ئاماده‌کردن و نووسینی: مه‌ریوان جه‌لال هونه‌رمه‌ند عێراقی جه‌لال عه‌لوان له‌ساڵی 1960 له‌ناوچه‌ی گه‌یلان له‌شاری به‌غداد له‌دایک بووه, باوکی کاری چاککه‌ره‌وه‌ی هه‌لیکۆپته‌ر بووه وه دایکیشی په‌رستیار. باوکی هه‌ر زوو ده‌ستره‌نگینی و کارامه‌ییی جه‌لالی دۆزیوه‌ته‌وه، بۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ده‌بێته هانده‌رێکی زۆر باش بۆ هونه‌رمه‌ند. له سه‌ره‌تاکانی ژیانییدا کاتێک خوێندکار ده‌بێت له ناوه‌ندی و دواناوەندیدا کۆمه‌ڵێک کاری سروششت ده‌کات ده‌بێته جێی سه‌رنج ڕاکێشانی مامۆستاکانی و له چه‌ند پیشانگه‌یه‌کی قوتابخانکه‌یاندا به‌شداری ده‌کات دواتر له ساڵی 1980 په‌یوه‌ندی ده‌کات به کۆلیژی هونه‌ره‌جوانه‌کانه‌وه له شاری به‌غـداد. له ژێر ده‌ستی هه‌ردوو مامۆستایان ئیسماعیل فه‌تاح ترک، وه زهیـــــر ساحب. له نێوان هه‌ردوو مامۆستای سیرامیک و په‌یکه‌ر سازیدا کۆمه‌ڵێک کاری په‌یکه‌ری سیرامیکی به‌رهه‌م دێنێ. به‌ڵام له ساڵی 1985 زیندانی ده‌کرێت ئه‌ویش به هۆی ئه‌وه‌ی که مامی و برایه‌کی له ڕووداوی دجه‌یـل که بۆ کوشتنی سه‌دام به‌شداریان کربوو له خوێندن دوور ده‌خرێته‌وه، دواتر به هۆی لێبووردنه‌وه له زیندان رزگاری ده‌بێت ده‌گه‌رێته‌وه بۆ خۆێندن له ساڵی 1988 خوێندن ته‌واو ده‌کات. دواتر له‌ساڵی 1991 عێراق به جێده‌هێڵت بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ له ووڵاتی ئه‌رده‌ن ده‌مێنێته‌وه, له‌وێش کۆمه‌ڵێک کاری هونه‌ری دروست ده‌کات وه له چه‌ند پیشانگه‌یه‌کدا به‌شداری ده‌کات تاساڵی 1994هه‌لی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی بۆ ده‌ره‌خسێت و له ووڵاتی هـۆڵه‌ندا ده‌گیرسێته‌وه. هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه کۆمه‌ڵێک کاری هونه‌ری ده‌ست پێده‌کات وه له چه‌ند پیشانگه‌یکدا به‌شداری ده‌کات کاره‌کانی ده‌بنه جێی سه‌رنجی خه‌ڵک،دواتر له ساڵی 2007 له پێشبڕکێیه‌کی هونه‌ری به‌شداری ده‌کات وه به‌سه‌رکه‌وتووی کاره‌که‌ی هه‌ڵده‌بژێردرێت که گونجاوه بۆ شاره‌وانی شاره‌که‌ی تیایدا ده‌ژی. هونه‌رمه‌ند به‌م شێوه‌یه باس له کاره‌که‌ی ده‌کات: سه‌ره‌تا کاره‌که‌م زۆر ئه‌پستراک بوو، به‌ڵام له دوای چه‌ندگۆرانکارییه‌ک وه ده‌بوایه ره‌چاوی شوێنی دانانه‌که‌ی بکه‌م که گۆره‌پانێک بوو بۆ منداڵان و وه‌ک یارییه‌کیش کاره‌که‌یان به‌کار ده‌هێنا. بۆ یه له کۆتاییدا کاره‌که بوو به په‌یکه‌ری (مانگاکان) به شێوه‌یه‌ک که منداڵان سوودمه‌ندبن لێی. کاره‌که‌م به مادده‌ی پۆلستـه‌ر جێبه‌جێ کرد که زۆر پته‌وه و به‌رگه‌ی مانه‌وه‌ی زیاتر ده‌گرێت. پاشان له 2006 بۆ ساڵی 2012 کۆلێژی شاهانه‌ی ته‌واو کرد شاره‌زاییه‌کی باشی له کاری هونه‌ری ڤـیدیو و گرافیک و په‌یکه‌ر په‌یدا کرد. دواتر وووڵاتی هۆڵنده به جێ ده‌هڵێت و دێته ووڵاتی به‌ریتانیا له شاری له‌نـده‌ن نیشته‌جێ ده‌بێت. کاره هونه‌رییه‌کانی جه‌لال عه‌لـوان زیاتر له رێبازی (art Conceptual) ه وه له نێوان هونه‌ری ڤـیدیو و ئینستله‌یشن و په‌یکه‌ر هونه‌ری دیجتـاڵدا کار ده‌کات، وه بیرۆکه‌کانی به شێوه‌یه‌کی ریالیستیکی نیشان داوه وه هیچ سنوورێک له نیوان کاره‌کانیدا نیه و هه‌میشه ماتریاڵی له‌خزمه‌ت بیرۆکه‌کانی به‌کار ده‌هێنا کام ماتریاڵ خزمه‌ت به بیرۆکه‌که‌ی بکات ئه‌وه به‌کار ده‌هێنێت. به‌شێک له پرۆژه‌کانی که دواتر به ووردی باسیان ده‌که‌م: قه‌رویڵــــــــه، ژووری چاوه‌روانی، کورســیه‌کان، ئـاخافتن وه هه‌رووه‌ها گه‌شتیـار: کورســیه‌کان 2012 گوزارشتێکی به‌هێز بۆ که‌ل و په‌لی ناو ماڵ جه‌لال به‌و شێوه‌یه باس له پرۆژه‌که‌ی ده‌کات: له سه‌ره‌تای شه‌ڕی نێوان عێراق و ئێران دا له ته‌مه‌نی بیست ساڵیدا بووم، خۆم و خێزانه‌که‌م یه‌کێک بووین له قوربانیه‌کانی ئه‌و کاته وه چه‌ند جارێک به هۆی هه‌ڵهاتنمانه‌وه وه‌چه‌ند جار ماڵمـان تاڵان کراو وه هه‌موو بیره‌وه‌رییه‌کانمان له‌گه‌ڵیـدا ده‌رۆشیت وه‌به‌تایبه‌تی ئه‌و که‌ل و په‌لانه‌ی که په‌یوه‌ندی ڕۆژانه‌مان له‌گه‌ڵدا دروستکردبوو وه بووبوونه پێناسه‌یه‌کی ماڵکه‌مان. پاشان که عێراقم به جێهێشت بۆ ووڵاتی ئه‌رده‌ن دواتر بۆ هۆڵه‌نـده ماوه‌یه‌کی زۆر له‌وێ جێگیر بووم هه‌رچه‌ند هه‌میشه خۆم به میوان زانیوه وه دواتر بڕیارم دا که ئه‌وێش جێبهێڵم, هاتین بۆ ووڵاتی به‌ریتـانیا وه له‌گه‌ڵ هه‌موو وێستگه‌یه‌کدا ده‌بوایه که‌ل و په‌لی ناوماڵه‌کمان به‌جێ بهیڵم له‌گه‌ڵیشیدا هه‌موو یادگاری و بیره‌وه‌رییه‌کانی ده‌رۆیشت. دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌م گواستنه‌وه‌یه, که ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ل که‌ل و په‌لی تازه‌دا بۆ دروست ده‌کات وه له‌هه‌مان کاتیش‌دا ده‌بیته وونبوون و جێگره‌وه‌ی ئه‌و یادگارییه شێواو و شڵه‌ژاوانه. هه‌موو ئاوردانه‌وه‌یه‌کم ئازاره‌کانی زیاد د ه‌کردم, له‌به‌ر ئه‌وه هه‌میشه خۆم له لاسه‌نگی له ناو واقعدا به هه‌موو کۆسپه‌کانیه‌وه وه خه‌ونه‌کانم به هه‌موو هیواکانم ئه‌بینمه‌وه. ده‌گه‌رام به دوای چاره‌سه‌رێکدا بۆ دوورکه‌وتنه‌وه له‌م هه‌سته ناخۆشه و گۆرینی ئه‌م په‌یوه‌ندییه که پره له دابران و سه‌ر هه‌ڵگرتن بۆ دنیایه‌کی جێگیر‌و پته‌وتر ئه‌گه‌ر خۆ دزینه‌وه‌ش بێت له‌م جیهانه، وه‌یان به مانایه‌کی تر ئه‌مه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان خه‌یاڵ راستیدا دروست بکه‌م. لیره‌دا گرفتێکم بۆ دروست بوو، ئه‌م که‌ل و په‌لانه بۆخۆیان هه‌ریه‌که‌و جۆرێک له کاری ته‌قلیدی هه‌یه که تێگه‌یشنێکی سنوورداری هه‌یه وه زۆر جاریش به‌ره‌و له ناچوون ده‌روات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆژانه به‌کار ده‌هێنرێتٍ و به سووده له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت خۆم رزگار بکه‌م له‌م ڕه‌فتاره و بیانگۆرم بۆ مادده‌یه‌کی چـالاک که مانایه‌کی تر بدات به ژیان و یادگارییه‌کان. هونه‌رمه‌ند که‌ل و په‌له‌کانی هه‌ڵده‌وه‌شاند وه زۆر به کارامه‌یی جارێکی تر به شێوه‌یه‌کی جیاواز گوزارشتێکی تازه‌وه ده‌یلکاندنه‌وه به‌یه‌که‌وه به بێ ئه‌وه‌ی که ناسنامه‌ی پارچه‌که وون بێت وه دوور له‌سنووره ته‌قلیدییه‌ی که هه‌یه‌تی, هه‌روه‌ک چۆن که‌ل و په‌له‌کان په‌یوه‌ستن به بوونی مرڤه‌وه وه هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش مانایه‌ک و تێگه‌یشتنێکی هه‌مه‌جۆر بدات به مرۆڤـایه‌تی. له ڕێگای ئه‌و گۆرانکارییه‌وه که له‌گه‌ڵ پارچه‌کان کراون توانیوه‌یه‌تی که چێژ وبینینێکی چالاک و به‌هێز دروست بکات که بتوانێت هه‌ست و خه‌یاڵ بروژێنێت. له کۆتاییدا هونه‌رمه‌ند کۆمه‌ڵێک که‌ل وپه‌لی تایبه‌ت به خۆی و به‌رهه‌م هێنا, که ئه‌م جاره مه‌ودای بینین بۆ کاره‌کان زیاتره که له بیر و واقعدا ده‌مێننه‌وه زیاتر له سۆزه شڵـه‌ژاوه که وه‌ک میرات له رابردوودا بۆی ماوه‌ته‌وه. به هه‌مان شێوه هونه‌ر مه‌ند له پرۆژه‌ی قه‌رویڵــــــــه‌کاندا (The Bed) 2007-2015 جارێکی تر له‌گه‌ڵ فۆرمه بێ گیانه‌کاندا کارده‌کات ده‌یه‌وێت جارێکی تر له فۆرمێکی جیاواز و وه رۆح بکاته‌وه به به‌ریاندا, که له هه‌موو ئازار و ناخۆشییه‌کاندا له‌گه‌ڵماندا بوون ئه‌ویش به به‌زاندنی ئه‌و سنووره ته‌قلیدییه‌ی که هه‌یه‌تی. به کارهێنانی قه‌روێڵه وه‌ک کاڵا یه‌کی سوودوه‌رگر و به‌سوود که رۆژانه به‌کاری ده‌هێنین وه‌گواستنه‌وه‌ی بۆ ئیشَکی جیاواز که گوزارشت له ده‌روونی مرۆڤـایه‌تی ده‌کات. پرۆژه‌ی ئـاخافتن له ساڵی 2008 دروستکراوه که بریتیه له حه‌وت پۆترێت له‌سه‌ر بنکی پایه دایمه‌زراندوون, هونه‌رمه‌ند زۆر به سه‌لیقه‌وه کاری به سیـرامیک (ڕاکـــۆ) کردووه وه هه‌رووه‌ها به به‌کارهێنانی ماتریاڵی جیاواز بۆ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌نکردنی بابه‌ته‌که‌ی, وه له رێگای شته بینراوه‌کانه‌وه کۆمه‌ڵێک پرسیار له ده‌ورژێنێت: هه‌تـا چه‌ند ئێمه سه‌ربه‌ستین له بڕیاردان و بیرکردنه‌وه‌ماندا؟ له پشت گـفتوگۆکانه‌وه چی هه‌یـه؟ چـۆن بیروراکـانمان دروست ده‌که‌ین؟ ئایا بیرکردنه‌وه‌یه‌کی جیاواز هه‌یه که گفتوگۆکان به‌ره‌و شوێنێکی نادیار ببات؟ گرنگی ( مێژوو، دیـن، تیـره‌گه‌ری، ره‌گه‌زی، ره‌وشت وه وژینـگه) بۆ سنووردانان له سروشتی کفتوگۆ و وه ئاسته‌کانی چـــین؟ تا چه‌ند ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه راسته کاتێک ده‌ڵێیت( کاتێک ئێمه ئه‌گورێن جیهانیش له چوارده‌مان ده‌گۆرێت وه یان تا چه‌ند ئاگادارین وه‌کاتێک سه‌رچاوه زانستیه‌کان که‌م ده‌بنه‌وه باوه‌رمان وه‌ک بزمار له‌سه‌رمان چه‌قیوه, له بیروڕاکانماندا زیاده ڕۆیی ده‌که‌ین بۆ داپۆشینی بێتوانایمان په‌نجه‌ی تاوانباری و لۆمه‌کردن بۆ به‌رامبه‌ره‌که‌مان ڕاده‌کێشین. شوێنی بینه‌ر زۆر له بار‌و بێ ترسه له شوێنی به‌خشه‌ره‌کان. لاوازه‌کان سروشتـــــیان وایه که هه‌میشه ده‌گه‌رێن به دوای عه‌یبه‌ی خه‌ڵکی تردا. عه‌لـی کوری ئه‌بی تالیب ئه‌ڵـێ: هه‌میشه نه‌زان له‌گفتوگۆدا ده‌تبه‌زێنێ, وه هیچ نرخێکی ژیـری له‌به‌رده‌می نه‌زانێکی که‌له ڕقدا نامێنێت. دواتر هونه‌رمه‌ند درێژه به کارکردن ده‌دات له سیرامیکدا و ئه‌م جاره له ستودێوی هونه‌رمه‌ندی ( Gusta Van Oosterhout) کۆمه‌ڵێک کاری ڕاکـــۆ به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێت که بابه‌ته‌که‌ی له وه‌ک سه‌رچاوه له نانی عێراقییه‌وه وه‌رگرتووه به به‌کارهێنانی ریده‌کشن و دوکه‌ڵ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ره‌نگ بگرێته خۆی. کارکردنی هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر بابه‌ته‌کانی رۆژانه زۆرن کاره‌کانی تێکه‌ڵاو به چیرۆکه‌کانی رۆژانه‌ی خۆی ده‌کات, له سه‌ردانێکی هونه‌رمه‌ند بۆ عێراق وه بۆ جێبه‌جێکردنی کارێکی سه‌ردانی یه‌کێک له به‌رێوبه‌رایه‌تییه‌کان ده‌کات , وه چاوه‌روانی کردن یه‌کێکه له نیشانه دیاره‌کانی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵک به تایبه‌تیش له دائیره‌کاندا, له‌وانیه ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌وه بێت که خه‌ڵک له‌وێ هیچ حسابێک بۆ کات ناکات. وونبوون و له‌ناوچوون بۆته سیمبولی ئه‌و ووڵاته له غایب بوون، کات و ئاسایش، سه‌رچاوه‌کان، نان، کاره‌با وه هه‌ستکردن به مرۆڤـ بوونی خۆت و سه‌ربه‌ستی تاک وه هه‌رووه‌ها.... چاوه‌روانی پڕبووه له بیمانایی و ئاژاوه وه‌هه‌رووه‌ها ناماقوڵی و له ده‌ستدان و وه هه‌ست نه‌کردن به به‌پرسیارێتی...... دوایی ئه‌وه‌ی پێیان ڕاگه‌یاندن و که ده‌بێت حه‌وت سه‌عات چاوه‌ڕوان بکه‌یت، ئه‌و به‌یانییه نزیکه‌ی چوارسه‌د که‌س له چاوه‌روانیدا بوون هۆڵه‌که‌ش به‌بێ فێنکه‌ره‌وه بوو و وه نزیکه‌ی په‌نجا کورسیشی تیادا بوو که هه‌ندێکیان شکابوون وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناشبێت هۆڵه‌که به جێبهێلیت. دۆخه‌که زۆر خراپ و وه هیلاکییه‌کی زۆر زۆر بوو بۆ خه‌ڵکه‌که. بۆیه زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که ده‌بوایه پاڵی بدای به دیـواره‌کانه‌وه, هه‌ر له‌و کاته‌دا که نوقمی خه‌یاڵ بووم و بیرۆکه‌یه‌کم هات به‌خه‌یاڵدا, ووتم گه‌ر ئه‌م ژووره پڕبوایه له جۆلانه ئه‌و خه‌ڵکه‌ی لێره‌ن به خۆشییه‌وه له‌سه‌ر جۆلانه‌کان داده‌نیشتن و یاریان پێده‌کرد وه حه‌وت سه‌عاته‌که‌یان به حه‌وت ده‌قیقه لێ ده‌رۆیشت. وه توانیم به‌م شێوه‌یه به‌سه‌ر ئه‌م هه‌سته کوشنده‌یه‌دا زاڵ ببم, وه ئه‌و وێنه ناشرینه‌ی له هزرمدایه بگۆرم به‌و جۆلانانه هه‌رووه‌ک چۆن به منداڵی چێژم له سواربوونی جۆلانێ ده‌بینی. دواتر که گه‌رامه‌وه بیرۆکه‌که‌م کرده کارێکی هونه‌ری به ناوی (ژووری چاوه‌روانی 2011) ئه‌ویش دروستکردنی کۆمه‌ڵیک جۆلانه له حه‌بل، که به ریشاڵی دارخورما دروست ده‌کرێت که کاتی خۆی بۆ سه‌رکه‌تن به‌سه‌ر داخوماکاندا به‌کارده‌هێنرێت. دواتر له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هونه‌رمه‌ند رووی کرده کاری ڤیدیو و هونه‌ری دیـجتاڵ کۆمه‌ڵێک کاری ناوازه‌ی به‌رهه‌م هێنا، که به شێوه‌ی جیاواز به‌به‌کارهێنانی جوڵه و ده‌نـگ وه هه‌ندێک له‌م بیرۆکانه‌ی له شاری دنهاخ له هۆلنده پیشان داوه وه هه‌رووه‌ها پرۆژه‌ی عه‌بــا ڕه‌شه‌کان که بریتین له کۆمه‌ڵێک له ژنان به عه‌بایه‌کی ڕه‌ش خۆیان داپۆشیوه، به‌ڵام به‌شێک له قۆڵیان دیاره که زیاتر بۆته جیگای سه‌رنج و وروژێنه تر ده‌رده‌که‌وێت وه‌ک له‌وه‌ی به بێ عه‌با بیبینیت.
(عومه‌ر سه‌ید) یه‌کێکه له ده‌نگه جدیه‌کانى ناو دونیاى نوسینى ئێمه ئه‌و له ئێستادا خاوه‌نى سێ ڕۆمانه، و یه‌کێکه له‌و نوسه‌رانه‌ى له ڕۆمانه‌کانیدا کار له به‌ئه‌ده‌ب کردنى کاره‌ساتى ئه‌نفالى گه‌لى کورد ده‌کات، له‌م دیداره‌دا هۆکارى ئه‌م گرنگیدانه‌ی به‌کاره‌ساتى ئه‌نفالمان لێپرسى؟..... سازدانى: شاخه‌وان سدیق *ده‌وترێت "ڕۆمان هاوارى ئه‌و که‌سانه‌یه که مێژوو ده‌نگیان نابیستێت" تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆ چونه‌دان. به‌و پێى ئێوه کار له‌سه‌ر به ئه‌ده‌ب کردنى مێژوو ده‌که‌ى له ڕۆمانه‌کانتدا؟ عومه‌ر سه‌ید: رەنگە هەر ئایندەی رۆمانیش بۆ ئەو گەل و نەتەوانە بێت، کە تا ئێستە لە دەرەوەی مێژوودان، کە بوونەتە گرێ کۆێرە و کێشەی سەرەکی ئەم چاخە و بە درێژایی مێژوو چەوسێنراونەتەوە. رەنگە رۆمان لە ئێستادا هەمان سیفەتی کریستۆفەر کۆڵۆمبس بگێڕێت، بۆ دۆزینەوە و هەڵماڵینی حەقیقەتی کپ کراو. لە ئاشکرا کردنی ئازار و راستی و ویژدانە زیندۆکان. لە مەعانات و ئازاریی مرۆڤە پەراوێزکان. ئەمڕۆ جیهان بۆتە گوندێکی بچکۆلە، لای من باشترین بڵندگۆ رۆمانە، تا ئەو گوندە هەراسان کەیت و هەم ئاشنایان بکەین بە مێژووی خۆمان و هەموو رابردو و ئێستای پڕ قوربانیمان بدەین بە گوێیاندا، وەک چۆن جولەکەکان تا ئێستاش و بەردەوام لە رێگەی رۆمان و سینەما بۆ یەک رۆژیش ناهێڵن ئەو گوندە بێ حیکایەتە گەورەکەیان شەو سەرخاتە سەر سەرین، رۆژێک نییە ئەوان رۆمانێک یا فیلمێک لە سەر هۆلۆکۆست بەرهەم نەیەنن و نەیدەن بە گوێی مرۆڤایەتیدا. بەڵێ قووڵترین و کاریگەرترین بوار بۆ بە جیهانی کردنی مێژوو تراژیدیا و کۆمەڵکوژییەکانمان، رۆمانە. چونکە رۆمان رۆچوونە بە مەعانات و ئازاریی تاکدا، پێچەوانی زانستی مێژووە، کە بابەتە سەرەکییەکەی ناوی پادشا و جەنگ و بەرواری سەرکەوتنەکانە. مێژوو مرۆڤ بە کۆ و وەک قەبارە دەبینێ، کە تێکرا لە ژێر باروزروف خەمێکی هاوبەش و چوونیەکدا ژیاون. لە کاتێکدا لە دنیای رۆمان‌دا بۆ هەر کەسێک حیکایەت و ئەندێشە و ئازاریی سەربەخۆ و تایبەت بە خۆی هەیە. ئەوەی راستییە لە مێژوودا، تەنها ناوەکانە، لە کاتێکدا ئەوەی راستی نییە لە رۆمان‌دا تەنها ناوەکانە. ئێمە بۆ تێگەیشتن لە مێژ و مرۆڤ و کۆمەڵگای رووسی و تورکی دەبێ بگەڕێنەوە بۆ دۆستۆفسکی و تۆڵستۆی و یەشار و پامۆک. بۆ تێگەیشتنی جیهانیش لە ئێمە، یەکێک لە بوارە گرنگەکان رۆمانە. مێژوو و شۆڕش و مەسەلەی نەتەوایەتی و ئەو جینۆسایدانەی دەرهەقمان کراوە، دەبێ و پێویستە لە رێگەی بە ئەدەب کردنییەوە بگەیەنینە هەموو زمانەکان، کە بە داخەوە ئێمە تا ئێستا لە رووی وەرگێڕانی خۆمان بۆ دەرەوە زۆر خراپ و لاوازین. *چیرۆکى ئه‌نفال یه‌کێکه له تێما و هێڵه‌گشتیه‌کانى ئیشکردنى تۆ له هه‌رسێ ڕۆمانه‌که‌تدا، ئه‌مه کاریگه‌ربونه‌ته به تراژیدای ڕوداوه‌که، یان ئه‌نفال و چیرۆکه‌کانى که‌ره‌سته‌ى باشى گێڕانه‌وه‌ن له بنه‌ما ئه‌ده‌بیکه‌یدا؟ عومه‌ر سه‌ید: هیچیان نییە، من خودی خۆم لە ناو تراژیدیاکەوە دێم. کوڕی دۆزەخەکەم، ئەوەی کە وەک جەستە و فیزیک ماوم و ئەنفال نەکراوم، هیچ لەو حەقیقەتە کەم ناکاتەوە کە رۆح و یادەوەری و شوێن و مێژوو و هاوڕێ و خزم و خوێشم هەموو ئەنفالن. ئەو کاتەی دەبمە هەژدە ساڵ، بە بەر چاومەوە هەموو ئەو مێژووە دلیت دەکرێتەوە و هەموو منداڵی و هەرزەکاریم ئەنفال دەیدزێت. لەو مێژووەشەوە تا ئێستا، رۆژانە بەر ئاه و ناڵە و گریان و چاوەڕوانی بە ئازاری ئەو مرۆڤانە دەکەوم کە میمکم و دایک و گوندییە خزمەکانمە. لە گەڵ ئەنفالدا، وەک فیسکۆی ئیتلێو کالڤینۆ دەبمە دوو لەتەوە، لەتە منداڵێکەم سەر بە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی دایکم و پێدەشتەکانی گەرمیان و لەتەکەی تریشم بەشێکە لە سڕینەوەی شوێن و چیرۆکە تراژیدێکانی کەسوکارەکەم. نوسینی ئەم رۆمانانە بۆ من هەوڵدانە بۆ یەکگرتنەوەی ئەو دوو لەتە، ئەمە بە ئاشکرا روون و دیارە لە فەزا و تەکنیک و زمانی رۆمانەکانمدا، کە ئاوێتەیەکن لە خەیاڵ و فەنتازیا و واقیع، کەمتر ئەو چیرۆکانە دەگێڕمەوە کە روویان داوە. کاری ئەدەب هڵلۆشینی واقع و مێژووە لە خۆیدا، هێنانی رووداوە بۆ ناو ئەدەب نەک بردنی ئەدەب بۆ ناو واقیع و مێژوو و رووداو، بۆیە لە رۆمانەکانی مندا، بەر ئەو چیرۆکانە دەکەویت کە دەشێ رووبدات، یان رووی دابێت و ئێمە نەمانبیستبێت. نەک ئەو چیرۆک و رووداوانەی کە دەچنە نێو دەقی مێژوویەوە. دەمەوێ لە رێگەی ئەنفالەوە حیکایەتە گەورەکە بگێڕمەوە، حیکایەتی مێژویەکی دوو لەت و چوار لەت. دبوایە ئەنفال بۆ کورد خاڵی وەرچەرخان و بنەمای بنیاتنانی گەورە بوایە وەک هۆلۆکۆستی جوو. دەبوو ببێتە بنەما و سەرەتا بۆ بێ‌دار کردنەوەی ویژدانی نەتەوایەتیمان، دادگا بوایە بۆ شەرمەزار کردن و مەحکوم کردنی مێژووی جاشایەتیمان. دەبوو لە ئێستادا هەزاران لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە و دەیان مۆزەخانە و کتیبخانە و فیلم و دیکۆمینتاری و چی و چیترمان هەبوایە بۆ ئەنفال و مێژووی ئەنفال، بەڵام کە ئێمە هێندە خەمسارد و بێ ئاگا بین بۆ مێژووی خۆمان، ئەوا هەمیشە ئەنفال لە پێشمانەوە دەبێت، وەک لە شەنگال رووی دایەوە. بە کورتی رۆمانەکانی من دەرهاویشتەی ئەو واقیعەن، ئەو مەترسیانەی دووبارە بوونەوەی هەمیشەیی ئەنفال. نوسینیش چییە جگە لە نووسینەوەی خود، خودی منیش بریتیە لە ئەنفال، ئەو هاوڕێیانەم کە تا ئێستە کەس نازانێت لە چ بیابانێکدا زیندە بەچاڵن، گریان و لاوانەوەی دایک و میمکەکانمە کە تا ئێستاش خەونەکانیان دەگێڕنەوە، خەونی گەڕانەوەی منداڵەکانیان. هەوڵی بچووکی من بە گشتی کردنی خەونەکانی ئەوانە، بە ئەدەب کردنێتی تا ببن بە بەشێک لە مێژوو، لە دادگایی کردنی جاش و فسس پاڵەوانەکانی نیشتمان و ستەمکاران. *دوا ڕۆمانتان (ئه‌سپه‌ڕه) جیاواز له هه‌ردوو ڕۆمانى پێشوتان (ده‌رگا داخراوه‌کانى بابل، زیکزیکه) جیاوازیه‌کى زۆر به‌دى ده‌کرێت، له ڕووى گێڕانه‌وه‌و ته‌کنیکى نوسین و ته‌نانه‌ت تێماى چیرۆکه‌کان، که یه‌ک چیرۆک نییه و خۆى له صه‌ند چیرۆکێک‌دا ده‌بینێته‌وه، هۆکارى ئه‌مه چی‌بوو؟ ئه‌م شێوازه نوێیه به‌مه‌به‌ست بوو یان ڕه‌وتى گێڕانه‌وه‌ى ڕووداوه‌کان وایان خواست؟ عومه‌ر سه‌ید: باختین دەڵێت" رۆمان دیاریدەیەکی فرە شێواز و زمان و دەنگە" هەر ئەو دەڵێت" بە هۆی گەشەکردنی بەردەوامەوە، تا ئێستە پێناسەی رۆمان وڵامێکی بە دەست نەهێناوە" سروشتی رۆمان وایە، بەردەوام بە هەموو شێوازە جێگیر و کۆنەکانی خۆیدا دەچێتەوە و تەکنیک و شێواز و زمانی نوێ بەرهەم دێنێت. هەر لە بنەڕەتیشدا رۆمان هێمایە بۆ ململانێ و دژ یەکی مرۆڤ. دژە بە تاک رەهەندی زمان و شێوازە، چونکە ئاڵۆزی و فراوانی ئەم سەردەمە، بە تەنها فرە زمانی دەتوانێت گوزارشتی لێبکات. بۆیە ئاساییە بۆ هەر رۆمانێک، شێواز و زمانێکی جیاواز هەبێت. گەر سەرنج بدەیت، لە هەر سێ رۆمانکەدا، ئەوی دووبارە دەبێتەوە فەزای شوێن و بابەتە و تەنانەت کەسایەتێکانیش کە قوربانییەکانی ئەنفال و جینۆسایدن، بەڵام ئەوەی دووبارە نابێتەوە زمان و شێوازی گێڕانەوە و تەکنیکە. بەو پێیەی روودا و بابەتی ئەسپەرە، تراژیدیایەکی گەورە و فرە رەهەند و تێمایە. دەبوو لە چەندین گۆشە نیگا و لە سەر زاری چەندین کەسایەتی و چیرۆکەوە بگێرڕێتەوە، مەبەستمە بڵێم، هەم رۆمانەکە ئەو تەکنیکەی دەخواست و هەم منیش مەبەستمە لە هەر رۆمانێدا، تایبەتمەندی و شێوازی جودای خۆم هەبێت و کارێک بکەم، لە فۆرم و ناوڕۆکدا، وەک پەنجە مۆر خودی خۆم بم. *زۆرێک له نه‌ته‌وه‌و گه‌لانى دونیا هه‌موو چیرۆک و ئه‌فسانه‌و شکست و کاره‌سته‌کانیان له ڕێگه‌ى ئه‌ده‌به‌وه ده‌که‌نه چیرۆکى جیهانى و سه‌رنجى دونیاى پێڕاده‌کێشن وه‌ک ئه‌وه‌ى یابانیه‌کان بۆ کاره‌ساتى هێرۆشیماو ناکازاکى کرودیانه یان جوله‌که‌کان بۆ هۆلۆکۆست، پێتان وایه ئێمه وه‌ک کورد توانیومانه ڕوداوو کاره‌ساته‌کانمان له‌و بواره‌دا سود لێوه‌رگیرن؟ پێتان وانییه که ده‌بوو کاره‌ساته‌کانى وه‌ک (شۆڕش، کیمیاباران، ئه‌نفال، کۆڕه‌و) زۆرباشتر له ئێستا له‌ناو ئه‌ده‌بى ئێمه‌دا ئیشى له‌سه‌ر بکرایه؟ عومه‌ر سه‌ید: نەخێر ئێمە هێشتا نەمانکردووە و لە سەرەتاداین، لە کاتێکدا دەبوایە ئێستە بە سەدان و بگرە هەزاران رۆمان و چیرۆک و دەقی هەمەجۆری ترمان بڕژانایەتە نێو ئەدەبی جیهانییەوە وخۆمان و مێژووی پڕ شوڕش و قوربانیمان بۆ هەموو دنیا روون و ئاشکرابوایە. پێم وایە هەموو وەرەقەکانی دنیا بەشی رۆمانەکانی ئێمە ناکات گەر بیانوسینەوە. کەس هێندەی کورد گوناە و قوربانی و بێدەنگ نەبووە، کە دەبێت بنوسرێتەوە، ئێمە لەو پیاوە دەچین کە عەریزە نووسەکە دوای ئەوەی عەریزەکەی بۆ دەنوسێت وبۆی دەخوێنێتەوە، کابرا دەست دەکا بە گریان و باوکە ڕۆ و دەڵێ بۆ من هێندە گوناهم. مێژووی قوربانی و فرمێسکی ئێمە بەشی دروستکردنی دە دەوڵەتیش دەکات. هەر یەکێک لە تاکی کورد، لە شۆفێری تاکسیەکەوە تا پیرەمێرد و پێشمەرگەیەک و ئافەرتێک بگریت بەشی رۆمانێکی قەبە ئازار و سوژە و چیرۆکی لایە. بە قەد ئۆقیانوسێک زەخیرە و کەرەسەی ئەدەبی و هونەریمان هەیە، دنیایەکین هێشتا نەک بۆ بێگانە، بۆ خۆشمان روون و ئاشکرا نەکراوین. هێشتا لای ئێمە خودنوسینەوە نەبۆتە بنەما و میتۆد و بابەتی کارکردن، بۆیە بەردەوام لە بازنەیەکی بۆش و داخراودا دەخولێنەوە و ئەو قولابەی باپیرەمانی راو کرد، هەر هەمان قولابە کە باوکمانی راو کرد و وا بڕوات ئێمەش ڕاو دەکات. چونکە هیچمان نەنوسیوەتەوە. مێژویەکی ڵێڵ و ناروون و سوور بە خوێنین. رۆمان بۆ میللەتانی تر گەر داهێنان و رۆچوون بێت بە ناخی مرۆڤ و کێشە هەنوکەیەکان. ئەوا بۆ ئێمە پێویستییەکی حەیاتییە، سەرەتا و رێگایەکە بۆ سەرنج راکێشان و بە هاناوە هاتنمان لە لایەن رۆحی مرۆڤایەتییەوە بۆ کێشەکەمان. بۆ پاراستنمان لە ستەمی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتیمان. چەک ئێمەی ماڵوێرانتر کرد. بۆ ئایندە دەبێ لە ئەدەب و سینەما و بوارە مرۆیانەکەی ترەوە زووم بخەینە سەر خۆمان. وەک بەڕێزتان دەڵێن. دەبێ ئێمەش دەقی گەورە و ئەدەبی باڵا و سەرنج راکێش بخەینە بەردەم مرۆڤایەتی، تا ئەوەی چەک و جەنگ نەیتوانی بمانخاتەوە ناو مێژوو، بە حیکایەتە گەورەکەمان بە گۆڕە بە کۆمەڵەکانمان بە کچە گەرمیانی و ئێزدێکانمان، ئەوانی نەمانتوانی بە چەک پاکیزەییان بپارێزین، هیچ نەبێت با لە رێگەی ئەدەب و هونەرەوە ویژدانی بیماری مرۆڤایەتی پێ ریسوا و شەرمەزار بکەین. رەنگە بەم رێگایە بتوانین قەدەری بازنەی داخراوی خۆمان تێکشکێنین و جارێکی‌تر کۆمەڵکوژی نەکرێینەوە.
کاروان حه‌سه‌ن له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی ژیانه‌وه ئه‌ده‌ب به‌هه‌موو شێوه‌کانی گوزارشتی خه‌ون و هۆیه‌کانی مانه‌وه‌ی مرۆڤی کردووه، هه‌روه‌ها هه‌ستی ته‌بایی و دژیشی تێدا وروژاندووه و تێڕامانی زیندوو کردۆته‌وه. ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته لێره‌وه بیڵێم له‌باره‌ی شیعره‌وه‌یه. ئایا شیعر توانیویه‌تی ئه‌رکی خۆی به‌جێ بێنێ ؟ ئایا شیعرتوانیویه‌تی شوێنی خۆی بگرێ و پێی بوترێ شیعر؟ ئایا ئه‌و زۆری و بۆرییه وای نه‌کردووه خوێنه‌ری شیعر که‌م بێته‌وه ؟ ئایا ئه‌و هه‌موو بێ سه‌رو به‌رییه‌ی شیعر نه‌بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی کڕیاری شیعر و خوێنه‌رانی شیعر بتۆرێنن و بازاڕی شیعر که‌م بێته‌وه. چونکه ئه‌مڕۆ به‌ئاشکرا و به‌ڕوونی ده‌بینین و ده‌زانین که‌بازاڕی شیعر جۆره کزی و که‌م کڕیاری و که‌م مامه‌ڵه‌ییه‌ک ڕووی تێکردووه ، جه‌ماوه‌ر به‌هه‌موو توێژه‌کانیه‌وه لێی سارد و لالوته، بایه‌خی پێنادات و وه‌ک جاران شه‌یدای نییه، ئه‌گه‌ر چاوێک به‌مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا بخشێنین بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ئه‌ده‌بی کوردی سه‌ره‌تا به‌شیعر ده‌ستی پێکردووه یان ڕاستتر بلێین ئه‌و ده‌قه ئه‌ده‌بیانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان له‌کۆنه‌وه به‌شیعر ده‌ست پێده‌که‌ن. شیعر بۆ ئێستا و بۆ نه‌وه‌کانی تریش، بۆشاییه‌کی گه‌وره و دور و درێژی له‌ناو مه‌مله‌که‌تی نوزانه‌وه‌ی گیانه‌کاندا داگیر کردووه و داگیری ده‌کات. سۆزێکی به‌گوڕ و به‌رده‌وامه و هه‌رده‌شمێنێ بۆ پرکردنه‌وه‌ی ویستی نه‌وه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی له‌شنه‌بایه‌کی ئازادیبه‌خش و دوور له‌سانسۆری هزره‌کان گوزارشت له‌خۆیان و ده‌وروبه‌ریان بکه‌ن. ئه‌ره‌ستۆ ده‌ڵێ: (ئه‌وه‌ی به‌شیعر ده‌گوترێ به‌فه‌لسه‌فه ناگوترێ) وه‌ک ڕوونه شیعر وه‌ک باوترین و بڵاوترین ژانره‌کانی ئه‌ده‌به و زیاتر له‌ژانره‌کانی تر ناوی هه‌یه و بلاوه وبه‌باڵاترین ژانری ئه‌ده‌ب داده‌نرێ. به‌لام ئایا ئه‌و هه‌موو زۆری و بۆرییه‌ی شیعر و بێ سه‌روبه‌رییه‌ی وای کردووه جێ و شوێنی خۆی بگرێ و پێی بوترێ شیعر؟ چونکه شیعر وه‌ک پێویستییه‌کی ژیان ڕۆڵ و پێگه‌ی کاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر مرۆڤ به‌هه‌مووشێوه‌یه‌ک و له‌هه‌موو بوارێک‌دا شیعر جێگه و ڕۆڵی تایبه‌تی هه‌یه به‌ڵام له‌دنیای ئه‌مڕۆدا که‌جیهانی ته‌کنه‌لۆژیایه که‌متر بایه‌خی هه‌یه و یه‌جۆرێک له‌جۆره‌کان ته‌نیا خوێنه‌ره‌کانی ئه‌وانه‌ن که‌شیعر وه‌ک پێویستییه‌ک ده‌زانن، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه‌ناگه‌یه‌نێ که شیعر فه‌رامۆش بکرێ و بخرێته پشت گوێ و ئاوای به‌سه‌ربێ وه‌ک ده‌بینین له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕۆژانه شیعر له‌خاچ ده‌درێ و ئه‌تک ده‌کرێ، ئایا ئه‌وانه‌ی ده‌نووسن هه‌موویان شاعیرن ؟ ئایا ئه‌وانه‌ی نووسراون هه‌موویان شیعرن؟ بۆ ئه‌مه‌ش هۆکار زۆرن و له‌هه‌ندێکیان ده‌دوێین. به‌ڵام سه‌ره‌تا با له‌هه‌ندێ پێناسه‌ی شیعره‌وه ده‌ست پێبکه‌ین بۆئه‌وه‌ی تۆی خوێنه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه حاڵی ببی و به‌چێژه‌وه بابه‌ته‌که بخوێنیته‌وه. فه‌روغی فه‌رغزاد ده‌ڵێ: (شیعر ئه‌وده‌رگا کراوه‌یه نییه، هه‌موو که‌سێک بێ جیاوازی وه‌ژوور که‌وێت، یان ئه‌و ده‌رگا داخراوه‌ی به‌هیچ کلیلێک نه‌کرێته‌وه که‌کرایه‌وه‌ش وه‌ک گویزێکی پووچ هیچ شتێ به‌ده‌سته‌وه نه‌دات )، ڕیچارد هێڕئه‌ڵێ: شیعر هونه‌رێکه مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی گه‌وره‌ترین چێژ به‌خشینه به‌گوێگر. قودامه‌ی کوڕی جه‌عفه‌ر ده‌ڵێ: شیعر ئاخاوتنێکی کێشدار و سه‌روادارو واتاداره. دکتۆر شوکریه ڕه‌سول ده‌ڵێ: (شیعر به‌رهه‌می مرۆڤێکی به‌هره‌داری به‌ئه‌ندێشه‌یه که‌به‌ترپه و ئاواز تاقیکردنه‌وه‌کانی خۆی وه‌ک مرۆڤێکی ئه‌ندامی ناو کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌دووتوێی چه‌ند وشه و ڕسته‌یه‌کی پڕ واتا و خه‌یاڵێکی فراواندا تۆمار ئه‌کات.) شیعر کلێشه‌یه‌که بۆ ڕوحی ڕامانه‌کانی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ و وروژاندنه‌کانی خودی شاعیر له‌رێگه‌ی کارتێکردنه هه‌ستییه‌کانه‌وه له‌بۆته‌ی زمانێکی چڕ و ڕه‌نگیندا به‌رجه‌سته ده‌بێت و شیعر له‌دایک ده‌بێت. یان به‌واتایه‌کی تر شیعر زمانی ده‌روونی شاعیره و هه‌موو وێنه ڕیالیستییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خود به‌کامیرای زمانی خۆی ده‌گرێت و له‌پێشانگایه‌کی سه‌رنجڕاکێشدا وێنه شیعرییه‌کان و وێنه ده‌رونییه‌کانی شاعیر نمایش ده‌که‌ن. که‌واته به‌پێی ئه‌م پێناسانه‌بێ ئه‌وشیعرانه‌ی هیچ واتا‌و مه‌به‌ستێکی سه‌ره‌کیان له‌پشت نییه و مانا هه‌ڵناگرن و بێ چێژن شیعر نین و له‌خانه‌ی شیعر هه‌ژمار ناکرێن. شیعر به‌کورتی وێناندنه جا ئه‌گه‌ر وه‌ک هۆنراوه (نڤم) نوسرابێ یان وه‌کو په‌خشان بێ که‌واته شیعر ژانرێکه زیاد له‌هه‌موو ژانره‌کانی دیکه‌ی ئه‌ده‌ب مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ست و سۆزدا ده‌کات و له‌ناخه‌وه ده‌یانجولێنێ و به‌ئاگایان دێنێ، باشترین مامه‌ڵه‌یه‌ک بۆ نزیک خستنه‌وه‌ی شیعر له‌گوێگره‌وه ئه‌وه‌یه بیکه‌ی به‌گۆرانی شیعر بۆ خۆی موزیکێکی تێدایه. شیعر نووسین هه‌ر وشه‌ڕێزکردن نییه، داڕشتنی خه‌یاڵێک بێ هیچ بنه‌شه‌و ستره‌کتۆرێکی خه‌یاڵی، بێ هیچ ئامانجێکی خه‌یاڵی، بێ هیچ ئه‌ندازه‌یه‌کی خه‌یاڵی، له‌م وشه ڕێزکردنه مانا و ڕوانین بزره، پیکهاته‌یه‌کی لۆژیکی و نالۆژیکی بوونی نییه ئایا (شیعر توانیویه‌تی ئه‌رکی خۆی به‌جێ بهێنێ؟ بگره له‌ناو گه‌لێ گه‌ل و میلله‌تدا ڕۆڵی ڕابه‌رایه‌تی له‌کاتی جه‌نگ و ئاشتیدا دیوه و خه‌واڵوانی بێ‌دار کردۆته‌وه و بێدارانی قورمیش کردووه. ئه‌وه‌نده کاریگه‌ری و کارئاسان که‌ربووه له‌مه‌یدانی وه‌ده‌س هێنانی کرداری په‌روه‌رده و زانست دا په‌نایان پێ بردووه. له‌جیهانی شیعردا ده‌یان قوتابخانه و دوانگه و بۆچوون هاتونه‌ته مه‌یدانه‌وه هه‌یانه ماوه‌ته‌وه و به‌رده‌وامن هه‌شیانه به‌سه‌ر چووه و بڕاوه‌ته‌وه. هه‌ندێ جار ته‌نیا چه‌ند دێڕێکی بێ مانا و بێ مه‌به‌ست و بێ ئه‌نجام و بێ واتا ده‌بینین و بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری هیچ ئامانجێک بێ هه‌ندێ جاریش چه‌ند ڕسته‌یه‌کی بێ کرۆک ده‌بینین و هیچ به‌ڵای شیعره‌وه ناچێ، شیعرسروش (وحی)ێکی ده‌رونییه له‌ئاسمانی مێشکه‌وه به‌هۆی فریشته‌ی بیره‌وه دێته‌خوارێ بۆسه‌ر زمان و قه‌ڵه‌می شیعر. له‌وکاته‌وه‌ی که په‌یوه‌ندی مرۆڤ و شیعر په‌یدا بووه هه‌تا ئێستا شیعر شێوه‌ی شیعر قالبی شیعری و که‌ره‌سته جۆربه‌جۆره‌کانی له‌گۆڕان و پێشکه‌وتنێکی به‌رده‌وامدان، وه‌ستانیان نییه. ده‌بێ ده‌نگی شاعیر ده‌نگی ژیان بێ، ئه‌و ده‌نگه‌ی له‌ڕێگه‌ی شیعره‌وه به‌هێزێک ده‌دوێ که‌له‌ژوور مرۆڤه‌کانی تره، که له‌ڕێگه‌یه‌وه بۆ هه‌موو کۆمه‌ڵ ده‌وبێ بۆ ئه‌وه‌ی ڕووناکی بخاته سه‌ر ئه‌و هه‌ستانه‌ی نه‌دۆزراونه‌ته‌وه و بیانکاته واقیعێکی زیندوو. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی له‌کتێبی (گه‌ڕان به‌دوای جیهانێکی دیکه‌دا) ده‌ڵێ: به‌بێ زمانێک که‌هه‌ڵگری هه‌ردوو ڕه‌هه‌ندی ئێستاتیکا و بابه‌ت بێت ئه‌سته‌مه ده‌قێک ببێ به‌شیعر. نه‌وه‌ی نوێ واته ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌تای ئه‌زموونی شیعری دانه خۆڕسکانه دوور له‌هه‌مووقولبونه‌وه و ڕامانێکی بابه‌تیانه شیعر ده‌نووسن، به‌داخه‌وه به‌شێکی زۆر له‌شاعیرانی ئێمه که‌مترین باکگراوندی ڕۆشنبیری شیعریان هه‌یه و هه‌میشه ئه‌زموونی شیعر نووسین وه‌ک ئه‌زموونێکی خودی به‌ته‌نها و به‌ده‌ر له دیوه بابه‌تییه‌که ده‌بینن. ئه‌مه‌ش واده‌کات زۆرجاربکه‌ونه هه‌ڵه‌ی مانایی زه‌ق. شیعر له‌کورتترین پێناسه‌یدا: زمانی رۆحه ئه‌وه‌ی پیرۆزی به‌که‌سایه‌تی شاعیر ئه‌به‌خشێت جوانی ئه‌و ڕۆحه‌یه. ئابشتاین ڕه‌خنه‌گری ئه‌مریکی له‌باسی شیعری ئه‌مڕۆی ئه‌مریکیدا ده‌ڵێ: (چاومان به‌به‌رهه‌مێکی زۆر ده‌که‌وێت که‌به‌ناوی شیعره‌وه بڵاوده‌کرێنه‌وه، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی شیعرێکی ڕه‌سه‌نی تێدابێ، دیاره جیاوازییه‌کی زۆر هه‌یه له‌نێوان شیعرێکی ڕه‌سه‌ن و شیعرێکی داتاشراوی به‌زۆرنووسراودا) که ئه‌مه‌ش بۆ شیعری ئه‌مڕۆی کوردی ڕاستییه‌کی تاڵه و زۆری و بۆرییه‌کی بێ سه‌روبه‌ر به‌شیعری کوردییه‌وه دیاره. له‌م ڕۆژگاره‌دا ده‌شێ مرۆڤ ببێته شاعیر هه‌روه‌ک چۆن ده‌یه‌وێ ببێته ئه‌ندازیار و پزیشک، ئه‌مه‌ش مانای وایه شیعر پیشه‌سازییه و دووره له هه‌ڵقوڵانێکی ڕاسته‌قینه‌ی ناخی مرۆڤ، ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌ک بوه‌ته هۆی نه‌هێشتنی هه‌ستی ڕه‌سه‌نایه‌تی شاعیر. کەواتا شیعر تەنیا بریتی نییە لەوشە ڕێزکردن، بەڵکو پێویستی بەکێش و سەروایێک هەیە کە ئاوازی شیعرە کە ڕابگرێ و بزانرێ کە لەقسەی ئاسایی جیایە و جیادەکرێتەوە. ئەگەر شیعرەکە سەربەڕێبازێکی نوێش بێ هەمان بۆچوون ڕاستە و ئەبێ کێشێکی لەناوەوە هەبێ بۆ چێژبەخشین و هەستکردن بەوەی کەتۆ شیعرێک دەخوێنیتەوە. بەڵام ئایا لەشیعری ئەمڕۆدا ئەو ئاواز و مۆسیقایە هەیە ؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە دەڵێیین: ئەم جۆرە نووسینانە، ئەم جۆرە نووسەرانە هەموویان ناچنە ناو سنوری شیعر‌و شاعیربوونەوە ! لەدەرئەنجامی ئەو قسانەی سەرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کەوا زۆری و بۆری وبێ سەروبەرییەک لەمەیدانی شیعری ئەمڕۆی کوردی‌دا دەبینین و گرنگترین هۆکاریش نەبوونی سانسۆرێک لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و چاپخانەکانەوە کەوای کردووە هەرچی بێ و شتێک چاپ بکات و ناوی بنێ کتێب و دیوانە شیعر! نەخێر بۆ تێکدان و لەباربردنی شیعر، تکایە چیترڕێگا مەدەن بازرگانی بەشیعرەوە بکرێ، بائەتک کردنی شیعر بوەستێنین...
شوان کەمال تراژیدی وەک ئەوە وایە پەنجەی خۆت ببڕێت. کۆمیدی وەک ئەوە وایە بکەویتە ناو مەنهۆڵێکەوە و بمریت. ( مێل بڕوکس) دۆزینەوەی پێناسەیەکی سادە بۆ ئەم ژانرە ئەدەبییە شتێکی هەروا ئاسان نییە. کۆمیدیا بەشێوەیەکی گونجاو و بەپێی ئەو تایبەتمەندییەی کەهەیەتی لە چوارچێوەی درامادا جێی خۆی دەکاتەوە. ئەوەی کەدەگووترێت و باوە دەربارەی کۆمیدیا ئەوەیە کە ئەم ژانرە ئەدەبییە بەخۆشی دوایی دێت و دەرەنجامەکەی بریتییە لە ئاهەنگی کۆمەڵایەتی وەک جەژن و خۆشی و ڕێوڕەسمی شوکردن یان ژن هێنان. هەرەوەها دەتوانین ئەوەش بڵێین کە کۆمیدیا چاوەڕوان دەکرێت پێکەنیناوی و گاڵتەئامێز بێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کەلە کۆمیدیادا هیچ کەسێک ناکوژرێت و نامرێت. بەڵام دەبێت ئەوەشمان بیر نەچێت کە زۆرێک لەلێکۆڵەاران پێیان وایە کە ئەم ژانرە ئەدەبییە بەردەوامترین جۆری ئەدەبە کەبەپێی قۆناغە جیاوازەکانی گۆڕانی کەلتووری بەچەسپاوی ماوەتەوە و خراپ نەبووە. لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا پێناسەکان بۆ کۆمیدیا یەکجار زۆر‌و زەوەندەن، بەجۆرێک کە سنووری ئەو شێوازە تەقلیدییەیان تێپەڕاندووە و لەڕووی هەمەچەشنی زمانەوانی و جۆری پڕاکتیکدا کۆمیدیا دەکرێت چەندین فۆڕمی جیاواز لەخۆ بگرێت. بۆ نموونە شێوازە تەقلیدییەکانی وەک کۆمیدی ناشاریی(pastoral comedy) ، نواندنی بێ مێشکانە(farce) ، لاسایی کردنەوە(burlesque) ، نواندنی بێ قسە(pantomime) ، تەنز(satire). هەرەوەها کۆمیدی ئاکاری(comedy of manner). دەکرێت گەلێک فۆڕمی بچووکتری وەک کارتۆن و زنجیرەی تەلەفزیۆنی تەنزئامێز و تەنزی نێو ڕۆژنامە و گۆڤار و گاڵتەی سینەمایی و هەستان بەنیشاندانی هەندێک یاری و کاریکاتێر و ته‌نانه‌ت ڕۆیشتنێکی بێ مێشکانه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت. بوونی ئه‌م هه‌مه‌چه‌شنییه له جۆره‌کانی کۆمیدی به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که کۆمیدی یه‌ک تۆنی دیاریکراوی نییه، به‌ڵکو له‌سروشتیدا وه‌ک پیانۆیه‌ک وایه که ده‌توانرێ چه‌ند تۆنی جیاوازی پێ لێبدرێ. سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌م فۆڕمه ته‌قلیدییانه‌ی کۆمیدی و بوونی ئه‌و که‌ناڵ و فۆڕمه جیاوازانه‌ی که‌خۆی تێدا مانیفێست ده‌کات، کۆمیدی تۆنێک یان شێوازێکی دیاریکراوه له‌نووسین که هه‌رگیز یه‌کسان نییه به‌و که‌ناڵ و میدیا‌و و فۆڕمه جیاوازانه‌ی که خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه. تێڵه‌ڵکردنی کۆمیدی له‌گه‌ڵ تراژیدی دا یان له‌گه‌ڵ هه‌ر ڕه‌گه‌زێکی تر، وه‌ک له‌لای نووسه‌رانی وه‌ک شه‌یکسپیر و دیکنز و ئیبسن و بیکێت وکارۆل چه‌رچل و مارتن ئامیس دەبینرێت، بەبۆچوونی مۆلوین مێرچنت وەک ئیهانەیەکی بەردەوام وایە بۆ کۆمیدی ڕووت و تراژیدی ڕووت وەک دوو ژانری درامی. لەسەردەمی پۆست مۆدێرندا؛ لاسایکردنەوە و گاڵتەجاڕی و تەنز بەشێوەیەکی تایبەت بەکاردەهێنران بۆ ڕەخنەگرتن لەفەلسەفەی ڕۆشنگەری. جۆنسن ١٩٢٠ بڕوای وایە کە کۆمیدی لەسەرەتادا گۆرانییەکی سادە بووە کەلەلایەن تاکە کەسێکەوە گووتراوە و دواتر پاڵەوان و گفتوگۆی تێکەوتووە لەقۆناغەکانی داهاتوویدا. لەڕووی زاراوەسازییەوە ئەگەر بۆ سەرەتای ئەم ژانرە بگەڕێینەوە بەبۆچوونی لێکۆڵەران داڕێژراوە لەهەردوو وشەی گریکی ‘kômos’ یان ‘kômai’ لەگەڵ ‘oda’ .کەیەکەمیان ‘kômos’ بەواتای (ئاهەنگگێڕان) دێت و دووەمیان ‘kômai’ لەوشەی (گووند)ەوە وەرگیراوە. ئەرستۆ پشتگیری لەبۆچوونی دووەمیان دەکرد، چونکە تێبینی ئەوەی کردبوو کە یۆنانییە کۆنەکان خەڵکی گووندنیشینەکانیان بە ‘kômai’ بانگ دەکرد. ئەم بۆچوونەی ئەرستۆ لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە کۆمیدییەکان پێیان دەگووترا کۆمیدی لەبەر ئەوەی کۆچیان کردبوو بۆ گووندەکان و لەشارەکان وەدەرنرابوون بەهۆی کاری ئابڕووبەرانەیانەوە. هەرچی پارچەی دووەمە لەوشەکە واتە ‘oda’ واتە (گۆرانی) بەم شێوەیە بۆمان دەردەکەوێت کە کۆمیدی بریتییە لەهەریەکە لە ڕیتم و ئاهەنگگێڕان. دانتی (1265–1321) بە (گۆرانی گووندنیشینی) ناوی دەهێنا. زۆرینەی ڕەخنەگران لەسەر ئەوە کۆکن کە کۆمیدی بەرهەمی گووندنیشینەکانە زیاتر لەەوەی کە بەرهەمی شارییەکان بێت. بەمشێوەیە بۆی هەیە لەگەڵ ڕیوڕەسمی وەرزیی پیت و بەرەکەتی کشتوکاڵیدا دەستیان پێکردبێت. بۆیشی هەیە ڕەهەندێکی ئاسمانی هەبووبێت و تایبەت بێت بەخودای ئەفسانەیی شەراب و پیت و فەڕ واتە (Dionysus) . ئەم خوداوەندە لەبنەڕەتدا بەخوداوەندی پیت و بەرەکەتی سروشت دەناسرێ، یان ڕۆحی سەوزایی کەمرد و بەزوویی لەدایک بوویەوە. شوێنکەوتووانی گەیشتنە جوگرافیای نێوان هەریەک لە شارەکانی Thrace Phrygia لەدەوروبەی ١٠٠٠ پێش زاین. بەشێوەیەکی تایبەت خۆیان تەرخانکرد بۆ خواردنەوە و چێژوەرگرتن و ئاهەنگگێڕان. بەتایبەت ئافرەتان کە ڕوویان کردە دوور لەشارەکان بۆ پەیوەندی کردن بەسروشتەوە. Dionysus بەزۆریی بەوە دەناسرێت کە خودایەکی پەروەدەکردووە کە بە Phales دەناسرێت و دواتر بووە بە سپۆنسەری ڕەفتارە سێکسییەکانی مرۆڤ. ئەم تایبەتمەندییەی خوداوەند و ئەو سروشتە شەڕانییەی کەهەیبوو کاریگەری نەرێنی کردە سەر فیستیفاڵ و پرنسیپەکانی بەجۆرێک کەبەتەواوی پرنسیپەکانی هەڵگێڕایەوە و ڕەهایی سێکسی بڵاوکردەوە. بەمەش بووە هۆی خولقاندنی ئەو لادان و شێوە گاڵتەچاڕییەی کەلەکۆمیدیدا جیێ بوویەوە. بەمەش ئەم خوداوەندە لەوشارەی کەلێی بوو وەدەرنراو بەرەو قەراغی شار و هەرچی شوێنکەوتووەکانیشی هەبوون بەهەمان شێوە فڕێدرانە دەرەوەی شار. لەڕوانگەی ئەم ئەفسانەوە ئیدی کۆمیدی بە بەئەرکێکی کۆمەڵایەتی و فیکری هەڵدەستا و خزمەتی بەو بەهایانە دەکرد. هەرچی کۆمیدی ئەریستۆڤانە (c. 448–380 BC) لەخزمەتی سیاسەتێکی ئاشکراو و تەنزئامێزدا بوو. درامای کۆمیدی لەقۆناغەکانی دواتری گەشەسەندنیدا بەرەو قسەکردن لەسەر بابەتە هەنووکەییەکان پەلکێش کرا. ئەرستۆ ئاماژە بەوە دەکات کە کرەیتس یەکەم کەس بووە کە فۆرمی جنێو و گاڵتەجاڕی یاساغ کردوو و گرێ و چیرۆکەکانی یونیڤێرساڵی کرد. دوای سەدەیەک و لە سەردەمی میناندەر (c. 342–c. 291 BC) دا کۆمیدی خەریک بوو بەکاروباری دەسەڵاتەوە. لەسەدەی چوارەمی زاینی‌دا کۆمیدی وەک ژانرێکی ئەدەبی ڕێنیشاندەر فۆڕموولە بوو. ئەم تێگەیشتنە بۆ یەکەم جار لەلایەن دۆناتۆس کەزمانەوانێکی ڕۆمی بوو، قسەی لێوەکراو لەکارەکانیدا دەربارەی کۆمیدی ڕەنگی دایەوە. ئەم زمانەوانە بەشێوەیەکی بەرفراوان کۆمێنت و تێبینییە گرنگەکانی خۆی دەربارەی بابەتە کۆمیدییەکانی تێرینس Terence دەخستە ڕوو. کۆمیدییەکانی تێرنیس بەوە ناسرابوون کەتەنیا تێکستێکی نووسراو بوون و پێرفۆرمس نەدەکران. لەڕوانگەی ئەم هەوڵە نەزۆکانەی تێرینس ەوە دۆناتۆس ئەو دەرەنجامەی ڕاگەیاند کە ئیدی کۆمیدی دەبێت خۆی لەقەرەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی بدات و ببێتە ئاوێنەیەک بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئاکارەکانی ڕۆژانەی خەڵکی و بەشێوەیەکی پراکتیکی وانەکانی ڕەوشت بەخەڵکی بڵێتەوە. هەروەها جەختی لەسەر ئەکادیمی بوونی پرنسیپەکانی کۆمیدی کردەوە. دەیگووت کۆمیدی دەبێت هەڵگری پرنسیپێکی بەلاغی بەرز بێت. هەوڵەکانی دۆناتۆس و تێڕوانینە مۆڕاڵییەکەی بۆ کۆمیدیا، کۆمیدیای بەجۆرێک بەرزکردەوە کەخۆی لەقەرەی پرنسیپە نەگۆڕەکانی تراژیدیا بدات. تێڕوانینەکانی دۆناتۆس تا سەردەمی ڕێنسانس و دواتریش، لەنێو گفتوگۆ و مشتومڕەکانی تیۆری کۆمیدیدا هەر لە برەودا بوون. ئەرکی ڕاستکردنەوەی چەوتییەکانی کۆمەڵگە وەک ئەرکی سەرەکی کۆمیدیا بوویە جێی مشتومڕی زۆر و تا لەساڵی ١٦٩٨ ویلیا‌م کۆنگریڤ لەوەڵامێکیدا بۆ قەشە جێریمی کۆڵیەر Jeremy Collier کەنووسیبووی ( دەبێت خەڵکی بەشتێکی جیاوازتر لەکارە نەشیاوەکانیان بهێنرێنە پێکەنین ) نووسیبووی ئەرکی کۆمیدی بێجگە لەهێنانە پێکەنینی خەڵکی ، بریتییە لە ڕێنموونی کردن و ڕاستکردنەوەی چەوتییەکان. چونکە کاتێک خەڵکی چەوتییەکانی خۆیان لەکارە کۆمیدییەکاندا دەبیننەوە شەرم دەیانگرێت و بەخۆیاندا دەچنەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەش کە دەیانهێنینە پێکەنین.ئەم وەڵامەی ئەو لەکاتێکدا بوو کە ئەو قەشەیە هێرشی کردبووە سەر شانۆ بەگشتی و بەدیاریکراویش کەسێتی کۆنگریڤ. لەسەدەی بیستدا ڕەخنەگران کەمتر بڕوایان بەئەرکی فێرکەرانەی کۆمیدی بوو. هاری لێڤین بڕوای وایە کەکۆمیدی بریتییە لەململانێ و کێشمەکێشمی نێوان سۆزی پێکەنین و سەنگینی. شەڕی درێژخایەنی کەسی دەم بەپێکەنین دژی ئەوانەی پێناکەنن. نێوان ئەوانەی نووقمی شادی و پێکەنین لەگەڵ ئەوانەی پێکەنین لەسەر لێویان قاتە. ئێریچ سیگال میێژووی کۆمیدی خۆرئاوایی دیاری دەکات بەدرێژایی هێڵی هاتنەخوارەوە لە شادی و پێکەنینی بەرزی ئەریستۆڤانەوە بۆ شانۆی پووچێتی کەلەکارەکانی بیکێتدا خۆی دەبینییەوە. لەڕوانگەی ئەم بۆچوونەوە، دەربڕینە چالاک و ئەکیڤەکانی ژیان بەرەو پوکانەوە و خاوبوونەوە و ئاڵۆزی ڕۆیستوون.هەروەها پێی دەچێت بەتێپەڕبوونی کات و ئەزموون کۆمیدی گەشبینی بەشێویەکی بەرچاو بەرەو خوارەوە و ڕوو لە کزیی بکات. سیگال دەنووسێت : ( دراما ئیدی کۆتایی بەخۆشی نایەت. لەڕاستیدا هەر کۆتایی نایەت. هیچ ئاهەنگ و خۆشی دەربڕین و نوێبوونەوەیەکی تێدا نابینرێ. هەر بەڕاست گۆدۆ چی دەنوێنێ؟ ڕزگارکەر یان سەرلەنوێ ژیانەوە؟ تەنیا یەک شت ڕوونە؛ کۆتاییە خۆشەکانی پێشوو ئیدی لێرە بەدواوە هاوەڵمان نین! لەبەر ئەوەی کۆمیدیا لەئێستادا بێجگە لەجەستەیەکی مردوو هیچی تر نییە! ) هەندێک لەڕەخنەگران، ئەوانەی کاریگەرن بە تیوری پۆست ستڕاکچڕالیزم لەوانە ئەندرۆ هۆرتۆن بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە چۆن زمان و تێکست بەردەوام لەگۆڕاندان، بەهەمان شێوە بۆی هەیە کۆمیدی هەندێک جار کۆکراوە بێت، یان پەرش و بڵاو، کۆتایی هەبێ یاخود نەیبێ. ئەمە بەشێوەیەکی ئاسایی پست دبەستێ بە کۆنتێکست و دەقئاوێزانی داهێنەر و تێکست و هەروەها تێڕامان. کیربای ئۆلسۆن تێگەیشتنێکی هاوشێوە لەخوێندنەوەی بەرهەمی کۆمیدی سەدەی بیستەم لەڕێی کارەکانی لەفەیلەسووفانی فەڕەنسی لیوتارد و ژی دۆڵۆزەوە پەیڕەو دەکات و پێی وایە کە کۆمیدی سەدەی بیستەم بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو عەقڵانییەتەی کەدەیەوێت بەشێوەیەکی سەرتاپاگیر وێنای جیهان بکێشێت. دەنووسێت : ( کۆمیدی فۆڕمێکە لەناوەوەی خۆماندایە. کەهەرگیز لەئێمەی ناوێت لەئاسمان بۆی بگەڕێین، یان پێمان وابێت لای خوداوەندە و لەوێ بۆ وەڵامی پرسیارەکانی بگەڕێین. تیوری کۆمیدی گووتارێکی فراوانی هەیە و ئەم گووتارەش فەرمانڕەوایە بەسەر سیاسەتی جەستەدا. ئەم گووتارە لەنێوان باوەڕ و گومڕایدا وەستاوە. وەکو حەز و خولیا وایە بەشێوەیەکی سەیر لەگۆڕاندایە، هەرگیز تێگەیشتنە عەقڵییەکان لەبۆتەیدا جێیان نابێتەوە.) بەبڕوای ئۆڵسۆن خۆبەدەستەوە نەدانی کۆمیدی و کردەی کۆمیدی بۆ پێناسەیەکی دیاری کراو و بڕواپێکەر، بەڵگەیە لەسەر بەها پۆست مۆدێرنەکانی ئەم ژانرە ئەدەبییە. کۆمیدی بەکورتی دەکرێت بڵێین فۆڕمێکی ئازادە لەپێناسەکردن. هێنری بێرگسۆن ی فەڕەنسی دەیگووت کۆمیدی بابەتێکی تەواو پەیوەستە بەمرۆڤەوە و لەودیو ئەو بوونەوەرەوە بوونی نییە. کەواتە دەبێت تەواوی نموونە و ڕووداو و کردە کۆمیدییەکان بەجۆرێک لەگەڵ ئاگامەندی مرۆڤدا یەکانگیر بن بۆ ئەوەی ببنە کۆمیدی. ڕەهەندی مرۆڤ وابەستەیی کۆمیدی بۆ یەکەم جار لەلایەن ئەرستۆوە تێبینی کرا. ئەو دەیگووت مرۆڤ تەنیا بوونێکە کەدەتوانێ پێبکەنێت.
( کامێرا) ئای کە جوانن، کراسی پایز و دوو چاوی تامەزرۆ کە تۆ دەست و کامێرایت و منیش خش و ھوڕی گەڵاو وشەی ( مەڕۆ (. زۆر جوانن، کراسی زستان و دوو چاوی خەواڵوو کە تۆ دەست و کامێرایت و منیش باڵندەی سەر تەلی کارەبای ئەم شارە و وشەی ( تەزوو(. کامێرای دڵی من ببینە چەند ناشیرینە ھەژاریی بەڕووتی وتەزیوویی! ئەو تەزین و لەرزینە ھەر لەدرەختی شەقامی مەولەوی دێن. ئەو نەوسنی و بێ خەویی و پۆزە ھەر لەجادەی سالم جوانن. ئەو خێرایی و جەنجاڵیی و بێ مروەتێییە ھەر شایانی شەقامی شەستییەکەن. رۆحی کامێرا پێت چۆنە وێنەیەکی ھەژاریی و مەولەوی پۆزلێدان و سەھۆڵەکە گۆڕستان و شەستییەکە بەیەکەوە بگرین؟! پێت چۆنە ئازیزم کامێرا لە مۆزەخانە دابنێین؟! بەرانبەر ھەر دیمەنێک دەستبخەینە سەر دڵمان و بڵێین ( چرک) سلێمانی-٢٠١٨ (شەیتانی ژیانم) ھەموو کەسێک ھەموو شتێک شەیتانێکی خۆی ھەیە. تۆ ... شەیتانی ژیانمیت شایستە نیت و چەند سەیر خۆشم دەوێیت! ئەھلی باوەڕم نیت کەچی دەرگاو پەنجەرەم ھەر بۆ تۆ لەسەر پشتن. بۆ ناو رۆحم فەرموو ... فەرمووت لێدەکەم! تۆ شەیتانی ژیانم بوویت پێکەنینی گەرمی لێومت لە شوێنێکدا بزر کرد بەھەزار دۆزە دۆزەی جارانیش نایدۆزمەوە! وا بە توندی قۆڵت گرتووم بەھەزار بیسمیللاش ناڕۆیت بە گەورەترین جادویش ناتوانم دەستم لە دەستت بێتەوە! تۆ... شەیتانی ژیانمیت دەڕۆیت، بەڵام تا مردن لێم نابیتەوە ! عەممان-٢٠١٧
بەرزان هەستیار هەر دێڕە لە ئاوازێک دەخوێنم ،... بۆئەوەی هەرگیز لە نائارامیی دنیا غافڵ نەبم؛ لۆژ .. لۆژ، دەڕۆم و پەیتا.. پەیتا، کەفی جنێو بە دەمما دێتە خوارێ، بە قەولی هەولێریانیش،.... سەبر.. سەبر، دەدەمە قوڵپی گریانێ، بە ئاستەم سەرێ بەرزدەکەمەوە ،..... خۆر ، ئاوی لێ دەچۆڕێت و تەڕ ..تەڕ، بە لێزمە دەبارێت، بارانیش پشکۆ..پشکۆ لە دەم کەل هەڵدێت، منیش پاشەوپاش، تا بەردەمی تۆ ناوەستم چاوەڕێش ناکەم بزانم دەمبینیت یان نا،...... وەکو هەڵم نیشتوومەتە سەر ڕووخسارت،... یاخود وەک قوڕولیتە بە ئەرزەکەوە نووساوم، نا ، گرنگ ئەوەیە بزانم لەوێم،…. لەوێ، لە تەنیشت سێبەری داڵغەی ئێوارانێکتەوە --- دەزانم تاقەتێکی دەوێت تاکو هەیت هەناسە بەیت و تا دەخەویت چاو بترووکێنیت و تا دەمریت دڵت لێ بدات وەلێ خەیاڵ هەیە، بەشی سەد ژیانی تەڕوپاراو ... گوڵەمرواریی هەناسە لە سنگدا شین دەکات؛ وەک هێڵێکی فەرامۆشکراویی شەمەندەفەر..... ژەنگیش لێی دابیت،... پێچی ژیان دێنێتەوە سەرت و دنیات لەگەڵ خۆی دەگێڕێت --- هەست دەکەم لەوە بوومەتەوە.... حساب بۆ گەمژەییەکانی ژیان بکەم و لووت بنێم بە زێرابی گاڵتەجاڕییەکانییەوە؛. باڵێکم هەبێت ئەیکەم بە دوان،... دوانم هەبێت ئەیکەم بە دە و وەک باڵندەیەکی تەنیا لە شوێنێک دەنیشمەوە... لە دوورەوە لەو دڵۆپە ئاوە ڕادەمێنم.. بە تاڵی پەرچەمێکەوە قەتیش ماوە و ...... دووڵیی داغانی کردووە، بتکێتە دەربەندی شێداری سنگەوە و تا ئەبەد لەوێدا ڕاکشێ، یان هەر بەوێوە، تا ڕۆژی حەشر.... لە یاقووت جوانتر بدرەوشێتەوە !؟ --- ئەوەندەم بەسە، سبەینان .... تامی بەرچایی و سەوزیی زەردەخەنەکانی دایکم...... وەک چلچرا لە ڕووناکییم هەڵکێشن، جەژنان، پتر لەبەر پرژەی گوڵاوی بەخشندەییەکانی باوکمدا وەکو نانی تیریی تەڕ بم، دوور لە غرووری چەکووش و ناڵەی بزمار،.... "عەلی نەجاڕ "، بە هێمنیی و پڕ بەرچنەیەک ترێ سپیکەی ویقارەوە... پووشوپەڵاشی سەرم ماچ کات و منیش ئاوریشمی زبری دەستەکانی؛ ئەوانە زۆرن بۆ من، زۆر.. زۆر، لەم غەڵبە غەڵبی جەنگ و ئاشووبی خوێن و سەراسیمەیی تەنیایی و واقوڕمانی جێهێشتنەدا ... کەنارییەک، هەموو دنیا دێنێت... بە نێتی هاوخەمیی دەنووک لە پەنجەرەی تەڵخی ژوورەکەم بات تەنانەت زیکزیکەیەک زۆرە بە قەستی دڵنەواییم دەنگی لێوە بێت مێرووولەیەک بە نیازی ختووکەدان بە قاچما هەڵگەڕێ و بمخاتە جووڵە.. جووڵ --- لە هەڵلەرزینی شپرزەیی و پەرشبوونی دەنکە هەناری حەوسەڵەمدا،... شەڕ بە مامزی خەیاڵەکانم دەفرۆشم و توێکڵەمۆز فڕێ دەدەمە بەر پێیان، توانج لە پاساریی بێئۆقرەیی خۆم دەگرم و لە ژێر چۆڕاوگەی بارانی سەرزەنشتدا دەیخوسێنمەوە؛ چەند بۆنخۆشە ئەم گوڵەباخی شێتبوونە هەمیشە لە شوێنێک چەکەرە دەکات... خۆشبەختیی، تەواو مەرەخەسی کردبێت و ئومێدی گەڕانەوەشی، وەک دەرچوونی تیر بێت لە کەوان چەند دڵفڕێنە ئەم بێموبالاتییە،.... لە ڕەزێکدا چاوی لەسەر یەک دەنکە ترێ بێت و لە کوپەیەک شەرابدا، قومێک و ڕێژنە بارانێک، یەک دڵۆپ ! مەستبوونێکی چەند جوانە، هەر دێڕە لە ئاوازێک بخوێنیت و هەر پەلێکی خەیاڵیشت بەدەست ڕەشەبایەکەوە بێت، نە، زەمین بتگرێتە خۆی و نە، متمانەش بە ئاسمان کەیت، هەر دێڕە لە ئاوازێک،.. هەر شەوە، وەک کوندەپەپوو لە کەلاوەیەک و ڕۆژێک لێرە و ڕۆژێک، لەودیو تەلبەندە چاوکزەکانی بینینەوە سەردەربێنیتەوە ئۆکتۆبەر و نۆڤیمبەری 2018
حسەین لەتیف بەفر دەبارێت قارداش، ئاغا، یابە، هەڕەشە لە ناوچەکە دەکەن، مستەریش گۆڵف دەکات! ـ۲ـ بەفر دەبارێت قارداش، ئاغا، يابە، دەیانەوێت زەوی وەک کێک لەنێوان خۆیان دابەش کەن ژنەکەی مستەر پەنیرێک بۆ سەگەکەی ڕادەگرێت! ـ۳ـ بەفر دەبارێت قارداش، ئاغا، يابە لەپەرێزی نێچیرێکدان کچەکەی مستەر بە ستیانێکی نوێوە دەبێت بەهەواڵی رۆژنامەکان! ـ٤ـ بەفر دەبارێت لەناو باخی زەیتوونەکان دا دوو ئاگر لەچاوەکانی ئا‌ڤێستا دا دەگڕێن ئاگرەکەی زەردەشت و ئاگرەکەی پرۆمیسۆس! ـ۵ـ بەفر دەبارێت ژیان لە پلەی بەستن نزیک دەبێتەوە هەتاو دادەبەزێت بۆناو باخی زەیتوونەکان بڕێک گەرما بۆ ئەستێرەکانی چواردەوری لەچاوەکانی ئا‌ڤێستا قەرز دەکات! ـ٦ـ بەردەوام بەفر دەبارێت بەردەوام چاوەکانی ئاڤێستاش دەگڕێن! 17/2/2018
لۆڤا محەمەد گرووپی میوزیکی لوڕ کە کار لەسەر پێشخستنی هونەری کوردی دەکەن بەشداری لە فیستیڤاڵی بابلدا دەکەن و یەکەمین گرووپی میوزیکی کوردین کە لەو فیستیڤاڵە جیهانیەدا بەشداری دەکەن. گرووپی میوزیکی لوڕ لە ساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ کۆمەڵێک میوسیکسیان دامەزراوە، گرووپەکە کار لەسەر کلتوری ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و ناوچەی لوڕستان دەکەن تاوەکو ڕزگاربکرێت لە هەڕەشەی لەناوچوون. ئەندامانی گرووپەکە پێکھاتوون لە میوزیکژەنان و گۆرانیبێژان، گروپەکە خاوەنی ١٢ ئەلبومی تۆمارکراوی خۆیەتی، ھەورەھا خاوەنی ٤٥ ڤیدۆ کلیپی تایبەت بە خۆیەتی و نزیکەی ٢٠٠ بەرھەمی تۆمارکردوە و لەگەڵ زۆربەی کەناڵە کوردییەکاندا پرۆگرامی ھەبووە، بەشداری لە دەیان کۆنسێرت و فیستیڤاڵدا کردوە لە دەرەوە و لە ناوخۆی کوردستاندا، ھەروەھا ستۆدیۆیەکی تایبەتی ھەیە. نزار زیوێی، بەڕێوەبەری گرووپی میوزیکی لوڕ، بە هاولاتی ڕاگەیاند: توانیمان کە پەیوەندیەکی باش لەگەڵ لوڕەکاندا دروست بکەین و بانگھێشتی سلێمانیان بکەین، هەروەها خەونمانە کە گۆرانی کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان ئەرشیف بکەین و بیناسێنین بە هەموو جیهان، هەربۆیە لە تازەترین کاریشدا وەکو یەکەمین گرووپی میوزیکی کوردی بەشداری لە فیستیڤاڵی جیهانی بابل دەکەین و وە یەکەمین جاریشە کە کورد بەشداری لەو فیستیڤاڵەدا بکات.
لۆڤا محەمەد شارا بابان یەکێکە لەو کچە شێوەکارانەی کە لە ئێستادا کار لە هونەری هاوچەرخدادەکات. ئەو لە منداڵیەوە دەستی وێنەکێشانی هەبووە. دواتر لە خوێندنی ناوەندیدا، بڕیاردەدات کە هونەر بکاتە بەشکی گرنگی ژیانی و سەرەتا بە فۆتۆگرافی دەست پێدەکات و دواتر خۆی لە هونەری شێوەکاریدا دەبینێتەوە. لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی "شارا" وتی: هەر ئیشێک کە دەیکەم، حەزەکەم بابەتێکی لە پشتەوە بێت، هەر شتێک کە کاریگەری لەسەر من هەبێت لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە ئەوا دەیکەم بە پرۆژە و لە کارەکانما ڕەنگ دەداتەوە، پێم خۆشنیە تەنها لایەنی جوانی نیشان بدەم، بەڵکو شتێک نیشان دەدەم کە چیرۆکێکى لە پشتەوە بێت. ئەم کچە شێوەکارە کار لە هونەری هاوچەرخ دەکات، هەر ماتریاڵێک سودێکی هەبێت بۆ وێنەکانی بەکاری دەهێنێت، وەک خۆی دەڵێێت: هەر لە بۆیەی ئاوی و زەیتی و ئەکلیک و بەرد و هەر شتێ کە بزانم لەگەڵ هونەری هاوچەرخدا دەگونجێت ئەوا من بەکاری دەهێنم بۆ کێشانی وێنەکانم" من لە قاڵبی بۆیە و فڵچە و تابلۆیەک نەماومەتەوە، لە هونەری هاوچەرخدا ڕەنگە بە تەنها بەردێک بۆ من ببێت بە ماتریاڵێکی گەورە و لە هۆڵێکدا نمایشی بکەم کە ڕەنگە ئەو بەردە بۆ کەسانی ئاسایی نرخی نەبێت". وتیشی: تابلۆکانم وەکو مناڵی خۆم وان، کە دەیان فرۆشم هەتا ماوەیەکی زۆر هەست بە نیگەرانی دەکەم، دڵخۆشی من ئەوەیە کە وێنەیەکم لە ماڵێکدا هەڵواسرابێت و ڕێزی لێبگیرێت".
لۆڤا محەمەد لەژێر چاودێری پارێزگاری ھەڵەبجەدا و بە بەشداری بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردە و ڕۆشنبیری و پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی ھەڵەبجە. یەکەمین کەرنەڤاڵی گۆران بۆ شانۆ لە ھەڵەبجەی پایتەختی ئاشتیە بەڕێوەدەچێت. کەرنەڤاڵەکە لە (٢٧ و ٢٨) ئەم مانگە دەستپێدەکات و نمایشی شانۆگەریەکانیش لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە پێشکەشدەکرێت. هەردی هادی، دەرهێنەری شانۆگەری هەفتەیەک بە هاوڵاتی ڕاگەیاند: ئێمە وەک خوێندنگەی ئامادەی کیمیابارانی کچان لە ھەڵەبجە بە بەشداری (١٠)خوێندکاری بەھرەمەندی ئەو خوێندنگایە شانۆگەری (هەفتەیەک) لە یەکەمین کەرنەڤاڵی گۆران بۆ شانۆ نمایش دەکەین و کارەکەمان باس لە ھەفتەی کچێک لەو کچانەی لە کوردستان دەژین بە تایبەت کچانی شاری ھەڵەبجە دەکات .
هانە شاخی لە نوێترین چالاکییاندا ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند هەشت کتێبی فیکریی و فەلسەفی چاپ و بڵاودەکاتەوە، کە دوانیان نووسەرانی کورد نووسویەتی و شەش کتێبیشیان بەرهەمی نووسەر و فەیلەسووفامی جیهانین. ئارام سدیق بەرپرسی بەشی چاپ لە ناوەندی ڕەهەند ئەوەی خستەڕوو کە ئەو هەشت کتێبە سەرجەمیان فیکریی و فەلسەفین و هەر لە فەلسەفەی یۆنانییەوە لە خۆ دەگرێت تا فەلسەفەی نوێ. باسی لەوەش کرد کە دوان لە کتیبەکان دوو نووسەری کورد نووسویانە کە ئەوانیش )د. محەمەد کەمال و د. حەمید عەزیزن(. کتێبەکانی دیکەش بەرهەمی بیرمەندان "ئەفلاتوون، فارابی، ئیبن ڕوشد، میشیل لووی"ن. ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند لەگەڵ ئەوەی چەند مانگێکە دامەزراوە، بەڵام تا ئێستا 16 کتیبی چاپ و بڵاوکردووەتەوە و گرنگی بە چاپکردنی ڕۆمان و فیکر و فەلسەفە دەدات.
لۆڤا محەمەد یەكەمین دیداری كاریكاتێری كورد- لە بەرواری 1/4/2018 لەلایان ناوەندی 7 رەنگەوە كرایەوە. كە تیایدا بۆ یەكەمینجار لەسەر ئاستی كوردستان كاریكاتێرستان بەشداریان تێداكرد، بۆ ئەمساڵیش دیدارەکە کراوە بە نێودەوڵەتی و ناونراوە (یەکەمین دیداری نێودەوڵەتی کاریکاتێری کورد). لەم قۆناغەدا هەوڵدەدرێت هونەرمەندانی ئەو بوارە لەهەموو جیهانەوە بەشداری بكەن و خەڵاتی باشترینەكانی دیدارەکەش. دەدرێتە سەركەوتووترین كاریكاتێرست. یەکەمین دیداری نێودەوڵەتی کاریکاتێری کورد، رۆژی 1/4/2019 دەكرێتەوە و لە ژێر تایتڵی قەیرانی ئاودا دەبێت لەبەرئەوەی ئەوە گرفتێکی جیهانیە و مەرجی بەشداری کاریکاتێرستیش ئەوەیە کە دەبێت بە پێنج کار بەشداری بکات کە سێ لە کارەکانی تایبەت بێت بە قەیرانی ئاو و دوو کاری دیکەش ئازادن کە وێنەی چی دەکێشن، مەرجێکی دیکەی بەشداری کردن ئەوەیە کە تابلۆکان دەبێت تازە بن و لە هیچ شوێنێک نمایش نەکرابێت. (پەروەر کەرکوی) داوەری دیدارەکە مەرجی بەشداربوونی کاریکاتێرستانی بۆ هاوڵاتی خستەڕوو: دەبێت وێنەکان به ئه‌ندازه‌ی A3 و 300dpi دەبێت، هەروەها دەبێت 3 بابه‌ت له‌سه‌ر كێشه و قه‌یرانی ئاو بێت له كوردستان و ناوچەكه و جیهان هەروەها2 كاریش هونه‌رمه‌ند ئازاده چ بابه‌تێك هه‌ڵبژێرێت.
ئارام سدیق بەر لە هەر شتێک دەشێ بپرسین، ئایا ڕۆمان واقیع دەگێڕێتەوە، یان واقیع کۆپی دەکات؟ یان هەوڵە بۆ ئەفراندنی واقیعێکی نوێ و گریمانکراو، کە بەر لە هەر شتێک بەرهەمی خەیاڵی نووسەرە. ئالان ڕۆب گرێی لەبارەی ڕەنگدانەوەی واقیەوە لە ئەدەبدا دەڵێت: "واقییەت لە ئەدەبدا لە وەهێمک زیاتر نییە. ڕاستەقینەترین بەرهەم لە هێمایەک زیاتر نییە بەرەو جیهانی واقیع." لەم قسەیەی "ڕۆب گرێی"وە دەشێت بڵێین هەموو ڕۆمانێک لە هەوڵی خولقاندنی واقیعێکی نوێ و گریمانکراودایە بە جۆرێک ڕەنگە هیچی ئەوتۆی لە واقیعی ڕاستەقینە نەچێت، یان ڕەنگە لە هەندێک خاڵ و پنتدا بچنەوە سەر واقیع، بەڵام ئەمە نیشانەی کۆپیکردنەوەی واقیع نییە. بێگومان دەبێت لێرەدا ئاماژە بە جۆرێک لە ڕۆمان بکەم کە دەیەوێت واقیع وەکو خۆی کۆپی بکان، ئەمەش بەتایبەت لە ڕۆمانە مێژووییەکاندا و لەوێدا واقیع بە هەموو پنتەکانییەوە ئامادەیی هەیە و هیچ تەفسیرێکی دیکە هەڵناگرێت. بەڵام تێکستی گێڕانەوەیی بەگشتی و ڕۆمان بەتایبەتی لەو نەسلەی تێکستن، کە لە هەوڵی کۆپیکردنی واقیعدا نین، بەڵکو یان واقیعێک لە پاڵ واقیعی ڕاستەقینەدا دەخولقێنن، یان گریمانەی واقیعێکی نوێن، کە دەشێت لە ئاییندەدا ڕوو بدات. زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر "ئارام کاکەی فەلاح"ی چیرۆک‌نووس لە دیمانەیەکی گۆڤاری ئاییندەدا گوتی "چیرۆک هەڵبەستنی درۆیە بۆ دەرخستنی ڕاستی"، بێگومان هەموو ڕۆمانێک بە جۆرێک لە جۆرەکان هەڵبەستنی درۆیە، بەڵام دەیەوێت ڕاستییەک بخاتەڕوو، یان ئاوێنەنمای ڕاستیەکە. بەڵام وەکو لوسیەن گۆڵدمان دەڵێت: ڕۆمان بەو پێیەی بریتییە لە ژیاننامە و ڕووداو، بە زەرورەت وێنەی واقیعی کۆمەڵگا دەکێشێت"، بەڵام دەشێت ئەو واقیعە گریمانکراو و ئەفرێنراوی خەیاڵی نووسەر بێت، نەک کۆپی سەداسەدی واقیعی بەرجەستە. بەرلەوەی دونیای ڕۆشنبیریی کوردی کێشەی نووسەر و ڕەخنەی خراپ و هەڵەتێگەیشتنی لە ئەدەب هەبێت. خوێنەرەکانیش هەمان کێشەیان هەیە و تێکستێکی گێڕانەوەیی و واقیعیان لێدەبێتە یەک و زۆرجاریش باوەڕ بە دروستی حیکایەتە دروستکراوەکە دەکەن، یان خۆیان و لە خەیاڵی خۆیاندا کاراکتەری واقیعی بۆ کاراکتەری نێو ڕۆمانەکان دادەتاشن. بێگومان ئەم پەتایە بە درێژایی مێژووی ئەدەبی گێڕانەوەیی کوردی هەیە و بەشی هەرە زۆری تێکستە گرنگ و دیارەکانی نێو ئەدەبی کوردی هەر لە چیرۆکی "بە خەوما"ی جەمیل سائیبەوە تا ڕۆمانی "دەریاس و لاشەکان"ی بەختیار عەلی تۆمەتی واقیعیبوونی دراوەتە پاڵ و هەمیشە واقیعێک بەسەر ئەم تێکستانەدا سەپێنراوە، یان ساغکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە تا هەنووکە هەڵوەستەی جیددی لەسەر نەکراوە و هەمیشە ئەم دیدە هەڵە و ڕوانینە ناسازە درێژبۆتەوە بەبێ هیچ هەڵوەستەیەک و ڕەتکردنەوەیەک، کە من لێرەدا دەمەوێت هەڵوەستەیەکی لەسەر بکەم و کۆی دیدەکەش ڕەت بکەمەوە. لە ماوەی ڕابردوودا کە ڕۆمانی "دەریاس و لاشەکان"ی بەختیار عەلی بڵاوکرایەوە، گفتوگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەویش نەک بەو ئاقارەدا گفتوگۆی تێزە فیکریی و چۆنێتی گێڕانەوە و دونیا ئەفرێنراوەکەی بکەن، بەڵکو بەو ئاقارەدا کە ئایا کام کاراکتەری نێو ڕۆمانەکە لە واقیعدا جێگرەوەی هەیە. ئایا "ژەنڕاڵ بیلال" لە کێ دەچێت و دەشێت کێ بێت؟ ئەی "ئەرشەد ساحێب" کێیە؟ ئیدی هەر خوێنەرە و بە خەیاڵی خۆی کەسایەتی واقیعی بۆ کاراکتەری نێو ڕۆمانەکە دادەتاشی و زۆرجاریش لەو نووسینانەدا، یان لەو کەسایەتی داتاشینەنادا بەهای تەواوی ڕۆمانەکە و هێڵە فیکرییەکانی ون دەبوو، یان هەر باس نەدەکرا. "دەریاس و لاشەکان"، ڕۆمانێکە لەسەر مێژووی بیرکردنەوە کورت مەودا و کەمخایەنەکانی مرۆڤی کورد، بە جۆرێک کە نیگایەکی قووڵ و دوور مەودای نییە لەسەر ڕووداو و پێشهاتەکان و هەمیشە چاوەڕوانی فریادڕەسێکە. بێگومان ئەمە لە وێنە گەورەکەیدا سەرجەم مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی دەگرێتەوە، کە هەمیشە چاوەڕوانی فریادڕەسێکە و خۆی توانای جوڵان و کار و شۆڕشی نییە و هیچی پێ ناکرێت و چاوەڕوانی کەسێکی دیکەیە ئەوە بکات و ئەمیش شوێنی بکەوێت. ڕۆمانەکە قووڵتر ڕۆدەچێتە نێو وەهمەکانی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی و ڕەخنەی دەکات بەوەی وەکو لیبۆکێک پیشانی دەکات، کە چاوەڕوانی کەسێکە بیبزوێنێت، یان دروستترە بڵێم مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی خۆی بە یاریکەری نێو مەیدانی "بوون" نازانێت، بەڵکو بوویەکی یاریپێکراوە لەلایەن دەسەڵاتە جۆراو جۆرەکانی ئەم ناوچەیەوە. ئەوەی بەختیار عەلی لەم ڕۆمانەدا پێداگریی لەسەر دەکات ئەوەیە مرۆڤ خۆی ببێتە بزوێنەری مێژوو و خۆی مێژووی خۆی دروست بکات، نەک ئەوانی دیکە مێژووی بۆ دروست بکەن و بڕیار لەسەر چارەنووسی بدەن و ئاراستەکانی ژیانی دیاری بکەن. ئەم نووسەرە بۆ گەیاندنی ئەم پەیامانە و دەیان پەیامی دیکە پەنا بۆ مێژووی کورد دەبات، بەڵام کتومت کۆپی ناکات، ئەو خەونی ئەوە نییە، کە واقیع کۆپی بکات، چونکە بەختیار عەلی ڕۆمانووسێکی ڕیالیست نییە، بەڵکو سوود لە واقیع وەردەگرێت لە پێناو گەیاندنی ئایدیای مرۆیی گەورە و گەردوونی تردا. بەڵام ئەوە خەیاڵی بچووک و تەسکی خوێنەری کوردە، کە دێت و سەرجەم کاراکتەرەکانی ڕۆمانێکی وەکو "دەریاس و لاشەکان" بە کاراکتەری نێو واقیع بەراورد دەکات و بۆ شوێنگرەوە و هاوشێوەکانیان دەگەڕێت. بێگومان ئەمە نزمترین ئاستی ڕوانینە لە ڕۆمان و دەقی گێڕانەوەیی. ئەگەر هەوڵی پێچەوانەکردنەوەی هاوکێشەکە بدەین. ئەویش بەوەی گریمانەی ئەوە بکەین ڕۆمانی "دەریاس و لاشەکان" نووسەرێکی بیانی نووسیویەتی و وەرگێڕێک کردوویەتی بە کوردی، ئایا بواری ئەوەمان دەبوو (دەبێت) بەدوای وێنەی واقیعی کاراکتەرەکانیدا بگەڕێین، بێگومان نەخێر. یان ئەگەر ئەم ڕۆمانە وەربگێڕدرێتە سەر هەر زمانێکی بیانی، ئایا خوێنەر بۆ وێنە واقیعییەکەی "ژەنڕاڵ بیلال" و کاراکتەرەکانی دیکەدا دەگەڕێت؟ بێگومان نەخێر. بەڵام ئایا بەمە لە جوانی و گرنگی ڕۆمانەکە کەم دەبێتەوە، دیسان نەخێر. بۆیە ئەو خوێنەرانەی کە رۆمانی "دەریاس و لاشەکان" بە واقیع بەراورد دەکەن دەشێ لە دوو بەرەدا پۆلێنیان بکەین: یەکەم ئەوانەن کە ناتوانن لە ڕۆمانەکە تێبگەن و تەنها بەدەوری ڕووکەشی رۆمانەکەدا دەسووڕێنەوە. دووەم ئەو خوێنەرانەن لە پەیامی ڕۆمانەکە تێگەیشتوون، بەڵام دەیانەوێن لە گرنگی و قووڵی پەیامەکەی کەمبکەنەوە، هەر بۆیە بەرگێگی واقیعی بە بەردا دەکەن. بەڵام هەرگیز خوێنەرە جیدییەکان هەوڵی ئەوە نادەن، کە کاراکتەری نێو ڕۆمان لەگەڵ کاراکتەری واقیعی بەراورد بکەن. بەشێک لە توێژەران لایانوایە کە هیچ تێکستێک نییە، کە دابڕاوبێت لە واقیع، بەڵام تێکستی ڕاستەقینە واقیعی خۆی دادەهێنێت. "واقیع، خوانێکی ئاسمانی نەگۆڕ نییە، بەڵکو دیاردەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە کە بەهۆی کاریگەری ڕووداوانی ناکۆکەوە لە گۆڕانی بەردەوامدایە" ئەگەر هەر بەپێی خودی ئەم ڕستانەی سەرەوە سەیری ڕەنگدانەوەی واقیع بکەین لەنێو ئەدەبدا دەبینین، کە کۆپیکردنی تەواوەتی ڕووداوەکان هێما نییە بۆ بەرجەستەکردنی تێکستی سەرکەوتوو، بەڵکو دەکرێت واقیع بئەفرێنرێتەوە و دووبارە لە فۆڕم و شێوازی دیکەدا دروست بکرێتەوە وەک ئەوەی ئەم نووسەرە لە رۆمانی "دەریاس و لاشەکان"دا کردوویەتی. ماریۆ بارگاس یۆسا لەبارەی داهێنانی ڕۆمانەوە ڕستەیەکی سەرانجڕاکێشی هەیە و دەڵێت: "ڕۆمان بۆ ئەوە دانەهێنراوە کۆپی واقیع بکات، بەڵکو دەیەوێت ئەو واقیعیەتە وەرچەرخێنێت و کارێکی جیاواز ئەنجام بدات و لەنێو جەرگەی واقیعەوە واقیعێکی جیاواز دروست بکات. بەختیار عەلیش نایەوێت لەم ڕۆمانەدا واقیعێک کۆپی بکات، کە هەموان تێیدا ژیاون، بەڵکو ئەو واقیعێکی دیکەی دروست کردووە، کە واقیعی گریمانکراوی خەیاڵ و ئەندێشەکانی خۆیەتی و لەنێو دێڕ و وشەکاندا بوونیان هەیە و مەرج نییە لە دونیای بەرجەستەدا هاوشێوەکانیان بدۆزرێتەوە. هەر بۆیە گەڕان و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی هاوشێوەی کاراکتەرەکان لە واقیع گەڕانێکی بێ هودە و دوورکەوتنەوەیە کە ئەدەب و ماڵئاوایی کردنە لە فیکر.
سواره نه‌جمه‌دین هه‌ندێ کات تاکی کورد له‌گه‌ڵ لاشه‌دا چ جیاوازییه‌کی هه‌یه؟ ژیانی ئێمه به به‌راورد به مردن ژیانه، ئه‌گه‌رنا ڕه‌نگه به‌مه نه‌وترێت ژیان، به‌ختیار عه‌لی له ڕۆمانی (داریاس و لاشه‌کان)دا ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت هه‌ندێک مرۆڤی مردوو لاشه‌کان کۆده‌که‌نه‌وه، هه‌ندێک لاشه لاشه‌ی دیکه ده‌پارێزن، ده‌یه‌وێت رووبه‌رووی وه‌همێکی ترسناکمان بکاته‌وه، وه‌همێکی ون له دنیای ده‌ره‌وه، وه‌همێک له په‌نجه‌ره‌یه‌که‌وه ته‌ڵه‌که‌یه و له په‌نجه‌ره‌یه‌کی تره‌وه گه‌مژه‌یی، ئێمه له وه‌همدا ده‌ژین، وه‌همی شۆڕش، وه‌همی سه‌رکرده، وه‌همی گۆڕانکاری، وه‌همی مانه‌وه، هه‌موو ئه‌مانه مێژووی وه‌هم دروست ده‌که‌ن. لێ ئه‌وه‌ی لێره روو ئه‌دات مێژوو نییه، به‌ڵکو ئێستایه، ئه‌م ساته‌یه که تیایدا ده‌ژین. به‌ختیار ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت ئێمه له بازنه‌یه‌کی داخراودا ده‌خولێینه‌وه، ئێمه به‌و ڕێگه‌یه‌ی بته‌کان ده‌شکێنین له دوای خۆمانه‌وه بتی تر دروست ده‌که‌ین، ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت گوناهای ئێمه ئه‌وه‌یه ناسره‌وین تاکو خودای دیکه بۆ خۆمان دروست نه‌که‌ین و نه‌که‌وینه په‌رستنی، هه‌میشه ده‌بێت که‌سێک هه‌بێت له دوایه‌وه بڕۆین، نه‌ک رێگای نوێ بدۆزینه‌وه. داریاس شکستی کۆمه‌ڵگایه له نووسینه‌وه‌ی رابردوو، داریاس ده‌یه‌وێت مێژوو بنووسێته‌وه که‌چی خۆی ده‌کوژێته‌وه، خۆی کۆتایی پێدێت، هه‌ڵبه‌ت کۆتاییه‌کی جه‌سته‌یی نا، به‌ڵکو کۆتایی ونبوون، ونبوون له نێوان هه‌قیقه‌ت و وه‌همدا، ونبوون له‌نێوان سیاسه‌ت و مێژوودا، ونبوون له‌نێوان بێده‌نگبوون و ده‌نگهه‌ڵبڕینێکی بێسوود د. داریاس و لاشه‌کان زیاتر له ڕۆمانێکه، جوانترین خاڵی ئه‌م ده‌قه ئه‌وه‌یه کورت نابێته‌وه، نا‌توانیت بڵێت باسی شۆڕش ده‌کات، نا باسی سیاسه‌ت، نا باسی مێژوو ده‌کات، ره‌نگه باسی یه‌کتر شکاندنی په‌نجه‌کان بکات، یان باسی ئه‌و پره‌نسیپه ئه‌خلاقیانه‌ی له ڕۆژهه‌ڵات جێگای ئازادی و هونه‌ر و هه‌موو شتێکیان گرتۆته‌وه.. قسه‌کردن له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆک له‌م ڕۆمانه‌دا بۆ هه‌ر کام له چه‌مکه‌کانی شۆرش، سه‌رکرده، سیاسه‌ت، مێژوو، جه‌نگ،... ناکۆتا درێژ ده‌بێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ک هه‌ریه‌ک له‌م باسانه هه‌ڵگری ڕه‌هه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی ئابورین و ده‌کرێت له هه‌ر ره‌هه‌ندێکه‌وه قسه‌یان له‌باره‌وه بکرێت. ئه‌م بابه‌تانه ده‌رفه‌تێکی باشی بۆ ره‌خنه‌گران ره‌خساندووه تاکو له‌باره‌ی ئه‌م رۆمانه‌وه توێژینه‌وه بکه‌ن و له‌وێوه داخلی مێژووی وه‌هم بن. چۆن ئه‌م ڕۆمانه به ناڕاسته‌وخۆ باس له شۆڕشێکی هه‌ڵنه‌گیرساو ده‌کات، باس له کاریزمای وشک ده‌کات و ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت مێژووی شۆرش له‌م ناوچانه‌دا به‌ستراوه‌ته‌وه به ته‌مه‌نی سه‌رکرده‌وه، ئه‌م ڕۆمانه به ناڕاسته‌وخۆ باس له کاریگه‌رییه‌کانی سه‌رکرده ده‌کات به‌سه‌ر جوڵانه‌وه‌وه. دوو هۆکار هه‌ن بۆ هه‌ڵگیرسانی شۆڕش، یان به واتایه‌کی تر دوو جۆر شۆرش هه‌یه، شۆرشێکی ئایدۆلۆژی که ده‌بێت شۆڕشه‌که هه‌ڵگری ئایدۆلۆژیاییه‌کی روون بێت و لایه‌نگرانی دوای بکه‌ون، که له ئێستادا سه‌رده‌می ئه‌م جۆره ئایدۆلۆژییانه نه‌ماوه که هاوڵاتی به‌شێوه‌ک دوای بکه‌وێ بیه‌وێت قوربانی له پێناودا بدات، ره‌نگه دین بتوانێت له هه‌ندێک وڵات‌دا ئه‌و جێگایه بگرێته‌وه. هۆکارێکی دیکه‌ی به‌رده‌وامی شۆڕش بوونی کاریزمایه، ئه‌گه‌ر هۆکارێکی زۆر به‌هێزیش بۆ شۆڕش نه‌بێت و ئایدۆلۆژیاییه‌که‌ش له ئارادا نه‌بێت، به‌ڵام بوونی سه‌رکرده‌یه‌کی کاریزما ده‌توانێت شۆڕش هه‌ڵگیرسێنێت، واته بۆ هه‌ڵگیرسان و به‌رده‌وامی شۆڕش یه‌ک له دوانی (ئایدۆلۆژیا، کاریزما) پێویسته، هه‌ڵبه‌ت به چاوپۆشین له هه‌ندێک ورده‌کاری دیکه، که ده‌کرێت ئه‌و بۆچوونه ره‌ت بکاته‌وه، داریاس و لاشه‌کان پێمان ده‌ڵێت ئه‌و شۆرشه‌ی که که‌س له‌م هه‌رێمه‌دا نه‌یبینی و له تاریکیدا روویدا هیچ پاڵپشتێکی ئایدۆلۆژی نه‌بوو، بگره زیاتریش هیچ په‌ره‌نسیپ و رێکخراوه‌یه‌ک له ئارادا نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه جۆرێکه له ناڕه‌زایه‌تی نارێکخراو، جۆرێکه له که‌ف و کوڵی توێژێکی ناڕازی.. ئه‌وه‌ی روویداو هێشتا سێبه‌رێک له درێژه‌ی هه‌یه، بوونی کاریزمایه، کاریزمایه‌ک ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی وه‌همه‌وه درێژه بدات به شۆڕشه‌که‌ی، ئه‌و شۆڕشانه‌ی له رێگه‌ی کاریزماوه هه‌ڵده‌گیرسێن به مردنی کاریزماکه کۆتای‌یان پێدێت، به‌ڵام کاریزمای ناو داریاس و لاشه‌کان ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی وه‌همبوونه‌وه که به‌شێکه له هه‌قیقه‌ت تا ماوه‌یه‌ک درێژه بدات به رۆڵگێڕانی خۆی. به بۆچوونی من ئه‌م ڕۆمانه له‌رووی ته‌کنیکه‌وه زۆر له پێش کاره‌کانی دیکه‌ی نووسه‌ره‌وه‌یه، ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی له رێگه‌ی دوانه‌یه‌کی لێکدابڕاوه‌وه ده‌یکات به ته‌کنیک تێکه‌ڵکردنی بابه‌ته له‌گه‌ڵ ته‌کنیکدا، وه‌کو ئه‌و شێوه‌کاره‌ی فڵچه‌که‌ی و به‌شێک له ده‌سته‌کانی بکات به به‌شێک له تابلۆکه. به بۆچوونی من ئه‌وه‌ی خاڵی نه‌رێنییه له‌م به‌رهه‌مه‌دا ناهه‌وسه‌نگی جێنده‌رییه، به‌جۆرێک له کۆتایی رۆمانه‌که‌دا زۆر به کاڵی کارئه‌کته‌ری ژن ده‌رده‌که‌وێت و به درێژایی دوو سه‌د لاپه‌ڕه ژن به زۆرێک له جۆره‌کانییه‌وه تیایدا ده‌رناکه‌ون، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه که‌م و کورتی نییه، به‌ڵکو جۆرێکه له زینه‌ت بۆ رۆمان که شایه‌نی ئه‌وه‌یه که تێکه‌ڵیه‌کی جێنده‌ری هه‌بێت تاکو باڵانسی خوێنه‌ر و بڕیاردانیش رابگیرێت، دڵنیام ئه‌مه په‌یوه‌ندی به ره‌وتی ڕۆمانه‌که‌وه هه‌یه و په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نییه نووسه‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دا بێت شۆرش و سیاسه‌ت له دونیایی ژنانه‌وه دوورن.
داستان به‌رزان له جێیه‌کدا ئه‌ده‌ب ده‌بێته ئاوێنه‌یه‌ک بۆ بینینى خۆمان، ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ى هیچ ڕه‌حمێکمان پێناکات و ده‌ست ده‌خاته سه‌ر هه‌موو کاڵوکرچی و برین و ناته‌واوییه‌کانمان، په‌لکێشمان بۆ شوێنگه‌لێکى ناوه‌وه‌ى خۆمان که بیرمانچوونه‌ته‌وه، وێنه‌یه‌کى ڕاسته‌قینه‌ى خۆمانمان نیشان ده‌دات که لاى خۆمان په‌نهانه، یان خۆمان لێ نه‌بانکردووه، به‌و ئومێده‌ى بیرچووبێته‌وه. ڕۆمانى (ده‌ریاس و لاشه‌کان) بۆ زۆرینه‌ى کۆمه‌ڵگاى کوردى ئه‌و ئاوێنه بێڕه‌حمه‌یه که حه‌قیقه‌تى زۆرینه ده‌خاته‌ڕوو، به‌بێ ئارایشتکردن و فریودان، به‌بێ خاترگرتن و له‌به‌رچاوگرتنى هه‌ر بارودۆخێک، که له ڕاستیشدا ئه‌مه ئیشی هه‌ر ئه‌ده‌بێکى ڕاسته‌قینه‌یه، که بیه‌وێت ڕاسته‌خۆ له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا په‌یوه‌ندى ببه‌ستێت و به‌رچاوى بخات که له چ ژیانێکدا ده‌ژی؟ ئه‌م ڕۆمانه‌ش بۆ خوێنه‌ره‌کانى ئه‌و کاره ده‌کات و له قوڵایی خۆیانه‌وه پێیان ده‌ڵێت: له چ زه‌لکاوێکدا خه‌ون به هاتنى فریادڕه‌سه‌وه ده‌بینن؟ فریاڕه‌سێک که هه‌رگیز نایه‌ت و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری هه‌یه بوونیشی نه‌بێت! مرۆڤى ڕۆژهه‌ڵاتى به‌وپێیه‌ى خاوه‌ن ڕۆحێکى بارگاوییه به ئایین ئه‌مه وایکردووه که نه‌توانێت خاوه‌ن ڕۆحێکى باڵابێت، به‌ڵکو ڕه‌گوڕیشه‌ى هه‌موو بیرکردنه‌وه‌کانى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناو ئه‌فسانه و چیرۆکه خورافییه‌کانى ئایین، بۆیه به‌رده‌وام وه‌هم ڕووبه‌رێکى زۆر له کیانى پێکده‌هێنێت، بیرۆکه‌ى ڕزگارکه‌ریش له‌لاى ئه‌م مرۆڤه هه‌مان ئه‌و بیرکه‌یه‌یه که ئایینه‌کان هه‌ریه‌که‌و به‌جۆرێک بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌که‌ن، له‌م ڕۆمانه‌دا (به‌ختیار عه‌لی) ئه‌و ڕووبه‌ره فراوانه له خورافه و وه‌هممان زیاتر نیشانده‌دات و باشتر پێمان ده‌ڵێت: سه‌یرکه له چ خه‌یاڵپڵاوییه‌کدا نوقمبووین و خه‌ونه‌کانمان چه‌ند نێوانێکى زۆریان له‌گه‌ڵ ڕاستیدا هه‌یه؟ له کاتى خوێندنه‌وه‌ى ڕۆمانى (ده‌ریاس و لاشه‌کان)دا مرۆڤى شوێنکه‌وته‌ى خواوه‌نده‌کانى سه‌رزه‌مین و فریادڕه‌سه بێماناکان خراپتر له‌هه‌ر کاتێک شه‌رم له خۆی ده‌کات و ڕاده‌مێنێت که چه‌ند بچوکه، چه‌ند گرگنه، ئه‌مه‌ش له‌م ڕۆمانه‌دا ده‌گاته ئاستێک که نووسه‌ر ده‌سبه‌رداری هه‌ندێک لایه‌نى ته‌کنیکى گێڕانه‌وه و شێوازه‌کانى ڕۆمان بووه له پێناو ئه‌وه‌ى ته‌واوى فیکر و تێڕوانینى له باره‌ى چه‌مه‌کانى وه‌ک (خورافه، فریادڕه‌س، سه‌رۆک حیزب و سه‌رۆک خێڵه‌کان و خواوه‌نده ده‌ستکرده‌کانى مرۆڤ، دونیابینى خورافیانه‌ى مرۆڤى ڕۆژهه‌ڵات...) به خوێنه‌ر بگه‌ێنێت، که ئه‌مه‌ش چێژى خۆی هه‌یه و مه‌رج نییه هه‌موو کات ڕۆماننوس خوێنه‌رانى له دونیایه‌کى یۆتۆپی و خه‌یاڵئامێزدا نوقم بکات یاخود به ته‌کنیکى ئاڵۆز و شێوازى گێڕانه‌وه‌ى جیاواز بارگاوى بکات، به‌ڵکو بۆ ڕۆمانێک که ده‌یه‌وێت واقیقی کۆمه‌ڵگایه‌ک بخاته‌ڕوو هه‌ر ده‌بێت به‌وجۆره واقیعى کۆنسێپته‌کانى خۆی به‌یان بکات. بۆ من نووسه‌رانى سه‌ر به‌مجۆره ڕوانینه هه‌میشه جێگه‌ى بایه‌خبوون، ئه‌وه‌ى شانۆنامه‌نووسی ئێریله‌ندى (سامۆئیل بیکێت) له میانى شانۆنامه هه‌ره به‌ناوبانگه‌که‌یدا(به‌ده‌م چاوه‌ڕوانى گۆدۆوه) ده‌یڵێت، هه‌مان ڕوانگه‌یه که پێی وایه (هیچ شتێک له ئارادا نییه، هیچ شتێک ڕوودانادات...) بۆ منیش ئه‌وه‌ى له کاتى خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م ڕۆمانه‌دا خۆشحاڵی ده‌کردم ئه‌وه‌بوو له‌و کاته‌وه‌ى ئاشنام به جیهانبینى نووسه‌رێکى گرنگى وه‌ک بیکێت مرۆڤێک نیم بڕوام به هیچ فریادڕه‌سێک هه‌بێت (ئاینى، کۆمه‌ڵایه‌تى، سیاسی...) به‌ڵکو ئه‌وه‌ى باوه‌ڕى ته‌واوى من پێکده‌هێنێت ئه‌وه‌یه مرۆڤ بۆ هه‌میشه له چاڵیکى تاریکدایه و گیرۆده‌یه و هه‌ر هه‌وڵێکیش بۆ ده‌رچوونى له‌و چاڵه جارێکی‌تر ڕۆیشتنه بۆ ناو چاڵێکى دیکه یان سوڕانه‌وه‌یه له هه‌مان چاڵدا، ده‌نا هیچ شتێک ئه‌م بوونه‌وه‌ره مه‌حکوم و سزادراوه له چاڵه تاریکه‌کان ڕزگار ناکات، ئه‌وه‌ى هه‌یه هه‌وڵدانه بۆ دۆزینه‌ى مانایه‌ک بۆ ئه‌و تاریکییه‌ى چاڵه‌کان له ڕۆحماندا دروستیان کردووه، که به بڕواى زۆرێک له نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان ئه‌و کارانه‌ى وه‌ک ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ده‌کرێن دروستکردنى ئه‌و مانایه‌ن. وه‌کو دیکه هه‌میشه تێڕوانینێکى گاڵه‌تچاجاڕانه‌م هه‌بووه بۆ ئه‌و ئایدۆلۆژیستانه‌ى پێیان وابووه شتێ یان ڕووداوێک هه‌یه و ده‌توانێت ڕزگارمان بکات، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه نییه ڕۆحی به‌ره‌نگاری له خۆماندا بکوژین، به‌ڵکو به ماناى ئه‌وه‌ى ڕووده‌دات شتێک نییه له توانایدا هه‌بێت ژیانى ئێمه له‌م ڕۆژهه‌ڵاته پڕ له وه‌همه‌دا بگۆڕێت، چونکه مرۆڤ له‌سه‌ر ئاستێکى فراوانتر گیرۆده‌یه و ئاسان نییه هه‌روا به ئاسانى وه‌رچه‌خان به‌خۆیه‌وه ببینێت. گۆڕانکارییه‌کان به تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتدا ته‌نیا له شێوه‌دا ڕووده‌ده‌ن و له ناوه‌ڕۆکدا دووباره‌کردنه‌وه‌ى هه‌مان سیستمن، که زۆرینه‌ى کات سیستمێکى سته‌مکارییه، که نووسه‌ری ئه‌م ڕۆمانه‌ش پێشتر له میانى زنجیره‌یه‌ک وتاریدا ده‌رباره‌ى سته‌مکاری ورتر ئه‌مه‌ی خستۆته‌ڕوو، له‌م ڕۆمانه‌شدا هه‌مان دیدگا به‌یان ده‌کات، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یه له ڕێگه‌ى ئه‌ده‌به‌وه. ڕۆمانى (ده‌ریاس و لاشه‌کان) ئه‌و ئاوێنه توند و بێڕحمه‌یه که مرۆڤى ڕۆح بچوکى ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه‌ى ئێمه له‌به‌رامبه‌ریدا باشتر لاوازى و گرگنى خۆیان ده‌بینن، ئه‌وانه‌ى که به‌رده‌وام به‌دواى لاشه‌کانه‌وه‌ن و خه‌ون به هه‌ستانه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌یانه‌وه ده‌بینن، به‌و هیوایه‌ى له‌و دۆخه ناهه‌موواره‌ى تێی که‌وتوون ده‌ریان بهێنێت، به‌بێ ئه‌وه‌ى خۆیان کار بۆ ڕزگاربوونیان بکه‌ن، هیچ نه‌بێت له‌و خواوه‌ندانه‌ى که له‌سه‌ر زه‌وى بۆ خۆیانیان خوڵقاندووه، ئه‌وانه‌ش که ئه‌م تێڕاوانینه‌یان هه‌یه ئه‌وانه‌ن که‌مترین کات له قوڵایی بوونى خۆیان ڕاماون، ئه‌وانه‌ن که به‌رده‌وام به‌دواى کاراکته‌رانێکه‌وه‌ن وه‌ک هۆکارێک بۆ ڕزگاربوون، ئه‌وان نه‌بێت ئه‌مان خۆیان هیچ مانایه‌کیان نییه. ئه‌م جۆره‌ش له مرۆڤ ته‌نیا له کایه‌ى سیاسه‌تدا نا به‌ڵکو له هه‌رکایه‌کى دیکه‌شدا ئاماده‌ییان هه‌یه، خودى نووسه‌ری ئه‌م ڕۆمانه‌ش بۆخۆی لاى که‌سانێک ئه‌و باوکه یان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته خواوه‌ندانه‌یه که پێیان وایه ده‌توانێت له چاوتروکانێکدا له ڕێگه‌ى دانپێدانانێک یان ناوهێنانێکه‌وه بیانکاته شتێکى سه‌رسوڕهێنه‌ر، وه‌ک بڵێی ئه‌م پیاوه دارێکى جادوویی پێبێت یان تواناى ئه‌نجامدانى په‌رجووى هه‌بێت، که بۆخۆی له چه‌ندین چاوپێکه‌وتن و گوتاردا دژایه‌تى بۆ پیرۆزکردن و به خواوه‌ندکردن نیشانداوه، که هه‌تاکو ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش ئه‌وه یه‌کێک له خاڵه‌کانى سه‌رکه‌وتنى ئه‌م نووسه‌ره‌یه.
