ئامادەکردنی: تاڤگە محەمەد ساڵانێکی زۆرە هزری مارکسیزم، چی وەک فەلسەفە، چی وەک سیاسەت و حزب، لەناو کۆمەڵگەی کوردییدا قسەی لە بارەوە دەکرێت. ئاشکرایە کە دیوە سیاسییەکەی زووتر پێی ناوەتە ئەم کۆمەڵگەیەوە. ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی کە ئەم بزووتنەوەیە نەتوانێت لە خوارەوەی کۆمەڵگە گەشە بکات و تەنها لەناو نوخبەیەکی سەرەوەی چەند حزبێکدا بمێنێتەوە. بێگومان ئەمەش بۆتە مایەی هەڵە تێگەیشتن، هەڵە لێکدانەوە، هەڵە بەکارهێنان و چەندین هەڵەی دیکە دەرهەق بە هزری مارکسیزم. بەڵام لە چەند ساڵی پێشوودا، بە دیاریکراوی لە سەرەتاکانی دەیەی دووەمی سەدەی بیستویەکدا، لەو دەمەی هزری مارکسیزم و سیاسەتی ڕاستەقینەی مارکسیستی وەک شتێکی بێزراو تەماشا دەکرا، لەو دەمەی چیتر نەوە نوێیەکان ئاشنا نەبوون بە ناوی مارکس و هزری مارکسیزم، لەو دەمەی نەوە دێرینەکانیش بەرەو بێهیوایی و داڕووخان و دوورکەوتنەوە لە مارکسیزم دەڕۆیشتن، کۆمەڵێک گەنج دەستیان برد بۆ گەشاندنەوەی ژیلەمۆی مارکسیزم لەناو کۆمەڵگەی کوردییدا، شنەبای ئەم گەشانەوەیەش بریتی‌بوو لە وەرگێڕان، واتە پڕۆسەی وەرگێڕانی ئەدەبیاتی مارکسیستی. لە پاڵ دەیان هۆکاری تردا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە ئەم نەوە نوێیە لە وەرگێڕانەوە گەڕانەوە بۆ مارکسیزم، ئەو هەڵە تێگەیشتنە بوو بەرامبەر مارکسیزم، کە بە هۆی نەبوونی سەرچاوەی پێویست بە زمانی کوردی لەو بوارەدا دروست بووبوو، بەتایبەت هەڵە تێگەیشتن سەبارەت بە هەڵوێستی مارکسیستەکان دەربارەی ئایین، نەتەوە، پرسی ژن، ئەدەب و هونەر، دەوڵەت و ...هتد. ئەم کتێبە دەچێتە چوارچێوەی پڕۆژەی پڕاکسیسەوە، ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەی پڕاکسیس بڵاوکردنەوە و ڕاڤەکردن و وەرگێڕانی ئەو چەمک و بوارانەی ناو جیهانی مارکسیزمە، کە هەتاوەکە ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردییدا بە هەڵە لێی تێگەیشتوون و بە هەڵە لێکدراونەتەوە. کتێبی "زیاتر لە تلیاک" یەکەمین کتێبی ئەو پڕۆژەیەیە و تەرخانکراوە بۆ پرسێکی جێمشتومڕ، ئەویش مارکسیزم و ئایینە. ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ نیشاندانی هەڵوێستی ڕاستەقینەی مارکسیزم بەرامبەر ئایین و ڕاستکردنەوەی هەموو ئەو چەواشەکاری و بەلاڕێدابردننانەی دەرهەق بەم هەڵوێستە کراون. کتێبەکە پێکهاتووە لە هەموو ئەو تێکستە گرنگانەی لە میراتی مارکسیزمدا دەربارەی ئایین نووسراون، هەر لە ڕۆژگاری مارکس و ئەنگڵسەوە، تا دەگات بە خوێندنەوەی سەرهەڵدانی گروپە ئایینییەکان و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی سەدەی بیست و بیستویەک. نووسەرەکان بریتیین لە (مارکس، ئەنگڵس، لینین، ترۆتسکی، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، جۆرج لۆکاچ، واڵتەر بنیامین، میشێل لووی، ئالان وودس، جۆن مالینۆ، کریس هارمەن، ژیلبەر ئاشکار، پاوڵ دیکسۆن). کتێبەکە پێکهاتووە لە ٦٠٠ لاپەڕە و لە لایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە لەلایەن هەریەکە لە (بابان ئەنوەر، پێشڕەو محەمەد، هێمن خالید) وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.
شاخه‌وان سدیق ڕه‌نگه شتێکى سه‌یرو نوێ نه‌بێت که بڵێین ژیان چیرۆکێکى درێژه‌و ئێمه پاڵه‌وانه بێئاگاکانى ناو ئه‌م چیرۆکانه‌ین، که ده‌شێت ڕۆژێک هه‌ریه‌کێک له ئێمه ڕۆڵه‌که‌مان تیایدا ته‌واو بێت‌و ده‌وره‌که‌مان مرۆڤێکى که به‌رجه‌سته‌ى بکات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى به‌رده‌وامى به نه‌مرى ئه‌م چیرۆکانه ده‌دات گێڕانه‌وه‌یه، که جگه له چێژ‌وخۆشى، ده‌بێته سه‌رچاوه‌ى په‌ندو ئامۆژگارى بۆ نه‌وه‌کانى دیکه، وه‌ک ئه‌وه‌ى (عه‌تا محه‌مه‌د) ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ى به‌رده‌وامى به ژیانى مرۆڤ دا گێڕانه‌وه بوو" ڕه‌نگه چیرۆکه‌کانمان جیاوازبن‌و هه‌ریه‌که‌مان له گۆشه‌نیگایه‌که‌وه بڕوانینه ژیان‌و ده‌ست‌و په‌نجه‌ى له‌گه‌ڵدا نه‌رم بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌موومان له چیرۆکه‌کاندا کۆده‌کاته‌وه، دواجار ئه‌زمونکردنى ژیان خۆیه‌تى، بۆیه هه‌موومان ده‌ژین‌و هه‌مووشمان چیرۆکمان هه‌یه، موعجیزه‌که‌ش لێره‌دایه که‌چیرۆکى که‌سمان له هیکه‌سى که‌مان ناچێت، گێڕانه‌وه‌ى ئه‌م له‌یه‌ک نه‌چونانه‌شه به‌رده‌وامى به‌خودى ژیان ده‌دات‌و واده‌کات به نمایش کردنى ڕۆڵه‌کانى هه‌موومان هاوکێشه‌ى ژیان هاوسه‌نگ بێت‌و ژیان به‌رده‌وام بێت، به‌بڕواى منیش ئه‌وه‌ى یارمه‌تیده‌رو هاوکارى مانه‌وه‌ى ئه‌م چیرۆکانه‌یه شیعر‌و ئه‌ده‌به، که ده‌توانێت زیندوێتى به چیرۆکه‌کانى هه‌موومان بدات، چونکه وه‌ک (ئه‌دۆنیس) ده‌ڵێت "شیعر دروستکردنى په‌یوه‌ندى داهێنه‌رانه‌یه له نێوان ئێستا‌و داهاتوو، له نێوان دیار‌و نادیاردا، له نێوان زه‌مه‌ن‌و ئه‌به‌دییه‌تدا، له نێوان واقیع‌و میتاواقیعدا" لێره‌وه ده‌مه‌وێت که‌مێک له‌سه‌ر شیعرى (په‌یکه‌رى تۆم)ى خانمه شاعیر(که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د) بوه‌ستم، که شاعیر له‌م ده‌قه‌یدا تێماى (ئه‌ڤین)، ده‌کاته پێکهاته‌ى سه‌ره‌کى تێکسته‌که‌ى و شیعریش ده‌کاته ئه‌و میمبه‌ره‌ى که په‌یامى عاشقانه‌ى خۆى لێیه‌وه بۆ مه‌عشوقه‌که‌ى ده‌نێرێت، شاعیر به‌م جۆره شیعره‌که‌ى ده‌ست پێده‌کات" وه‌ک یه‌کێ له‌و په‌یکه‌رانه‌ى به‌رده‌م کتێبخانه‌ى گشتى سه‌یرم بکه... له شوێنى خۆمدا ڕووام. بۆ بینینى ملپێچه شینه‌که‌ى ملت له‌م ته‌مه‌دا، داکوتراوم هه‌ر له‌به‌ر تۆ بووک به‌کتێب کتێبێک که له حه‌وشه‌ى کتێبخانه‌دا ڕاوه‌ستاوه ئه‌گه‌ر به‌وردى ئه‌م چه‌ند دێڕه له‌م شیعره بخوێنینه‌وه ده‌بینین نوسه‌ر وه‌ک خودێکى تواوه له‌پێناو وێناى به‌رجه‌سته‌بووى ئه‌وی دی‌دا هێنده‌ى نامێنێت وجودى خۆى به‌ڕه‌هایى له بیربکات و بۆ ئه‌وده‌بێته ژیانێکى وه‌ستاو(ستلایڤ)، به‌ڵام په‌یکه‌رێکى پڕله سه‌رگوزشته‌و چیرۆک، پڕ له قسه‌و هاوارى نه‌بیسراو، هه‌ر بۆیه شاعیر ناڕوات، به‌ڵکو (گۆدۆ) ئاسا له چاوه‌ڕوانى ئه‌وى دی‌دا وه‌ک کتێبێکى هه‌ڵواسراو ده‌یه‌وێت ئه‌وانى دى بێن و چیرۆکه نه‌بیسراو ناکۆتاکانى بخوێنه‌وه، تێماى ئه‌ڤین لاى ئه‌م شاعیره باڵایه، هه‌ر بۆیه ژیانیشى پڕاوپڕه له عیشق، بۆ منیش ئه‌و پرسیاره‌ى هه‌میشه‌لام دووباره ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌یه که ئایا عه‌شقى ڕاسته‌قینه له ژیاندا بوونى هه‌یه؟ یان ئه‌وه شیعر‌و ئه‌ده‌به جوانییه‌کیان له ڕێگاى (زمان‌و خه‌یاڵ)ه‌وه به‌ناوى عه‌شقه‌وه دروستکردووه. چونکه عه‌شق به‌هه‌موو گه‌وره‌ییه‌کانیه‌وه مه‌وداکانى ژیان تیایدا به‌ته‌سک ده‌بێته‌وه، به‌جۆرێک که عاشق بوون ده‌بێته قورسترین شتێک که مرۆڤ بتوانێک موماره‌سه‌و ئه‌زمونى بکات، به‌داخه‌وه مرۆڤ هه‌میشه هه‌موو ناشیرینیه‌کانى ئاره‌زووى به‌ناوى عه‌شق‌و خۆشه‌ویستیه‌وه ده‌کات، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ى (عه‌تا محه‌مه‌د) ده‌ڵێت" هه‌زاران ڕێگه بۆ فریودانى مرۆڤ هه‌یه، به‌داخه‌وه خۆشه‌ویستى ئاسانترینیانه" بۆیه من هه‌میشه پێم وایه ئه‌وه شیعر‌و ئه‌ده‌به دوور له ژیانى واقعى، عه‌شقیان به جوانى هێشتوه‌ته‌وه‌و نه‌یان هێشتوه ده‌ستى ناشیرینیه‌کان پێیبگات. هه‌ر وه‌ک چۆن شاعیر له به‌رده‌وامى شعره‌که‌یدا ده‌ڵێت" نیوه‌ڕۆ چه‌ند جوانه له‌گه‌ڵ تۆ که گه‌شتن و ماڵئاوایمان له یه‌کتر هه‌ر وه‌کو چاوتروکانه. له دێڕێکه‌وه بۆ دێڕێک له‌وتارى (له نێوان فۆتۆ و شیعردا تێڕامانێک) به‌ختیار عه‌لى، ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندى شیعر‌و فۆتۆ ده‌ڵێت" فۆتۆ ناتوانێت بوون له پرۆسه‌ى گۆڕان و وه‌رچه‌رخانى ته‌واوه‌تیدا ببینێت، به‌ڵام شیعر سه‌روکارى له‌گه‌ڵ جۆره بوونێکى جووڵاودایه، بوونێک که له چوارچێوه‌یه‌کدا ناوه‌ستێت و کۆناکرێته‌وه" هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌م شیعره‌شدا (که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د) وێنه‌کان وه‌ک وێنه‌ى فۆتۆى ڕاده‌گرێت، نه‌وه‌ک زه‌مه‌ن جوانیه شاراوه‌کانى له‌گه‌ڵ خۆیدا ببات، هه‌ربۆیه به مه‌عشوقه‌که‌ى ده‌ڵێت" تۆ وه‌ک یه‌کێ له‌و په‌یکه‌رانه‌ى به‌رده‌م کتێبخانه‌ى گشتى سه‌یرم بکه... ئه‌گه‌ر کۆى ئه‌م شیعره وه‌ک ده‌قێکى ئه‌ده‌بى وه‌رگرین، جگه له فه‌زا ئه‌ده‌بیکه‌ى به‌رجۆرێک له هونه‌رى فۆتۆگرافى له کۆى وێنه گشتیه‌که‌یدا ده‌که‌وین، به‌و پێیه‌ى (په‌یکه‌ر) له هونه‌رى شێوه‌کاریدا یه‌کێکه له هونه‌ره وه‌ستاوه‌کان و فۆتۆش وه‌ک هونه‌رى وه‌ستاوى بینراو ئه‌ژمار ده‌کرێت، له نێوان به‌رکه‌وته‌ى ئه‌م دوو هونه‌ره‌دا شاعیر وه‌ستایانه وێنه شیعریه‌کانى بۆ خوێنه‌ر ڕاده‌گرێت، به‌ڵام دووباره له‌ڕێگه‌ى عیشق وه جوڵه به چیرۆکى ئه‌ڤینه‌که‌ى ده‌دات و نایه‌ڵێت جوانیه‌کانى بوه‌ستن و له‌وه‌ستاندا ژیان و ئیستاتیکا به‌رهه‌م دێنێته‌وه. هه‌روه‌ک ده‌ڵێت" وه‌ره ده‌ست بخه‌ره سه‌ر شانم و وه‌ک کارێکى ناوازه‌ى خۆت سمارته‌مکه ڕۆژێک په‌رده‌م له‌سه‌ر لاده‌و پێجگه له‌خۆت هیچ که‌سێ بۆ ئه‌و بۆنه‌یه بانگهێشت مه‌که!! ئه‌م شیعره یه‌کێکه له ده‌قه جوانه‌کانى خاتوو (که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د) و ده‌کرێت له چه‌ند گۆشه‌نیگایه‌که‌وه لێى بڕوانرێت به‌و پێیه‌ى شیعره‌که تێکه‌ڵیه‌که له ژانره‌کانى (هونه‌رو ئه‌ده‌ب) له بنه‌ما گێڕانه‌وه‌یه‌که‌یدا، ئه‌ویش به هێنانه ناوه‌وه‌ى هونه‌ره‌کانى (په‌یکه‌رسازى و فۆتۆگرافى) و دوباره پیشاندانه‌وه‌یان به‌زمانێکى جوان و ئیستاتیکیانه‌ى ئه‌ده‌بى، که ئه‌مه‌ش نیشانه‌ى قودره‌ت و تواناى زمان و خه‌یاڵ فراوانى ئه‌وه. هه‌ر ئه‌م هۆکاره‌شه واده‌کات خوێنه‌ر چێژ له شیعرى ئه‌م خاتونه وه‌رگرێت.
کەژاڵ ئەحمەد وەک یەکێ لەو پەیکەرانەی بەردەم کتێبخانەی گشتی سەیرم بکە... لەشوێنی خۆمدا رووام. بۆ بینینی ملپێچە شینەکەی ملت لەم تەمەدا، داکوتراوم. ھەر لەبەر تۆ بووم بە کتێب، کتێبێک کە لەحەوشەی کتێبخانەدا راوەستاوە. نیوەڕۆ چەند جوانە لەگەڵ تۆ کە گەشتن و ماڵئاوایمان لەیەکتر ھەروەکو چاوتروکانە، لەدێڕێکەوە بۆ دێڕێک. شەو چەند رووناکە لەگەڵ تۆ کە دەپرسم کامە مانگە؟! ئەوەی ئاسمان یان خەیاڵێک ھێند نزیکە لە تەنیشتم راکشاوە، وەک ئەوەی راستی بێت ؟ ! بەیانی چەند زوو دێت لەگەڵ تۆ خەم وەک پەپولە پایزە چەند ئاسان دوور دەڕوات بە فوویەک، لە لێوی خەمکوژت! وا بۆ ئەو شوێنە دەچمەوە کە رۆحی شیرینمم تیا ونکردووە خەیاڵت سێبەرمە. تۆ کە ساحیری بێوێنەی ژیانمی ببینە خوێنم لەبەردەم، پەیکەرە سەرەوخوارەکەی لەتیف ھەڵمەت چۆن رژاوە! منی پرژە وەک نابینایەک دوای دەنگی پێت ئەکەوم، وادەزانم دەنگی دڵمە « وردە وردە وا رێئەکەم ھەنگاوەکانیشم وردن وەکو خاڵی ورد وسپی ملپێچەکەت. ورد و سپین سپی و رووناک وەکو رۆحت، وەکو ھەستت، وەکو ھەموو ئەو وشانەی بۆتدەنووسم و بۆمنوسیوویت. سپی و وردن وەکو رەنگم، وەکو نیگام شین وشیرین لەئاسمانی قەدەرتام، خۆشەویستم بادەستم ھەر لەملتابێ من رەنگی ملپێچەکەتم.» لەبەرئەوەی پەیکەری تۆم بەو چاوە جوانانەت سەیرمبکە. بۆ دۆزینەوەی ناڕێکیم بەودەستە تامەچەک سپییانەت چەکوشکاریم تیادا بکە. وەرە دەستخەرە سەر شانم و وەک کارێکی ناوازەی خۆت سمارتەمکە . رۆژێک پەردەم لەسەرلادە و بێجگە لەخۆت ھیچ کەسێ بۆ ئەو بۆنەیە بانگھێشت مەکە!! وادیارە من زۆر عاشقتم ئینجا چییە ! تۆ ھەر بڕۆ و ھەرگیزاو ھەرگیزیش باوەڕم پێمەکە.!
له عه‌ره‌بیه‌وه: زانیار عه‌لى ئه‌م دیمانه‌یه، خانمه‌ڕۆژنامه‌نووس (جین ستین)، بۆ ڕۆژنامه‌ی پاریس ڕیڤیو، سازیکردووه. * باسی ویڵیه‌م فۆکنه‌ری نووسه‌رمان بۆ بکه. - ته‌نانه‌ت گه‌ر منیش له‌دایکنه‌بووبام، که‌سێك هه‌ر ده‌بوو، ئه‌وه‌ی من و هه‌مینگوای و دۆستۆیڤسکی گێڕامانه‌وه، بیگێڕێته‌وه. به‌ڵگه‌یش ئه‌وه‌یه؛ سێ نووسه‌ر هه‌ن، وا گومان ده‌کرێت یه‌کێک له‌وانه نووسه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی شانۆکانی شکسپیربن. به‌هه‌رحاڵ، گرنگ ئه‌وه‌یه که‌سێک هه‌یه شانۆی (هاملێت) و (خه‌ونی نیوه‌شه‌وێکی هاوین)ـی نووسیوه. نووسه‌ر چ به‌هایه‌کی نییه، ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت به‌هاداره. شکسپیر، به‌لزاک و هۆمێر له‌سه‌ر هه‌مان شت دواون و نووسیویانه، خۆ ئه‌گه‌ر سه‌ت، یان دووسه‌ت ساڵی تر ژیابان، وه‌شانخانه‌کان نووسه‌ری دیکه‌یان پێویست نه‌ده‌بوو و هه‌ر ئه‌وان به‌س بوون! * هیچ په‌یڕه‌وێک هه‌یه نووسه‌ر بیگرێته‌به‌ر، تا ببێته ڕۆماننووسێکی باش؟ - نووسين له 99% به‌هره، 99 % پێگیریی*، 99 % کارکردن. ئه‌وه مه‌رجه نووسه‌ر، هه‌رگیز له‌وه‌ی نووسیویه‌تی قاییل نه‌بێت. نووسه‌ر ده‌بێت دوور بڕوانێت و بنمیچی خه‌یاڵدانی به‌رز ڕۆبنێت. گه‌ره‌که هێنده بڕوای به خۆی هه‌بێت، وای دابنێت له نووسه‌ره هاوچه‌رخه‌کانی خۆی باشتره، بگره ده‌بێت هه‌وڵی ئه‌وه بدات، له خۆیشی باشتر بێت! نووسه‌ر بوونه‌وه‌رێکه، ئه‌هریمه‌ن دنه‌ی ده‌دات. زۆرجار نازانێت بۆچیی کراوه‌ته په‌یامبه‌ری نووسین و، له‌به‌ر چ هۆیه‌ک ئه‌و ئه‌رکه‌ی پێڕاسپێردراوه، به‌رده‌وام مژووڵی کارکردنه و بواری بیرکردنه‌وه‌ی له‌و بابه‌ته نییه. *نووسه‌ر ده‌بێت دڵڕه‌ق بێت؟ - تاکه په‌یڕه‌وێک نووسه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی کاره‌کانی بیگرێته‌به‌ر؛ دڵڕه‌قییه. ئه‌گه‌ر بۆی لوا نووسه‌رێکی باش بێت، بێگومان ده‌بێت دڵڕه‌قتر بێت و به‌زه‌یی به خۆیدا نه‌یه‌ته‌وه. ئه‌و خه‌ونێکی هه‌یه، به‌رده‌وام به‌رۆکی ده‌گرێت و خه‌و و خواردنی لێ حه‌رام ده‌کات، ده‌بێت ئه‌و خه‌ونه بێنێته‌دی، هه‌تا هه‌ست به ئارامیی بکات. به‌خاتری نووسین، هه‌موو شتێک ده‌وه‌ستێت؛ شانازییکردن، ڕێز، ئارامیی و خۆشنوودیی. ته‌نانه‌ت گه‌ر نووسین وات لێبکات دایکت له خۆت زویربکه‌یت، نابێت لێی سڵبکه‌یته‌وه و دوودڵ بیت! *بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر بتوانێت بنووسێت، پێویستی به هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی ماددیی هه‌یه؟ - نه‌خێر؛ پێداویستییه‌کانی نووسه‌ر، ته‌نێ پێنووس و ڕووپه‌لن. هیچ کتێبێکی باش شک نابه‌م، به‌خاتری پاره و سامان نووسرابێت. نووسه‌ری باش، بۆ خه‌ڵات و پاره نانووسێت، ئه‌و به‌رده‌وام سه‌رقاڵی نووسینه و بواری پاره‌بژاردنی نییه! به‌ڵام بێگومان گه‌ر نووسه‌رێکی پله یه‌ک نه‌بێت، هه‌ر زوو به‌و شتانه ده‌خه‌ڵه‌تێت و ده‌که‌وێته ژێر ڕکێفیانه‌وه. ئه‌گه‌ر ئابووریی سه‌رچاوه‌ی نووسینی باش بوایه؛ ئه‌وا دز و بازرگانانی مادده هۆشبه‌ره‌کان، له باشترین نووسه‌ره‌کان ده‌بوون! خه‌ڵک له هه‌ژاریی ده‌ترسێت و نایکاته سه‌رچاوه‌ی داهێنان. هیچ شتێک ناتوانێت نووسه‌ری باش بڕووخێنێت. تاکه شتێک بتوانێت بیگۆڕێت؛ مه‌رگه. نووسه‌ره باشه‌کان، کاتیان بۆ کۆکردنه‌وه‌ی سامان و خه‌ڵات نییه. سه‌رکه‌وتن و خه‌ڵات وه‌رگرتن، وه‌ک ئافره‌ت وان؛ گه‌ر خۆتی بۆ ده‌سته‌مۆ بکه‌یت، به‌ویستی خۆی مشتوماڵت ده‌کات! بۆیه ده‌بێت به‌ساده‌یی خۆتی پیشان‌بده‌یت، هه‌نگێ نووسین خۆی به‌خشکه بۆ باوه‌شت هه‌نگاوده‌نێت. *چ ته‌کنیکێکی نووسین به‌کارده‌به‌یت؟ - ئه‌گه‌ر بڕیار وابێت نووسین ته‌کنیکی هه‌بێت، ده با نووسه‌ر بیناسازێک بێت و ته‌واو! ئاخر نووسین چ په‌یڕه‌و و ته‌کنیکێکی نییه، گه‌ر نووسه‌رێکی لاو په‌یڕه‌وی ته‌کنیکی کرد، گه‌مژانه دێته پێش چاوان. نووسه‌ر ده‌بێت له هه‌ڵه‌کانی خۆی که‌ڵک و وانه وه‌ربگرێت، هه‌مووان له هه‌ڵه‌وه فێرده‌بن. نووسه‌ری باش ده‌بێت باوه‌ڕی به‌وه هه‌بێت، ده‌قی هیچ که‌سێک نییه بێ هه‌ڵه و په‌ڵه بێت و که‌س ناتوانێت ده‌ستی بگرێت، چونکه نووسه‌ر که‌سێکی خودئه‌ڤینه. هه‌رچه‌نده نووسه‌ر سه‌رسامی نووسه‌رانی دیکه بێت، سه‌رئه‌نجام هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ئه‌وه ده‌دات، له‌وان باشتر بێت. *که‌واته نکۆڵیی له هه‌بوونی ته‌کنیک ده‌که‌یت؟! - نه‌خێر؛ هه‌ندێک ته‌کنیک هه‌یه، به‌ویستی خۆی نووسه‌ر ئاڕاسته‌ده‌کات و خه‌یاڵی ده‌بزوێنێت. کرده‌ی نووسین وه‌ک ته‌لارسازیی وایه، خشت له سه‌رخشت ڕۆیده‌نێیت و بۆ ئاسمان بڵندی ده‌که‌یته‌وه. زۆرجار نووسه‌ر، پێشئه‌وه‌ی یه‌که‌م وشه به‌ڕووی کاغه‌زدا بسره‌وێنێت، هه‌موو ڕووداوه‌کانی له ئاوه‌زی خۆی مشتوماڵ کردووه. که سه‌رقاڵی نووسینی ڕۆمانی (کاتێک سه‌رده‌نێمه‌وه) بووم، ئه‌وه‌م به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی. نووسین ئاسان نییه، به‌ڵام نووسینی ئه‌و ڕۆمانه بۆ من سانا بوو. که له‌سه‌ر کاره دوازده کاتژمێرییه‌که‌م ده‌گه‌ڕامه‌وه، له کاتی پشوومدا مژووڵی نووسینی ئه‌و ڕۆمانه بووم و ته‌نێ شه‌ش هه‌فته‌م پێویست بوو تا ته‌واوم‌کرد. ڕووداوه‌کان به‌به‌رچاومدا هاتوچۆیان بوو، هه‌ندێک کاره‌کته‌رم درووستکرد و تووشی چه‌ند ڕووداوێکی سرووشتیی وه‌ک لافاو و ئاگرم کردن. نهێنیی کاره‌که ئه‌وه بوو؛ خۆم بۆ ته‌کنیک ده‌سته‌مۆ نه‌کرد، که ته‌کنیک خۆی هه‌ڵنه‌قورتانده نووسینته‌وه، بێگومان ئاسان ده‌بێت. بڕوام وایه له سه‌روه‌ختی نووسیندا ده‌گه‌یته خاڵێک، ئیتر کاره‌کته‌ره‌کان خۆیان هه‌ڵده‌ستنه سه‌رپێ و جڵه‌وی گێرانه‌وه‌که ده‌گرنه‌ده‌ست، وه‌ک چۆن له لاپه‌ڕه‌ی دووسه‌ت‌وحه‌فتاوپێنجی ئه‌و ڕۆمانه‌دا ڕوویدا. نازانم چیی ڕوویده‌دا، ئه‌گه‌ر له لاپه‌ڕه‌ی دووسه‌ت‌وحه‌فتاوچوار ڕۆمانه‌که ته‌واوبوایه! تاکه ته‌کنیکێک نووسه‌ر له‌پاڵ ڕاستگۆیی و بوێرییدا په‌یڕه‌وی بکات، ئه‌وه‌یه جڵه‌وی گێڕانه‌وه‌که‌ی بگرێته‌ده‌ست. مادام هێشتا نه‌گه‌شتووم به مرازی خۆم، ده‌بێت زیاتر هه‌وڵی جڵه‌وکردنی ده‌قه‌کانم بده‌م، چونکه تووشی وه‌ڕسبوون و ئازاریان کردووم، وه‌ک ئه‌و دایکه‌ی؛ منداڵه دز و بکوژه‌که‌ی، له منداڵه له‌خواترسه‌که‌ی زێده‌تر خۆشده‌وێت! *ئیلهام کەرەستەیەکی گرنگی نووسینە؟ - نازانم ئیلهام چییه، بیستوومه، به‌ڵام نه‌مدیوه! *ده‌قی هاوچه‌رخه‌کانت ده‌خوێنیته‌وه؟ - نا، ئه‌و کتێبانه‌ی ده‌یانخوێنمه‌وه، ئه‌وانه‌ن که له تافی لاوییدا سه‌رسامیان بووم و خۆشم‌ویستن. له‌وانه؛ (په‌یمانی کۆن)، کاره‌کانی دیکنز، کۆنراد، ڕۆمانی (دۆن کیشۆت)ـی سێرڤانتس. هه‌موو ساڵێک ئه‌مانه ده‌خوێنمه‌وه، وه‌کچۆن ئینجیل ده‌خوێندرێته‌وه. هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئه‌مانه؛ فلۆپێر، به‌لزاک، دۆستۆیڤسکی، تۆڵستۆی و شکسپیر، ناوه‌ناوه‌یش هێرمان مێلڤل ده‌خوێنمه‌وه. به‌نسبه‌ت شاعیره‌کانه‌وه؛ کریستۆڤه‌ر مارلۆ، تۆماس کامبیان، جۆنسن، ڕۆبێرت هێرک، جۆن دۆن، کیتز، شیلی و هاوسمان ده‌خوێنمه‌وه. *هیچ قسه‌یه‌کت له‌سه‌ر داهاتووی ڕۆمان هه‌یه؟ - تاکوو خه‌ڵک بخوێنێته‌وه، نووسه‌رانیش ڕۆمان ده‌نووسن، پێچه‌وانه‌که‌یشی هه‌ر ڕاسته. ئه‌م ڕه‌وته به‌رده‌وام‌ده‌بێت و ئه‌ده‌ب پێشده‌که‌وێت، ئه‌گه‌ر گۆڤاره وێنه‌داره‌کانی پڕ له قسه‌ی به‌تاڵ، چێژ و سه‌لیقه‌ی خوێنه‌ر نه‌کوژن و له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیان دوانه‌خه‌ن! *ئه‌ی ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گر؟ - نووسه‌ر کاتی ئه‌وه‌ی نییه گوێ له ڕه‌خنه‌گر ڕادێرێت. خوێنه‌ران لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی ده‌خوێننه‌وه، پێویستیانه، به‌ڵام نووسه‌ران بواری خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یان نییه. ڕه‌خنه‌گرانیش بۆیه ڕه‌خنه‌ده‌گرن، تا بڵێن ئێمه‌یش هه‌ین! ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گر ئاراسته‌ی نووسه‌ر ناکرێت، چونکه نووسه‌ر له ڕه‌خنه‌گر باشتره، ئاخر ئه‌و به نووسینه‌کانی، ڕه‌خنه‌گر ده‌بزوێنێت و بۆ ڕه‌خنه دنه‌ی ده‌دات، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گر، هه‌موو که‌سێک ده‌جووڵێنێت، نووسه‌ر نه‌بێت!
ئامادەکردنی: شێرزاد هەینی گابریل مارکیزی رۆماننووسی گەورەی کۆلۆمبی، لە وتارێکی لە رۆژنامەی گاردیانی ساڵی ٢٠٠٦ باس لە پەرۆشی و شەیدابوونی بە شاکاری هونەری ستران و سەما شکیرای گۆرانیبێژ دەردەبڕێت و دەڵێت: ئەو کەسێکی بەتوانایە بۆ سەفەرکردن "لەیەک مانگ چل هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت"، زۆریش بایەخ بە مەشق و راهێنانەکان و هەموو ئەندامەکانی تیپەکەی دەدات، زمانە ئینگلیزییەکەی ئەوەندە باشە، بەخەوتووییش باش قسەی پێ دەکات. هەروەها ئەو ژنە پەنجەمۆرێکی تایبەتی لەسەر شەهوانیەتی پاکدا هەیە. مارکیز ئەو ژنەی مەبەست بووە، چونکە ئەویش وەک ئەو لە شاری بارانکویلا لەدایکبووە. باوکی بەڕەچەلەک لوبنانییە، لەبەر ئەوەی بۆنی عەرەبی لێ هاتووە، ئەویش بە خوێندنەوەی رۆمانە ناودارەکە، هەزار و یەک شەوە، کە بە منداڵی شەیدای کردووە، کەلتوور و سیحری ناوچەکەی خۆشویستووە ئەو دەڵێت: ئەگەر سیحری ئەو کتێبە نەبوایە، نەدەبوومە نووسەر. عەرەب لەناو خەیاڵی ئەو بوونی هەبووە، لەوانە کەسایەتی سانیتاگو نەسار، یەکێک لە پاڵەوانەکانی رۆمانی "چیرۆکی مردنێکی راگەیەندراو"، کەسێکی عەرەب بووە. هەروەها بەپێی بۆچوونی نووسەری میسری یوسف ئەلقعید، ژنەکەی مارکیز، مارسیدس بەڕەچەڵەک میسری بووە. مارکیز دەڵێت شکیرا لە تەمەنی حەڤدە مانگی پیتەکانی نووسینی لەبەرکردووە. لە تەمەنی حەوت ساڵیش تێکستی گۆرانی نووسیوە، گۆرانیشی گوتووە، بێجگە لە بوارەکانی گۆرانی و سەما، ئەو لە بیرکاری لە هەموو وانەکان یەکەم بووە. لیستی ئەو نووسەرە خۆرئاوایانەی شەیدای ژنە ئەکتەری ناسک و بەتەمەن بچووک بوون درێژە، لەوانە رۆماننووسی ئەمریکی سکۆر فیترجیرالد، کە کیژە ئەکتەری گەنجی ئەمریکی لویس مورانی خۆشویستوە. ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٠ کۆچی‌دوایی کردووە. فیترجیرالید ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٤٠ مردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ یەکێک لە رۆمانەکانی بەناوی "گاتسبی مەزن" کراوە بە فیلم. ئەلبیر کامۆش شەیدای سترانبێژی ئۆپرا ماریا کالاس بووە. لەناو عەرەبەکانیش زۆر لە شاعیر و نووسەرەکان شەیدای ئوم کلسوم و نەجات سەغیرە بوون، شیعریان بۆیان نووسیوە، ئەوانیش بە دەنگە نازدارەکانیان کردویانە بە گۆرانی نایاب. مارکیز، زۆر سوود و نەشئەی بۆ نووسین لە جوانییەکانی شاکیرا لە شاکارە رۆژنامەگەرییەکانی بینیووە. بەیەکەوەش هاوکار و پشتیوانی رێکخراوێکی خێرخوازی منداڵانی کۆلۆمبیایان کردووە. دووریش نییە، ئەو بابەتە لە رۆمانی "بیرەوەری سۆزانییە خەمگینەکان" و هەڵوێستی پیاوە پیرە بەتەنەمەکەی شەیدای کیژێکی هەرزەکار بووە، رەنگی داوەتەوە، ئەو پیاوەی بێ ئەوەی رامووسانی کیژەکە بکات یان پەنجەیەک لە شوێنێکی ناسکی بدات، شەیدای بووە. ئیتر ئەوەیان، ئەو پەیوەندی و سۆزە بۆ نووسەرێکی گەورە لەگەڵ دیاردەیەکی بچووک، یان شەیدابوون بە شاکارێکی ستران و سەما، کاردانەوەی لەسەر بووە، بۆیەش ئەو رۆمانەی نووسیوە. ئەو دانیش بەوەدادەنێت، کە پەیوەندی جوانی نێوان پیرێکی تەمەن حەفتا ساڵی و کیژێکی بیست ساڵانەی نێوانی تەمەنیان پەنجا ساڵە، کاردانەوەی لەسەر نووسینەکانی هەبووە، بەتایبەتی ئەو رۆمانە. بە مردنی مارکیز لە ١٤ی ئەپریلی ساڵی ٢٠١٤ لە شاری مکسیکۆ، شکیرا لە نامەیەک بەو جۆرە پرسە و سۆزی بۆ ئەو نووسەرە راگەیاندووە، ئەو پەیڤەی لەسەر وێنەیەکی ئەو نووسیوە: "ئەزیزەکەم جابۆ، جارێکیان گوتت ژیان تەنیا ئەوە نییە چۆن یەکێکمان دەژیت، ژیان ئەوەیە چیمان دەرباری یەکتر لەبیرە، چۆن و کەی بیرەوەرییەکەت بەبیردێتەوە، تا بیگێڕێتەوە. ژیانی تۆ وەک دیارییەک، کە دووبارەبوونەوەی نییە یاد دەکەینەوە. ئاسان نییە و زۆر ئەستەمە بتوانین بە کۆچی تۆ بڵێن ماڵئاوا. تۆ بەردەوام لە ناو دڵی من، هەموو ئەوانەی تۆیان خۆشدەویست، نەمرە و دەژیت". :
ئەردەلان هەڵەبجەیی "ئەی گۆڕی میهرەبان، ئەی خاکی پیرۆز، ئەم گیانە گوناهبارە، ئەم ڕۆحە پیسە لە خۆت بگرە و فڕێی مەدەرە دەرەوە!..." نووسەر لەم ڕۆمانەدا کە تراژایدیاکانی ژیان لەگەڵ هەموو دێڕەکانیدا ڕێدەکات، پێمان دەڵێت: دواجار جەنگەکان بەم دەرەنجامەیان گەیاندین! "جەنگ تەواو بوو، ئەوین تەواو بوو، خەونەکان تەقینەوە، مێشکی کچی ناو تابلۆکە پژا، خەڵکینە وەرنەدەرێ گوێ لە تەقینەوەی خەونەکان بگرن، من دەگریم و خەڵکی پێدەکەنن!" تەواوبوونی جەنگ بۆ ئێوە هەر پەیامێکی پێ بووبێت، بۆ پاڵەوانی ڕۆمانەکە تەواو پێچەوانەیە، ترۆپکی نا‌ئومێد بوونە، جەنگ و ژیان دڵڕەقانە ناخ و دەروونی دەرزیئاژن دەکەن، بیمارەکەمان، هێندەی دی بیمار دەکەن، لەم بارودۆخە هستریەدا، تێکەڵ بە ئاپۆڕای خەڵک دەبێت، جلەکانی فرێدەدات، دەگری و سەما دەکات، سەمای مەرگ، ئەو دەگری و ئەوانی دی پێدەکەنن، تەنانەت وێنەیەکی سەرۆکیشیان داوەتە دەستی، بۆ بیمارەکە کۆتایی جەنگ و تەقەی خۆشییەکان کۆتایی هیوا و ئومێدە، وەستان، یان بەردەوامی هیچ جێگای بایەخ نییە، کە بێگومان، جەنگ بە جۆرێکی دیکە بەردەوام دەبێت. هەر بۆیە دەڵێت: شتێک هەیە لە ناوەوەی مندا، لە ڕابردوی مندا، لە ئێستای مندا، کە دەبێت بۆی بگریم. بەرجەستەکردن و وێنا کردنی بێدەنگیی لەم رۆمانەدا، واتاگەلێکی گرنگ بە خوێنەر دەگەیەنن، کە وشە یان پەیڤ هەرگیز توانای گەیاندنی نییە، لە زمانی بیمارەکەوە دەڵێت: بێدەنگی لە جۆری ئەو چەکە کۆمەڵکوژەیە کە سووک و ئاسان دەتوانێت منی پێ لەناوبەرێت. بە هەمان شێوە، بەراوردی نێوان بێدەنگیی بیمارەکە و خۆشەویستەکەی، بە بێدەنگیی بیابان، بیابانێک کە بۆنی خوێن و خەونە پژاوەکانی لە دێت! (ئەوەندەی بێدەنگی خۆمان دەیترساندین، دەنگی تەقینەوەکان نەیدەترساندین). ئەمە وا لە خوێنەر دەکات کە زیاتر لە بێدەنگییەکان رابمێنێت، وەک لە وشە و پەیڤەکان. لەم رۆمانەدا، بەرکەوتەیەکی دیکە هەیە کە بریتییە لە ڕەتکردنەوەی دونیای مرۆڤەکان، کە بە حساب خاوەنی هۆشمەندین و گوزەری رووداو و کارەساتەکان لە دەستی ئەواندایە، دونیای بیمارە دەرونییەکان یاخود ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە پێی دەڵێیت (شێت) دونیایەکی گەلەک ڕاستگۆیانە و جوانترە لە دونیای مرۆڤە بە حساب هۆشمەندەکان. دوبارە نووسەر پێمان دەلێت: مرۆڤ گوناهکارێکی گەورەیە و توانای پیسکردن و وێران کردنی هەموو شتێکی هەیە. بەهای نەزیر: دکتۆرێک کە سەرنجی خوێنەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، نووسەر لەم رێگەوە پەلکێشمان دەکاتە نێو ڕووداوەکان، بە مەرگەسات و بێمانییەکانی جەنگ و مرۆڤ، زیاتر و زیاتر ئاشنامان دەکات، بەهای نەزیر، جیاوازە لە هەموو پزیشک و تاکەکانی کۆمەڵگەکەی، بە شێوازی تایبەتی خۆی و پاشخانی کۆمۆنیست بوونی، هەڵسوکەوت لەگەڵ بیمار و کۆمەڵگەكەی دەکات. نووسەر لە ڕێگای (بەها)وە پەلکێشمان دەکات بۆ زیاتر ئاشنا بوون بەو بێ ماناییانەی لە کۆمەڵگەی مرۆڤدا دەگوزەرێت. نووسەر لێزانانە یاری بە کات و شوێن و وێنەکان دەکات، وا دەکات تۆی خوێنەر بیر بکەیتەوە و وەدوی ڕووداوەکاندا بڕۆی، بۆ ئەوەی تێبگەیت، ببینیت کە مرۆڤ چ کارەساتێکی لەم ژینگەیەدا خوڵقاندوە کە بەزەوی ناوزەد کراوە. بەرجەستەکردنی ئازار و شکستەکانی ئێمە، ئێمەی مرۆڤ، کە قێزەونترین بوونەوەری ئەم سەر زەمینەین،جەرگبڕانە لە ڕۆمانەکەدا ڕەنگیداوەتەوە، ئێمە کە لەم گەشتە کورتە سنوردارەدا چ مەرگەساتێک دەخوڵقێنین... چۆن کارەساتێکی وا دەخوڵقێنین و یەکدی نا‌ئومێد دەکەین، تەنانەت بەوەشەوە ناوەستین، ژینگەکەشمان وێران و قێزەون دەکەین. (ئاوەکە لیخن دەکەین) تەنانەت ناهێڵین (کۆترێکیش لە خوارەوە لە ئاوەکە بخواتەوە). مشکە جوانەکانی (کامەران)ی ناو ڕۆمانەکە، برسی و نا‌ئومێد دەکەین، ڕۆژانە (کراش) بۆ (شیلان)ە لەدەست چووەکەمان دەکڕین و لێدەگەڕێین تا گەرم بێت و پاشان فرێی دەدەین. چەندە قێزەونین، چەندە دڕندەین، ئێمەی مرۆڤ... پاش خوێندنەوەی ڕۆمانی تەقینەوەی خەونەکان تۆی خوێنەر خۆزیا دەخوازیت مرۆڤ نەبایت، یان هەر بوونت نەبایە... چ کارەساتێک دەخوڵقێنین و چۆن دەجەنگین و چ جەنگێک بەرپادەکەین، جەنگێک کە هەموو بەهاکانی تێدا لەدەست دەدەین. ئێمە، نەوەی ساڵانی تەمەنی نووسەر، لەم گەشتە کورتەدا شاهیدی چەندین جەنگی خوێناوی و بە ئاگا لە چەندین جەنگی پێشتر کە مرۆڤەکان خوڵقاندوویانن و خەونەکانی یەکدیان پێ لەبار بردوون. بۆچی؟ لەبەرچی من هاتمە نێو ئەم دونیا جەنجاڵ و پڕ لە جەنگە؟ من هاتم بەخاتری ئەوەی ئەم هەموو جەنگە ببینم، من هاتم بۆ ئەوەی نائومێدبم لە ژیان، لە خۆشەویستەکەم، لە بوونی خۆم. نووسەر لە دێڕەکان و وێنەکانی ڕۆمانەکەدا، مەرگەساتەکانی جەنگ و ژیان و نائومێدبوونەکانمانی بە جۆرێک بەرجەستە کردووە، گریانمان بۆ مرۆڤبوونی خۆمان دێت، لەتەک خوێندنەی وشەو دێڕەکاندا، بەردەوام فرمێسک لە چاوانمان دەبارێ، ئێمە چین؟ بۆچی هاتووین؟ هاتووین بەخاتری ئەوەی ئەم هەموو مەرگەساتە بخوڵقێنین و ببینین؟ تۆی خوێنەر لێرەوە لە پاش خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەوە، نەفرەت لە ژیان، لە بوون، لە مرۆڤ دەکەیت، مەرگەساتەکانی ئێمەی پاشماوەی جەنگەکان، پاشماوەی هەموو گلان و کەوتنەکان، گیرۆدەی نائومێدبوونمان بە دەستی مرۆڤەوە لە ژیان، بە جۆرێک لە (تەقینەوەی خەونەکاندا) وێناکراوە، کە بێوێنەیە، تەنانەت لە ئاست ئەدەبی جیهانیشدا. من (هێندە بچوک دەبمەوە جەستەم وەک تاڵە دەزویەک دەچێت بە کونی دەرزیەکدا). بۆ وا لە مرۆڤ دەکەن، من وا دەزانم مرۆڤ بۆ ئەمە نەهاتووەتە بوون، گەر ئەمەیە بوون و ژیان، تف لە بوون، تف لە ژیان. جەنگی درێژخایەنی عێراق- ئێران، جەنگی کەنداو، تا جەنگی ناوخۆش، هەموو جەنگەکانی پێشتریش، هەزاران برینی ساڕ‌ێژ نەبوو، نەبینراو، نەبیستراوی، وەک برینەکانی نێو ئەم ڕۆمانەی تێدایە. لە ڕۆمانەکەدا (ئازادی) و (دادگای گەل) خوێ دەکەنە برینەکە و بە سوێ تری دەکەن، ئەو تروسکەی هیوایەی لە ناخی مرۆڤی کورددا مابوو لێی دەستێننەوە و بە کەنارەکانی نائومێدی دەسپێرن. فرمێسکەکانی چاوانی کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکە، فرمێسکی نائومێدی چاوانی تاکی کوردە، کە دەرئەنجامی جەنگەکان و ئازادییە!. لەم ڕۆمانەدا جەنگ و دەستەڵات تاکەکانی کۆمەڵگە کەم ئەندام دەکەن، کەم ئەندامی جەستەیی و دەروونی و هۆشی، برینێک لە جەستەماندا دەخولقێنێت هەرگیز ساڕ‌ێژ نابێت. (دیسان دەنگی تەقە دێت) پاڵەوانی پاشماوەی جەنگی کوەیت و خوێن و بیابان دەنگی تەقەی خۆشی وەستانی جەنگی براکان، هەمان مێژووی وەستانی جەنگەکانی رابردووی بۆ دوبارەدەکاتەوە، ئیدی خۆشییەکانی ئێوە بە من چی کە جەنگەکانتان هەموو شتێکی لێ ستاندم، هەموو شت! دڵنیام بەیانی جەنگێکی دیکە بەرپا دەکەن و چەندانی تری وەک من لە هەموو ڕەهەندەکانەوە دەکەنە قوربانی. (گەڕانەوە بۆ نیشتمان(،ئەی نیشتمان تۆ چیت بە من بەخشی جگە لە ئازار؟ ئازادی زۆر نامەردانە شەقێکی لە گونی پالەوانەکەمان هەڵدا و تا کۆتا ڕۆژی تەمەنی لە خۆشییەکانی ژیان و خۆشەویستەکەی و چێژی سێکس و ئومێدی بە باوک بوون، نائومێدی کرد! ئازادی تۆ چیت بە پاڵەوانەکەی ئێمە و تاکی کورد بەخشی جگە لە ئازار! (مردن) فرە ڕەهەندە، یەک لەوانە هەر مرۆڤە بە دڕندانە ترین شێواز دەیکاتە دیاری بۆت، ئازادی مەرگێکی بەسوێ و ترسناکتر بۆ پاڵەوانەکەی ئێمە دەکاتە دیاری. (ماڵێک لە خەیاڵ) بۆخۆمان چێ دەکەین، پڕە لە ماچ، خۆشەویستی، گوڵ، ئەستێرە، باران، بەڵام تەنانەت ئەوەشمان پێ ڕەوا نابینن، وێرانی دەکەن بە سەرماندا، بۆ خۆشمان دەبینە یادەوەری ئەو خەیاڵە. نۆستالۆژیا دونیای جوان و بیگەردی مناڵی و پێش گەورەبوون هەموویان بیرەوەری جوانن، قوتابخانەکەی ئێمە ئەوەی تەنیشتمان یارییەکانمان، یارییەکانی ئەوان، سەرکێشی و شەڕەکانمان، خۆشەویستی و فرمێسک و توڕە بوونەکانمان، کە جەنگ و گەورەبوون هەمووی لەبار برد، زۆر دراماتیکی و جوان لە رۆمانەکەدا وێناکراون. کامەران: نووسەر لە ڕێی کامەرانەوە زیاتر و زیاتر بێ ماناییەکانی مرۆڤمان پێ دەناسێنێت، برینەکانی (کامەران) فرمێسک لە چاوانمان دێنێت، ئەو برینانەی تا هەنوکە خوێنیان لەبەر دەڕوات. کامەرانی پاشماوەی ئەنفال، کارەساتەکانی پاش ئەنفال وێرانتری دەکەن و تا دواجار بۆمبێکی ناپاڵم هەپرون هەپرونی دەکات. خاڵێکی دیکە کە ناکرێت قسەی لەسەر نەکەین، تۆ کە دەبیتە سەرباز بەکار دەهێنرێیت بۆ کوشتن تا ئەو ساتەی خۆشت دەکوژرێیت، ئیدی تۆ خۆت نیت تۆ هی خۆت نیت، تۆ دەبێت ڕابردوت لەبیر بکەیت. مێژووی تۆ لەو ساتەوە دەست پێ دەکات کە بەرگی سەربازی دەپۆشیت، تەنانەت خەیاڵیشت هەر لە سنوری ئەو بازنە داخراوەدایە و بۆت نییە بیبەزێنیت، ئیدی تۆ تەنها سەربازیت و بۆ سەرکەوتنی سەرۆکی هێژا تێدەکۆشیت و هیچی تر!. دواجار جەنگ تەسکەرە و شوناس لە پاڵەوانی ڕۆمانەکە دەستێنێتەوە و تەنانەت ناوی خۆی و باوکی و هەموو شتەکانی چواردەوری لەبیر دەباتەوە. هیوادارم ئێوە لە گەشتەکەتاندا بە دونیای (تەقینەوەی خەونەکان)دا هێندەی من فرمێسک نەڕێژن، بەڵام لەمن زیاتر قێزتان لە مرۆڤ بێتەوە.
سوەیلا_مێهەمی خود سانسۆڕکردن تایبەتمەندی و میراتگری مرۆڤ و کۆمەڵگاییەکی دەستپەروەردەیی دەسەڵاتێکە کەساڵانێکە ساڵ بەساڵ لە بازنەی دیکتاتۆرییەتدا هەڵسووڕاوە، کە خۆ سانسۆرکردن لەم کۆمەڵگایە دەبێتە باو. ئێمە لێرەدا لە باسی ئەدەبیاتدا بەربڵاوی بەم باسە گرینگە دەدەین ژن لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا هەموو کات پێوەرەکانی بەباڵای پیاو دەپێوێ بەردەوام لەژێر ڕکیفی پیاوانەدا خۆی سانسۆر کردووە بەدڵنیاییەوە ئەم سەرەرۆییە لەناخیدا جێگیر دەبێ و خود سانسۆری دەستپێدەکات سڕینەوەی خۆی و سڕینەوەی کەسانێکی دیکە دەست پێدەکات. ژن لە وێنای چەکێک ئەم سانسۆرە بەکار دەهێنێ بۆ خود بەهێزی پێیشان بدات لەچاوی پیاودا و هەر ئەو بۆ نموونە ئارامییە دەروونییە دەبێتە هۆی بەپەراوێز دانانی و لەفڕین بەرەو خەونەکانی بەجێدەمێنێتەوە لەپەراوێزدا و لەبازنەی پیاودا دەمێنێتەوە و ئەدەبیاتی ئەم ژنانە زایەڵەی ئەم بیرۆکەیەییە. لەکولتوور و نەریتی کۆمەڵگای ئێمەدا خەریکبوون بەجەستە و لەش بەچاوی سووک سەیری دەکەن و باو نییە و هەمووکات رۆح و جەستەیان لەبەرانبەری یەکدا داناوە کە لەجێبەجێکردنی باسی رۆحی ئاسان بووە و بواری لەش کارێکی ئاستەم هاتووتە بەرچاو ئێستا تا ڕادەیەک باس لەعەشق ئاسان بووە لە نێو ئەدەبیاتدا بەڵام پێشتر دەربڕینی عەشقی ژنێک بۆ ڕەگەزی بەرانبەری کارێکی شەیتانی و تاوان بووە بۆیە کۆمەڵگای پیاوسالار کارێک دەکات کچان و ژنان لە پەسیوەکان و ژوورەکانی ماڵدا پاوان دەکات و لەپەروەردەکردن بێبەش دەبن و ژن بەس لە بازنەی جنسییەت و سیکس و خۆ ڕازاندنەوە و میکاپ و خشڵ و ئەوانەدا دەمێنێتەوە، کەوەکوو کەرەستەییەک بۆ ڕابوواردنی پیاودا دەرکەوێت و ژنێک کەبەدوای ئارەزووەکان و خەونەکانییدا بکەوێت وەکوو کەسێکی ناباو و جیاواز دەروانن بەودا لەدەقە کۆنەکاندا ئێمە دەبینیین لە ژن وەکوو کەسێک کە پاکیزەییە و نابێت هیچ هەڵەیەک بکات و نابێت گوێ بە ئارەزووەکانی بدات چۆن فریوی شەیتان دەخوات دراوە. سمبولی سێبووری و پاکی و لێبووردەیی پیشان دراون و ژنبوونیان لەپاکی و بێدەنگ بوونیاندا پێناسە دەکرێ و ژنبوونیان ئەوەیە کەکۆمەڵگا قبووڵی دەکات و پێناسەی بۆ کردووە. ئەمانە ژنانێکن بێ دەسەڵات کە چارەنووسی خۆیان قبووڵ کردووە. ئێمە لەلاشەمان چاوپۆشیمان کردووە و بەشێوەیەکی سووک فێربوویین باسی نەکەیین، ژن لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەردەمدا لە ڕواڵەتدا ئەزمونی عەقڵانییەت و مۆدیڕنیتە دەکات، بەڵام ئەو بەهۆی ئەوانەی باسمان کرد هێشتا بە ئاسانی نەیتوانیوە لەپێستی خود سانسۆری بێتە دەرێ و خۆی پێناسە بکات . لەڕواڵەتدا ژنی مودیڕن شەرم ناکات خۆی بنوێنێ بەڵام ژنی نووسەر لەبازنەی ئەدەبیاتدا هێشتا ئەو بوێرییەی نییە و خۆی لەپشت کومەڵێ وشەی کۆنەپارێز حەشار داوە ئەو نەیتوانیوە لە ژنبوونی لەسەرکوتکردنی غەرایزی لەژیانی هاوبەشییدا بنووسێ و بدوێ هێشتا خەریکە خۆی سانسۆر دەکات. زۆر بەرچاوە ئەم ژنە هێشتا لەژێر سەیتەرەی پیاودا هەنگاو هەڵدێنێ. وا دەبینین ژن لەدەقەکانییدا خۆی نییە و خۆی دەسڕێتەوە. زۆر نەزانانەیە لەوێ کەباسی جەستەی ژن دەکرێ بەس بیر لەچێژ بردنی کێشەی سیکس بکەینەوە. زۆربەی جیابوونەوە و تێکچوونی ژیانی هاوبەشی ژن و پیاو دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتن لە لەش و جەستەی بەرانبەرەکەیاندا. بۆ زۆربەی پیاوانی ئێمە دەقی ئیروتیک لەلایەن ژناندا کە دەنووسرێتەوە وایدەبینن کە ئەو ژنە بێ ڕەوشتیە رووناکبیرانەیە تەنانەت لە شانۆکانی شکسپییر لە وشەی " سرشت" بۆ دایکی مرۆڤی بەکار هێناوە و لەوشەی " عەقڵ" بو پێناسەی باوکی مرۆڤ. تاڕادەیەک هەموو قارەمانە ژنەکانی نێو ئەدەبیات بە سرشت وێناکراون ئەم ڕەگەزە پێشتر ناپاک بووە و دوایی دەتواننن بە دوای شتێکی سەرتر بکەون. لەکتێبە ئایینییەکاندا زوڵەیخا ژنێکە ناتوانێت ڕێگری لەخود بکات و ژنێکی مەکربازە!. مێژووی ئێمە مێژووییەکی پیاوانەیە ئێمە هەموو کات لەژێر ڕکیفی پیاوسالاردا بوویین، یاسای پیاوانە و دامودەزگای بەهاداری پیاوانەمان بووە. لەڕواڵەتدا ئێمە بەرەو پێش دەرۆین و خوێندن و ئیش و چالاکی کۆمەڵایەتی و مافی دەنگ و ....تاد، بەڵام هەمووی ئەوانە لە ژێر سەیتەرەی پیاودا رۆڵدەگێڕێ و بەردەوام بەرهەمهێنانەوە دەکات. (ژولیا کریستوا) فەیلەسووف و ڕەخنەگری ئەدەبی دەڵێت: "خواستی ژنان بۆ خۆ تاریفکردن لەهۆگرایەتی خەڵقکردنی هونەر و بە تایبەت خوڵقاندنی ئەدەبیاتدایە". ئەمە بەو واتایە نییە، ئەدەبیات لەبەرەنگاربوونەوەی نەریتەکانی کۆمەڵگا هەندێجار هوشیارانە پەردە لەسەر نهێنییەکان لادەبات و نەوتراوەکان و بێدەنگییەکان لەڕێگای ئەدەبیاتەوە دەوترێ ؟ پرۆسەی ئەدەبیات دەتوانێ هەموو ئەو خاڵە گرینگانە کەسەرپۆشیان بەسەرەو داناوە بوترێتەوە. خاڵێکی گرینگ لەجیهانی ئەدەبیاتدا ئەوەیە ژنی رەخنەگرمان لەئەدەبیاتدا بەدەگمەن دەستدەکەوێت و ئەمە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەو باسانە کەکردمان و ئەگەر چی لەم سەردمدا خەڵاتی ئەدەبی دەکرێ و وتنەوەی کێشەکانی ژنان بەرچاوە، بەڵام ئەمیش هەر لەبازنەی بەرتەسکێکدا ماوەتەوە گۆڕەپانی ئەدەبیات، تریبوونی وتنەوەیە ئەو شوێنەیە کەژن دەتوانێ لەلووتکەکانی فڕین باس‌بکات و دەنگ هەڵبڕێت، بەڵام بەخەستی تووشی ئاستی نزمی کولتووری و ئابووری پەروەردەیی دەبێتەوە، چون سیستم و کۆمەڵگای ئێمە پیاوسالارە و تواناکانی ژنی بەرتەسک و سنووردار کردووە. بەهەرحاڵ ژنی سەردەم هەوڵی ئەوە دەدا جیهانێکی ژنانە بخۆڵقێنێ کەپێناسەی خۆی بکات زمان و هونەری ژنانە هەر وەها کە (ویرجینیا وۆڵف) دەڵێت " ماڵێک بۆ خۆی بەرهەم بێنێ"، بەڵام بەربەست و کێشەکانی ئایین و کو‌لتوور و کۆمەڵگا بەردەوام لەدیوارێکی زۆر بەرز بووە تا ڕێگری لەیاخی بوونی ئەدەبیاتی ژنان بکات. دەقی ژنانە بەرهەم دێت بەڵام بە کار ناهێنرێت. ئەڵبەت ئەدەبیاتی سەردەم لەسەر ڕەوتی حاشالێکرن بونیات نراوە کە بە پۆست‌مۆدێڕن و یا ئەدەبیاتی زمان و ئەدەبیاتی جیاواز و دەتوانیین بیبینین. ڕوانگەییەکی دیکە لەبەرەی چواردا ئەوەیە شتێک بەناوی ئەدەبیاتی ژنانە و پیاوانەمان نییە لەم ڕوانگەیەدا ژن و پیاو وەکوو دوو چاو‌دێر سەیری یەکدی دەکەن. بەهەر حاڵ گەشەی ئەدەبیاتی ژنان لەرۆژهەڵاتی ناویندا و بە تایبەت کوردستان رۆژ بەرۆژ لە گەشەدایە و هاوتەریبی جیهانی مۆدیڕنیتە ڕێ دەکات و ئەدەبیات چەشنێکی زاو زێیە و خۆڵقێنەرە و تەنانەت شەڕخوازترین دیکتاتۆرەکان لەژنێک لەدایک دەبن ، ژنانی نووسەر لەم سەردەمەدا هەوڵی خۆیان داوە ژنێکی هزرمەند و بیرمەند بەتایبەتمەندییەکانی خۆیان پێناسە بکەن لەبەرانبەری دەسەڵاتێکی بەهێزی پیاوانەدا بەردەوام لەخەباتن.
هاوڵاتی – لۆڤە محەمەد شەوی ١٥ی ئەم مانگە، نوسەر و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەداری کورد (مستەفا ساڵح کەریم) لە تەمەنی (٨٥)ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد. کۆچکردنى ئه‌م نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نووسه، بۆ هاوڕێ و هاوپیشه‌کانى و ڕۆژنامه و میدیاى کوردى خه‌ساره‌تێکى گه‌وره‌بوو. (کاروان ئەنوەر)، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەسەر کۆچی ئەو نوسەر و ڕۆژنامەنووسە بۆ هاوڵاتی ووتى:" مامۆستا لە ڕۆژنامەی (ژین)دا، گۆشەی هەبووە و لە گۆڤارى (گەلاوێژ)ەوە بابەتی بڵاوکردوەتەوە و یەکەم ڕۆژنامەنووسی کوردە کە خاوەنی گۆشەی خۆی ببوێت، لە کۆمەڵێک گۆڤار و ڕۆژنامەدا کاری کردووە و دەستێکی باڵای هەبووە لە چیرۆک نوسین و توانیوێتی تەکنیکی نوێ بهێنێتە ناو ڕۆژنامەگەری کوردیەوە، مستەفا ساڵح یەکێک لەو قەڵەمانە بوو کە خوێنەری تایبەت بە خۆی هەبوو لە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، کەسێک بوو زۆر تایبەت دەینووسی، هه‌ر ئه‌مه‌ش واى کردووه که نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوسه عەرەبەکان زۆر پێی سەرسامبن". کاروان ئەنوەر، وتیشی:"کورد بە شێوەیەکی گشتی زەرەرمەند بوو لە کۆچەکەی، لەبەرئەوەی ئەم پیاوە خاوەنی هۆش و بیر و مێژووی گەلی کورد بوو، کە هەموو ڕوداوەکانی ساڵانی چلەکانی تاوەکو پێش کۆچی بە ڕۆژ و سەعات لەبیر بوو، بۆ بابەتە مێژوویەکان پشتمان پێی دەبەست و وەک ڕۆژمێرێک بوو بۆ کورد و ئێمە". مسته‌فا ساڵح که‌ریم له ساڵی 1933 له‌دایک بووه. - له سه‌ره‌تای لاوییه‌وه واته له قۆناغی خوێندنی دواناوه‌ندییه‌وه چووه‌ته ریزی حزبی شیوعی عیراقه‌وه. - له مانگی 11ی ساڵی 1948 له قۆناغی چواره‌می ئاماده‌یی به‌شی زانست له‌سه‌ر چالاکی سیاسی بۆ ماوه‌ی ساڵێک فه‌سڵکراوه، دوای ته‌واوبوونی فه‌سڵه‌که‌ی به‌پێی بڕیاری ته‌حقیقات – ئه‌من له ئاماده‌یی وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌وه چووه‌ته – خانه‌ی مامۆستایان- له به‌غدا. - له‌بواری په‌روه‌رده‌دا ماوه‌ی 32 ساڵ مامۆستا‌و به‌ڕێوه‌به‌رو سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی بووه له قه‌ڵادزێ و سێوسێنان و دارۆخان و چوارتاو سلێمانی و فه‌لوجه‌و رومادی. - ساڵی 1973 له کۆرسی سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده له زانکۆی موسته‌نسریه به سێیه‌می عیراق ده‌رچووه. - له‌ژیانی مامۆستایه‌تیدا چه‌ندینجار توشی دوورخستنه‌وه بووه چ له‌ناو پارێزگای سلێمانی و چ له‌ده‌ره‌وه‌ی، دواجاریان ساڵی 1975 بوو بۆ رومادی دوورخرایه‌وه‌و سێ ساڵ له‌وێ مایه‌وه. -له‌بواری ئه‌ده‌بیدا نیو سه‌ده زیاتره ده‌نووسێت و هه‌میشه قه‌ڵه‌می له‌خزمه‌تی گه‌لدا بووه، چه‌ندین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی به‌چاپ گه‌یاندووه، له‌بواری نووسین و چیرۆک نووسین و وه‌ڕگێڕاندا به کوردی و به عه‌ره‌بی رۆڵی دیاری هه‌بووه. له‌بواری رۆژنامه‌نووسیدا: - سه‌ره‌تا وه‌ک خۆبه‌خش دوو ساڵ له‌ڕۆژنامه‌ی (ژین) کاریکردووه. بۆ یه‌که‌مجار له‌و رۆژنامه‌یه‌دا (ستونی رۆژنامه‌نووسی) داهێنا. - دوای رێککه‌وتننامه‌ی ئازاری 1970 بووه به لێپرسراوی راگه‌یاندنی یه‌کێتی مامۆستایانی کوردستان، هه‌روه‌ها دامه‌زرێنه‌رو یه‌که‌م سکرتێری گۆڤاری (ده‌نگی مامۆستا) بووه که به‌پێشنیاری ئه‌و ده‌رچوو. - له 1970-1974 له چوار کۆنفراسی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد دا چوار جار به سکرتێری لقی سلێمانی یه‌کێتی نووسه‌ران هه‌ڵبژێردراوه‌و ساڵی 1978 دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له رومادی به سه‌رۆکی لق هه‌ڵبژێردراوه‌و به‌شداری له‌هه‌موو چالاکییه‌کانی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد دا له سلێمانی و به‌غداو که‌رکوک و هه‌ولێرو له سه‌ری ره‌ش و سه‌ڵاحه‌دین و دهۆک کردووه. - له‌ساڵی 2001 تا 2011 له کۆنگره‌یه‌کی سلێمانی و دوو کۆنگره‌ی هه‌ولێردا به جێگری نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسانی کوردستان هه‌ڵبژێردراوه، له کۆنگره‌ی سێیه‌م 2011 خۆی نه‌پاڵاوته‌وه. شەوی ١٥ی ئەم مانگە، (مستەفا ساڵح کەریم) لە تەمەنی (٨٥)ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد ڕۆژى یه‌کشه‌ممه 16-12-2018 به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌کی زۆر له که‌سایه‌تی و رۆشنبیر‌و به‌رپرسانی حزبی و حکومی له گۆڕستانی شێخ مارفی نۆدێ له‌سلێمانی به‌خاکسپێدرا.
لۆڤە محەمەد هونەرمەندێک زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە بواری شێوەکاری و دەستڕەنگینیدا کار دەکات و سێ ساڵیشە لەسەر کریستاڵ و شوشەی ناسک وێنەی کەسایەتی و شاعیران و هونەرمەندان هەڵدەکۆڵێت.کاربین عومەر، ئەو هونەرمەندەیە و لە ساڵی ١٩٧٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە و لە تەمەنی ١٨ ساڵیەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە و سەرەتا لە ڕێگەی قەڵەم جاف و دواتریش بە فڵچە و بۆیەی ئاویی تابلۆی سروشت و کەسایەتی و کەلوپەلەکانی چواردەوری و کاریکاتۆری دەکێشا. ئەو هونەرمەندە سێ ساڵیشە حەزی هونەری خۆی تێکەڵ بە کریستاڵ کردووە و وێنەی کەسایەتیە دێرینەکانی کورد و خانمە شۆڕشگێرەکان و هونەرمەندان و شاعیرانی گەورەی کوردی لەسەر کریستاڵ هەڵکۆڵیوە و وەک کاربین بۆ هاوڵاتی دەڵێت:" حەزدەکەم وێنەی کەسایەتیەک یان هونەرمەندێک لەسەر کریستاڵەکان هەڵکۆڵم کە توانیبێتی جێگە دەستی لە مێژووی ژیان و هونەری کوردی‌دا هەبوبێت، نەک کەسێک بێت کە لە ساڵانی دواتر ڕەخنەم بێتە سەر و هیچی ئەنجامنەدابێت".کاربین دەشڵێت:"تەنها کەسم کە لەسەر کریستاڵ وێنەی کەسایەتیەکانم هەڵکۆڵیووە، چونکە هەم کارەکە قورسە و شوشە ناسکە و مامەڵە کردن لەگەڵیدا ئاسان نیە و هەڵە قبوڵ ناکات و پێویستی بە وردی و دەستڕەنگینی هەیە، وە خەڵکم بینیوە کە لەسەر تەختە و دار وێنەی هەڵکۆڵیوە بەس وەک شوشە و کریستاڵ کەس نەبووە ئەم کارە بکات". جگە لە کاری وێنەکێشان لەسەر وەرەقە و کریستاڵ، وێنەش لەسەر دار و دەرگا و دیوار و کەلوپەلەکان دەکێشێت و لە تازەترین کاریشیدا دەستی داوە دیزاین کردنی باخچە و حەوشە و جوان کردنی بە شێوازێکی هونەرییانە و بۆ هەر کەسێکیشی دەکات کە داوای لێبکات.
له فارسیه‌وه: جه‌بار سابیر تاقه گوڵ له‌به‌ر خاتری تاقه گوڵێك كچان چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن تا سڵاو له باخه‌وان بكه‌ن. دڵم دڵم مینا منداڵێكه ئێستا ده‌گری و گوڵه‌كانی باخی ئه‌و نامۆیه‌ی ده‌وێ. ده‌رمان هه‌ر په‌ڕه گوڵێكی ته‌نیشت كانییه‌كه، ده‌رمانی هه‌موو ده‌رده‌كانه. چمكی له‌چكی كچه‌كان نه‌وازشیان ده‌كا كاتێك سه‌تڵه ئاوه‌كانیان پڕ ده‌كه‌ن. دوعا بڕوانه له یارم! خه‌ریكه له‌وپه‌ڕی ڕووباره‌كه دوعا ده‌كا. به دڵنیاییه‌وه خودا قبوڵی ناكا، پرچه ڕه‌شه‌كه‌ی قوڕاوی كردووه. ئه‌ستێره‌كان یارم گوڵه‌كانی وه‌رنه‌گرت لێم! باڵیۆزگه‌لێكی له ئه‌ستێره‌كان بۆ ده‌نێرم تا ڕازی بكه‌م. دز په‌له‌كه! ده‌مه‌وێ لێوه‌كان به تۆ ببه‌خشم، ئێستا كه مردن له ده‌وری گوند ده‌گه‌ڕێ و ده‌توانی بمدزێ. لێوه‌كانم ماچ كه دیواره‌كه كون بكه و لێوه‌كانم ماچ بكه! مێرده‌كه‌م وه‌ستایه و نۆژه‌نی ئه‌كاته‌وه. بخۆره‌وه لێوه‌كانم هیی تۆیه، بیخۆره‌وه! له هیچ شتێك مه‌ترسه، شه‌كر نییه، ناتوێته‌وه. سوور یارم، حه‌زی له چاوانی سووره، له كوێ ده‌توانم چاوه ڕه‌شه‌كانم بگۆڕم؟ له‌به‌ر خودا له‌به‌ر خودا، ئه‌ی مانگ! تیشكی ڕووناكیت مه‌خه‌ره نێوان دوو عاشقه‌وه! هێی مانگ هێی مانگ! په‌له بكه و وه‌ره سه‌رێ یارم موسافیری شاخه به‌رزه‌كانه.
به‌ڕیِز عه‌باس له‌ماوه‌ی پێشوودا کتێبێکی گرنگی هزری مێژوویی له‌باره‌ی چه‌مکی "کاریزما" و "سه‌رکرده‌ی کاریزما"ه‌وه چاپ و بڵاوبویه‌وه، که پسپۆڕی بواری مێژوو "د. جه‌عفه‌ر عه‌لی" نوسیویه‌تی به قه‌باره‌ی 217 لاپه‌ڕه، نووسه‌ر بۆ نووسینی کتێبه‌که‌ی سه‌د سه‌رچاوه‌ی جیاوازی به زمانه‌کانی کوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی به‌کارهێناوه. "کاریزما" به مانای مرۆڤی مه‌زن، پاڵه‌وان، یاخود قاره‌مان دێت، وشه‌ی کاریزما له بنه‌مادا لاتینیه‌و به مانای به‌خششی خودایی یاخود گه‌وره‌یی دێت. مشتومڕو دیالۆگێکی به‌رده‌وام هه‌یه لای مێژوونووسان و فه‌یله‌سوفان به‌وه‌ی ئایا خه‌ڵک و ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی مێژوو دروست ده‌کات، یاخود به‌ده‌رله‌وانه ئه‌وه‌ی بزوێنه‌ری مێژوه‌و مێژوو دروست ده‌کات به ته‌نها سه‌رکرده‌یه؟ هه‌روه‌ها به چ که‌سێک ده‌وترێت سه‌رکرده‌ی کاریزمی و سیفه‌ته‌کانی سه‌رکرده‌ی کاریزمی چییه؟ بۆ ئه‌مه‌ش جیاوازی ڕاو بۆچوون هه‌یه. هزری سه‌رکرده‌ی کاریزمایی و به خودایکردنی فه‌رمانڕوایی و کردنی سه‌رکرده به بونه‌وه‌رێکی بانمرۆیی و بانمێژوویی و وه‌ک تاقه بزوێنه‌ری مێژوو و ڕوداوخوڵقێن مێژووییه‌کی کۆنی هه‌یه‌و سه‌رتاکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شارستانییه‌تی ڕۆژهه‌ڵات له‌وانه فیرعه‌ونی میسرییه‌کان و پاشاکانی دۆڵی نێوان دووڕوبارو چین و هیندستان و فارس،"ئه‌رستۆ" پێی وایه دوای هاتن و په‌لاماردانی ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌که‌دۆنی بۆ دونیای رۆژهه‌ڵات و فارس و له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ یۆنان هاوشێوه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و فارس بیرۆکه‌ی به خودایکردنی فه‌رمانڕه‌وایی و پاشایه‌تی گواسته‌وه بۆ ئه‌وه‌ێ! هزرمه‌ندان و مێژوونووسانی یۆنانی کۆن هه‌ریه‌که‌یان به شێوه‌ی جیاواز باسیان له سه‌رکرده‌ی کاریزمی کردوه‌و ڕۆڵ و کاریگه‌ریه‌کانیان ئاماژه‌پێکردوه له‌وانه سوقرات و ئه‌فلاتۆن و ئه‌رستۆو توکیدیدیس و هیرۆدۆتس و..... هتد.نووسه‌ر له کتێبه‌که‌یدا ته‌نها ئه‌و هزرمه‌ندو مێژوونووسانه‌ی وه‌رگرتوه‌و باسیان ده‌کات که بۆچوونیان وایه ئه‌وه‌ی مێژوو دروست ده‌کات ته‌نها پاڵه‌وانه‌کان و قاره‌مه‌نه‌کانن، ئه‌و هزرمه‌ندو مێژوونووسانه‌ی ئاماژه پێ نه‌کردووه که‌له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ئه‌وه‌ی بزوێنه‌ری مێژوه‌و مێژوودروستده‌کات به ته‌نها پاڵه‌وانه‌کان نین، به‌ڵکو بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و جیوگرافی و فه‌رهه‌نگی و ئابووری ڕۆڵێکی گرنگی هه‌یه له دروستکردنی مێژوودا‌و و هاوکارێکی به‌رچاوی سه‌رکرده‌یه. زۆربیرمه‌ندو مێژوونووس له‌بابه‌تی پاڵه‌وان و سه‌رکرده‌ی کاریزمی و ڕۆڵی له دروستکردنی مێژوو دواون، به‌ڵام له ئه‌ده‌بیاتی مێژوودا هه‌ندێک له‌و بیرمه‌ندو مێژوونووسانه زیاتر بایه‌خیان پێدراوه و ئاماژه‌یان پێده‌کرێت. نوسه‌ر له کتێبه‌که‌یدا وه‌ک لایه‌نی تیۆری لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی چوار بیرمه‌ندو کۆمه‌ڵناس و مێژوونووسی دیار‌و به‌ناوبانگی وه‌رگرتوه‌و به‌نموونه‌ی هێناوه‌ته‌وه که هه‌ریه‌که‌یان سه‌ر به هزرو ڕه‌وتی جیاوازن، واته ئه‌وانه‌ی که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ئه‌وه‌ی بروێنه‌ری مێژوه‌و ڕووداو و مێژوو دروست ده‌کات به ته‌نها سه‌رکرده‌کانی کاریزماو پاڵه‌وان و قاره‌مانه‌کان، که بریتین له "تۆماس کارلایل" و" ماکس ڤیبه‌ر" و "هنری برگسۆن" و "هیگڵ"، هه‌ریه‌ک له‌م فه‌یله‌سوف و مێژوونووسانه به شێوه‌ی جیاواز باس له سیفات و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی که‌سی کاریزمی و پاڵه‌وان و قاره‌مان و دروستکه‌ری مێژوو ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌وه‌دا چونیه‌که‌ن که ئه‌وه‌ی مێژوو دروستده‌کات به ته‌نها پاڵه‌وان و قاره‌مانه‌کانن و ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی سه‌رکرده هیچ ڕۆلیان نییه‌و مێژوو دروست ناکه‌ن! "تۆماس کارلایل" پێی وایه سه‌رکرده‌ی کاریزمی هه‌ڵبژارده‌ی خوایه‌و خودا خۆی دیارکردوه جا له هه‌رچ بوارێک‌دا بێت مه‌رج نییه ته‌نها کایه‌ی سیاسی بێت و ته‌قدیسیان ده‌کات و پێی وایه ڕه‌فتارو بیرکردنه‌وه‌کانی جیاوازن و له که‌سی ئاسایی ناچن! ماکس ڤیبه‌ر پێی وایه که‌سی کاریزمی کار‌و کرده‌وه‌ی جیاوازده‌کات و کاروکرده‌وه‌کانی گۆڕانکاری گرنگ ده‌خه‌نه‌وه، "هنری برگسۆن" پێی وایه سه‌رکرده‌ی کاریزمی تایپێکی نوێیه له مرۆڤبوون و له هه‌موو که‌سێکدا نییه‌و هه‌ستی ناوه‌کی"ئیدراک" ده‌یجوڵێنێت، "هیگڵ"یش پێی وایه سه‌رکرده‌ی کاریزمی ڕۆحی سه‌رده‌می خۆی به‌یانده‌کات. نوسه‌ر ته‌نها له‌سه‌ر لایه‌نی تیۆری سه‌رکرده‌ی کاریزمی ناوه‌ستێت و دێت پراکتیکی ده‌کات له‌سه‌ر مێژووی کورد له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه تاوه‌کو کۆتایی نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م، له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا که سه‌رده‌می میرنشینه‌کان ده‌گرێته‌وه‌و سێ میری میرنشینه‌کانی به نموونه وه‌رگرتوه که‌نووسه‌ر کاروکرده‌وه‌و سه‌رده‌مه‌کانی هه‌ڵسه‌نگاندوه‌و ده‌رده‌که‌وێت کاریزمی نه‌بوون میرکانیش بریتین له عه‌بدولره‌حمان پاشای بابان و میرمحه‌مه‌دی ڕه‌واندزی سۆران و میر به‌درخانی بۆتانن. دوای میره‌کان و له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌وه ده‌سه‌ڵاتدارێتی سه‌رده‌می شێخه‌کان و بنه‌ماڵه ئاینییه‌کان ده‌ستپێده‌کات که ئه‌وانیش بریتین له شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری و شێخ سه‌عیدی پیران و شێخ مه‌حمودی نه‌مر و قازی محمه‌ده‌و نوسه‌ر باسیان ده‌کات و ئه‌م سه‌رکردانه‌ش ئه‌وه‌نده به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک و به بنچه‌ی ئاینی و شێخایه‌تی بوون به سه‌رکرده ئه‌وه‌نده خودی خۆیان به خۆیان ده‌رنه‌که‌وتوون، له کۆتاییدا ده‌ڵێین گرنگه له ئێستادا ئه‌م کتێبه بخوێنینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هوشیاربین و به ئاگابین له‌وه‌ی به کێ ده‌ڵێین سه‌رکرده‌ی کاریزما و هه‌روه‌ها سۆز‌و ناهوشیاری به‌هه‌ڵه‌دا نه‌مانبه‌ن وه‌ک باقی شته‌کانی دیکه!
عه‌بدولخالق یه‌عقووبی مێژووی ئه‌ده‌بیاتی جیهان شاهیدی بۆ ئه‌وه ده‌دات که ژن له گوتاری ئه‌ده‌بیدا، چ وه‌ک داهێنه‌ری ئه‌ده‌بی و چ وه‌ک که‌سایه‌تیی نێو جیهانی ئه‌ده‌بیات، له‌چاو پیاو، هه‌مووکات پێگه‌یه‌کی پله دووی په‌راوێزنشینکراوی بووه. ئه‌و راستییه له هۆکارێکی زۆر ساده و روونه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت: زۆرینه‌ی نووسه‌رانی گوتاری ئه‌ده‌بی پیاو بوون و زۆرینه‌ی ئه‌م نووسه‌ره پیاوانه‌ش له گه‌مه‌ی هێزی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئاگامه‌ندانه و نائاگامه‌ندانه، لایه‌نگرییان له‌و گوتاره کردووه که پیاو به هێزی باڵاده‌ست و بڕیارده‌ری سه‌ره‌کی له قه‌ڵه‌م ده‌دات: واته گوتاری نێرسالاری (discourse of patriarchy). گوتاری نێرسالاری له ژنی وه‌ک ئامێرێک بۆ دابینکردنی پێداویستییه‌کانی خۆی روانیوه و هه‌ر بۆیه راڤه‌ی ئه‌و گوتاره بۆ ژن راڤه‌یه‌کی ئامێرته‌وه‌ر بووه و ئاوڕدانه‌وه له به‌ها مرۆییه‌کانی ژن له به‌رنامه و باسوخواسی ئه‌و گوتاره‌دا پێگه و جێگه‌یه‌کی ئه‌وتۆی نه‌بووه. سه‌رهه‌ڵدانی ره‌خنه و روانگه‌ی فێمینیستی له ده‌یه‌ی ١٩٦٠دا جۆرێک دژکرده‌وه بوو به نیسبه‌ت ئه‌و به هه‌ند وه‌رنه‌گرتنه‌ی ژن به درێژایی مێژوویه‌کی چه‌ند سه‌ده‌یی. سه‌ره‌تا ره‌خنه‌ی فێمینیستی وه‌ڵامێکی خێرا بوو بۆ دیدی فۆرمالیسته‌کانی رووس و بیرۆکه‌ی "ره‌خنه‌کارانی نوێ"ی ئه‌مریکا که له ده‌وروبه‌ری ده‌یه‌ی ١٩٣٠ به‌ره‌و ژوور سه‌ریان هه‌ڵدا. به رای ئه‌و دوو تاقمه له تیۆری داڕێژان و ره‌خنه‌کاران، "عه‌ینییه‌ت" (objectivity) به‌ردی بناغه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه و "ده‌ق" (text) دیارده‌یه‌کی "ناتاکه‌که‌سی"یه و تێڕوانینه شه‌خسییه‌کانی نووسه‌ر له پڕۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قدا، نه‌ک هه‌ر گرینگ نین، به‌ڵکو ناشێت ئاوڕیشیان لێ بدرێته‌وه، به‌ڵام به باوه‌ڕی فێمینیسته‌کان به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ئاوێنه‌ی باڵانومای باوه‌ڕی شه‌خسیی نووسه‌رانه، هه‌ر بۆیه ره‌خنه‌یان له شێوه‌ی نواندنی که‌سایه‌تیی ژن له ئاسه‌واری فۆرمالیست و ره‌خنه‌کارانی نوێی ده‌گرت.ورده و ورده و له‌گه‌ڵ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی بیرۆکه‌ی فێمینیزم، که ئێستا ئیتر بازنه‌ی دژکرده‌وه‌یه‌کی رووتی ره‌خنه‌گرانه‌ی له هه‌مبه‌ر ئه‌ده‌بیاتی پیاوان به‌زاندبوو و ببوو به بزووتنه‌وه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی به‌رفراوانی هزری و کۆمه‌ڵایه‌تی، دوو داگه‌ڕانی سه‌ره‌کی له ره‌خنه و روانگه‌ی فێمینیستیدا هاتنه ئاراوه. داگه‌ڕانی یه‌که‌م، که پێی ده‌گوترێت "وێناکانی ژن" (Images of woman)، له‌وه ده‌کۆڵێته‌وه که ژن له به‌رهه‌مگه‌لی ئه‌ده‌بیدا، به تایبه‌تی ئه‌ده‌بیاتی ده‌ستکردی پیاو، یان هه‌ر ئه‌ده‌بیاتێک که تێڕوانینی پیاوانه به‌رهه‌می بهێنێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نووسه‌ره‌که‌ی ژن بێت، چ پله و پایه‌یه‌کی هه‌یه و چۆن وێنا کراوه. به باوه‌ڕی ئه‌م داگه‌ڕانه فێمینیستییه، پێش گریمانه‌ی زۆربه‌ی نووسه‌رانی پیاو ئه‌وه‌یه، که به‌رهه‌می خۆیان بۆ خوێنه‌ره‌وه‌یه‌کی پیاو ده‌نووسن و هه‌ر بۆیه جۆرێک له جیهانی ئه‌ده‌بی چێ ده‌که‌ن، که تێیدا ژن به پێی ویست و داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگای نێرسالاری وێنا ده‌کرێت و ده‌ور ده‌گێڕێت. به کورتی، ئه‌م داگه‌ڕانه، له‌سه‌ر راڤه‌ی دۆخی ژن له جیهانی ئه‌ده‌بیاتدا پێ داده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی وێنه راسته‌قینه‌کانی ژن چیتر له قاڵبـی روانینه‌کانی پیاوانه‌دا قه‌تیس نه‌مێنێت داگه‌ڕانی دووه‌م، که به "ره‌خنه‌ی ژنانه" (gynocriticism) ناوبانگی ده‌رکردووه، پتر سه‌رنج ده‌گرێته پێگه‌ی ژن وه‌ک نووسه‌ر و به‌رهه‌مهێنی گوتارێکی نوێی ره‌خنه‌گرانه له هه‌مبه‌ر گوتاری نێرسالاری. تیۆریی داڕێژانی ئه‌م داگه‌ڕانه پێیان وایه دیدگای "وێناکانی ژن" ته‌نیا ئاوڕ له تێڕوانینی پیاو، یان تێڕوانینی پیاوانه، بۆ ژن ده‌داته‌وه و هه‌ر بۆیه پانتاییه‌کی به‌رته‌سک و ده‌ره‌تانێکی که‌می بۆ ده‌رخستنی راستییه‌کان ده‌رباره‌ی ئه‌زموونی راسته‌قینه‌ی ژن و ژنێتی هه‌یه. ئه‌م داگه‌ڕانه پتر له‌وه‌ی دژکرده‌وه‌یه‌ک بێت له هه‌مبه‌ر ئه‌ده‌بیاتی پیاوان و ئه‌ده‌بیاتی پیاوانه، هه‌وڵێکه بۆ نزیککردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر و به‌رده‌نگانی ئه‌ده‌بیات له هه‌ستی راسته‌قینه و ئه‌زموونی راسته‌خۆی ژنان. ناسنامه‌ی زاتیی ژنان له‌م تێڕوانینه‌دا چیتر نابێته قوربانیی وێناکارییه‌کانی ژن له‌سه‌ر ده‌ستی پیاو، ئه‌و پیاوه‌ی که ژن له ئه‌ده‌بیاتی خۆیدا له‌سه‌ر بنه‌مای دووانه لێکدژی (binary opposition) پیاو/ ژن وێنا ده‌کات و له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ده‌وری کاریگه‌ر و سه‌ره‌کی به پیاو ده‌دات و ده‌وری لاوه‌کی و په‌راوێزنشینیش به ژن ده‌به‌خشێت. له‌م داگه‌ڕانه‌دا پتر له‌وه‌ی دۆخی ژن بکه‌وێته به‌ر راڤه‌کاری، ره‌خنه له‌و دۆخه ده‌گیرێت که ژن تێیدا بووه، دۆخێک که زۆر جار، له‌سه‌ر ده‌ستی گوتاری نێرسالاری، به سروشتی له قه‌ڵه‌م دراوه و رێگا نه‌دراوه گومانی بچێته سه‌ر. ئه‌گه‌ر له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه له فێمینیزم بڕوانین که هه‌وڵێکه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری بۆ که‌سایه‌تیی ونبووی ژن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (deconstruction) ئه‌و ناسنامه‌یه له ژنایه‌تی که به ده‌ستی پیاو و تێڕوانینی پیاوانه چێ کرابوو، ئه‌وه، وه‌ک جاناتان کالێر باسی ده‌کات، ئه‌م شێوازه له ره‌خنه و روانین جۆرێکه له رێبازی ره‌خنه‌کارانه‌ی پاش پێکهاته‌خوازی (post-structuralism)، که تێیدا پێکهاته‌ی په‌یوه‌ندیی دووانه لێکدژی پیاو/ ژن هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و نه‌ریتێکی نوێ بۆ ژیانی ژن و پێگه‌ی ژن له کۆمه‌ڵگادا ده‌هێنێته ئاراوه. له‌م نه‌ریته‌دا، ژن چیتر ده‌نگی خۆی له زمانی پیاوه‌وه نابیستێت و سیمای خۆی له ئاوێنه‌ی نێرسالاریدا نابینێت. له دۆخێکی نوێی ئه‌وتۆدا، ژن هه‌وڵی کۆتاییهێنان به مێژووی په‌راوێزنشینیی خۆی ده‌دات و ناسنامه‌یه‌کی نوێ، له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌ون و خواستی ژنانه‌ی، بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌کات .دیاره ئه‌م نه‌ریته له روانین بۆ نیسبه‌تی نێوان پیاو و ژن له ئه‌ده‌بیاتدا نه‌ریتێکی رۆژاواییه و له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌رهه‌ڵدانی ژیانی پیشه‌سازی و ئازادیی تاکه‌که‌سی و یه‌کسانیی کۆمه‌ڵایه‌تیی جیهانی رۆژاوایی هاتووه‌ته کایه‌وه. ئه‌و خاڵه‌ی که بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی ناڕۆژاوایی له چه‌شنی کۆمه‌ڵگای کوردی له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا گرینگ و شایانی باسه ئه‌نجام و ده‌ستکه‌وته‌کانی وه‌ها نه‌ریتێکه که ده‌توانێت ژنی کوردیش له پێگه‌ی پله دوویی و په‌راوێزنشینی، ئه‌گه‌ر نا به ته‌واوه‌تی و له کورت ماوه‌دا، که‌م و زۆر و هه‌نگاو به هه‌نگاو رزگار بکات و دید و دنیابینییه‌کی نوێی پێ ببه‌خشێت. ژنی کورد له‌م نه‌ریته نوێیه‌دا بۆی هه‌یه، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت به شێوه‌یه‌کی رێژه‌ییش بێت، ببێته خاوه‌نی وێنه و ده‌نگی خۆی و ناسنامه‌ی مرۆڤانه‌ی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای دۆخ و داخوازیی خۆی چێ بکات. ئه‌وه به دڵنیاییه‌وه به واتای رزگاریی هه‌مه‌لایه‌نه و ده‌ستاوبه‌جێی ژن نییه له چنگ گوتاره باو و نێرسالاره‌کانی سه‌رده‌می مۆدێرنیش، به‌ڵام لانیکه‌م ژن ده‌خاته پێگه‌یه‌که‌وه که چیتر رێگا نه‌دات به ناوی ره‌گه‌زی پله دوو بچه‌وسێندرێته‌وه و ببێته کرێکاری مادی و مانه‌وی بۆ خاوه‌ن سه‌رمایه‌کانی گوتاری نێرسالاری.
ڕەووف بێگەرد لێكدانەوەو شرۆڤەكردنی هەر دەقێكی ئەدەبی-لەچوارچێوەی ڕەخنەو هەڵسەنگاندندا، كاری ڕەواو ڕێ پێدراوە، داهێنەر پڕ كێشی ناكات ڕێگا لەڕەخنەگر بگرێت چ جۆرە شرۆڤە و لێكدانەوەیەك بۆ بەرهەمەكەی دەكات، یان بەپێوەری كام قوتابخانەی ئەدەبی و ئیستاتیكی هەڵیدەسەنگێنێت. نموونەی زۆر بۆ ئەم ڕاستییە لەسەر ئاستی ئەدەبی گەلان كە هەندێك لەو كارانە بەدەقی نەمر یان بەدەقی هەموو سەردەمانێک ناوزەد دەكرێن هەیە. بۆ نموونە نووسەرێكی وەك فرانز كافكای چیكی، كە یەكێكە لەلووتكە بڵندەكانی نووسینی ڕۆمانی هاوچەرخ و جێگای ئەو مشت‌ومڕەیە كە مەبەستمانە لێرەدا بیڵێین، تا ئێستا و بەدرێژایی زیاد لەپێنج دەیە گەلێك لێكدانەوە و شیكردنەوەی جیاواز بۆ كارەكانی كراوە كە هەیانە بەیەكدی ناكۆك و ناتەبان. ئەمە لەبچوكترین پێناسەدا مانای ناوازەیی و دەگمەنی كارەكانی دەردەخات كە ئاسان بەدەستەوە نایەن و لەهەر خوێندنەوەیەكی تازەدا بۆچوونی جیاواز هەڵدەگرن. ناوەڕۆكی ڕۆمانی كافكا گەلێك جار وا لێكدراونەتەوە كە ژیان نامەی تایبەتی خودی نووسەرن ( كەسێكی بەڕەچەڵەك جوولەكە، باوكێكی دڵڕەق و بێ بەزەیی، شكست خواردووی دنیای خۆشەویستی، بەردەوام تەنیا، نەخۆشێكی لاواز کە ماوەی حەوت ساڵ بە ئازارییەوە دەتلێتەوە تا دوایی دەیکۆژێت، كارمەندێكی ئاسایی دایرەی بیمە، بێزار لە ژیان و کەسوکار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بەردەوام ڕاڕا و ناسەقامگیر لە بڕیاردا) هەروەها ژیانی ( لەناو كۆمەڵگایەكی تۆتالیتاریای ماشینی كە مرۆڤ تیایدا ئامێرێكی ڕووتی دوور لەهەست و خولیای مرۆڤایەتییە) یان ( ڕۆمانی كافكا واتا بێ هوودەیی و دنیایەكی كابووسی) بەڵام لەسەرووی ئەم بۆ چوونانەوە دەقێك ئامادەگیی هەیە کە زۆرجار پابەندی گەلێك لەو چوارچێوە و قاڵبانە نییە و، لەخوێندنەوەی تازەدا ڕای پێشووترت فەرامۆش دەكەیت. واتا نا‌توانیت بەپێوەری كەرەسە باو و تەقلیدییەكان پرەنسیپی ڕەخنە و شیکارییەکەت سەقامگیر بکەیت، چونکە ڕووداو و پاڵەوانی ناو ڕۆمانی كافكا نە ڕوویەكی تەواو واقیعیان هەیە نە فانتازیای ڕووت، هەردووكیان هەست پێدەكەیت و هیچیشیان نین. (دیارە بەو مانا باوەی چەسپێنراوە) بۆ نموونە ڕۆمان نووسانی پێش كافكا دامەزراوەكانی دەوڵەتییان واداناوە كە گۆڕەپانی ململانێی نێوان بەرژەوەندی تایبەتی و گشتین، بۆیە کارەکتەرەکان هەمیشە لەنێو هەلومەرجێكی وادا هەڵسووڕاون. بەڵام لای كافكا دامەزراوەكان میكانیزمێكی ملكەچی یاسای تایبەتی خۆیانن، كەس نازانێت ئەم یاسایانە كێ دایناون و، چ پەیوەندییەكیان بەخەم و ئازاری مرۆڤەوە هەیە. بەو مانایە كە یاساگەلێكی نادیار و بەتەم‌ومژن. لای كافكا وەك (میلان كوندێرا) باسی دەكات بەپێچەوانەی نووسەرانی دیكەوە، هەمیشە سزا بەدوای تاواندا دەگەڕێت، ئەمە دیاردەیەكی زۆر سەیرە. چونكە ڕاستییەكە ئەوەیە كە تاوان بەدوای سزای خۆیدا بگەڕێت. بۆ نموونە ڕاسكۆلینكۆفی پاڵەوانی تاوان و سزای دۆستۆیفسكی تاوانی كردووە و دوو ژنی كووشتووە، ئێستا بەدوای سزایەكدا دەگەڕێت بۆ خۆی و پاشان پێی دەگات. كەچی لای كافكا جوزیف ك. لەڕۆمانی كۆشكا هیچ تاوانێكی نەكردووە، لەناكاوێكدا دێنە سەری دەیگرن و زیندانی دەكەن. ئەو هیچ نازانێت، تەنیا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت كە بزانێت تاوانی چییە، تا تاوانێكی وەهمی بۆ خۆی دروست دەكات و لای ئاساییە و خۆیشی بە کوشتن دەدات. جارێكی دی ئەوە دەڵێمەوە دەسەڵاتی دەقی زیندوو لەو دەسەڵاتە دیسپلین كراوە گەورەترە كە بەزمانی ئاسایی واقیع و یاسایەكی كۆنینەی باو مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. هەرئەمەیشە ئەدەب دەخاتە سەرووی كۆمەڵێك چەمك و زاراوەی دیار و پێشتر زانراوەوە كە لەئاستی لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنی نهێنی و تایبەتمەندییەكانیدا نین، بۆیە دەبێت خوێنەر لەو ڕاستییە بگات کە ڕووداوی ناو کاری ئەدەبی، بەتایبەتی لە چیرۆک و ڕۆماندا، دەشێت لە خوێندنەوەی ئاسایی‌دا – لە ڕوانگەی واقیعەوە – نامۆ بێت و بڕواپێکردنی زەحمەت بێت، بەڵام لە ڕاستیدا دەشێت ئەویان لە جەوهەری بیرکردنەوە و کارەکانی مرۆڤەوە نزیکتر بێت لەو واقیعەی بەزۆر ڕووی جیاواز خۆی نمایش دەکات و دەشێت گەلێک جار ڕووە ڕاستەقینەکەی نەدۆزرێتەوە.
سمکۆ محه‌مه‌د (نهلی له‌وشەیەکی لاتینیەوە هاتووە واته (هیچ)ە، نهلیزم ماناکەی دەبێتە (هیچ گەرایی) هەندێکجاریش پێیدەڵێن (پوچگەرایی) و بەو مانایە دێت ئەوانەی کەلایەنگر، یان سەر بەو جهانبینیه‌ن و ئینتیمایان بۆی هەیە وەکو )کیرکەگۆرد و شۆپنهاوەر و نیچە( کەهاوزەمانی یەکتر بوون. لەکورترین مانا و پێناسەشدا، واتە بێبایەخ کردنی هەر شتێکی بەبەها کەبەهۆی هەر بەڵگەیەکەوە بێت بەرامبەر هەر دیاردە یان بۆچوونێک کەپشت بە ئامانجێک دەبەستێت و گەشە بەعەقڵباوەڕی دەدات، "ئەم دونیابینیە ئاراستەیەک بوو مۆدێرنیتە لەسەروەختی خۆیدا بەرهەمیهێنا، به‌م تیگه‌یشتنه مەبەستە بەرزەکان هەموویان بێ بایەخ دەبن و قۆناغێکی ناهەرمانی و ده‌که‌ویته مەترسیەوه، چونکە گەلێک بایەخی بەرزی تر، دەستبەجێ و پێش ئەوەی بایەخەکانی پێشوو لەنێو بچن، زاڵ دەبن، له دیالێکتیکدا تەنیا پۆزەتیڤیستەکان دەرکەوتن، هەموو بایەخێکی بەرز بەچ شێوەیەک دەسەلمێنێ، بەتەنز؟، بەڵام تەنز هەمیشە لەپێگەیەکی جێی دڵنیاییەوە و لەتوندو تیژیه‌وه سەرچاوە دەگرێ. سەرهەڵدان و هاتنی فکری نهلیزم بۆ نێو دونیای ئەدەب و تێڕوانینەکانی دیکە بۆ ژیان و کۆمەڵگە، هەمان ئەو فەزایە نەبوو کەرۆژگارێک ئەوروپای گرتبۆوە، یان ئەوەی ئاین و ئاینگەرێتی خوڵقاندبووی، رەنگە بەشێکی بۆ فەزای سیاسی ئەوکات بگەڕێتەوە کەهێزە سته‌مکارەکان وەگەڕیانخستبوو، لەپەنا ئەمەشدا کۆنەپەرستی خەریک بوو جارێکی دیکە بەشێوەیەکی فراوان چەکەرەی دەکرد، لەمڕاستایەشدا رۆشنبیر و نوسەر و ئەدیب هیچ توانایەکیان نەبوو بەرانگاری ئەو تەوژمە بوەستنەوە. جکه له نهلیزم بوون. بەشێکی دیکەی نیهلیزمی کوردی بۆلاوازی و هەژاری لەبیرکردنەوە و هۆشیاری بووە، بەڵام بەشە گرینگەکەی ئەوەبوو کەچەمکەکە لەنوێ هاتبووە نێو دونیای ئەدەبیەوە، بەوپێیەی کەهیچ باگڕاوندێکی مەعریفی نەبوو تاکو ئەو وردەکاریەی کەنیچە درکاندی و پێی لەسەر دادەگرت و بیانووی بۆ بهێنریتەوە. نیهلیزمی ئەدیبی کوردی له‌ویوه هاتبوو که هیچ ئەلتەرناتیڤێکی نەبوو بۆ شێوەی بیرکردنەوە و ئاڵوگۆڕ لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان، واتە لایەنگیری لەهیچکام لەو بیرکردنەوانە نه‌کردووه کەگوتاری ئیدیالیزم یان ماتریالیزم بەرگرییان لێدەکرد، بۆیە رێگەیەکی بەرزەخیان گرتبووە بەر و کەڵکیان لەزاراوەی سەربەخۆیی وەرگرتبوو، سەربەخۆییەک کەجگە لەبێ هەڵوێستی هیچی دیکە نەبوو، لەحاڵێکدا نیهلیزم جەنگێکە ماهیەتی شتێک دەنرخێنێ و ماهیەتی شتێکی دیکە و بەهاکەی بێ‌نرخ دەکات، ئەدەبی کوردی لەو پنتەدا بێبه‌رهه‌م بوو که‌لانیکه‌م ده‌بوو رەوتێکی ئەدەبی بخوڵقێنێ کەنیهلیزمیەتی پێوەدیاربێت دژی سیاسەت. نیهلیزم لەشوێنێکی دیکەدا بۆخۆی بەشێکە لەجۆرە ئیرادەیەک بەرامبەر ئیرادەیەکی سەرکەوتکەرانە، ئه‌م چەمکە کارى خۆى نەکرد کەخۆی لەجەنگێکی نادیاردا ئاشکرا بکات، به‌لکو خراپ ره‌نکیدایه‌وه له‌ئه‌ده‌بدا، وەختێک کەئەمە نەکرا بەخەمێک و شێوەی بیرکردنەوەکە جێگەی قەبوڵ نەبوو، بەڵام نەشتوانرا شۆڕبکرێتەوە بۆ خوارەوە کەخوێنەر و گروپە کۆمەڵایەتیەکان زیاتر هەستی پیبکه‌ن، لەبەرامبەر ئەمەدا پێچەوانەکەی کرا بەمۆدێل و زۆربه‌ى ئەوانەی بەناوی رۆشنبیر و نوسەر و قەڵەمبەدەستەوە کاریان دەکرد، نەک هەر نیهلیستی نەبوون، بەڵکو زۆر واقیعیانە بوون.
له ساڵى (2004)وه له شارى سلێمانى به‌ردى بناغه‌ى (مۆزه‌خانه‌ى هونه‌رى هاوچه‌رخ)دانراوه، له‌وکاته‌وه تا ئێستا ناوبه‌ناو کار له‌م پڕۆژه‌یه‌دا ده‌کرێت، پرۆژه‌که کارى هاوبه‌شى هونه‌رمه‌ندانى کورد و وڵاتى فه‌ره‌نسایه‌و له‌سه‌ر ئه‌رکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دروستکراوه، به‌ڵام وه‌ک سه‌رپه‌رشتیارانى پڕۆژه‌که ده‌ڵێن هێشتا به‌ته‌واوه‌تى کاره‌کانى مۆزه‌خانه‌که ته‌واو نه‌بوه‌و هێشتا بۆ نمایشى کارى هونه‌رى جیهانى نه‌شیاوه، ده‌رباره‌ى بیرۆکه‌و کاره‌کانى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه، (په‌ڕاو)ى هاوڵاتى ئه‌م دیداره‌ى له‌گه‌ڵ خانمه هونه‌رمه‌ندى فه‌ڕه‌نسى(ئیدیت هینرى) یه‌کێک له ڕێکخه‌رانى کاروبارى مۆزه‌خانه‌که ئه‌نجامدا. سازدانى: هانه شاخى *چۆن بیرۆکه‌ى مۆزه‌خانه‌ى هاوچه‌رختان دانا؟ - مێژووى دروستکردنى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه کۆنه ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاوه باسى بکه‌م، زۆرى ده‌وێت، به‌ڵام پێش دروستکردنى بیرۆکه‌ى مۆزه‌خانه‌یه‌کى وه‌ها هه‌بوو، وه هه‌ر ئه‌وکات له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (ڕێبوار سه‌عید)دا باسمان کردبوو، که هونه‌رمه‌ندێکى (پۆڵۆنی)ش هاوکارمان بوو، دواتر پڕۆژه‌که گه‌ڵاڵکراو له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى کورد و فه‌ره‌نسى کۆبوینه‌وه‌و یه‌کترمان ناسى و کارمان بۆ دروستکردنى تێیداکرد، پێشتریش له ساڵى (1994)دا ڕێکخراوى (باڵنده‌باران)مان دروستکرد، وه چه‌ند چالاکى و نمایشێکمان له کوردستان ئه‌نجامدا، له ساڵى (1998) له‌سه‌ر پێشنیارى هونه‌رمه‌ند (ڕێبوار سه‌عید) تابلۆى چه‌ند هونه‌رمه‌ندێکى فه‌ره‌نسیمان کۆکرده‌وه، که ژماره‌یان (50) تابلۆبوو، مه‌به‌ست له‌م کاره‌ش کردنه‌وه‌ى په‌نجه‌ره‌و ده‌رگایه‌کى نوێى هونه‌رى کوردى بوو به‌ڕووى دنیادا، به‌ڵام بیرمان له‌وه کردوه له کوێ کاره‌کان نمایش بکه‌ین، چونکه هیچ مۆزوخانه‌یه‌ک لێره بوونى نه‌بوو، دواتر بیرۆکه‌ى مۆزه‌خانه‌یه‌کى وامان گه‌ڵاڵه‌کردو له‌گه‌ڵ (ڕێبوار) چوین قسه‌مان له‌گه‌ڵ دیزاینه‌رێکى کورد له وڵاتى هۆڵانداکرد، به‌ناوى (کاروان فه‌تاح) تا دیزایتى مۆزه‌خانه‌یه‌کمان بۆ دروستبکات، وه من له فه‌ره‌نساوه به ئۆتۆمبیله دوو ته‌نیه‌که‌ى خۆم چوم بۆ هۆڵه‌ندا بۆ ئه‌وه‌ى (کاروان)ببینم. دیزاینه‌که دروستکراو خۆشبه‌ختانه له کوردستانیش (شاره‌وانى)سلێمانى پارچه زه‌ویه‌کى بۆ دابینکردو پارێزگاریش ڕ‌ازى بوو له‌سه‌ر دروستکردنى، ئه‌وه‌بوو ساڵى (2004) ده‌ستکرا به دروستکردنى مۆزه‌خانه‌که. * ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه ماوه‌ى ته‌واو بونه‌که‌ى زۆرى خایاند و تا ئێستاش به‌باشى ته‌واو نه‌بووه، هۆکارى ئه‌مه چییه؟ ئایا ئێوه ته‌نها له‌ڕووى هونه‌ریه‌وه کارى تێدا ده‌که‌ن، یان سه‌ر په‌رشتى دروساکردنى مۆزه‌خانه‌که‌ش ده‌که‌ن، هۆکارى ته‌واو نه‌بوونى تا ئێستا چییه؟ - ئێمه ته‌نها سه‌رپه‌رشتى کارى هونه‌ریه‌که‌ى ده‌که‌ین و هیچ بڕه‌پاره‌یه‌کمان بۆ دروستکردنى نه‌داوه، به‌ڵام هه‌میشه هۆکارى ته‌واو نه‌بوونى بۆ ئێمه‌ش جێگاى پرسیار بووه، وه ئێمه هه‌میشه له هه‌وڵى ئه‌وه‌داین ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه ببستینه‌وه به مۆزه‌خانه‌کانى ئه‌وروپاوه. * له ئێستادا ئه‌م موزه‌خانه‌یه تاچه‌ند بنه‌ماکانى مۆزه‌خانه‌ى جیهانى تیایه؟ - به‌داخه‌وه که ده‌ڵێم هێشتا هیچ بنه‌مایه‌کى تێدا نییه‌و بۆ ئه‌وه‌ى ببێته مۆزه‌خانه‌یه‌کى جیهانى کارى زۆرى ماوه، ئێستا به‌ته‌نها بینایه‌که‌و تۆش به‌ته‌نها بینا چى لێده‌کیت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم بیه‌وێت و هاوکار بێت ده‌توانرێت به ماوه‌یه‌کى که‌م بهێنرێته ئاستى مۆزه‌خانه‌گه‌وره‌کانى دونیا. بۆ ئه‌مه‌ش پێویستى به ئیشکردنى خه‌ڵکانى شاره‌زایه له‌و بواره‌دا، له ڕاستیدا زۆر که‌س پێیان خۆشه له مۆزه‌خانه‌که کاربکه‌ن، به‌ڵام پێویستیان به هاوکارییه، له ڕابردوودا زۆرێک له‌وکارانه‌ى له‌م مۆزه‌خانه‌یه‌دا کراون خۆبه‌خشانه‌بوون، به‌ڵام هه‌موو شتێک به خۆبه‌خشانه ناکرێت، به‌تایبه‌ت بۆ مۆزه‌خانه‌یه‌ک که به ڕاستى پڕۆژه‌یه‌کى گه‌وره‌یه. *له ئێستادا پڕۆژه‌که‌تان گه‌یشتوه به‌چى؟ به‌نیازى چ چالاکیه‌کى هونه‌رین له نێوان هونه‌رمه‌ندانى فه‌ره‌نساو کوردستاندا؟ - له ڕاستیا به‌رده‌وام پڕۆژه هه‌یه وه هونه‌رمه‌ندانێکى زۆرى فه‌ره‌نسى ده‌یانه‌وێت بێن و لێره کاره‌کانیان پیشان بده‌ن، به‌مه‌ستى ئاڵوگۆڕى هونه‌رى، به‌ڵام لێره هاوکارى هیچ نییه، هه‌ر چه‌نده له پێشتردا هه‌ندێک کارمان کردوه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بین له داهاتوودا، له ئێستادا (90) هونه‌رمه‌ندى فه‌ره‌نسى به بێبه‌رامبه‌ر تابلۆکانى خۆیان به‌خشیوه به مۆزه‌خانه که‌و ئاماده‌ن بێنه ئێره‌و پڕۆژه‌ى هونه‌رى بکه‌ن، به‌ڵام بیگومان ئه‌وه پێویستى به هاوکارى مادى هه‌یه. ئێمه ده‌توانین هاوکارى بچوکى بۆ په‌یداکه‌ین، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى که مۆزه‌خانه‌که هى سلێمانى و موڵکى حکومه‌تى هه‌رێمه، ده‌بێت ئه‌وان هاوکارى مادى گه‌وره‌ى بکه‌ن، * تا ئێستا سه‌ردانى به‌رپرسانى حکومه‌تان کردوه به مه‌به‌ستى هاوکارى پڕۆژه‌کانتان، ئایا ئه‌وان هیچ پێشوازى له بیرۆکه‌و پڕۆژه‌کانتان ده‌که‌ن؟ - له ڕاستیا ئێمه سه‌ردانمان نه‌کردوون، به‌ڵام له پێشتردا وتیان که وه‌زاره‌تى ڕ‌ۆشنبیرى حکومه‌تى هه‌رێم چه‌ند کارمه‌ندێک ده‌نێرێت بۆ فه‌ره‌نسا بۆ بینینى خول و وۆرک شۆپ به‌مه‌به‌ستى کارکردن له مۆزه‌خانه‌که‌دا، به‌ڵام هیچیان دیارنییه‌و ئه‌و کاره‌ش نه‌کراوه تا ئێستا، له کوردستان که‌سانى دڵسۆز له نمونه‌ى (شیروان فاتیح) هه‌ن که خۆبه‌خشانه ده‌یانه‌وێت کار له مۆزه‌خانه‌که‌دا بکه‌ن، به‌ڵام خۆ ئه‌وه‌ش سنورداره‌و ناتونرێت تاسه‌ر هه‌روا بمێمێنه‌وه، ده‌کرا له سه‌ره‌تادا گرۆپێک بۆ به‌ڕێوه‌چونى کاره‌کانى دروستبکرایه به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه‌ش نه‌کراوه. * بۆ شارێکى وه‌ک سلێمانى که پایته‌ختى ڕۆشنبیریه گرنگى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه چیه؟ به‌و پێیه‌ى یه‌کێک له بنه‌ماکانى شارى مۆدێرن بونى (مۆزه‌خانه‌و هۆى سینه‌ما و ئۆپیراو شانۆ) یه؟ - راستیه‌که‌ى بونى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه زۆر پێویسته، به‌تایبه‌ت بۆ شارێکى وه‌ک سلیمانى که به‌رده‌وام له گه‌وره‌بوندایه‌و پایته‌ختى ڕۆشنبیریشه، وه بوونى مۆزه‌یه‌کى وا ته‌نها بۆ پیشاندانى تابلۆ نییه یان بۆ کافى و قاوه خواردنه‌وه، به‌ڵکو ده‌بێته ناوه‌ندێکى به‌هێز بۆ توێژینه‌وه‌و گه‌ڕان و دیراساتى گرنگى پڕچالاکى له سه‌رجه‌م بواره‌کاندا، وه ده‌بێته ماڵێکى گرنگ بۆ ناساندنى هونه‌رمه‌ندانى کورد‌و جیهان، وه ده‌بێته پردى ناساندنى خه‌ڵکانى ئاساى و بینه‌رى کاره هونه‌ریه‌کان و هونه‌رمه‌ندان، وه ده‌بێته شوێنێکى گرنگ بۆ پاراستنى ئه‌رشیفى کاره هونه‌ریه‌کانى هونه‌رمه‌ندان. ئومێده‌که‌م ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه له داهاتودا ببێته ده‌رگایه‌ک به ڕووى هونه‌رى هه‌موو دنیادا بکرێته‌وه نه‌ک ته‌نها هونه‌رمه‌ندانى فه‌ره‌نسا. هه‌رچه‌نده مۆزه‌خانه‌که له ئێستادا کارى زۆر تیاماوه، به‌ڵام ده‌توانین به ماوه‌یه‌کى که‌م بیکه‌ینه موزه‌خانه‌یه‌کى گرنگ و به (یونسکۆ)ى بناسێنین و بیکه‌ینه مۆزه‌خانه‌یه‌کى جیهانى. * ئێوه ئه‌و په‌یامه‌تان بۆ به‌برپرسانى ڕ‌ۆشنبیرى سلێمانى نه‌گه‌یاندووه که پایته‌ختى ڕ‌ۆشنبیرى پێویستى به پڕۆژه‌یه‌کى گه‌وره‌ى گرنگه. - نه‌خێر من وه‌ک خۆم هیچى وام نه‌کردووه، به‌ڵام قسه‌م له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى هونه‌رى له سه‌فاره‌ت و قونسوڵى فه‌ره‌نسى له به‌غداو هه‌ولێر کردوه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بم. * بونى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه تا چه‌ند ده‌توانێت هونه‌رى شێوه‌کارى کوردى له لۆکاڵیه‌وه به‌رێته ده‌ره‌وه‌و بیکاته جیهانى. - به‌و پێیه‌ى هونه‌رمه‌ندانى باشتان له ده‌ره‌وه‌ى وڵات هه‌یه له هه‌موو ئه‌وروپاو ئه‌مریکا ئه‌وا شانسێکى باشتان هه‌یه به‌زووى به‌ره‌و پێشه‌وه بڕۆن و هونه‌ره‌که‌تان به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رن، چونکه به‌ڕاستى ئێره هونه‌رمه‌ندى باشى لێیه‌و کاره‌کانیان زۆر پێشکه‌وتوون. * ڕۆڵى پێشکه‌وتنى ته‌کنه‌لۆجیا چیه له پێشکه‌وتنى هونه‌رى شێوه‌کاریدا؟ تا چه‌ند له کوردستان سود له ته‌کنه‌لۆجیا بۆ پێشخستنى ئه‌م هونه‌ره بینراوه؟ - هونه‌رى نوێ (هونه‌ر بیستن و بینین و بیر کردنه‌وه‌و تێڕامانه)، مه‌رج نییه بۆ هونه‌ر خوێندن پێویست بێت ئه‌وه‌نده‌ى بیرکردنه‌وه‌و تێڕامان پێویسته، هه‌ندێکجار کارێکى هونه‌رى که ئه‌نجامى بیرکردنه‌وه‌ى قوڵه سه‌دانجار باشتره له‌وه‌ى چه‌ند ساڵێک بۆى بخوێنیت، * ئاستى هونه‌رى هونه‌رمه‌ندانى ئێره له چ ئاستێک‌دا ده‌بینیت؟ - من وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک قسه ده‌که‌م، وه‌ک چۆن له فه‌ره‌نسا هونه‌رمه‌ندى (باش و مام ناوه‌ند و خراپ) هه‌یه لێره‌ش هه‌ر وایه به‌راستى هونه‌رمه‌ندى زۆر باش لێره هه‌یه و من به کاره‌کانیان سه‌ر سامم. به‌ڵام ئه‌وه‌ى کێشه‌و کێماسیه له‌به‌رده‌م هونه‌رمه‌ندانى ئێره نه‌بوونى هۆڵى گه‌له‌رى باش و ئیناره بۆ نمایشى کاره‌کانیان و شوێنى ئه‌رشیفیه بۆ تابلۆکانیان. * کاتێک باس له هونه‌رى هاوچه‌رخ ده‌که‌ین، مه‌به‌ستمان له‌مه چیه؟ ده‌توانین چۆن له هونه‌رى هاوچه‌رخ بڕوانین؟ وه/ هونه‌رى هاوچه‌رخ له مۆزه‌خانه‌کانه‌کانه‌وه ده‌ست پێده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى لێتێبگه‌ین ده‌بێت گرنگى به مۆزه‌خانه بده‌ین و که‌سانى شاره‌زاى لێوه به‌رهه‌م بهێنین. *ئایا ده‌کرێت له داهاتودا ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه بکرێت شوێنى به ده‌ساهێنانى داهات؟ به هاتنى گه‌شتیارى بیانى بۆ سه‌ردانى کاره هونه‌ریه‌کانى ناوى؟ - له ڕاستیدا له کوردستان بۆ هه‌ر شتێک باسى پاره بکه‌یت باش نییه؟ له‌به‌ر ئه‌وه نه‌خێر. چونکه لێره پیشانى فیلم و شانۆ گه‌ر به پاره بێت که‌س ناچێت. بۆ سه‌ردانکردنى گه‌شتیارى بیانیش بڕواناکه‌م داهاتێکى واهاى هه‌بێت که پشتى پێببه‌سترێت و وه‌ک سه‌رچاوه‌ى ده‌ستکه‌وتنى داهات لێى بڕوانرێت. ئه‌وه‌ى له ئێستادا گرنگه ئه‌وه‌یه شوێنه‌که زیندو که‌ینه‌وه‌و بیناسێنین له دواتردا بۆ شتى تر خوا گه‌وره‌یه. *له ئێستادا ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵێک هونه‌رمه‌ندى جیهانى بیانه‌وێت نمایشى کاره‌کانیان له‌م مۆزه‌یه‌دا بکه‌ن ده‌توانن؟ - نه‌خێر له ئێستادا ناتوانن، چونکه کارکردنى زۆر تیادا ماوه. * هیچ ئومێدێکتان به‌وه هه‌یه به‌و زوانه بتوانن کاره‌کانى ته‌واو بکه‌ن و بۆ نمایش بشێت؟ - به‌ڵێ بۆ نا له داهاتودا ده‌توانین ئه‌و کاره بکه‌ین، به‌ڵام بۆ ئێستا نا. له ئێستادا (217) تابلۆى هونه‌رمه‌ندانى به‌ناوبانگى فه‌ره‌نسیم له‌سه‌ر ئه‌رکى خۆم هێناوه‌و ئاماده‌ن بۆ نمایش، به‌ڵام هیچ که‌س نییه سپۆنسه‌رى ئه‌و کاره بکات. * ئێستا چه‌ندى ماوه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه به ته‌واوه‌تى ته‌واو بێت و ئاماده‌بێت بۆ نمایش؟ - له ڕاستیدا وه‌ک کارکردن ماوێتى ڕێکخراوى (باڵنده باران)ى کورد، پێشتر ماوه‌ى (3) ساڵیان دانابوو بۆ ته‌واو بوونى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه، ئێستا له‌و (3) ساڵه، ماوه‌ى ساڵ و نیوێکى ته‌واو بووه، ئه‌گه‌ر به‌م ساڵ و نیوه‌ى که ماوه ته‌واو نه‌بێت، ئیتر شتێک نابێت به‌ناوى (مۆزه‌خانه‌ى هونه‌رى هاوچه‌رخ) وه ئه‌گه‌ر کاره‌کانى به‌باشى ته‌وبکرێت ئه‌وا ئه‌م مۆزه‌خانه ده‌بێته دووه‌م مۆزه‌خانه‌ى هونه‌رى له دونیادا که هونه‌رمه‌ندانى جیهانى بێبه‌رامبه‌ر کارى تێدابکه‌ن و کاره‌کانى پێشکه‌ش بکه‌ن. که مۆزه‌خانه‌ى یه‌که‌م له وڵاتى (پۆڵه‌ندا)یه به‌ناوى مۆزه‌خانه‌ى (مۆدێرن) و مۆزه‌خانه‌ى (هونه‌رى هاوچه‌رخ) له هه‌رێمى کوردستان و شارى سلێمانى، که ئه‌مه‌ش له‌ڕاستیدا ده‌سکه‌وتێکى گه‌وره‌یه. بۆ کورد‌و شارى سلیمانى و هونه‌رمه‌ندانى.