هاوڵاتی مەراسیمی بە خاک سپاردنی شاژنە ئێلیزابێشی دووەم سبەینێ دووشەمە بەڕێوەدەچێت کە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین بۆنە دیپلۆماسییەکانی ئەم سەدەیە و گەورەترین پلانی ئەمنی لە دوای جەنگی دووەمی جیھانییەوە بۆ پاراستنی رێوڕەسمەکە دانراوە. شاژنە ئێلیزابێس لە وێستمینستەر ئابی لەندەن بەخاکدەسپێردرێت مەراسیمەکە لە کاتژمێر ١١ بەیانیەوە دەستپێدەکات، وێستمینستەر ئابی لەندەن هەمان ئەو شوێنەیە کە ٧٥ ساڵ پێش ئێستا شاژن تیایدا هاوسەرگیری لەگەڵ شازادە فیلیپ کردوە، هەر ئەو شوێنەشە کە تیایدا مەراسیمی تاج لەسەردانان و بوون بە شاژنی تێدا ئەنجام دراوە. هەروەها بێجگە لە ئەندامانی خێزانی شاهانە، سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانیۆل ماکرۆن یەکێکن لەو ١٠٠ سەرۆکی وڵاتانەی کە بەشداری لە مەراسیمی بە خاک سپاردنی شاژنە ئێلیزابێسی دووەم دەکەن. ھاوکات جەستن ترۆدۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا و "ئەنتۆنی ئەلبانیز" سەرۆک وزیرانی ئوسترالیا گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە بۆ بەشداری کردن لە مەراسیمەکەدا . ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاو سەرجەم سیاسەتمەدارەکانی ئەو وڵاتە و ئەندامانی خێزانی شاهانە لە وڵاتەکانی ئیسپانیا وهۆڵەندا و مۆناکۆ و سوید و دانیمارک و بەلجیکا و یۆنان لە پرسەکەدا بەشداردەبن و پێشبینیش دەکرێت نزیکەی 500 کەسایەتی بیانیش ئامادەبن. میدیاکانیش بڵاویانکردوەتەوە، گەورەترین پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شاژنی بەریتانیا دانراوە.
هاوڵاتی لهگهڵ پاشهكشهی هێزهكانی روسیا له ئۆكرانیا، به فهرمانی سهرۆكی روسیا چهكی ئهتۆمی تاقیدهكرێتهوهو نیشانی ئۆكرانیا دهدرێت. ڕۆژنامهی نیویۆرك تایمز لهزاری بهرپرسانی ئهمهریكاوه بڵاویكردوهتهوه، بهفهرمانی ڤلادیمیر پوتینی سهرۆكی ڕوسیا چهكی ئهتۆمی لهسهر دهریای رهش یان لهناو خاكی ئۆكرانیا تاقیدهكرێتهوه. بهرپرسێكی باڵای ههواڵگری ئهمهریكاش لهو بارهیهوه وتی: مشتومڕێكی بهردهوام ههیه لهناو دهزگا ههواڵگرییهكانی ئهمریكادا كه ئایا پوتین باوهڕی وایه كه ئهو چهكه تاقی بكاتهوه؟ لهبهرامبهریشدا جۆ بایدن سهرۆكی ئهمهریكا لهدیدارێكیدا لهگهڵ سی بی ئێس، هۆشداریدا به روسیا لهبهرامبهر بهكارهێنانی چهكی ئهتۆمی و جهختیشیكردهوه كه " بهكارهێنانی چهكی ئهتۆمی لهدژی ئۆكرانیا جهنگهكه دهگۆڕێت و زۆر بهزیانی مۆسكۆ دهشكێتهوه.
هاوڵاتی لهمیانی کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی ئەورووپا و وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو داواکاریانەی کە ئەنقەرە بۆ دیپۆرتکردنەوەی داواکراوانی تورک پێشکەشی فینلاندای کردووە، سەرۆک وەزیرانی فینلەندا رایگەیاندووە، کە لە وڵاتەکەیدا بڕیاردان لە رادەستکردنەوەی داواکراوە بیانییەکان ئەرکی دامەرزاوە دادوەرییەکانە و ئەو پرسە لە دەسەڵاتی حکوومەتدا نییە. ساننا مارین سهرۆک وهزیرانی فینلهندا وتیشی سەروەری یاسا بۆ فینلاند زۆر گرنگە و ئەم پڕەنسیپە لای ئەوان زۆر بەبەهایە. مارین هەروەک وتوویەتی: "رادەست کردنی داواکراوان بەبڕیاری سیاسیی نابێت، ئێمە لە حکوومەت قسە لەسەر ئەوە ناکەین کە ئایا کەسێک دیپۆرت بکەینەوە یان نا. ئەو بڕیارانە سیاسییەکان نایدەن، بەڵکوو ئەو پرسانە لەدەسەڵاتی دامەزراوە دادوەرییەکانە". سەرۆک وەزیرانی فینلەندا ئاماژەی بەوەکرد کە پڕۆسەی رەزامەندیدانی پەڕلەمانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ سەبارەت بە داواکاریی ئەندامبوونی ئەوان بەردەوامە، جەختیشی کردەوە کە ئەوان دەیانەوێت لەزووترین کاتدا ببنە ئەندامی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی. لەسەرەتادا تورکیا ڤیتۆی دژ بە ئەندامبوونی هەریەک لە سوید و فینلەندا لە ناتۆ بەکارهێنا، بەوپێیەی ئەو دوو وڵاتەی بە پەناگەی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان و بزووتنەوەی خزمەت هەژمار دەکرد، بەڵام لە دوایین لوتکەی ناتۆ لە مەدرید یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی سێقۆڵیان واژۆ کرد کە بەپێی ئەوە لەبەرانبەر رازی بوونی تورکیا بە بەئەندامبوونیان لە ناتۆ، دەبێت ئەو دوو وڵاتە ئەسکەندەناڤییە ئەندامانی پەکەکە و بزووتنەوەی خزمەت رادەستی تورکیا بکەنەوە. تورکیا چەندین جار لەسەر زاری گەورە بەرپرسانییەوە هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر بێت و سوید و فینلاند بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانە کە لەلایەن تورکیاوە داواکراون پەشیمان بووبێتنەوە، ئەوا ئەنکەرەش پرۆسەی بەئەندامبوونیان لە ناتۆ ڕادەگرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، وڵاتانی بەشداربوو لە لوتکەی سەمەرقەند "شەنگەهای بۆ هاریکاری" پاش كۆبونهوهیهكی دوو رۆژه کۆتاییان بە لوتکەکە هێناو راگەیەنراوێکیان بەناوی "راگەیەنراوی سەمەرقەند" بڵاوکردەوە کە ئەوانیش: 1- سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە "شەنگەهای بۆ هاریکاری" رەتیان کردەوە هەردەوڵەتێک بە بیانوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەستوەربداتە کاروباری دەوڵەتێکی دیکە. 2- وڵاتانی ئەندام سەرکۆنەی کردەوە تیرۆریستییەکانیان کرد لەهەموو جیهاندا و رایانگەیاند دژی هەرکردەوەیەکی تیرۆریستین و بەهەمووشێوەیەک ئامادەن رێگری بکەن لەبەردەم بڵاوبوونەوەی تیرۆردا. 3- باشترکردنی دۆخی ئەفغانستان یەکێکە لە گرنگترین ئەو شتانەی کە دەبێ بایەخی پێبدرێت، چونکە پەیوەندیدارە بەدۆخی ئاسایشی وڵاتانی ئەندام لە لوتکەی شەنگەهای. 4- وڵاتانی ئەندام لە لوتکەی سەمەرقەند داوای راگرتنی هاوبەشی پێکردنی چەکی ئەتۆمی دەکەن لەگەڵ بەردەوامیدان بە داماڵینی وڵاتان لە چەکی ئەتۆمی. 5- لەپێناو ئاشتی و ئارامی ناوچەکەدا، دەوڵەتانی لوتکەی سەمەرقەند جەخت دەکەنەوە لەسەر هەبوونی گیانی هاوکاری لەنێوان رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا. 6- ئێستا جیهان بە قۆناغی گۆڕانکارییە جیهانییەکاندا تێپەڕدەبێت کە لەگەڵ توندبوونەوەی ململانێ و قەیرانەکان و خراپتربوونی دۆخی نێودەوڵەتی بەگشتی. 7- وڵاتانی رێکخراوی "شەنگەهای بۆ هاریکاریی" کاردەکەن بۆ پێشخستنی سیستەمێکی بازرگانی فرەلایەنی کراوە کە لەسەر بنەما و رێساکانی رێکخراوی بازرگانی جیهانی دامەزراوە، هەروەها دژایەتی سنووردارکردنی بازرگانی دەکەن کە مەترسی لەسەر ئابوری جیهان دروست دەکات. 8- وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی "شەنگەهای بۆ هاریکاری" جەخت دەکەنەوە لەسەر پابەندبوونیان بە هەڵسەنگاندنی وردی پەیوەست بە کارنەمەی نێودەوڵەتی ئێستا، هەروەها بەرگری دەکەن لە سیستمێکی جیهانی یەکسان و دامەزراندنی بەرنامەی کاری هاوبەش و دیدی هاوبەش لەپێناو خزمەتکردن بە مرۆڤایەتی. 9- داوا لە روسیا دەکەن هەوڵەکانی لە پێناو دیاریکردنی پەتا و نەخۆشییەکاندا بخاتەگەڕ و دەستپێشخەری بکات لەو بوارەدا. 10- لە بەڵگەنامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە جێبەجێکردنی یەکلایەنەی سزا ئابورییەکان، جگە لەوانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراون، پێچەوانەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییە. جێگەی باسە ڕێکخراوی هاوکاری شانگهای هاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتییە کە ئەندامانی ئێستای بریتییە لە چین ، هیندستان، کازاخستان، قرغیزستان، پاکیستان، ڕووسیا، تاجیکستان، ئۆزبەکستان.و لە ساڵی ٢٠٠١ دامەزراوە
هاوڵاتی زاناکان پلانێکی پڕمشتومڕ پێشنیار دەکەن بۆ دووبارە بەستنەوەی جەمسەرەکانی باکورو باشوردوای ئەوەی بە هۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی زەوییەوە بەشێکی زۆری تواوەتەوە بە ڕژاندنی تەنۆلکەی سەلفەر دایۆکساید بەناو بەرگە هەوای ناوچەکەدا ئەوان دەڵێن کە لەڕێگەی فڕۆکەیەکەوە دەتوانن گەردیلەی مایکرۆسکۆپی ئایرۆسۆلی(تەنۆلکەی بچکۆلە لە ناو هەوادە) بپرژێنن بە بەرگە هەوای ناوچەکەدا بۆ ئەوەی تیشکی خۆر بداتەوەو بەمەش ڕێگری لە زیاتر توانەوەی جەمسەرەکان بگیرێت . بۆ ئەم مەبەستەش نزیکەی 175,000 گەشتی ئاسمانی لە ساڵێکدا پێویست دەبێت، کە بە ملیۆنان تەن دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەکاتە هەواوە، کە ئەمەش دووبارە زیان بە زەوی دەگەیەنێت. بەڵام زانایەکی گەورەی بەریتانی پشتگیری ئەم پلانە دەکات ودەڵێت گەرمبونی جەمسەرەکان لە ئێستادا زۆر مەترسیدار ترەودوبارە بەستنەوەی جەمسەرەکان دەتوانێت ڕێ لە بەرزبونەوەی ئاستی زەریاکانی جیهان بگرێت بۆ دروست نەبونی ڕوداوی سروشتی نەخوازراو. ئەم توێژینەوە نوێیە لە لایەن وەیک سمیس لە زانکۆی ێیڵ لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت. وەیک باسی لەوە کردوە کە ئەم تاقیکردنەوەیە چارەسەری نیشانەیەکی گرنگی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات نەک هۆکارە سەرەکییەکەی. بە پێی پلانەکان فڕۆکەیەکی سەربازی گەردیلەی میکرۆسکۆپی سەلفەر دایۆکساید لە بەرزایی 43,000 پێ (13 کیلۆمەتر) و پانی 60 پلە لە هەردوو هێلی زەویدا، کە بە نزیکەیی یەکسانە بە دوورگەکانی شێتلاند لە باکوور، و فڵکلاند لە باشوور. دوای ڕشتنیان بۆ ناو هەوای ناوچەکە بە هۆی بای بەهێزەوە گەردیلەکان بە هێواشی بەرەو جەمسەرەکان دەگوازرێنەوە بە ناو بەرگە هەوادا، پاشان سێبەرێک دروست دەکەن بۆ ئەوەی تیشکی خۆر ڕاستەوخۆ نەیدات لە جەمسەرەکان. بەپێی توێژینەوەیەک لە گۆڤاری زانستی توێژینەوەی ژینگەیی تەنها بە ڕشتنی ١٣ ملیۆن تەن لەم تەنۆلکانە لە هاوین وبەهاردا بەسدەبێت بۆ ئەوەی پلەی گەرمی جەمسەرەکان بە ٢ پلەی سلیزی نزم بکاتەوە.
گۆرِێكی بهكۆمهڵ له ناوچهی ئیزیومی سهربه پارێزگای خاركێڤ دۆزرایهوه كه نزیكهی ههفتهیهكه له دهستی هێزهكانی رووسیا دهرهنێدراوهتهوه و یاریدهدهرێكی باڵای سهرۆكایهتی كیێڤش دهڵێت گۆرِهكه ٤٥٠ تهرمی تێدایه . لهو بارهیهشهوه ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی سهرۆكی ئۆكرانیا رایگهیاند، گۆرِێكی بهكۆمهڵ له ناوچهی ئیزیوم سهربه پارێزگای خاركێڤ دۆزراوهتهوه كه ٤٥٠ گۆرِی تیادا بووه. ئاماژهی بهوهشداوه، له ئێستادا لێكۆڵینهوهكان بهردهوامن و سبهی زانیاری زیاتر و روونتر له بارهی گۆرِهكهوه دهخرێنهرِوو و وتیشی، "دهمانهوێت جیهان بزانێت كه چی روودهدات و داگیركارییهكانی رووسیا بوونهته هۆی چی. سهرهتا له بوچا و دواتر له ماریوپۆل، ئێستاش له ئیزیوم. پێویسته رووسیا بكرێته بهرپرسیاری بهجێهێشتنی مهرگ له ههموو شوێنێك". لایخۆشیهوه، ئیهۆر كلیمێنكۆ بهرِێوبهری پۆلیسیش له كۆنفرانسێكی رۆژانامهوانیدا ئاماژهی بهوهدا، تهرمهكان زۆربهیان هاوڵاتی ئاسایی بوون و سهرباز نهبوون.
میدیاکانی ئێران لهزاری سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی رایانگەیاند، بڕیاری بوونە ئەندامی ئێران لە رێکخراوی هەماهەنگی شەنگەهای یەکلایی دەکەنەوە. ئاژانسی هەواڵیی خوێندکارانی ئێران بڵاوی کردەوە کە رەئیسی بەر لەوەی بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی رێکخراوی هەماهەنگی شەنگەهای بەرەو ئۆزبەکستان بەڕێ بکەوێت لە فڕۆکەخانەی میهرئاباد بۆ میدیاکاران دواوە. رەئیسی وتیشی: "واژوو لەسەر ئەو بەڵگانە دەکەین کە بڕیاری بوونە ئەندامی ئێران لە رێکخراوی هەماهەنگی شەنگەهای یەکلایی دەکاتەوە". رەئیسی بە ئاماژەدان بەوەی کە لە کۆبوونەوەی پێشووی رێکخراوەکە سەرنج خراوەتە سەر پرۆسەی بوونە ئەندامی ئێران لەو رێکخراوە، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەڵگەکان لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە واژوویان لەسەر دەکرێت و پرۆسەی یاسایی تەواو دەکرێت. ناوبراو سەرنجیشی خستە سەر ئەوەی کە لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ هاوتا ئۆزبەکستانییەکەی کۆدەبێتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ دەکەن.
له 22 وڵاتی جیاوازی جیھانهوه 350 پارێزهر، داوادهكهن سهردانی عهبدوڵا ئۆجهلان رێبهری زیندانیكراوی پهكهكه بكهن له ئیمراڵی. ئهو پارێزهرانه له كۆنگرهیهكی ڕۆژنامهوانیدا له برۆكسل داوایان له وهزارهتی دادی توركیا كرد سهردانی ئیمراڵی بكهن، چونكه عهبدوڵا ئۆجهلان له ژێر گۆشهگیریدایه. ھێلین دیبهیتی سهرۆكی یهكێتی پارێزهرانی دیموكراسی و ئهندامی پارێزهرانی دیموكراتی ئهوروپا ڕایگهیاند، ئهوان ڕاپۆرتێكی وردیان لهبارهی ئیمراڵییهوه پێشكهش به وهزارهتی دادی توركیا كردووه. ئاماژهی بهوهشكردووه، له رۆژی 10ی حوزهیرانی ئهمساڵ 775 پارێزهر له 29 سهندیكای پارێزهران داوایان له داواكاری گشتی شاری بورسایان كردووه بۆ ئهوهی بچنه ئیمراڵی. ھاوكات مهرال ئاكشهنهر سهرۆكی پارتی پاش راگهیاندووه، زانیاریان ھهیه كه حزبی دهسهڵاتداری توركیا لهگهڵ ئیمراڵی له گفتوگۆدایه بۆ ئهوهی دهنگی كورد له ھهڵبژاردنی سهرۆكایهتی كۆمار و پهرلهماندا بهدهستبھێنێت.
هاوڵاتی دوای ئهوهی لهمیدیاكانهوه بڵاوكرایهوه گوایه زیاتر له 50.000 كۆچبهر به لێشاو له توركیاوه بهرهو یۆنان و وڵاتانی دیكهی ئهوروپا بهڕێ كهوتوون، وهزیری پهنابهرانی یۆنان له لێدوانێكدا ڕایگهیاند كه ڕێگه به یهك كهس نادهن دبچێته ناو وڵاتهكهیهوه. نۆتیس میتاراكیس، وهزیری پهنابهرانی یۆنان ئهمڕۆ له میدیایهكی یۆنانیدا سهبارهت به كۆچی نایاسایی كۆچبهرنا به لێشاو له توركیاوه بهرهو سنوورهكانی یۆنان و یهكێتی ئهوروپا هاته دهنگ و وتی، كه هێزه ئهمنیهكانی یۆنان له ئامادهباشیدان و یهكێتی ئهوروپا و IOM و لایهنی پهیوهندیدارم ئاگادار كردوهتهوه كه توركیا هانی كۆچبهران دهدات بۆ ئهوهی بهلێشاو بهڕێبكهون بهرهو سنووورهكانی یهكێتی ئهوروپا. میتاراكیس ئهوهشی ئاشكرا كرد: توركیا بههۆی كێشهی داراییهوه ناتوانێت ئهو ههموو كۆچبهرانه لهخۆی بگرێت، بۆیه كار لهسهر ئهوه دهكات، هانیان بدات و پێیان دهڵێت دهتوانن سنوورهكانی یهكێتی ئهوروپا ببهزێنن، بهڵام من لێرهدا پێیان دهڵێم كهس ناتوانێت سنوورهكای یۆنان ببهزێنێت.
هاوڵاتی بەپێی هەواڵی میدیاکانی یۆنان هێزى ئاسمانى وڵاتى یۆنان یەکەم گروپى فڕۆکەى جەنگى هێزى ئێف-١٦ى لە ئەمریکا وەرگرت و لە هەمانکاتیشدا دەیەوێت بەبڕى یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار کەشتى جەنگی لە ئەمریکا بکڕێت. میدیاکانى یۆنان بڵاویانکردەوە، بەپێى ئەو ڕێککەوتنەى لە پێشتردا لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و وڵاتەکەمان کرابوو لەبارەى فرۆشتنى فڕۆکەى جەنگى جۆرى ئێف-١٦ بە یۆنان، ئەمڕۆ دوو لەو فڕۆکانە وەک یەکەم گروپ گەشتنە بنکەى هێزى ئاسمانى تانگارا لە باکورى ڕۆژئاواى ئەسینا. لە بەشێکى دیکەى هەواڵى میدیاکانى یۆناندا ئاماژەبەوەشکراوە، لە هەمانکاتدا وڵاتەکەمان دەیەوێت بەبڕى یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار کەشتى جەنگی لە ئەمریکا بکڕێت. لەنێوان ساڵانى ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٨، یۆنان دەستی کردووە بە تەرخانکردنى ملیارەها دۆلار بە مەبەستى بەهێزکردنی هێزە سەربازییەکانى وڵاتەکەى و لەو چوارچێوەشدا چەنیدن فڕۆکەی جەنگی جۆرى ڕافالی فەرەنسی و فریگەیت و ئێف-١٦ى کڕیووە و لە پلانیشدایە فڕۆکەى جۆرى ئێف-٣٥ لە ئەمریکا بکڕێت. ڕۆژى ٧ ى ئەم مانگە یۆنان نامەیەکی بۆ ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان نارد و تێیدا گلەیی لە لێدوانەکانی ئەردۆغان کرد، کە هەڕەشەی هێرشکردن بۆسەر خاکی ئەو وڵاتە دەکات و ئەسینا داوای کرد، ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەفتارەکانی ئەنقەرە شەرمەزار بکەن. ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووش، یەکێتی ئەوروپا نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە لێدوانەکانی ئەردۆغان، کە یۆنانی تۆمەتبار کردبوو بە داگیرکردنی دوورگە داماڵراوەکانی ئیجە و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئەسینای کردبوو. تورکیا و یۆنان هەردووکیان ئەندامی ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی-ناتۆن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەردۆغان چەند جارێک هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئەسینای کرد، چونکە تورکیا دەڵێت: یۆنان فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە ئاسمانی دەریای ئیجە هەراسان دەکات، ئەوەش لەڕێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس ٣٠٠ی ڕووسییەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان ڕایگەیاند لە سنووری ئازەربایجان-ئەرمینیا، شەڕ و پێکدادانی چڕ لەنێوان یەکە سەربازییەکانی هەردوو وڵاتدا سەریهەڵداو کوژراو برینداری لێکەوتۆتەوە. لەڕاگەیەندراوێکداوەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان رایگەیاند کە سوپای ئەرمینیا کاتەکانی ئێوارە لە سنووری داشکەسەن، کەلبەجەر و لاچین بەشێوەیەکی فراوان کاری ئیستیفزازی کردووە و هێرشی ئەنجامداوە. لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە گرووپە تێکدەرەکانی سوپای ئەرمینیا بە ئاڕاستەی جیاواز مینیان لە زەوی و رێگاکانی نێوان پێگەکانی سوپای ئازەربایجان داناوە. لە ئەنجامی ئەو رێوشوێنانەی یەکە سەربازییەکانی ئازەربایجان گرتوویانەتەبەر شەڕ و پێکدادان هەڵگیرساوە. لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە سوپای ئەرمینیا لە پێگەکانی خۆیەوە لە پارێزگاکانی باسارگەچەر، ئیستیسو، کاراکلیسە و گۆرسو-ەوە بە هاوەن و چەکی جۆراو جۆرە پێگەکانی سوپای ئازەربایجانی لە پارێزگاکانی داشکەسەن، کەلبەجەر و لاچین بۆردومان کردووە. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، زیانی گیانی لەنێو سەربازان و زیانی ماددیش لە ژێرخانی سەربازییدا روویداوە. هاوکات ئەوەیش باس کراوە کە سوپای ئازەربایجان رێوشوێنی پێویستی گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی ئەو شوێنانەی سوپای ئەرمینیا لێیانەوە تەقە دەکات بێ دەنگ بکات و رێگری بکات لە فراوانبوونی زیاتری شەڕ و پێکدادانەکان. ئەوەش خراوەتەڕوو کە لەنێو سوپای ئەرمینیادا زیانی گیانی و ماددییش کەوتووەتەوە. لە راگەیەندراوەکەدا، باس لەوە کراوە کە حکوومەتی یەریڤان تەواو بەرپرسیارە لە پێکدادان و ئەو زیانانەی بەو هۆیەوە دروست بووە، رای گشتیش لە زانیاری زیاتر ئاگادار دەکرێتەوە. جێگای ئاماژەیە هەردوو وڵاتە دراوسێکە تاوەکو ئێستا دوو جەنگیان لە دژی یەکدی بەرپا کردووە؛ یەکەمجار لە ساڵی 1988 کە شەش ساڵ بەردەوام بوو، دووەمیش لە ساڵی 2020 بوو. هەردوو جارەکەش لەسەر هەرێمی کێشەلەسەری قەرەباخ بوو. جەنگەکەی پاییزی ساڵی 2020 کە شەش هەفتە بەردەوام بوو، بووە هۆی کوژرانی شەش هەزار و 500 سەرباز. دواجار بە نێوەندگیریی رووسیا ئاگربەست راگەیێندرا. بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە، ئەرمینیا دەستبەرداری بەشێکی خاکەکەی بوو، کە پێش چەندین دەیە لە قەرەباخ کۆنترۆڵی کردبوون و مۆسکۆ نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئاشتیپارێزی ناردە ئەو ناوچەیە بۆئەوەی چاودێریی ئاگربەستە لەرزۆکەکە بکات. هۆکاری جەنگەکانیش ئەوەیە هێزە جوداخوازە نەتەوەییە ئەرمەنییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ لەدوای دابەشبوونی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991 لە ئازەربایجان جیابوونەوە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 30 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون. نزیکەی 2 ساڵ لەمەوبەریش سوپای ئازەربایجان بە هاوکاری سوپای تورکیا هەرێمی قەرەباخی لەژێر دەستی سوپای ئەرمینیا دەرهێنا و خستیە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.
هاوڵاتی ٤٢ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ لە تورکیا، کە هەوڵێکی سەربازیی بوو دژی سەرجەم جوڵانەوە ئازادیخواز و چەپەکان، لەو ڕۆژەدا تورکیا کرایە سەربازگەیەکی گەورە. لەو کودەتایەتدا نزیکەی ٦٥٠ هەزار کەس دەستگیرکران، کە نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەسیان کورد بوون، ناوی ملیۆنێک و ٦٨٣ کەسیان وەک مەترسیدار تۆمارکرد، سزای سێدارەیان بەسەر حەوت هەزار کەسدا سەپاند، ٥٠ کەس لەسێدارەدران، مافی هاوڵاتیبوون لە ١٤ هەزار کەس سەندرایەوە. ٣٠ هەزار کەس بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە تورکیایان جێهێشت و لە وڵاتانی دیکە بوونه پەنابەر، ٨٥٦ کەس بە هۆی شەڕ و ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەستدا، ٩٣٧ فیلم قەدەغەکران، دەرگای ٢٣ هەزار و ٦٧٧ کۆمەڵە و ڕێکخراو و پارتی سیاسیی داخران، نزیکەی ٣٠٠ ڕۆژنامە قەدەغەکران و هەورێکی ڕەش و تاریک باڵی بەسەر تورکیادا کێشا. پارتە چەپەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەکران، چەپبوون وەک مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا لەقەڵەمدرا و تا ئێستاش ئەو دۆخە بەردەوامە. دۆخی کورد لە کودەتای ١٢ی ئەیلولدا لەنێوان ٢٤ بۆ ٢٧ی ئەیلولی ساڵی ١٩٧٨دا دەوڵەتی تورک بەھاوکاری ھێزە فاشیستەکانی ئەوکاتە کۆمەڵکوژییەکی مەزن لەشاری “مەرەش” ئەنجام دەدات، ئەم کۆمەڵکوژییە وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر پەرەسەندنی تەڤگەری ئاپۆچێتی ئەنجامدرا و ئامادەکاریی بوو بۆ بەرپاکردنی کودەتایەکی سەربازیی، لەو کۆمەڵکوژییەدا بەسەدان کەس کوژران، ھەروەھا شانبەشانی ئەو کۆمەڵکوژییەش “باری لەناکاو”ی لە ١٣ پارێزگا ڕاگەیاند، کە ١٠یان لە باکووری کوردستان بوون. بەڵام ئاپۆچییەکان ھەر زوو دەرکیان بەوە کردبوو، کە وەڵامی ھەرە ڕاست و شۆڕشگێڕانە بۆ ئەو کۆمەڵکوژییە تۆکمەکردنی باوەڕ و ئیرادەی تێکۆشانەی ئازادیخوازانەیە، تەنانەت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەر لە بەرپابوونی کودەتاکە بەماوەیەک، پێشبینییەکانی خۆی بۆ ئەگەری بەرپابوونی کودەتایەک باس دەکات و بەپێویستی دەبینێت کە ئامادەکاریی پێویست بکرێت. ھەر لەساڵی ١٩٧٩یشدا، لە ھەڵبژاردنی شارەوانیدا لە شارەکانی حیلوان و باتمان لایەنگرانی پەکەکە لە ھەڵبژاردنەکاندا سەردەکەون، بەڵام دوای سێ مانگ سەرۆکی ھەڵبژێردراوی شارەوانی باتمان “ئەدیب سۆڵماز” لەلایەن دەوڵەتەوە تیرۆر دەکرێت، ئەو ئەزموونەی شارەکانی حیلوان و باتمان بەنموونەیەکی دیموکراتیانەی دەسەڵاتی گەل دادەنرێت. هاوشێوەی مەزەندەکەی ڕێبەر ئۆجەلان، لە ڕۆژی ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠دا کودەتایەکی سەربازیی لە تورکیا ئەنجام درا و بەھەزاران کەسی مەدەنی کوژران و بەدەیان ھەزار کەسی دیکەش خرانە زیندانەکانەوە و بڕیاری داخستنی سەرجەم پارتە سیاسییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان و تەواوی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دەرکرا. هێزی سەربازیی لە تورکیا دەسەڵاتی گرتەدەست، ھەروەھا باری لەناکاو لە ھەموو تورکیا و باکووری کوردستاندا ڕاگەیەندرا، لەو ھەڵمەتەدا بەسەدان کادیر و ھەزاران لایەنگری پەکەکە و کەسانی وڵاتپارێزیش دەستگیرکران، بەگشتی نزیکەی چوار ھەزار کادیر و ئەندام و لایەنگری پەکەکە خرانە زیندانەکانەوە. کودەتای سەربازی وڵاتی کردبووە ئۆردوگایەکی سەربازیی و دۆخی سەربازیی باڵی بەسەر ھەموو بوارێکدا کێشابوو، لەبنچینەدا سەرەکیترین ئامانجی کودەتاکە لەناوبردنی تەڤگەری ئازادیی پەکەکە بوو، چونکە لەو ساڵانەدا و لەناو سەرجەم گروپە ئۆپۆسزیۆنەکاندا، پەکەکە بەهێزترین و دیارترین جوڵانەوە بوو. یەک گەل، یەک زمان، یەک ئاڵا یەک گەل، یەک زمان، یەک ئاڵا، لەپاش کودەتاکە کەنعان ئەڤرەن دەستووری تورکیایان بەتەواوی گۆڕی و دەستوورێکی سەربازییان نووسییەوە، بە پێی دەستووری نوێ “هاوڵاتی موڵکی دەوڵەتە”، هەروەها هەر جوڵانەوەیەکی ئۆپۆزسیۆن دەبێتە دوژمنێکی سەرسەختی دەوڵەت و بە هیچ شێوەیەک مافی نییە، بێجگە لە دەوڵەتی تورکیا، ئاڵای تورکیا، گەلی تورک و زمانی تورکی، هیچ گەل و نەتەوەیەکی دیکە لە تورکیا بوونی نییە، سەندیکا و ڕێکخراوی مەدەنی بوونی نییە و بە هیچ شێوەیەک ڕەخنە لە دەوڵەت قبوڵناکرێت، بەو شێوەیە ئازادیی تاک و ڕای جیاواز و ئازاد بە هەموو شێوەیەک قەدەغەکرا. دۆخی کورد لە دوای کودەتا گەلی کورد لە باکووری کوردستان ڕووبەڕووی زوڵم و فشارێکی زۆر بووهوه، لەوکاتەوە هیچ کەسێک ناتوانێت بە ناوی کوردبوونەوە سیاسەت بکات، ئەو فشار و هێرشانەی دەوڵەتی تورک بەرامبەر گەلی کورد، هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ دەستپێکردنی خەباتی چەکداری پەکەکە لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤. پەکەکە لەو دۆخەدا شەڕی دژی ڕژێمی کودەتا دەستپێکرد و تا ساڵی ١٩٨٧ کودەتاچییەکان له دەسەڵاتدا بوون، لە ئەنجامی ڕیفراندۆمێکدا، یاسای پارتە سیاسییەکان لە تورکیا گۆڕا و پارتە سیاسییە تورکەکان جارێکی تر توانییان بێنەوە گۆڕەپانی سیاسەتەوە، هەڵبژاردنی گشتی کرا و پارتی سۆسیالیست بە سەرۆکایەتی بوڵەنت ئەجەوید توانی دەسەڵات بگرێتە دەست، هەرچەندە کودەتاچییەکان لەسەر دەسەڵات نەماون، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی حکومەت بەرامبەر گەلی کورد بەدینەکراوە، سیستمی فاشیست بەرامبەر کورد بەردەوامی هەیە و لەناوخۆی تورکیاشدا بەشێوەیەکی دیکە ئامادەیی هەیە. لەدوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن (ئاکەپە) لە ساڵی ٢٠٠٢، کە بانگەشەی چارەسەری پرسی کورد و گۆڕینی دەستووری ١٢ی ئەیلولی دەکرد، لەگەڵ گۆڕینی زۆربەی مادەکانی دەستووری ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠، بەڵام ئەو مادانەی پەیوەستە بە گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکە وەک خۆیان ماونەتەوە و هەمان دەستووری کودەتاکەیە، تا ئەمڕۆش دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک بانگەشەی یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک دەوڵەت و یەک گەل (گەلی تورک) دەکات و مافی گەلی کورد و نەتهوەکانی دیکەی تورکیا ناناسێت. سهرچاوه: ئاژانسی ڕۆژنیوز
هیندستان: تهنیا لهبهرئهوهی نمرهی زیاتری لهکچهکهی هێناوه، ژنێک قوتابییهک ژههرخوارد دهکات
هاوڵاتی لهوڵاتی هیندستان ژنێكی تهمهن ٤٣ ساڵ بهناوی(ڤیکتۆریا) بە تۆمەتی ژەهرخواردکردنی قوتابییەکی تهمهن ١٣ ساڵهی هاوپۆلی کچەکەی خۆی، دەستگیردەکرێت، هۆکاری ژەهرخواردنەکەش بۆ ئیرەبردن بە نمرەی بەرزی قوتابییەکە دەگەڕێتەوە و دواجار قوتابییهکه گیان لهدهستدهدات. لهوبارهیهوه میدیاکانی هیندستان وردهکاری ڕووداوهکهیان بڵاوکردۆتهوهو ڕایانگهیاندووه کچی ژنه تۆمەتبارەکە لە قوتابخانەی کاریکال لە ویلایەتی پودوچیری هیندستان دەخوێنێت و بەهۆی ئەوەی یەکێك لە هاوپۆلەکانی نمرەی بەرزتری بەدەستهێناوە، لەلایەن دایکیەوە ژەهرخوارد کراوە. ئهوهشخراوهته ڕوو: قوتابییە ژەهرخواردکراوەکە پاش تەواوبوونی وانەکانی گەڕاوەتەوە ماڵ و دایکی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی، هەست بە ناڕەحەتی دەکات ئەمەش دوای ئەوەی پاسەوانی قوتابخانەکەی خواردنەوەیەکی غازی پێداوە کە ئەم وایزانیووە دایکی بۆی بەجێهێشتووە، بەڵام لە راستیدا دایکی هاوپۆلەکەی بە پاسەوانەکەی داوە. دوای ئەوەی قوتابییەکە دەستی بە ڕشانەوە کردوە، دایک و باوکی پەیوەندییان بە ئەمبولانسەوە کردوە و بەپەلە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی کاریکاڵی حکومی، لەوێ چارەسەری وەرگرتووە و رەوانەی ماڵەوە کراوە. بەڵام رۆژی دواتر باری تەندروستی خراپتر بوو و دووبارە گەیەندرایەوە نەخۆشخانە و دوای ماوەیەکی کەم گیانی لەدەستدا. پاش تەماشاکردنی تۆماری کامێرای چاودێری قوتابخانەکە، دەرکەوت دایکی هاوپۆلی قوتابییە ژەهرخواردکراوەکە پێش ئەوەی خواردنەوە غازییەکە بدات بە پاسەوانی قوتابخانەکە، شتێکی کردووەتە ناوی و دوای ناسینەوەی روخساری لە کامێراکانی چاودێرییەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. هاوکات ئاماژهبهوهشدراوه ڤیکتۆریا (43 ساڵ) لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، دانی بەوەدا نا کە چەند دەنکە حەبێکی کردووەتە خواردنەوە غازییەکە، ئەو حەبانەش بە مەبەستی کوشتنی نەبووە، بەڵکو تەنیا بۆ ئەوە بووە نەخۆشی بخات و لە تاقیکردنەوەکان و بۆنەکانی قوتابخانەکەدا بەشداری نەکات.
هاوڵاتی / ئاژانسهكان دوای دروستبوونی جهنگی روسیاو ئۆكرانیا، هێزهكانی ئهمریكا هاوكاری و پشتیوانی سوپای ئۆكرانیا دهكهن و لهو چوارشێوهیهشدا سهدان فڕۆكهی بێ فڕۆكهوانی داوهته سوپای ئۆكرانیا. فهرماندهیهكی سوپای ئۆكرانیاش دهڵێت، ئهو فڕۆكانهی لهئهمهریكاوه بهدهستمان گهیشتووه لهدژی روسیا بهكاری دههێنین و جهنگهكهی گۆڕیوه له سوودی ئێمه. ئهو فهرماندهیه وتیشی: لهرێگهی ئهو فڕۆكانهوه جموجوڵهكانی سوپای روسیا دهبین و لهدژیان دهوهستینهوه، ههر ئهمهش وایكردوه كه بتوانین لهماوهی دوو ههفتهی رابردوودا چهند شوێنكێك بگرێنهوه كه پێشتر سوپای روسیای تێدابوو.
هاوڵاتی سهرۆکی ئهمریکا ڕایگهیاند ئهمریکا بهردهوام دهبێت لهچاودێریکردنی ڕێکخراوه تیرۆریستییهکان لهجیهاندا، ئاماژه بهوهشدهکات ئهمریکا ههرگیز خۆی بهدهستهوه نادات. ئهمڕۆ یهکشهممه (11ی سێپتێمبهری 2022)لهمیانهی بهشداریكردن له یادكردنهوهی قوربانیانی رووداوی هێرشه تیرۆریستییهكانی 11ی سێپتێمبهر،له پنتاگۆن، بارهگای وهزارهتی بهرگری ئهمهریكا، جۆ بایدن، سهرۆكی ئهمهریكا ڕایگهیاند ئهمریکا بهردهوام دهبێت لهچاودێریکردنی ڕێکخراوه تیرۆریستییهکان لهجیهاندا ههروهها بایدن جهختی لهسهر ئهوهشكردهوه، "ئهمهریكا ههرگیز بێ ئومێد نابێت و خۆی بهدهستهوهنادات بهرووی ئهوانهی دهیانهوێت ئازاری پێبگهیهنن، بهردهوامیش دهبین له چاودێریكردنی رێكخراوه تیرۆریستییهكان". بایدن وتیشی، "ورهی گهلی ئهمهریكا لهدژی ئهو جۆره ههڕهشانه ههمیشه به بهرزی ماوهتهوه، بۆیه پێویسته پارێزگاری لهو دیموكراتییه بكهین له وڵاتهكهمهندا ههیه، كه تیرۆریستان ههوڵیاندا لهناویبدهن". جێگای ئاماژهیه رۆژی سێشەممە 11ـی سێپتێمبەری 2001، 19 تیرۆریستی رێکخراوی قاعیدە، چوار فڕۆکەی ئەمەریکییان رفاند و لەرێگەی فڕۆکەکانەوە دوو تاوەری بازرگانییان لە نیویۆرك کردە ئامانج، سێ لە هێرشەکان سەرکەوتووبوون لە پێکانی چەند ئامانجێك، بەڵام فڕۆکەی چوارەم بەهۆی ونکردنی رێگاوە لە ویلایەتی پێنسلڤانیا کەوتە خوارەوە.
