هاوڵاتی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی شەوی شەممە لە سەر یەکشەممەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە نزیک ٦ کاتژمێری خایاند و لەو هێرشانەدا ئێران نزیک ٣٠٠ مووشەک و درۆنی گرتە خاکی ئیسرائیل، کچێکی تەمەن ٧ ساڵان بە سووکی بریندار بووەو ٩٩٪ ی مووشەک و درۆنەکان لە دەرەوەی خاکی ئیسرائیل خراونەتە خوارەوە. بەڵام ئەو هێرشە نیگەرانی زۆری لە کۆمەڵگای جیهانی دروستکردووەو لە دوێنێ شەوەوە بۆتە مانشێتی یەکەمی سەرجەم میدیاکان. سوپای پاسداران رایگەیاندووە زۆربەی زۆری ئامانجەکانی خۆی لەم هێرشەدا پێکاوەو ئەم هێرشە وەڵامدانەوە بووە بە کوژرانی ٧ ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران لەوانە محەممەد رەزا زاهیدی، بەرپرسی دۆسیەی سووریا و لوبنان لە سوپای قودس. لە بەرامبەردا ئیسرائیل باس لەوە ئەکات لەم هێرشانەدا زیانێکی ئەوتۆی پێ نەگەیشتووە. دوای ئەوەی رۆژی ١ی نیسان، ٧ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە بینای کۆنسوڵیەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژران، ئەگەری ئەوەی ئێران راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل زۆر بوو. هەرچەند وڵاتانی رۆژئاوایی و لەوانە ئەمریکا داوایان لە کۆماری ئیسلامیکرد دان بە خۆیدا بنێت و هێرش نەکات و نەبێ بە هۆی توندتربوونەوەی ناکۆکییەکان لە ناوچەکە، بەڵام درەنگانی شەوی شەممە ١٣ی نیسان بە درۆن و مووشەک لە ئێران و عێراق و لوبنان و یەمەنەوە هێرشکرایە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمریکا و فەرەنسا ٩٩٪ درۆن و مووشەکەکانیان بەر لەوەی بگەنە خاکی ئیسرائیل خستە خوارەوە و وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باس لەوە ئەکات تەنها زیانێکی زۆر زۆر کەم گەیشتۆتە بنکەیەکی هێزە ئاسمانییەکان لە باشووری ئیسرائیل. دەستبەجێ و دوای ئەم هێرشە، لە سەر داوای ئیسرائیل، کۆبوونەوەی کوتووپڕی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە بە کاتی نیۆیۆرک بەڕێوە ئەچێت. ئەنتۆنیۆ کۆرتێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و توندتربوونەوەی ناکۆکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ئەم هێرشەوەی شەرمەزار کرد. وتیشی :" زۆر نیگەرانم لەوەی ناکۆکی و نائارامییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر بێتەوە، داوا لە لایەنەکان ئەکەم خۆیان بەدوور بگرن لەوەی جەنگ لەناوچەکە پەرە بستێنێت". جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکاش رایگەیاند بۆ رێککەوتن و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوەی چۆن بە شێوەی دیپلۆماسی هەڵوێست بگرن بەرامبەر بە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، رۆژی یەکشەممە لەگەڵ وڵاتانی G7 کۆ ئەبێتەوە. سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وەک سەرۆکی ئێستای G7 دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ئەم کۆبوونەوەیە رێک ئەخات. بایدن جەختی کردەوە:" لەسەر فەرمانی من و بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل، لە ماوەی هەفتەیەکدا سوپای ئەمریکا فڕۆکە و پاپۆڕی بەرگری مووشەکی بالیستیکی گواستەوە بۆ ناوچەکە. بە هۆی جێگیربوونی ئەم هێزانە و لێهاتووی سەربازەکانمانەوە، یارمەتی ئیسرائیلمان دا بەوەی زۆرینەی رەهای درۆن و مووشەکەکان بخەنە خوارەوەو لەناویان بەرن". لەم کاتەدا کە نائارامییەکان قووڵتر بوونەتەوە، وەزارەتی بەرگری رووسیا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند پاپۆڕێکی هێزی دەریایی رووسیا کە مووشەکی سۆپەرسۆنیکی " کێنژاڵ"ی لەسەرە لە رێگای گەرووی سوئیزەوە گەیشتۆتە دەریای ناوەڕاست. رۆیتەرز لەم بارەوە نووسیویەتی کەشتی " مارسال شاپۆسنیکۆڤ" راسپێردراوە بەوەی بگاتە ئەو ناوچەیە و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات. بەڵام باسی لە وردەکاری ئەرکەکانی نەکردووە. هەر لەم پەیوەندەدا وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە دوو لایەن کردووە دان بە خۆیاندا بگرن و هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی بە " دوایین سەرڕێژی جەنگی غەزە" وەسف کردووەو داوای کردووە پەسەندکراوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ئاگربەست لە غەزە جێبەجێ بکرێت و هەروەها وتوویانە، ئەبێ لە ئێرەدا جەنگ کۆتایی پێ بێت. وەزارەتی دەرەوەی چین هەروەها وتوویەتی :" چین داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئەکەین کە هەموو هێزی خۆیان بخەنە گەڕ بەوەی ئاشتی و ئارامی بگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست". ئەمریکا و کەنەدا چی ئەڵێن؟ سەرەڕای جیاوازی بۆچوون و بیرکردنەوە لە نێوان جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا و بێنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەربارەی جەنگی غەزە و شێوەی بەڕێوەبردنی جەنگ، بایدن دوای هیرشی ئاسمانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، جارێکیتر جەختی کردەوە بەوەی ئەمریکا پەیوەستە بەوەی هاوکاری ئیسرائیل بکات بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی و رایگەیاند ئەمریکا بەرپرسایەتییەکی ئاسنینی هەیە بەرامبەر پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل. لەهەمانکاتدا کەناڵی تەلەفیزیۆنی CBS ی ئەمریکی رۆژی یەکشەممە ١٤ نیسان رایگەیاند، جۆبایدن نیگەرانە لەوە نتانیاهۆ سەرەڕۆیانە وەڵامی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بداتەوەو ئەمریکا بباتە ناو جەنگێکی بەربڵاوەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، بەرپرسانی دەوڵەتی بایدن لە وتووێژە تایبەتییەکانی خۆیان دەربارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسولگەری ئێران و کوژرانی ٧ فەرماندەی باڵای سوپا، هەستیان بە نیگەرانی کردوەو دەستەوەستانن. بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی بایدن بە NBC وتووە :" لام وانییە ئیسرائیل ستراتیژییەکی هەبێت، ئیسرائیلییەکان هەموو کات باشترین بڕیاری ستراتێژی نادەن". لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە،واشنگتۆن نیگەرانە لە چۆنیەتی بەڕێوەبەردنی جەنگ لە لایەن ئیسرائیلەوە دژی حەماس. بە پێی ئەم راپۆرتەی کەناڵی NBC ، کۆشکی سپی لەسەر ئەو باوەڕەیە ، ئیسرائیل نایهەوێت بچێتە جەنگی راستەوخۆوە لەگەڵ ئێران، بەڵام دڵنیا نین لەم بۆچوونەیان. ئەم راپۆرتەی کەناڵی NBC لە کاتێکدا بڵاو بۆتەوە کە جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کاتی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ٢٥ خولەک لەگەڵ نتانیاهۆ بە تەلەفۆن قسەی کردووە. لۆئید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کاتی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل پەیوەندی بە "گالانت" وەزیری بەرگری ئیسرائیلەوە کردووەو داوای لە ئیسرائیل کردووە، بەرلەوەی وەڵامی هێرشی ئێران بدەنەوە، ئەمریکا ئاگادار بکەنەوە. واشنگتۆن پێشتر رایگەیاندبوو کە ئاگاداری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسولگەری ئێران لە دیمەشق نەبووە کە بەو هۆیەوە ٧ ئەفسەری پلەباڵای سوپای پاسداران کوژران. دوا بە دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ، داوای لە ئەمریکا کردووە هێرشی سەرباز بکەنە سەر ئێران بەتایبەت ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. جۆن بۆڵتۆن لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی CNN رایگەیاند، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەوەی خستەڕوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل توانای ئەوەیان نەبووە بەر بە چالاکییە سەربازییەکانی ئێران بگرن. جۆن بۆڵتۆن هەروەها لە وتووێژێکیتر لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی NEWS MAX دەوڵەتی بایدنی بە تاوانبار زانی بەوەی ئێران توانیویەتی هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و لە راستییدا هێرشی ٧ی تشرینی یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل لە لایەن حەماسەوە بەشێک لە رێکارەکانی ئێران بەوە بۆ ئەوەی " بازنەیەکی ئاگر" بە دەوری ئیسرائیلدا دروست بکات. نانسی پلۆسی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و بەرپرسی پێشتری ئەنجومەنی نوێنەران لە پەیامێکدا لەگەڵ ئەوەی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزارکرد ، جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی بەرپرسایەتی ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئیسرائیل و پاراستینیان شتێکی نەگۆڕە و سوورن لەسەر ئەوەی پشتیوانی ئەو وڵاتە و خەڵکەکەی بن. جۆستین ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەداش هێرشی ئاسمانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزار کرد و وتی :" ئێمە پشتیوانی ئیسرائیلین و لەگەڵ ئەو وڵاتەیەن". ئەورووپییەکان هەڵوێستیان چۆنە؟ سەرۆککۆماری فەرەنسا لەگەڵ ئەوەی هێرشی راستەوخۆ و بێ وێنەی سەربازی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزار کرد، رایگەیاند ئەم رووداوە ئەبێت بە هۆی زیاتر ناسەقامگیربوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێمانۆئێل ماکرۆن لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕێ وتی :" فەرەنسا خۆی بە بەرپرس ئەزانێت بەوەی هەوڵ بدات بۆ پاراستی ئاسایشی ئیسرائیل و هاوبەشەکانی خۆی لە ناوچەکە و لە هەمانکاتدا داوای لە هاوپەیمانەکانی خۆی کردووە بۆ کەمکردنەوەی نائارامییەکان لە ناوچەکە دان بە خۆیاندا بگرن و وەڵام نەدەنەوە". وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند فەرەنسا یەکێک لەو وڵاتانە بوو هاوکاری ئیسرائیلی کردووە بۆ بەرگری کردن لە وڵاتەکەی بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی ئێران. لە لایەکیترەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند ، ئانالێنا بائێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژی یەکشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ناوەندی رووبەڕوو بوونەوەی قەیرانی دەوڵەت لە بەرلینی بە ئەستۆیە بۆ باسکردن و تاوتوێکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل. ریشی سۆناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، هێرشە بێ شەرمانەکانی ئێرانی شەرمەزار کرد و لای وایە ئەم هێرشانە ئەبێ بە هۆی پەرەسەندنی زیاتری جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها وتی :" ئێران جارێکیتر ئەوەی نیشاندا دەیهەوێت لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و لەو شوێنانەی هێزە میلیشیاکانی چالاکن، بشێوی بنێتەوەو ببێت بە هۆی نائارامی ناوچەکە". جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ەورووپا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵاتی X نووسیویەتی :" ئەم هێرشانە ئەبن بە هۆی پەرسەندنی زیاتری نائارامییەکان لە ناوچەکە و هەڕەشەیەکی جیدین لەسەر ئاسایشی ناوچەکە". بە پێی راپۆرتەکان سەرۆکەکانی ٧ وڵاتی پیشەیی دیمۆکراتیک G7 دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە کۆ ئەبنەوە بۆ گفتووگۆ کردن و تاوتوێکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و لە ئێستادا ئیتالیا سەرۆکی کاتی G7 ە. ئۆرسۆلا فۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رۆژی یەکشەممە لە تویتێکدا نووسی :" من هێرشی ئاشکرا و بێ پاساوی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە توندی شەرمەزار ئەکەم... لە ئێستادا هەموو لایەنەکان ئەبێ هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی ئارامی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە". پێدرۆ سانچێز سەرۆک وەزیرانی سپانیا داوای لە لایەنەکان کرد دان بە خۆیاندا بگرن و وتی :" مەدرید هەرچەشنە توندووتیژییەک کە ببێت بۆ هۆی تێکدانی ئاسایشی کەسانی مەدەنی بێتاوان شەرمەزار ئەکات". سویدیش بە هەمانشێوە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزارکرد و وتی :" ئەمە ئەنجامی زۆر جیدی و خراپی دەبێت لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و ئەبێت بە هۆی تێکدانی زیاتر ئارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکەین" وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزا کرد و لە راگەیاندنێکدا نووسیویانە :" ئەم هێرشانە ئەوە ئەخەنە روو کە پێویستە هەموو هێزەکانی دونیای ئازاد بەرگری لە سنوورەکانی دونیای دیمۆکراسی بکەن و هاوپەیمان بن بۆ بەرگریکردن".
هاوڵاتی ئەمرۆ یەکشەممە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٤، نەتەوەیەکگرتووەکان لە پەرەی فەرمی خۆی لە پێگەی "ئێکس" بڵاوی کردەوە ، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سەر داوای ئیسرائیل و بەمەبەستی تاوتوێ کردنی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست کۆدەبێتەوە. هەر لەمبارەیەوە نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەرەی خۆی لە سەر پێگەی "ئێکس" داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە پەلە بکات لە ناساندنی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی. لەلایەن خۆیانەوە وەزارەتی دەرەوەی چین سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل رایگەیاند،داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن و خۆیان لە زیاتر ئالۆزتر کردنی کێشە و کیشمەکێشەکان دووربگرن. جێی ئاماژەیە شەوی رابردوو ئێران لە تۆڵەی بوردومانکردنی باڵیۆزخانەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە دیمەشقی پایەتەختی ئیسرائیل ،بە زیاتر لە 300 مووشەک و درونی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل بەڵام بە پێی راگەیاندراوەکانی ئیسرائیل و ئاژانسەکانی هەواڵ ئەو هێرشە زیانێکی ئەوتۆی نەبووە بۆ ئیسرائیل.
هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری وەزارەتی بەرگری روسیا ئێوارەی رۆژی هەینی کۆی گشتی زەرەروزیانەکانی هەفتەی رابردووی هێزەکانی ئۆکرانیای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەنها لە هەفتەی رابردوودا هێزەکانی روسیا توانیویانە زیاتر 6685 سەربازی ئۆکرانی بکووژن و 1712 درۆن و دەیان مووشەکی رۆژئاواییش بخەنە خوارەوە. هەر لە بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری روسیادا هاتووە کە لە رۆژانی شەش تاکو دوانزەی مانگی نیسانی ئەمساڵدا هێزەکانی روسیا بە تووندی وەڵامی هێرشەکانی ئۆکرانیان داوەتەوە کە بە نیاز بوون زەرەروزیان بە پیشەسازی نەوت و گاز و وزەی روسیا بگەیەنن و هێزەکانیان لە رێگەی وشکانی و ئاسمانی و دەریاییەوە 47 هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر ژێرخانی وزە و بنکە لۆجیستی و کۆمەڵگە سەربازییەکانی ئۆکرانیا ئەنجامداوە". هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا ئەوە خراوەتە روو کە لە شەرگەی "دونیتسک" زیاتر لە 3000 هەزار سەربازی ئۆکرانی کوژراون و لە میحوەری "ئەفدیفکا"ش زیاتر لە 2130 سەربازی دیکە بە دەستی هێزەکانی روسیا کوژراون و 21 سەربازی ئۆکرانیش لە هەفتەی رابردوودا خۆیان تەسلیم بە هێزەکانی ئۆکرانیا کردووە . لە 24ی شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا دەستپێکرد. ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەوروپا هەر لە دەستپێکی جەنگەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکرانیا راگەیاند و بە چەک و پارە یارمەتییان داوە. لە شوباتی ئەمساڵیش، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، دەبێت وڵاتانی رۆژئاوا لەوە تێبگەن کە ناتوانن لە ئۆکراینا شکست بە رووسیا بێنن.
هاوڵاتی کاربەدەستانی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی ڕایانگەیاند پەنتاگۆن بوونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەکات، ئەمەش بە ناردنی کەشتی جەنگی و فڕۆکەی زیاتر بۆ ناوچەکە بە مەبەستی پاراستنی هێزەکانی بەتایبەت دوای هەڕەشەکانی ئێران. ڕۆژنامەی واشینتۆن پۆستی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکاوە ئەمڕۆ هەینی ١٢/٤/٢٠٢٤ بڵاویکردەوە کە ، پنتاگۆن بڕیاریداوە ژمارەیەک کەستی سەربازی بەرەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بجوڵێن بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاراستنی کارمەند و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا". ئەم گۆڕانکارییە نیگەرانییەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن دەردەخات لەوەی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل لە شەڕی غەزەدا لەوانەیە ببێتە هۆی توندوتیژییەکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنانەت لە کاتێکدا بەرپرسانی واشنتۆن ڕەتیان کردەوە ئەمەریکا دەستی هەبووبێت لە هێرشەکەی 1 ی مانگی چواردا لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی دوو فەرماندەی سەربازی ئێران، کۆماری ئیسلامی ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە هێرشەکە و بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی دا. سەبارەت بە جۆری ئەو کەشتی و فڕۆکانەی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەجوڵێنرێن ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوەکردوە کە بەرپرسێکی دیکەی بەرگری ئەمەریکا کە ئاگاداری پلانەکەی پنتاگۆنە ڕەتیکردۆتەوە جۆری کەشتییەکە ئاشکرا بکات لەبەر ئاسایشی کەشتییەکە. ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی بەوەشداوەکە، سەرکردە باڵاکانی پێنتاگۆن نائومێد بوون لەوەی ئیسرائیل حکومەتی ئەمەریکای ئاگادار نەکردۆتەوە پێش هێرشەکەی دیمەشق هاوکات ژمارەیەک کاربەدەستی پنتاگۆن لەم هەفتەیەدا بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیان ڕاگەیاندوە وەزیری بەرگری لۆید ئۆستن ڕاستەوخۆ سکاڵای لە هاوتا ئیسرائیلییەکەی وەزیری بەرگری یۆڤ گالانت کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە کاریگەری لەسەر هێزەکانی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا هەیە. لە کاتێکدا ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەمەریکا بەرپرسیار دەکات لە کردەوەکانی ئیسرائیل، لەوانە هێرشەکەی سەر دامەزراوەکەی لە دیمەشق، بەڵام ڕوون نییە کە ئایا تاران هەوڵدەدات ڕاستەوخۆ ڕێوشوێن لە دژی ئەمەریکا بگرێتەبەر یان تەنها تیشک دەخاتە سەر ئیسرائیل.
هاوڵاتی رووسیا و ئەڵمانیا نیگەرانن لە دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و ئێران و داوا دەکەن نەبنە هۆی قووڵتربوونەوەی قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێوشوێنی ئەمنی جیاوازیان گرتە بەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی وڵاتەکانیان. رۆژی پێنج شەممە ١١ ی نیسان، ئانالنا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای لە لایەنی ئێرانی کرد دان بە خۆیاندا بنێن و پەرە بە نائارامییەکان نەدەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەسەندنی جەنگ لە بەرژەوەندی کەسدا نییە. بە پێی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X بڵاو کراوەتەوە، داوا لە هەموو لایەنەکان کراوە دان بە خۆیاندا بنێنن و بەرپرسانە بجووڵێنەوە. هاوکات کۆمپانیای 'لۆفتهانسا'می ئەڵمانی بۆ فڕۆکەوانی کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە؛ بڵاویکردەوە، بەهۆی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسییە ئەمنییەکانەوە گەشتەکانیان بۆ تارانی پایتەختی ئێران ڕادەگرن و ڕێگەشنادەن هیچ فڕۆکەیەک لە تارانەوە بەرەو ئەڵمانیا بفڕێت. لە لایەکیترەوە، مۆسکۆ داوای لە ئێران و ئیسرائیل کردووە بەرپرسانە هەڵسووکەت بکەن و نەبن بە هۆی پەرەسەندنی نائارامییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دیمێتری پێسکۆڤ ، وتەبێژی کۆشکی کرێملین رۆژی پێنج شەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییەدا وتی :" گرینگە لایەنەکانی دان بە خۆیاندا بنێنن و نەبن بە هۆی پەرسەندنی نائارامی و ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەکە". لەهەمانکاتدا وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هۆشداریی بە هاووڵاتییە ڕووسیەکانی دەدات بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی ئیسرائیل و لوبنان نەکەن. لەوبارەیەوە ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، داوایان لە هاووڵاتییەکانیان کردووە خۆیان لە سەردانیکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزن، ئەوەش وەک ڕێکارێکی ئەمنی بۆ پاراستنی سەلامەتییان. گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەڵمانیا تا دێت پەرەدەسێنێت، و پێشبینیدەکرێت لەم چەند ڕۆژەدا ئێران وەڵامی هێرشەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەیان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بداتەوە کە بەهۆیەوە ژمارەیەک فەرماندە و سەربازیی سوپای پاسداران کوژران و بریندرابوون.
هاوڵاتی کۆریای بەکور بەردەوامە لە پەرەپێدانی بە بەرنامە سەربازییەکانی و ڕایگەیاند موشەکێکی نوێی مەودا ناوەندی تاقیکردەوە کە بە سوتەمەنی ڕەق بەکاردەهێنرێت و پێنج ئەوندەی خێرای دەنگ بەهێزە . سەرەتای ئەم مانگە، کیم سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی هەڵدانی موشەکێکی نوێی بالیستیکی هایپەرسۆنیکی مەودای مامناوەندی کرد، کە سوتەمەنی ڕەق بەکاردەهێنێت، کە شرۆڤەکاران دەڵێن، ئەو جۆرە چەکانە ئەگەر تەواو بکرێن، لەوانەیە بتوانن لە کۆریای باکورەوە بگەنە ئامانجە دوورەکانی وەک دورگەکانی ئەمریکا. ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریا KCNA لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردۆتەوە سەرۆکی کۆریای باکوور بەڵێنیداوە چەکی زیاتر و بەهێزتر پەرەپێبدات و بەرهەمبهێنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنەکانی، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ژاپۆن و کۆریای باشوور و ئەمەریکا. سەرۆکی کۆریای باکور لەم مانگەدا سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی هەڵدانی موشەکێکی نوێی بالیستیکی هایپەرسۆنیکی مەودای مامناوەندی کرد، کە سوتەمەنی ڕەق بەکاردەهێنێت و بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریا (KCNA) دەڵێت فڕۆکەی Hwasong-16B بۆ ماوەی نزیکەی 1000 کیلۆمەتر (621 میل) گەشتی کردوە، وگەیشتەووەتە بەرزی لوتکەیەک کە 101 کیلۆمەتر (62 میل) بووە. هاوکات سوپای سیئۆلی کۆریای باشوریش ڕایگەیاندووە، فڕۆکەکە نزیکەی 600 کیلۆمەتر (370 میل) لە ئاسماندا هەڵفڕیوە پێش ئەوەی لە دەریای نێوان کۆریای باشوور و ژاپۆندا بکەوێتە خوارەوە. جێگەیباسە لە ئێستادا کۆریای باکوور تەرکیزی کردۆتە سەر پەرەپێدانی چەکی سووتەمەنی ڕەقی پێشکەوتووتر، چونکە شاردنەوە و جووڵەیان ئاسانترە و دەتوانرێت خێراتر هەڵبگیرێت. چەکی سوتەمەنی شل پێویستە پێش هەڵدانی سووتەمەنی تێبکرێت ناتوانرێت بۆ ماوەیەکی درێژ بە سوتەمەنییەوە بمێنێتەوە و هەڵبگیرێت بەڵآم چەکی سوتەمەنی ڕەق وانییە. هەروەها چەکی هایپەرسۆنیک دیزاین کراوە بۆ ئەوەی پێنج ئەوەندەی خێرایی دەنگ تێپەڕێنێت و هەروەها دەتوانرێت لە کاتی فڕیندا مانۆڕ بکرێت. شیکەرەوەکانیش دەڵێن ئەو جۆرە چەکانە ئەگەر تەواو بکرێن، لەوانەیە بتوانن لە کۆریای باکورەوە بگەنە ئامانجە دوورەکانی وەک دورگەکانی ئەمریکا و ناوچە سنورییەکانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ژن و مێردێکی عێراقی لە ئەڵمانیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆساید و تاوانی دژ بە کچانی ئێزدی دەستگیرکران
هاوڵاتی پۆلیسی ئەڵمانیا رۆژی چوارشەممە ١٠ی نیسانی ٢٠٢٤ رایگەیاند، ژن و مێردیکی عێراقیان دەستگیرکردووە کە گومانی ئەوەیان لەسەرەو تۆمەتبارن بە کۆمەڵکوژی و تاوانی دژی مافی مرۆڤ لەبەر ئەوەی دوو کچی ئێزدییان کردووە بە کەنیزە. ئەم ژن و مێردە کە ناویا "توانا" و "ئاسیە"یە، تۆمەتبارن بەوەی لە ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٧ لە عێراق و سوریا دوو کچی ئێزدیان کردووە بە کەنیزە و دەستدرێژی سێکسیان کردوونەتە سەر و ئازار و ئەشکەنجەیان داون. پۆلیسی ئەڵمانیا باس لەوەدەکات، ئەم ژن و مێردە بەر لەوەی ساڵی ٢٠١٧ سووریا بەرەو ئەڵمانیا جێ بهێڵن ، دوو کچە ئێزدییەکەیان سپاردووەتە دەست ئەندامانیتری داعش، هەروەها بە وتەی پۆلیسی ئەڵمانیا، هەموو ئەم تاوانانە وەک هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئایینی ئێزدی دێتە ئەژمار و تاوانی دژ بە مافی مرۆڤە.
هاوڵاتی لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، سێ کوڕ و سێ نەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کوژران. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی قاهیرە، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی نیسانی 2024 لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، سێ کوڕی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، بەناوەکانی (حازم، ئەمیر و محەمەد) و سێ لە نەوەکانی کوژران و کوڕێکی دیکەشی بریندارە. لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی کوڕەکانی و نەوەکانی بە ئیسماعیل هەنییە درا کە لەئێستادا لە قەتەرە، لەدوای نیستنی هەواڵەکە هەنییە وتی "سوپاسی خوا دەکەم کە شەرەفی شەهیدبوونی کوڕەکانم و هەندێک لە نەوەکانمی پێم بەخشی، منداڵەکانم هاوشێوەی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەزە مانەوە و هەموو خەڵکی غەزە قوربانی زۆریان داوە". وتیشی "ئیسرائیل بە کوشتنی منداڵی سەرکردەکان، ناتوانێت ورەی فەڵەستینییەکان بۆ بەگریکردن لە دۆزە رەواکەیان بشکێنێت و ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 60 کەس لە خانەوادە و کەسوکارەکەی کوژراون و ئەوانیش هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ هاوڵاتییانی دیکەی فەڵەستینی نەبووە". وەزارەتی تەندروستی غەزە رایگەیاندووە، لە ئەنجامی دەستدرێژی داگیرکەری ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 122 شەهید و 56 بریندار گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکان. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا ژمارەیەک قوربانی لەژێر داروپەردوو و لەسەر رێگەیان ماون و تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگریی شارستانی ناتوانن بگەنە دەستیان.
هاوڵاتی رۆژی سێ شەممە ٩ی نیسان جۆن کێربی وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، رایگەیاند ئەگەر ئێران خوازیاری ئاگربەستە لە جەنگی غەزە، پێویستەفشار بخاتە سەر حەماس . قسەکانی جۆن کێربی سەبارەت بە فشارخستنەسەر حەماس لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە کاتێکدایە بەگوێرەی هەواڵێکی سابرین نیوز، کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا بە ئەمریکای وتووە بە مەرجێک دەستبەرداری تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل ئەبێت کە جەنگی غەزە رابگیردرێت و ئاگربەست بکرێت. سابرین نیوز کە ناوەندێکی هەواڵی سەر بە گرووپی مقاومەی عێراقە و بە زمانەکانی فارسی و عەرەبی هەواڵ و زانیارییەکان بڵاو ئەکاتەوە، دواتر ئەم هەواڵەی لە پەیج و کەناڵی تایبەتی تێلگرامی خۆی سڕییەوە. هاوکات دوا بە دوای هیرشی رۆژی ١ی نیسانی ئیسرائیل بۆ سەر بینایی کۆنسولگەری کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق کە بەو هۆیەوە لانیکەم ٧ ئەندامی پلەباڵای سوپای پاسداران کوژران، کۆماری ئیسلامی ئێران باس لە تۆڵەسەندنەوە ئەکات و ئیسرائیل کەوتۆتە دۆخی ئامادەباشییەوەو باڵیۆزخانەی خۆیان لە بەشێک لە وڵاتان داخستووە.
هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل دەڵێت "هێرشدەکەینە سەر ساری رەفەح"، ئاماژە بەوەشدەکات ماندوونەناسانە کاردەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٤ بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل رایگەیاند "وادەیەک بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح دیاری کراوە کە دوا پەناگەی فەلەستینییە ئاوارەبووەکانە لە غەزە"، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وادەکەی ئاشکرانەکردووە. ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمڕۆ ڕاپۆرتێکی وردم لەسەر دانوستانەکانی قاهیرە پێگەیشت، ئێمەش ماندوونەناسانە کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، لە پێش هەموویان ئازادکردنی هەموو بارمتەکانمان و بەدەستهێنانی سەرکەوتنی تەواو بەسەر حەماسدا". شاری رەفەح لە باشوری غەزە، جگە لە دانیشتوانەکەی خۆی، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار ئاوارەی غەزە و باکووری شارەکەی تێدایە.
هاوڵاتی هێزەکانی ڕوسیا لە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی کە لە ئۆکرانیادا هێرشی کردۆتە سەر لە پێشڕەویدایە و سەرۆکی ئۆکرانیاش داوای هاوکاری لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات. بە پێی زانیارییەکانی میدیاکانی ڕوسیا، هێزەکانی رووسیا لە بەرەی جەنگی ئەڤدیڤکاوە بەردەوامن لە پێشڕەویکردن بەرەو رۆژئاوای باکووری شارۆچکەی ڤۆدیان، نزیک شارۆچکەی ناتالیۆڤا بوونەتەوەو لە ٧٥٠ مەتری یەکەم بینای شارەکەدان. لە رۆژئاوای باخمووتیش باس لەوە ئەکرێت هێزەکانی رووسیا توانیویانە شارۆچکەی بۆگدانۆڤکا کۆنتڕۆڵ بکەن و بەرەو باکووری رۆژهەڵاتی شاری چاسیڤ یار لە پێشڕەوییدان و پاشەکشەیان بە هێزەکانی ئۆکراین کردووە لەو ناوچەیە. سوپای رووسیاش ڕایگەیاندووە لیوای ٩٨ی ئاسمانی ئیڤانۆڤ لە سنورەکانی شارەکەدا بەردەوامە لە جەنگ و ژمارەیەک بنکەی هێزەکانی ئۆکراین کۆنتڕۆڵکراوەو پاشەکشەیان بە هێزەکانی ئۆکراین کردووە. جێگەیباسە پێشتر هێزەکانی رووسیا توانیبوویان هێرش بکەنە سەر یەکەم بینای شارۆچکەی تێرنی لەسەر رووباری زێربێتس، کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای دۆنتێکسکەوە. ئەم پێشڕەوییەی ڕوسیا لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی ئۆکرانیا لە کاتێکدایە سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا داوا لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەکات یارمەتی بدەن بۆ بەهێزکردنی، بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی . ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا، رۆژی شەممە ٦ی نیسان لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئۆکرانیا رایگەیاند "ئەگەر هێزەکانی رووسیا هاوشێوەی مانگی رابردوو هەموو رۆژێک هێرش بکەنە سەر ئۆکراین، رەنگە مووشەکەکانمان تەواو بێت و هاوبەشەکانی کیێڤ ئاگاداری ئەم بابەتەن". لە لایەکیترەوە رۆژی یەکشەممە ٧ی نیسان رووسیا ئۆکراینی بەوە تۆمەتبارکرد کە هێرشێ کرۆتەوە سەر وێستگەی ئەتۆمی (زایۆپۆرتا) لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکراین کە لە لایەن رووسیاوە کۆنتڕۆڵکراوەو ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش داوای لە لایەنەکان کرد کە خۆیان بەدوور بگرن لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان.
هاوڵاتی خێزانی یەکێک لەو هاوڵاتییە فەڕەنسییانەی لە ئێران دەستبەسەرن بە کۆکردنەوەی واژوو هەوڵدەدات هۆشیاری بڵاوبکاتەوە لەسەر دۆخی خوشکەکەی و لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت ئەو زیندانەی خوشکەکەی تێدایە جهەنمە و ئەشکەنجە دەدرێت. نۆئێمی کۆهلێر، خوشکی سیسیل کۆهلیرە کە زیاتر لە ٧٠٠ رۆژە لەگەڵ هاوسەرەکەی بەبێ دادگایکردن لە ئێران دەستبەسەرە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆ فەردا باسی لەوەکردووە کە بەشی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین وەک جەهەنەم وایە. نۆئێمی دەڵێت، " سیسیل کۆهلێر و ژاک پاریس (خوشک و هاوسەری خوشکەکەی) لەگەڵ ئەوەی ئەشکەنجە دەدرێن ، ئێستا هەرکامەیان لە ژوورێکی ٩ مەتری لەگەڵ کەسانیتر دەستبەسەرن و کەسەکان بەردەوام دەگۆڕدرێن هەروەها لە ژوورەکەدا ، جێگای خەو، شوێنیپیسای و تەنانەت کورسیەکی لێ نییە. " لە ئێستادا لە ئێران شەش زیندانی فەڕەنسی هەیە و لەناویاندا سیسیل کۆهلێر مامۆستا و چالاکوانی مەدەنی و هاوژینەکەی ژاک پاریس، مامۆستای خانەنشین کراوی فەرەنسین کە بە ڤیزەی گەشتیاری سەردانی ئێرانیان کردبوو لە ڕۆژی ١ی پێنجی ٢٠٢٢ دەستگیرکران و گواسترانەوە بۆ زیندانی ئەڤین. ئەو دوو هاوڵاتییە فەڕەنسییە بە تۆمەتی پیلانگێری دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و بێ ئەوەی دادگایی بکرێن دەستگیرکراون. هەر لە چاوپێکەوتنەکەدا خوشکەکەی سیسیل باسی لەوەشکردووە کە سیسیل کۆهلێر و ژاک پاریس ناتوانن ئازادانە پەیوەندی بە بنەماڵەکەیانەوە بکەن و باسی دۆخی تەندروستی خۆیان بکەن. سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفونییەکانیش کە دەیکەن دەڵێت، ئەوان زۆر کەم و کورت پەیوەندیمان پێوە ئەکەن و مانگی ١ جار و بەڕێکەوت تەلەفۆن بۆ یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەمان ئەکەن هاوکات کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ تەلەفۆنکردن، هیچکات پێش بینی ئەوە ناکرێت کەی تەلەفۆن ئەکەن. ماوەی قسەکردنیان زۆر کورتە و نزیک ٥ خولەکە و کۆنتڕۆڵکراوە. بەشی ٢٠٩ ی زیندانی ئێڤین لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوە ئەچێت و لە ئێستادا جگە لە هاوڵاتی کورد و ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەری خۆپیشاندانەکانی بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی و چەندین هاوڵاتی بیانی شەش هاوڵاتی فەڕەنسیشی تێدا دەستبەسەرە .
هاوڵاتی دوای ئەوەی لە ٧ ی مانگی ١٠ ی ٢٠٢٣ دا بزوتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەرباشوری ئیسرائیل لە دەروازەی ئیرزی کە دەکەوێتە باکووری کەرتی غەززەوە شەڕی نێوان هەردوولا دەستیپێکرد و تائێستا زیاتر لە ٣٣ هەزار کەس لە غەززە کوژراون کە بەشێکی زۆری ژن و منداڵن. .شەڕی ئیسرائیل و حەماس بۆ ماوەی شەش مانگە بەردەوامەو بە یەکێک لە وێرانکەرترین و کوشندەترین شەڕەکانی سەدەی ۲۱ دادەنرێت لە ئێستاشدا بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو کەرتە ئاوارە بوون و بەشێک ی زۆری بەرەو شاری ڕەفەح لە لە باشوری غەزە هەڵهاتوون نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت بەهۆی ڕێگەنەدان بە چونە ناوەوەی خواردن و یارمەتییە مرۆییەکان جگە لە جەنگ قەیرانی نەخۆشی و برسێتی لەو کەرتە هەڵیداوە هاوکات ژمارەیەکی کەم لە فەڵەستینییەکان توانیویانە ناوچە گەمارۆدراوەکان بەجێبهێڵن. بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی هەواڵی ئەی پی بڵاویکردۆتەوە ئامارەکان بەم شێوەیەن: ژمارەی تەواوی ئەو کەسانەی مردوون لە سەرەتای جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل ؛ ژمارەی ئەو هاوڵاتییە فەڵەستینییانەی لە غەزە کوژراون : 33،137 ژمارەی منداڵ کە لە غەززە کوژراون : زیاتر لە 13 هەزار کەس ژمارەی ئەو هاوڵاتییە ئیسرائیلییانەی کە کوژراون: نزیکەی 1200 کەس ژمارەی ئەو فەيڵستینییانەی کە لە کەناری ڕۆژئاوا (west bank) کوژراون : 456 ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوە کردووە کە، وەزارەتی تەندروستی غەزە جیاوازی لە نێوان هاوڵاتیانی مەدەنی و حەماس ناکات لە کاتی هەژمارکردنی کوژراوەکاندا ، بەڵام دەڵێت ژنان و منداڵان نزیکەی دوو لەسەر سێی کوژراوەکان پێکدەهێنن. ژمارەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنی و بیانییانەی لە ئیسرائیل کوژراون لە حەوتی ١٠ دا:٧٨٠ ژمارەی کارمەندانی فریاگوزارییە سەرەتاییەکان کە لە ئیسرائیل لە ٧ی مانگی ١٠ دا کوژران: ٦٢ هاوڵآتیانی مەدەنی کە بە درێژای سنورەکانی باکوری ئیسرائیل کوژراون: ٩ کارمەندانی فیریاگوزاری سەرەتای کە لە غەززە کوژراون: ٢٢٤، جگە لەو ژمارەیە ٣٠ ی کارمەندی دیکەش لە کاتی دەوامی ڕەسمییاندا کوژراون ژمارەی کارمەندانی تەندروستی کە لە غەززە کوژراون: ٤٨٤ ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کە لە غەززە کوژراون: ٩٥ ژمارەی سەربازی ئیسرائیل / حەماس ژمارەی ئەو چەکدارانەی لە غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون: زیاتر لە ١٣ هەزار ( ئامارەکە سوپای ئیسرائیل بڵاویکردۆتەوە ) . ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل کە لە خاکی غەززەدا کوژراون: ٢٥٦ ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل کە لە ٧ی ١٠ دا کوژراون : ٣١٤ ژمارەی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی بە درێژای سنورەکانی باکوری غەززە کوژراون لە ٧ی ١٠ ەوە تا ئیێستا: ١١ کەرتی مرۆی: ٪ ٥٥.٩ ی تەواوی باڵەخانەکان تێکشکێنراون ٪٦٠ ی ماڵەکان بە تەواوی تێکشکێنراون ٪٩٠ ی خوێندنگاکان تێکشکێنراون ژمارەی ئەو نەخۆشخانانەی تا ئێستا ماوەو لە ناونەچووە ١٠ دانەیە لە کۆی ٣٦ دانە ژمارەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی کە ڕوبەڕوی قەیرانی نەبوونی خۆراک بونەتەوە بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ١.١ ملیۆنە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لەخوار تەمەنی دوو ساڵەوەن و توشی کەمی خۆراک و بەدخۆراکی بوون ٪٣١ ڕێژەی ئەو خوێندکارانەی کە دەستیان بە خوێندن ناگات ٪١٠٠ ژمارەی ئەو مزگەوتانەی بەتەواوی ڕوخاون: ٢٢٧ ژمارەی ئە وکەنیسانەی ڕوخاون: ٣ ژمارەی بریندارەکان؛ ژمارەی ئەو هاوڵاتییە فەڵەستینییانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە برینداربوون: ٧٥ هەزار و ٨١٥ ژمارەی ئەو فەڵەستینییانەی لە کەناری ڕۆژئاوا برینداربوون : ٤،٧٥٠ ژمارەی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە برینداربوون : ١٥٤٩ ژمارەی هاوڵاتییانی مەدەنی ئیسرائیلی کە لە سەرەتای جەنگەکەوە بریندار بوون : ٤،٨٣٤ ژمارەی ئەو کەسانەی بەبارمتە گیراون لە لایەن حەماسەوە لە سەرەتای جەنگەکەدا لە ٧ی مانگی ١٠ ی ٢٠٢٣ :٢٥٣ ژمارەی ئەو بارمتانەی ئازادکراون: ١٢٣ ژمارەی ئەو بارمتانەی کە لە ئێستادا لە ژیاندان و مردنیان پشتڕاستنەکراوەتەوە: ٩٨ ژمارەی ئەو بارمتانەی کە مردنیان پشتڕاستکراوەتەوە: ٣٦ جێگەیباسە لە نوێترین پێشهاتەکانی جەنگەکەدا ئەمڕۆ یەکشەممە وتەبێژێکی سەربازیی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هەموو هێزە زەمینییەکانیان لە باشووری غەززە کشاندوونەتەوە، جگە لە یەک لیوا هاوکات روون نییە کشانەوەکەی سوپای ئیسرائیل لە باشووری غەززە، دەبێتە هۆی دواکەوتنی ئەو هێرشەی پێشتر ئیسرائیل بڕیاری لێدابوو بۆسەر رەفەح بەمەبەستی لەنێوبردنی حەماس. کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری غەززە لەکاتێکدایە کە میسر ئامادەکاری دەکات بۆ گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل لای حەماس.
هاوڵاتی ئەمرۆ یەکشەممە ئاژانسی نیمچە فەرمی " تەسنیم"، لە زاری "یەحیا رەحیم سەفەوی" راوێژکاری "عەلی خامەنەیی" رابەری کۆماری ئیسلامی ئیران بڵاویکردەوە، لە ئێستا بەدواوە هیچ یەک لە باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە جیهاندا پارێزراو نین. ئەم قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە لە یەکی نیسانی 2024دا ئیسرائیل هیرشێکی ئاسمانی بۆ سەر کونسولییەی ئیران لە ناو جەرگەی دیمەشقی پایەتەختی سوریا ئەنجامدا و لە ئاکامدا ژمارەیەک فەرماندە و کەسایەتی پلە باڵای سوپای پاسدارانی ئێران کوژران. دوابەدوای هێرشەکەش کۆماری ئیسلامی ئێران بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد و سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند:" لەکات و ساتی گونجاودا تۆڵە دەکەینەوە". دوابەدوای هەرەشەکانی ئێران سوپای ئیسرائیل سەرجەم سەربازەکانی خستە حاڵەتی ئامادە باشییەوە. جێی ئاماژەیە لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولییەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشق ، حەوت ئەندامی پلە باڵای سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژران کە لە ناویاندا هەریەکە لە "موحەمەد رەزا زاهیدی" فەرماندەی سوپای قودس لە سوریا و لوبنان و "موحەمەد هادی رەحیمی" دەبینران.
هاوڵاتی هاوکات لەگەڵ داواکاری ئۆکرانیا لە هاوپەیمانەکانی بۆ بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند "بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بۆ خارکیڤ، دووەمین شاری گەورەی ئۆکراین لانیکەم ٧ کەس کوژراون". ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا، رۆژی شەممە ٦ی نیسان لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئۆکرانیا رایگەیاند "ئەگەر هێزەکانی رووسیا هاوشێوەی مانگی رابردوو هەموو رۆژێک هێرش بکەنە سەر ئۆکراین، رەنگە مووشەکەکانمان تەواو بێت و هاوبەشەکانی کیێڤ ئاگاداری ئەم بابەتەن". ئولێ سینیهۆبۆڤ، پارێزگاری خارکیڤ وتی "بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممەی رووسیا بۆ سەر ئەو شارە لانیکەم ١ کەس کوژراوەو ٣ کەس برینداربوون". پارێزگاری خارکیڤ ئاماژەی بەوەشداە، بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە لە درەنگانی شەوی شەممە ٦ کەس کوژراون و ١١ کەس برینداربوون. خارکیڤ نزیکە بە سنوورەکانی رووسیا و لەم مانگانەی دواییدا زۆرجار لەلایەن رووسیاوە هێرش کراوەتە سەر ئەو شارە. ئەندرێ یێرماک، بەرێوەبەری نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا بە گۆڤاری پلیتیکۆ-ی رایگەیاند "وادیارە خارکیڤ بووە بە ئامانجی رووسیا لەم بەهارەدا"، هەروەها وتی، سەرۆک کۆمار زێلێنسکی، جەختی کردووەتەوە کە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ناوچەکە زۆر گرینگە و هاوبەشەکانی ئۆکراین ئەتوانن لەم ڕووەوە یارمەتیمان بدەن. ئیڤان ڤێدۆرۆڤ، سەرۆکی شارەوانی ملیتۆپۆل، لە ناوچەی زاپۆریژیا لە کەناڵی فەرمی خۆی لە تێلگرام رایگەیاند "بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بۆ بەندەری "ئۆدسا" لە دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە ٦ ی نیسان، لانیکەم ١ کەس کوژراوەو چەند کەس بریندار بوون و رووسیا بە مووشەکی بالستیک هێرشی کردۆتە سەر ئەم بەندەرە". سەرۆکی شارەوانی ملیتۆپۆل هەروەها رایگەیاند "رووسیا رۆژی شەممە هێرشی کردۆتە سەر دامەزراوە پیشەسازییەکانی ئۆکراین لەشاری زاپۆریژیا لە باشووری ئۆکراین ، بەڵام زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە". ئیڤان ڤێدۆرۆڤ دەڵێت "بەهۆی هێرشەکانی شەوی هەینی رووسیا بۆ سەر ئەو شارە ٤ کەس کوژران و ٣١ کەس بریندار بوون". هەروەها بەپێی زانیارییەکان، رۆژی هەینی ئۆکراین بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی ئاسمانی رووسیا لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە و رووسیا لەو بنکەیەدا فڕۆکەی جەنگی سۆخۆی جێگیرکردووە کە بەهێزترین فڕۆکەی جەنگی رووسیایە. لە لایەکیترەوە و بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی "دەیلی تێلگراف"ی بەریتانی کە رۆژی شەممە ٦ی نیسان بڵاوکراوەتەوە، هێزەکانی رووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر چەند شوێن لە ئۆکراین چەکی کیمیایی بەکار هێناوە، ئەمە لە حاڵێکدایە بەکارهێنانی هەرجۆرە چەکێکی کیمیایی بە پێی کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکان لەجەنگدا قەدەغەیە.
