسەن و بەختیار عەلی وەرگرتووە». یەکێکی دیکە لەوانەی رۆمانەکەی لێکدایەوە سەرۆکی توێژینگەی کوردستانناسی لەزانکۆی کوردستان بوو. بێهرووز چەمەن ئارا سەبارەت بەڕۆمانەکەی بوچانی وتی «رۆمانەکە دەچێتە خانەی بەندیخانەنووسیەوە». هەروەها نۆستالۆژی رۆمانەکەی شوبهاند بەبەرهەمەکانی غوڵام رەزا خان ئەرکەوازی شاعیری ئیلامی کەبەرهەمەکانی لەبواری ئەدەبی زینداندا ناوبانگیان هەیە. هەروەها پەرویز رۆستەمی سینەماکاری کورد لەڕوانگەی هونەری سینەماوە رۆمانەکەی لێکدایەوە. بێهرووز بووچانی، نووسەری رۆمانی «هیچ دۆستێک جگە لەچیاکان» رۆژنامەنووس و نووسەری کوردی خەڵکی شاری ئیلامەو ماوەی نزیکەی شەش ساڵە لەدوورگەی مانۆسی وڵاتی ئوسترالیا دەستبسەرکراوەو له‌م شەش ساڵەدا لهسه‌ر ئه‌م که‌مپه کاری رۆژنامه‌وانی و مافی مرۆڤی کردووه و لەڕۆژنامه نێونه‌ته‌وەییەکانی وەک رۆژنامەی «گاردیان» و «هافینگتون پوست» بابەتی نووسیوە. رۆمانەکە لەلایەن دکتۆر هاشم ئەحمەد زادەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی و لەلایەن دەزگاى «غەزەلنووس» لەچاپ دراو هەمان رۆژی پێنجشەممە لەسلێمانی کۆڕێک بۆ پەردەلادان لەکتێبەکەی بەڕێوەچوو. بێهرووز بووچانی نووسەری لێهاتووی کوردی خەڵکی پارێزگای ئیلام لەئێران پاش بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی گرنگی ئەدەبی بۆ نووسینی کتێبی «هیچ دۆستێک جگە لەچیاکان» لەلایەن زانکۆی بیرکبکێی لەندەن وەکو مامۆستای میوان بانگهێشت کرا. ڤیکتۆریەن پریمییەر کەگرنگترین خەڵاتی ئەدەبی ئۆستراڵیایە، نیۆسات ڤیلز پریمییەر، خەڵاتی کتێبی دایکۆمێنتی ساڵی ئۆسترلیاو هەروەها بایۆگرافی ئەو خەڵاتە بەناوبانگانە بوون کە بووچانی لەم دواییانەدا مسۆگەری کرد. بەهرۆز بووچانی، رۆژنامەنووسێکی خەڵکی ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کەساڵانێکە وەک پەنابەرێکی بەندکراو لە “دوورگەیەکی زەریای هێمن” لەدەستبەسەریدا ژیان بەسەر دەبات، بووەتە براوەی بەنرخترین خەڵاتی “ئەدەبی” وڵاتی ئوستورالیا. بووچانی کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لەیەکێک لەبەندیخانەکانی “مانۆسی ئوستورالیا” چیرۆکێکی بە ناونیشانی “کەس دۆستت نییە بێجگە شاخەکان”ی نووسیوەتەوە. ئەو لەبەرانبەر ئەم چیرۆکە خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبی ڤیکتۆریای بەدەستهێنا، کەنرخەکەی (١٠٠) هەزار دۆلاری ئوسترالییە کەدەکاتە (٥٥) هەزار پاوەند. بەهرۆز بووچانی بە (بی بی سی فارسی) گوتووە کەئەو تووشی جۆرێک هەستی دژ بەیەکی بووەتەوە. ئەو گوتی: بەجۆرێک زۆر دڵخۆشم بەوەی دەتوانین خەڵک لەنەهامەتیەکانمان ئاگادار بکەینەوە، کە شتێکی زۆر باشە. بەڵام لەلایەکی دیکەوە ماف بەخۆم نادەم جێژن بۆ ئەم نۆبێڵەی خۆم بگرم، چۆن برادرو هەڤاڵانێکی زۆرم هەیە لێرە کە لەبارودۆخێکی زۆر ناخۆش و نالەباردا ژیان بەسەردەبەن. «ئەو دیاریەی کەدڵی ئێمە خۆش دەکات، رزگاربوونمانە لەم دوورگەیەو چوونە دەرەوەمانە لەم بەندیخانەیە». بووچانی لەبەر کاری رۆژنامەنووسی تووشی کێشە دەبێتەوەو بەناچاری رۆژهەڵاتی کوردستان بەجێ دەهێڵێت روودەکاتە هەندەران، بۆ ئەوەی خۆی بگەینێتە وڵاتی ئوسترالیا. بووچانی لەماوەی ئەم پێنج ساڵەدا چیرۆکەکەی خۆی بەزمانی فارسی نووسیوەتەوە بە “واتس ئاپ” بۆ وەرگێڕەکەی خۆی” ئۆمێد تەوفێقیان” کەشارەزای زمانی ئینگلیزیە ناردووە. ئەو دەڵێ “واتس ئاپ” وەکو نووسینگەی کارەکەم وایە. لەسەر لاپەڕەی دەفتەر چیرۆکەکەم نەنووسیەوە، چۆن پاسەوانانی بەندیخانەکە هەموو هەفتە یان مانگی جارێک هێرش دەکەنە ناو بەندەکانمان و هەموو کەلوپەلەکانمان دەپشکنن. زۆر دەترسام نووسراوەکانم لەناوبچێت بۆیە لەسەر (واتس ئاپ) دەمنووسیەوەو دەمنارد بۆ وەرگێڕەکەم. لێکۆڵەڕەوانی بواری چیرۆک لەسەر چیرۆکەکەی بەهرۆز بووچانی وای بۆ دەچن شێوەیەکی ئاڵۆزی ئەدەبی بەکارهێنابێت لەئەدەبیاتی تێکەڵاوی گشتی جیهان و بەتایبەتی زۆر رەگ و رەسەنایەتی ئەدەبی کوردی پێیەوە دیارە. بووچانی مافی چوونە وڵاتی ئوسترالیای نەبوو لەدوورگەی ” مانۆس پاپوا نیو گینیا”دا ژیانی بەسەر دەبرد. بووچانی لەبەر ئەم هۆکارە نەیتوانی بەشداری رێوڕەسمەکە بکات و خەڵاتی خۆی وەربگرێت. ئوسترالیا سیاسەتێکی سەرسەختانەی بەرانبەر ئەو پەنابەرانە گرتووەتەبەر کەهەوڵی ئەوە دەدەن بە “بەلەم” خۆیان بگەیەننە خاکی ئوسترالیا، تەنانەت کەسێکیش کەمافی تەواوی پەنابەری پێیەوە دیاربێت بەڵام بزانرێت بە “بەلەم” خۆی گەیاندووەتە خاکی ئوسترالیاوە بەهیچ شێوەیەک مافی پەنابەری وەرناگرێت. بەشێک لەچیرۆکی ” کەس دۆستت نییە بێجگە شاخەکان” رۆژانێکی بێ نیشان/ پڕلەپووچ و سەرگەردان/ مێشکێکی گرفتار و شەپۆلی زەریا/ لەگەڕان بەشوێن ئارامی مێشک لەسەر دەشتانێکی نوێیەوە/ بەڵام دەشتی بەندیخانەکە رێڕەوێکی هەیە تادەگاتە هۆڵێکی مست لێدان/ وە بۆنی عارەقەی گەرم کەخەریکە لەهەموو لایەکەوە شێتمان بکات/

هاوڵاتى موژگان کاووسی نووسەرو لێکۆڵەری  کوردی خەڵکی شاری کەلاردەشت لەباکووری ئێران، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکومەتی ئێرانەوە حوکمی زیندانیکردنی بەسەرداسەپێنرا بەتۆمەتی ئەندامبوون لەحزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رێکخراوێکی تایبەتە بەتۆمارکردنی پیشێلکارییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاشکرایکرد کەپێنجشەممەی رابردوو موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی شاری کەلاردەشت لەلایەن دادگای بەرایی شاری نەوشەهر لەباکووری ئێران بەسێ تۆمەتی جیاواز سەرجەم حوکمی (٦٩) مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. یەکێک لەنزیکانی بنەماڵەی کاووسی کە بەهۆکاری ئەمنی نەیویستووە ناوی بهێنرێت لەوبارەیەوە بەهەنگاوی راگەیاندوە کە، موژگان کاووسی بەتۆمەتی “ئەندامەتی لەحزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران” بە (٣٣) مانگ بەندکردن  سزادراوە، هەروەها بەتۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ دروستکردنی پشێویی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە (٣٠) مانگ بەندکردنی تر سزادراوە، هەروەها بەتۆمەتی “پڕوپاگەندە دژ بە رژێم ” حوکمی شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێنراوە. بەپێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی (٣٣) مانگ بەندکران جێبەجێدەکرێت. ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا رایگەیاند کە، موژگان تەنیا بەتۆمەتی نووسینی پۆستێکی ئینستاگرامی کەنوسیبووی “بێدەنگی خیانەتە” و لەگەڵ وێنەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی رابردووی مەریوان و جوانڕۆ بڵاویکردبوویەوە، حوکمی (٣٣) مانگ بەنکرانی بەسەردا سەپاوە. موژگان کاووسی لەکاتی دانیشتنی دادگا لەهەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بووەو (٢٠) رۆژ مۆڵەتی پێدراوە کەتانە لەو بڕیارە بدات. ناوبراو هەر ئەو رۆژەو دوای دانیشتنی دادگا بەدانانی بارمتەی (١٠٠) میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتیی ئازاد کراوە. ناوبراو رۆژی  دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بەپارێزگای مازندەران دەستبەسەرکرا. موژگان کاووسی رۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەز (١٠ی دێسامبر) دوای یەک هەفتە لەدەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ساری بۆ بەندیخانەی شاری نەوشەهر گوازرابووەوە. موژگان کاووسی کتێبی ئەنفال و چارەنووسی تەیموور، بەرهەمی عارف قوربانی نووسەری خەڵکی کەرکووکی، بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕاوەتەوە ئەو نووسەرە کوردە لەماوەی ساڵانی رابردوو چەندین وتاری لەسەر زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە کورتەفیلمێکی بەڵگەنامەیی بەناوی “هیوا” بەرهەمهێناوە. ناوەڕۆکی ئەو فیلمە باس لەسەر مەترسی لەناوچوونی زمانی کوردی لەنێو کوردەکانی کەلاردەشت لەپارێزگای مازندەرانی باکووری ئێران دەکات. موژگان کاووسی کتێبی ئەنفال و چارەنووسی تەیموور، بەرهەمی عارف قوربانی نووسەری خەڵکی کەرکووکی، بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕاوەتەوە. کوردەکانی کەلاردەشت لەباکووری ئێران کە سەر بەهۆزی لەک و پێڕەوی ئایینی یارین (کاکەیی) دوای سەدان ساڵ لەکۆچی زۆرەملییان بۆ باکووری ئێران و لێوارەکانی دەریای قەزوین، هێشتا دابونەریتی خۆیان پاراستووەو رێوڕەسم و بۆنە کوردییەکان بەجلوبەرگی کوردی پیرۆز دەکەن و هەستی نیشتیمانی و کوردایەتییان هەمیشە لەجۆش و خرۆشدایە.  

 ‌زامدار ئه‌حمه‌د ئه‌م کتێبه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ژنه‌ نووسه‌ر و وه‌رگێڕه‌کانى کورد.. که‌ بیست خانمى نووسه‌رى باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستانى له‌خۆ گرتووه‌، که‌ ئه‌مانه‌ن: "کوردستان موکریانی، شوکریه‌ ڕه‌سووڵ، سۆزان جه‌مال، مه‌هاباد حه‌سه‌ن، به‌یان سه‌لمان، شیرین. ک، ڤینۆس فایه‌ق، کنێر عه‌بدوڵڵا، گه‌لاوێژ خان، شیرین تاھیر، زێنه‌ب یوسفی، کازیوه‌ ساڵح، باران، چنار نامیق، چنوور نامیق، شلێر ڕه‌شید، نازه‌نین عوسمان، فه‌وزیه‌ ساڵح، زارا ستاوه‌ند، شیلان گه‌یلانی" به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا سه‌باره‌ت به‌ ژنانى نووسه‌رى کورد، کتێب و نووسین که‌مه‌، ئه‌گه‌ر که‌سێک بیه‌وێ ده‌رباره‌ى ژنانى نووسه‌ر و وه‌رگێرى کورد زانیارى وه‌چنگ که‌وێ، هیچى به‌رده‌ست نییه‌.. له‌کاتێکدا زانیارى زۆر باش له‌باره‌ى ژنه‌ نووسه‌ره‌کانى زۆربه‌ى وڵاتانى دیکه‌ به‌رده‌سته‌، بۆ وێنه‌: ژنانى ئه‌مریکی، ئه‌روپی، فارسی، تورکى و عه‌ره‌بی..  ئه‌م کتێبه‌ خانمه‌ نووسه‌ر و وه‌رگێڕه‌ زیندووه‌کانى له‌خۆگرتووه‌، به‌مشێوه‌یه‌ش ویستوومانه‌ مۆدیل و ڕه‌وتى "زیندوو کوژى مردوو په‌رست" بگۆڕین. ئه‌و نووسه‌ر و وه‌رگێڕانه‌ى له‌ سه‌رووى ده‌ کتێبیان بڵاوکردۆته‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ى کتێبه‌که‌دا بوونى هه‌یه‌.  ڕیزبه‌ند و دانانى خانمه‌ نووسه‌ره‌کان له‌ژێر بنه‌ماى ژماره‌ى کتێبه‌کانیان دانراوه‌، کتێبه‌کانیشیان به‌شێوه‌ى ڕیزبه‌ندى له‌کۆنه‌وه‌ بۆ نوێ دانراوه‌ و ناساندن بۆ کتێبه‌کانین کراوه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند کتێبێکى چه‌ند نووسه‌رێک له‌سه‌ده‌ى پێشوو چاپکراوه‌ و له‌بازاردا نه‌ماوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ته‌نیا ناوى کتێبه‌که‌مان هێناوه‌ و ناساندنمان بۆى نه‌کردووه‌.‌ هاوکات، به‌شێک له‌ تێکستى نووسه‌ر و وه‌رگێڕه‌کانمان داناوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ زمانى نووسینى ئه‌و خانمانه‌ ئاشنابن.  هه‌روه‌ها، ئه‌م کتێبه‌ ده‌بیته‌ به‌رگى یه‌که‌م، له‌ داهاتوودا کار له‌سه‌ر به‌رگى دووه‌مى کتێبه‌که‌ ده‌کرێ، که‌ چه‌ندین خانمى دیکه‌ له‌ژێر بنه‌ماى به‌رگى یه‌که‌م له‌ به‌رگى دووه‌م داده‌نرێ.. ئه‌م کتێبه‌ به‌ قه‌باره‌ى ۱٦ به‌ ۲۳، له‌ دووتووێى ۳٥۰ لاپه‌ڕه‌ له‌لایه‌ن زامدار ئه‌حمه‌د ئاماده‌کراوه‌ و له‌ چاپخانه‌ى چوارچرا-سلێمانى چاپکراوه‌.. سبه‌ینێ له‌ سلێمانى له‌ کتێبخانه‌کانى ڕه‌هه‌ند و چوارچرا، هه‌فته‌ى داهاتووش له‌ه‌ هه‌ولێر له‌ کتێبخانه‌کانى فێربوون و مه‌م و زین ده‌ست ده‌که‌وێ.. له‌لایه‌ن ئه‌نجام ئه‌نوه‌ر دیزاینى به‌رگى بۆ کراوه‌..  

هاوڵاتى به‌ئاماده‌بونى پارێزگارى سلێمانى و خانه‌واده‌ و دۆست و هاوڕێیانی، ئه‌مڕۆ هه‌ینى په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یکه‌رى محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان ناسراو به‌ جه‌نه‌ڕاڵی پاییز له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ى له‌سلێمانى لادرا. په‌یکه‌ره‌که‌ له‌لایه‌ن په‌یکه‌رتاش، "چێنه‌ر نزار"ه‌وه‌ دروستکراوه‌و پارێزگارى سلێمانى ئه‌رکى دروستکردنه‌که‌ى گرتۆته‌ ئه‌ستۆ. شه‌وى 22-10-2019، محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان ناسراو به‌ جه‌نه‌ڕاڵی پایز کۆتایى به‌ژیانی خۆیهێنا. محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان( جه‌نه‌ڕاڵى پاییز) له‌ساڵى 1957 له‌ گه‌ره‌کى ده‌رگه‌زێنى شارى سلێمانى له‌ دایکبووه‌، خوێندنى سه‌ره‌تایى و ناوه‌ندى و ئاماده‌یى هه‌ر له‌و شاره‌ ته‌واو کردوه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى لاوێتییه‌وه‌ ده‌ستى به‌کتێب خوێندنه‌وه‌ کردووه‌ له‌ ساڵى 1975 ده‌ستیکردووه‌ به‌نوسینى شعر و بڵاوکردنه‌وه‌ى و خاوه‌نى  کۆبه‌رهه‌مێکه‌ به‌ناوى له‌ "غوربه‌تا".  

  خولی شانزدەهەمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی کوردیی سەقز بەخەڵاتکردنی پاڵێوراوانی ژن و پیاوو دەرهێنەرو دیزاین و شانۆنامە کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا. شەوی هەینی 13ی کانوونی یەکەمی 2019 رێوڕەسمی کۆتاییی خولی شانزدەهەمی شانۆی کوردی لەسەقز بەبەشداریی بەڕێوەبەری گشتیی هونەری شانۆیی وەزارەتی رۆشنبیری و بەرپرسانی پارێزگای کوردستان و شاری سەقزو هونەرمەندان، لەتەلاری میلادی سەقز بەڕێوەچوو. لەفستیڤاڵەکەدا خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن و دبڵۆمی شانازی و هێمای تایبەتی فیستیڤاڵەکە بەخشرا بە نیشتمان رەسوڵ زادە بەبۆنەی شانۆی «ئەرکی نیشتمانیی داهۆڵێک» لەشاری سنەوە. خەڵاتی دووهەمی ئەو بەشە بەهاوبەشی بەخشرا بە رازیە حاجی پوور بۆ شانۆی «قامووسی مێروویان» لەورمێ و شایستە فەرمانی بۆ شانۆی «سووئانە» لە بیجاڕەوە. هەر لەم بەشەدا خەڵاتی سێهەم بەهاوبەشی بەخشرا بە فەوزیە پاڵەوانی بۆ شانۆی «چاوەڕوان» لەسەقزو رۆژانۆ ئەرجمەند بۆ شانۆی چنارەکان» لەسەقزەوە، ئه‌وه‌ش به‌پێی پێگه‌ى کورد پرێسى ئێرانى. لەبەشی باشترین ئەکتەری پیاوی فیستیڤاڵەکەش دبلۆمی شانازی و نیشانی تایبەتی فیستیڤاڵ بەخشرا بە حوجەت ئەسەدوڵڵاهی بۆ شانۆی «سوورانە» لەبیجاڕەوە و خەڵاتی پلەی دووهەمیش بەخشرا بە ئیسماعیل پاشایی بۆ شانۆی «چنارەکان» لە سەقزو خەڵاتی سێهەمیش بەهاوبەشی بەخشرا بەهەردوو هونەرمەند زاهید زەندی و سەعید پاکزاد بۆ دوو شانۆی «جن و جنۆکە» و «سەرپێڵ زەهاو». خەڵاتی باشترین دەرهێنەرو دبلۆمی شانازی و هێمای تایبەتی فیستیڤاڵەکە بەخشرا بە غوڵامڕەزا هیمەتیان بۆ شانۆی «سوورانە» لە بیجاڕ. ئومید مستەفایی بۆ شانۆی «چنارەکان» خەڵاتی دووهەم باشترین دەرهێنەری مسۆگەر کردو خەڵاتی سێهەم باشترین دەرهێنەریش بەهاوبەشی بەخشرا بە حەسەن میرزایی بۆ شانۆی «گراداف» لەبانەو فەرزاد حەسەن میرزایی و حامید ئیسماعیل وەند. باشترین دیزانی رۆشنایی و هێمای تایبەتی فیستیڤاڵەکە بەخشرا بە سامان ئەمیری بۆ شانۆی «چنارەکان» لە سەقز. دبلۆمی شانازی و هێمای تایبەتی فیستیڤاڵ بەخشرا بە سامان مێهران و حەسەن میرزایی بۆ شانۆی «گراداف» لەبانە. پلەی دووهەمی دیزانیش بەخشرا بە مەهدی کەریمی بۆ شانۆی «چنارەکان» لەسەقز. لەبەشی شانۆنامەشدا دبلۆمی شانازی و هێمای تایبەتی فیستیڤاڵەکە بەخشرا بە شادی ئەمینی بۆ شانۆی «قامووسی مێروویان» لەورمێ و غوڵامڕەزا هیمەتییان بۆ شانۆی «سوورانە» پلەی دووهەمی مسۆگەر کردو خەڵاتی سێهەمیش بەهاوبەشی بەخشرا بە جەمیل مەفاخری بۆ شانۆی «ئەرکی نیشتمانیی داهۆڵێک» لەسنەوە و کیانووش محەمەدی بۆ شانۆی «چنارەکان» لە سەقزەوە. خەڵاتی دەرهێنانی دەرەوەش بەخشرا بە سدیق عەزیز بۆ شانۆی «باوک» لەسلێمانییەوە و دبلۆمی شانازیی ئەکتەرە ژنەکانیش بەخشرا بە خەرمان خاتوون بۆ شانۆی «باوک» لە سلێمانی. وەزان ترجای بۆ شانۆی «راپۆرتێک بۆ ئاکادیمیا» لەتورکیاوە خەڵاتی باشترین ئەکتەری مسۆگەر کردو پەیمان بابائییان لەمەهابادەوە بۆ شانۆی «ئەفسانەی بەبر» و شەماڵ عەبەڕەش بۆ شانۆی «باوک» لەسلێمانییەوە هەر لەبەشی ئەکتەرە پیاوەکاندا خەڵات کران. خەڵاتی دیزانی لافیتە لەبەشی تایبەتی فیستیڤاڵەکە بەخشرا بە شاهین عەلەوی بۆ شانۆی «قامووسی مێروویان» لەورمێ و خەڵاتی باشترین مۆسیقاش بەخشرا بە شارام عەلیموحەمەد بۆ شانۆی «سەرپێڵ» لە سنەوە. خولی شانزدەهەمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی کوردی سەقز رۆژی 19ی سەرماوەز بە شانۆی «حەسار»ەوە دەستی پێکردو تاڕۆژی هەینی 22ی هەمان مانگ بەردەوام بوو و لەفیستیڤاڵەکەدا (9) دەستەی ناوخۆو (2) دەستەی دەرەوەی ئێران کێبڕکێیان دەکرد.  

    مۆزەخانەی هاوچەرخ لەسلێمانی دیسانەوە دەرگای بە رووی هونەرمەندان و هاوڵاتیاندا کردەوە، دوای ساڵانێک لەداخستنی. لەمەراسیمی کردنەوەیدا پێشەنگایەکی شێوەکاریی نمایشکرا کە لەچوار هونەرمەندی بەئەزمونی شارەکە کە تێیدا بەشداربوون و زیاتر لە (١٠٠) تابلۆی تێدا پیشاندران. ئێوارەی دوێنێ، لەمۆزەخانەی هاوچەرخ، لەشاری سلێمانی، پێشەنگایەکی شێوەکاریی هاوبەش بۆ هونەرمەدان، عەلی جۆڵا، عەلی کەریم، هێمن کاکە، سلێمان شاکر، کرایەوە کەتێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لەهاوڵاتیانی شاری سلێمانی سەردانیان کردبوو، هونەرمەندانی بەشداربوو ئەزمونی (٥٠) ساڵی کارکردنیان لە (١٠٠) تابلۆدا نمایشکردبوو. هەر لەپێشەنگاکەدا، موزیکسیان ئالان عارف، بەکەمانچەکەی چەند پارچە میوزیکێکی پیشکەش بەئامادەبووانی پێشەنگاکە کرد.  مۆزەخانەی هاوچەرخ، لەسەردەمی رژێمی بەعسدا جێگای ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی سلێمانی بووە لەلایەن ئەمنی بەعسەوە، لەدوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ کراوەتە مۆزەخانەی هونەریی.  ماوەی دوو ساڵە بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی بەکار نەهاتووە، ئەمڕۆ بەم پێشەنگایە جارێکی دیکە بە رووی هونەرمەندان و هاوڵاتیاندا کرایەوە.

هاوڵاتى لەژێر ناونیشانی «جوانترین گوناهەکانم، شیعرەکانمن»، رۆژی چوارشەممە، 27ی نۆڤەمبەری 2019 دیدارێکی شیعری لەگەڵ شاعیری کورد ڤینۆس فایەق لەشاری (باری) ئیتاڵی سازدەکرێ، ئەم کۆڕە لەدرێژەی چالاکییەکانی ڤیستیڤاڵی (بالافۆن)ی ئەفەریقیدایە کە بەهەماهەنگی باڵیۆزخانەی ئەفەریقی و بەشی کەلتوری شارەوانی ئەو شارە ساڵانە سازدەکرێت. کۆڕەکە لەلایەن مامۆستای ئەدەب و کەلتوری بەراورد لەزانکۆی باری (ئەلدۆ نیکۆسیا)وە پێشکەشدەکرێ و بەڕێوەدەبرێ. شیعرەکان بەزمانەکانی ئینگلیزی، کوردی، عەرەبی، فەڕەنسی و ئیتاڵی دەخوێندرێنەوە.. ... شایەنی باسە ڤیستیڤاڵی بالافۆن، ڤیستیڤاڵی وێنەو مۆسیقاو رەنگەکانی جیهانەکانی ترە. ساڵانە لەو ڤیستیفاڵە نوێترین فیلم لەهەموو وڵاتانی جیهانەوە هەڵدەبژێرێت و بەزمانی وڵاتەکان نمایشی دەکەن بەژێرنووسی ئیتاڵییەوە.. لەپاڵ فیلمیشدا چەندین چالاکی ئەدەبی شیعر خوێندنەوە بەزمانی دایکی وڵاتەکان خۆیان و وەرگێڕانی ئیتاڵییەوە بەشداری دەکەن.. مەبەست لەم ڤیستیفاڵە بڵاوکردنەوەی کەلتورو هونەرو ئەدەبی وڵاتانی ترو ئاشناکردنی ئەوانیترە پێی.

  هاوڵاتى مەنووچێهر جیهانی ـ «سه‌یدسادق مووسه‌وی» ده‌بیرو به‌رپرسی سیو شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورته‌فیلمی تاران وتی: سیو شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورته‌فیلمی تاران، به‌نمایشکردنی (140) فیلم له‌ده‌رهێنه‌رانی (25) وڵاتی جیهان له‌تاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت. بەپێی راپۆڕتی لیژنەی راگەیاندنی گشتیی سیو شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورته‌فیلمی تاران، کۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی سیو شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورته‌فیلمی تاران، به‌ئاماده‌بوونی «سه‌ید سادق مووسه‌وی» ده‌بیرو به‌رپرسی فێستیڤاڵ، «ئارش عه‌باسی» به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندن و راوێژکاری ده‌بیری فێستیڤاڵ و چالاکانی راگه‌یاندن له‌هۆڵی رێکخراوی کاروباری سینه‌مایی له‌وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی له‌شاری تاران به‌ڕێوه‌چوو. «سه‌ید سادق مووسه‌وی» ده‌بیرو به‌رپرسی سیو شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورته‌فیلمی تاران له‌سه‌ره‌تای ئه‌م کۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانییه‌دا وتی: سه‌ره‌تا له‌هه‌موو راگه‌یاندنه‌کان له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو زه‌حمه‌ته‌ی که‌ بۆ کورته‌فیلم ده‌یکێشن، سوپاسیان ده‌که‌م. سیو شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورته‌فیلمی تاران؛ به‌مه‌به‌ستی ناسین و ناساندنی باشترین به‌رهه‌مه‌کانی کورته‌فیلم له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و نێودەوڵەتیداو هه‌روه‌ها دروستکردنی رکابه‌رییه‌کی سازێنه‌ر له‌نێوان فیلمسازان و به‌نمایشکردنی (140) فیلم له‌ده‌رهێنه‌رانی (25) وڵاتی جیهان له‌وانه‌؛ ئیسپانیا، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئه‌مریکا، روسیا، کۆماری چیک، سویسرا، هۆڵه‌ندا، چین، که‌نه‌دا، ئیتاڵیا، فینله‌ندا، پۆڵه‌ندا، بولگاریا، پۆرتوگال، هیندستان، به‌لژیک، نیپاڵ، ئیسلۆوێنی، سه‌نگاپوور، ژاپۆن، پرۆ، لیتوانی، تورکیا، لۆکسامبۆرگ، کرۆواسی، سێربستان، ماڵتاو هه‌روه‌ها به‌ئاماده‌بوونی ناوبژیوانانێک له‌وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌وانه‌؛ نیوزله‌ند، هیندستان، پۆرتوگال، به‌لژیک و ئێران له‌چه‌ندین به‌شی رکابه‌ری نه‌ته‌وه‌یی و نێودەوڵەتی پێکهاتوو له‌کورته‌ فیلمه‌کانی چیرۆکی، به‌ڵگه‌فیلم، ئه‌زموونی و ئه‌نیمه‌یشێن و به‌ڕێوه‌بردنی کۆڕو کۆبوونه‌وه‌کانی پیشه‌یی و پسپۆڕانه‌و زانستی و کارگه‌و وۆرکشۆپه‌کانی فێرکاریی سینه‌مایی له‌ڕۆژانی (18 تا 24)ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری (1398)ی هه‌تاوی رێکه‌وتی (9 تا 15)ی نۆڤه‌مبەری (2019)ی زایینی له‌په‌ردیسی سینه‌مایی میلله‌ت له‌شاری تاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت. فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورته‌ فیلمی تاران بێگومان گرنگترین فێستیڤاڵی رۆژئاوای ئاسیایه‌  موسه‌وی هه‌روه‌ها وتی: ئه‌م فێستیڤاڵه‌ بێگومان گرنگترین فێستیڤاڵی رۆژئاوای ئاسیایه‌و له‌ڕاستیدا میراتی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌یه‌. یه‌که‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌پێشینه‌یه‌کی (36) ساڵه‌ی هه‌یه‌، له‌حاڵێکدا که‌ (80) له‌سه‌دی فێستیڤاڵه‌کانی جیهان پێشینه‌ی که‌متر له‌ (10) ساڵیان هه‌یه‌. دووهه‌م ئه‌وه‌ی که‌ژماره‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ نێردراوانه‌ی که‌ له‌م ساڵانه‌دا به‌نووسینگه‌ی فێستیڤاڵه‌که‌ گه‌یشتووه، ئه‌م بابه‌ته‌ پشتڕاست ده‌کاته‌وه‌و سێهه‌م ئه‌وه‌ی که‌ئاستی میوانه‌کانی نێوده‌وڵه‌تیی ئێمه‌و هه‌روه‌ها خه‌ڵاته‌کانی ‌نه‌غدی که‌ له‌م فێستیڤاڵه‌ بوونی هه‌یه‌، نیشانده‌ری گرنگیی ئه‌م فێستیڤاڵه‌یه‌. نمایشکردنی (50) فیلم له‌به‌شی نێودەوڵەتی فێستیڤاڵ له‌ده‌رهێنه‌رانی (25) وڵاتی جیهان ‌ده‌بیرو به‌رپرسی سیو شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورته‌فیلمی تاران له‌درێژه‌ی قسه‌کانیدا وتی: ئه‌مساڵ به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ ئابوورییه‌ی ئێستا که‌ له‌وڵاتی ئێمه‌دا هه‌یه‌، که‌مبوونه‌وه‌ی (50) له‌سه‌دی بوودجه‌مان هه‌بووه‌. پاره‌و بوودجه‌ی ئێمه‌ له‌م کاته‌ی ئێستادا له‌لایه‌ن رێکخراوی سینه‌مایی (دوو) میلیار تمه‌نه‌، به‌ڵام به‌پاڵپشتیی شاره‌داری تاران بڕیاروایه‌، به‌شێک له‌م تێچووانه‌ دابینبکرێت. به‌م بارودۆخه‌، چه‌ندین میوانمان له‌وڵاتانی جۆراوجۆر وه‌کو نیوزله‌ند، فه‌ره‌نسا، پۆرتوگال، هیند، تورکیا، ئه‌ڵمانیاو...هتد ده‌بێت. چه‌ندین کۆڕو کۆبوونه‌وه‌و کارگه‌ی فێرکاری له‌لایه‌ن میوانانی بیانی به‌شێوه‌ی بێبه‌رامبه‌ر به‌ڕێوه‌ده‌چێت. هه‌روه‌ها له‌به‌شی کێبڕکێدا به‌گشتی (110) وڵات به‌رهه‌مه‌کانی خۆیان ناردووه‌ که‌ له‌مانگی ره‌شه‌مه‌، رێکه‌وتی مارسی ساڵی پار قۆناغی دووباره‌ بینینه‌وه‌ی ئه‌م فیلمانه‌ ده‌ستیپێکردو له‌کۆتاییدا (50) فیلم له‌ (25) وڵات له‌م فێستیڤاڵه‌دا ئاماده‌ ده‌بن. نمایشکردنی (90) فیلم له‌ده‌رهێنه‌رانی ئێرانی له‌به‌شی نه‌ته‌وه‌یی فێستیڤاڵ مووسه‌وی رایگه‌یاند: له‌به‌شی نه‌ته‌وه‌ییدا (1648) به‌رهه‌م بۆ نووسینگه‌ی فێستیڤاڵ نێردراو که‌متر له‌ (10) له‌سه‌د، واته‌ (140) به‌رهه‌م له‌فێستیڤاڵه‌که‌ وه‌رگیراوه‌. له‌به‌شی چیرۆکیدا (1021) فیلممان هه‌بوو که‌ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌بوایه‌ له‌ماوه‌ی دوو مانگدا ئه‌م رێژه‌ فیلمه‌ ببینێت که‌یه‌کجار کارێکی سه‌خته‌. بۆ یه‌که‌مین جار (10) که‌س وه‌کو ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردن دیاریکران که‌ له‌چوارچێوه‌ی دوو گروپی پێنج که‌سیدا هه‌ر کامه ‌(100) فیلمیان به‌ئێمه‌ ناساند. له‌قۆناغی دواتردا، ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردن (200) فیلمیان سه‌رله‌نوێ بینییه‌وه‌و له‌کۆتاییدا (67) فیلمی چیرۆکیمان هه‌ڵبژارد. هه‌ڵبه‌ت رێژه‌ی ئه‌ندامانی ده‌سته‌کانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نیمه‌یشێن، ئه‌زموونی و به‌ڵگه‌فیلم که‌متر بوون. بلیت فرۆشیی ئینته‌رنێتی ده‌بیری فێستیڤاڵی جه‌ختی کرده‌وه‌: هه‌روه‌کو ده‌زانن ئه‌مساڵ بۆ یه‌که‌مین جار، بلیت فرۆشیمان هه‌یه‌. هه‌ڵبه‌ت نرخێکی گونجاوی بۆ له‌به‌رچاو گیراوه‌و چه‌ندین داشکاندنی بۆ له‌به‌رچاو گیراوه، به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ یه‌کجار له‌لایه‌ن دۆستانه‌وه‌ ره‌خنه‌ی لێگیراوه. به‌م پێیه‌ باشترین ده‌رگایه‌ک که‌ده‌مانتوانی دابینبکه‌ین ماڵپه‌ڕی «سینه‌ما تیکێت» بوو. ئه‌م کاره‌ بۆ ئێمه تێچووشی هه‌بوو، به‌ڵام له‌م رێگایه‌وه‌، بۆ یه‌که‌مین جار هه‌موو فیلمه‌کانی فێستیڤاڵ، پۆسته‌رو تیزێرو به‌شه‌کانی دیکه‌ له‌سه‌ر سایت بوونیان هه‌یه‌. نمایشکردنی فیلم واته‌ چوونه‌ ناو چه‌رخه‌ی به‌ئابووری بوون «ئارش عه‌باسی» به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندن و راوێژکاری ده‌بیری سیو شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورته‌فیلمی تاران له‌درێژه‌ی ئه‌م کۆنگره‌یه‌دا وتی: نمایشکردن پێناسه‌یه‌کی هه‌یه‌ که‌واته‌ چوونه‌ ناو چه‌رخه‌ی به‌ئابووری بوون و بێجگه‌ له‌مه‌ پێناسه‌یه‌کی دیکه‌ی نیه‌. نمایشکردن واته‌ ئه‌وه‌ی که‌ئێوه‌ شتێک بۆ به‌رده‌نگ ئاراسته‌بکه‌ن و پاره‌ی لێوه‌ربگرن و بۆ هاندانی ئه‌و ده‌بێ کارگه‌لێک بکه‌ن که‌ئه‌و بۆ بینینی فیلمه‌که‌ی ئێوه‌ دابنیشێت، هه‌ر به‌م هۆیه‌، به‌بۆچوونی من کورته‌فیلم نابێ بچێته‌ ناو چه‌رخه‌ی نمایشکردنه‌وه‌. ته‌نانه‌ت شانۆ بۆ هه‌مووان نییه‌، به‌ڵکو بۆ که‌سانی تایبه‌ته‌. به‌شی رکابه‌ریی «کتێب و سینه‌ما» عه‌باسی له‌به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا وتی: ئه‌مساڵ پێنجه‌مین ساڵێکه‌ که‌ له‌گه‌ڵ ماڵی کتێب هاوکاریمان هه‌بووه‌. له‌م هاوکارییه‌دا به‌رنامه‌گه‌لێکی جۆراوجۆر پێشبینی کراوه‌ که‌بریتین له‌کێبڕکیی «کورته‌ چیرۆک بۆ ئیقتباس»، چاپ و بڵاو کردنه‌وه‌ی چه‌ندین کتێبی نوێ و به‌شی رکابه‌ریی «کتێب و سینه‌ما». ئه‌مساڵ (302) به‌رهه‌م بۆ به‌شداریی له‌م به‌شه‌ داواکارییان هه‌بووه‌ که‌بریتییه‌ له‌ (11) به‌رهه‌می چیرۆکی، پێنج به‌ڵگه‌فیلم، دوو فیلمی ئه‌زموونی و شەش به‌رهه‌می ئه‌نیمه‌یشێن. له‌به‌شی کێبڕ‌کێی کورته‌چیرۆک بۆ ئیقتباس، (650) کورته‌ چیرۆک بۆ ئه‌م نێردراوه‌. ئه‌م بواره‌‌ یه‌کێکه‌ له‌و رێگایانه‌ی که‌ده‌توانێت کێشه‌ی ده‌قی سینا‌ریۆی فیلم که‌مبکاته‌وه‌. له‌م به‌شه‌دا به‌سێ به‌رهه‌م خه‌ڵاتی نه‌غدی پێشکه‌شده‌کرێت و بڕیاروایه‌ ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای لاوانی ئێران کۆپی رایتی (10) به‌رهه‌م بکڕێته‌وه‌. به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵ له‌پارێزگا جۆراوجۆره‌کانی ئێران ده‌بیری سیو شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورته‌فیلمی تاران، هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: ئه‌مساڵ فێستیڤاڵ له‌پارێزگا جۆراوجۆره‌کانی ئێران، له‌وانه‌؛ بووشێهر، خۆراسانی باشوور، کرمان، ئه‌رده‌بیل، زه‌نجان، یه‌زد، ئیلام، هۆرموزگان، مازه‌نده‌ران، ئازه‌ربایجانی رۆژهه‌ڵات، قوم و خووزستان به‌شێوه‌ی هاوکات به‌ڕێوه‌ده‌چێت. به‌ڕێوه‌چوونی کۆڕو کۆبوونه‌کانی زانستی و تووێژینه‌وه‌یی «36 ـ 20» ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: وه‌کو ساڵانی رابردوو کۆڕو کۆبوونه‌وه‌کانی زانستی و توێژینه‌وه‌یی له‌ژێر ناونیشانی «36 ـ 20» به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ئه‌م کۆڕو کۆبوونه‌وه‌ پسپۆڕانه‌یه‌ له‌ماوه‌ی پێنج رۆژدا، به‌ئاماده‌بوونی ده‌بیری ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌و سینه‌ماکاران و کارناسان به‌ڕێوه‌ده‌چن. هه‌روه‌کو ده‌زانن له‌ساڵانی رابردوودا ئه‌م کۆڕو کۆبوونه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ پێشوازییه‌کی باش به‌ره‌وڕوو ببوون. کۆڕبه‌ندی خوێندنه‌وه‌کانی کورته‌فیلم «سه‌ید سادق مووسه‌وی» ده‌بیری سیو شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورته‌فیلمی تاران له‌کۆتایی ئه‌م کۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانییه‌دا به‌ئاماژه‌دان به‌کۆڕبه‌ندی خوێندنه‌وه‌کانی کورته‌فیلم، وتی: له‌خولی سیو سێهه‌می فێستیڤاڵدا، یه‌که‌مین کۆڕبه‌ندی کورته‌فیلم به‌ڕێوه‌چوو که‌کۆڕێکی باش بوو، خوازیارێکی زۆری هه‌بوو. دووساڵ له‌به‌ڕێوه‌چوونیدا وه‌ستانێک هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌مساڵ بۆ دووهه‌مین جار ئه‌م کۆڕبه‌نده‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین، به‌ڵام نه‌ک له‌فێستیڤاڵ، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ له‌وانه‌بوو ئه‌م رووداوه‌ بکه‌وێته‌ په‌ڕاوێزه‌وه‌. ئه‌م کۆڕبه‌نده‌ له‌مانگی ره‌شه‌مێ، رێکه‌وتی مارسی داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌م رۆژانه‌ش دوایین ده‌رفه‌ت بۆ ناردنی وتارو به‌رهه‌مه‌کانه‌.  

سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن سه‌میعه‌ محه‌مه‌د هه‌ڵه‌بجه‌یى له‌بوارى نواندندا کارى کردووه‌و به‌دراماى ره‌شه‌ى پۆلیس ناسراوه‌، که‌ له‌زۆربه‌ى کاره‌کانیدا رۆڵى دایکى بینیوه‌، له‌ساڵى 1982وه‌ به‌به‌رده‌وامى کارى نواندن ده‌کات، له‌زیاتر له‌ (15) کارى دراما به‌شدارى کردووه‌، چوار کورته‌ فیلم و چوار فیلمى سینه‌مایى هه‌یه‌، ماوه‌ى (28) ساڵە مامۆستاى کوردییه‌. سه‌میعه‌ محه‌مه‌د له‌چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى باس له‌وه‌ده‌کات، لایه‌نى ماددى زۆر گرنگ نییه‌ به‌لایه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ى ناوه‌ڕۆکى سیناریۆکه‌ گرنگه‌، پێیوایه‌ هونه‌رمه‌نده‌ کۆنه‌کان وافێربون که‌گرێبه‌ست و مادده‌ له‌دواى ناوه‌ڕۆکى رۆڵه‌که‌یانه‌وه‌ بێت که‌به‌رجه‌سته‌ى ده‌کات. هاوڵاتى: چۆن بوو هاتیته‌ بوارى هونه‌ره‌وه‌ به‌تایبه‌ت دراما؟ سه‌میعه‌ محه‌مه‌د: له‌منداڵییه‌وه‌ 1982ەوه‌ واته‌ له‌قۆناغى ناوه‌ندیه‌وه‌ له‌شارى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌کارى منداڵانه‌وه‌ ده‌ستمپێکردووه‌و تادوایى چوومه‌ په‌یمانگا و به‌ئه‌کادیمى به‌شى شانۆم خوێند، له‌وێوه‌ حه‌زه‌کانم گه‌وره‌ بوون و خۆم له‌بوارى نواندندا دۆزییه‌وه‌، به‌کارى شانۆیى و درامى و کورته‌فیلم ده‌ستمپێکردووه‌و تائێستاش به‌رده‌وامم. هاوڵاتى: له‌ئێستادا بۆ کارى شانۆیت نیه‌؟ سه‌میعه‌ محه‌مه‌د: له‌هه‌ڵه‌بجه‌دا تاساڵانى 1989 و 1989ش زیاتر له‌شانۆدا به‌شداریم ده‌کردو دواى ئه‌وه‌ که‌هاتمه‌ سلێمانى زیاتر له‌کارى نواندنى درامادا خۆم بینییه‌وه‌و تواناى خۆمم له‌وه‌دا کۆکرده‌وه‌، تاساڵى 2001 به‌دواوه‌ به‌ته‌واوى له‌درامادا ئیشم کردووه‌. هاوڵاتى: چ کارێکت تائێستاش شانازى پێوه‌ ده‌که‌یت؟ یان چ کارێکی سه‌میعه‌ محه‌مه‌د پێی ناسرا؟ سه‌میعه‌ محه‌مه‌د: هه‌موو رۆڵه‌کانم شانازییان پێوه‌ده‌که‌م، چونکه‌ خۆم پێوه‌ ماندووکردون و له‌هیچ کارێکم په‌شیمان نیم، زۆر مایه‌ى خۆشحاڵیم بوون، به‌ڵام وه‌ک ده‌رکه‌وتن به‌ڕه‌شه‌ى پۆلیس زیاتر ناسرام، که‌ئێستاش خه‌ڵک به‌وه‌ ده‌مناسێته‌وه‌. هاوڵاتى: بۆ کارى کۆمیدیات نابینرێت؟ ئایا ناتوانیت یان حه‌زت پێی نه‌بووه‌ کارى کۆمیدى بکه‌یت؟ سه‌میعه‌ محه‌مه‌د: حه‌زم له‌کارى کۆمیدى نییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى کارێکى جوانیشه‌، به‌ڵام هه‌ستم کردووه‌ زۆر له‌گه‌ڵ مندا ناگونجێت و هه‌ست ناکه‌م بتوانم زۆر رۆڵى کۆمیدیا ببینم، زیاتر حه‌زم له‌ڕۆڵى تراژیدیایه‌. هاوڵاتى: چ رۆڵێک به‌لاى سه‌میعه‌ محه‌مه‌ده‌وه‌ کاریگه‌رتره‌و ده‌توانێت ته‌واو رۆڵه‌که‌ به‌رجه‌سته‌ بکات؟ سه‌میعه‌ محه‌مه‌د: هه‌موو رۆڵه‌کانم پێ گونجاوه‌و ده‌توانم بینیم، به‌پێی دابونه‌ریتى کۆمه‌ڵگا بگونجێت، به‌ڵام زیاتر رۆڵى دایکێکى گه‌نجم بینیوه‌و خۆم گونجاندووه‌ له‌گه‌ڵیدا، که‌ له‌وانه‌یه‌ ده‌رهێنه‌ره‌کانیش زانیبێتیان ده‌توانم جوان به‌رجه‌سته‌ى بکه‌م، بۆیه‌ زۆرترین جار ئه‌و رۆڵه‌م پێدراوه‌. هاوڵاتى: چ مه‌رجێکت هه‌یه‌ بۆ به‌شدارى له‌درامایه‌ک؟ ئایا ماددیه‌که‌ له‌پێشتره‌ یان رۆڵه‌که‌؟ سه‌میعه‌ محه‌مه‌د: مه‌رجى تایبه‌تیم نیه‌ ته‌نیا حه‌زده‌که‌م سیناریۆکه‌ جوان بێت و له‌گه‌ڵ کلتورى ئێمه‌دا وه‌ک کورد بگونجێت، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگاکه‌ماندا بگونجێت زیاتر گرنگى به‌و کارانه‌ ده‌ده‌م، له‌لایه‌نى ماددیه‌وه‌ زۆر کێشه‌م نه‌بووه‌و هه‌موو ده‌رهێنه‌ره‌کان شایه‌تى ئه‌وه‌ن، راسته‌ مافى خۆته‌ لایه‌نى مادیش ئه‌وه‌ ماندووبونى خۆته‌، به‌ڵام سه‌ره‌تا که‌ئێمه‌ کارمان ده‌کرد وا فێرکراوین ئه‌م گرێبه‌ستانه‌ وه‌ک ئێستا نه‌بووه‌، بۆیه‌ زۆر کێشه‌م نییه‌، ته‌نیا مه‌به‌ستم ناوه‌ڕۆکى کاره‌که‌یه‌. هاوڵاتى: هه‌بووه‌ له‌کارێکدا به‌هۆى ئه‌وه‌ى لایه‌نى ماددى مه‌رجت نه‌بووه‌ هه‌قت بخورێت؟ واته‌ ناهه‌قیت به‌رامبه‌ر بکرێت؟ سه‌میعه‌ محه‌مه‌د: هه‌بووه‌و ئه‌وه‌ هه‌ر رووده‌دات له‌کارکرندا جارى وایه‌ هه‌ست ده‌که‌یت که‌سێکى تر زیاتر هه‌قى پێدراوه‌، به‌ڵام زۆر به‌که‌مى و هه‌رگیز نه‌بۆته‌ کێشه‌، له‌وانه‌شه‌ بۆ که‌سێکى تر روویدابێت، زۆربه‌ى جار هه‌قى خۆم وه‌رگرتووه‌، به‌گشتى وه‌ک ئه‌وانه‌ى تر. هاوڵاتى: رۆڵ هه‌بووه‌ حیوارێکیت به‌دڵ نه‌بێت؟ بۆت لابه‌رن؟ سه‌میعه‌ محه‌مه‌د: به‌ڵێ رۆڵ هه‌بوه‌، که‌حیوارێکیم به‌دڵ نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ خۆم و کۆمه‌ڵگاکه‌مان هه‌ستده‌که‌م ناگونجێت، داوامکردووه‌ بۆم بگۆڕن و گۆڕیویانه‌. هاوڵاتى: تاچه‌ند پێت گونجاوه‌ له‌درامایه‌کى کوردیدا بۆ نمونه‌ ماچى تێدابێت؟ ئایا نه‌گه‌یشتوینه‌ ئه‌و ئاسته‌ى ئه‌مانه‌ له‌درامایه‌کى کوردیدا هه‌بێت؟ سه‌میعه‌ محه‌مه‌د: من وه‌ک خۆم ئاماده‌نیم بیکه‌م، زیاتر په‌یوه‌ندى به‌کۆمه‌ڵگاکه‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ده‌بوایه‌ ئێمه‌ش به‌ره‌وپێش بچووینایه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵگاکانى تر، به‌ڵام تائێستا کۆمه‌ڵگاى ئێمه‌ ئه‌وانه‌ى به‌لاوه‌ ئاسایى نیه‌و ماویه‌تى بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌، بۆیه‌ کردنى بۆ ئه‌کته‌ر قورسه‌. هاوڵاتى: به‌ده‌ر له‌به‌شداریکردنت له‌کارى درامى چ کارێکى ترت کردووه‌؟ سه‌میعه‌ محه‌مه‌د: کارى شانۆیى وه‌ک یه‌که‌م کاره‌کانم کردوومه‌، به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ کارى دراما کارى چوار کورته‌ فیلم و چوار فیلمى سینه‌مایم کردووه‌، که‌زۆر حه‌زم پێیه‌تى و توانیومه‌ تیایدا سه‌رکه‌وتوو بم. هاوڵاتى: ئاستى هونه‌ر له‌چ ئاستێکدایه‌ به‌تایبه‌ت کاره‌ هونه‌ریه‌کان؟ پێتوایه‌ ئه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى مرۆییه‌ که‌ که‌مه‌ یان هاوکارییه‌کان که‌من، بۆیه‌ به‌رهه‌مى کوردیمان که‌مه‌؟ سه‌میعه‌ محه‌مه‌د: هه‌موو هونه‌رمه‌ندێک حه‌زده‌کات ئیش بکات و به‌رده‌وام کارى هه‌بێت، چونکه‌ کارى هونه‌رى ده‌چێته‌ ناخته‌وه‌، بۆیه‌ به‌رده‌وام پێویستت پێى ده‌بێت وه‌ک ئه‌کته‌ر، به‌ڵام که‌ یارمه‌تى ده‌رهێنه‌ره‌که‌ نه‌کرێت له‌ڕووى مادییه‌وه‌و هاوکارى نه‌کرێت، ئه‌ویش کار به‌چى بکات، چونکه‌ سه‌رمایه‌یه‌کى زۆرى تێده‌چێت به‌س ئێمه‌ خۆمان ده‌زانین که‌ له‌نزیکه‌وه‌ ئاگادارین، بۆیه‌ ئه‌مه‌ هه‌مووى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حکومه‌ت که‌ تاچه‌ند هاوکاره‌، ده‌بێت ده‌رهێنه‌ر خۆى سپۆنسه‌ر بدۆزێته‌وه‌و بچنه‌ لاى ده‌وڵه‌مه‌ندو کۆمپانیاکان تاکارێکیان بۆ ده‌کرێت، خۆمان ده‌زانین که‌ده‌رهێنه‌ره‌کان چیان به‌سه‌ردێت، چونکه‌ ئه‌و ساڵانه‌ى که‌ئێمه‌ کارمان ده‌کرد هونه‌رمه‌ند به‌په‌نجه‌ى ده‌ست ده‌ژمێردران، زۆر نه‌بووین، به‌ڵام ئێستا هونه‌رمه‌ند زۆره‌ که‌ هاوکارى هه‌بێت کارى زۆر جوان ده‌کرا، زۆر که‌س هه‌یه‌ حه‌زى به‌کارى زۆر باشترو جوانتره‌ به‌ڵام هاوکار نه‌بێت هیچ ناکرێت. هاوڵاتى: وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى تاچه‌ند هاوکارى هونه‌رمه‌ندان ده‌کات؟ سه‌میعه‌ محه‌مه‌د: خۆى زیاتر ده‌رهێنه‌ره‌کان به‌ر ئه‌و ناوه‌ندانه‌ ده‌که‌ون و ئه‌رکه‌که‌ى زیاتر بۆ ئه‌وانه‌، به‌ڵام که‌ له‌دووره‌وه‌ سه‌یر ده‌که‌م ئه‌وه‌ ده‌بینم که‌هاوکارییه‌کان جیاوازیان هه‌یه‌، زیاتر بۆ کاره‌ شانۆییه‌کان و فیلمه‌ سینه‌ماییه‌کان هاوکارى هه‌یه‌ نه‌ک کارێکى درامى. هاوڵاتى: پێت وایه‌ وه‌ک پێویست رێز له‌هونه‌رمه‌ندان گیراوه‌، هه‌م له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌و هه‌م حکومه‌ت و کاربه‌ه‌دستانیش؟ سه‌میعه‌ محه‌مه‌د: له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ به‌ڵى زۆر رێزمان لێده‌گیرێت، به‌ڵام له‌لایه‌نى حکومه‌ته‌وه‌، هیچمان بۆ نه‌کراوه‌، ته‌نانه‌ت رێزلێنانێکیش ناکرێت، له‌چاو وڵاتاندا زۆر جیاوازه‌.  هاوڵاتى: نوێترین کارت چییه‌؟ سه‌میعه‌ محه‌مه‌د: نوێترین کارم کارێکى فیلمى سینه‌ماییه‌، به‌ناوى (رێگا)، رۆڵى دایک ده‌بینم، که‌کاره‌کانى ته‌واو بووه‌و ئه‌م هه‌ینییه‌ له‌سینه‌ما نمایش ده‌کرێت، به‌ده‌ر له‌وه‌ش کارده‌که‌ین بۆ کارێکى درامى که‌ئێستا له‌قۆناغى سه‌ره‌تایین و هیوادارم بگونجێت و بتوانین تا دواقۆناغ به‌رهه‌مى بهێنین و به‌بینه‌ر شاد بینه‌وه‌.

سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن ڤینۆس فایه‌ق خه‌ڵکى باشوورى کوردستانه‌و به‌زمانى کوردى و عه‌ره‌بى شیعرى نووسیوه‌ و شیعره‌کانى وه‌رگێڕدراونه‌تە سه‌ر زمانى ئیسپانى و فه‌ره‌نسى، چه‌ندین دیوانه‌ شیعرى چاپکراوى هه‌یه‌، دوو رۆمانیشى بڵاوکردۆته‌وه‌. ڤینۆس فایه‌قى شاعیر ده‌ڵێت: ئه‌و ناساندنه‌ له‌لایه‌ن یۆنسکۆوه‌،  ئه‌رکى سه‌ر شانى هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان گه‌وره‌تر ده‌کات به‌پاراستنى ئه‌و ئاست و ئه‌و نازناوه‌. ڤینۆس فایه‌ق له‌چاوپێکه‌وتنه‌که‌ى له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى باس له‌وه‌شده‌کات، ئاستى ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له‌ئاستێکى باشدایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و زۆرو بۆریه‌ى هه‌یه‌، ئاستى ئه‌ده‌ب و هونه‌رى کوردى پاشه‌کشه‌ى نه‌کردووه‌. ‌هاوڵاتى: گرنگى ناساندنى سلێمانى وه‌ک شارى ئه‌ده‌ب و رۆشنبیرى له‌لایه‌ن یونسکۆوه‌ چیه‌؟ چ گڕوتینێک ده‌دات به‌ئه‌دیبان و رۆشنبیرانى سێمانی؟ ڤینۆس فایه‌ق: له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌وڵه‌کانى ونکردنى ئه‌ده‌ب و هونه‌رى کورد له‌ناو ئه‌ده‌ب و هونه‌رى داگیرکه‌راندا، میلله‌تى کورد خاوه‌نى ناسنامه‌یه‌کى ئه‌ده‌بى ده‌وڵه‌مه‌نده‌.. ئێمه‌ که‌خاوه‌نى مه‌حوی، نالی، سالم، حه‌مدى ساحێبقڕان، گۆران، کوردی، شێخ نورى شێخ ساڵح و جه‌میل سائیب و سه‌دان ناوى ترى گه‌وره‌ى بواره‌کانى ئه‌ده‌ب و هونه‌رین، نابێت شتێکى سه‌یر بێت شارى سلێمانى له‌لایه‌ن یونێسکۆوه‌ به‌شارێکى پێ‌ داهێنانى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى ده‌ستنیشان بکرێت، چونکه‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌رى کوردى هه‌موو خه‌سله‌ت و فاکته‌ره‌کانى ئه‌ده‌ب و هونه‌رى جیهانى له‌خۆیدا هه‌ڵگرتوه‌، ئه‌مه‌ بۆ خۆى دڵخۆشکه‌ره‌، پێمان ده‌ڵێت هه‌وڵ و کۆششى به‌رده‌وام و دانه‌بڕاو سه‌ریهه‌ڵداوه‌ به‌ئاڕاسته‌ى ناساندنى جیهانى ده‌ره‌وه‌ى کوردستان به‌داهێنانى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى کوردى و که‌کورد خاوه‌نى داهێنان و تازه‌گه‌ریه‌و دوور له‌ئه‌ده‌ب و هونه‌رى داگیرکه‌ره‌کانى و له‌ئاستى ئه‌ده‌ب و هونه‌رى جیهانیدا ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ى بۆ بکرێت. ئه‌م ده‌سکه‌وته‌ش به‌رپرسیارێتیه‌کانى سه‌رشانى ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نده‌کان گه‌وره‌تر ده‌کات، چونکه‌ مه‌سه‌له‌که‌ ته‌نها له‌و ده‌ستنیشانکردنه‌دا ناوه‌ستێت، به‌ڵکو پاراستنى ئه‌و ئاسته‌و به‌رده‌وامى له‌ به‌جیهانناساندنى هه‌موو تازه‌گه‌ریه‌ک و هه‌موو داهێنانێکى نوێ به‌جیهانى ده‌ره‌وه‌، ئه‌و گڕوتینه‌ش به‌ته‌نها ناکه‌وێته‌ سه‌رشانى ئه‌دیب و رۆشنبیران، به‌شێکى زۆرى به‌ر رێکخراوو دامه‌زراوه‌ چالاکه‌کانى بوارى رۆشنبیرى و ئه‌ده‌ب ده‌که‌وێت، به‌یه‌کخستنى زمانى ستانداردى کوردى و پاککردنه‌وه‌ى زمانى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى و زیاتر بایه‌خدان به‌بوارى رۆشنبیرى و رۆشنبیران به‌تایبه‌ت ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان. هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر به‌پێى ئه‌و نازناوه‌ بودجه‌ى بۆ ته‌رخان بکرێت چ بۆشاییه‌کی پێ‌ پڕده‌کاته‌وه‌؟ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى تاچه‌ند هاوکارى نووسه‌ر و ئه‌دیبان ده‌کات یان ته‌نیا هاوکارى گۆرانیبێژه‌کان ده‌کات کارى کلیپ و کۆنسێرت بکه‌ن؟ ڤینۆس فایه‌ق: پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ کێ ئه‌و بودجه‌یه‌ دابین ده‌کات و چۆنى دابین ده‌کات و له‌چیدا خه‌رج ده‌کرێ؟ له‌سه‌ر ئاستى حکومه‌ت هیچ ستراتیژو سیاسه‌تێکى وا به‌دى ناکه‌م که‌بوارى رۆشنبیرى کردبێته‌ ئامانج و به‌رپرسیارێتی. هێشتا ده‌وڵه‌ت بوارى رۆشنبیرى به‌به‌رپرسیارێتى خۆى نه‌زانیوه‌. حزب له‌شاره‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتیان ده‌ستى له‌و چالاکیانه‌دا هه‌یه‌، بودجه‌ حزب دابینى ده‌کات، له‌کاتێکدا ده‌بێت ده‌وڵه‌ت ستراتیژێکى هه‌بێت بۆ پرۆگرام و ئامانجى پرۆگرامه‌ رۆشنبیریه‌کان و ساڵانه‌ بودجه‌ به‌بێ هیچ جیاوازیه‌ک بداته‌ رێکخراوه‌کان و چالاکیه‌کان له‌سه‌ر ئاستى نیشتیمانى جێبه‌جێ بکه‌ن، وه‌زاره‌ت ده‌بێت بودجه‌ بۆ هونه‌رو ئه‌ده‌ب ته‌رخان بکات، نه‌ک بۆ شارو زۆن.. شتێکى خراپیش نیه‌ حکومه‌ت پاره‌ بۆ سازدانى کۆنسێرتى گۆرانى خه‌رج بکات، به‌ڵام ده‌بێت بپرسین: مه‌به‌ست و ئامانج له‌سازدانى ئه‌و کۆنسێرتانه‌ چیه‌؟ ئه‌گه‌ر ته‌نها پاره‌ په‌یداکردن نیه‌؟ یان بۆچى که‌گۆرانیبێژه‌ غه‌یره‌ کورده‌کان بانگهێشت ده‌کرێن زیاتر له‌هونه‌رمه‌نده‌کانى خۆمان رێزیان لێده‌گیرێت و بودجه‌یه‌کى زه‌به‌لاح له‌کۆنسێرته‌کانیاندا خه‌رج ده‌کرێت، له‌کاتێکدا هونه‌رمه‌ندى کورد هه‌ن چه‌ندین ساڵه‌ به‌سه‌ر نه‌کراونه‌ته‌وه‌و باسیش ناکرێن، ئه‌مه‌ش له‌بوارى ئه‌ده‌بدا به‌هه‌مان شێوه‌یه‌، هێنده‌ى بایه‌خ به‌نووسه‌رو شاعیرێکى فارس و تورک ده‌درێت هێنده‌ بایه‌خ به‌ئه‌دیبه‌کانى خۆمان نه‌دراوه‌. ئێمه‌ که‌خاوه‌ن ئه‌و میتۆلۆژیا و ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ین ده‌بێت له‌ناو خۆماندا به‌رز خۆمان بنرخێنین بۆ ئه‌وه‌ى جیهانى ده‌ره‌وه‌ به‌چاوێکى بێ‌ بایه‌خ و نرخ لێمان بڕوانن.   ‌هاوڵاتى: له‌ئێستادا ئاستى ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌ڕاى به‌ڕێزت چۆنه‌؟ ڤینۆس فایه‌ق: تاڕاده‌یه‌کى باش ئه‌ده‌ب و هونه‌رى کوردى له‌ئاستێکى باشدا ده‌بینم، به‌ده‌ر له‌و ره‌خنانه‌ش که‌هه‌مانه‌، به‌م ساڵانه‌ى دوایى کرانه‌وه‌یه‌کى باش هه‌یه‌ له‌و دوو بواره‌دا به‌ڕووى جیهاندا، گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ى له‌دنیاى ده‌ره‌وه‌ ته‌نها به‌میلله‌تێکى زوڵملێکراو ژێرده‌سته‌و چه‌وساوه‌ پێناسه‌مان ناکه‌ن، به‌ڵکو وه‌کو میلله‌تێکى خاوه‌ن مێژوویه‌کى داهێنانى ئه‌ده‌بى ده‌وڵه‌مه‌ند ناومان ده‌به‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌و دوو بواره‌ زۆرى و بۆرى پێوه‌ دیاره‌، به‌ڵام له‌کۆتاییدا ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌مێننه‌وه‌ که‌ ره‌سه‌ن و حه‌قیقین. ‌هاوڵاتى: ئایا به‌به‌راورد به‌پێشوو ئاسته‌که‌ پاشه‌کشه‌ى کردووه‌؟ که‌پاشه‌کشه‌ى کردووه‌ کێ به‌رپرسیاره‌؟ ڤینۆس فایه‌ق: له‌گه‌ڵ ئه‌و زۆرو بۆریه‌ى که‌هه‌یه‌، باوه‌ڕم وانیه‌ ئاستى ئه‌ده‌ب و هونه‌رى کوردى پاشه‌کشه‌ى کردبێت، بگره‌ به‌ره‌وپێشچوونى باشى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، چونکه‌ ده‌نگى باش و ره‌سه‌ن هه‌ن و خزمه‌ت ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر که‌میش بن یان بایه‌خیشیان پێ نه‌درابێت، به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى کرچ و کاڵ هه‌موو کات و له‌هه‌موو دونیا هه‌ن، ئه‌وه‌ش ناکاته‌ ئه‌وه‌ى ئه‌ده‌بى کوردى پاشه‌کشه‌ بکات، چونکه‌ ئه‌مڕۆ هه‌موو ئه‌دیبێک و هونه‌رمه‌ندێک که‌ بۆ خۆى ده‌نگێک و حزوورێکه‌، خۆى به‌رپرسه‌ له‌وه‌ى داکۆکى له‌ئه‌ده‌به‌که‌ى بکات. هاوڵاتى: به‌به‌راورد به‌ساڵانى پێشوو مێژووى سلێمانى شاعیرێکى زۆری هه‌بوو؟ دۆخى ئه‌ده‌ب سه‌رده‌مى زێڕینى خۆى تێپه‌ڕاندووه‌؟ ڤینۆس فایه‌ق: ئه‌ده‌ب سه‌رده‌م تێناپه‌ڕێنێت، گه‌شه‌ده‌کات و ده‌چێته‌ قۆناغێ تازه‌وه‌.. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى که‌ به‌ «زێڕین» پێناسه‌ت کردووه‌ تاڕادده‌یه‌ک له‌هه‌موو بواره‌کانى ترى داهێناندا بوونى نه‌ماوه‌، نه‌ک له‌کوردستان به‌ڵکو له‌دونیاى ده‌ره‌وه‌ شتێک نه‌ماوه‌ به‌ناوى (قوتابخانه‌ هونه‌رى و شیعریه‌کان)ه‌وه‌، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ئێستا ته‌نها (شیعر)ه‌، ئه‌وه‌ى ده‌یهێڵێته‌وه‌ ته‌کنیک و قیمه‌تى ئه‌ده‌بى و بیناى قه‌سیده‌و وێنه‌ى شیعرى و زمانێکى ده‌وڵه‌مه‌ندو ته‌عبیرى فراوان و هه‌ندێ ورده‌کارى تر. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى ببین به‌شاعیرێکى باش، ده‌بێت به‌مێژووى ئه‌ده‌بى میلله‌ته‌کەمان ئاشنا بین و زانیاریمان هه‌بێت، ده‌بێت بیانخوێنینه‌وه‌ و لێیان تێبگه‌ین، هه‌مان شت بۆ بوارى هونه‌ریش راسته‌. بۆ ئه‌وه‌ى ببین به‌هونەرمه‌ندێکى باش ده‌بێت هونه‌رمه‌نده‌کانى پێش خۆمان به‌مامۆستاى خۆمان بزانین و شاره‌زاییمان له‌قوتابخانه‌ هونه‌ریه‌کاندا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى خه‌سڵه‌تى هونه‌رى خۆمان بدۆزینه‌وه‌. ‌هاوڵاتى: خۆت چۆن بوو چویته‌ بوارى هونه‌رى و دنیاى شیعره‌وه‌؟. له‌سه‌ر چ رێبازێک شیعر ده‌نووسی؟ ڤینۆس فایه‌ق: شیعر دونیایه‌ک نیه‌ بڕیار بده‌ین بچینه‌ ناویه‌وه‌. شیعر ئه‌و دونیایه‌یه‌ که‌ له‌ناوماندایه‌، له‌گه‌ڵى له‌دایک ده‌بین، وه‌کو ده‌نگخۆشی، گۆرانیبێژ ده‌نگێکى ده‌ره‌وه‌ى خۆى به‌کارناهێنێت یان ده‌نگ قه‌رز ناکات، به‌ڵکو به‌ده‌نگێکى خۆشه‌وه‌ هاتۆته‌ دونیاوه‌ شیعر نووسینیش ئاوه‌هایه‌، تۆ له‌دایک ده‌بیت و ئاماژه‌کانى خولیاى شیعر نووسینت لێ دیارى ده‌دات، من دونیاى شیعرم بۆ خۆم هه‌ڵنه‌بژاردوه‌، به‌ڵکو هه‌ر له‌منداڵیه‌وه‌ دێڕه‌ شیعره‌کان زیاتر له‌هه‌موو جۆرێکی تر له‌نووسین سه‌رنجیان راکێشاوم، له‌هه‌موو شتێکیش زیاتر شیعرم نووسیوه‌، شیعره‌کانیشم پابه‌ند نین به‌هیچ رێبازێکى کۆن، به‌ڵکو ده‌توانى له‌ژێر خانه‌ى (ده‌قى کراوه‌) پۆلێنى بکه‌یت. له‌گه‌ڵ شیعر نووسیندا ژیانکردنێکى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ به‌دیوه‌ سیحراویه‌که‌یدا ئه‌زمون ده‌که‌م ‌هاوڵاتى: شیعر بۆ چى ده‌نووسی؟ ڤینۆس فایه‌ق: شیعر نووسین ژیانکردنێکى ناوازه‌یه‌ له‌ناو لاپه‌ڕه‌کانى ده‌فته‌رى شیعره‌کانماندا، له‌گه‌ڵ شیعر نووسیندا ژیانکردنێکى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ به‌دیوه‌ سیحراویه‌که‌یدا ئه‌زمون ده‌که‌م. شیعر نووسین بۆ من دروستکردنى هاوسه‌نگیه‌ له‌نێوان واقیعه‌ حه‌قیقیه‌که‌و خه‌یاڵمان، واقیع ده‌بێته‌ خه‌یاڵ و بۆ چرکه‌یه‌کیش بێت خه‌یاڵ وه‌کو واقیعى لێدێت، شیعر شته‌ ناشرینه‌کان بۆ جوانى ده‌گۆڕێت.. شیعر له‌ناو شته‌ بێزارکه‌رو نه‌ریتیه‌کاندا جوانترین ماناکان ده‌دۆزێته‌وه‌، دواجار شیعر بۆ خۆم ده‌نووسم، هه‌ندێک جاریش شیعر ده‌بێته‌ تێراپیه‌ک (چاره‌سه‌رى سروشتی) بۆ ده‌روون و هه‌ستم، بۆ ساتێکیش بێت دوور دوورم ده‌خاته‌وه‌و ده‌چمه‌ جیهانێکه‌وه‌ به‌ته‌نها خۆمم، به‌بێ رتوش، به‌بێ هیچ زیادو که‌م، شیعر نووسین بۆ من موماره‌سه‌کردنى ئه‌و ئازادیه‌یه‌ که‌ له‌مێشکمدایه‌و باوه‌ڕم پێیه‌تى و له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع راستگۆیانه‌ خۆمم له‌گه‌ڵی. ‌هاوڵاتى: چ هه‌ستێکت له‌ڕێگه‌ى شیعر نووسینه‌وه‌ به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌؟ ڤینۆس فایه‌ق: شیعر نووسین هه‌موو جارێک به‌تاڵمان ناکاته‌وه‌، هه‌ندێک جار پڕمانده‌کاته‌وه‌، کاتێک له‌ناو پڕوپووچیه‌کانى ژیاندا ونده‌بین و ده‌بینه‌وه‌ به‌ده‌موچاوێک وه‌کو هه‌موو ده‌موچاوه‌کانى تر، ره‌قه‌مێک له‌ناو ره‌قه‌مه‌کانى تر، گیایه‌ک به‌ ریز هه‌موو گیاکانى تره‌وه‌، ئه‌وه‌ شیعره‌ ده‌مانکاته‌ بوونه‌وه‌رێکى بینراوو نه‌بینراو له‌یه‌ک کاتدا، ده‌مانکاته‌ ئه‌و ده‌موچاوه‌ى که‌ له‌ناو شیعره‌کانماندایه‌، ده‌مانکاته‌وه‌ خۆمان، ده‌مانکاته‌ گه‌ڵایه‌کى پایزه‌ له‌ناو دێڕى شیعرێکدا.. بۆ ئه‌وه‌ى خۆت به‌شاعیر بزانیت پێویستیت به‌بڕێکى زۆر له‌ڕاستگۆیى هه‌یه‌، شیعر دوو روویى و درۆ قبوڵ ناکات، من ئه‌و کاتانه‌ په‌رۆشیم بۆ نووسینى قه‌سیده‌یه‌ک زیاد ده‌کات که‌سیخناخ ده‌بم له‌خۆم و له‌ده‌نگ و ره‌نگ و شته‌ نه‌بینراوه‌کانى ده‌وروبه‌رم که‌ته‌نها خۆم ده‌یانبینم، که‌زمانى قسه‌کردنى ئاسایى به‌هانامه‌وه‌ نایه‌ت بۆ ده‌ربڕین، ئیتر په‌نا بۆ شیعر ده‌به‌م و پڕ ده‌بمه‌وه‌ له‌وزه‌و له‌سیحر... هاوڵاتى: کۆڕى شیعریت پێ چۆنه‌؟ خۆت گوێ‌ ده‌گری؟ ڤینۆس فایه‌ق: شتێکى باشه‌ شاعیر ناو به‌ناو شیعره‌کانى له‌کۆڕه‌ شیعریه‌کاندا له‌گه‌ڵ هه‌وادارانیدا به‌ش بکات، به‌ڵام من به‌مدواییه‌ هه‌ست ناکه‌م گوێگرى جیددى شیعرمان مابێت.. خوێندنه‌وه‌ى شیعر جیایه‌ له‌گوێگرتن له‌شیعر،، به‌مدواییه‌ وام هه‌ستکردوه‌ کۆڕى شیعرى زیاتر ده‌بێته‌ بۆنه‌یه‌ک بۆ یه‌کتر بینین و کات به‌سه‌ربردن و خۆبه‌تاڵکردنه‌وه‌ له‌قسه‌و باس نه‌ک گوێگرتن له‌شیعر، هه‌ر بۆیه‌ له‌ئێستادا ئه‌زمونى (سالۆنى شیعری)م به‌لاوه‌ په‌سه‌نده‌ له‌سه‌ر شێوه‌ى سالۆنه‌ ئه‌ده‌بیه‌که‌ى (مه‌ى زه‌یاده‌) که‌ ته‌نها ئه‌و که‌سانه‌ى بۆ بانگهێشت ده‌کرا که‌بایه‌خیان بۆ ئه‌ده‌ب هه‌بوه‌و له‌پاڵ شیعر خوێندنه‌وه‌، هه‌واڵى ئه‌ده‌بیان گۆڕیوه‌ته‌وه‌و باس و خواسى بوارى ئه‌ده‌بیان تاووتوێکردوه‌. هاوڵاتى: پێم وابێت شیعره‌کانت وه‌رده‌گێڕیته‌ سه‌ر زمانى تریش بێجگه‌ له‌کوردی؟. یان به‌عه‌ره‌بى شیعر ده‌نووسی؟ ڤینۆس فایه‌ق: به‌هه‌ردوو زمانى کوردى و عه‌ره‌بى شیعر ده‌نوسم و بڵاوده‌که‌مه‌وه‌، زۆرێک له‌شیعره‌ عه‌ره‌بیه‌کانم بۆ زمانه‌کانى هۆڵه‌ندی، ئه‌ڵمانی، فه‌ره‌نسی، ئیسپانی، عیبری، فارسى و ئینگلیزى وه‌رگێڕدراون. یه‌که‌مین ده‌قى شیعرى و زۆرترین ده‌قى شیعریم به‌زمانى عه‌ره‌بى نووسیومه‌، ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ قۆناغه‌کانى خوێندنم هه‌تا زانکۆى به‌غدا به‌شى فه‌لسه‌فه‌ى کۆلیژى ئه‌ده‌بیات به‌زمانى عه‌ره‌بى بووه‌. جگه‌ له‌وه‌ زۆرترین کتێبه‌کانى خوێندومنه‌وه‌ته‌و ده‌یانخوێنمه‌وه‌ به‌زمانى عه‌ره‌بین. ‌هاوڵاتى: کتێبى نوێت هه‌یه‌ له‌سه‌ر شیعر؟ ماوه‌یه‌که‌ به‌رهه‌مت که‌متر ده‌بینرێت؟ پڕۆژه‌ى تازه‌ت چییه‌؟ ڤینۆس فایه‌ق: کۆمه‌ڵه‌ شیعرێکى نوێم به‌زمانى عه‌ره‌بى ئاماده‌یه‌ بۆ چاپ، هه‌روه‌ها دوه‌م رۆمانم به‌ زمانى کوردى به‌مزوانه‌ ته‌واو ده‌بێت و چاپى ده‌که‌م، ماوه‌یه‌که‌ تاقه‌تى زۆر نووسینم نه‌ماوه‌، ساڵانێکى زۆر چه‌ندین گۆشه‌م له‌چه‌ندین رۆژنامه‌ و گۆڤار ده‌نووسی، ئێستاش له‌ترسى دزینى ده‌ق حه‌ز ناکه‌م زۆر لەده‌قه‌ بڵاونه‌کراوه‌کانم له‌فەیسبوک بڵاوبکه‌مه‌وه‌، که‌م تا زۆر له‌هه‌ندێ رۆژنامه‌ بابه‌تى ئه‌ده‌بى ده‌نووسم به‌گشتى له‌باره‌ى ئه‌ده‌به‌وه‌. هاوڵاتى: به‌چییه‌وه‌ سه‌رقاڵى به‌ده‌ر له‌شیعر نووسین؟ ڤینۆس فایه‌ق: به‌ده‌ر له‌وه‌ى سه‌ره‌وه‌ باسم کردن، زیاتر به‌وه‌رگێڕان و کارى خۆبه‌خشیه‌وه‌ سه‌رقاڵم، هیچ کارێک بۆ ده‌سکه‌وت و داهات ناکه‌م.

سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، شاعیر رایده‌گه‌یه‌نێت ناساندنی سلێمانى وه‌کو شاری داهێنه‌رى ئه‌ده‌ب لە لایەن رێکخراوى یونسکۆوه‌ گڕوتین ده‌دات به‌ئه‌دیبان و رۆشنبیرانى کورد له‌هه‌ر شوێنێکى دنیا. که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت «بڕوانه‌ ئێمه‌ چه‌ند دڵخۆشین به‌وه‌ى سنه‌ شارى داهێنانى هونه‌رییه‌ لاى یونسکۆ، بێگومان ئه‌وانیش خۆشحاڵن سلێمانى شارى داهێنانى ئه‌ده‌بییه‌ هه‌موو کوردێک واى لێ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ئه‌م هه‌نگاوه‌ هانیبدات بۆ گه‌یاندنى شارو وڵاته‌که‌ى به‌ئاستى رێزلێنراو له‌چاوى جیهاندا. که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، له‌شارى که‌رکوک له‌دایک بووه‌و له‌شارى سلێمانى ژیاوه‌، ساڵى 1986 تێکه‌ڵ به‌ژیانى نووسین بووه‌و له‌ساڵه‌کانى 1992 تا 2008 له‌زۆربه‌ى بواره‌کانى میدیاى کوردیدا کاریکردووه‌ به‌ رادیۆو رۆژنامه‌و گۆڤارو ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌، داهاتى دیوانێکى بۆ که‌سوکارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان خه‌رج کردووه‌و چه‌ندین به‌رهه‌مى ترى هه‌یه‌ که‌وه‌رگێڕدراونه‌ته‌ سه‌ر زمانى ئینگلیزى و عه‌ره‌بى و نه‌رویجى. که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، له‌چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى ‌هاوڵاتى ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات له‌ئێستادا شاعیرى تازه‌ى باشمان هه‌یه‌، پێیوایه‌ شاعیره‌ کۆنه‌کانیش ماوه‌یه‌کیان ویستووه‌ تاگه‌یشتون به‌و ئاسته‌، ده‌ڵێت «نابێت په‌له‌ له‌نه‌وه‌ى نوێى شیعر بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌بدرێت بشکوتێن». ‌هاوڵاتى: گرنگى ناساندنى سلێمانى وه‌ک شارى ئه‌ده‌ب و رۆشنبیرى له‌لایه‌ن یونسکۆوه‌ چییه‌؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: ناساندنى شارى سلێمانى له‌لایه‌ن رێکخراوى یونسکۆ له‌بوارى ئه‌ده‌بدا به‌شێوه‌یه‌کى فه‌رمیی، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کى جیهانیى پڕ بایه‌خه‌ بۆ ئاستى رۆشنبیریى رابردوو، ئێستاو ئاینده‌ى ئه‌م شاره‌ زیندووه‌ى کوردستان، ئه‌وه‌ى شانازییه‌که‌یشمان ده‌کات به‌ دوو هێنده‌ ئه‌وه‌یه‌، شارى سنه‌ى ده‌سته‌خوشکى سلێمانیش وه‌ک یه‌کێک له‌شاره‌ داهێنه‌ره‌کان له‌بوارى میوزیکدا تۆمارکراوه‌، له‌کۆى ئه‌م هه‌نگاوه‌شدا دڵخۆشم خاتوو ئالان مارى لیڤنسۆن لابروس و دێڤدى هاوسه‌رى رۆڵى گرنگیان هه‌بووه‌و خاوه‌نى بیرۆکه‌ى ده‌ستنیشانکردنى سلێمانى بوون وه‌ک شارى داهێنانى ئه‌ده‌بیى له‌لایه‌ن رێکخراوى یونسکۆ. هاوڵاتى: له‌وانه‌یه‌ که‌سانێک بپرسن ناساندنى سلێمانى له‌لایه‌ن یۆنسکۆوه‌ چى ده‌خاته‌سه‌ر خه‌رمانى سه‌روه‌رییه‌کانى شارى سلێمانی؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: وه‌ک نووسه‌رێکى مێ  که‌ساڵانێکه‌ له‌بوارى ئه‌ده‌بدا به‌هه‌موو توانایه‌که‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌م، گرنگیى بڕیاره‌که‌ى یونسکۆ له‌وه‌دا ده‌بینم که‌دانپێدانانێکى جیهانییه‌ به‌مێژووى کۆن و نوێى داهێنانى ئه‌ده‌بیى له‌شارى سلێمانیدا که‌پایته‌ختى رۆشنبیریى هه‌رێمى کوردستانه‌و له‌دامه‌زرانیه‌وه‌ تا به‌ئه‌مڕۆ ده‌گات شارى داهێنه‌ره‌ گه‌وره‌کانى کوردستانه‌، وه‌ک چۆن هه‌ولێر به‌قه‌ڵاکه‌ى چۆته‌ ناو مێژووى کاره‌کانى یونسکۆ، سلێمانى به‌داهێنانه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانیه‌وه‌ ناوى له‌لیستى شاره‌ داهێنه‌ره‌کانى جیهاندایه‌. هاوڵاتى: ئه‌م ناساندنه‌ چ گڕوتینێک ده‌دات به‌ئه‌دیبان و رۆشنبیرانى سێمانی؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: پێموایه‌ گڕوتین ده‌دات به‌ئه‌دیبان و رۆشنبیرانى کورد له‌هه‌ر شوێنێکى دنیابن، بڕوانه‌ ئێمه‌ چه‌ند دڵخۆشین به‌وه‌ى سنه‌ شارى داهێنانى هونه‌رییه‌ لاى یونسکۆ، بێگومان ئه‌وانیش خۆشحاڵن سلێمانى شارى داهێنانى ئه‌ده‌بییه‌ هه‌موو کوردێک واى لێ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ئه‌م هه‌نگاوه‌ هانیبدات بۆ گه‌یاندنى شارو وڵاته‌که‌ى به‌ئاستى رێزلێنراو له‌چاوى جیهاندا. هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر به‌پێى ئه‌و نازناوه‌ بودجه‌ى بۆ ته‌رخانبکرێت چ بۆشاییه‌ک پڕ ده‌کاته‌وه‌؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: نازانم نازناو بودجه‌ى بۆچییه‌؟!، له‌وڵاتێکدا که‌هاووڵاتییه‌کانى تائێستاش له‌واده‌ى خۆیدا مووچه‌ وه‌رناگرن؟! راستى حه‌زم به‌گوێگرتن له‌ناوهێنانى بودجه‌یش نیه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌رگیز به‌باشى بۆ ئه‌و به‌رنامانه‌ خه‌رج ناکرێت که‌ده‌کرێته‌ هه‌نجه‌ت بۆ وه‌رگرتنی. هاوڵاتى: له‌ئێستادا ئاستى ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له‌چ ئاستێکدایه‌ به‌ڕاى به‌ڕێزت؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: ئه‌ده‌بیاتى ئێمه‌ له‌قۆناغى خۆناساندن و چوونه‌ ناو دنیاى ئه‌ده‌بیاتى جیهاندایه‌و خوێنه‌رانى غه‌یرى کوردیش پێى سه‌رسامن، هه‌ربۆیه‌ بێمانایه‌ خۆمان به‌که‌متر داهێنه‌ر له‌نووسه‌رانى دنیا بزانین، هه‌ر بۆ نموونه‌ نووسه‌رێکى وه‌ک به‌ختیار عه‌لى توانیویه‌تى به‌به‌رهه‌مه‌کانى جێگاى گرنگیى پێدانى خوێنه‌رى ئه‌ڵمانیى بێت و بێجگه‌ له‌به‌ده‌ستهێنانى خه‌ڵاتى نیلى زاکسى ئه‌ده‌بیى له‌ئه‌ڵمانیا، رۆژنامه‌و بڵاوکراوه‌کانى ئه‌و وڵاته‌ به‌سه‌رسامییه‌وه‌ باس له‌ڕۆمان و شیعره‌کانى ده‌که‌ن. هاوڵاتى: ئایا به‌به‌راورد به‌پێشوو ئاسته‌که‌ پاشه‌کشه‌ى کردووه‌؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: ئه‌ى ئه‌وه‌ نییه‌ دیوانى وه‌رگێڕدراو بۆ ئینگلیزیى مامۆستا عه‌بدوڵڵا په‌شێوو دیوانى من له‌ئه‌مریکا چاپ و بڵاو ده‌بێته‌وه‌،  بۆیه‌ پێم وایه‌ ئه‌وانه‌ هه‌ست ده‌که‌ن ئه‌ده‌بى کوردیى پێشنه‌که‌وتووه‌  ئه‌وانه‌ن که‌ بۆ خۆیان و ئه‌ده‌به‌که‌یشیان له‌سنوورى چایخانه‌و کافتریا ئه‌ده‌بییه‌کانیان ته‌جاوزیان نه‌کردووه‌، هه‌ر بۆیه‌ پێم وانییه‌ ئاستى ئه‌ده‌بیمان له‌چاو رابردوودا پاشه‌کشه‌ى کردبێت. هاوڵاتى: به‌به‌راورد به‌ساڵانى پێشوو مێژووى سلێمانى شاعیرێکى زۆری هه‌بوو؟ ئێستا پێت چۆنه‌؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: ژماره‌ى شاعیرو نووسه‌ره‌کان ئاماژه‌ نین بۆ باشیى دۆخى ئه‌ده‌بیمان، بۆ داهێنان چۆنێتى گرنگه‌ نه‌ک چه‌ندایه‌تی، با ژماره‌ى شاعیرانى کورد زۆریشبن خۆ هه‌موویان ناتوانن گۆران یان شێرکۆ بێکه‌س بن بۆ ئه‌ده‌بى کوردیمان، وه‌ک چۆن له‌دنیاى ئه‌ده‌بدا یه‌ک شکسپیرو له‌بوارى هونه‌ردا یه‌ک داڤنشى هه‌یه‌، یه‌ک نالى و یه‌ک مه‌لاى جزیریى و یه‌ک مه‌ستووره‌، یه‌ک کامکاره‌کان و یه‌ک عه‌لى مه‌ردان و یه‌ک ئه‌یاز زاخۆیى و یه‌ک محه‌مه‌د شێخۆ و یه‌ک ئه‌حمه‌د کایه‌ هه‌ن، که‌واته‌ کێشه‌که‌ که‌مى و زۆریى ژماره‌ى ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نده‌کان نییه‌، گرنگ تایبه‌تمه‌ندیى تاک و بێوێنه‌ى داهێنه‌ره‌کانه‌. هاوڵاتى: دۆخى ئه‌ده‌ب سه‌رده‌مى زێڕینى خۆى تێپه‌ڕانددووه‌؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: له‌سه‌ره‌تاى راپه‌ڕینى ساڵی 1991ـەوه‌ تا ئه‌م ساڵانه‌ى دواییش هه‌رده‌م ده‌وترێت ساڵى هه‌شتاکان سه‌رده‌مى زێڕینى ئه‌ده‌ب و داهێنان بووه‌، کاتى ئه‌وه‌ هاتووە قسه‌یه‌کى جیاواز له‌م بۆچوونه‌ دووباره‌و سواوه‌ بکه‌ین، ئه‌م قۆناغه‌ى ئه‌ده‌بیاتى کوردیى سه‌رده‌مى زێڕینه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌موو په‌نجه‌ره‌و ده‌رگاو سنووره‌کانى جیهان به‌ڕووى نووسین و کاره‌کانماندا ئاوه‌ڵایه‌، جاران ده‌نگمان هه‌ر ده‌گه‌یشته‌ ئاماده‌بووانى کۆڕه‌که‌مان له‌گوندو شاره‌که‌ى خۆماندا، ئێستا خوێنه‌ره‌کانمان له‌وڵاتانى گه‌وره‌و به‌هێزى دنیاوه‌ هاوارده‌که‌ن به‌نووسین و بۆچوونمان سه‌رسامن، بۆچى گرنگ نییه‌ ئه‌ده‌بمان خه‌ریکه‌ جێگا ده‌ستى خۆى له‌سه‌ر نه‌خشه‌ى ئه‌ده‌بیاتى جیهانیى به‌جێده‌هێڵێت که‌ئه‌مه‌ شتێکه‌ باپیره‌و داپیره‌ گه‌وره‌کانى ئه‌ده‌بیاتى کوردیى له‌خه‌ونیشدا نه‌یانبینیوه‌. هاوڵاتى: ‌ئێستا خۆت وه‌ک شاعیر سه‌رقاڵى چیت؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: ئێستا له‌ئه‌ڵمانیام له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارو که‌سانى دیارى ئه‌و وڵاته‌وه‌ پێشوازى لێکراوم و کۆڕم کردووه‌، له‌شارى ئیسن ژنه‌ چالاک و خۆبه‌خشه‌کانى قوتابخانه‌ى کوردیى کۆڕێکى شیعرییان بۆ رێکخستم به‌ناونشانی (سۆزێک له‌نیشتمانه‌وه‌ بۆ تاراوگه‌)و یانه‌ى کوردى میدیا له‌ئه‌مستردام له‌هۆڵه‌ندا کۆڕه‌ شیعرێکى ناوازه‌ى بۆ رێکخستم، له‌شارى کۆڵن له‌ئه‌ڵمانیا کۆڕه‌ شیعرم کردووه‌ به‌ناوى (شه‌ماڵى نیشتمان و غوربه‌تى تاراوگه‌) هه‌روه‌ها له‌شارى بۆن و زۆر شوێنى تر که‌زیاتر سه‌رقاڵى ئه‌وانه‌م له‌ئێستادا، پرۆژه‌ى نوێم کۆڕێک ده‌بێت له‌سویدو دواترش له‌فرانکفۆرد که‌گه‌ڕایشمه‌وه‌ بۆ کودستان کتێبه‌که‌م به‌ناوى (له‌شانشینه‌وه‌) که‌ سه‌باره‌ت به‌کوردى ئه‌رده‌نه‌ بڵاوده‌که‌مه‌وه‌.   هاوڵاتى: رات چییه‌ سه‌باره‌ت به‌شاعیره‌ تازه‌کان؟ پێت وایه‌ توانیویانه‌ خه‌رمانى ئه‌ده‌بى کوردى و سلێمانى به‌ره‌وپێشه‌وه‌ به‌رن؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: هه‌ندى له‌شاعیره‌ گه‌نجه‌کان نووسینه‌کانیان جێگاى تێڕامانه‌، په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کیاندا هه‌یه‌و بیروڕا ده‌گۆڕینه‌وه‌ به‌تایبه‌تى له‌گه‌ڵ خانمه‌کان، پێم وایه‌ شاعیره‌ دێرینه‌کانیش پێویستیان به‌ساڵانێکى زۆر هه‌بووه‌ تا بوون به‌ناوو ناسراون، بۆیه‌ هه‌قه‌ په‌له‌ له‌و نه‌وه‌ نوێیه‌ى شیعر نه‌که‌ین و رێگه‌ بده‌ین بپشکوێن ئینجا داواى بۆنى خۆشى داهێنان و شیله‌ى هه‌نگه‌کانى کاریگه‌ربوونیان لێبکه‌ین. هاوڵاتى: شیعرت بۆ سلێمانى نووسیوه‌؟ دوو دێڕه‌ شیعرت بۆ سلێمانى؟ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د:  سلێمانی ئه‌ی رسـتێ‌ مرواریی رژاوی ناو له‌پی نیوه‌ی شه‌و به‌رامبه‌ر دڵانی داگه‌ڕا‌و به‌جاده‌ی ئه‌زمڕتا تۆ موچڕکی فێنکی ئه‌و عه‌شقه‌ی که‌س نه‌یدیووه‌ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ عاشقته‌ ده‌مه‌وێت بشڵێم؛ خۆزگه‌ ئێمه‌ش چ وه‌ک نووسه‌رو چ وه‌ک دامه‌زراوه‌ى ئه‌ده‌بیى و رۆشنبیریى بتوانین له‌ئاستى ئه‌و نازناوه‌ شایسته‌یه‌دا بین و رۆشنبیریى و داهێنانى ئه‌ده‌بیى به‌ره‌و ئاستى باڵاتر ببه‌ین.  

هاوڵاتى له‌به‌شی «نمایشکردنی تایبه‌ت»ی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی «سلێمانی» له‌ژێر ناونیشانی «شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی»؛ پێنج به‌ڵگه‌فیلمی درێژ له‌ده‌رهێنه‌رانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان نمایش کران‌. بەپێی راپۆڕتی لیژنەی راگەیاندنی گشتیی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، له‌به‌شی «نمایشکردنی تایبه‌ت»ی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی «سلێمانی» Slemani له‌ژێر ناونیشانی «شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی»؛ پێنج به‌ڵگه‌فیلمی درێژ له‌ده‌رهێنه‌ره‌کانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌وانه‌؛ «شوێنکه‌وتنی مه‌رجان»، «چیرۆکێکی ناخۆش: راسته‌قینه‌ی گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات»، «جه‌نگاوه‌رانی هه‌وا»، «سه‌هۆڵی ئاگرین»و «سه‌یروسه‌مه‌ره‌کانی ده‌ریا» له‌هۆڵه‌کانی سیتی سینه‌ما» له‌شاری سلێمانی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری هه‌رێمی کوردستان نمایشکرا‌ن. ئه‌و پێنج به‌ڵگه‌فیلمه‌ی که‌ له‌به‌شی «شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی» Earth Cancer له‌چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی «سلێمانی» چوونه‌سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما، بریتین له‌؛به‌ڵگه‌فیلمی «شوێنکه‌وتنی مه‌رجان» Chasing Coral له‌ده‌رهێنانی «جێف ئۆرلوسکی» Jeff Orlowski له‌وڵاتی ئه‌مه‌ریکا بۆ ماوه‌ی (93) خوله‌ک، به‌ڵگه‌فیلمی «چیرۆکێکی ناخۆش: راسته‌قینه‌ی گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات» An Inconvenient Sequel: Truth to Power له‌ده‌رهێنانی «جۆن شێنک» Jon Shenk   و «بۆنی کۆهن» Bonni Cohen له‌وڵاتی ئه‌مه‌ریکا بۆ ماوه‌ی (99) خوله‌ک، به‌ڵگه‌فیلمی «جه‌نگاوه‌رانی هه‌وا» Climate Warriors له‌ده‌رهێنانی «کارل ـ ا فێچنه‌ر» Carl-A. Fechner و «نیکۆلیا نیمان» Nicolai Niemann له‌وڵاتانی ئه‌ڵمانیا، به‌لژیک و ئه‌مه‌ریکا بۆ ماوه‌ی (86) خوله‌ک، به‌ڵگه‌فیلمی «سه‌هۆڵی ئاگرین» Ice on Fire له‌ده‌رهێنانی «له‌یلا کۆنرێس» Leila Conners له‌وڵاتانی ئه‌مه‌ریکا، کاستاریکا، کرۆڤاسی، فه‌ره‌نساو ئه‌ڵمانیا بۆ ماوه‌ی (98) خوله‌ک و به‌ڵگه‌فیلمی «سه‌یروسه‌مه‌ره‌کانی ده‌ریا» Wonders of the Sea له‌ده‌رهێنانی «ژان ـ میشێل کۆستێئۆ» Jean-Michel Cousteau و «ژان ژاکوس مانتێلۆ» Jean-Jacques Mantello له‌وڵاتانی ئه‌مه‌ریکاو فه‌ره‌نسا بۆ ماوه‌ی (82) خوله‌ک. چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی «سلێمانی» له‌لایه‌ن کۆمپانیای سینه‌مایی «مه‌ستی فیلم» به‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی «فوئاد جه‌لال»، به‌سه‌رۆکایه‌تی «مه‌لا به‌ختیار» به‌رپرسی به‌شی پاڵپشتیی فێستیڤاڵ‌، به‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ریی «دانه‌ر عومه‌ر فارس» و به‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رنامه‌داڕشتنی خاتوو «لینا ره‌زا»و به‌نمایشکردنی (134) فیلم لەده‌رهێنه‌ره‌کانی (٧9) وڵاتی جیهان؛ له‌ دوو به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی «سینه‌مای جیهان» (نێوده‌وڵه‌تی)و به‌شی رکابه‌ریی «سینه‌مای کوردی» (نه‌ته‌وه‌یی) و هه‌روه‌ها سازدانی وۆرکشۆپه‌کانی پیشه‌یی و پسپۆڕانه‌ی سینه‌مایی و کۆڕو کۆبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش؛ به‌دروشمی «شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی» له‌ پێنج هۆڵی «سیتی سینه‌ما»، «سینه‌ما سالم»، هۆڵی «ئه‌منه‌ سووره‌که‌« و هه‌روه‌ها له‌ته‌لاری «هونه‌ر» له‌شاری سلێمانی له‌هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

  ‌هاوڵاتى نەستەرەن جەواد نیا خاتوونە ئەکتەری کرماشانی، وەک باشترین ئەکتەری ژن لە فستیڤاڵی شانۆی دەربەندیخان خەڵات کرا. نەستەرەن جەواد نیا لەفستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی دەربەندیخان وەک باشترین ئەکتەری ژن خەڵات کرا ئەوەش بە بۆنەی ڕۆڵگێڕانی لە شانۆی «دەکرێت گورگ نەبین» بەرهەمی مورتەزا ئەسەدی. شانۆی «دەکرێت گورگ نەبین» لە نووسینی وەحید خەسرەوی و دەرهێنانی مورتەزا ئەسەدی مەرام، وەک نوێنەرێکی شانۆ ئێرانییەکان لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی دەربەندیخان بەشداریی کردبوو. مورتەزا ئەسەدی مەرام لە بارەی فستیڤاڵەکەوە ڕایگەیاند بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەهرە لە زمان و کولتوور وەردەگرن بۆ پێشخستنی فەرهەنگ و ئابووری و کەرتی گەشتیاریی خۆیان. ناوبراو ئەو خەڵاتە بەگرنگترین خەڵاتی نێودەوڵەتی ناو دەبات کە هونەرمەندانی کرماشانی توانیویانە مسۆگەری بکەن. خولی شەشەمی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی دەربەندیخان لە 21 بۆ 24ی تشرینی یەکەمی 2019 بەرانبەر بەڕێوەچوو، هونەرمەندانی زۆر وڵاتی ئەورووپی و ناوچەکەش بەشداریی فستیڤاڵەکەیان کردبوو لەوان: ئیتاڵیا و سپانیا و شیلی و تونیس و لوبنان و ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان.