لە ئێستاداو لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە دونیای ئەدەبیدا شەپۆلێكی گەورەی وەرگێڕانی بەرهەمە بیانیەكان بەدی دەكرێت، كە ئەم بەرهەمانە هەیانە لە زمانی یەكەمەوەو هەیانە لە دووەم و سێیەمەوە وەردەگێردرێن، بەبێئەوەی بەدونیای ڕەخنەیداو بە بێ هیچ فلتەرێكی ئەكادیمیدا تێپەڕببن، بۆ زیاتر قسەكردن دەربارەی ئەم بابەتە بە پێویستمان زانی ئەم دیدارە، دەربارەی پرۆسەی وەرگێڕان و گرفتەكانی لە هەرێمی كوردستان، لە گەڵ وەرگێڕی بەتوانا (سیامەند شاسواری)دا ساز بدەین. سازدانی: شاخەوان سدیق *هەمیشە دەوترێت وەرگێڕان نووسینەوەى دەقێکى نوێیە لە لایەن کەسى وەرگێڕەوە، ئێوە چۆن لەمە دەڕوانن؟ پێتان وایە وەرگێڕان دەتوانێت ڕۆحى زیندووى تێکستەکان بگوازێتەوە؟ سیامەند شاسواری: من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌م. مه‌گه‌ر زۆر به ده‌گمه‌ن، ئه‌گینا که‌م وه‌رگێڕ هه‌یه شه‌یدا و خولیای پیشه‌که‌ی خۆی نه‌بێ و ئه‌وپه‌ڕی توانای بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌کار نه‌هێنێ. دیاره ڕاده‌ی به‌هره و توانای وه‌رگێڕه‌کانیش سنوورداره و وه‌رگێڕی وا هه‌یه ئه‌وپه‌ڕی توانای خۆی به‌کار ئه‌هێنێ، هێشتاش وه‌ک هیی وه‌رگێڕێکی تر ده‌رناچێ. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر خوێنه‌رێکی کورد وه‌رگێڕانی کوردی چوارینه‌کانی خه‌یام بخوێنێته‌وه هه‌ست ناکا ئه‌و هۆنراوانه وه‌رگێڕدراون. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ندێ له چوراینهکانی خودی بابا هه‌ژاری موکریانی که له هه‌مان په‌رتووکدا هه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی خه‌یام به‌راورد بکا لای سه‌یر ئه‌بێ، چونکه هیچ دیارده‌یه‌ک نابینی که ده‌ری بخات ئه‌میان وه‌رگێڕدراوه یان سۆلانی خودی زمانه‌که‌یه. دیسانه‌وه نموونه‌یه‌کی تر: چامه‌ی "پیره هه‌ڵۆ"ی "ئه‌لکساندر پۆشکین" هه‌م "هه‌ژار" کردوویه‌تی به کوردی و هه‌م "سواره". ئینجا هه‌رکه‌س که وه‌رگێڕانه‌ی هه‌ژار بخوێنێته‌وه چێژێکی دارماڵی لێ وه‌رئه‌گرێ و زۆی به‌دڵي ئه‌بێ. به‌ڵام وه‌ک برای ئازیزم کاک کۆچه‌ری شاسواری کاتی خۆی له ڕۆژنامه‌ی "گڕوگاڵ" که له کرماشان بڵاوی ئه‌کرده‌وه، ئه‌ماژه‌ی پێدابوو، خودی هه‌ژار کاتێک وه‌رگێڕانی "پیره‌هه‌ڵۆ"ی سواره ئه‌خوێنێته‌وه ئه‌ڵێ: "بمزانیبا سواره ده‌یڵێ، من نه‌مده‌گوت!" واته خودی هه‌ژار وه‌رگێڕانه‌که‌ی سواره‌ی له هینه‌که‌ی خۆی پێ جوانتره یان با بڵێین لای وایه سواره، باشتر"گیان"ی زیندووی هۆنراوه‌که‌ی گواستوه‌ته‌وه بۆ زمانی کووردی. له هه‌مان کاتدا ئه‌وه نیشانه‌ی بێتوانایی هه‌ژاریش ناگه‌یه‌نێ، چونکه بۆی هه‌یه سواره‌ش سه‌باره‌ت به خه‌یامی کوردی وه‌رگێڕانی هه‌ژار وای بوتایهت. له‌وه‌ش زیاتر من پێم وایه ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی ده‌ق و به‌هره و پسپۆڕی، وه‌کو سێ ڕه‌هه‌ندی گرنگی وه‌رگێڕان له لای وه‌رگێڕێک کۆ ببێته‌وه، بۆی هه‌یه، نه‌ک هه‌میشه، به‌ڵکو هه‌ندێ جار، له خودی ده‌قی سه‌ره‌کی باشتر ده‌ربچێ. بۆ نموونه من پێم وایه "ئه‌فسانه‌ی چیای ئاگری" شوکر مسته‌فا له تورکییه‌که‌ی خودی یاشار که‌مال زیندووتر و وێژه‌ییتر و هۆنهرانهتر ده‌رچووه. (پێم خۆشه ئه‌وانه‌ی که ئه‌و دوو به‌رهه‌مه‌یان به کوردی و تورکی خوێندوه‌ته‌وه، بڵێن وایه یان نا!) سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، دیاره ته‌نها گواستنه‌وه‌ی "گیان"ی ده‌قێک بۆ زمانی دووه‌م مه‌رج نییه. هه‌ندێ که‌س هه‌یه ئه‌وه‌نده گیان و کاکڵ و ناوه‌رۆکی ده‌قی یه‌که‌می لا گرنگه، ئه‌گه‌ر زمانه‌که‌ی خۆی تێک بدات هیچ لای گرنگ نییه. به‌ڵام وه‌رگێڕ چه‌ندین ئه‌رکی جیاوازی له‌سه‌ر شانه و ئه‌بێ هه‌ر هه‌مووی ڕه‌چاو بکات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که گیانی ده‌قی یه‌که‌م ڕه‌چاو ئه‌کات، ئه‌بێ زمانه‌که‌ی خۆی و وشه و ده‌سته‌واژه و ڕه‌وانبێژیی و ڕێزمانی خۆیشی له به‌رچاو بێ. ئه‌بێ وابێ: "نه سیخ بسووتێ و نه که‌باب!" *ئەو بنەما سەرەکیانە چین کە دەبێت لە کەسى وەرگێڕدا هەبن، ئایا زانینى زمانێک بەتەنها دەتوانێ وا لە مرۆڤ بکات تواناى وەرگێڕانى تێکستەکانى هەبێت، وەرگێڕان پیشەیە یان زانستە یان هونەرە. سیامەند شاسواری: دیاره ئه‌م پرسیاره به چه‌ند دێڕ وه‌ڵام نادرێته‌وه و هه‌زاران بۆچوونی جیاواز له‌مباریه‌وه وتراوه و نووسراوه. به‌ڵام وه‌رگێڕ ئه‌بێ لانیکه‌م شاره‌زای بوار و ده‌سته‌واژه‌ی بابهتهکهبێ، به‌رامبه‌ر به ده‌قی سه‌ره‌کی ئه‌مه‌گدار بێ و فه‌رهه‌نگۆک و په‌راوێزی پێویستی بۆ بنووسێ به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆچوونی خۆی ده‌رببڕێ، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به تێگه‌یشتنی خۆی به‌رداشت بکات. ئه‌بێ ڕێنووس و ڕێزمان و ئیدیت یان ئارایشت بزانێ... ئینجا وه‌ک له نموونه‌ی هه‌ژار و سواره‌دا ئه‌ماژه‌م پێدا، زۆر جار وتراوه که وه‌رگێڕان ڕه‌وتێکی ئه‌ندێشه‌یی داهێنه‌ر و ئافرێنه‌ره و ناتوانێ له که‌وشه‌نی ڕێسایه‌کی سیستماتیکدا قه‌تیس بکرێ. که‌چی ئه‌شتوانرێ بوترێ وه‌رگێڕان زانسته، چونکه ئه‌توانێ: ئه‌و ڕۆڵه گرنگه‌ی به‌رهه‌مێک له زمانی یه‌که‌مدا هه‌یه‌تی بگوێزێته‌وه بۆ زمانی دووه‌م و هه‌مان کاریگه‌ریی ببه‌خشێ. به‌ڵام به‌و پێیه‌ی که ئه‌بێ ئیستاتیکا و جوانی و کاریگه‌ریی هه‌ستی و ڕه‌وانبێژی له وه‌رگێڕاندا ڕه‌چاو بکرێ، وه‌رگێڕان هونه‌ره و له هه‌مان کاتدا که وه‌رگێڕ شێواز و بنه‌ماکانی وه‌رگێڕانی خوێندووه و فێر بووه و وه‌ک پسپۆڕێک به شێوه‌ی درێژخایه‌ن به‌و کاره هه‌ڵئه‌سێ ئه‌وا پیشه‌یه. *وەرگێڕان دەتوانێت چ ڕۆڵێک لە بەرەوپێشەوەبردنى کتێبخانەى کوردی‌دا بگێڕێت؟ بۆ هەوڵ نەدراوە وەرگێڕانى پێچەوانە بکەن؟ واتە بەرهەمەکوردیەکان وەربگێڕنە سەر زمانە بیانییەکان، پێتان وانیە لە ئێستادا ئەوە پێداویستییەکى گەورەیە؟ سیامەند شاسواری: وه‌رگێڕان ئه‌توانێ ده‌رگای جیهانی فراوان و بێسنووری کوولتور و زانستی مرڤایه‌تی به ڕووی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا بکاته‌وه و په‌رتووکخانه‌ی کوردی بگه‌یه‌نێته ئاستێک که خوێنه‌ری کورد بتوانێ پێداویستی خۆیله نامه‌خانه‌ی کوردی‌دا دهسبخات. به‌ڵام من خۆم به‌فه‌رمیکردنی زمانێکی وه‌ک ئینگلیزی که ئه‌مڕۆ زمانی زانست و ئهنفۆماتیکه، له بزووتنه‌وه‌ی وه‌رگێڕان به گرنگتر و پێویست‌تر ئه‌زانم. سه‌باره‌ت به وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه ئه‌وه‌تا ده‌ستی پێکردووه و هه‌یه. به‌ڵام ئه‌م دیارده‌یه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه که هه‌ر نه‌ته‌وه و هه‌ر زمانێک چه‌نده به‌رهه‌می گرنگی هه‌یه و زمانه‌کانی تر هه‌ست به‌وه بکه‌ن ئه‌و به‌رهه‌مه، به زمانه‌که‌ی ئه‌وان چه‌نده شیاوی خوێندنه‌وه‌یه و چه‌نده کاریگه‌ری، له‌بواره‌که‌ی خۆیدا ئه‌بێ. ته‌نانه‌ت زمانه ئوورووپاییهکانیش تا کۆتایی سه‌ده‌کانی ناونجی،نه له بواری زانست و نه وێژه‌ی مه‌زندا به‌رهه‌مێکی ئه‌وتۆیان نه‌بوو. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می وێژه‌یی و مێژوویی و زانستی مه‌زن له‌دایک ئه‌بێ و پێداویستی ئافراندنی زمانی زانستی دێته ئاراوه، هه‌م ئه‌و زمانه وه‌ک زمانی کراوه‌ی مرۆڤ له‌دایک ئه‌بێ و هه‌م بزووتنه‌وه‌ی وه‌رگێڕان ئه‌وه‌نده په‌ره ئه‌سێنێ که زۆربه‌ی نووسه‌رانی بلیمه‌ت و هه‌ڵکه‌وتوو، وه‌رگێڕان به ئه‌ندازه‌ی ئافراندنه‌که‌ی خۆیان به گرنگ ئه‌زانن و کاتی بۆ ته‌رخان ئه‌که‌ن. بۆ نموونه جۆڕج ئێلیۆت، بۆدلێر و زۆری تر. له زمانی کوردیش‌دا،ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ندی هۆنراوه و ڕۆمانی قه‌شه‌نگی کوردی په‌یدا بووه، ئه‌بینین که په‌رتووکی کوردیش خه‌ریکه ئه‌چێته په‌رتووکخانه‌ی زمانه‌کانی تره‌وه، وه‌ک چامه‌ی شێرکۆ بێکه‌س و ڕۆمانه‌کانی به‌ختیار عه‌لی و شێرزاد حه‌سه‌ن و... من خۆم له‌سه‌ر داخوازی خودی کاک شێرکۆ بێکه‌س، پێنج په‌رتووکی ئه‌وم کردووه به فارسی، که چاپ و بڵاو بوونه‌ته‌وه و کاک شێرکۆ پاش گه‌شتی بۆ تاران و بینینی کاریگه‌ری په‌رتووکه‌کانی له لای ڕووناکبیرانی ئێرانی زۆر دڵخۆش ببوو. *له‌ماوه‌ى ڕابردودا دوو پڕۆژه‌ى جدیتان ئەنجامدا.که ئه‌وانیش وه‌رگێڕانى هەر دوو ڕۆمانی (گەڕان بۆ کاتی لەدەستچووی(مارسێل پرۆست)و (کلیدەر)ی(مەحمود دەوڵەت ئابادی). چۆن بوو بڕیارى ئه‌م پڕۆژه گهورانەتاندا؟ ئەنجامدانی کاری ئاوا گەورە ئاستەنگ و گرنگیەکانی چین؟ ئێستا پڕۆژه‌ى داهاتووتان بۆ وه‌رگێڕان چییه؟ سیامەند شاسواری: من لام وایه که وه‌رگێڕان پێویسته و ئه‌بێ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ڕاژه‌ی وێژه‌ی کوردی بکات. داگیرکه‌ری کوردستان له درێژخایه‌ندا هه‌وڵی داوه زمان و فه‌رهه‌نگی خۆی به‌سه‌ر کورددا بسه‌پێنێ، بۆیه به‌شێکی زۆر له کورد به نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و ته‌نانه‌ت بیرمهندیشیهوه تووشی نه‌خۆشینی "ئۆبلۆمۆڤیزم"[1]بوون و بڕوابه‌خۆیی و بڕوا به زمان و کولتووری خۆیان له‌ده‌ست داوه، وشه و وێژه‌ی خۆیان له لا که‌م و بێبایه‌خه. هه‌ر هه‌موو وشه‌ی (مراسم) به‌کار ئه‌هێنن که‌چی ئه‌وه‌تا چه‌ندین وشه‌ی وه‌کو (ئاهه‌نگ و ئایین و نه‌ریت و داب و باو و بۆنه)مان هه‌یه. ئه‌و نهخۆشینهش له پڕۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌ندا به‌رپه‌رچی ئه‌درێته‌وه و چاره‌سه‌ر ئه‌کرێ. بۆیه هه‌وڵ ئه‌ده‌م له چوارچێوه‌ی په‌رتووکی دوورودرێژدا ئه‌و کرداره دزێوه‌ی داگیرکه‌ر به‌رپه‌رچ بده‌مه‌وه. بۆ نموونه، من له بری وشه‌ی "حالت"ی عه‌ره‌بی ئه‌نووسم "داره‌ت". دیاره خوێنه‌ر یه‌که‌م جار لای سه‌مه‌ره‌یه، دووه‌م و ده‌یه‌م و بیسته‌م هێشتا لای نامۆیه، سه‌ده‌م و دووسه‌ده‌مین جار لای ئه‌بێ به ئامۆ و ئاشنا، که له ماوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان یان سه‌ربرده‌یه‌کی دوورودرێژدا ژماره‌ی به‌کارهێنانی وشه‌یه‌ک له هه‌زار تێپه‌ڕی، ئه‌گه‌ر کچه ئه‌و وشه‌یه وه‌ک کوڕی ماڵه دراوسێی لێدێ و، ئه‌گه‌ر کوڕه وه‌ک کچی ماڵه هاوسێ لای ئاشنا ئه‌بێ و ڕه‌نگه هه‌ندێ شه‌و خه‌ویشی پێوه ببینێ! من ته‌نها له وه‌رگێڕانی ڕۆمانی "گه‌ڕان بۆ کاتی له‌ده‌ستچوو"دا 1798 جار، وشه‌ی "داره‌ت"م به‌کار هێناوه. دڵنیاشم ده‌یان وشه‌ی وه‌کو داره‌ت له‌و پڕۆسه‌یه‌دا ئه‌چێته ناو ئه‌ندێشه‌ی خوێنه‌ره‌وه و،ئه‌وه‌ش ئه‌بینم که له لای زۆر نووسه‌ر و وه‌رگێڕ ئه‌و دیارده‌یه بووه به بزووتنه‌وه‌یه‌کی ڕۆشنبیری و زۆر وشه‌ی بێگانه جێگه‌یان پێ له‌ق بووه و زمانی کوردی له‌گه‌ڵ بڕوابوون به زمانی کراوه‌ی زانستی، به‌ره‌و پاقژبوونه‌وه‌ی زیاتری ڕواڵه‌ت و ناوه‌رۆک ئه‌ڕوا؛ که نه‌خوازه له‌م ڕه‌وته‌دا ئه‌وه‌ی که گرنگه ته‌نها وشه نییه، به‌ڵکو چه‌مکی کوردییه که زیاتر په‌ره ئه‌سێنێ و واتای قووڵتر په‌ره‌گر و به‌ناوه‌رۆکتر ئه‌بێ. ئینجا پڕۆژه‌ی گه‌وره پێم وانییه ئاسته‌نگی هه‌بێ ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ڵ نه‌بین. وه‌ک ئه‌وه‌یه چه‌ند په‌رتووک به دوای یه‌کدا وه‌ربگێڕی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش که په‌یوه‌ندییان به یه‌که‌وه هه‌یه ڕه‌نگه کێشه‌ری زیاتریش بێ، ئه‌گه‌ر ئارمانجی دیاریکراومان هه‌بێ و ئه‌گه‌ر سوور بین له‌سه‌ر کاره‌که‌مان. کاری داهاتووم: له‌گه‌ڵ جارجاره هاوکاری گۆڤار و بڵاوکراوه‌ی وێژه‌یی، پاش بڵاوکردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی شاسوار- وێنه‌دار، که کاتی زۆری ویست و له کوردیپێدیا دانراوه به بێبه‌رامبه‌ر[2]، 3 په‌رتووکم به‌ده‌سته‌وه‌یه که 11 به‌رگن: هه‌ژده‌ی برومێری لویی بۆناپارت، له به‌رهه‌مه گرنگه‌کانی مارکس، که 38 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وه‌رمگێڕابوو و له شاخ، وه‌ک زنجیره‌ی وه‌رگێڕانی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان چاپ و بڵاو کرایه‌وه، جارێکی تر کردومه‌ته‌وه به کوردی و له ڕیزی پڕۆژه‌ی "ناوه‌خت"دا چاپ و بڵاو ئه‌بێته‌وه؛ دێکامێرۆن یان هه‌گبه‌ی 100 چیرۆک، نووسینی جیۆڤانی بۆکاچیۆ، کۆتایی هاتووه و له دوو به‌رگی 800 و 750 لاپه‌ڕه‌یی له لایه‌ن ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووسه‌وه بڵاو ئه‌بێته‌وه؛ یانهسای تیبۆThe Thibaults، ڕۆمانی 8 به‌رگی ڕۆژه مارتن دو گار، براوه‌ی خه‌ڵاتی وێژه‌یی نۆبێل، پڕۆژه‌ی سێیه‌می درێژه که به‌رگی یه‌که‌می گه‌یشتوه‌ته کۆتایی و له لایه‌ن ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووسه‌وه بڵاو ئه‌بێته‌وه. ڕۆمان و نووسینی خۆیشم هه‌ن که کاریان له‌سه‌ر ئه‌که‌م... [1]- ئۆبلۆمۆڤیزم: Oblomovism ئه‌م وشه‌یه له باری ده‌روونی و ئه‌دگاری، ئۆبلۆمۆڤ که‌سایه‌تی ڕۆمانی ئیڤان گهنجارۆف وه‌رگیراوه، به واتای سستی و بێ‌وازی نه‌خۆشانه و بێ‌بڕوایی، له‌ده‌ستدانی متمانه به خۆیی، خۆ به‌که‌مزانی و پشت هه‌ڵکردن له هه‌ست و ئه‌وین و ژیان، تا ئه‌و ڕادەیەی کە ئەبێ بە تایبەتمەندی نەتەوەیی.بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانه گۆڤاری (سه‌رده‌م) ژماره 70 وتاری (ئۆبلۆمۆڤیزم چییه؟) وه‌رگێڕانی سیامه‌ند شاسواری. هه‌روه‌ها ئه‌و وتاره له دیواری فه‌یسبووکی Siyamend Shaswari دانراوه.
بڵاوکراوەکانی نووسیار لە یەکەمین دەرکەوتنیدا لە زنجیرە کتێبێ ''خەرمانەی نووسیار'' کە تا ئێستا سێ کتێبیان ئامادەیە. کتێبی (جەنگاوەرکان پیشەیان مردنە) ی ئالان پەری چاپ و بڵاو دەکاتەوە. ئەم بەرهەمە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابرودوودا نووسراون و لە دوتوێی ١١٣ لەپەڕەدا پێک هاتووە لە ٢٦ چیرۆکە شیعر کە ئەزموونێکی نوێی شاعیرە. هاوکات نووسەر ئەحمەدی مەلا پێشەکی بۆ کتێبەکەی نووسیوە. لە نێو دەقەکاندا چەند کاری ئیلێسترەیشن لە لایەن هونەرمەند خاتوو سابات عەباس نەخشێنراوە. ئالان پەری خاوەنی چەندین کتێبی شیعریە هەروەها و کاری وەرگێڕانی کردووە کە دواترینیان کاری وەرگێڕانی کتێبی شاعیری دانیمارکی نیلس هاو ''شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە''. بوو. تێکستێک لە کتێەکە: ''جەنگاوەرەکان عاشقن، بێهیوا و تا ئەوپەڕی بیر لە ژیان ناکەنەوە، بۆ گوڵ دەجەنگێن بێ ئەوەی فریای بۆنکردنی بکەون، بۆ یار خۆیان بە کوشت دەدەن بێ ئەوەی لێوی کیژێک بگەزن. بێڕەحمن بەرانبەر بە خۆیان، شاعیرانە خەباتی مردن دەکەن. ئەوان قوربانیی دەستێکی نامۆن، یان مەرگپێشی خەونن، ئەوان ئێشکگری برینەکانن، وشە ساڕ‌ێژ دەکەنەوە لە هەڵواسین، باخ ئازاد دەکەن، دڵ دەچێنن، شەڕانگێزن، بەڵێ شەڕانگێزن بۆ مانەوەی بۆنی تەڕی باران، بۆ مانەوەی مرۆڤی گەشتیار لەسەر مانگ؛ جه‌نگاوه‌ره‌کان بۆ نه‌هێشتنی پیربوونی زه‌وی ده‌چنه به‌ره‌کانی جه‌نگ.'' بڵاوکراوەکانی نووسیار لە کۆتایی ساڵی 2018 دامەزراوە.
کۆمار و ئەڤین شەریف فەلاح - سنە مژاباد، یەک لە ڕۆمانەکانی جان دۆست، نووسەری کوردی خەڵکی کۆبانێیە کە بە قەڵەمی فەرهاد چۆمانی، لە شێوەزاری کورمانجیی سەرووەوە بۆ کورمانجیی ناوەڕاست (سۆرانی) گۆڕدراوە و لە دووتوێی ٢٧١ لاپەڕەدا و یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ماڵی وەفایی و ساڵی ٢٠١٦ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. پێشەکی: مێژوو و ڕۆمان هەروەک لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا نووسیویە ئەم ڕۆمانە لەبەر ڕۆشنایی کۆماری کوردستاندا دەخوێندرێتەوە. لەبارەی پەیوەندیی نێوان مێژوو و ڕۆمان و دەوری مێژوو لە خوڵقاندنی ڕۆمان وەک دەقی هاوچەرخ، گەلێک کتێب و سەرچاوە لەبەردەستن و گەلانی دیکە لەمبارەوە خاوەن گەنجینەی دەوڵەمەندن. لەبارەی جیاوازییەکانی نێوان نووسینەوەی مێژوو و ڕۆمانی مێژوویی و دەوری مێژوو لە ئاراستەکردن و داڕشتنەوەی ڕۆمانی مێژوویی لە ئەدەبی کوردی سەرچاوەیەکی ئەوتۆ لەبەردەست نییە. جۆرج لۆکاچ لە کتێبی "ڕۆمانی مێژوویی"دا دەنووسێ: "ڕۆمانی مێژوویی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم و لە بەرەبەری دەورانی ڕووخانی دەسەڵاتی ناپلیۆن بۆناپارتدا سەری هەڵداوە و (ڤیڤرلی ئێسکات لە ١٨١٤ چاپ کرا). هەڵبەت چەندان ڕۆمان بە ناوەرۆک و تێمی مێژوویی لە سەدەکانی هەڤدە و هەژدەش نووسراون و ئەگەر بمانەوێ نووسراوەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، مێژووی عەتیقە و ئەفسانەکان، لەبەرچاو بگرین، دەکرێ پێشەنگانی ڕۆمانی مێژوویی لەڕاستیدا بگەڕێنینەوە بۆ وڵاتانی چین و هێندوستان. لەبارەی ئێمەی کوردەوە کە ڕەوڕەوەی نووسینەوەی مێژوومان جیا لە لێڵی و ناڕوونی و تاریکی، هاوکات زۆربەی شۆڕش و سەرهەڵدانەکانمان پڕن لە تەمومژ و لارەسەنگن و زۆربەیان بە دەستی کارەکتەرە ناوچەییەکان و بەتایبەت زلهێزەکان پووکاونەتەوە و ڕووخاون و وەک بایەک هاتوون و چوون، یان وەک قوماشێک چوونەتە ئاو، یان بەدەست خورەی خۆخۆری و خیانەتی ناوخۆییەوە لەناو چوون. ئایا کە ئێستا کورد بووەتە خاوەن ئەدەبی گێڕانەوە و دەرەتانی نووسینەوەی مێژووی خۆی هەیە، ئایا نووسەرانی ئەم بوارە (ئەدەبی گێڕانەوە) دەبێ چۆن و لە کام گۆشەنیگاوە ڕووبەڕووی ئەو واقیعە تاڵەی ڕابردوو ببنەوە؟ مێژووی پڕ لە خوێن و قوربانی و دۆڕان، مێژووی دەڵەمە و لەرزۆک، ئایا دەبێ بە نیگا هەستۆکییەوە ئاوڕ لە مێژووی خۆماڵی بدرێتەوە؟ واقیع لە نێوان ڕاستی و ئەدەبی گیڕانەوەدا دەبێ چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؟ ئایا چیرۆک‌نووس و ڕۆماننووسی ئێمە توانیویانە ئەو قۆناغ و بڕگە مێژووییانە و ئەو هەوراز و نشێو و شکست و نسکۆیانە بگوازنەوە ناو دەقێکی هونەری و ئەمڕۆیی و بیدەنە بەر نەشتەر؟ ڕۆماننووسانی ئێمە چەندە شارەزای مێژوون؟ گێڕانەوەی ڕەوڕەوەی مێژووی لێڵ و ئاڵۆزمان لەناو ڕۆمان و چیرۆکی هاوچەرخدا لە چ دۆخێکدایە؟ لەمبارەوە ئێمە هەژار و کۆڵەوارین و ڕۆمانی مێژوویی و ڕیالیست و واقعی تاڵی شۆڕشەکانمان کەمتر پەرژاوینەتە سەریان کە پێویستە پەنجەرە و ڕۆچنەیەکی نوێیان بەڕوودا بکەینەوە کە من لام وایە "جان دۆست" لە (مژاباد)دا هەنگاوێکی بەم ئاراستەیە هەڵگرتووە کە سەرەتایەکی گرنگە، هەرچەند لەڕووی شوێن – کاتەوە هەوڵی داوە ڕووداوە مێژووییەکان، شۆڕشەکانی باکوور، باشوور (ئەیلوول) تێکەڵ بکات و دواتر لە قەوارەی نووسینەوەی دوو ئەڤینی تێکشکاو و کۆستکەتوودا لەناو چەقی لەدایکبوون و ڕووخانی کۆماری کوردستاندا یەکیان بخات. کە بەڕای من ئەو جۆرەی کە جان دۆست هەوڵی داوە لە شۆڕشی شێخ ڕەزای دێرسیم، دواتر شێخ مەحموود و شۆڕشی ئەیلوول و بارزان، پاشان کۆماری کوردستان لێک گرێ بدات، هێندە پەیوەندییەکە قووڵ و ڕیشەیی و ڕێکخراو نەبووە. دواتر هەرکام لەو شۆڕشانە و ئەو هەموو زەمەنە مێژووییە لە ناوەڕاستی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تا ساڵی 1946 کاتێکی زۆرە و لێک‌گرێدانی شۆڕشی سێ پارچەی کوردستان بەو هەموو ئاڵوگۆڕ و کارەکتەر و سەرکردەوە لە دووتوێی یەک ڕۆماندا گەلێک دژوارە و لە هەندێ شوێن هەست دەکەی زیاتر لە نووسینەوەی ڕەوتی مێژوو دەچێت هەتا ئەدەبی گێڕانەوە. هەرچەند دەبێ ئەوەشمان لەبیر نەچێت جان دۆست لە (مژاباد)دا بە ئاراستە و هێڵێکی ئاسۆیی دەچێتە پێش و ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەوە کارەکتەر و پاڵەوانن چیرۆکەکە دەبەنە پێش، سەرکۆنەی یەک دەکەن، نقورچک لێک دەگرن خیانەت لە یەکدی دەکەن، پاشەملەی یەکتر قسان دەکەن و بە نەریتی خیانەت بە سیاسەت و ئەڤین و بە فیتی زلهێزەکان پشت لە یەکتر دەکەن و لایان وایە (نە بای دێ و نە بۆران)، کەواتە مژاباد، پەردە لەسەر مێژووی مژێک هەڵدەداتەوە کە واقیعی تاڵی ئێمەیە بەڵام بە دەربڕین و گێڕانەوەیەکی نەشتەرگەرانە و ڕەخنەگرانە، نەشتەرێک کە بە هەر دێڕێک خوێن لە جەستەی زامارێک دەچۆڕێت کە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوا لە مەهابادی پڕ لە تەم و بێ ئاو و تژی لە گوریس و تەنافدا چنگ لە بینەقاقای یەکتر دەگرن، کەچی نازانن باکان لەکام لاوە هەڵدەکەن تا ئەوکاتەی لەناو تەمدا ون دەبن. چەقی ڕۆمان: مژاباد، خاوەنی کارەکتەرێکی سەرەکییە (بادین ئامێدی) کە بە شێوازی یەکەم کەسی تاک چیرۆکی خۆی و کارەکتەرەکانی دیکە دەگێڕێتەوە. ئەو ڕۆژەی بادین لەدایک دەبێ، دایکی بەدەم ژانەوە دەمرێت، بادین کوڕی یوونس ئامێدی (مزووری)یە کە لە شەڕی دەربەندی (بازیان) و شۆڕشەکەی شێخ مەحمووددا باوکی شەهید دەبێت، ئەو باوکی خۆی نەبینیوە و دایکی سەر بە ئایینی کریستیانە و لەلای داپیرەی گەورە بووە. بادین شاعیر و مامۆستایە و پاشان ڕەوڕەوەی ژیانی وای بەسەر دێت تێکەڵی شۆڕشەکانی کورد دەبێت و دەبێتە ئەندامی حیزبی هیوا و دواتر شۆڕشی شێخ مەحموود. هاوکات لە ڕۆژنامەی ژین لەگەڵ پیرەمێرد و شاعیران و نووسەران و چالاکانی سیاسیی سلێمانی تێکەڵ دەبێت و دوایی لەگەڵ "ژاڵە" ئەڤینێک بنیات دەنێت و تێکەڵ بە یاریی سیاسی و ئەڤینی قووڵ دەبێت، نەریتی کۆنی حیزبی کوردی و پشت‌تێکردن و پلان‌داڕێژی لەلایەن ئەندامانی هیواوە تۆمەت و تانە لە "ژاڵە" دەدەن و ژاڵەی لێ دوور دەخەنەوە و ڕەوانەی بەغدای دەکەن و لەگەڵ ئینگلیزییەکان دەست تێکەڵ دەکات و ئەمەش "بادین" شێت و هار دەکات و پاش تێکەڵ بوون بە پێشمەرگەکان و شۆڕشی بارزانی و شەڕ و بەرەنگاری و شکست و نسکۆ و بڕینی چەند قۆناغێک لەگەڵ بارزانییەکان ڕوو لە کۆماری کوردستان دەکەن. لەوێش دیسان درێژەی هەمان یاریی سیاسی و ئەڤینە و دیسان مامۆستایەتی و ئەشقی نیشتمان، ئەڤینی "موژدە" دەرگایەکی دیکە و ئومێدیکی نوێ بە ڕووی ژیانی "بادین" دەکاتەوە. هەرچەند ڕەوڕەوەی گێڕانەوە لە "مژاباد"دا زۆر فلاشبەک و تەکنیکی نوێی تێدایە، بەڵام چەقی زۆربەیان ڕووداوەکان دەگەڕێنەوە بۆ مەهاباد. بادین ئامێدی کە خۆی کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکەیە، هاوکات خەریکی نووسینەوەیە و پێی وایە "تەنێ نووسین دەتوانێ مردن بترسێنێت". ئەو چیرۆک و سەربردەی ئەو کارەکتەرە ڕاستەقینانە دەگێڕێتەوە کەلە شۆڕشی سیاسی و فەرهەنگیی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆمار)دا بەشدار بوون. وەک: "سادق بەهادین ئامێدی، نوورەدین زازا، نووری ئەمین، پیرەمێرد، شێخ مەحموود، شێخ ڕەزا، مەلا مستەفا بارزانی، میرحاج، مەناف کەریمی، هەژار، هێمن، مستەفا خۆشناو، پێشەوا، سمکۆ، کەریم و عومەرخانی شکاک و... چەندانی دیکە". ئەم گێڕانەوەیە ململانێی نێوان دوو ئەڤینی دزراو و داگیرکراوە کە گرێدراوە بە ئەڤینی نیشتمانەوە، نیشتمانێک کە بەدەم باوەیە، بادین ئاشقێکە گیری خواردووە، ڕوو لە هەر سەنگەرێک دەکا دەدۆڕێت، ئەو سادە و ساکار و بێخەوشە و هەڵوەدای ژین و ئازادییە، تەنیا "باپیرە"ی ڕاستی لەگەڵ دەکات. مژاباد نقورچکە لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێو، مژاباد هەڵدانەوەی ئەو برینە پڕ لە کیم و زامە خۆییانەیە کە ڕاستیی سیاسەتی کورد دەخاتە ڕوو. تیپ و هێماکانی مژاباد: جان دۆست لە دووتوێی گێڕانەوەی "مژاباد"دا بەردەوام کۆمەڵێک چەمک و دەستەواژەی زەق کردووەتەوە و هێمایی و ڕەمزییانە بەردەوام وەک قسەی سەر زار، یان خەسڵەت و تایبەتمەندیی کارەکتەرەکان دووپاتیان دەکاتەوە و بەمانەش کۆمەڵێک پەیام و قسەی نەگوتراو و شاراوەی پێیە و وەک کۆدی نەکراوەی ناو دەقەکە دێنە ئەژمار. هەرکام لەوانە دەکرێ وەک تیپیکاڵ و مۆتیڤ لێیان بڕوانرێت و واتا و مانای جیاواز لە ماناکانی خۆیان هەیە. هێما و چەمکەکانی وەک: "نووسین، ئەڤین، خەنە، تووتن، قوتووە جگەرە، ترێ، شەراب، با، ئاو، ڤۆدکا، مژ، گوریس، و...". نووسین: لە سەراپای دەقی مژاباددا لە پشت گیڕانەوە و نووسینەوەی سەربردەی (بادین)ەوە هەست دەکەی ئەوە سێبەری کەسێکی دیکە هەیە کە حەزی لە نووسین و خوێندنەوە و فێربوونە. ئەو بەردەوام خەون و خولیاکانی لەبارەی ئەدەب، زمان، شیعر، مامۆستایەتی لە زۆر شوێن و دیالۆگدا دەخاتە ڕوو. هەندێ جار گلە و گازندەی ئەو پشتگوێخستن و پەراوێزخرانەی کورمانجیی سەروو لەلایەن نووسەرانی سۆرانی زمانەوە دەکات کە بە بیانووی پیتی لاتینی سانسۆر دەکرێن و ئەمە بە ڕوونی دیارە و وەک بەشێک لە دابڕان و لێک تێنەگەیشتنی نێوان دیالێکتەکان باسی دەکات. "بادین" نوێنەری توێژێکە لەناو شۆڕشی سیاسی و ڕاپەڕینەکانی کورددا لە نێوان دوو بەرداشی شێوازی خەباتی فەرهەنگی، ڕۆشنبیری و خەباتی چەکداریدا گیری خواردووە و هەر جارە ڕوو لە یەکیان دەکات و خۆشی نازانێ خەونەکەی لە نووکی خامەوە بەدی دێت، یان لە لوولەی چەکەوە. ئەڤین: هەرچەند لە مژاباددا حزووری کارەکتەری ژن کەمە و تەنیا "ژاڵە و مژدە و داپیرە"ی بادین ئەویش بە چەند دێڕیک حزووری هەیە و ئەمەش دەریدەخات شۆڕش و ئەڤینی کورد کوردانەیە و ژن تێیدا پیوار (غایبە). ئەشق بە ژن و گیرۆدەبوون بە ئەڤین کە مژاباددا کە "بادین" داهێنەریەتی، قوڵپ دەدات و لە دوو هەرێمی سلێمانی و مەهاباد تووشی دەبێت. لە سەراپای ئەم دەقەدا بە دوو واتای نیشتمان و دڵدارییەوە ئەڤین دەردەکەوێ. ئەڤینێک کە دەکرێ وەک ئامانجی ڕاستەقینەی شۆڕشی کورد بە ژیان لێک بدرێت، لەم ئەڤینانەدا کە یەکیان (ژاڵە) پرەنسیپی وشکی حزبی لێی داگیر دەکات و دەیکاتە قوربانیی ئایدیۆلۆژی و دواتر دەزگای سیخوڕیی ئینگلیز لەدژی شۆڕشەکانی کورد بەکاری دێنێت و دەیکاتە سۆزانی و لە کراسی سۆزانیدا لەگەڵ بادین لە مەهاباد دەخەوێت، هەم کەرامەتی شۆڕشگێڕیی کوردی پێ دەشکێنن و هەم وەک سیخوڕی ئینگلیز بۆ ناو کۆمارێکی دەنێرن کە ڕووسیا لە پشتیەتی کە پڕە لە ڕەمز و هێما. ئەڤینی "بادین" و "موژدە" کە ئەویش مامۆستایە و لەناو خەونی کۆمار و لە مەهابادی رەنگین و پڕ بژوێندا دەیان ژوان و ئەشقێنییان هەبووە، گرێدراوی ئەشقی کۆمارێکە کە سەدان کەسی ئەڤینداری لە خۆی کۆ کردۆتەوە. کەریم شکاک کە ئەندامی کۆمەڵەی (ژ.ک)ە و سوێندی خواردووە خیانەت لە خاک و ئاو شەرەف و کەرامەتی نیشتمان نەکات، هەر لە سەرەتاوە بە ئەشقی ژاڵە و بادین دەزانێ، لە ناخەوە دەکوڵێ وەلێ نایدرکێنێ، نەتەنیا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی فکری خێڵکەکییانەی "عومەر خان"ەوە و پشت لە کۆمار دەکات، بە فێڵ و هەڵخەڵەتاندنی "موژدە" لە بادین هەڵدەگەڕێنتەوە و خیانەت لە دۆست و هاوڕێی نزیکی دکات و لەدەستدانی ئەم ئەڤینە بە قەت ڕووخانی کۆمار و خیانەت و پشتتێکردنی ڕووسیا لەو کۆمارە کاریان کردە سەر ڕۆح و دەوونی بادین و تەواو دایدەڕووخێنن و تەنیا مەرگی باپیرەی هێندە ئازاری دا. کۆد و ڕەمزەکانی پشت ئەم ئەڤینە کە وەک بایەک هاتن و وەک زریان دڵی بادینیان هەڵکۆڵی گەلێک زۆرن و لەگەڵ ئەو بایانە تێکەڵن کە تەنیا عومەر خان و ڕووس و ئینگلیز و تاران و ئەڵمانیا و ڕەزمئارا دەیانزانی کەی و لەکوێ و چۆن هەڵدەکات، بۆیە پیرەی "گوریس"چن لە مەهاباد هەر خەریکی چنین بوو و تفاقی مەرگی گشتیی تەیار دەکرد. خەنە: خەنە، یەک لەو گیایە دەرمانییانەیە کە بۆ ڕەنگکردنی قژی ژنان و کچان و پەنجە و لاق بەکار دەهێنرێت و بۆنێکی خۆشی هەیە و لە کولتووری زۆرێک لە گەلاندا پێگە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. لەناو کولتووری کوردیش‌دا خەنە لە زەماوەند و بۆنەکان و بەتایبەت شەوی خەنەبەنداندا بەکار دێت. لە مژاباددا جان دۆست، بە شێوەی هێمایی بەکاری هێناوە و وەک سیمبۆلێکی بۆنخۆش و ڕەنگاڵە کردوویەتە بەری شۆڕشەکەی شێخ ڕەزای دێرسیم. ئەو خەنەیە لەباتی خوێنی دەست و پێی و سەری ئەو سەدان کچ و کوڕ و کاڵ و جوامێرانەی دێرسیمە کەە چیاکانەوە خۆیان هەڵدا، یان خۆیان هاویشتە چەمی "مونزوور"ەوە، بۆ ئەوەی نەکەونە چنگی تورکانەوە. (حوسێن دێرسیمیم هێنایەوە و لە ژوورەکەم نیشتەجێم کرد، ژوورەکەم پڕ بوو لە هەڵمی خەنە، تژی بوو لە گریان.) ل 41 و لە چەندان ڕستە وەک هێما دووپاتی کردووەتەوە. تووتن و قوتووە جگەرە: تووتن، یەکێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی کوردستانە کەلە زۆر ناوچە لەلایەن وەرزێڕ و جووتیارانی دەستەنگ و بەلەنگازەوە دەچێندرێت، ناوچەکانی وەک سەردەشت موکریان و کۆیە ناوچەیەکی شیاون کە هەموو کات سەرقاڵی وەبەرهێنانی تووتن بوون. جان دۆست لە مژاباددا هێماییانە تووتنی بەکار هێناوە کە تاکە سەرچاوەی بژیومان لەلایەن عوسمانییەکان لە کۆیە و ڕووسەکان لە موکریان چاوی تێبڕاوە و تاڵانیان کردووە و بەڵێنیی چەک و تەقەمەنیان داوە کەچی بەڵێنێکی بێ بنەما بووە. یان قوتووە جگەرە وەک کەرەستەیەکی شەخسی و تاکەکەسی و هێما و ڕەمز و ڕازێکی سەرداپۆشراو نەوە بە نەوە بۆمان ماوەتەوە. وەلێ ئەو تاقە ڕەمزەشمان لێ زەوت دەکرێت و هیچ نهێنییەکمان بۆ نامێنێتەوە و لەو ڕێگەیەوە کەسێتی و پێگەمان دەشکێندرێت. (زۆر درەنگ تێگەیشت کە ڕووسەکان پەیماننامەی نەوتیان بە خوێنی مەهابادییەکان واژۆ کردووە، زۆر دەرەنگ پێی زانی کە ئەو هەموو تووتنەی مەهاباد کە برایە مۆسکۆ و کرایە سیگار، دووکەڵێکی ئەفسانەیی لێ بەرز بووە و ڕاستییەکانی مێژووی لەگەڵ خۆیدا سووتاند. لەو شارە خۆی بەتەنیا دەبینی، قوتووی تووتنەکەی گەیشتەوە دەستی، وەلێ پڕ خوێن بووبوو، ئاخۆ خوێنی کچێنیی موژدە بوو، یان خوێنی دڵی ئەو! ل. ٢٧٠). ترێ و شەراب: ترێ لە ژیانی کورددا جێگەی زۆری هەیە (ترێ میوەیەکە وەک سیحرە، دەبێتە مەی، دەبێتە مێوژ و دۆشاو، دەکرێتە باسووق و سجووق و دەبێتە هەموو شتێک، من ترێ وەک خۆم دەبینم، لە نێوان من و ترێدا تێکەڵبوونێکی گیانی هەیە، تاکە جیاوازیی نێوان من و ئەو میوە هاوینییە کە من ساڵانێکی زۆرم پیویستن بۆ گەنین و پڵیشانەوە، بەڵام ئەو لە مانگێکدا) ل. ١٨٣ ترێ سەرچاوەی شەراب و مەستبوون و ڕاستییە. ترێ تژییە لە ئاو، تژییە لە ڕەنگ و گیان دەدات تاکوو ئێمە گەشاو و شاد بین. با: ئەو دیاردە سروشتیەیە کەلە ئەدەبدا زۆر بەکار دەهێنرێ و لە کولتووری کوردیش‌دا چەند ناوچەیەک بە بای زۆر بەناوبانگن، وەک "ڕەشەبای سلێمانی، بای کۆیە" و هەر بایەکیش ناوی جیاوازی هەیە وەک: "ڕەشەبا، شنە، زریان، گێژەڵووکە، زەلان، شەماڵ و...". لە مژاباددا، "کەریم شکاکی نێچیرڤانی بایەکان"، لەم تێکستەدا ئاماژەیە بۆ ئەو ئاڵۆگۆڕ و ئاراستە سیاسییانەیە کە کورد بەبێ ئەوەی بزانێ ئەو بایانە چۆن و کەی و لەکوێوە دێن، ئاشقانە خۆیان ئەدەنە دەم "بای قەدەر"ەوە. لە مژابادی کۆمار‌دا ڕەشەبایەک هەڵیکردووە، دەوار و ئەستووندەکی و چوار پەلی کۆماری خستۆتە شەکە، وەلێ ئیرادە و باوەڕ و ئەشق بە ژیان لەلایەک و بیرتەسکی و چوارچێوەداربوونی فکرەکان و یاری و ململانێی نێوان ڕووسیا و بەریتانیا ناهێڵێ هەڵسووڕێنەرانی کۆمار (با)کان بناسن. تەنیا کەریم و عومەر خانی شکاک و سەرۆک هۆزە بەرژەوەندیخوازەکان کە بە هەموو (با)یەک شەن دەکەن و "با"یەکان دەناسن. ئاو: ئاو مایەی حەیات و ژیانە، لە فەرهەنگی کوردی‌دا دەڵێن "ئاو و ئاوەدانی"، جان دۆست لە مژاباددا زۆر بە جوانی و ڕەمزییانە مامەڵەی لەگەڵ ئاو کردووە. کارەکتەری ئەمیراڵ ئاغا (بارین) کە هێمای ئاوە و هەر لە سەرەتای ژیانییەوە دایک و باوکی لە ئاویان دوور خستۆتەوە و بە گوتەی شێخێک پێیان وابووە ڕۆژێک بە ئاو دەخنکێ، ئەو لەلای خەڵک کە بە شێت دەناسرێت و گوێ بە قسە و هاوار و دادەکانی نادەن، لەڕاستیدا دەوری ئاقڵ و زانایەکی ڕاستەقینە دەگێڕیت لە پێستی شێتدا. (مەهاباد بەبێ دەریا نابێ، ئەگەر ئێستا بەندەرێکی هەبوایە، تووتن لە کەشتییەکان بار دەکرا. ل ١٣٩ و ١٤٠). بارین ئاشق و ئۆگری (ئاو) و ڕۆژانە بە سەتڵێکەوە سواڵی ئاو دەکات و دەیهەوێ چەمی سووری مەهاباد بکاتە دەریا و لای وایە هەتا دەستمان بە ئاو ڕانەگات، کۆمار سەرکەوتوو نابێ. ئەو پێکەنینین بە گەشبینییەکانی خەڵک دێت کە ئەرخایەن دانیشتوون و بیر لە بێ (ئاو)ی ناکەنەوە. سەرەنجام ئەمیراڵ ئاغا چارەنووسی وەک کۆمارە ساواکە دەبێتە دڵۆپێک و لەگەڵ چەمی سوور تێکەڵ دەبێت. ڤۆدکا: یەکێکی دیکە لە مۆتیڤە مژاباد، ڤۆدکایە، ڤۆدکاش کە بەرهەمی وڵاتی ڕووسیایە، لەم ڕۆمانەدا هێماییانە لەلایەن باپیرەی (بادین) و (ئاگۆپ)ی مەیفرۆش کە هەردوویان ئەرمەنین، کاری لەسەر کراوە. باپیرەی (بادین) کە سارد و گەرمیی ڕۆژگاری چەشتووە و لە زۆر شوێن و شۆڕشی کورد وەک: "باکوور، باشوور، بەغدا، تاران، ڕۆژهەڵات" بەشدار بووە و ئەزموونی زۆری هەیە و درۆ و ڕاستییەکان دەزانێت، پشتی لە هەموو شتێک کردووە و ژیان لای ئەو "وێنە" و خواردنەوەی ڤۆدکا و ڕابوارنە و هیچ شتێکی دیکە لەلای مانای نییە و تەنیا دارایی و داهاتی ژیانی شووشەی ڤۆدکایە. باپیرە، بە تانە و توانج و جنێو وەڵامی باسە جدییەکانی (بادین) دەداتەوە و گاڵتەی بە گەشبینییەکانی دێت و هانی دەدات لە ڕاستییەکان تێ بگات و لە دانیشتن و خواردنەوەکانیدا لەگەڵ ئاگۆپ، گاڵتەیان بە ژیان دێت و هەموو باسێکیان دەڕواتەوە سەر خوادنەوە و ڤۆدکا و ڕووسیا و دەڵێت "تەنیا لەبەر ڤۆدکا ڕووسیام خۆش دەوێ، ئەگەر ئەڵمانیا ڤۆدکای هەبایە، دەبوومە نازی". ئەم دوو کەسە کەلە کەمینەکانی کۆمار و مەهابادن، تێکەڵی ژیان و کولتووری کوردان بوون کار و ڕەفتار و خەیاڵ و ئایدیای ئەم دوو کارەکتەرە گەلێک واتا و مانای دیکەیان لە پشتە. کاتێک ڕووسیا هەموو تووتنی مەهاباد دەبەن و بۆ خۆشیان دەکشێنەوە، دەبێتە قات و قڕیی ڤۆدکا و ژیانی ئەمانیش بێ ڤۆدکا تاڵ دەبێت. (باپیرم هێشتا تووڕە بوو، ڕووی لە ئاگۆپی داماو کرد و گوتی: ئاگۆپ! سێ ڕۆژ مۆڵەتت پێ دەدەم، هات و ڤۆدکات پەیدا کرد، تۆ باوکمی، ئەگەر نا ئەز هەردوو گونەکانت دەتەقێنم) ل. ١٨٨. باپیرە هێندە نوقمی مەستی و ڕاستییە و دەیهەوێ خەمەکان بشارێتەوە، (خۆشەویستیی باپیرە بۆ کورد و کۆمار و پێشەوا لە نامە و وەسیەتەکەیدا بۆ بادین دەردەکەوێ) دەزانێ بە ڤۆدکاش دەمرێت، وەلێ هەر دەخواتەوە، دەخواتەوە و ڕادەبوێری لە گیانەڵا و دەمە مەرگیشدا سەرەڕای بەرگریی پزیشک و سیستەریش، لەباتی ئاو داوای ڤۆدکا دەکات و بەدەم چاوتێبڕین لە کچە پەرستارەکە ماڵاوای دەکات. ئاگۆپیش ڕێبازی باپیرە بەر نادات و دوای مەرگی بە یەکجاری تێک دەچێت هێندە دەخواتەوە، هانای لێ دەبڕێت و هەموو ڕۆژێک چەند شووشە ڤۆدکا لەسەر قەبرەکەی باپیرە دەخواتەوە و لە کۆتاییدا خۆی بە شووشەی لەسە گۆڕەکەی باپیرە دەکوژێت. مژ: دیاردەکانی کەشوهەوا، سروشت و بەگشتی ژینگە و جوغرافیا لە مژاباددا دەوریان زۆرە و یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم ڕۆمانەش ئەو وەسف و پەسنە جوانانەیە بۆ شوێنەکان کراوە. مژیش وەک مۆتیڤێکی باڵا لە پشت مانا و کاریگەرییە ژینگەیەکەی خۆیەوە چەند واتا و دەور دەگێڕێت. بەو پێیەی ناوی ڕۆمانەکە (مژاباد)ە، خۆی هەڵگری ئەو تەمومژە خەستەیە کە بەسەر مێژووی کوردەوەیە و پێش چاوی هەموانی گرتووە و ناهێڵێ بەرچاوی خۆیان ببینن و ئەو ئاسۆیەی کە شۆڕشەکانی کورد ئەسپی هیوای بۆ تاو دەدەن، لەناو "مژ"ی سەر مەهاباددا ون بوون و ئەم تەمەش دوای زیاتر لە حەفتاو سێ ساڵ هەر ناڕەوێتەوە!. مژ، چارەنووسی گشتمانە، چارەنووسێکی نادیار، لێڵاییەکی خەست کە پێش چاومانی گرتووە، ئەم تەمومژە لە دێرسیم و بازیان و سلێمانی، بارزان و مەهاباد نابڕێتەوە. شۆڕش و کۆمار لەناو مژدا گیان دەدات و ئێمە هەرچەند پەل دەکوتین و (تفەنگ بە تاریکییەوە دەنێین)، سواری ئەسپی هیوا بووین و ئاسۆمان لێ ون بووە. هەرچەند بێ دەریا و بەندەر و کەشتین، وەلێ تەم لێمان ناگەڕێ و مژێک هەڵمانی گرتووە و ناگەینە کەناری ئارامی. مژ و مەهاباد و هیوا سێیانەی شۆڕشی کوردن. مژ بەرەو کەساسی پەلکێشمان دەکات و مەهابادیش هەرچەند بێشکەی کۆرپەی هیوامان ڕادەژێنێ، وەلێ تفڵی دڵمان بۆی ژیر نابێ. لە لاپەڕە ٢٦٣دا دەڵێت: (ئەو ڕۆژەی هاتیتە مەهاباد، لەو ڕۆژەوە تەمومژی خۆی بە دەوری تۆ و گیان و ڕۆژەکانت و شاری مەهاباددا وەرپێچاوە، چیتر بەرپێی خۆتت نەدەبینی، هەموو شوێنێک مژ بوو، تۆ لە مژاباد بووی. گوریس: یەکی دیکە لەو دەستەواژانەی لە "مژاباددا" ڕەمزییانە کراوەتە هێما، وشەی (گوریس)، گوریس کە بەرهەمی خۆماڵی و پیشەی دەستە، وەک پەت و سێدارە بۆ کۆتایی ژیانی کۆمار و (پێشەوا) مانای پێ بەخشراوە. پیرەی گوریسفرۆشی مەهابادی کە جگەلە چنین و هۆنینەوەی ئامرازی مەرگ (گوریس)، بیر لە هیچ ناکاتەوە و سەری بەر داقەتەوە و لە دووکانێکی تاریک و نووتەکی ناو بازاڕی مەهاباددا، حەزی لێیە هەر ڕۆژە کەسێک بە دارەوە بکرێت و بازاڕی ئەمیش گەرم ببێت. ئەو لەوە تێناگات بەم گوریسانە کۆمار دەخنکێن، کاتێک ئەفسەرێکی حکوومەت خۆی بە دووکانەکەیدا دەکات و داوای سێ گوریس دەکات و پێشنیار دەکات لەناو زەیت بۆ ماوەیەکی زۆر بیهێڵنەوە، ئەمە دەربڕی دەرد و ژانێکی خۆییە، ئەمە ڕازاندنەوەی کۆڕ و مەجلیسی مەرگە بەردەستی خودی کورد، ئەمە هەڵکۆڵێنی جەستەی داری نیشتمانە بە (خورە و هۆرە)ی خۆیی. ئەو سێ گوریسەی پیرەی گوریسفرۆشی مەهابادی بۆ (پیشەوا، سەیف و سەدری قازی)یە. لە لاپەڕە ٢٥١دا بادین دەڵێت: (نازانم بۆچی هەرکە باسی پێشەوا دەکرێ، گوریسیم بە بیردا دێن، بۆنی گوریسان – لەبری سووتان – لە وشەی پێشەواوە دێت، ناوی پێشەوا خۆی، هۆنینەوە و بادانی گوریسانم دێنێتە بەرچاو. گەلۆ قەت مومکینە ئەو عەجەمانە ملی ناسکی پێشەوا بە گوریسێکی بە زەیتکراەوە بکەن؟) گوریس چارەنووسە، ئەو چارەنووسەی کە کولتووری خێڵ و عەشیرە نەیهشێت بەرژەوەندیی نیشتمان ببینن و ژێر بە ژێر پشتیان لە پێشەوا و کۆمار کرد و هەرکامەیان بە جۆرێک گورسییان بۆ کەلەپچە و خنکانی کۆمار چنی. لە شوێنێکی دیکەدا ئاوا وەسفی چیرۆکی گوریس دەکات: "پیری گوریسفرۆش لە قووڵایی دووکانەکەیدا بوو، وەکوو هەر جار گورسێکی دەهۆنییەوە و بای دەدایە سەر یەک، دوای سڵاوکردن، گوتم: خۆزگە دەمزانی تۆ چی دەکەی؟ هەر گاه و بەردەوام تۆ ئەم گوریسە با دەدەیتە سەر یەک و دەیهۆنییەوە." وەک هەموو جار بێ ئەوەی سەری بەرز بکاتەوە، گوتی: "وەک خۆت دەڵێی گەنجی نیوە ئەرمەنی، کە من گوریسان با دەدەمە سەر یەک و دەیانهۆنمەوە تۆ نازانی چەندە کار بە گوریس دەکرێت، جۆلانە کۆمەڵایەتییەکان هەموویان لەسەر گوریس وەستاون، کەر دەرماڵەکانی پێوە گرێ دەدەن و وەکوو وەکوو تۆ پێیەکانیان بە ستوونی تەکیەخانەکان دەبەسترێنەوە، باری قڕشە و دار و باری هێسترەکانی پێوە گرێ دەدرێ، بەو دۆلکە و سەتڵانە دەبەسترێتەوە لە ئاویان لە ژێری بیرەکان پێ دەردەهێنرێ، بەهۆی گوریسەوە کەشتی و گەمییەکان لە کەنارەکان شەتەک دەدرێن، ئەوەش بزانە کە بە ملی مرۆڤەکانیشەوە دەپێچرێن".١٢٩ل. کارەکتەر: جان دۆست لە مژاباددا، لەبەر ئەوەی ڕەوڕەوی مێژوو و شۆڕشی کورد دەگێڕێتەوە، زۆرێک لە کارەکتەرەکانی ئەم دەقە بۆ خوێنەر ناسراو و ئاشنان، بۆ لە گێڕانەوەدا کەمتر دەپەرژێتە سەر دنیابینی، خەیاڵ و ڕەوتی ژیانی ئەو کارەکتەرە ناسراوانە. "بادین" کە پاڵەوانی سەرەکیی مژاباد و هاوکات گێڕەرەوەی سەرەکیشە، زۆر بە جوانی بە خوێنەر دەناسرێت. هەر لە ژیانی باوکی (یوونس ئامێدی)یەوە بگرە، تا چۆنیەتی لەدایکبوون، مردنی دایکی، گەورەکردنی لەلایەن داپیرەی. یەکەم ئەڤینی بادین کە کچە پووریەتی، بە هۆیەکی نادیار شێت دەبێ، دوایی ئیدی کرۆکی سەرەکیی ڕۆمانەکە دەبێتە ژیانی بادین چ وەک گێڕانەوەی سێ چیرۆکی ئەڤین و چەند شۆڕشی کورد کە خۆی یەکێک لە کارەکتەرەکانی ئەم دوو مەیدانەیە و بۆ خۆشی گێڕەوەی سەرەکییە و هاوکات وەک مامۆستا و نووسەرێک ڕۆژانە ئەو بەسەرهات و سەربردانە دەنووسێتەوە. کارەکتەرەکانی "ژاڵە و مژدە" کەلە دوو شوێن – کاتی جیادا دەور دەگێڕن، هەڵگری ڕوانگەی مرۆڤ و شۆڕشی کوردە بۆ ژن. وەک چۆن شۆڕشەکانی وابەستە و گرێدراوی ئەو "با" و لایەنە سیاسییە ناوچەیی و جیهانییانە بوون و لەناو "مژ" و خەونی بێ پلانیدا هەڵپڕووکاون و لە ڕیشەیان دراوە. وەک چۆن کۆمار دەکەوێتە بەر پلار و پیلانی نەیار و گێژەلووکەی بەرژەوەندی هەڵی دەتەکێنێ، ئاواش ئەڤینە بێخەوشەکانی بادین لەخشتە دەبرێن و بێ ئەوەی بزانێ سادە و ساکار و بە بەرچاوییەوە هاوبیرەکانی ئەڤینەکانی لێ داگیر دەکەن و سەری بێکڵاو دەمێنێتەوە. دوو کارەکتەری "باپیرە و ئاگۆپی مەیفرۆش"، وەک دوو ئەندامی نەتەوەی کەمینە لە مەهاباد، مەهابادی پڕ لە تەم و "مژ"دا ساردی و گەرمیی زەمانەیان چەشتووە، نا‌ئومێد و بێ هیوا بوون و تەنیا ژیان لە مەستی و خواردنەوەدا دەبینن. ئەو وێنای ئەو تیپە لە مرۆڤ دەکەن کە زۆر بە جوانی دەزانن چارەنووسی کۆمار چی بەسەر دێت و ڕووسیا و ئێران چ پیلانێکیان داڕشتووە و هەموو هەوڵیان تێگەیاندنی "بادین"ە و کاتێ ئەو نایهەوێ "واقیع" قەبووڵ بکات، دەیانەوێ بە تانە و توانج و جنێو و لە مەستیدا ڕاستییەکانی پێ بڵێن، وەلێ بادین هەر ڕەوتی ژیانی خۆی دەپێوێ، چونکە بادین ئاوێنە باڵانوێنی مرۆڤی کوردی گەشبین و خۆشباوەڕە و لەناو "مژ"دا گیری خواردووە و "با"و زریانەکان ناناسێت. "هاشمۆف هەستایەوە و بە تووڕەییەوە گوتی: "ئێوەی کورد بە سەرگەرمییەوە کیشەکان چارەسەر دەکەن، هەزار ساڵی دەوێ تا ئێوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی تێدەگەن". ئەنجام: مژاباد، هاواری خنکاوی شۆڕشێکی شەکەت و بریندارە، مژاباد زریکەی ئازاری مرۆڤێکی زامارە کە پەلێکی بەدەستی داگیرکەر و نەیارەوەیە و ئەو پەلەکەی دیکەشی زەدەی دەستی خەیانەت و دەردی ساڕێژنەبووی ناوخۆیە. ئەم دەقە لێک گرێدانی ئەڤین و شۆڕشی کوردە کەلە دووتوێی گێڕانەوەیەکی مێژوودا، باڵی دوو ئەڤین دەقرتێت. ئەڤینێک کە دەبێتە قوربانیی ئایدیۆلۆژیا و پاشان داگیرکەر و زلهێز بۆ سیخوڕی و شکاندنی شان و شکۆی شۆڕشەکان دەیکاتە ئامراز. لە مژاباددا وێنای بیری تەسکی خێڵەکی و عەشیرە دەکرێت کە لەلایەک دەبێتە خورەی گیانی کۆمار و لەگەڵ "تاران"ی نەیار دەست تێکەڵ دەکەن و لەلایەکی دیکەش پشت لە بەڵێن و سوێندی نیشتمانی دەکات و ئەڤینێک لەخشتە دەبات و بونیادی لێک هەڵدەتەکێنێ. ئاوابوونی ئەستێرەی ئەم دوو ئەڤینە هێندەی ڕووخانی کۆمار ئەستەم و دژوارە. زامی ئەم دڵشکان و دەستخەڕۆکردنە، هێندەی گوریس و پەتەکەی مل پێشەوا ئازاریان هەبووە. وەک دەڵێت: "ئەرێ مومکینە، مادام کەسێکی وەک موژدەی دڵناسک و ڕوونەرم و دلۆڤان بتوانێ ئەو دڵە بێخودانەم بداتە بەر کێردان و هەزار پارەی بکات، عەجەمیش دەتوانن پێشەوا بە پەتەوە بکەن مەگەر ج جیاوازییەک هەیە لە نێوان ئەوەی کۆمارێک لەبەین بچێ، یان ئەڤینێک بە سێدارەوە بکرێت؟"
ئێدیت سوێدەرگران وەرگێڕانی خەبات عارف لە چی دەترسم من؟ بەشێکم من لەوەی کە کۆتایی نییە. بەشێکم لە هێزە مەزنەکەی گەردوون و دونیایەکی تەنیام لەنێو ملیۆنان دونیادا، شائەستێرەیەکی نێو ئەستێران، ئەوەی کە دوای هەموویان دەکوژێتەوە. سەرکەوتنە کە بژیت و سەرکەوتنە هەناسە بدەیت، سەرکەوتن ئەوەیە کە هەبیت! سەرکەوتنە هەست بکەیت کات سەهۆڵیین، بەنێو دەمارەکانتدا بچۆڕێت، گوێ بۆ ڕووباری بێدەنگی شەو هەڵخەیت و لەژێر خۆردا لەسەر چیایەک بوەستیت. من لەسەر خۆر دەڕۆم، لەسەر خۆر وەستاوم من و بێ لە خۆر هیچ شتێکی تر ناناسم. کات- تۆ ئەی ئەوەی دەگۆڕیت، ئەی ئەوەی تێک دەدەیت، کات- تۆ ئەی ئەوەی جادوو دەکەیت، بڵێیت بە تەڵەکە نوێیەکانتەوە بێیت، یا بە هەزاران فێڵەوە دێیت تۆ، تا وەک تۆوێکی بچووک ژیانم پێ بدەیت؛ وەک مارێکی پەپکخواردوو و وەک تاوێرێک لە نێوەڕاستی زەریادا؟ کات- ئەی بکوژ- واز بێنە لێم! خۆر لێوان‌لێو سنگم پڕ لە هەنگوینی دڵڕفێن دەکات و پێم دەڵێت: دەمێک دێت و گشت ئەستێران دەکوژێنەوە، بەڵام ، بێ ترسن ئەوان و هەمیشە دەدرەوشێنەوە. (1916) ئێدیت سوێدەرگران Edith Södergran 1892-1923 نووسینی نێللی لایتینێن ئێدیت سوێدەرگران؛ کچی ماتس سوێدەرگران و هێلێنا سوێدەرگران -کە پێشتر پاشناوی هۆڵمڕوس بووە، لە 4/4/1892، لە سان-پێتەرسبورگ، لە دایک بووە. لە نێوانی ساڵانی 1902 تا 1908 لە خوێندنگەی دۆیچە هاوپشولە-ی سانت پێتری خوێندویەتی. ئێدیت، ڕۆژگاری خوێندن، لە سان-پێتەرسبورگ ژیاوە و هاوینانی لە ڕایڤۆلای سەر باریکەی کارێل، کە لەوێ خێزانەکەیان ڤیلایەکی گەورەیان هەبووە و لە باووباپیرانەوە بە میرات بۆ دایکی مابووەوە، بە سەر بردووە. شیعرەکانی نێو کۆمەڵەشیعری؛ دەفتەرە بەرگنایلۆنەکە، کە لەنێوان ساڵانی 1907-1909دا نووسراون و دوای مەرگی خۆی بڵاو کراونەتەوە، زۆربەیان بە ئەڵمانیایی، نووسراون. تەنیا یەک لە دەی شیعرەکانی ئەو سەردەمەی بە سوێدی نووسیون. لەگەڵ ئەوەیش زمانی شیعرنووسینی ئەو پاشان، دەبێت بە زمانی سوێدی. ماتس سوێدەرگرانی باوکی ئێدیت، کە هێشتا ئێدیت خوێندکار بوو، تووشی نەخۆشیی سیلی سی بوو و لە 1907دا لە ڕایڤۆلا مرد. ئێدیت سوێدەرگران خۆیشی، ساڵی 1908، لە تەمەنی 18 ساڵیدا، تووشی سیل بوو، هەر لەبەر ئەوەیش لە خوێندن دابڕا. لەنێوان ساڵانی 1909 تا ١٩١٤دا چەندین جار لە نەخۆشخانەکانی سیل لە نومێلا و لە داڤۆس-دۆرف لە سویسرا مایەوە. کە ساڵی 1914یش لە داڤۆس-دۆرفی سویسرا گەڕایەوە و خرایەوە نەخۆشخانەی نومێلا، دواتر نامەیەکی بۆ ئاگادارکردنەوەی دۆکتۆرەکەی نووسی و لەوێ ڕای‌کرد، بۆ ئەوەی هەرگیز بۆی نەگەڕێتەوە. ئێدیت ئەو ماوەی کە لە ژیان مابووی، نەیدەویست توخنی هیچ شوێنێک بکەوێتەوە کە تێیدا چاودێریی ئەو کەسانەی تێدا دەکرا کە تووشی نەخۆشیی سیل بووبوون. ئێدیت سوێدەرگران ساڵی 1916 بە کۆمەڵەشیعری؛ شیعر، دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد و فریای بڵاوکردنەوەی سێ کۆمەڵەشیعری تر و کۆکراوەیەکی پەندەکانیشی کەوت. دوای بەرپابوونی شۆڕشی ڕووسیا و گۆڕانی دەستەڵات لەوێ، ساڵی 1917، دایکی ئێدیت؛ هێلێنا سوێدەرگران، سەرلەبەری سامانی خۆی لە دەست دا، لەبەر ئەوەیش کە چیی تر نەیاندەتوانی لە ڤیلا گەورەکەدا، لە ڕایڤۆلا، بمێننەوە، ئەویشیان بە کرێ دا. دایک و کچ ئیتر، گواستیانەوە بۆ کۆختێکی ئاسایی نێو هەمان زەوی کە ڤیلاکەی تێدا دروستکرابوو. بژێوی ماڵی سوێدەرگران، بژێوییەکی زۆر هەژارانە بوو، بۆ هەموو ئەوانەیش کە ئەوسا لە باریکەی کارێل دەژیان هەروەها بوو. ڕۆژگاری ئەوسا، ڕۆژگارێک بوو پڕ لە پشێوی و بێخۆراکی. دووەمین کۆمەڵەشیعری سوێدەرگران؛ چەنگەکەی خەرمانان، کە ساڵی 1918 بڵاو کرایەوە، تەواو لەژێر کاریگەریی ئەو سەردەمە پڕ لە پێشێوییەدا بوو کە تێیدا ژیا بوو. شیعرەکان بەتەواوی کاریگەریی ئەو خواستی جەنگین و بەرەنگاربوونەوەی ئەو سەردەمەیان پێوە دیارە بەڵام، کاریگەریی باوەڕێکی گەشکەهێن بە داهاتوو و توانستە تایبەتەکانی خودیش نەخشیان لەسەریان هەیە. چەنگەکەی خەرمانان، پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ نەکرا، تەنانەت تا ڕادەیەک دژایەتیی کرا و بووە مایەی ڕقهەستاندنیش. زۆر بوون ئەوانەی پێکەنینیان پێی دەهات و ئاشکرا گاڵتەیان پێی دەکرد و تەنانەت تاوانی ئەوەیش درایە پاڵ سوێدەرگران کە شیعرەکانی دەبن بە هۆی نەخۆشخستنی هەستەکان. یەک لەوانەی کە لەسەر سوێدەگران بە دەنگ هات و پاشان تا مردنی بوویش بە نزیکترین کەس لێیەوە، هاگار ئوڵسۆن بوو. بەڵام یاڵمار پرۆکۆپێ، ڕونار شیلدت، بێرتیل گریپنبێرگ، ئارڤید مۆرنە و زۆری تریش لە نووسەران لەڕێی نووسینێکەوە کە لە 23/1/1919دا بۆ ڕۆژنامەی هیوڤدستادسبلادێتیان نارد لەسەر سوێدەگران بە دەنگ هاتن. لە نامەکەیاندا هاتووە کە ''ئاشکرا و بێ دوودڵی خۆمان دەخەینە پاڵ ئەو کۆمەڵەشێتەی کە لە شیعرەکانی ئێدیت سوێدەرگراندا هەوڵ و کۆششێکی هونەرییانەی باڵا و پڕ لە خۆشەویستی دەبینن و لەنێو ئەو شیعرانەدا درەوشانەوەی جوانییەکی گەورە و تایبەتیان دۆزیوەتەوە...'' سوێدەرگران، بەر لە مردنی، زیاتر وەک مەلێکی لە دونیایەکی ترەوە هاتوو سەیری دەکرا. ئەو لە سان-پیتەرسبۆرگ پێوەندی لەگەڵ ئەدەبیاتێکی نوێ و ئەدەبیاتێک کە لەگەڵ ئەزموونگەراییدا خەریک بوو، پەیدا کردبوو. ئێکسپرێشونیستە ئەڵمانیایی و فوتوریستە ڕووسەکانی خوێندبووەوە و خوێندنەوە بە چەند زمانی جیاواز کاریگەریی لەسەری دانابوو؛ سوێدەرگران وەک چۆن زمانی ڕووسی و فینلاندی چاک دەزانی، ئاوها ئەڵمانیایی و سوێدی و فرەنسایی و ئیتالیایی و ئینگلیزیشی چاک دەزانی. دونیابینیی بەرفراوان و ئەدەبیی ئەو، پەیوەست لەگەڵ شێوازی نوێگەرایی ئەودا بۆ نووسینی شیعری ئازاد، سووک و ئاسان، وا هەست دەکرا کە بۆ سوێدی-فینلاندییە دابڕاوەکان لەو دونیابییە، ئەوسا، نامۆ بێت. سوێدەرگران، دوای کۆمەڵەشیعری؛ قوربانیگەی گوڵڕەنگ، ساڵی 1919 و سێبەری داهاتوو، ساڵی 1920، خۆی خەریکی وەرگێڕانی شیعری فینلاندی-سوێدی بۆ ئەڵمانیایی کردبوو. ئامانجی ئەوە بوو ئەنتۆلۆگیایەکیان لێ بەرهەم بهێنێت، بەڵام بە تەواوکردنی پڕۆژەکەیدا نەگەیشت. تەنیا شتێک کە سوێدەرگران دوای ئەوە پێڕاگەیشت بە ئەنجامی بگەیەنێت، چەند شیعر و وتارێک و چەند وەرگێڕانێک بوون کە لە گۆڤاری ئولترادا، ساڵی 1922، بڵاو کرایەوە. سوێدەرگران، لە سێ ساڵانی دوایینی ژیانیدا، لەگەڵ پرسە ئایینی و ئەنترۆپۆسۆفییەکانیش خەریک بوو و گرنگیی پێ دەدان، بەتایبەت بیروبۆچوونەکانی ڕۆدۆڵف شتێینەر. دوایین زستانی ژیانیشی لەگەڵ خوێندنەوەی ئینجیل‌دا خەریک بوو. سوێدەرگران لە تەمەنی 31 ساڵیدا مرد. تەواوی ئەو هەلومەرجانەی کە پەیوەست بە ژیانی ئێدیت سوێدەگرانەوە بوون، تا ڕادەیەکی بەرفراوان، نەخشیان لەسەر ئەو و بەرهەمەکانی داناوە. سەرباری ئەوەیش ئێمە، ڕاستییەکەی، کەمێک نەبێت لەبارەی ژیانی ئەوەوە نازانین. ئەو بۆ خۆی بەشێکی زۆر لە نووسراوەکانی خۆی سووتاند. ئەوە نەبێت کە لە سای هاگار ئوڵسۆن و ئێلمێر دیکتۆنیوس-ەوەیە، کە لەڕێی گۆڤاری ئولتراوە بوون بە دوو هاوڕێی نزیکی سوێدەگران، شتێک لە جێدەستی ئەو بۆ داهاتوومان ماوەتەوە. سوێدەرگران وەک گرنگترین ناو و یەکێک کە لە هەمووان زووتر لەگەڵ نوێکردنەوەی شیعری سوێدی خەریک بوو چاوی لێ دەکرێت، بەڵام زرنگەی ئەو هەستە پڕ لە بەختەوەرییەی لە شیعری سیمبۆلی و سەرڕێژ لە دەربڕینەی لە شیعرەکانی ئەودا هەیە، ڕەگوڕیشەی بۆ ئەو نەریتە ئەدەبییانەیش دەگەڕێنەوە کە لە شیعری ڕۆمانتیکیدا هەبوون. سەرچاوە: http://www.sls.fi/en/node/1570 سەرچاوەی شیعرەکە: کۆشیعری ئێدیت سوێدەرگران، ل161-162، ڕێکخستن و ئامادەکردن: گوننار تیدەستریۆم، پێشەکی: هاگار ئوڵسۆن. چاپ و بڵاوکردنەوە: ڤالستریۆم و ڤیندستراند.
هەوراز محەمەد / فیلمساز و توێژەر پەیوەندی سینەما بە چیرۆکە جیاوازەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەوە، بە گێڕانەوەی رووداو و بەسەهاتەکانەوە، بە فۆکەس خستنە سەر کارەکتەرێک، کێشەیەک، دیاردەیەک، نەخۆشیەک، بابەتێکی نامۆ و ..هتد، دەست پێدەکات.. سینەما جۆرێکی نوێی نووسینەوەی مێژووی ئینسانە لەم سەردەمەدا کە تیای دەژی، بەئازار و دڵخۆشیەکانیەوە، بە بیرکردنەوە و ئاکتەکاننیەوە.. سینەما گوزارشتکردنێکی ئەدەبی و هونەریانەی هاوچەرخە بۆ ئەو رووداوانەی کە مرۆڤ بەسەری دێن، کە بەسەر ژیاندا دێن بە گشتی.. گەرچی مێژووی ئەم هونەرە زۆر نوێیە و بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی و مۆدێرنەیە هەر وەک چەکە کۆکوژە مۆدێرنەکان، بەڵام بەشێکی گەورە لەوەی مێژووی ئەم هونەرە داگیر دەکات رەخنەی ئەم هونەرەیە لە مۆدێرنە و دەرەنجامە کارەساتبارەکان کە بە دوای خۆیدا هێناویەتی، یەکێک لەوانە کارەسات و جەنگ و جینۆسایدە.. سینەما و کارەسات: لەگرنگترین کارکردی سینەما بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانی کارەسات و جەنگ و ماڵوێرانی و جینۆساید، بەرهەمهێنانی فیلمەکانە لەبارەی جەنگی جیهانی و بەتایبەتیش سینەمای قڕکردنی جووەکان و کارەساتی هۆلۆکۆستە. بەشێوەیەکی بەردەوام و سیستماتیک چەندین ناوەند و دامەزراوە و کۆمپانیا ساڵانە فیلم لەمبارەیەوە بەرهەم دەهێنن. لە پێناو لەبیرنەچوونەوەی کارەساتەکان و بیرنەچوونەوەی ئەو چیرۆکانەی لەناو دوکەڵی رەشی جەنگەکاندا روویاندا، لە پێناو رەخنەکردنی ئەو دۆخانەی وایانکرد مرۆڤ ببێتە سوتەمەنی شەڕ و چەکەکۆژەکان.. لە پێناو زیندوو هێشتنەوەی ئەو نەتەوانەی دووچاری قڕکردن بوونەوە، سینەما دێت و دەیەوێت ئەم قڕکردنە یاداشت بکات.. سەروەختێک چیرۆکەکان تەنها گێڕانەوەی سەربوردی ئەو رۆژگارانە و رووداوەکان بوون، بەڵام لە ئێستادا کەمێک قوڵتر و وردەکارانە تر، چیرۆکی پاڵەوانەکانە، لە ئێستادا سینەمای جووەکان و سینەمای جینۆساید پەیامێکی گرنگتری هەیە و پێمان دەڵێت راستە ئێمە بووینەتە قوربانی، بەڵام ئێمە پاڵەوانی راستەقینەی ناو ژیانی خۆمانین و هەردەم ئاماژەیەک هەیە بۆ سەرکەوتن.. لە ئێستادا فیلمەکان وێڕای نمایش‌کردنی ئازار و نەهامەتیەکان، وێڕای نمایشکردنەوەی بە قوربانی بوون، بەڵام هەرگیز ئەو هەستە نابەخشێت کە تۆ ئەی ئەو کەسەی لە رەگەزی قوربانیت، تۆ مرۆڤێکی ستەملێکراوی دۆڕاویت و تۆ بێهێزیت، بگرە رێک بە پێچەوانەوە پەیامەکە پەیامی هەڵوێست و نەبەردی نەدۆڕان و پاڵەوانێتیە، بەڵام هەمیش کار لەسەر وەرتەرێک دەکات کە بیری نەچێتەوە ئەو لە مێژوودا ستەمی لێکراوە.. سینەما و مێژوو: جگە لەوەی ژانرایەکی فیلممان هەیە کە پێی دەڵێن (فیلمی مێژوویی)، کە تایبەتە بەو رووداو و چیرۆکانەی لە مێژوودا روویانداوە، جا لە مێژووی دێرین دا بێت یان مێژووی نوێ. جۆرە کارکردنێکی تری سینەما هەیە کە روئیای جیاواز لەناو مێژوودا بەرهەمدەهێنێتەوە، ئەوەش ئەو هێزەیە کە سینەما لە خەیاڵ وەریگرتوە و دیوە ئەدبی و فکریەکەیەتی، کە دەتوانێت لە گۆشەنیگای جیاوازەوە یەک چیرۆک، یەک بابەت، یەک بەسەرهات بگێڕێتەوە. هەرواش لە توانایدایە شیکاری نوێ، تێگەیشتنی تازە، خوێندنەوەی جیاواز بۆ بابەتەکان بکات.. هەر یەک رووداوی کامپی ئاشویتز، کە جووەکانی تیادا کۆکرانەوە و قڕدەکران لەسەر دەستی نازیەکان، دەیان فیلمی لێ بەرهەم دێت، بە تەنیا رووداوی سوتانی ناو کارگەکانی سوتاندن، لە چەندین دیمەنی جیاوازدا و هەر یەکەو لە گۆشەنیگایەکەوە نیشاندراوە، لە هەردیمەنێکدا فۆکەس خراوەتە سەر شوێنێکی رووداوەکە، لە هەر بەشێکدا لەچاوی کەسێکەوە دیمەنەکە دەبینرێت.. لێرەوە گەرچی زۆرینەی فیلمەکان ریالیستین و شتێکی زیادە نەخراونەتە سەر چیرۆکەکانیان، بەڵام بە دیدێکی نوێوە ئەو مێژووە بینراوە و فیلمەکان مێژووەکەیان لەلایەک بە نەمری هێشتۆتەوە لەلایەکی تریشەوە جۆرێکی تری مێژوویان بەرهەمهێنانەوە.. چەمکەکانی (ئازایەتی و لە خۆبردوویی و خۆشەویستی و یەکترجێنەهێشتن و گیانفیدایی لە پێناو ئەوانی تر و مەزڵومیەت و مەردایەتی و نەترسان) دەبنە سیما گشتیەکانی قوربانی و هەر ئەمانەش وا دەکات قوربانیەکان وەک پاڵەوان ببینرێن.. کورد و کارەسات: هەرچەند هیچ مایەی خۆشحاڵی نیە، بەڵام فاکتێکی مێژووییە کە کورد جگە لەوەی بە ئازایەتی دەناسرێت، بەشێک لە شوناسەکەی لە ناو کارەساتە بەردەوامەکانەوەیە. کارەسات رەنگی هەر دیاری مێژووی ئەم نەتەوە و کۆمەڵە مرۆییەیە.. لە مێژووی دوور و نوێشدا کارەسات هەمیشە شتێکە ئامادەیی هەبوە و هەیە، لەوەش کارەسات تر بەردەوامی مەترسی ئامادەیی کارەساتە کە هەر کاتێک بێت دەشێت روو بدات.. قڕکردن بە هەموو جۆرەکانیەوە، لە سڕینەوەی فیزیکیەوە بۆ سڕینەوەی شوناس و هەوڵدان بۆ لە زمانخستنی نەتەوەکە بابەتێکە هەمیشە لە ناو مێژوودا ئامادەیی هەیە.. قوربانی بوون بۆتە شوناسی باو و کەسێتی تاکی کوردی هەمیشە خۆی پێ دەناسێتەوە و جۆر جارانیش بەرخورد لەگەڵ ئەم شوناسەیدا دەکات و لە هەر دەرفەتێکی خۆناساندندا گرنگترین پێناسەیەکی بۆ خۆی وەک کەسێکی ستەمدیدە و قوربانی خۆی بەیان دەکات.. بەڵام لە کارەساتەکان کارەساتتر بێ‌زمانی لە گێڕانەوە و هەڵنەگیڕانەوەی مێژووە، بەمانایەکی تر کورد نەیتوانیوە سود لەکارەسات وەربگرێت بۆ ئەوەی پارێزراو بێت، بەڵکو هەمیشە جەستەیەکی ئامادەیە بۆ ئەوەی کارەساتی بەسەردا بێتەوە.. زمان و گێڕانەوە، ئەدەب و هونەرەکە بەرخوردێکی رووکەشیانە لەگەڵ کارەساتەکان دەکات، چوون زمان تەنها ئەداتی گوزارشت نیە و زمانی بیرکردنەوەشە، هەر بۆیە لەم ئاستە رووکەشیەدا قوربانی بوونی خۆی قبوڵکردوە و هێندەی ویستویەتی پێی بناسرێتەوە نەیتوانیوە ئەم قورانی بوونە بکاتەوە بە چەکی دەستی بۆ خۆ پارێزی.. کارەسات هەرچەند ناخۆشە بەڵام دەتوانێت زۆر بەرهەمی ببێت. جووەکان قوربانی بوونیان لە مێژوودا کردۆتە ئەداتی پاراستنی ئێستا و داهاتویان، تا ئاستی ئەوەی کارەسات دەوڵەتی بۆ دروستکردون. ئەرمەنەکان بەهەمان شێوە، ئەمەش تەنها لە رێی دەستکاری کردنی زمان و گێڕانەوە و بیرکردنەوەی نوێوە. بەڵام بەداخەوە کورد لەم بوارەدا هێشتا هیچ.. زەمەنی ئەنفال و زمانی گێڕانەوە: ئەنفال گەورترین کارەساتی قڕکردن و لەناوبردنی بەکۆمەڵە لە مێژووی نوێی کورددا، سەدان هەزار کەسی تیا قڕ کراوە و دەیان هەزار گوند وێرانکراوە و تەنانەت چەکی کۆکوژ و کیمیایشی تیا بەکارهێنراوە.. گەر لەسەر ئاستی گێڕانەوەی سادە بیگرین تا گێڕانەوەی یاداشت، تا گێڕانەوەی ئەدەبی لە چیرۆک و رۆمان، تا دەکاتە سینەما.. کورد ئەم ماتریاڵە گەورەیەی تا ئاستی فەرامۆشی فەرامۆش کردوە، لەوەش کارەساتتر هەمیشە نوخبەیەک و بەشێک لە خوێندەواران کاتێک کارێک لەسەر جینۆسایدی کورد دەکرێت هەمیشە پرسیارە دووبارە و جاڕسکەرەکەیان ئامادەیە (ئەرێ ئەم ئەنفال و نەهامەتیە بوو بەچی؟ ئەرێ بۆ ئیشێک لەسەر ژیانی ئێستا ناکرێت؟ ئەرێ تا کەی ئێمە هەر لەسەر ئەنفال و هەڵەبجە ئیش بکەین)، ریشەی پرسیارەکە بۆ دوو تەوەر شی دەکەمەوە: - هەرچەند پرسیارەکە لەناو خۆیدا هەڵگری ئیشکالەیەتە و ئێمە چەند فیلمی باش و رۆمان و دەقی باشمان لەسەر ئەم بابەتانە بەرهەمهێناوە تا پرسیارێکی لەو شێوەیە بکرێت، بەڵام ئاستە سەتحی زمانە کرچەکەی گێڕانەوە لە زۆرینەی ئەو بەرهەمانەدا رێگەی بۆ ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە خۆش کردوە. - لەلایەکی ترەوە هیچ یەکێک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و نوخبەی ئەدەبی و هونەری ئەم سەبجێکتەیان بۆ نەبۆتە بابەتی کاری جدی، کە جگە لەوەی ئاستی تێگەیشتن لە کارەسات-رووداوەکە، هێشتا وەک پێویست گرنگی پێ نەدراوە، لەبارێکی تریشەوە ئەوەی کە بەرهەم هاتوە لە رووی چەندێتی و چۆنایەتیەوە زۆر زۆر کەمن. بەداخەوە ئەتوانین بڵێین تا ئێستا کورد هیچ تۆمارێکی لە مێژوەی خۆی دۆکیومێنت نەکردوە و هیچ بەرهەمێکی جدی فیکشنیشی لێ بەرهەم نەهێناوە، جچا ئەوەی لەم رێگەیەوە روئیا و دنیا بینی جیاواز دروست بکات، مێژوو دروست بکاتەوە، وێنا بگۆڕێت و قوربانی بکاتە پاڵەوان.. بە بڕوای من ئەم کارە هەم تێگەیشتنی قوڵی دەوێت هەم دامودەزگای تایبەتمەندی بیرکەرەوە..
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج له بوارى ئیشکردنى ئه‌ده‌بى له سه‌ر ئه‌نفال کۆمه‌ڵێک و هه‌وڵ و ته‌قه‌لا هه‌ن به تایبه‌ت نۆڤلێت و رۆمان و چیرۆک، لێ هێشتا نه‌یانتوانیوه وێنه‌ى ئه‌نفال وه‌ک خۆى نیشانى ئه‌وى تر بده‌ن، هه‌ڵبه‌ت له بوارى شیعریشدا کارى جوان هه‌ن، کێشه‌یه‌ک که ناکرێ هه‌ڵوه‌سته‌ى له سه‌ر نه‌کرێت گوازتنه‌وه‌ى تاوانه‌که‌یه به شێوه‌یه‌کى کاریگه‌ر بۆنمونه، چاره‌نووسى ئاده‌میزادى شۆڵۆخۆف، یان سه‌عاتى 25 ، ئایه ئێمه توانیومانه کار له سه‌ر ئه‌و هه‌موو تارژیدیایه به‌و جۆره بکه‌ین که سه‌رنجى ئه‌وانى تر په‌لکێش بکات هه‌ڵبه‌ت وه‌ک پێویست نه‌خێر، هه‌زاران چیرۆک هه‌یه له ئه‌نفال دا بۆ ئه‌وه‌ى له سه‌رى بوه‌ستین، هه‌زاران ئازارکه گێڕانه‌وه‌یان ده‌توانێت کارێکى ناوازه‌ى ئه‌ده‌بى لێ ده‌ربچێت، کاتێ )عاسى مسته‌فا ئه‌حمه‌د( دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى سۆراغى خانه‌واده‌که‌ى ده‌کات و نامه بۆ سه‌رۆکایه‌تى کۆمار‌و سه‌دام ده‌نووسێت و دیوانى سه‌رۆکایه‌تى زۆر خوێن ساردانه ده‌ڵێت هاوسه‌رو مناڵه‌کانت له کرده‌ى ئه‌نفالدا تیاچوون، ئه‌مه ئه‌گه‌ر رۆمان نوسێکى به توانا هه‌بێت ده‌توانێ چى لێ‌دروست بکات، عاسى له نامه‌که‌یدا باسى ئه‌وه ده‌کات ئێستا بێ جێگه‌و رێگه‌یه‌و له مزگه‌وت رۆژ ده‌کاته‌وه، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ى ببرێت بۆ سه‌ربازى و به دیل بگیرێت ئه‌و خانه‌واده‌و هاوسه‌رو کچ و کوڕ‌و ماڵ و گوند‌و که‌س و کارى هه‌بووه، من چه‌ندین جار باسى ئه‌شکه‌وتى کونه کهمتیارم کردووه، کاتى خۆى تیمێکى روداویشم له‌گه‌ڵ یه‌حیا به‌رزنجیدا برد بۆ ئه‌و ئه‌شکه‌وته‌و دیدارێکى دورو درێژیان تۆمار کرد، بۆ بڵاو نه‌کرایه‌و هۆکار چى بوو، یان ئاخۆ روداولانى که‌م نرخى ئه‌و کار‌و ته‌قه‌لایه‌ى منى به هه‌ند وه‌رگرت، ئه‌وه‌یان له‌و لاوه بوه‌ستێت، به‌ڵام له‌و ئه‌شکه‌وته‌دا که 6 خێزان بۆ ماوه‌ى 5 مانگ ماونه‌ته‌وه جگه له‌وه‌ى له‌وێ مناڵێک له دایک بوه، هه‌ر له‌وێ هاوسه‌ر گیریه‌ک کراوه، ئه‌مه ئه‌و په‌ڕى به گژاچوونه‌وه‌ى به‌عس و سته‌مکاریه، ئه‌مه به هه‌ر شێوه‌یه‌ک سه‌یرى ده‌که‌یت به‌رده‌وامى دانه به مانه‌وه و ژیان، له‌و باره‌یه‌وه من فیلمى له تاریکیدام بینیوه له سه‌ر جوله‌که، شێوازى به‌رده‌وامى دانه‌که به ژیان و خۆ به ده‌سته‌وه نه‌دان له‌م دوو ڕوداوه‌دا زۆر هاوشێوه‌ن . ئه‌و کوڕ‌و کچه‌ى له ئه‌شکه‌وتى کونه‌که‌متیار هاوسه‌رگیریان کردووه، گه‌وره ترین شه‌ڕیان دژى جینۆ سایدو سڕینه‌وه راگه‌یاندووه، ئاخۆ توانرا ده‌قێکى ئه‌ده‌بى له‌و به گژاچونهوهیه دروست بکرێت، ئه‌ده‌ب ده‌توانێ چیرۆکه‌کان به شێوازێکى کاریگهرتروهونهریانهو جیاواز له‌وه‌ى ڕوویداوه بگێڕێته‌وه، ده‌توانێت له روداوه‌کان داستانى ناوازه دروست بکات، کورد تا ئێستا وه‌ک پێویست نه‌یتوانیوه جێى ئه‌نفال له ئه‌ده‌بدا دیارى بکات، دیاره ناکرێت ئهوهنادیده بکه‌ین، که چه‌ندین رۆمان و نۆڤلێت نوسراون، ئاخۆ ئه‌و رۆمان و نۆڤلێتانهى نوسراون تواناى ئه‌وه‌یان تێدایه فیلمێکى وه‌ک کوڕه بیجامه خهتخهتهکهیان لێ دروستبکرێت ، ئه‌مه گرنگه . ئه‌و رۆمانانه‌ى ده‌کرێنه فیلم و کاریگه‌رى گه‌وره له سه‌ر بینه‌ر جێده‌هێڵن و ده‌بنه کارى نێو ده‌وڵه‌تى و جیهانى، ده‌قه‌کانیان هه‌مان ئه‌و چیرۆکانه‌ن که له‌ئازاره‌کانى ئه‌نفالدا هه‌ن بگره ئه‌نفال و چیرۆکه‌کانى ناو ئه‌و تاوانه له‌وانه زۆر کاریگه‌ر ترن، ئه‌گه ر له کوڕیژگه بیجامه خهتخهتهکهدا وێنه‌ى ئه‌وه نیشانى ئێمه ده‌درێت که له هه‌رچرکه‌یه‌کدا ده‌کرێت که‌سانى تریش ببنه قوربانى، که سته‌مکاران ئه‌وه‌نده به‌سه جلى مه‌رگ بکه‌نه به‌ر قوربانیه‌کان، ئێمه له به‌رده‌م نادادیهکى گه‌وره‌دا راده‌گرێت، ئه‌وه له 11ى 4ى 1988 ئه‌و کچه تهلهبهیهى کۆپته‌ره‌کانى به‌عس " بارق عه‌بدوڵا" له ناو شارى چه‌مچه‌ماڵ ده‌یکوژن، باوکى فه‌رماده‌ى کۆمه‌ڵێک چه‌کدارى کورده ، ئه‌ده‌ب ده‌توانێت ئه‌م وێنانه هه‌موو له خۆیدا کۆبکاته‌وه، ده‌توانێت له رێگه‌ى وێنه‌ى هونه‌ریه‌وه ده‌قى نه‌مر به‌رهه‌مبێنێت، ئه‌ده‌بى کوردى و کتێبخانه‌ى کوردى و ئه‌دیبى کورد هێشتا له‌و بواره‌دا هه‌ژارو ده‌سته پاچه‌ن، ئه‌مه‌ش به بڕواى من لایه‌نێکى په‌یوه‌سته به زانینى زمانى دیکه‌و وه‌رگێڕانى ده‌قه‌کانه‌وه بۆ سه‌ر زمانانى تر، با ڕوونتر بڵێم ئه‌گه‌ر ناوه‌ندێکى وه‌رگێڕان لانى که‌م ساڵانه10 رۆمان و نۆڤلێتى کوردى وه‌ربگێڕێته سه‌ر زمانه‌کانى )عه‌ره‌بى، فارسى، تورکى، فه‌ڕه‌نسى و ئینگلیزى(، ئه‌مه ده‌بێته هانده‌رێکى باش بۆ ئه‌وه‌ى نوسهرنى کوردیش کارى باش بکه‌ن، کارى باش به‌و مانایه‌ى مۆرکى کوردى پێوه‌بێت و باس له تراژیدیا‌و ئازاره‌کانى کورد بکات، لێ کێشه ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتى کوردى وێڕاى ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تێکى تایبه‌ت به شه‌هیدو ئه‌نفالى هه‌یه، به‌ڵام هه‌موو کارى ئه‌و وه‌زاره‌ته چڕکراوه‌ته‌وه له پێدانى موچه‌و شتى له‌م جۆره و ئه‌و لایه‌نه گرنگه له بیر کراوه، که من لام وایه رێگه‌یه‌کى زۆر باش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نفال و جینۆسایدى کورد به‌رینه زۆربه‌ى کتێبخانه‌کانى دنیاوه . دواى سێ ده‌یه زیاتر له ئه‌نفال و جینۆسایدى گه‌لى کورد ئاخۆ زۆر دره‌نگ نیه بۆ ئه‌وه‌ى ناوه‌ندێکى تایبه‌ت به کۆکردنه‌وه‌ى چیرۆکه‌کان و رێکخستنیان و تۆمار کردنیان و به داستانکردنیان دروست بکرێت، یانى من به ڕوونى مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه حکومه‌ت و ئه‌و ناوه‌نده به فه‌ڕمى خۆیان داوا له ئه‌فرێنه‌ران و نوسه‌ران بکه‌ن چیرۆک و داستانه‌کان به شێوازێکى هونه‌رى بنووسنه‌وه‌و ئه‌رکى ناوه‌نده‌که‌و حکومه‌تیش وه‌رگێڕان و گه‌یاندنى داستانه‌کان بێت به دنیا، من پێشتر‌و له ساڵانى رابردووش‌دا هه‌مان پێشنیازم خستوه‌ته به‌رده‌م ده‌سه‌ڵات و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار، لێ ئه‌وان زۆر گرنگیان به‌و بابه‌ته نه‌داوه، هه‌ڵبه‌ت من له هۆکارى ئه‌و گرنگیپێنه‌دانه نه‌گه‌یشتوم . حکومه‌ت و وه‌زاره‌تى شه‌هیدو ئه‌نفال و ناوه‌نده‌کانى سه‌ر به‌و وه‌زاره‌ته ده‌توانن ئاسانکارى زۆربۆ بابه‌تێکى له‌و جۆره بکه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ى من ئاگاداریش بم زۆر که‌س ئاماده‌ن خۆبه‌خشانه هاوکارى پڕۆژه‌و بابه‌تى له‌و جۆره بن.
پرسى (داهێنان و مه‌رگه‌سات) یه‌کێکه له پرسه گرنگ و تایبه‌ته‌کانى ناو دونیاى ئه‌ده‌بى ئێمه‌و پێویسته هه‌میشه هه‌ڵوێسته‌ى جدى له‌سه‌ر بکرێت. به‌و پێیه‌ى به‌شێکى گه‌وره له مێژووى ئێمه مێژووى کاره‌ساته‌کانه‌و ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌ناو ئه‌ده‌ب و هونه‌رى ئێمه‌دا هه‌یه.ده‌رباره‌ى ئه‌م پرسه دکتۆر (ڕێبوار سیوه‌لى)مان دواند. سازدانى: شاخه‌وان سدیق هاولآتى: هەمیشە جەنگ و كارەسات و ماڵوێرانی نەهامەتی گەورەن بۆ مرۆڤ، بەڵام زۆرجار دەوترێ ئەم ڕووداوانە پاش خۆیان ئەدەب و هونەری گەورە بەدوای خۆیاندا دەهێنن و دەبنە ئیلهام و سەرچاوەی گەورە بۆ گێڕانەوە. بۆ نمونە تابلۆی جێڕنیكای (پابلۆ بیكاسۆ) پاش بۆردومانی شارەكە لەلایان سوپای ئیسپانیاوە. یان ئەوەی جوو پاش (هۆلۆكۆست) لە ئەدەب و سینەمادا بەرهەمیان هێنا. تا چەند لەگەڵ ئەم بۆ چونەدایت؟ -بۆچوونەكە تا ئەو شوێنە ڕاستە كە ئەو بەرهەمهێنانەی پاش جەنگ و كارەسات، هونەریی و ئێستاتیكی بێت. واتە گێڕانەوەكان، دووبارەكردنەوەكان، ڕەنگدانەوەكان، هێنانەوەپێشچاوەكان، وێناكردنەكان و خەیاڵلێكراوەكان بۆ ئەو ڕووداوانە، ئاستێكی هونەریی و داهێنان بەخۆیانەوە بگرن. ئەدەبی پاش مەرگەسات هەرگیز خودی تراژیدیا و مەرگەساتەكە نییە، بەڵكو هونەریانە لەسەر تراژیدیا قسەكردنە، بەجۆرێ كە مانا بەسەر فۆرم و ڕووخساردا باڵا دەست نەبێت و دواجار خوێنەر هەست بكات لەبەردەم دەقێكی داهێنەرانەیەدا، كە ناوەڕۆكێكی تراژیدیانەی هەیە، یان داهێنانێك لە هەناوی تراژیدیاوە، تروسكەیەك لە دڵی تاریكییەوە، دەلاقەیەك لە كۆڵانێكی داخراودا لەبەردەم مرۆڤدا دەكاتەوە. مەرجێكی دیكەی ئەمجۆرە داهێنانە ئەوەیە، كە هەموو ڕووداوێكی لۆكاڵیی و دیارگەرایانە، بكاتە ڕووداوێكی مرۆیی و گەردوونیانە. ئەمجۆرە ئەدەب و داهێنانە، ئەركێكی میژوویی لەسەر شانە، كە لەسەرووی سنوور و كەوشەن و پرسگەی نێوان وڵاتان و سیاسەتەكانیانەوە، پردی پەیوەندیی و لێكحاڵبوون لە نێوان مرۆڤەكان و گەلاندا دروستدەكات و بەمەش تراژیدیا لە دۆخی مەرگەساتیانە و داڕمانەوە، دەچێتە دۆخی بیناكردنەوە و دەستپێكردنەوە و ئەدەب و هونەر و داهێنانێك بەرهەمدەهێنێت، كە ڕزگاركەرانە و ئومێدبەخشانەیە. ئەدەب و هونەرێك، كە لەگەڵ دۆخی هەبوو دەكەوێتە ململانێیەكی هەمیشەییەوە، بۆ ئەوەی بیكاتە دۆخێك كە دەبێت هەبێت. ئەمە جەوهەری ئەو جیاكارەیەیە كە ئەریستۆتالیس لەنێوان مێژوو و شیعردا دەیكات. شیعر بەمانای (پۆئیسیس)، یان داهێنان: مێژوو باس لەو ڕووداوانە دەكات كە ڕوویانداوە، بەڵام داهێنان باس لەو ڕووداوانە دەكات پێویستە ڕوو بدەن. بەمجۆرەش، تراژیدیا لە زەمەنی واقیعییدا ڕووداوێكی مێژووییە، بەڵام لە بۆتەی ئەدەبیات و داهێناندا دەبێت ببێتە ڕووداوێكی داهێنەرانە و شیعرییانە. هاولآتى: پەیوەندی تراژیدیا بە ئەدەبەوە چییە؟ پێتان وایە ئەدەب دەتوانێت دیوێكی تری ڕووداوە تراژیدیایەكان پیشان بداتەوە، جیا لەوەی مێژوو دەینوسێتەوە یان ئەوەی كە میدیا باسی دەكات؟ - پەیوەندیی تراژیدیا و ئەدەب، پەیوەندییەكی جەوهەرییە. بەو مانایەی كە ئەدەب هەمیشە هەوڵدانە بۆ گۆڕینی واقیع، كە سیاسیی تیایدا باڵادەست و نەخشەداڕێژە، بۆ هێنانەدی واقیعێك، كە تیایدا هونەرمەند نەخشەڕێ دادەڕێژێت و هونەر و داهێنان سیاسەت دەكات.. تراژدیا، لە واقیعدا و وەك ئەوەی ڕوو دەدات، لەبەرژەوەندیی سیاسییەكانە، چونكە ئەوانە بۆنەكانی بەكار دەهێنن بۆ نومایش و چاوبەستەكانیان، بەڵام ئەدەبیی تراژیدیی، سیاسەتی هونەرمەند و داهێنەرانە بۆ ئەوەی جیهانێكی جیاواز لە واقیعی تراژیدیانە بەرهەم بهێنێت، كە نەكەسی تێدا دەكوژرێت و نە پێویستە كەسیش تێیدا ببێتە قوربانی. هاولآتى: "ئەنفال" یەكێكە لە ڕووداو و كارەساتە تراژیدییەكانی ناو مێژووی ئێمە، ئەم كارەساتە تاچەند گونجاوە بۆ ئەوەی بە ئەدەب بكرێت و كاری جدی لەسەربكرێت. ئایا ئەنفال ڕەنگدانەوەی هەیە لە ئەدەبی ئێمەدا پاش كارەساتەكە؟ - من كێشەیەكی گەورەم لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا هەیە. ئەفال ڕووداوێكی ناو دنیای پەراوێزیی ئێمەیە، كە شوێنەكەی دەرەوەی شارە. جوگرافیای ئەنفال لە پەراوێزی شارەكانی هەرێمی كوردستاندایە و چەقی شار نییە. ئەدەبی ئێمە بەرهەمی شار و بە زاراوەی شارییانەیە. لێرەدا كێشەكی زۆر گەورە هەیە: چۆن شارییەك بە زمانی نیمچە ستاندارد دەتوانێت گوزارشێكی هونەرییانە لە ڕووداوێك بكات لە پانتایی ناشاردا ڕوویداوە، كە زاراوە زمانییەكەی ئەوە نییە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك، پێی دەئاخڤن؟ ئەمە ئەستەم و بگرە نوێنەرایەتیكردنێكی دەمامكدارانەشە. ئەو كاتە مەرگەساتی ئەنفال دەتوانێت گوزراشی هونەریی و ئەدەبیی لە خۆی بكات، كە زمانی دانسقەی قوربانی بۆخۆی بێتە گۆ. زمانی دانسقەی قوربانی، زمانێكی ئۆرگێناڵ و ڕەسەنی ڕووداوەكەیە، كە شیاوی وەرگێڕان بۆ زاراوەیەكیتر نییە، چونكە ئەزموونی قوربانی ئەزموونێكی تایبەت و بێنموونەیە. من لەو بڕوایەدام، هەتا ئەم زمانە خۆی نەتوانێت گوزارش لە ئەزموونی تایبەتی خۆی بكات و بە زمانی دانسقەی ڕووداوەكە، كە زمانی قوربانییە، بدوێت، هەر جۆرە گوزارشكردنێكی شاریانە، وەكئەوە وایە جۆرێ لە پشتگیری و نوێنەرایەتی كرابێت و ئەمەش پێچەوانەی هەر ئەزموونێكی دیاردەناسانەی ڕووداوەكانە و نامانگەیەنێت بە هیچ ڕاستەقینەیەك. هاولآتى: ئێوە دیوانێكی شیعریتان هەیە بەناوی (زمانی عەشق و زەمەنی ئەنفال) تاچەند ئەم دیوانە ئیلهامەكەی لە كارەساتەكەوە وەرگرتووە؟ پەیوەندی عەشق و ئەنفال لەچیدا كۆدەكەنەوە؟ پێتانوایە ئەم دیوانە پیشاندانی دیوێكی تری چیرۆكی ئەنغالی گەرمیانیەكانە. یان ئەوە ئەنفالی ڕۆحی تاكەو سودت لەو وشەیە بۆ ناونانی دیوانەكەت وەرگرتوە؟ - ئەو قەسیدەیەی ئێوە باسی دەكەن، لە كەشی دوای ئەنفال بەرهەمهاتووە. لە ئاستی كولتووریی و مێژووییەوە، كاریگەریی ئەو كارەساتەی بە توندیی لەسەرە. من ئەوسا لە دانمارك بووم و تازە ڕووداوی تراژیدیای هەڵەبجە ڕوویدابوو. زەین و دەروونی من بەو هووشیارییەی لەسەر شوناسی مرۆیی و نەتەوەیی خۆم هەمبوو، بەو مەرگەساتە كاریگەر بووم. لە ناخی خۆمدا دەمزانیی زوڵمێكی نەتەوەییم لێكراوە، بەڵام هەر لە ناخی خوشمدا دەمزانیی كە گێڕانەوەی زوڵم وەكخۆی، بەناوی ئەدەبەوە، بێمانایە. بۆیە تراژیدیای تایبەتی خۆم كە چەندین سەرچاوەی هەبوو، تێهەڵكێشی كارەساتە گەورەكە كرد بۆ ئەوەی بتوانم لە هەردوو ئاستی تایبەت و گشتی، گوزارش لە خۆم بكەم. هێڵی گشتی دەقەكە تراژیدیانەیە، بەڵام نییەتی دەقەكە هەستانەوە و دەستپێكردنەوەیە لەناو كارەساتدا، ئەوەش ئەركی ئەدەب و داهێنانە و زمان لەمەدا ناوەندە. لەو نێوانەدا پردێكی پەیوەندییم لە نێوان ئەزموونی تێكشكانی تاكەكەسیی و مێژووی تراژیكی نەتەوەییمدا، دروستكردووە. بێگومان شانازیی دەكەم گەرمیانیی و بارزانییەك خۆیان لە دەقەكەدا ببیننەوە، بەڵام من پێش هەموو شتێك چیرۆكی خۆم دەگێڕمەوە وەك مرۆڤێك و وەك كوردێك.. پەیوەندیی نێوان عەشق و ئەنفال پەیوەندییەكی پێچەوانەییە: لەكاتێكدا ئەنفال وەك كارەساتێك شكست بەدوای خۆیدا دەهێنیت، عەشق وەك دۆخێكی دەروونی وەك وزەیەك، سەرهەڵدانەوە و دەستپێكردنەوە پێشنیاز، دەكات. هاولآتى: زۆرێك پێیانوایە ئەدەبی ئێمە ئەدەبێكی غەمگینە و پڕە لە نائومێدی، بەڵام ئەدەبێكە كەمتر سودی لەو هەموو ڕوداوە تراژیدیانە وەرگرتوە كە بەسەری هاتون تەنها چەند هەوڵێكی كەمی وەك (گۆڕستانی چراكانی) مامۆستا شێركۆ بێكەس نەبێت. هۆكاری ئەمە چییە؟ - هۆكاری ئەمە ئەوەیە، كە ئەدەبی ئێمە ناتوانێت دژەباو بێت و زیاتر لە دەوری پۆپۆلیزم و عاممەگەرایی دەسووڕێتەوە بۆ ڕازییكردنی زۆرینە و ڕەشۆك.. ڕەشۆكییەتپەرستی نامانگەیەنێت بە دۆخێكی ئەدەبیی لە ئاستی داهێناندا. بۆیە غەمگینی و نائومێدی دوو تایبەتمەندیی واقیعی سیاسی و كولتووریی و مێژوویی ئێمەن و خزمەت بە دۆخی مانەوەی واقیع وەكخۆی دەكەن، ئەمەش وایكردووە كە ئەدەبی ئێمە لە بنەمادا دواكەوتووانە و موحافیزەكار و پۆپۆلیستانە بێت، نەك یاخیگەرانە و دژە واقیعیانە. ئەدەب و داهێنان، تەواو پێچەوانەی واقیع دەجووڵێنەوە و واقیع وەكخۆی، ڕەتدەكەنەوە. بۆیە ئەدەبی غەمگین و لەبەرچاوڕەشكەر، نیشتیماندزێوی و نائومێدكەر، لە بنەمادا خزمەت بە سیاسەتێك دەكات كەبەرژەوەندیی لە مانەوەی واقیعدایە وەكئەوەی كە هەیە، نەك وەكئەوەی كە دەبێت هەبێت. ئەدەبی ئێمە سیاسەتی خۆی ناكات، بەڵكو خزمەت بە سیاسەتی باو دەكات. ئەوەش لە بێئاگایی و ناهووشاریی بەرهەمهێنەری ئەدەبییەوە سەرچاوە دەگرێت. هاولآتى: پێتانوایە چی بكرێت بۆ ئەوەی دیوی شاراوەی ئەنفال و تراژیدیكانی ئێمە لە ڕێگەی ئەدەبەوە بخرێنە ڕوو، چیرۆكە شاراوەكان خوێنەوەیەكی نوێ وەربگرن، جیهان جارێكی‌تر لە ڕێگەی ئەدەبەوە ئەو كارەسات و تراژیدیانەی ئێمە بخوێنەو؟. - پێویستە دەستەبژێری شاریی بكشێتەوە و كەنار بگرێت و ئەوەندە خۆی نەكاتە نوێنەر و دەمڕاستی كارەسات. ئەمەش دەرفەتێك دەداتە قوربانیانی ڕاستەقینە تاكو بە زمانی دانسقەی خۆیان بدوێن و بتوانن لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی ئەدەبییەوە، ئەو بارە قورسە ئەزموونی و مێژووییە، لە كۆڵی خۆیان بكەنەوە. باڵادەستی شێوەزاری سلێمانی و بادینی بەسەر گوزارشلێكردنەكانی كارەسات و مەرگەساتەكانی ئێمەدا، شێوەیەكی تاكڕەهەندانەی داوەتە گوزارشكردنەكان و وەكئەوەی لێهاتووە زمانی قوربانی وەرگێڕدرابێتە سەر زمانێكی دیكە. زمانی دانسقەی قوربانیانی كارەساتەكانی ئێمە لە دەرەوەی جوگرافیای شار و زمانەكەیەتی. تایبەتمەندییەكانی زمانی پەراوێزیی و دەرەشار جیاواز گوزراش لە ئەزموونی كارەساتەكە دەكەن. هەر وشە و پیت و نیشانەیەك، هەر ئاكتێكی زمانی لە ئاستی دەربڕین و ڕەمزیی و گۆكردن و تەنانەت بێدەنگییشدا، بگرە كۆی دەنگی هەناسەدان، هەنیسك، وەستان و پچڕین و كۆكە و تف قووتدانەوە و لە گێڕانەوەی كارەساتتدا، مانای قووڵی خۆیانیان هەیە. لە زمانی شاریانەدا بەهۆی دووركەوتنەوەی گێڕەرەوەكان لەو كەشەی مەرگەساتەكانی تێدا ڕووداوە، بەهۆی نەبوونی ئەزموونی كەسی یەكەم لە ڕووداوەكاندا، ئەوە كارەسات و زمانە دانسقەكەی قوربانی، كە خۆی لە فرەڕەهەندیی زمانی و گوزراشكردنی نازمانییدا، دەبینێتەوە، هیچیان نامێنن و دەبێتە زمانێكی تاكڕەهەند و داخراو. بۆیە لەبەشێكی زۆری ئەو ئەدەبیاتەدا كە بۆ كارەسات نووسراوە، بە ئاشكرا بێدەسەڵاتی نووسەران دەبینرێت و نەشارەزاییان لە شێوەژیان و زمانی ڕۆژانەی قوربانییەكاندا، جگە لە تاكڕەهەندیی زمانی، ئەوە جۆرێك لە ستەمی شێوەزارەكانی وەك سلێمانی و بادینییش بەسەر زمانی ڕاستەقینەی قوربانییەكاندا، دەبینرێتەوە. ئەم بۆچوونە، بەرهەمی هونەرەكانی وەك موزیك، شیعر و شێوەكاریش ناگرێتەوە. لەم هونەرانەدا بەرهەمگەلێكی بەرزمان هەن.
خانمه نووسه‌ر و وه‌رگێڕو ڕۆمان نووس (به‌یان سه‌لمان) یه‌کێک لهناوهدیارهکانى ناو دونیاى ئێستاى ئه‌ده‌بى ئێمه‌و له بوارى ڕۆمان نوسیندا خاوه‌نى هه‌ریه‌که له رۆمانه‌کانى (نه‌وه‌کانى مادائى، خه‌زنه مه‌ملوک، له به‌رزایى شوراکانه‌وه، شه‌وانى ئاده‌م، یاداشتى عه‌ترو ئاگر)ه، ئه‌مه بێجگه له بوونى سێ ڕۆمان به‌زمانى عه‌ره‌بى، ئه‌و له هه‌ردوو ڕۆمانى (نه‌وه‌کانى مادائى و شه‌وانى ئاده‌م)دا کارى له نوسینه‌وه‌ى تراژیدیا و چیرۆکى ئه‌نفالدا کردوه‌و ئێمه‌ش وه‌ک په‌ڕاوى هاوڵاتى سه‌رنجه‌کانیمان له‌م دیداره‌دا ده‌رباره‌ى ئه‌م دوو ڕۆمانه‌و چیرۆکى په‌یوه‌ندى ئه‌ده‌ب و تراژیدیا وه‌رگرت. سازدانى: شاخه‌وان سدیق هاوڵاتى: ئه‌ده‌ب چۆن ده‌توانێت سوود له تراژیدیا ببینێت، چۆنده‌توانێت چیرۆکه تراژیدیه‌کان له ده‌ره‌وه‌ى واقیع بگۆڕێت بۆ فه‌نتازیا یان بۆ شتێکى نوێ؟ -بهبڕواى من ئه‌ده‌ب یه‌کێکه له‌و کایانهى که ده‌توانێنت زۆر ئیشى گه‌وره‌بکات له چیرۆکى تراژیدیا، تۆ که ده‌ڵێت ئه‌ده‌ب، واته پانتاییه‌ک هه‌یه که مرۆڤ ده‌توانێت تیایدا باس له بلۆگرافیابکات، باس له ناسنامه‌ى هه‌موو ئهوکهسانهبکات که به‌شدارى ئه‌و تراژیدیایه بوونه وه‌ک تراژیدیاى ئه‌نفالى کورد، وه نوسه‌ر ده‌توانێت له‌م حاڵه‌ته‌دا به‌ناوى ئه‌وانه‌وه ئیشى تیابکات، چونکه ئێمه که‌سمان نه‌ماوه له کاره‌ساته‌که. ته‌نها هه‌ندێک خه‌ڵکى که‌م نه‌بێت، هه‌ربۆیه لێره‌دا کاتێک نووسه‌رێک ده‌یه‌وێت ئیش له تراژیدیاى ئه‌نفال بکات و بیه‌وێت ئه‌م ڕووداوه بێنێته‌ناو ئه‌ده‌ب ئه‌وا چیرۆک یان ڕۆمان باشترین شوێنه‌و نوسه‌ر ده‌توانێنێت زۆر به‌باشى کارى تێدا بکات. من وه‌ک ڕۆمانووسێک له دوو کارى خۆمدا هه‌وڵمداوه سوود له‌م چیرۆکانه ڕاسته‌وخۆ یان نا ڕاسته‌وخۆ ببینم، که ئه‌وانیش هه‌ردوو ڕۆمانى (نه‌وه‌کانى مادائى، شه‌وانى ئاده‌م)ن، له ڕۆمانى (نه‌وه‌کانى مادائی)دا ته‌نانه‌ت پێشبینى دووباره ڕوودانهوهى تراژیدیاى هاوشێوه‌ى (ئه‌نفال)ى تێدایه، که به‌داخه‌وه له دواتردا تراژیدیاى (ئێزیدیه‌کان) ڕووده‌دات. هه‌ر چه‌نده ڕۆمانه‌که تاڕاده‌یه‌ک مێژووییه، به‌ڵام مێژوویه‌ک به‌واتا بهحتهکهى نا، به‌ڵکو مێژوویه‌کى نوێ به‌شێوه‌ى به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ى خه‌یاڵى. که ئه‌م حاڵه‌ته له ڕۆمانى (شه‌وانى ئاده‌م)یشدا دووباره بۆته‌وه. یه‌کێک له‌و ته‌کنیکانه‌ى که له ڕۆمانى نه‌وه‌کانى مادائی دا گرنگى پێدراوه مه‌سه‌له‌ى تێکشکانى زمانه که ئه‌مه به ومهبهستکراوه، چونکه که تۆ وه‌ک گه‌لێکى ژێرده‌سته پهلاماردهدرێیت و توشى جۆرێک له (ئه‌نفال) ده‌کرێیت، یه‌کێک له هه‌ره ئامانجه به‌هێزه‌کان له‌ناوبردنى کلتورو زمانهته، واته هه‌وڵى سڕینه‌وه زمانه‌که‌ت و تێکشکاندنى ده‌درێت، وه له‌مه‌وه زمانى نوسین بۆ ده‌ربڕین و گێڕانه‌وه‌ى ئه‌م چیرۆکانه ده‌بێت زمانێکى جیاوازبێت، چونکه له خودى مارهساتهکهدا زمان تێکده‌شکێت مێژوو تێکده‌شکێت و ته‌نانه‌ت ئهرشیفهکهشت تێک ده‌شکێت. هاوڵاتى: ئه‌ده‌ب چۆن ده‌توانێت دیوێکى تر‌ى ڕووداوه‌کانمان پیشان بدات واته، ئه‌وه‌ى مێژوو ناتوانێت باسى کات و ڕه‌نگه له‌بیرى بکات، ئه‌ده‌ب چۆن ده‌توانێت به زمانێکى جیاواز له فه‌رامۆشى ده‌ربازیان بکات؟ -بێگومان ئه‌ده‌ب زۆر به‌باشى ده‌توانێت ئه‌م ڕۆڵهگرنگه ببینێت، بۆنمونه من له ڕۆمانى (نه‌وه‌کانى مادائی)دا زۆر هه‌وڵمداوه ئه‌مکاره بکه‌م و خۆم له قه‌ره‌ى تراژیدیاداوه له ئه‌ده‌بدا، من باس له تراژیدیا ده‌که‌م هاوشێوه‌ى (ئه‌نفال) به‌بێئه‌وه‌ى ناوى ئه‌نفال بێنم، مه‌رج نییه تۆ باس لهکارهساتهبکهیت و هه‌میشه ناوى ئه‌و پرۆسه‌یه بێنیت. ده‌کرێت له ڕۆماندا نووسه‌ر باس له تراژیدیا بکات و جۆرێک له پێشبینى تێبێت، پێشبینیه‌ک که جۆرێک له جیهانبینی بۆ ڕوداوه‌کان تێدابێت، ئه‌گه‌ر به ووردى سه‌یرى چیرۆکى تراژیدى ڕۆمانى نه‌وه‌کانى مادائى بکه‌یت، ده‌کرێت ئه‌م تراژیدییه له هه‌ر شوێنێکدا ڕووبدات، که ئه‌مه ڕوئیاى منه وه‌ک نووسه‌ر بۆ ڕوداوێک که جیهانییه‌و ده‌کرێت له هه‌ر جێگایه‌ک که گه‌لى هاوشێوه‌ى ئێمه‌ى لێبێت ڕووبدات. هاوڵاتى: هه‌موو ئه‌و میلهتانهى که تراژیدیاى گه‌وره‌یان به‌سه‌ر هاتوه، دواتر چیرۆکى تراژیدى کاره‌ساته‌کانیان کردوه به ئه‌ده‌ب و هونه‌رى گه‌وره، ئایا ئێمه وه‌ک کورد که خاوه‌نى هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفالین توانیومانه سود له‌و چیرۆکانه وه‌رگرین؟ ئه‌گه‌ر نه‌مانتوانیوه بۆ؟ -خۆى ڕاسته نراژیدیاى گه‌وره پاش خۆى چیرۆکى گه‌وره جێدێڵێت و ئه‌مه‌ش هه‌م هانده‌ره‌و هه‌م پێویسته بۆ به‌رهه‌مهێنانى به‌رهه‌مى گه‌وره. ئه‌گه‌ر باس له ئێمه وه‌ک کورد بکه‌ین به‌ته‌سه‌ورى من پرسیاره‌که لێره‌دا له‌سه‌ر ئهوهمییه که ئێمه نه‌مانتوانیوه، چونکه چه‌ند هه‌ولێک دراوه و هه‌یه و ده‌درێت، به‌ڵام خۆى له ڕاستیدا مه‌سه‌له‌که به‌شێکى په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه هه‌یه که ئێمه ڕۆمان نووسى زۆرمان نییه و هه‌موو خاوه‌نى چه‌ند نووسه‌رێکین، که وه‌ک ژنێک ڕه‌نگه کم یه‌کێکبم له‌وان. ئێباشه من له‌و چه‌ند ڕۆمانه‌ى هه‌مه له دووکارى گه‌وره‌مدا که له‌سه‌ره‌وه باسمانکرد، کارم له‌سه‌ر ته‌نها بابه‌تى ئه‌نفال و تراژیدیا کردووه. هه‌ر بۆیه من پێم وایه له بوارى تراژیدیادا، ده‌ق به‌رهه‌م هاتوه‌و بگره ده‌قى باشیش به‌رهه‌م هاتووه، هه‌ر بۆ وێنه من له ڕۆمانى (شه‌وانى ئاده‌م)دا زۆر باسم له چیرۆکى ئه‌نفال کردوه، که باسکردنه له دوو جیهانى ته‌واو دابڕاو له‌یه‌ک، که یه‌کێکیان جیهانى ناو کۆشکه که پیاوه‌کانى تێدان و ئه‌وى دیکه‌شیان جیهانى ده‌ره‌وه‌ى کۆشکه که پێکهاتووه له جیهانى ئه‌و ژنانه‌ى که له ئه‌نفال به جێماون یان له ئه‌نفاله‌وه هاتونه‌ته‌وه، به‌داخه‌وه ئه‌م پاشماوانه به‌مه‌ستى حه‌وانه‌وه دێنه نزیک کۆشک، به‌ڵام له‌پاش ئه‌نفال دیسان ناحه‌وێنه‌وه، ڕاپه‌ڕین ڕووداده‌ت پاشان کۆڕه‌و و پاشان شه‌ڕى براکوژى که کۆى گشتى ئه‌م ڕووداوانه ماڵ وێرانى دروستده‌که‌ن بۆیه سه‌رانسه‌رى ڕۆمانى (شه‌وانى ئاده‌م) باسکردنه له (ماڵ وێرانى). لێره‌شه‌وه من دێمه‌وه سه‌ر پرسیاره‌که‌ى به‌ڕێزتان که ئایا سودمان له تراژیدیاکانمان بینى بۆ به‌هێزکردنى ئه‌ده‌به‌که‌مان من ده‌ڵێم به‌ڵێ، ڕه‌نگه کارى که‌م یان باش نه‌کرابێت. به‌ڵام هه‌وڵ دراوه‌و ئه‌م هه‌وڵانه‌ش جێگاى پێ‌زانین. هاوڵاتى: من هێشتا وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌م ده‌ستنه‌که‌وتوه که ئایا ئه‌ده‌ب ده‌توانێت دیوى شاراوه‌ى ڕووداوه‌کانمان پیشان بدات؟ -به‌ڵێ بیگومان هه‌موو ئه‌وه‌ى له ڕۆمانێکدا نووسه‌ر هه‌وڵى نووسینه‌وه‌ى ده‌دات خۆ واقیع نییه، به‌ڵکو ئه‌وه خه‌یاڵى نووسه‌ره بۆ ئه‌و ڕووداوه، که چۆت نوسه‌ر خۆى به‌پێى تێگه‌یشتنى خۆى ده‌ى بینێت، ئه‌مه‌ش دووباره پیشاندانه‌وه‌ى ئه‌و گۆشه جیاوازانه‌ى ئه‌و ڕووداوانه‌یه، چونکه ئه‌و کاره‌ساته تراژیدیانه‌ى وه‌ک (ئه‌نفال)ن، پڕن له چیرۆکى گه‌وره، یڕن له ڕووداوى دڵته‌زێن, چونکه ڕووداو کاره‌ساته‌کان خۆیان گه‌وره‌ن. هه‌ربۆیه له ئیش‌کردن له سه‌ریان و نووسینهوهشیان خه‌یاڵ و ئیشکردنى هه‌ر نووسهریچک جیاوازه. به‌ڵام به‌گشتى ئه‌ده‌ب ئه‌و پانتاییه که ده‌کرێت بتوانرێت سه‌یرى دیوى نه‌بینراوى ڕووداو تراژیدیکانى لێوهببینرێت.
شوان کەمال بۆتێگەیشتن لە چەمکی ئەنفال و گەیاندنی دەنگی ئێمەی کورد بە جیهان پێویستە ئەنفال لە دەڕبڕینی (کارەساتی ئەنفال)ەوە بگۆڕین بۆ (تراجیدیای ئەنفال) دەمەوێت لەم وتارەدا خوێندنەوەیەکی تراجیدیایانە بۆ ئەنفال، بکەم واتە تراجیدیا بە مانا فەلسەفی و مانا ئەدەبیەکەشی وەک تراجیدیایەک لەسەر تەختی شانۆی جیهانی هەموو جیهان سەرسامکەین، بەدڕندەی تاونکارانی ئەنفال و قارەمانی میلەتی کوورد. تەنها تراجیدیاش دەتوانێت گوزارشتی تەواو لە ئەنفال بکات. لە ساڵی ١٩٨٨ لە پاش کۆتایی هاتنی شەڕی هەشت ساڵەی عیراق ئێران دەزگا سەربازی و سیخوڕی و هەواڵگری و ئاسایشییەکانی رژیمی بەعس بە هەموو هێزو توانای سەربازی خۆیەوە هەلیان کوتایە سەر کوردستان و لە هەشت قۆناغ دا کەوتنە وێرانکردن و کاولکردنی کوردستان. لەم هەشت هێرشە سەربازیەدا رژیمی بەعس زیاتر لە چوار هەزار گوندی کوردستان و زیاتر لە هەزاران شار‌و شارۆچکەی کوردستانی وێرانکرد و لەگەڵ خاک یەکسانیکرد. ڕوونە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد و تواندنەوەی لە کولتوری عەرەبی عیراقی دا و داگیرکردنی یەکجاری نیشتمان وزێدەکەی بوو. پێم وایە تراجیدیای ئەنفال مانا‌و دەلالەتێکی سیاسی و ئینسانی ومێژوی لەجیهان و لە نەوەکانی دوای ڕاپەڕین بەشێوە کاریگەرە دروست نەکروە، ئەنفال خوێنەوەیەکی کاریگەری بۆنەکراوە لە ئاستە بەرزەکەیدا. پاکتاوی ڕەگەزی و جینۆسایدی گەلێک بەناوی ئەنفال بیرەوەریەکی ڕاستەقینەی تراجیدیایانەی لە ناو زهنیەتی تاکی کوردا دروست نەکردوە، تەنانەت بەشیکی زۆری وڵاتانی جیهانیش ئەنفال بەبەشیک لە ڕوداوێکی ناوخۆی وڵاتێکی دیاریکراوی دەزانن. لەسەر ئاستی ناوخۆش لە ڕۆژێکداو لە مەراسیمێکدا کۆتای دێت. خوێنەوەی ئەنفال بە شانۆنامە تراجیداکانی سۆفۆکلیس بەشیک لەو روداو وێنانەی ئەنفالی تیا دەبینینەوە. تیشک دەخەمەسەر ئەوەی کە چۆن سۆفۆکلیس تراجیدیای قارەمانی داناوە لە چوارچێوەی دەقی بنچینەی یاخود بناغەیی لە چەمکەکانی ئاین، قانون، تاوان وسزاداندا. دەکریت لەبەر ڕۆشنای ئەو دەقە شانۆیەدا تراجیدیای ئەنفالیش بنووسرێتەوە کە هەموو ڕەهەندە گرنگەکانی تراجیدیا لە ناو ڕوداوەکانی ئەنفالدا هەن. بە نموونە کە وشەی ئەنفالیش وشەیەکی عەرەبیەو لە قورئانەوە هاتووە و ئەمە ڕەهەندە ئاینیەکەیەتی. تاقانەکانی ئەنفال وئەو مرۆڤە مەزانەی ئێمە کە لەو ساتانەدا قارەمانانە ڕوبەڕوی ئەم تراجیدیایە بوونەوە، لە دژی نادادی و سەتەم وتاواندا بوون بە قارەمانی تراجیدیا . لەکاتێکدا حکومەتی عێراقی ئەوسا بەمەبەست دوای ئەنفال ویستویەتی لە گەورەی ترجیدیا کە کەم بکاتەوە ولێکدانەوەیەکی ترسنۆکانە بکات بۆ گەلی کوورد، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە لێکدانەوەیەکی ھەڵە بوو بۆ کوردەکان، چونکە کوردەکان ھەمیشە بە بەھێزییەوە و بە ماڵ و بە حاڵ بەرگرییان لە کوردستان دەکرد، بۆیە حزبی بەعپی عراقیش ھەمیشە بەدوای ڕێگای نوێ دەگەڕا بۆئەوەی لەژێر پەردەیەکی تردا ئەم تراجیدیایە بخولقێنێت. حیزبی بەعس لە ژێر ناوی ئەنفال کۆمەڵ کوژی کرد‌و،وانیشانی ڕای جیهانی دا کە کوردەکان ماڵ‌و حاڵی خۆیان بەجێدێڵن ومیلەتێکی بێئیرادەن وبەویستی خۆیان دەیان گوازینەوە بۆ ناوچەیەکی تری عێراق ،وێنایەکی جیاواز تریشی بۆ وڵاتانی عەرەبی وئیسلامی نیشان دەدا کە کوردەکان میلەتێکی ناموسولمانن، لە کاتێکا بۆ کۆمەڵ کوژی پاکتاوکردنی ناسنامەو خاکی کوردەکان ڕایگواستن . ئەرستۆ تراجیدیا و قارەمانەکنی تراجیدا وا وێنا دەکات وەک نمونەیەکی بێخەوشی تراجیدیای قارەمان کە خاوەنی شەرەف و شانازیە. دروست بوونی تراجیدیا بەمانی بوونی ستەمکاری لە شوێنێک و لە کاتێکدا کەخەبات و تێکۆشانە لە دژە هێزی چارەنوس ی قارەمانێک یان کۆمەڵە خەڵکێک، خوێنەوەی تراجیدیای ئەرستۆیش بۆ ئەنفال ئەم خەسڵەتە هەڵ دەگرێت. گەر ئەنفال وەک شانۆ نامەیەک بنوسرێتەوە کاریگریەکی گرنگی جیهانی دەبێت لە ناو بینەری شانۆکاندا. ''ئەرستۆ دەڵێت لە نمایشی تراجیدیادا بینەر دەچێتە حاڵەتی بەزەی و ترسەوە، خاڵی لاوازی خۆشی دەبینێت کە ستەمکاری هەمیشە کابوسێکی ئامادەیە بۆ مرۆڤایەتی.درامای تراجیدی سۆفۆکلیس پێکهاتوە لەوەی کە ج پێناسەیەک زۆر بەناوبانگە وباشە بۆ نمونەی تراجیدیای قارەمان کە خاوەنی شەرەف وشانازی بیت.بۆیەئەنفال بەوپێدانگانە تراجیدیای میلەتێکی قارەمانەو باشترین پێناسەی شانازی و شەرەفە. ئەریستۆ دەڵیت '' تراجیدیا پێویستە ئاوەزی بەزەی و ترس بوروژێنێت لەبەردەم بینەردا،و تراجیدیا شەڕکردنە لەگەڵ ستەم و بەدبەختی و نادادی'' لای ئەریستۆ تراجیدیا ئایدیال هەیە ،ئێستاش کاتی ئە وەهاتووە کە ئەنفال بکرێت بە ئایدیاڵی تراجیدیالەجیهاندا. قەڵاچۆکردن و پاکتاوی رەگەزی گەلێک، کە سەرەڕای ئامادەکردنی نەخشە و هێزی سەربازی و توانای جێ بەجێ کردنی ئەم تاوانە بەوردی چوارچێوەیەکی فیکری وئایدۆلۆژی بۆ ئەم قڕ کردن و قەڵاچۆکردنە داڕژابوو، کە لە هەناوی دەقە پیرۆز‌و دینیەکانەوە وەرگیرابوو ،سەردەمانێک ئەوەشمان دی بە بەرچاوی دنیای عەرەب و ئیسلامەوە بەسانای تێپەری، بەڵام ئێستا لەڕیی، دەقە ئەدەبییەکان، دراما، ڕۆمان، وتێکستە فکریەکانەوە دەکرێت نارەوابوون و نائەخلاقی بوونی ئەو زەمان بهێنرێنەوە هۆش، وەک هۆڵۆکۆست کەبەردەوام ئەم تراجیدیایە بدرێت بەگوێی مرۆڤ دۆستان وجیهاندا.ساڵوەگەڕی تراجیدیای جینۆسایدی گەلی کورد هەموو ساڵیک لە مانگی چواردا یاد دەکرێتەوە ودەبێتەوە بابەتی سەرەکی میدیا‌و ناوەندە کوردییەکان. پێویستە لە سەر کورد و هەموو تاکێکی ئەم نەتەوەیە هەوڵ بدات تا لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانی جیهاندا وبە پێی یاسا ئەم رۆژە وەک رۆژی جینۆسایدی کورد بناسینن و زامنی دووبارە نەبوونەوەی لە جیهان وەربگرن لە هەموو نیشتمانی کوردان ولە جیهاندا. گەرچی خۆشبەختانە سوید و نەرویج و بەریتانیا بەشێوەیەکی ڕەسمی تراجیدیای ئەنفالیان بە جینۆساید داناوە. لە ٥ کانونی یەکەمی ٢٠١٢ پەرلەمانی سوید ڕیکساداگ بڕیاری دا و لەلایەن پارتی سەوز بۆئەوەی جینۆسایدی کورد بناسێنێت. وە ئەو بڕیارە بە ٣٤٩ ئەندام لەپەرلەمانی ئەڵمانیا پەسەند کرا .لە ٢٨ شوباتی ٢٠١٣ خانووی بەریتانی جەماوەر (British House of Commons) بەشێوەیەکی یاسایی جینۆسایدی ئەنفالی ناساند و کە نەدیم زەهاوی ڕابەری دەکرد کە پارێزگار MP بوو. .
عومەر سەید گەر لە ئەفسانەوە مرۆڤ و دنیاکەی بخوێنینەوە، دەبینین گەیشتن و سەرهەڵدانی مرۆڤ لە سەر ئەم هەسارەیە، هاوتەریبە لە گەڵ تراژیدیادا. گەر بەهەشت هێما بێت بۆ ئارامی و نا تراژیدیا، ئەوا سەرزەمین جێیەکە بۆ سزا و عەزاب و مردن. ئیدی لەو کاتەوە و تا ئێستا مرۆڤ پاڵەوانێکی دۆڕا و شکست خواردوو بووە لە بەرامبەر تراژیدیادا. یەکەم داستانی نوسراوی مرۆڤ بۆ وێناکردنی خۆی لە بەردەم تراژیدادا، گەلگامشە، ئەو نیمچە خودا و نیمچە مرۆڤەی دوای گەشتێکی دوور دان بە شکستی خۆیدا دەنێت. بەشی هەرە گەورە و زۆری ئەدەب و هونەر بەرجەستە کردنی ئەم ململانییە. کار کردنە لە سەر مەرگەسات و کارەسات و کۆمەڵ کوژییەکان. گەر لە تراژیدیای یۆنانیدا، مرۆڤ لە ژێر جەبر و هەژموونی خوداکاندا بێت و چارەنووسی بە دەستی خوداکان بێت و هەر لەوانیشە دەرگیری تراژیدا بێت، وەک ئۆدیب پاشا و سیزیف. ئەوا لە کلاسیزمی نوێ‌دا و لای شکسپیر و راسین و کۆرنی شانۆ دەبێتە جێگای نمایشی تراژیدیای مرۆڤ وەک تاک و بەرپرسیارێتێکەش لە خوداوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ خۆی، نەک هێزێکی بان سروشت. گومانی تێدانییە بەشێکی گەورە و زۆری مێژوو، جەنگ و داگیرکاری و کۆمەڵ کوژییە. کە ئێمە لە رێگەی زمانی نوسینەوە لە دووتۆی کتێبەکانی مێژووەوە، یان حیکایەت و چیرۆکەکانەوە بەریان دەکەوین و دەیانخوێنیینەوە. بەڵام لە سەدەی رابردووەوە کە پڕە لە کۆمەڵ کوژی و تاوانی گەورەی وەک هۆلۆکۆست و پاکتاوی رەگەزی ئەرمەنییەکان لە تورکیا و ئەنفال........هتد بەڵگەنامە و وێنە و دۆکۆمێنتەکان و شوێن و پاشماوەکان و گۆڕە بە کۆمەڵەکان، ئێسک و پروسکی خودی قوربانییەکان دەبنە بەڵگە و شایەتحاڵ. ئەمڕۆ هەزاران بەڵگەی وێنەیی و دۆکۆمینتاری و بەڵگە و شوێنەوار و شایەتحاڵ لە سەر ئاشفێز بەردەستە. لە سەردەمی ماسمیدیا و دیجیتاڵدا، لە سەردەمی وێنەی فۆتۆگرافی و وێنەی جوڵاودا، تەواوی پرۆسەی کۆمەڵ کوژییەکان هەن و ئەرشیف کراون. بەڵام کێشەی جدی و لەمپەری گەورەی بەردەم جینوسایدی ئەنفالدا، نەبوونی وێنەیە، کە کاریگەرترین بەڵگەیە بۆ ئەم سەردەمە، کە بە سەردەمی گومان و بەڵگەی بەرچاو ناسراوە. ئەنفال پرۆسەیەکی ئەقڵانی سیستماتیزەکراوە، لە رووی لۆجستی و سەربازی و پرۆسەوە بەشێکە لە مۆدرێنە و لە پشتییەوە ئەزموونێکی زۆر و ئەقڵێکی گەورە هەیە. بەعس لە ئەنفالدا هێندە جەهەنمیانە و نهێنیانە کاری کردووە، هێند بیروکراسیانە قۆناخ دوای قۆناخ پرۆسەکەی ئەنجام داوە، کە ئێمە ئەمڕۆ بەراورد بە ترسناکی و گەورەیی کۆمڵ کوژییەکە، کەمترین بەڵگە و داتا و دۆکۆمێنتمان بەردەستە. تەنانەت یەک وێنەشمان نییە یا بڵێین بەعس یەک وێنەشی بۆ بەجێنەهێشتووین، تا ئەمڕۆ وەک وێنەکەی عومەری خاوەر، بیکەینە هێما و ناسنامەی ئەنفال. ئەمڕۆ پاش تێپەڕبوونی سی و یەک ساڵ لەو کۆمەڵ کوژییە، تا ئێستە بە دیاری کراوی نازانین چی رووی داوە. کەمترین زانیاریمان سەبارەت بە جۆر و شێوازی کۆمەڵکوژییەکە هەیە، یا ژمارە و شوێنی گۆڕەکان، ژمارەی ژن و کچەکان، ژمارەی منداڵەکان، ژمارەی گەنج و پیر و پەککەوتەکان. دوای سی و یەک ساڵ لە جینۆسایدەکە و شانزە ساڵ لە رووخانی بەعس، دانپێدانانی یەک شایەتحاڵمان لەو جەلادانە لە لانییە. کەسێک نە لە جاش و نە لە سەرباز و نە لە سەرانی بەعس نییە بە تەواوەتی بزانێت یا ئاگاداری تەواوی قۆناخەکانی پرۆسەکە بێت. ئەو جاش و سەربازانەی گوندەکانیان ئاگرداوە و خەڵکەکەیان راگواستووە، ئەرک و فەرمانیان هەر هێندە بووە کە خەڵکەکە بگوازنەوە تا نزیکترین سەربازگە، لەوێشەوە جەلاد گەلیتر بە ئەرکی خۆیان هەستاون و دەس بە دەس بێ ئەوەی هەنگاوێک ئاگاداری هەنگاوی پاش و پێشی خۆی بوبێت. یەک وێنەی زیندوو و راستەوخۆی ساتی زیندانیانی نێو قەڵا و زیندانەکانی نوگرەسەلمان و تۆبزاوە و عەرعەرمان لانییە، نازانیین قەبارە و شێوەی سەگە رەشە کورد خۆرەکە چۆنە و چ بیچمێکە. یەک چرکەیش فیلمی بەڵگەیی ساتی گوللەباران کردن و زیندەبەچاڵ کردنی ئەو هەموو قوربانییانەمان دەستنەکەوتووە، ئەمە ئەگەر هەبێت. یەک موسڵمانی کورد، یا ناوەندێکی ئیسلامی، یا وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، نازانێت و ناتوانێ پێمان بڵێت، چەند مزگەوت و پەرستگا و ماڵی خودا لەو پرۆسەیەدا رووخێنراوە و چەند کتێبی پیرۆز سووتێنراوە. کەمترین داتا و ژمارەمان لایە.! ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییە تاڵ و بە ئازارەکەی ئەنفال، کەمی بەڵگە و نەبوونی وێنە. لێرەدا رۆڵی ئەدەب بە تایبەتی رۆمان، رۆڵی هونەر بە دیاریکراوی سینەما، بە دەر ئەکەوێت. دەبێ و دەبوایە نوسەران و هونەرمەندان لە رێگەی خەیاڵ و فەنتازیاوە ئەم بۆشاییە گەورەیان پڕ کردایەتەوە، گەرچی ئیش کراوە، بەڵام بە گشتی زۆر کەم و کرچوکاڵە. ئەوە ئەرکی رۆمان و سینەمایە کە تەواوی پرۆسەکە بە ورد و درشتێوە بێنێتەوە و وێنە و روخساری پێببەخشێتەوە، هەموو قوربانی و گوند و شارە خاپورەکان، هەموو ستەمکاران و جاش و خۆفرۆشان بە خوێن و گۆشت و ئێسکەوە لە رێگەی وشە و وێنەوە بگێڕێتەوە نێو ژیان ومێژووەوە، تا بۆ ئەبەد بەعس و جاشەکان سوک و شەرمەزار کرێن و رۆحی قوربانییەکانیش ئاسودە و نەمربن. تراژیدیای لە تراژیدیا بە سوێتر و شەرمەزارتر، بەشداری کارای ئەو هەموو کوردە خۆفرۆشەیە لە ئەنفالدا. جووەکان دەزانن ئەوەی قەتلوعامی کردن نازییەکان بوون، ئەرمەنەکان بە دەستی فاشیزمی دەوڵەتی تورکی پاکتاوی رەگەزی کران، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ دەبێ دان بەو حەقیقەتە تاڵەدا بنێین و بێ ترس و شەرم رۆڵی گەورە و کاریگەری خۆمان لە جینۆساید کردنی خۆماندا بنێین.! تایبەتمەندی دووەمی ئەنفال، بوونی نزیک بە نیو ملێون جاشە کە بەشداری کارایان هەبووە لە سووتان و راگواستنی خەڵکە سڤیلەکە بۆ نێو چنگی پۆڵایی بەعس! کە ئەمە جگە لەوی عەیبەیەکی گەورەی سۆسولۆژیی و سیاسییە. هاوکات بە درێژایی مێژووی نەتەوایەتیشمان بۆتە هۆکار و لەمپەری سەرەکی بەردەم بە ئامانج گەیشتنی مەسەلە رەواکەمان. دەبێ دانیپێدا بنێین. لەوەش شەرمەزارتر یەک لەو پاڵەوانە خۆفرۆشانە تا ئەمڕۆ ئامادەنییە و نەبووە لە بەردەم میللەتەکەیدا دانپێدانانی خۆی بڵێت و داوای لێبوردن بکات. تەنانەت هەندێکیان تا ئێستەش خۆیان بە بێ گوناه و کوردی عەیار بیست و چوار دەزانێت. جاشایەتی بە قوڵایی مێژووی ئێمە لێدان بووە لە یاسای سروشتی پیرۆز و هەمیشەیی نەتەوەیمان. بنکۆڵ کردن و بارگاوی کردنی رۆحی نەتەوە بووە بە شکست و شەرمەزاری. بۆ نموونە بیهێنە بەرچاوی خۆت، رۆژێک کۆمپانیایەکی بیانی بەرهەم هێنانی فیلم بانگێشتی هەرێم بکەین و داوای دروستکردنی فیلمێکیان لە سەر ئەنفال لێبکەین. گومانی تێدا نییە دەبێ بڵێین لە بەرامبەر چەند هەزار پێشمەرگەیەکدا، نیو ملێون جاشیشمان هەبووە. دیسانەوە بیهێنەوە بەرچاوی خۆت، دەرهێنەری فیلمساز چۆن ئەبڵەق دەبێت و بۆ چەند ساتێک لە خۆ دەچێت تا ژمارە و دیمەنەکەی بۆ روون دەبێتەوە و رەنگە لە گەڵ قاقایەکی گاڵتەجاڕانەشدا بڵێت (کاکینە، ئەم مێژووە بۆ فیلم نابێت و ئێوە کەڵکی ئاوەدانیتان نییە) !!!. هەر بۆیە گەر دەمانەوێت، کلتورێک و نەتەوەیەک و نیشتمانێک و ژیانێکی نوێی دوور لە ئەنفال و ترس بنیات بنێین. دەبێت بە سەرێک تەواوی مێژووی قوربانی و پاکتاوی رەگەزی خۆمان بگێڕینەوە ناو ئێستا و ناو ژیان و خۆمانی لە سەر بونیاد بنێینەوە، بە سەرێکی تریش تا مێژووی رۆحی جاشایەتی نەبێتە ئەجیندای سەرەکی ناو لێکۆڵینەوەکانی ئاکادیمی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەگەری چەندین بارەی ئەنفال بەردەوام بە دوامانەوەیە، وەک چۆن لە شەنگال رووی دایەوە. هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە و لە تراژیدیایەکەوە دەچینە تراژیدیایەکی نوێترەوە. دواجار وەک چۆن تێۆدۆر هەرتزلی باوکی رۆحی دەوڵەتی ئیسرائیلی دەڵێت ( ئێمە یەک نەتەوەین و ئەوەشی ئێمەی کرد بە یەک نەتەوە دوژمنەکانمان بوون) دەکرێ کوردیش لە رێگەی تراژیدیا زۆر و بەردەوامەکانییەوە، لە رێگەی مێژووی جینۆسایدەکانییەوە، کار بۆ نەتەوە بوون و دەوڵەت بوونی خۆی بکات.
ئەحمەدی مەلا ئێمە مێژوویەکی زۆر تێکچڕژاومان هەیە، لەزۆر رووەوە تێکەڵوپێکەڵ کراوە، مێژووی نەتەوە و ئاین لە زۆر جەمسەرەوە یەک دەگرنەوە، لە ناو سیستەمێکی وشکهەڵاتوودا دەژین، دەست لە چی دەدەی شتێکی دیکە بەردەبێتەوە. ئەمە مێژووی ١٤٠٠ ساڵی ئێمەیە. بۆیە "ئەنفال" یش یەک روخساریی نییە، یەک جەستەی نییە، کارییگەرییەکانی پەنهانانە کارلەسەر ئێمە دەکەن. ئەم رووداوە، لە شەڕی "بەدر"ەوە تاکو ئێستا دووپات دەبێتەوە. مێژووی ئەم شەست حەفتا ساڵەی رابورد، بە چەندین بیچم "ئەنفال" دووپات دەبێتەوە و هیچ رێگریی و بەربەستییەکیش دروستنەکراوە تاکو رێگەی دووبارەبوونەوەی لێ بگیرێ : فەرهوود، حەرەس قەومی، ئەنفالەکانی ١٩٨٨ و کردەوەکانی شەنگالی ئەم دواییە، درێژکراوەی "ئەنفالی یەکەمن" کە سوورەتێک لەقورئان بەو ناوەوە نراوە کە لە رووی زمانەوانییەوە واتە "تاڵانکردن"، لە رووی ئەقیدەشەوە دەشێ چەندین لێکدانەوەی بۆ بکرێ، کەچی هیچ لەو لێکدانەوانە نەیتوانی و ناتوانێ رێگە لە کارەساتەکانی جێنۆسایدی ئێزدییەکان بگرێ هەر بۆ نموونە. جگە لە روخسارە هەمەجییەکەی، ئەنفال روخسارێکی دیکەشی هەیە کە دەشێ پێی بگوترێ "سۆفت ئەنفال" کە بوو بە مایەی لە ناو بردنی ئەوەی دیکەی نا موسڵمان؛ لە وڵاتانی وەکو میسر دژ بە قیبتییەکان تاکو ئێستا کار و کردەوەی ناڕەوا دەکرێ، لە عێراق و سوریا دژ بە مەسیحییەکان بە شێوەیەکی نەرم شاربەدەر و دواتر وڵات بەدەر دەکرێن. لە هەموو دزێو و ناشرینتریش ئەوەیە کە هێزی براوە و سەرکەوتوو، دوای لەناوبردنی "بێهێز" شتێکی جودا تر بنیات نانێ. تەنها وێرانەیەکی دیکە دەخاتە سەر وێرانەکان پێشوو ؛ لە ناوبردنی ئەوەی دیکە پرۆژەیەکی رووتە. لە رووی ئەقائیدیییەوە بەرەورووی گرفتێکی گەورە دەبینەوە، چونکە لە دەقە ئەسڵییەکەی قورئاندا، خودا خۆی وەکو ئەکتەرێک دێتە سەر شانۆی رووداوەکان و گەردنی ئەکتەرە مرۆییەکان ئازاد دەکا و دەیداتە پاڵ خۆی، وەک چۆن لەم ئایەتەدا زۆر بە روونیی دەردەکەوێ :"فَلَمْ تَقْتُلُوهُمْ وَلَكِنَّ اللَّهَ قَتَلَهُمْ وَمَا رَمَيْتَ إِذْ رَمَيْتَ وَلَكِنَّ اللَّهَ رَمَى وَلِيُبْلِيَ الْمُؤْمِنِينَ مِنْهُ بَلاء حَسَنًا إِنَّ اللَّهَ سَمِيعٌ عَلِيمٌ( سورەتی ئەنفال ٨ ئایەتی ١٧)" واتە ئێوە، ئەی باوڕداران، ئەوە ئێوە نین کە دەکوژن، بەڵکو ئەوە خودایە، ئەوە ئێوە نین کە تیر دەهاوێژن بەڵکو ئەوە خودایە...بۆیە، لە رووی ئاینییەوە، مرۆڤ نابێتە لێپرسراو، بەڵکو خودا خۆی بەم کارە هەڵدەستێ. جگە لە سیاقە مێژووییەکەی کە ئایەتەکەی لەمەڕ داڕێژراوە، لە رووداوی دیکە و شوێن وکاتی دیکەدا، جارێکی دیکە فەرهوود کە دژ بە جووەکانی عیراقی سەردەمی شا ئەنجام درا، یەکێکە لەبیچمەکانی ئەنفال، یا دژ بە کوردەکان لە سەرەتای بە ئیسلامکردنیان و دواتر لە سەردەمی سەددام حوسێن‌دا، لە نێوان ساڵانی ١٩٨٨ و ١٩٨٩ هەمان تراژیدی لە ژێر سێبەری هەمان سوورەت دووبارە دەبێتەوە، لە سەرەتای سەدەی بیستەم عوسمانییەکان جێنۆساید دژ بە ئەرمەنییەکان لە ژێر سایەی هەمان ئەقڵییەتدا رووداوێکی دڵتەزێنی دیکە دووبارە دەکەنەوە هتد. سەرهەڵدانەوەی داعش یا پێشتریش ئەلقاعیدە هەر هەمان مێتۆد و لەسەر پێگەی هەمان زیهنییەت کار دەکات، هەمان مێتۆد کارەساتەکان دووبارە دەبنەوە...بە واتەیەکی دیکە ئەنفال بە درێژایی مێژووی ئەم هەزار ساڵە بەسیما و بیچمی جوداوە خۆی دووبارە دەکاتەوە. کەواتە، بە بێ تاوتوێکردنێکی ورد و دروست ئێمە ناتوانین هێزی مەناعە دژ بە دووپاتکردنەوەی ئەنفال لەسەر پێی خۆی راوەستێنین. پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە چۆن ئەم کردەوەیە ویژدانی ئێمەی جولاند و دەیجوڵێنێ؟ ئەم کارەساتە چۆن لە بواری ئافراندنی ئەدەبی و هونەریی رەنگی داوەتەوە و لە بواری رووبەری دووبارە دوواندنەوەی ئەنفال چۆن دێتەوە مەیدان؟ ئەم پرسیارە، بە بۆچوونی من پەیوەندیی بە بەشی یەکەمەوە هەیە کە لە سەرەوە ئاماژەیەکی خێرام بۆ کرد، واتە بە بێ پێداچوونەوەیەکی شێلگیرانە بۆ سەرجەم کەلەپووری ئاینیی ئێمە، هیچ ئاسەوار و کاریگەرییەکی وا لە ویژدانی ئێمەدا جێناهێڵێ کە رەهەندێکی مێژوویی وەرگرێ و کە بتوانێ ئاسۆی نوێ هەم لە هزرماندا یەکئاڵا بکاتەوە، هەم بەرەو ئایندە هێڵە گشتییەکانمان بۆ بنەخشێنێ. نووسینی رۆمانێک، یا دیوانە شیعرێک، یا سروودێک، یا مۆزەخانەیەک، یا چەند تابلۆیەک بە هیچ شێوەیەک لە ئاستی "کردە تراژیدی ئامێز"ەکە نین. ئەمە وەک ئەوە وایە تووشبوویەکی شێرپەنجە بە حەبی ئەسپرین چارەسەر بکرێ. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەم رووداوە دەبێتە بۆنە، وەکو نەورۆز و جەژنی کرێکاران و رۆژی دایکان و هتد لێ دێ، کەچی لە جەوهەردا وا نییە، چونکە ئەم خوێنداچۆڕینە بە دووپاتکردنەوەی بۆنە چارەسەر ناکرێت. رەنگە نمایش‌کردنی ئەنفال وەک بۆنەیەکی ساڵانە، جۆرە ئارامییەک ببەخشێتە ویژدانمان، بەڵام دیسانەوە دووبارەی دەکەمەوە ناچێتە ئاستی رووداوەکە. لە نێو ئەم هاوکێشەیەدا، ئەقڵییەتی باڵادەست خاوەنی مێژووە، خاوەن تێکڕای مێژووە، ئەم خاوەندارییەتە شەرعییەتی ئاسمانی هەیە، ئەمە هاوکێشەیە تاکو رۆژی ئەمڕۆمان تاقە تەفسیر و تاقە خوێندنەوەی دنیای لە لایە. گەر شێلگیرانە و بە بوێرییەوە سەرکۆنەی قڕکردنی ئەرمەنییەکان کرابا، چ لە ئاستی دەوڵەتی تورکیی، چ لە ئاستی نێونەتەوەییدا، ئەودەم دەبوو بە خاڵێکی وەرچەخان، دەبینین دوای سەت و چواردە ساڵ ئینجا وڵاتێکی وەکو ئیتالیا ئەم دەسپێشخەرییە دەکات و جێنۆسایدی ئەرمەنییەکان بە تاوان دەناسێنێ ؛ بەڵام ئەمە زۆر درەنگە، درەنگە لە ئاستی نێوەنەتەویی. ئەگەر دەوڵەتی تورکیی دان بەم جینۆسایدە نەنێت وەک چۆن فەڕەنسییەکان سەبارەت بە وڵاتانی داگیرکراو کردیان ئەوە مەحاڵە ببێ هەنگاوێکی ئەرێنی. واتە دەبێ سەرەتا تاوانبار دان بە تاوانەکەی بنێ بۆ ئەوەی برینی قوربانی بەرەو سارێژبوون بچێ. چونکە "ئەوی دیکە" لە ئەقڵیەتی باڵادەستدا، هەمیشە لە زۆنی دوو و سێ دا دەژی، تەنانەت وەکو نیمچە مرۆڤ سەیر دەکرێ، هەر بۆ نموونە کاتێک ئەولیای چەلەبی لە سەدەی حەڤدە سیاحەتنامەکەی دەنووسێ چۆن باسی ئێزدییەکانی کردووە؟ وەک نیمچە مرۆڤ وەسفی کردوون. زۆرێک لە نووسەرانی موسڵمان، بە سوننە و شیعەیانەوە چۆن باس و وەسفی کوردی‌یان کردووە؟ ئایا نەیانداونەتە پاڵ نەوەکانی جنۆکە و تاکو ئێستاش وەک گوتارێکی باڵادەست ئامادەیی نییە؟ دەبێ پێداچوونەوە بۆ ئەم کەلەپوورە بکرێ و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی بۆ بکرێ و خاڵەکان لەسەر پیتەکان دابنرێن. دەبێ ئەم کەلەپوورە لەسەرجەمی ئەو خڵتانە پاک بکرێتەوە و لەسەر بنەمای هێزی ئەقائیدیی سەیری مرۆڤ نەکرێ، بەڵکو لەسەر بنەمای جاڕی مافەکانی مرۆڤ کە مرۆڤەکان هەموو یەکسانن، کەلتوور و رەنگی پێست و زمان و ئاین و مەزهەب نابێت بنەماکانی ئەو یەکسانییە تێکبشکێنن، چونکە مرۆڤ سەر بە یەک رەگەزە ئەویش رەگەزی مرۆڤە. ئێدوارد سەعید لە رۆژهەڵاتناسیی پەنجە دەخاتە سەر ئەم برینە، بەڵام ئەو دید و ئەندێشەی رۆژئاوا لە خوێندنەوەی رۆژهەڵاتدا تاوتوێ دەکات، رۆژئاوا چۆن سەیری رۆژهەڵاتی، چۆن ئەندێشەی کردووە ؛ ئێمەش دەبێ بە هەمان مێتۆد تاوتوێی مێژووی ئیسلام بکەین لە خوێندنەوەی ئەوەی دیکەی نا موسڵمان یا غەیرە عەرەب.
حسه‌ین له‌تیف هه‌تا ئێستاش کتێبی"هونه‌رى شیعر"ى ئه‌رستۆ که یه‌که‌مین کتێبێکى زانستییه له باره‌ى شیعره‌وه نووسرابێت،سه‌رچاوه‌یه‌کى گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له ئه‌ده‌بی تراجیدی،چونکه ئه‌رستۆ که قسه له‌سه‌ر شیعر ده‌کات له‌و کتێبه‌ی خۆیدا،قسه له‌سه‌ر ده‌قه شانۆییه‌کانى هه‌ریه‌که له ئه‌سخیلۆس و سۆفۆکلیس به پله‌ى یه‌که‌م ده‌کات. ره‌نگه لێره‌دا بپرسن په‌یوه‌ندى ده‌قی شانۆیی به ئه‌ده‌ب و شیعره‌وه چییه؟ چی واده‌کات ئه‌رستۆ ده‌قه شانۆییه‌کان بهێنێته ناو کتێبه‌که‌ى خۆیه‌وه؟ بۆ وه‌ڵامى ئه‌م پرسیارانه ده‌بێت ئه‌وه له‌به‌ر چاو بگرین که هه‌موو ده‌قێکى ئه‌ده‌بی، جه‌سته‌یه‌کى زمانى یه، کاتێک که ده‌خرێنه سه‌ر شانۆ و شاشه،ده‌بنه ده‌قێکى هونه‌ریی،چونکه له وشه‌وه ده‌په‌ڕنه‌وه بۆ زمانى نواندن له شانۆدا، زمانى وێنه له سینه‌مادا. ئه‌وه‌ى ده‌قێکى ئه‌ده‌بی ده‌کات به‌کارێکى هونه‌ریی، پرۆسه‌ی گۆڕینی زمانى ده‌قه‌کانه. ده‌قه شانۆییه تراجیدیه‌کان شیعر ره‌گه‌زێکى گرنگی پێکهێنانیان بووه، چونکه شیعر تواناى دروست کردنى کاریگه‌رى له‌سه‌ر ده‌روونى "وه‌رگر /بینه‌ر" به‌هێزه. کتێبه‌که‌ى ئه‌رستۆ له‌یه‌ک کاتدا قسه‌کردنه له‌سه‌ر شیعر و دراما. وه‌کو تریش قسه‌کردنه له‌سه‌ر ئه‌ده‌بى تراجیدی. ئهقلاتۆن له‌به‌ر رۆشنایی بیر‌و باوه‌ڕه رامیاریهکهى خۆیدا باسی ئه‌ده‌ب و هونه‌رى کردووه، به‌لاسایی کردنه‌وه‌ى سروشتى زانیوون و ره‌تى کردوونه‌ته‌وه،ته‌نها ئه‌و جۆره له‌ئه‌ده‌ب و هونه‌رى په‌سه‌ند کردووه که خزمه‌تى سیستمى رامیارى کۆمار ده‌که‌ن، ئه‌رستۆیش ئه‌ده‌ب و هونه‌رى هه‌ر به لاساییکردنه‌وه‌ى سروشت زانیوه، به‌ڵام به گرنگی یه‌وه له کاریگه‌رى ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و به‌تایبه‌ت ئه‌ده‌بى تراجیدی روانیوه،چونکه پێى وابووه له‌ڕێگاى ئه‌و کاریگه‌ریه‌وه که له‌سه‌ر ده‌روونى "وه‌رگر/ خوێنه‌ر"ى به‌جێده‌هێڵێت، وه‌رگر و خوێنه‌ر هه‌ست به ئارامى ده‌روونى ده‌که‌ن. له ته‌واوى ده‌قه تراجیدیه‌کانى هه‌ریه‌ک له ئه‌سخیلۆس و سۆفۆکلیس و ئه‌ریستۆفانیس و یۆرپیدیس دا، تراجیدیا رووداوێکه به‌سه‌ر خێزانى خواوه‌نده‌کان و بنهماڵهنهجیبزادهکان دا دێن، چونکه مرۆڤى ئاسایی توانای رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى چاره‌نووسی خۆی نییه، وکو تریش ده‌شێت به‌خشینى وێنه‌ى کاره‌کته‌رى تراجیدی به خواوه‌ندان و فه‌رمانره‌وایان له‌لایه‌ن تراجیدنووسهکانهوه، بۆ پێگه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌وان و تێڕوانینیان به چه‌مکى ململانێ وه هه‌بێت. ئه‌گه‌ر تراجیدیا له ناو تێکستى تراجیدنووسهکانى یۆنان‌دا بریتی بێت له کاره‌سات و رووداوگه‌لێک به‌سه‌ر خواوه‌ندێک یان فه‌رمانڕه‌وایه‌کدا هاتبێت،ئه‌وا لاى نووسه‌رێکى وه‌ک واڵتهرکاوفمان تراجیدیا له رووداوێکى تاکه که‌سییه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ رووداوێک به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک دا هات بێت. به‌گوێره‌ى پێناسه‌که‌ى واڵته‌ر کاوفمان ده‌کرێت هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک له مێژووى خۆیدا، رووبه‌ڕووى چاره‌نووسی تراجیدیانهى خۆى بووبێته‌وه. کورد وه‌ک نه‌ته‌وه،له‌مێژووى خۆیدا، چه‌ند جارێک رووبه‌رووى چاره‌نووسی تراجیدیانهى خۆى بووه‌ته‌وه،پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا ئێمه رووداوه تراجیدیه‌کانى خۆمانمان هه‌ر وه‌ک مێژوو نووسیوه‌ته‌وه یاخود وه‌ک سه‌رچاوه بۆ به‌رهه‌مهێنانى تێکستى ئه‌ده‌بیمان لێمان ڕوانیوون؟ کامانه‌ن ئه‌و تێکستانه‌ى له رووداوه تراجیدیه‌کانى مێژووى ئێمه‌وه به‌رهه‌م هێنراون؟ له راستى دا، ئه‌گه‌ر تراجیدیا وه‌ک رووداوی دڵ ته‌زێن سه‌یر بکه‌ین که‌به‌سه‌ر تاکه که‌س و بنه‌ماڵه‌یه‌کدا هات بێت، ئه‌وا ئه‌حمه‌دى خانى یه‌که‌مین شاعیری کورده که تراجیدیا نووسیوه‌ته‌وه،چونکه ده‌قی مهم و زین زۆر له‌و ره‌گه‌زه درامیانهى تیایه که ده‌قێکى شانۆیی ده‌که‌ن به ده‌قێکى تراجیدی. ئه‌گه‌ریش له‌گه‌ڵ پێناسه‌که‌ى واڵته‌ر کاوفمان یهکانگیربین،ئه‌وا شێرکۆ بێکه‌س چه‌ندین تێکستى تراجیدی نووسیووه.ئه‌گه‌ر تراجیدیا له‌ئه‌ده‌بی یۆنانی دا،له تێکسته شانۆییه‌کانه‌وه سه‌رى هه‌ڵدا بێت، که‌هه‌ر وایه،ئه‌وا سه‌ره‌تاکانى تراجیدیای کوردی له ناو تێکستى شیعریی ئێمه‌دایه. کتێبی"روانینێک له تراجیدیا/ئه‌حمه‌دی )خانى و شێرکۆبێکه‌س( وه‌ک تراجیدنووس"هه‌وڵێکى له‌خۆ بوردوانهى منه بۆ ناساندنى چه‌مک و ئه‌ده‌بی تراجیدیی له یۆنانه‌وه تا ئه‌مرۆ، لهرێگاى به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى چه‌مک و پێناسه جیاوازه‌کانه‌وه بۆ ئه‌ده‌بی تراجیدیی، هه‌وڵى دارشتنى سه‌ره‌تایه‌کى تیۆریم داوه بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر تێکستى تراجیدیی له شیعری کوردی‌دا.ئه‌م هه‌وڵه‌شم لهوڕوانگهیهوهداوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو تراجیدیایهى به‌سه‌ر ئێمه‌دا هاتووه، هێشتا تراجیدیا له زمانى ئێمه‌دا پێناسه نه‌کراوه‌ته‌وه، هیچ کتێبێک،هیچ هه‌وڵێکى تیۆریی بۆ ناساندنى تراجیدیا له ئارادا نه‌بووه. له‌م کتێبه‌دا هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌مان ده‌ست نیشان کردووه که پێویستى ده‌قێکى تراجیدین، چونکه هه‌ر تێکستێک که بۆ کاره‌ساتێک نووسرا ماناى ئه‌وه نییه ئه‌و تێکسته تێکستێکى تراجیدییه.
هاوڵاتی فیلمی "کانی سپی" کە فیلمێکی کوردیە و لەباشوری کوردستان بەرهەمهێنراوە، بووە خاوەنی باشترین شۆرت دۆکۆمێنتاری لە فیستیڤاڵی بەناوبانگی پریسما لە ئیتاڵیا. فیلمەکە لەدەرهێنانی خەسرەو حەمەکەریمە، باس لە سێ کچی ئێزدی دەکات کە وەک دەستکەوتی جەنگ لەلایەن داعشەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە و یەکی زیاتر لەجارێک کڕین و فرۆشتنەوەیان لەگەلداکراوە. هەرسێکیان کچی خیزانێکن و لەسەرەتای هێرشەکانی داعشدا بۆسەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی شەنگال ڕفێندراون. ئەم خیزانە تەواوی پیاوەکانیان کوژران و ٢٢ کچی خیزانەکەیان ڕفێنران، دوای پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ، کچەکان زۆربەیان گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لەکەمپی ئاوارەکانی شاریا لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێن. خەسرەو حەمەکەریم دەرهێنەرێکی کوردە و خەڵکی شاری هەڵەبجەی شەهیدە و ئیستا لە شاری سلێمانی نیشتەجێێە، ماوەی شەش ساڵە لە ئەڵمانیا گەراوەتەوە و بەکاری فیلمسازیەوە سەرقاڵە، خاوەنی یەک کورتە فیلم و ٢٥ فیلمیدۆکۆمێنتارییە، لە چەندین فیستیڤاڵدا بەشداریکردووە و ئەمە یەکەمینجارە یەکێک لە فیلمەکانی خەڵاتبکرێن.
هاوڵاتی، مەنسوور جیهانی پەیام عەزیزی گۆرانیبێژی کورد لە کۆنسێڕتی خێرخوازیی شاری سنە وتی “جێگای فیستیڤاڵێک بە ناوی مامۆستا سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی لە ئێران خاڵییە. پەیام عەزیزی گۆرانیبێژی پاوەیی لە کۆنسێڕتی خێرخوازیی شاری سنە بۆ پشتیوانی کردن لە منداڵانی بێ سەرپەرەست کە بڕی پارەی 300 میلیۆن تمەن لە لایەن کەسانی خێرخوار بۆ ئەم منداڵە ئازیزانە کۆکرایەوە، ڕایگەیاند: جێگای فیستیڤاڵێک بۆ ڕێزگرتن لە کەسایەتی و پێگەی مامۆستا سەید "عەلی ئەسغەر کوردستانی" ئەفسانەی مۆسیقای کوردستان خاڵییە. کۆنسێڕتی خێرخوازیی "پەیام عەزیزی" بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە منداڵانی بێ سەرپەرەست و کۆکردنەوەی یارمەتی، بە هاوکاری ئەندامانی کوردیی گروپی موزیکی "ئەوین" و بە ئامادەبوونی "هورموز شوجاعی میهر" پێشکەشکاریی ناودار و بەتوانای ئێرانی لە هۆڵی گەورەی ئازادی لە شاری سنە بەڕێوەچوو کە لە لایەن هۆگرانی موزیکی کوردیی و لایەنگرانی ئەم گۆرانیبێژە کوردەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێ‌کرا، بە شێوەیەک کە نزیکەی 2500 کەس لە نزیکەوە ئەم کۆنسێڕتەیان بینی و هەروەها لە لایەن کەسانی خێرخوار و مرۆڤ دۆستیشەوە بڕی پارەی 300 میلیۆن تمەن بۆ ئەم منداڵە ئازیزانە کۆکرایەوە. پەیام عەزیزی لە سەرەتای دەسپێکی ئەم کۆنسێڕتەدا گوتی: شاری سنە زێدی مامۆستا سەید "عەلی ئەسغەر کوردستانی" ئەفسانەی مۆسیقای کوردستانە کە شکۆ و گەورەیی ئەم بلیمەتەی مۆسیقای جیهانم بۆ نایەتە سەر زمان. بەداخەوە بەڕێزیان بە باشی بە کۆمەڵگای مۆسیقای ئێران و دنیا نەناسێندراوە. بە بڕوای من جێگای فیستیڤاڵێک بۆ ڕێزگرتن لە کەسایەتی و پێگەی مامۆستا سەید "عەلی ئەسغەر کوردستانی" ئەفسانەی مۆسیقای کوردستان لە وڵاتی ئێران خاڵییە. ئەگەر ئەم کارە گرینگە بکرێت، موزیکزانانی ناوداری ئێران و دنیا لەگەڵ ئەم کەسایەتییە بێوێنەیەی مۆسیقای کوردستان ئاشنا دەبن و بە ناسینی زیاتری ئەم هونەرمەندە کوردە یارمەتی دەبەخشێت، کە 100 ساڵ پێش ئێستا مەقامەکان و گۆرانییە کوردییەکانی بە باشترین شێوە پێشکەش کردووە. گوتیشی: هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا، بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی مامۆستا سەید "عەلی ئەسغەر کوردستانی" ببینین و من لێرەوە بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنم کە قوتابی مەکتەبی ئەم مامۆستا بێوێنەیەی مۆسیقای کوردستانم. لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆنسێڕتەدا "هورموز شوجاعی میهر" پێشکەشکاریی ناودار و بەتوانای ئێران گوتی: خەڵکی کوردستان، خەڵکانێکی شیرین و مێهرەبانن و من ئەوانم زۆر خۆش دەوێت، لە ساڵانی پێش ئێستادا سەردانی مەهابادم کردووە و هەمیشە لە بینینی کوردستان چێژ وەردەگرم. نزیکەی 20 ساڵە کە لەگەڵ "پەیام عەزیزی" برادەرین و کاتێک کە داوای لێکردم کە لە کوردستان ئامادەبن بە شانازییەوە بانگهێشتەکەیم قەبووڵ کرد و ئێستاکەش زۆر بەختەوەرم کە لە ناو ئێوە خەڵکی هونەردۆستی کوردستاندام. ئەم کۆنسێڕتە خێرخوازییە کە لە لایەن تەلەڤیزیۆنی کوردستان ـ ناوەندیی سنەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بڵاکرایەوە، بە ئامادەبوون و هاوکاریی چەندین کەسایەتی پارێزگای کوردستان بەڕێوەچوو، لەوانە: "بەهمەن مورادنیا" پارێزگاریی کوردستان، دکتۆر "مێهدی فەڕشادان" نوێنەری شارەکانی سنە، دیواندەرە و کامیاران لە پەڕڵەمانی ئێران، "حامید جەولایی" بەڕێوەبەڕیی گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای کوردستان، "جەلال قەلعەشاخانی" بەڕێوەبەڕیی گشتیی فەرهەنگ و ڕۆشنبیری پارێزگای کوردستان، "حیشمەتوڵڵا سەیدی" شارەوانی سنە، سەید "سەباح قوڕەیشی" بەڕێوەبەڕیی گشتیی بێهزیستی پارێزگای کوردستان، "ئەبوالقاسم ئەمانوڵڵاهی" بەڕێوەبەڕیی گشتیی تەلەڤیزیۆنی کوردستان ـ ناوەندیی سنە، "ئەمین مورادی" سەرۆکی حەوزەی هونەریی پارێزگای کوردستان، ڕێکخراوەی "تەرانە سەرای ئاوییەر"، کۆمەڵێک لە کەسانی خێرخواز و خەڵکانی مرۆڤ دۆست و هەروەها خەڵکی هونەر دۆستی شاری سنە. "پەیام عەزیزی" لەم کۆنسێڕتەدا کۆمەڵێک پارچە موزیک و گۆرانی کوردیی لەوانە: "الله مەدەد"، "یا رەسوالله یا شاهی مەدینە"، "ساقی وەرە"، "ئاگر کەتییە دڵی من"، "یار می‌گوید الله"، "همە جا بروم" و هەروەها چەندین گۆرانی لە گۆرانیبێژانی ناوداری کوردیی پێشکەش کرد کە بریتی بوون لە: "یارم چەندە جوانە"، "باوانەکەی بابم"، "جانێ، جانێ" و "مەگریی مەگریی". ئەندامانی گروپی موزیکی "ئەوین" کە هەموویان لە هونەرمەندانی بەئەزموون و بەتوانای شاری سنە بوون، لەم کۆنسێڕتە خێرخوازییەدا لە تەنیشت "پەیام عەزیزی" بە باشی هونەریی خۆیان ئاراستە کرد کە بریتی بوون لە: "هیوا ڕەحمانی" ـ ژەنیاری ڤیۆڵۆن، "زانیار پێندار" ـ ژەنیاری دیوان، "ئەشکان ئەندرێ" ـ ژەنیاری کیبۆڕد، "حامید پیرا" ـ ژەنیاری نایە و زوڕنا، "تەبیب مەعسووم پوور" ـ ژەنیاری عوود، "کاروان عەزیمی" ـ ژەنیاری گیتاربێیس، "ئارام هالەکی" ـ ژەنیاری گیتار، موختار زەندسەلیمی ـ ژەنیاری دەف، "پەیام قەرەنەی" ـ ژەنیاری پێڕکاشێن و "ئەفشین خەرامان" ـ ژەنیاری دڕامز و سەرپەرەستی گرووپ. فۆتۆکان: مەنسوور جیهانی
خانمە توێژەرو نوسەرو شاعیر (نەزەند بەگیخانی) یەكێكە لە دەنگە شیعریەكانی ناو دونیای ئەدەبی ئێمەو ساڵانێكە بەرهەمەكانی دەبینین و دوخوێنینەوە، لەم دیدارەدا چەند سەرنجێكی دەربارەی ئەزمونی شیعرنوسین و دونیانبینی ئەو بۆ ئەو پرۆسەیە دەخەینەڕوو. سازدانی: شاخەوان سدیق *لە نوسینەكانتا زویربوون لە نیشتمان دەبینرێ، (ماغوت) لە دیدارێكدا دەڵێت" ئەوەی من بە نیستمانەكەمەوە ئەبەستێتەوە، تەنها پێڵاوەكانمە" تۆش لە شیعرێكدا نیشتمان تەڵاق دەدەیت، ئەم زویربونەت لە نیشتمان هۆكاری چییە؟ نەزەند بەگیخانی: بەداخەوە ئێمە لە نیشتمانێكدا لە دایك بوون، كە هەموو ئەوانەی دڵسۆزین و هەموو ئەوانەی جوان بیر دەكەنەوەو جوان دەیانەوێت ئەم نیشتمانە ڕابگرن و خزمەت بكەن ناچار بە مەنفا كراون، من وەك ژنێك قسە دەكەم وەك شاعیرەیەك وەك مرۆڤێك كە دەمەوێت جوان بیر بكەمەوە، هەستەكەم لە نیشتمان جوانیان كوشت، ئازادیان كوشت، ژنیان كوشت، ئەمەش وا لە من دەكات كە نەتوانم خۆمبم لە نیشیمان، منیش كەسێكی ئازادم، كەسێكم ناتوانم نمایش بكەم ناتوانم درۆبكەم دەمەوێت لە سەدا سەد خۆمبم، خۆم چۆنم ئاوا بژیم، چۆنم ئاوا گوزارشت لە خۆم بكەم، لە ڕەفتار لە پۆشین لە ڕۆشتن لە كاری هونەری لە سەما لە هەر شنێك، بەڵام بەداخەوە لەم نیشتمانەدا ناتوانی لە سەدا سەد خۆت بیت. كە خۆت نەبوویت، هیچ شتێك ناتوانێن پێكتانەوە ببستێتەوە، ڕێك وەك پەیوەندی هاوسەرگیری، تۆكە نەتوانیت خۆت بیت و خۆت لە دەستدا لە پەیوەندیەكە ناچار دەبیت بە جیابوونەوە. *نیرۆدا دەڵێت" هەمیشە شاعیرانی ڕاستەقینە دەبێت لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆیاندابن" تاچەند پێتان وایە دەبێت شاعیرانی كوردیش لەبەرەی هاوڵاتیانی خۆیاندتبن و لە هەموو ئازار‌و ناخۆشیەكدا لە ناویاندابن؟ نەزەند بەگیخانی: من نێرۆدام خۆشدەوێت بەس خۆم لە ڕەوتی شیعری ئەودا نابینمەوە، بۆ من شیعر هەڵوێست نییە بەقەد ئەوەی كە پرسیارە، ڕوانینە هەڵوەستەیەكە، لە پاڵ شیعردا من كە سێكی نوسەرو توێژەرم و هەندێك لە بۆ چونە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانم لەو بوارانەدا زیاتر گوزارشتیان لێبكەم. چونكە لەوێدا بوار هەیە بۆ وەڵام بە پێچەوانەی شیعرەوە كە تەنها بوار هەیە بۆ پرسیار و ڕێگەیەك نییە بۆ وەڵامدانەوە. یان ئەوە هەڵناگرێت. كاتێك كەسێك شیعرێكی من دەخوێنێتەوە دەبێت هەست بەو گوزارشتانەی من بكات، كە من لە شیعرەكانمدا بۆ چوونەكانی خۆم دەربارەی هەموو تێڕوانینەكانمە دەخەمە ڕوو. *ئەو هەموو پرسیارە گومانەی كە تۆ لە شیعردا هەتە پێتوایە شیعر ئەو میمبەرەیە كە بتوانێ هەموو ئەو پەیامانەی تۆ بگەیەنێت؟ نەزەند بەگیخانی: نا شیعر پەیام نییەو هیچ پەیامێكیش ناگەیەنێت، بۆیە وتم من لە نوسین و تۆێژینەوەكانم زیاتر ئەو بابەتانە دەوروژێنم و پرسیار دەكەم لە شیعر، شیعر ڕوانیتی منە بۆ ژیان بۆ دونیا بۆ دەورو بەر بۆ جوانی. *(ماركیز) لە شوێمێك دەڵێت" شیعر ئەو خۆێیەیە كە نایەڵێت جیهان بۆگەن بكات" بەبۆچونی تۆ قودرەت و توانای شیعر لە كوێدایە كە دەتوانێت هەموو جوانیەكانی ژیان لە خۆیدا كۆبكاتەوە و نایەڵێت بفەوتێت؟ نەزەند بەگیخانی: شیعر بۆ من زۆر گرنگە، دەتوانم بڵێم من هەم، چونكە شیعر هەیە، ئەگەر شیعر نەبوایە، ڕەنگە بەرگەی ژیانم نەگرتایە. شیعری بۆ من جەوهەرە، شیعر بۆ من هەموو شتێكە. *زۆرێك پێیان وایە شیعر لە ئێستاداو لەناو ئەم بە سەناعی بون و تەكنەلۆژیەیی ژیانا، ئیتر خەریكە شیعر وەزیفەی نامێنێت. بۆ چونی تۆ چییە؟ نەزەند بەگیخانی: نا شیعر هیچكات وەزیفەی نەبووە، تەنها شیعر وەكو جوانی وایە، شیعر وەكو مرۆڤە، هیچ وەزیفەیەكی نییە، تۆ دەشێت لە ڕێگەی شیعرەوە مانایەك بدەیتە وجود، بەڵام ئەوە شیعر نییە بێت نەخشی وجود بۆ بكات. *زۆرجار باس لەوە دەكرێت شیعری خانمان لە هەرێمی كوردستان بەهۆی باسكردن لە جەستەو بابەتە حەرامكراوەكانی خۆیانەوە دەخوێترێنەوە دەنا شیعری خانمان زۆر لاوازە، بۆ چونی تۆ لەسەر ئەمە چییە؟ نەزەند بەگیخانی: من دژی ئەو بۆ چونەم و بە ڕوانینێكی پیاوانەی دەوانم بۆ شیعری ژن، بەداخەوە لەبەر ئەوەی پاو هەمیشە چەقی كلتور‌و چەقی كایەی فكری و داهێنان بووە، بەڵام ئێستا كە ژن لە ڕووی داهێنان و كلتوریەوە دەسەڵاتی هەیە، دەسەڵات بەو مانایەی كە فۆكۆ باسی دەكات دەسەڵاتی نوسین دەسەڵاتی داهێنان، ئەم تێڕوانینانە قبوڵناكەن، هەر ئەمەشە وایكردووە پیاو نەتوانێت لە ژن تێبگات، ئەوەش بە ژن ڕانابینێت كەوا خاوەنی دەنگی خۆیبێت، خاوەنی ستایل و فۆڕم و ئاوازی تایبەتی خۆیبێت لە شیعرەكانیدا هەمیشە دەیەوێت فەرزی بكات بەسەریدا كە تۆ دەبێت ئاوا بنوسیت، بەڵام من وەك نەزەند دەنوسم ئەوەی كە دەی نوسم گوزارشتە لە خۆم، ئەوە ڕوانینی منە بۆ دونیا، وە تێگەیشتنی من بۆ ژیان بۆ وجود بۆ خۆم بۆ پەیوەندیەكانم. *تاچەند بڕوات بە قەڵەمی ژنانەو پیاوانە هەیە، ئایا نوسین هەر نوسینە یان ئەو دوو قەڵمە جوودان؟ نەزەند بەگیخانی: نا هەرگیز نابێت ئەمە جیابكرێتەوە، بەڵام ئەمە مەعنای ئەوە نییە ئیلا دەبێت وەك یەك بنوسین، (سوقرات) قسەیەكی جوانی هەیە دەڵێت" هەرشتێك تەعبیر نەبوو لە هەستی تۆ مەعنای نییە" من وەك ژن ژیان و ئەزمونی ڕۆژانەم جیاوازە لە ژیان و ئەزمونی ڕۆژانەی تۆ وەك پیاو، هەر بۆیە ئەوەشی كە دەی نوسم جیاواز دەبێت. وە دەشبێت ئەم جیاوازیانە قبوڵ بكرێت، نەك ببێتە مایەی دروستكردنی جباوازی دوو قەڵەمی جیا. ئەمەش دەوڵەمەندیە لە بواری داهێنان، بەڵام پیاوان هێشتا نەگەیشتونەتە ئەو ئاستە و بەو جیاوازیانە ئاشنانین كە نابێت كەس وەك ئەوان بنوسێت. بەڵام من ناتوانم وەك پیاوێك بنوسم. *تۆ تاچەند لە شیعرەكانتا ئامادەی وەك ئەوەی (فروخ) دەڵێت "من خۆم دەنوسمەوە" بەڕاست تۆ خۆت دەنوسیتەوە؟ تا چەند لە پشت كارەكتەری شیعرەكانتەوەی؟ نەزەند بەگیخانی: من ئاگام لەو قسەیەی (فرۆخ)نییە، بەڵام من هەمیشە وتومە شیعر من دەنوسێتەوە، منیش شیعر. *تا چەند كە دەنوسیت خوێنەرت لە بیرە؟ نەزەند بەگیخانی: لە ڕاستیا هەرگیز بیر لە خوێنەر ناكەمەوە لە كاتی نوسیندا، بەڵام هەست بە تەنهایی و مەینەتی و ئازارە قوڵەكانی مرۆڤ دەكەم. *تا چەند هەستەكەی شیعرەكانت خوێنراونەتەوە، و خوێنەرەكانت هەستەكانی خۆیان تیایدا بینیوەتەوە؟ نەزەند بەگیخانی: لە ڕاستیا من كەسێكم دەنوسم و ژیانێكی قەڵەباڵغم هەیە لە بواری نوسین و توێژینەوەی ئەكادیمیدا، بۆیە زۆر فریای ئەوە ناكەوم تا بزانم چەند خوێنەرم هەیە و چی لەسەر من دەنوسرێت، وە لە سۆشیال میدیاش دوورم چونكە ئەو قەڵباڵخیە نەكاتم هەیە بۆی نە بەباشی دەزانم، نوسەر بوەستێت لە پرۆسەی داهێنان. بەڵام من ئەمرۆ وەك ژنێكی ئازاد و بیری خۆم ئەگەر ئەمڕۆش نەخوێنرێمەوە ئەوا دڵنیام لە سبەینێدا بەباشی دەخوێنرێمەوە. *لە زۆرێك لە شیعرەكانتا زۆر باس لە تەنیای دەكەیت تۆ لە تەنیای دەترسیت؟ نەزەند بەگیخانی: بەهیچ شێوەیەك من لە تەنیای نا‌ترسێم، بەپێچەوانەوە زۆر جار پێم وایە پێكەوەبوون، خیانەتە لە تەنیایی؟ *شیعر چی پێبەخشیت و چی لێسەندیتەوە؟ نەزەند بەگیخانی: من شیعرم، شیعریش هەمیشە من دەنوسیتەوە، ئەمەش گەورەترین دیاری شیعرە بۆ من.