هاوڵاتی لاوەند مەمووندی، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل دەڵێت،  گەشتەکانمان بۆ بەیرووت راگرتووە. بەگوێرەی ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەمڕۆ کاتژمێر  ٥:٣٠ـــی ئێوارە گەشتێک لە بەیرووتەوە بۆ هەولێر هەیە. بەرپرسێکی فڕۆکەخانە دەڵێت، "تاوەکو ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوە یان دواخستنی ئەو گەشتە نەدراوە." فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک ، "ئێستا و رابردووش گەشتی راستەوخۆمان بۆ بەیرووت نەبووە و نییە." هاوکات، بە گوێرەی خشتەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، دوایین گەشتی هاتن و چوون لە شارەکەوە بۆ بەیرووت ١٨ــی ئەم مانگە بووە.

هاوڵاتی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکەی دوێنێ بۆ سەر باڵەخانەیەک لە بەیرووت حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا کوژراوە. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، بە فەرمیی كوژرانی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنان و ژمارەیەك لە سەركردەكانی دیکەی ئەو حیزبەی لە هێرشەكەی دوێنێی هەینی‌ باشوری بەیروتی پایتەختی لوبنا ئاشکرا کرد. عەلی کەراکی فەرماندەی بەرەی باشوری حزبوڵا سەرکردەی سێیەمی ئەو حزبە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو لە بۆردوومانەکەی دوێنێ کوژراوەو لە ناوبارەگاکەدا بووە هاوکات بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئیڕان کە فەرماندەی فەیلەقی لوبنان و سوریای سوپاکە بووە لە بارەگای سەرەکی حزبوڵا بووە لەلوبنان و کوژراوە. میدیاکانی لوبنانیش باس لە کوژرانی نزیکەی ٣٠٠ کەس و سەدان بریندار بە هۆی بۆردوومانەکەی بارەگای سەرەک حزبوڵا دەکەن.

هاوڵاتی چەند سەرچاوەیەكی ئەمنیی ڕایانگەیاند، لەدوای هێرشەكانی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگاكانی حزبوڵای لوبنانی لە باشووری بەیروت، هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بەتایبەتی لە بنكەی عەین ئەسەد خراونەتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە.   چەند سەرچاوەیەك سەبارەت بە كەوتنە دۆخی ئامادەباشیی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق زانیاریی نوێ دەخەنەڕوو.   ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاند، لەدوای هێرشەكانی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگاكانی حزبوڵای لوبنانی لە باشووری بەیروت، هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بەتایبەتی لە بنكەی عەین ئەسەد خراونەتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە، بەهۆی ئەگەری هێرشی گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانەوە، چونكە ئەو گرووپانە ئەمریكا وەك پاڵپشتیكەری سەرەكی ئیسرائیل دەبینن.   هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، کە هۆکاری خرانە حاڵەتی ئامادەباشی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئەگەری هێرشی گرووپەچەکدارەکانی نزیک لە ئێرانە، چونکە ئەو گرووپانە ئەمەریکا وەک پاڵپشتیکاری سەرەکی ئیسرائیل دەبینن.   ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری دوو سەرچاوەی باڵای ئەمریكاوە بڵاوی كردووە، وڵاتەكەیان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزەكانی خستووتە ئامادەباشییەوە، هۆشداریشی داوە لەوەی هەركەسێك دەستدرێژیی بكاتە سەر هێزەكانیان، چونكە باجی قورس دەدەن.   ئەمە لە كاتێكدایە، بەرەی مقاوەمەی عێراق لەماوەی سێ ڕۆژدا لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕكەوانەوە سێ هێرشی كردە سەر خاكی ئیسرائیل، وەك پاڵپشتییەك بۆ حەماس و حزبوڵا. دوێنێش ناتانیاهۆی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە ٧٩ـیەمین كۆبوونەوەی كۆمەڵەی نەتەوەیەكگرتووەكاندا نەخشەیەكی بەرزكردەوە و هەریەكە لە وڵاتانی ئێران و عێراق و سووریای خستبووە ناو زۆنی ڕەشەوە و هەڕەشەی هێرشكردنە سەر ئەوانیش دەكات.    

هاوڵاتی لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئێران گومانی مردنی حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان زیاتر دەكات، كە بەوتەی ئیسرائیل لە هێرشێكدا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان كراوەتە ئامانج.   هەرچەندە ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیروتی پایتەختی لوبنان، هەواڵەكان لەسەر چارەنوسی حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان دژ بەیەك بڵاوبوونەوە، میدیای ئیسرائیل دەڵێن لەوكاتەدا كە بارەگای سەرەكیی حزبوڵڵا لە بەیروت بۆردومان كراوە نەسروڵڵا لەوێ بووە، بەرپرسێكی ئەمەریكاش ڕاستەوخۆ دوای ئەو لێدوانە وتی ئەگەر نەسروڵڵا لەو بینایەدا بووبێت ئەستەمە ڕزگاری بووبێت. هەرچەندە میدیای ئیسرائیل و ڕۆژئاوا باس لە كوژرانی ئەمینداری حزبوڵڵا دەكەن، بەڵام تائێستا بەفەرمی ئەو هەواڵە لەلایەن حزبوڵڵاوە نە ڕەتكراوەتەوە و نە پشت ڕاست. ئەوەی گومانی خستوەتە سەر مردنی حەسەن نەسروڵڵا، لێدوانی، عەلی لاریجانی ڕاوێژكاری عەلی خامنەیی، كە دەڵێت "بەرەی مقاوەمە سەركردە و كادری بەهێزی هەیە، هەر سەركردەیەك كە دەمرێت جێگرەوەی هەیە". لاریجانی دەشڵێت "تیرۆركردن چارەسەری كێشەی ئیسرائیل ناكات". وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە "گورزەكەی ئیسرائیل لە باشوری بەیروت، تاوانی جەنگە و ئەمەریكا و ئیسرائیل بەرپرسیارێتیەكەی هەڵدەگرن". لە نوێترین هەڵوێستدا ئەمەریكا لەبارەی هێرشەكە دەڵێت ئاگادار نەكراونەتەوە و لەوبارەیەوە لێكۆڵینەوە دەكەن ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێت ئەو دۆخەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە شەرمەزاركەرە، روسیاش دەڵێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری شەڕێكی نوێدایە.

هاوڵاتی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەگرتووەکاندا، بێنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکدا وێنەیەکی بەرز کردووەتەوە کە ناوچەکانی جەنگ  و مەترسی  بۆ سەر وڵاتەکەی پیشان دەدات لەنێویاندا عێراق هەیە. هەروەها وتیشی پەیامێک بۆ ئێران دەنێرین کە ئەگەر لێمان بدات ئێمەش بە لێدان وەڵامی دەدەینەوە و هیچ شوێنێکی ئێران نییە کە دەستمان پێی نەگات. ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ  وتی، بۆ ئەوەی رێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بە ئەنجام بگات، دەبێت رێککەوتنێکی مێژوویی ئاشتی لەگەڵ سعودیە بکرێت. داواشی کرد حە*ما*س خۆی ڕادەست بکات و بە هیچ شێوەیەک وازناهێنین تا سەرکەوتن بەدەست دەهێنین. هەروەها، لەکاتی وتارەکەیدا، ناتانیاهۆ نەخشیەکی بەرزکردەوە و تیایدا عێراق، ئێران و سووریای بە وڵاتانی "نەفرەتلێکراو" بەرەنگی رەش دیاریکردووە.

هاوڵاتی پۆلیسی پاسەوانی كەناراوەكانی باشووری یۆنان سەبارەت بە ژێر ئاوکەوتنى بەلەمێكی كۆچبەران لە كەناراواكانی سنووری وڵاتەكەیان و ژمارەی قوربانییەكان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ بەلەمێكی دیكەی كۆچبەران لە دەریای ئیجە ژێر ئاوکەوت، بەهۆیەوە كەسێك گیانی لەدەستدا، تونراوە ١٥ كۆچەریش ڕزگاربكرێت، ئەوەش سێیەم بەلەمی كۆچبەرانە كە لە پێنج ڕۆژدا لە ئیجە ژێر ئاو دەکەوێت. ئاماژە بەوەشكراوە، بەلەمەکە ١٦ سەرنشینی تێدابووە، بەهۆی خراپی دۆخی كەشوهەواوە ژێر ئاوکەوتووە و بەهۆیەوە كۆچبەرێك خنكاوە كە ژنە و تەرمەكەی دەرهێنراوەتەوە. ئەوەش خراوەتەڕوو، هەر ئەمڕۆ ٧٨ كۆچبەریان لە بەلەمێكدا لە دەریای ئیجە ڕزگاركردووە، كە بەلەمەكەیان ژێر ئاوکەوتووە، سەرجەم كۆچەرەكانیش گواستراونەتەوە بۆ دوورگەی كریت. جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە بەلەمێكی كۆچبەران نقوم بوو و بەهۆیەوە سێ كۆچبەر خنكان و  ٢٥ كۆچەری دیكەش بێسەروشوێنبوون.  

  هاوڵاتی تۆڕی سکای نیوزی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەستێرەیەکی بچووک لەم هەفتەیەدا دەچێتە ناو خولگەی زەوی و بە تایبەتی لە ٢٩ی ئەیلوولدا و لەشێوەی مانگ لەگەڵ مانگی “ڕەسەن”ی زەویدا دەبێت. ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو ئەستێرە بچووکە بەشێکە لە پشتێنەیەکی ئەستێرەیی کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک بەردی بۆشایی ئاسمان لە کۆمەڵەی خۆردا، کە بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە.  دەشڵێت، هاوشێوەی مانگە و ناوی “2024 PT5”ە، بۆ ماوەیەکی کاتی لە بواری کاریگەری کێشکردنی زەویدا دەبێت، بەمەش دەبێتە “هاوڕێ”ی مانگی زەوی. ئەوەشخراوەتەڕوو، ‏“2024 PT5” بۆ یەکەمجار لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو دۆزرایەوە، ڕۆژێک پێش ئەوەی بە دووری 568 هەزار و 500 کیلۆمەتر لە زەوی نزیک ببێتەوە. “مینی مانگ” بۆ ماوەی 57 ڕۆژ بەدەوری زەویدا دەسوڕێتەوە. تۆڕی سکای نیوزی بەریتانی ئاشکراشیکردووە، هەرچەندە سەردانکەرێکی کاتی دەبێت، بەڵام زاناکان پێشبینی دەکەن لە ساڵی ٢٠٥٥دا جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ خولگەی زەوی.

هاوڵاتی دۆناڵد ترەمپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا و كاندیدی كۆمارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، دەڵێت لە لایەن ئێرانەوە هەڕەشە لەسەر ژیانم هەیە. ترامپ له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌ت به‌ خۆی  لە تروس سۆشیاڵ لە نووسیویه‌تی: "له‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ژیانم هه‌یه‌، ته‌واوی سوپای ئه‌مریكا چاودێری ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕوانن". ئەوەشی خستۆتەڕوو،" ئێران كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی ناوه و تیادا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌‌، به‌ڵام دووباره‌ هه‌وڵده‌داته‌وه‌، من به‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ پاسه‌وان و چه‌ك ده‌وره‌دراوم كه‌ پێشتر شتی له‌م جۆره‌م نه‌بینیووه".‌

  هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، یەک ئۆنسە زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئاستێکی نوێی مێژوویی تۆمار کرد و تاوەکو نزیکەی 2670 دۆلار بەرزبووەوە.  نرخی یەک ئۆنسەی زێڕ لە ئێستادا بە 2660 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە و پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.  

هاوڵاتی پەیامنێری سکای نیوز لە لوبنان، بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی سەربازی لوبنان، هەواڵی کردنەئامانجی عەلی کرکی لە هەڵمەتێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیروت بڵاوکردەوە و دەشڵێت، گیانی لە دەستداوە، بەڵام بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز تا ئێستا چارەنووسی نادیاره.   سوپای ئیسرائیل لەوبارەیەوە دەڵێت، ئێوارەی ڕۆژی دووشەمە چەند موشەکێکێکیان ڕەوانەی چەند شوێنێک کردووە بۆ کوشتنی گەورە بەرپرسی حیزبوڵا، ئامانجی هێرشەکە لە بەیروت عەلی کرکی فەرماندەی میحوەری باشوورە و کەسی سێیەمی سەرکردایەتی حزبەکە بووە.

هاوڵاتی بەهۆى ژێرئاوکەوتنى بەلەمەکەیانەوە لە دەریای ئیجە، سێ کۆچبەر خنکان و لانیکەم ٢٥ کۆچبەریش بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە. ڕۆژنامەنوس، توانا عومەر کە ئاگاداری پرسی کۆچبەرانە بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە لە کەناری دورگەی سامۆسی یۆنان بەلەمێکی کۆچبەران نوقوم بوو و تەرمی سێ کۆچبەر دۆزراونەتەوە و لانیکەم ٢٥ کۆچبەریش بێسەروشوێنن. باس لەوەش کرد، پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاندوە، تائێستا پێنج کۆچبەرێکیان رزگار کردووە. وتیشی، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردن لەلایەن چوار کەشتی پاسەوانی کەناراوەکان و هەلیکۆپتەرێکەوە دەستی پێکردووە و بەردەوامە. جێی ئاماژەیە، بەپێی ڕاپۆرتێکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە ماوەی ساڵانی نێوان ٢٠١٥ تا شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، ٥٩١ کەس لە ڕێگەی گەیشتن بۆ ئەورووپا بوونەتە قوربانی، لەوانە ٣٤٣ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، ٢٤٨ـیشیان بێسەروشوێنن.

هاوڵاتی لە یەکەم رۆژی دەستپێکی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا نرخی زێڕ ئاستێکی مێژوویی نوێی تۆمار کرد و بەرزبووەوە. ئەمڕۆ دووشەممە،23ی ئەیلوولی 2024، لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، لە یەکەم رۆژی دەستپێکی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا نرخی زێڕ ئاستێکی مێژوویی نوێی تۆمار کرد و نرخی یەک ئۆنسەی بەرزبووەوە بۆ 2630 دۆلار. هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەگەڕێتەوە بۆ گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بەردەوام پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.

هاوڵاتی کەناڵی "الحدث"ی عێراقی بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیکی ئەمنی بڵاوی کردۆتەوە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی عێراق بەرزبونەتەوەو بە مەستی بە ئامانج گرتنی پێگەکانی ئیسڕائیل. فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە عێراقەوە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکەوتن کەناڵی الحدث ی عێراقی بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیکی ئەمنی بڵاوی کردۆتەوە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی عێراق بەرزبونەتەوەو بە مەستی بە ئامانج گرتنی پێگەکانی ئیسڕائیل. ئەمە لە کاتێکدایە، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا ئیسڕائیل هەزاران ئامێری پەیجەری لەدەستی ئەندامانی حیزبوڵای لوبنانی تەقاندەوە، لە ئەنجامدا کوژراو برینداری لێکەوتەوە، بەوەش ململانێی ئیسڕائیل و بەرەی مقاومەی ئیسلامی زیاتر پەرەی سەند.

هاوڵاتی بە گوێرەی دوایین ئاماری پەڕینەوەی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا لە ماوەی نۆ مانگ و نیوی رابردوودا ٢٣ هەزار و ٥٣٣ کۆچبەر پەڕیونەتەوە. لەو بارەیەوە ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیز بۆ کۆچبەران خەونێکە تا پێیدەگەن، بەڵام کەناڵەکە چەندەها ساڵە بووەتە مۆتەکەی رۆحی کۆچبەران. هەروەها بەپێی ئامارەكانی دەزگای لوتکە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە تا ١٥ــی ئەیلول، ٢٣هەزار و ٥٣٣ کۆچبەر لە کەناڵەکە پەڕیونەتەوە، کە زیاترە لە ژمارەی هەمان ماوەی ساڵی پێشوو، بەڵام کەمترە لە ساڵی ٢٠٢٢. ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە گشتی ٢٩ هەزار و ٤٣٧ کۆچبەر بە بەلەمی بچووک لە کەناڵەکە پەڕیونەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، لە شەش ساڵی رابردوودا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ تا ئەیلوولی ٢٠٢٤ نزیکەی ١٩٤ کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیزی گیانیان لەدەستداوە.

هاوڵاتی سیاسەتمەدارێكی سەربەخۆ ڕایگەیاند، داوا لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكەم، بەهۆی بەفیڕۆدانی پارەی گشتی وڵاتەوە لێپرسینەوە لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی دەركراوی پەرلەمانی عێراق بكات، دەشڵێت، دەبێت لێكۆڵینەوە لە سەروەت و سامانە زۆرەكەی بكرێت. عائد هیلالی ڕایگەیاندووە، تا ئێستا حەلبووسی بەهەمان خەیاڵی پلە و پۆستی پێش دوورخستنەوەی لە پەرلەمان دەژى، لێدوانەكانی ئەم دواییەشی ئاماژەن بۆ ئەوەی تووشی حاڵەتێكی سەرلێشێواوی بووە و خەریكە پێگەی سیاسی خۆی لەدەست دەدات، حەلبووسی دەیەوێت لەڕێگەی ئەم لێدوانانەوە بەشێك لە دەسەڵاتەكان بەدەستبهێنێتەوە. ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێككەوتنێك لەنێوان حەلبووسی و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە، بۆ كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك پەرلەمان، بە مەبەستی ئەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان هەمووار بكاتەوە و چانسی سوودانی بۆ دووبارە بوون بە سەرۆكوەزیران نەهێڵێت. وتیشی: نابێت حەلبووسی لەبیری بچێت، كە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە داواكراوە، بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی ساختەكارییەوە، قسەكانیشی لەسەر بودجە  دوورە لە ڕاستییەوە، داوا لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكەم، بەهۆی بەفیڕۆدانی پارەی گشتی وڵاتەوە لێپرسینەوە لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی دەركراوی پەرلەمانی عێراق بكات. باسی لەوەشكرد، حەلبووسی لەسەر حیسابی پارەی گشتی زۆر دەوڵەمەند بووە، دەبێت لێیى بپرسرێت: ئێوە ئەم پارەیەتان لە كوێوە دەست كەوتووە، هەروەها دەبێت دادگا لێكۆڵینەوە لە سەروەت و سامانە زۆرەكەی بكات. لە كۆتاییدا وتی: پێویستە دەسەڵاتی دادوەری عێراق بە پەلە لێپرسینەوە لە حەلبووسی بكات لەسەر سامانە گەورەكەی، نابێت بە ئازادیی لە دەرەوە بێت، چونكە تۆمەتبارە بە تاوانی ساختەكاری، ئەم بابەتەش لە دژی سەلمێنراوە، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش دەبێت دادگایی بكرێت. ڕۆژی ١٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەكە لە محەمەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش ڕاستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو كێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی ڕابردوو لە نێوانیان ڕوویاندا.