بەهۆی نقومبوونی كەشتییەكى کۆچبەرانەوە لە كەناراوەكانی ئیتالیا تائێستا ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوەو ژمارەیەکی دیکەش بێسەروشوێنن. ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس لەزاری وتەبێژى وتەبێژی کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاویکردەوە کەشتییەک لە دورگەی لامپێدوسا لە ئیتاڵیا، نوقومبووەو نزیکەی ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە. فیلیپۆ ئونگارو، وتەبێژەکە لە ئەکاونتی فەرمى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس نووسیویەتی "بەئازارێکی قووڵەوە ڕایدەگەیەنن دوای ئەوەی کەشتیەک نوقمبووە، کارمەندانمان یارمەتی ڕزگاربووان دەدات" و ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت "تائێستا تەرمى 20 لەو کەسانەى گیانیان لەدەستداوە دۆزراونەتەوە و ژمارەیەکى دیکەش بێ سەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە. ڕۆژنامەنووسێکی ڕادیۆ ڕادیکاڵ بە ناوی سێرجیۆ سکاندورا لە کەناڵی ئێکس بڵاویکردەوە کە بەلەمەکە ٩٧ کەسی هەڵگرتبوو کاتێک لە نزیک ٢٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای لامپێدوسا نوقم بووە. بەپێى ئەو زانیاریانەى بڵاوکراونەتەوە 12 بۆ 17 کۆچبەر بێسەروشوێنن، باس لەوەدەکرێت تا ئیستا 60 ڕزگاربوو بە سەلامەتی هێنراونەتە دوورگەکە. ئەو کۆچبەرانەی کە هەوڵی گەیشتن بە ئیتاڵیا دەدەن لە ڕێگەی لامپێدوسا لە باکووری ئەفریقاوە زۆرجار بە بەلەمی باری زۆرەوە دەپەڕنەوە یان لە ڕێگەی ڕێگای دەریایی مەترسیدارەوە لە ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاست هەڵدێن. فیلیپۆ ئونگارو لە پەیامەکەیدا لە کەناڵی ئێکس نووسیویەتی، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٦٧٥ حاڵەتی مردن لە ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاستدا تۆمارکراوە" و داوای "بەهێزکردنی کەناڵە یاساییەکان" بۆ کۆچبەری کردووە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا، ئەمساڵ ٣٨ هەزار و ٢٦٣ کۆچبەر لە ڕێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە ئیتاڵیا.
فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئامادەن سزاکانی سەر ئێران بگەڕێننەوە. بەپێی نامەیەک کە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بڵاویکردەوەتەوە، وەزیرانی دەرەوەی گرووپی بەناو E3 ڕۆژی سێشەممە نامەیەکیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیوە و ئەگەری "سناپباک"ی سزاکانیان بەرز بکەنەوە، ئەگەر ئێران هەنگاو نەنێت. ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لە ئامادەیی خۆیان بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا ئاگادار کردووەتەوە، ئەگەر تاران نەگەڕێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی. ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە نامەیەک ئاماژەی کراوە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتی بەناو ترۆیکای ئەورووپی ڕۆژی سێشەممە، نامەیەکیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیوە و ئاماژەیان بە ئەگەری "پاراستنی" سزاکان کردووە ئەگەر ئێران هەنگاو نەنێت. لە نامەکەدا وەزیرەکان ڕایانگەیاندووە، "ئێمە ڕوونمان کردووەتەوە، ئەگەر ئێران ئامادە نەبێت پێش کۆتایی مانگی ئابی 2025 بگاتە چارەسەرێکی دیپلۆماسی، یان دەرفەتی درێژکردنەوەی درێژکردنەوەکە نەقۆزێتەوە، ئەوا E3 ئامادەیە میکانیزمی سناپباک دەستپێبکات". هۆشدارییەکەی E3 دوای دانوستانی "جددی، ڕاشکاوانە و ورد" دێت لەگەڵ ئێران لە مانگی ڕابردوودا لە ئیستانبوڵ، کە یەکەم کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو بوو لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران. تاکوو ئێستا پێنج خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمەریکا سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی، بە نێوەندگیری عومان، ئەمساڵ بەبێ ئەنجام کۆتایی هات، بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و ئەو هێرشانەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجامیاندا. هەروەها نوێنەرانی "ترۆیکای ئەورووپی" (بریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا) لەو کاتەدا دانوستانیان لەگەڵ تاران ئەنجامدا، بەڵام نەیانتوانی ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕن لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران.
ئاژانسى فرانس پرێس لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، حکومەتى ئیسرائیل لە دانوستاندایە بۆ ئەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە بگوازێتەوە بۆ باشووری سودان و لەوێ نیشتەجێیان بکات و بۆ ئەو مەبەستەش شاندێک سەردانى ئەو وڵاتە دەکات. شەش کەسی ئاگادار لەو بابەتە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەسۆشێتد پرێس کردوەو زانیاریەکانیان پشتڕاستکردەوە، بەڵام ئەوە ڕووننەکراوەتەوە تا ئێستا گفتوگۆکان چەند پێشکەوتوون، بەڵام ئەگەر جێبەجێ بکرێن، پلانەکان دەچنە سەر گواستنەوەی خەڵک لە خاکێکی وێرانکراوی شەڕەوە کە مەترسی برسێتییان لەسەرە بۆ خاکێکی دیکە، هەروەها نیگەرانییەکانی مافەکانی مرۆڤ دەوروژێنن. ئیسرائیلیەکان لە گفتوگۆدان سەبارەت بە ئەگەری نیشتەجێکردنی فەلەستینییەکانى کەرتى غەززە لە باشوری سودان ڕۆژهەڵاتی ئەفریقای جەنگاوی، ئەمەش بەشێکە لە هەوڵە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل بۆ ئاسانکاری بۆ کۆچی بەکۆمەڵ لەو خاکەی کە بەهۆی هێرشە ٢٢ مانگەکەیەوە بۆ سەر حەماس وێران بووە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، دەیەوێت دیدگای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی بەشێکی زۆری دانیشتوانی غەززە لە ڕێگەی ئەو شتەوە بەدیبهێنێت کە ناتانیاهۆ بە "کۆچی خۆبەخشانە" ناوی دەبات. ئیسرائیل پێشنیاری هاوشێوەی نیشتەجێکردنی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەفریقادا خستۆتە ڕوو. نەتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ i24، و کەناڵی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل وتی: پێموایە کارێکی دروست، تەنانەت بەپێی یاساکانی جەنگیش وەک من دەیانناسم، ئەوەیە ڕێگە بە دانیشتووان بدەیت بچنە دەرەوە، دواتر بە هەموو هێزەوە دەچیتە ژوورەوە دژی ئەو دوژمنەی کە لەوێ دەمێنێتەوە. ئاماژەی بە باشووری سودان نەکردووە. فەلەستینییەکان و گرووپە چەکدارەکانى وەک حەماس و بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو پێشنیارانەیان وەک نەخشەیەک بۆ دەرکردنی زۆرەملێ بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەتکردووەتەوە. بۆ باشووری سودان، ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە دەتوانێت یارمەتی بدات بۆ دروستکردنی پەیوەندی نزیکتر لەگەڵ ئیسرائیل، کە ئێستا دەسەڵاتی سەربازی هەیە لەتەواوى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دۆناڵد ترەمپ لە مانگی شوباتدا بیرۆکەی نیشتەجێکردنی دانیشتوانی غەززەی خستەڕوو بەڵام پێدەچێت لەم چەند مانگەی ڕابردوودا پاشەکشەی لەو بیرۆکەیە کردبێت. وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک بدات و وەزیری دەرەوەی سودانی باشووریش وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە دانوستانەکان نەدایەوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هیچ لێدوانێک لەسەر گفتوگۆ دیپلۆماسییە تایبەتەکان نادات. میسر دژایەتی پێشنیارەکانی نیشتەجێکردنی فەلەستینییەکان لە دەرەوەی غەززە دەکات. جۆ سزلاڤیک، دامەزرێنەری کۆمپانیایەکی لۆبیکردنی ئەمریکی کە لەگەڵ باشووری سوودان کاردەکات، ڕایگەیاندووە، لەلایەن بەرپرسانی باشووری سودانەوە کورتەیەک لەبارەی گفتوگۆکانەوە ئاگادارکراونەتەوە. ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، شاندێکی ئیسرائیل بەنیازە سەردانی ئەو وڵاتە بکات بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەگەری دانانی کەمپ بۆ فەلەستینییەکان لەوێ بکات. تا ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ سەردانەکە دیاری نەکراوە. ئیسرائیل دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکی بۆ پشتڕاستکردنەوەی سەردانەکەی نەدایەوە. سزلاڤیک وتی پێدەچێت ئیسرائیل پارەی کەمپە کاتییەکان بدات.
ئێوارەى ئەمڕۆ سێ شەممە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا وتووێژێکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکى ئۆکرانیا ئەنجامدا. میدیاکانى تورکیا بڵاویانکردەوە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکە لەسەر داواى سەرۆکى ئۆکرانیابووەو لە میانەی قسەکانیاندا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تورکیا و ئۆکرانیا و هەروەها پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان تاوتوێ کراوە. ئەردۆغان پێزانینی خۆی بۆ ئەو پێشکەوتنانە دەربڕیوە کە لە دانوستانی ڕاستەوخۆی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئیستەنبوڵ بەدەست هاتوون و هیوای خۆی دەربڕی کە لە خولەکانی داهاتوودا ئەنجامە مانادارەکان سەبارەت بە ئاگربەستەکە بەدی بهێنرێت و زەمینە بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی خۆش بکات. هەر لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا ئەردۆغان ڕایگەیاندوە تورکیا ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی کۆبوونەوەى لوتکەیەک لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و پێیان وایە دامەزراندنی گروپی کار لە بوارەکانی سەربازی و مرۆیی و سیاسیدا ڕێگا بۆ لوتکەکە خۆش دەکات، جەختى کردەوە کە تورکیا بەردەوامە لە پشتیوانیکردن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا. ئەم پەیوەندیە تەلەفۆنیە لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن گوتی، "قسە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین دەکەم و پێی دەڵێم، دەبێت کۆتایی بەم جەنگە بهێنیت." هەروەها گوتی: "حەز دەکات زۆر زۆر بەپەلە ئاگربەستێک رابگەیێندرێت." سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، راستەوخۆ دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پووتین، کە بڕیارە رۆژی هەینی لە ویلایەتی ئالاسکا بەڕێوەبچێت، پەیوەندی بە زیلینسکی و سەرکردەکانی دیکەی ئەورووپاوە دەکات. ترەمپ گوتی: "کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ زیلینسکی و پووتین دەبێت، یان زیلینسکی، پووتین و من. ئەگەر پێویستیان بێت، من لەوێ دەبم." ترەمپ نەیشاردەوە کە "کەمێک نیگەران بووە" بەوەی زیلینسکی گووتوویەتی پێویستی بە ڕەزامەندیی دەستووری هەیە بۆ سازشکردن لەسەر خاکی وڵاتەکەی.
هێشتا بەشێک لەوڵاتانى ئەوروپا پاڵپشتى تەواوى حکومەتى ئیسرائیل دەکەن و هاوکاری پشتیوانى دیپلۆماسی پێشکەش دەکەن و نەچونەتە ئەو بەرەیەى کەپاڵپشتى و داواى دانپێدانانى دەوڵەتى فەلەستین دەکەن. هەریەکە لە هەنگاریا و کۆماری چیک و ڕۆمانیا ئەو سێ وڵاتەن لە ئەوروپا کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕەخنەیان لە هیچ کارو هەڵوێستێکى ئیسرائیل دەرنەبڕیوە. باڵیۆزی چیک بە ماڵپەرى ١٢ى ئیسرائیلى ڕاگەیاندوە، ئێمە بە ڕێوشوێنى خۆمان بە ئیسرائیل شەڕی یەکێتی ئەوروپا دەکەین. بەهێزترین بەرگری ئەتۆمی ئیسرائیل لە یەکێتی ئەوروپا لەسەر دوو وڵاتی بچووک دامەزراوە. هەنگاریا و کۆماری چیک دوو هاوپەیمانی نزیکی ئیسرائیلن لە ئەوروپا، کە پشتیوانی سیاسی پێشکەشی ئیسرائیل دەکەن. لەبەشێکى دیکەى وتووێژەکەیدا، ڤێرۆنیکا کۆچینۆڤا، باڵیۆزی چیک بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە کۆماری چیک شانبەشانی ئیسرائیل لە ڕێوشوێنەکانی یەکێتی ئەوروپادا شەڕ دەکات، تەنانەت لە بەرامبەر فشارە نێودەوڵەتییەکانیشدا. تا ئێستا هەر پێنج وڵاتی پێشەنگی یەکێتی ئەوروپا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، ئیسپانیا و پۆڵەندا، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا کارەکانى ئیسرائیلیان ئیدانە کردووە یان ڕەخنەیان لێ گرتووە. ڕەخنە توندەکانی ئیسرائیل زیاتر لەسەر بڕیاری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە کەرتی غەززە و درێژکردنەوەی شەڕ و قەیرانی توندی مرۆیی لە کەرتی غەززە چڕ دەبێتەوە. شانبەشانی ئەو وڵاتە کۆماری چیک هەیە کە بە درێژایی شەڕەکە بە بەردەوامی لە پاڵ ئیسرائیل وەستاوە. ڤێرۆنیکا کۆچینۆڤا، باڵیۆزی چیک لە ئیسرائیل ڕاگەیاندووە، "بە دڵنیاییەوە دژی ڕێوشوێنەکانی یەکێتی ئەوروپا دژی ئیسرائیل دەجەنگین. هێشتا نازانم هەڵوێستی فەرمی لەسەر داگیرکردنەوەی غەززە چییە - پێموایە کۆنترۆڵکردنی کاتی بۆ بنبڕکردنی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتەکان جێگەی قبوڵکردن دەبێت، کۆنترۆڵکردنی هەمیشەیی کەرتی وڵاتەکە دەتوانێت کێشە دروست بکات". هاوکات باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە یەکێتی ئەوروپا: "ئەوروپا دەتوانێت ئازارمان بدات".
رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا لەبارەی حەشدی شەعبییەوە، پەیامی نوێی داوەتە عێراق و داوایکردووە هێزەکانی حەشد لە مووشەک و درۆن دابماڵرێن، بە پێچەوانەوە، بەئامانجگرتنی ناوەندە سەربازییەکانیان یەکێک دەبێت لە بژاردەکانی ئەمریکا. یەکێک لە سەرچاوەکان بە عەرەبی جەدیدی گوتووە، ئەمریکا بە پلەی یەکەم گرنگی بە نەهێشتنی ئەو درۆن و مووشەکانە دەدات کە ئێستا لە دەستی گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبیدان، دوو بژاردەی داوەتە حکومەتی عێراق، یان دەبێت حکومەت درۆن و مووشەکەکانیان لێوەربگرێتەوە، یان سوپای ئەمریکا بە هێرشی ئاسمانی دەیانکاتە ئامانج. بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئەو رۆژنامەیە، لەمکاتەدا ئەمریکا مانەوەی حەشد یان تێکەڵبوونی بە سوپای عێراقی بەلاوە گرنگ نییە، بەڵکو سەرنجی لەسەر چەکەکانی دەستی گرووپەکانی سەربە حەشدی شەعبیە، نایەوێت ببنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.
تەلەفزیۆنی سوریا لەزارى سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کردوە هێزەکانی ڕوسیا بە چەند قۆناغێک بنکەکانى خۆیان لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆى ڕۆژئاواى کوردستان بەهێزتر کردووە، لەوانە نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنەی کە فڕۆکە ڕووسیەکانی تێدا جێگیر بووە و فراوانکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی سەرباز و ئەفسەرەکانیان لە ناوەندەکانی بەردەم بینای سەرەکی فڕۆکەخانەکە. ڕۆژى دووشەممە تەلەفزیۆنی سوریا گرتە ڤیدیۆییەکى تایبەتی هێزەکانی ڕووسیای دەستکەوتوە کە دەوری فڕۆکەکانیان بەهێزى زیاتر توندەوتۆڵ دەکەن لەنزیک جێگیرکردنی ڕادارەکان لەناو فڕۆکەخانەکەدا. بەربەستیان داناوە و دەروازەی چوونە ژوورەوەیان فراوانتر کردووە و ئاڵای ڕووسیایان بەسەر بینای فڕۆکەخانەکەدا هەڵکردووە. بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، دوو فڕۆکەی بارهەڵگری ڕووسی بە بەردەوامی لە نێوان فڕۆکەخانەی قامیشلۆ و بنکەی ئاسمانی حمەیمیمدا دەسوڕێنەوە و سەرباز و کەرەستەی لۆجستی و کەرەستەی سەربازی دەگوازنەوە بۆ فڕۆکەخانەی قامیشلۆ. دەشڵێت: ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە شێوەیەکی گشتی یان لە بەیانیان یان لە شەودا ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەی سەرنج و چاوی میدیاکان لەسەر جوڵەکانیان نەبێت. سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، ژمارەی سەربازانی ڕووسیا لە فڕۆکەخانەکە بەراورد بە پێش ڕووخانی ئەسەد، کەمیکردووە، بەڵام ڕووسیا لە مانگی ڕابردووەوە دەستی بەو جوڵانە کردووە. سەرچاوەکە پێشبینی کردووە کە لە ئێستادا نزیکەی 200 سەربازی ڕووسی لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ جێگیر کرابن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی متمانەی بە ئەمریکا نییە، بەهۆى ئەوەى بەشێوەى ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆش بەشدارى هێرش و شەرى ئیسرائیلیکردوە بەسەر وڵاتەکەمان. ئەمڕۆ دووشەممە ئیسماعیل باقایی، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئیران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا وتی: متمانەمان بە ئیدارەی ئەمریکا نییە. ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر جەختم لەوە کردۆتەوە، تەنانەت لە کاتی دانوستان لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا، متمانەمان پێیان نییە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها ڕەتیکردەوە نەرویج میوانداری خولی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، یان ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە نێوەندگیری نێوان هەردوولا پشتڕاست بکاتەوە. سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی لەیارەى دۆسیەى ئەتۆمى، ئیسماعیل باقایی ڕوونیکردەوە کەئەوان وازیان نەهێناوه، وتیشی: ناتوانرێت بگوترێ وتووێژ لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپایی وەستاوە، لە کۆبوونەوەی ئیستەنبوڵ کەڕۆژی هەینی دوو هەفتە لەمەوبەر بەڕێوەچوو، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر درێژەدان بەو دانوستانانە. ئەوەشى خستەڕوو تا ئێستا هیچ بڕیارێک سەبارەت بە کات و شوێنی قۆناغی داهاتوو نەدراوە. دووپاتی کردەوە کە پەیوەندیەکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی وادە و شوێنی کۆبوونەوەی داهاتوو. لەلایەکى دیکەوە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دوێنێ ڕوونی کردەوە کە پەیوەندی لەگەڵ لایەنی ئەوروپیدا نەوەستاوە. سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا، ئاراغچی وتی "تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە"، ڕەتیکردەوە ناوی هیچ وڵاتێک بخاتەڕوو کە میوانداری هەر دانوستانێکی ئەگەری بکات. عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تێلێگرام) نووسیویەتی: سبەی دووشەممە شاندێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی تاران دەکات و بۆ دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ هەماهەنگی نێوانمان گفتوگۆ دەکەین. دەشڵێت: لە شاندەکە جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە دەبێت. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەتی کردەوە کە شاندەکە سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان بکات تاوەکوو دەگەنە ڕێککەوتنێک. چوارشەممە 6ـی ئابی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، گوتی: بانگهێشتنامەیەک ئاراستەی جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و نوێنەرانی ئاژانسەکە کراوە، بۆ ئەوەی سەردانی تاران بکەن، بۆ تاوتوێکردنی دانانی میکانیزمێکی نوێ بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانمان. ڕوونیشی کردبووە، ئامانج لە سەردانی نوێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ تاران، بۆ ئەنجامدانی پشکنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان نییە و هیچ مۆڵەتێکیشیان لەو بارەیەوە پێ نادرێت.
وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکى فەرەنسا بۆتە هۆکارى شکستپێهێنان و تێکچوونى دانوستانەکانى نێوان حەماس و ئیسرائیل، کاتێک ماککرۆن باسى لەوەکرد دان دەنێت بەدەوڵەتى فەلەستیندا، ئەمەش بووه هۆی وەستانى گفتوگۆو ئازایەتى بەخشى بەبزتنەوەى حەماس و گروپە فەلەستینیەکان. ڕۆژى ٢٤ى تەمووزى ڕابردوو، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا، ڕایگەیاند وڵاتەکەی لە میانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا بە ڕەسمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت. لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا مارک ڕوبیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا دەڵێت: "گفتوگۆکان لەگەڵ حەماس لەو ڕۆژەدا درزى تێکەوتوو تێکچوو، کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بڕیاری تاکلایەنەی دا کە دان بە دەوڵەتی فەلەستین دەنێت". ئاماژەی بەوەشکردووە، دواتر کەسانی دیکەتان هەیە کە دێنە پێشەوە، وڵاتانی دیکە دەڵێن، باشە، ئەگەر تا مانگی ئەیلول ئاگربەست نەبێت، ئێمە دەچینە دان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا دەنێین’. ئەگەر من حەماس بم، لە بنەڕەتدا بەو ئەنجامە دەگەم کە با ئاگربەست نەکەین، دەتوانین پاداشتمان بدرێتەوە، دەتوانین ئەمە وەک سەرکەوتن پاداشت و دەستکەوت دەستنیشان بکەین، ئەمەش بەپێى وتەى ڕوبیۆ. وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ئەوەش دەخاتەڕووکەواتە ئەو پەیامانە، لەکاتێکدا تاڕادەیەکی زۆر لە مێشکیاندا ڕەمزین، بەڵام لەڕاستیدا بەدەستهێنانی ئاشتییان قورستر کردووە و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس قورستر دەکات. ئەم وتانەى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لەکاتێکدایە، حکومەتى ئیسرائیل سورە لەسەر بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجەکانی جەنگی غەززە کە بریتین لە کۆتایهێنان بە بزوتنەوەی حەماس و رەخساندنی زەمینەیەک بۆ رزگارکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلیەکان، لەگەڵ دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ سەرجەم پێکهاتەکان کە لە ئیسرائیلدا دەژین.
وەزارەتى دادى ئەمریکا رایگەیاند، پاداشتی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلایان کردوەتە دوو هێندەو 50 ملیۆن دۆلار دەدەین بەو کەسەى بتوانێت نیکۆلاس مادۆرۆى سەرۆکى ئەو وڵاتە دەستگیر بکات. سەرۆکی ڤەنزوێلا بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانەوە لەلایەن دادگاى فیدراڵى ئەمریکا داواکراوە و ئەو خەڵاتە 50 ملیۆن دۆلارییەى بۆ دەستگیرکردنى داناوە. ڕۆژی هەینى ئەمریکا ئەو پاداشتەی کە لە سەرەتای ئەمساڵدا پێشکەشی کردبوو بۆ گرتنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵی ئەمریکاوە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە داواکراوە، دوو هێندە زیادکرد بۆ ٥٠ ملیۆن دۆلار. لای خۆیەوە کاراکاس بڕیارەکەی واشنتۆنی ئیدانە کرد و بە "بەزەییدار" و "گاڵتەجاڕانە" وەسفی کرد. ئیڤان گیل وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی "ئەم 'پاداشتە' بەزەییدارە... گاڵتەجاڕترین کارە کە تا ئێستا بینیومانە". داواکاری گشتی لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێکس ڕایگەیاندووە: "وەزارەتەکانی داد و دەوڵەت خەڵاتی 50 ملیۆن دۆلاری بۆ هەر زانیارییەک ڕادەگەیەنن کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ". پاداشتەکە لە کاتێکدا لە مانگی یەکدا ٢٥ ملیۆن دۆلار بوو. ئەمریکا مادۆرۆ تۆمەتبار دەکات بەوەی کە یەکێکە لە گەورەترین بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان لە جیهاندا و دەڵێت لەگەڵ ئەو باندانە کاردەکات کە کۆکاین کە بە فێنتانیڵ بەستراوەتەوە، ئەمریکا لافاو دەکەن. مادۆرۆ لە ساڵی ٢٠٢٠ لە دادگای فیدراڵی مانهاتن، لە خولی یەکەمی ترەمپدا، لەگەڵ چەند هاوپەیمانێکی نزیکی، بە تۆمەتی فیدراڵی لە تیرۆریزمی ماددە هۆشبەرەکان و پیلانگێڕی بۆ هاوردەکردنی کۆکاین تۆمەتبار کرا. لەو کاتەدا ئەمریکا پاداشتی ١٥ ملیۆن دۆلاری پێشکەش کرد بۆ دەستگیرکردنی. دواتر ئیدارەی بایدن ئەو بڕە پارەیەی بۆ ٢٥ ملیۆن دۆلار زیاد کرد- هەمان ئەو بڕە پارەیەی کە ئەمریکا پێشکەشی ئوسامە بن لادنی کردبوو دوای هێرشەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١.
ڤیلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، پێدەچێت کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئیمارات ئەنجامبدرێت. دەشڵێت، ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ زێلێنسکی. لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ محەمەد بن زاید ئەل نهیان سەرۆکی ئیمارات راشیگەیاند، چەندین هاوڕێ و دۆستیان هەیە کە ئامادەییان نیشانداوە بۆ میوانداریکردنی کۆبوونەوەکەیان، لەوانە سەرۆکی ئیمارات کە وڵاتەکەی یەکێکە لە شوێنە گونجاوەکان. لەبارەی داواکەی ڤڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ کۆبوونەوەی رووبەڕوو لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، پوتن رایگەیاند، ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ ئەو کۆبوونەوەیە. پێشتر یوری یوشاکۆڤ، راوێژکاری باڵای کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ و واشنتن رێککەوتوون لەسەر ئەوەى لەم رۆژانەدا کۆبوونەوەی راستەوخۆی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا بەڕێوەبچێت. ئەگەر کۆبوونەوەکە بکرێت، دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی راستەوخۆی نێوان ترەمپ و پوتن دەبێت لە ساڵی 2021ـەوە، کە بە گوتەی راوێژکاری باڵای کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا، لەسەر پێشنیازی ئەمریکا بووە و لە هەردوولا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا بەشداری تێدا دەکەن.
بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیل ئاشکرایان کرد کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دژایەتی پلانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ناکات بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ بە ئامانجی داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە. ئەمڕۆ حکومەتی ئیسرائیل لەبارەی داگیرکردنی غەزە بڕیاردەدات، سەرۆکئەرکانیش دەڵێت، داگیرکردنی غەزە پێویستی بە سەرباز و تێچووی زۆر دەبێت، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ترەمپ بڕیاریداوە دەستوەردان نەکات و بڕیارەکەش بە دەستی حکومەتی ئیسرائیل جێهێشتووە، بەگوێرەی ئاکسیۆس. چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی وزاری ئیسرائیل کۆبێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی فراوانکردنی پرۆسە سەربازییەکانی غەزە بدات، دەستەی راگەیاندنی گشتی ئیسرائیلیش دەڵێت، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەزە زۆرینەی دەنگی پێویستی ئەنجومەنی ئەمنیی وزاری هەیە. وەک راپۆرتە میدیاییەکانی ئیسرائیل ئاماژەیان پێداوە، لەبارەی داگیرکردنی تەواوی غەزەوە ناکۆکی لە نێوان ئاستی سیاسی و سوپادا هەیە، بەڵام نەتەنیاهۆ سوورە لەسەر فراوانکردنی پرۆسە سەربازییەکان و کۆتاییهێنان بە حەماس و گەڕانەوەی بارمەتەکان. میدیای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشداوە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە غەزە چەند مانگێکی دەیەوێت و پێویستی بە جێگیرکردنی لانیکەم شەش فیرقەی سەربازی دەبێت. بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوەدا کە ترەمپ لە ژێر کاریگەری گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەلایەن حەماسەوە بڵاوکراوەتەوە، کە تێیدا بارمتەیەک گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێت، ئەمەش وایکردووە ڕێگە بە ئیسرائیلییەکان بدات "ئەوەی پێویست بێت بیکەن". بەڵام ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەی ترەمپ پشتیوانی لە پلانەکانی ئیسرائیل بۆ لکاندنی بەشێک لە غەززە ناکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکا گەیشتە مۆسکۆ، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەپاندنی پاکێجێکی نوێی سزاکانی ئەمەریکا بەسەر ڕووسیا دوادەخات تا دوای سەردانەکەی ویتکۆف. سەرچاوەیەکی نزیک لەو بابەتە ڕایگەیاند، ویتکۆف، لەگەڵ سەرکردایەتی ڕووسیا کۆدەبێتەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو. ویتکۆف پێشتر چەند جارێک لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا کۆبووەتەوە، بەڵام ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی ئەمەریکا تا ڕۆژی هەینی مۆڵەتی بە ڕووسیا داوە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا ڕابگرێت یان ڕووبەڕووی سزا نوێیەکانی ئەمەریکا دەبێتەوە. تا ئێستا کۆشکی سپی ئاشکرای نەکردووە بەنیازە ڕۆژی هەینی چ ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر، بەڵام پێشتر ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی باجی کردبوو، کە ئەو هاوبەشە بازرگانیانەی ڕووسیای ماونەتەوە، وەک چین و هیندستان دەکاتە ئامانج. ڕۆژی دووشەممە 4ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: هیندستان تاکە وڵاتە کە نەوتێکی زۆر لە ڕووسیا دەکڕێت، لە بازاڕێکی کراوە بە قازانجێکی زۆر دەفرۆشێتەوە. بۆیە باجی گومرگی لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی ئەو وڵاتە زیاد دەکات. لای خۆشییەوە، ڕاندیر جایسڤاڵ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان لە وەڵامدا ڕایگەیاندبوو، بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر هیندستان بێ پاساوە و پێشتر واشنتن بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی وزەی جیهان هانی نیو دەلهی داوە، نەوتی ڕووسیا بکڕێت.
تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا لە دیمەشق، ڕۆژی دووشەممە داوای لە سوورییەکان کرد کە ناکۆکیەکانیان لە ڕێگەی وتووێژەوە چارەسەر بکەن و جەختی لەوە کردەوە کە واشنتۆن پشتیوانی لە یەکگرتوویی سووریا دەکات. ئەمەش لە پۆستێکی باراکدا هات لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق دووبارە بڵاوکرایەوە و کۆمێنتێکی لەسەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سویدا و مەنبەجی سوریا نووسی. باراک لە پۆستەکەیدا دەڵێت: "دوێنێ (یەکشەممە) توندوتیژی تێکدەر لە سویدا و منبج سەریهەڵدا"، ئاماژەی بەوەشکرد "دیبلۆماسی و گفتوگۆ باشترین ڕێگایە بۆ وەستاندنی توندوتیژی و بنیاتنانی چارەسەرێکی ئاشتیانە و بەردەوام". هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو وڵاتەکەى (ئەمریکا) شانازى بەوەوەدەکات کە ڕۆڵى هەبووە لەئاگربەست و ڕیککەوتن لەسوەیدا لەنێوان حکومەت و گروپە چەکدارەکانى ناوچەکە. ئەمە لەکاتێکدایە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی هەسەدە دەڵێن: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی دیمەشق هێرشیان کردووەتە سەر چوار بنکەمان لە گوندی ئیمام، شەڕڤانانى هەسەدە لە 20 خولەکدا رووبەڕووی هێزەکانی حکومەتی سوریا بوونەتەوە. لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات جەختى کردەوە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە هەڵکشانێکی بێپاساوە، هاوکات حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتیی تەواوەتیی ئەم رەفتارانە دەزانێت. هەر لەو ڕاگەیەندراوەى هێزەکانى هەسەدەدا ئەوەش خراوەتەڕوو هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە و بەرگرییان لە پێگەی خۆیان کردووە، شەڕی بۆ ماوە 20 خولەک بەردەوام بووە. دەشلێن: دووپاتی دەکەینەوە، بەردەوانی ئەو هێرشانە جەبێتە هۆی درووست بوونی گرژی زیاتر و مەترسیی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە درووست دەکات. لەلایەکى دیکەوە ئێوارەی ڕۆژی شەممە، وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند، لە هێرشێکدا کە هێزەکانی سوریای دیموکراتی تۆمەتبار کردبوو ، لە لادێکانی منبج لە پارێزگای حەلەب (باکوور)، چوار سەرباز و سێ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون. ڕۆژی دواتر، ئەندامێکی ئاسایشی سوریا کوژرا و کەسانی دیکەش برینداربوون لە هێرشەکانی ئەو گروپانەی کە دیمەشق بە "دەرەوەی یاسا" وەسفیان کردبوو لە لادێکانی سویدە (باشوور) , ئەمەش پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست بوو کە لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا گەیشتبووە ئەنجام.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی لە ماوەی شەوێکدا ٦٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لەسەر چەند ناوچەیەکى وڵاتەکەى لەناوبردووە. بەگوێرەی ئاژانسی سپۆتنیکی ڕوسیا، وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "لە ماوەی شەوەکەدا، لە کاتژمێر 23:30 بەکاتی مۆسکۆ لە 31ی تەمموز تا 04:10 بەکاتی مۆسکۆ لە 1ی ئاب، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئۆپەراسیۆنی ڕێگری لە 60 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی کردووە و لەناویانبردووە". لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "لە ناوچەی بێلگۆرۆد 31 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە ناوچەی ڕۆستۆڤ 12، لە خاکی کراسنۆدار 5، لە سەر حەوزی دەریای ڕەش، 4 لە سەر حەوزی دەریای ڕەش، 3 لە ناوچەی ڤۆرۆنیژ، 2 لە ناوچەی لیپێتسک، 2 لە ناوچەی تولا، 1 لە سەر دەریای ئازۆڤ تێکشکێندراون". لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشە مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا کە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیایان کردە ئامانج، بۆ ٢٦ کوژراو و ١٥٩ بریندار بەرزبووەتەوە. وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا لە پۆستێکی تێلێگرامدا ڕایگەیاندووە، "لە شەوێکدا و ئەم بەیانییە تیمەکانی فریاگوزاری 10 تەرمیان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی سڤیاتۆشینسکی دەرهێناوە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆپبارانەکە 159 کەسیشی بریندارکردووە. هەفتەى پێشوو ترەمپ و کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە سکۆتلاند کۆبوونەوە. دواتر، هەردوولا قسەیانکرد لەسەر جەنگی سێ ساڵ و نیوەی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، سەرۆکی ئەمریکا دوا هۆشداریی دایە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و گوتی، "مۆڵەتێکی نوێی نزیکەی 10 یان 12 رۆژی دادەنێم کە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات. هیچ پاساوێک بۆ چاوەڕوانی نییە، ئێمە هیچ پێشڤەچوونێک بەدیناکەین." سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "ئێمە سزای لاوەکی بەسەر رووسیادا دەسەپێنین، رەنگە رێککەوتنێک بکەین، نازانم، بەڵام پووتین دەبێت رێککەوتنێک بکات. رووسەکان و ئۆکراینییەکان بێ هیچ هۆکارێک یەکدی دەکوژن." جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا هۆشداریی بە سەرۆکی ئەمریکاش دا، "رووسیا، ئیسرائیل یان ئێران نییە" و هەموو هەڕەشەیەک لە وڵاتەکەی، هەنگاوێک لە جەنگ نزیکتریان دەکاتەوە، نەک لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا، بەڵکو لەگەڵ ئەمریکا. سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە پووتین گرت و گوتی، "سێ جار وا دەرکەوتووە کە نزیکین لە رێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام لەناکاو مووشەکەکان ئاراستەی کیێڤ دەکرێن، ئەمە زۆرجار روویداوە و بەدڵم نییە."
