رەزا مەنوچەهری سوریا وەک بەشێک لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵکەوتەیەکی گرنگ، دێرین، لانکی شارستانیەتە جۆراوجۆرەکان، فرە پێکهاتەیەی و کولتوریی دەوڵەمەندی لە خۆگرتووە. لە رووی ئایینەوە هەر سێ ئایینی ئیسلام، مەسیحی و جووی تیادایە. لە رووی ئایینزاکانەوە سوننە، عەلەوی، شیعە، مەسیحی، ئیسماعیلی، ئێزدی و کلدانی و ژمارەیەک تەریقەتی جۆراوجۆری تیادایە. لە رووی نەتەوەییەوە عەرەب، کورد، ئاشووری، دروزی، ئەرمەنی، تورکمەن و چەرکسی تیادایە. کورد لە سوریا لە رووی میژوویی، شارستانی، جوگرافی، سیاسی، ئابووری، سەربازی و کولتورییەوە پێکهاتە و بونیادێکی سەرەکیی ئەو وڵاتەیە. کورد لەمێژووی سوریادا بەشێک لە مێژوونوسان میتانییەکان بە باپیرە گەورەی کورد دەزانن. میتانییەکان لە ناوچەکانی کوردستان و بەشی رۆژئاوای کوردستان و تاوەکو سنووری میسر دەسەڵاتیان هەبووە. ناوەندەکەیان بە ناوی واشۆکانی دەکەوێتە رۆژئاوای کوردستان. هەروەها گۆتییەکان و مانائییەکان و میدییەکان و... هتد لە ناوچەیەدا هەبوون. لەزۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان چەندین شوینەواری گرنگ و گەورەی مێژوویی هەیە، کە قەڵای نەبی هوری، شێرە بەردینە رەشەکەی باشووری عەفرین (شێری بازلتی)، قەڵای کوردان لە باکووری حەڵەب، قەڵای دووسەر (جەعبەر) لە باکووری رەققە و شوێنەواری مێژوویی کانی دارا، کە لەلایەن یونسکۆوە وەک شوێنەوارێکی مێژوویی جیهانی تۆمارکراوە و مێژووەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ هەزار ساڵ لەوە پێش بەشێکن لەو شوێنەوارانە. هاوکات شوێنەواری مێژوویی یونانییەکان و ئێرانییەکان و رۆمییەکان لە رۆژئاوای کوردستاندا هەیە. کورد لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا لەناوچەکانی باکووری سوریا و دەرووبەری رووباری خابوور و رووباری فورات، چیای کورمێنج، کە لەدوای داگیرکاریی عوسمانییەکانەوە پێی دەوترێت کوردداغ، کە دەکاتە عەفرینی ئەمڕۆ، نیشتەجێ بوون. لە سەردەمی ئەیوبییەکان ژمارەیەکی زۆری کورد چوونەتە ناوچەکانی سوریا لە حەڵەب و دیمەشق و حەما نیشتەجێ بوون. هەروەها لە سەدەی ١٦ەوە بەهۆی داگیرکاری و کوشتاری عوسمانییەکانەوە شەپۆلێکی تری کۆچی کورد لە ناوچەکانی تری کوردستانەوە بەرەو رۆژئاوای کوردستان رۆیشتوون. کورد لەو قۆناغە مێژووییانەدا ناوچەکانی خۆیان بەڕێوەبردووە. بەشێکی گرنگ بوون لەوەی پێی دەوترێت شامات. کورد لەسوریای دوای جەنگی جیهانیی یەکەم کاتێک ئیمپراتۆریی عوسمانی هەڵوەشایەوە ژمارەیەک وڵاتی نوێ دامەزران، کە سوریا، عێراق، ئوردون و لوبنان بەشێک لەو وڵاتانە بوون. سوریا کەوتە ژێر دەسەڵات و ئینتدابی فەرەنسیەکان. بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە ١٩٢٠ بۆ ١٩٢٥ سوریا لەلایەن فەرەنسییەکانەوە وەک ٥ حکومەت (حکومەتی دیمەشق، حکومەتی حەلەب، حکومەتی عەلەوییەکان، لوبنانی گەورە، جەبەل دروز) و ناوچەی خۆبەڕێوەبەر بەڕێوەدەبرا، کە حەڵەب گەورەترین ناوچەی بوو و زۆربەی کوردەکانیش لە دەوڵەتی حەلەبدا بوون. لەکتێبی کورد لەسوریا لە نووسینی ژوردی تژل دا هاتووە، کورد وەک هێزی سەربازی و بازرگانی و بەشداریکردن لە حکومەت و وەزارەت و نوێنەرایەتییەکانی سوریادا رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە. ژمارەیەکی زۆر لە هێزی سەربازییان پێکدەهێنا. تەنانەت سێ سەرۆک وەزیرانی سوریا لەو کوردانە بوون، کە لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی فەرەنسادا کاریان کردبوو و بە سێ دیکتاتۆرەکەش دەناسرێن و بریتین لە حوسنی زەعیم لە خێزانێکی کورد – عەرەب لە حەلەب (١٨٩٤-١٩٤٩)، ئەدیب شیشکلی لە خێزانێکی کوردی حەما (١٩٠٩ - ١٩٦٤) و سامی حەناوی لە خێزانێکی کوردی حەلەب (١٨٩٨-١٩٥٠). لەماوەی ئینتیدابی فەرەنسیدا دۆخێکی نیچمە ئازاد بۆ کار‌و چالاکییە جۆراجۆرەکان هەبوو و سیاسەت سڕینەوە و قەدەغەکاری و پاکتاوکردن لەدژی هەبوونی نەتەوەیەک بەڕێوەنەدەبرا. ئەو دۆخە وایکرد کوردەکان لەسوریا هەم خۆیان رێبکخەن و ژمارەیەک رێکخراو و ناوەند دابمەزرێنن، هەم هاوکاریی پارچەکانی تری کوردستان بکەن. رێکخراوی خۆیبوون و شۆڕشی ئاگری رێکخراوی خۆیبوون لە ٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٧ لەلایەن جەلادەت بەدرخانەوە دامەزراو تا ساڵی ١٩٤٦ بەردەوام بوو. ئەو رێکخراوە لە حەلەب، شام (دیمەشق) و لوبنان و باکووری کوردستان کاری گرنگی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد دەکرد. تەنانەت لەو سەردەمەدا پەیوەندیی لەگەڵ ئازادیخوازی سلێمانی دا دروستکردبوو. خۆیبون پاڵپشت و قەڵای سێ شۆڕشەکەی ئاگری بە سەرۆکایەتیی ئێحسان نووری پاشا بوو، کە لە دوای سەرکوتی راپەڕینەکەی شیخ سەعیدی پیران شۆڕشەکەی ئاگری گرنگترین بوژانەوەی هەست و هزری نەتەوەیی کورد بوو. گۆڤاری هاوار بنەماڵەی بەدرخان بەردەوامبوون لە هەوڵەکانیان و پەیوەندییەکانیان بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی نەتەوەی کورد‌و بەدەستهێنانی مافەکانی. لەو چوارچێوەیەدا لەلایەن جەلادەت عالی بەدرخانەوە لە شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا گۆڤاری هاوار بۆ یەکەمجار لەمێژووی کورددا لە ١٥ی ئایاری ١٩٣٢ بە ئەلف و بێی کوردیی لاتین بڵاوکرایەوە. گۆڤاری هاوار گۆڤارێکی ئەدەبی و وێژەیی و سیاسی بووە و تا ١٥ی ئابی ١٩٤٣ واتە بۆ ماوەی نزیکەی ١١ ساڵ بەردەوامبووە. چەند ژمارەی سەرەتای گۆڤارەکە بە هەر دوو زمانی کوردی و فەرەنسی بڵاوکراوەتەوە و دواتر هەمووی بووە بە کوردی. بەگشتی ٥٧ ژمارەی لێ دەرچووە و هەموو لاپەڕەکانی ئەو ٥٧ ژمارەیە، ٨٠٨ لاپەڕەیە. لەدرێژەی ئەو رەوتە لە رۆژنامەگەریی و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەیی کورد و گەیاندنی دەنگ و خواستی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لەدوای راپەڕینی گەلانی سوریا و ئازادکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان رۆژی ٥ی ئابی ٢٠١٢ ئاژانسی هەواڵی هاوار (ئانەها) دەستی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری لەسەر رووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد‌و ئێستا ئەو ئاژانسە بە ٦ زمان کە بریتین لە، کوردی (شێوەزاری کرمانجی و بە ئەلف و بێی لاتین)، عەرەبی، تورکی، ئینگلیزی، رووسی و ئیسپانی هەواڵ و زانیاری لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان و پێشهاتەکانی سوریا و ناوچەکە بڵاو دەکاتەوە. کوردی پارچەکانی تری کوردستان و رۆڵیان لە رۆژئاوای کوردستان لەدوای هەر سەرکوتکاری و کوشتارێک لە باکووری کوردستان ژمارەیەک لەهاووڵاتیانی کورد روویان لە رۆژئاوای کوردستان کردووە. جگە لە رۆڵ و کاریگەریی بنەماڵەی بەدرخان هەر یەک لە جگەر خوێن، عوسمان سەبری، نوری دێرسیمی، قەدری جان... هتد لەو کەسانە بوون رۆژئاوای کوردستانیان کردبووە لانکەی تێکۆشانیان. لەدوای دامەزراندنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەشاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەساڵی ١٩٤٦، لە باشوور‌و باکووری کوردستانیش ئەو حزبە دروستکران. لە رۆژئاوای کوردستانیش لەساڵی ١٩٥٧ پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا دامەزرا. کوردی بەشەکانی تری کوردستان و لەوانە عەبدولڕەحمانی زەبیحی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژێکاف و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەو کاتەدا لە رۆژئاوای کوردستان بە مەحمود حەسەن شنۆیی دەناسرا رۆڵێکی بەرچاوی لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریادا هەبوو. تەنانەت کتێبێکی بە ناوی رەتدانەوەی کۆسمۆپۆلیتیزم لەدژی ئەو کەسانە نووسی، کە لەژێر کاریگەریی شیوعیەتدا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، خەبات لە دژی ئیمپرالیزم گرنگە و خەبات بۆ نەتەوەیەک و لەناویشیدا بۆ کورد بە رەوا نەدەزانی و لەو رێگەوە رێگرییان لە خەبات و بەدەستهێنانی مافەکانی کورد دەکرد. کۆماری سوریا لەدوای ئەوەی فەرەنسیەکان لە ساڵی ١٩٣٦ لەگەڵ سوریەکان رێککەوتنی سەربەخۆیی سوریایان واژۆ کرد. کۆماری سوریا دامەزرا. فەرەنسییەکان هێشتا دەسەڵاتی زۆریان بەسەر سوریا‌و هەبووە لە ساڵی ١٩٣٩ لیوای ئەسکەندەرویان لە مامەڵەکەیدا بە تورکەکان دا. لە ١٩٤١ سوریا سەربەخۆیی خۆی راگەیاند. لەساڵی ١٩٤٦ دوا سەربازی فەرەنسی لە سوریا کشایەوە. ساڵی ١٩٤٦ تاوەکو ساڵی ١٩٦٣ قۆناغێکی پڕ لە کێشمەکێش و کودەتا و ململانێی جۆاروجۆر بوو. هاتنە سەرکاری بەعسییەکان و دامەزراندنی کۆماری عەرەبیی سوریا لەساڵی ١٩٦٣ بەعسییەکان لەسوریا لە رێگەی کودەتایەکەوە دەسەڵاتیان گرتە دەست. لەو سەردەمەدا ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەگەشەدا و جەمال عەبدولناسر کاریگەریی لەسەر بزاوتی ناسیۆنالیستیی عەرەبی هەبوو. پلانی ئەوەیان هەبوو کۆماری عەرەبی یەکگرتوو لە نێوان میسر و سوریا و ئوردن دا دابمەزرێنن. تاوەکو ساڵی ١٩٧٠ ئەو دۆخە بەردەوام بوو، کە حافز ئەسەد لەو ساڵەدا بەکودەتایەک هاتە سەر کورسیی دەسەڵات و تا ئێستا بنەماڵەکەی دەسەڵاتداری سوریان. بەوەش کۆتایی بەو پلانەی هات و لەئەنجامدا لە سوریا کۆماری عەرەبیی سوریا راگەیەندرا. سیاسەتی تەعریب و سڕینەوەی گەلان و پێکهاتەکانی سوریا بە تایبەتی کورد دەستیپێکرد. لەکتێبی کورد لەسوریا لە نووسینی کەریم یڵدز دا هاتووە، لە ساڵی ١٩٦٢ دا سەرژمێری لە حەسەکە کراو سەرژمێرییەکە هاووڵاتیانی لێ ئاگادار نەکرابوویەوە. سەر ژمێرییەکە لە ناکاو بوو هەر هاووڵاتییەک لەو رۆژەدا بەڵگەنامەکانی خۆی پێشکەش نەکردایە مافی هاووڵاتیبوونی سوریای پێنەدەدرا. لەوەدا ژمارەیەکی زۆری کورد لەمافی هاوڵاتیبوون بێبەشکران. لەساڵی ١٩٦٣ ئەفسەر محەمەد تالیب هیلال سەرۆکی ئەمنیی پارێزگای حەسەکە لە نووسراوێکی نهێنی دا و لەچەند خاڵێکدا داوا دەکات کوردەکان لەسەر خاکی خۆیان رابگوێزرێن، رێگا بە خوێندنیان نەدرێت، ئەو کوردانەی تورکیا داوای کردوون رادەست بکرێنەوە، پڕوپاگەندە لەدژی کورد بڵاوبکرێتەوە، مەلایانی ئایینی عەرەب بۆ ناوچە کوردییەکان بهینرێن، عەرەب لە ناوچە کوردییەکاندا نیشتەجێ بکرێن و سیاسەتی بەگژیەکدا کردن لەدژ کوردەکان بەکاربهێنرێت. لەدرێژەی ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییەدا لە ساڵی ١٩٧٣ پشتێنەی عەرەبی بەدرێژایی ٩١١ کیلۆمەتر لەگەڵ سنوری تورکیا بۆ بەعەرەبکردنی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو. ناوی شوێنە کوردییەکان گۆڕدرا، مافی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە و زەویی لە ناوچە کوردییەکان بەتایبەتی لە حەسەکە لە کورد قەدەغە کرا. کوردە بێ ناسنامەکان ئیدی نەدەکران بەهاووڵاتی، خان‌و و موڵک نەدەکرا بەناویانەوە، ناسنامە و پاسپۆرت و مۆڵەتی شۆفێرییان پێ نەدەدرا. کوردەکان بەناچار کۆچیان بۆ حەلەب، دیمەشق و رەققە و ناوچەکانی تری سوریا دەکرد. زۆربەیان کاری سەخت و کرێکاری و دەستگێڕییان دەکرد. گەرچی چەند سەد ساڵە کورد لەدیمەشق و زۆر زیاتر لەوەش لە حەڵەبدایە، بەڵام بۆ بۆ مانەوەیی خۆیان لەدیمەشق گەڕەکێکیان بەدزییەوە و بەشەودا بە ناوی زۆرئاوا دروستکرد. هاوکات کوردەکان لە حەڵەب لەناوچەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەمانەوە، کە ئەو دوو ناوچەیەی ناو شاری حەڵەب زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کوردی تیادا بوو. رۆژئاوای کوردستان کۆڵەکە و پردی پەیوەندی و پەڕینەوە سیاسەتەکانی رژێمی بەعسی سوریا کاریگەریی زۆری لە پەراوێزخستن و گەشە نەکردنی ژێرخانی کوردستاندا هەبوو، بەڵام سەرباری ئەوەش رۆژئاوای کوردستان هەر پێگەی گرنگی خۆی بۆ شۆڕشی کورد لەدەست نەدا. لەو رۆژگارە سەختەدا رۆژئاوای کوردستان پردی پەڕینەوە بۆ شۆڕشەکانی باکووری کوردستان و باشووری کوردستان بوو. لەدوای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی لە قاوەخانەی تولەیتولەی دیمەشق و بەهۆی ململانێی نێوان بەعسی سوری و عێراقی دەرچەیەک بۆ هاوکاریی کوردانی باشوور کرایەوە. هەروەها بەهۆی مملانێی سوریا لەگەڵ تورکیا دەرچەیەکیش بۆ پشتیوانی لەخەباتی باکووری کوردستان کرایەوە. کاتێک ژمارەیەک لە کادێر و سەرکردەی پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٠ بەرەو بوقاع لە باشوری لوبنان رۆیشتن، لەلایەن جۆرج حەبەش و نایف حەواتمە و بزووتنەوەی فەتحەوە هاوکاری کران. لەو سەردەمەدا باشوری لوبنان ناوەندی هێزە چەپ و شۆڕشگێڕ و چەکدارەکانی جیهان بوو، لەسوپای سوری ژاپۆنەوە بۆ بریگاردی ئیتاڵیا و بۆ چەپەکانی تورک و بۆ هەندێک هێزی ئیسلامی، هەموویان لەوێ کۆبوونەوەو کاری راهێنان و چەکداری و داڵدەدانیان دەکرا. پەکەکە بەهۆی دۆخی مێژوویی و پەیوەندی قوڵی نێوان گەلی رۆژئاوا و باکوور هێدی هێدی کاریگەریی خۆی لەسەر کۆمەڵگەی رۆژئاوای کوردستان زۆر کرد. زیاتر لە ٤ هەزار رۆڵەی تێکۆشەری کوردی رۆژئاوای کوردستان لە ریزەکانی پەکەکە لە جەنگ لەدژی دەوڵەتی تورکیا شەهید بوون. زیاتر لەو ژمارەیەش برینداریان هەیە و زیاتر لەوەش کادێر و ئەندام و رێکخستنیان هەیە. کوردی رۆژئاوا کۆڵەکەیەکی گرنگ و سەرەکیی خەباتی باکووری کوردستان بووە. ئەوەش بەهۆی جۆرێ رێکخستن و پەروەردەو پڕوپاگەندە و شۆربوونەوە بۆ ناو هەموو چین و تووێژەکانی کۆمەڵگە لەلایەن پەکەکە و بەتایبەتی عەبدوڵا ئۆجالانەوە ئەنجامدرابوو. لەساڵانی ١٩٩٠دا رێکخستن و پڕوپاگەندەیان بە رادەیەک بڵاوکردبووە، کە گەیشتبونە ناوچەی تەبقە لەپارێزگای رەقە و لە ناو کوردەکانی ئەو ناوچەیەدا رێکخستنیان هەبوو و گەنجان بووبونە گەریلا و شەهیدیان هەبوو. ئاستی بەشداریی هەمەلایەنە و گرنگی رۆژئاواییەکان بووە قۆناغێکی نوێ لە خەبات لە رۆژئاوای کوردستان بۆ کوردی ئەو بەشەی کوردستان. گەرچی رژێمی ئەسەد زۆر هەوڵی دابوو ناسنامەی کوردی رۆژئاوا بەتەواوەتی بسڕێتەوە، بەڵام جۆری کار‌و رێکخستنی پشکۆی ژێر خۆڵەمێشی پەکەکە هێزی مانەوەی ئەو کۆمەڵگەیەی راگرتبوو. راپەڕینی کورد لەساڵی ٢٠٠٤ لە قامیشلۆ و هەروەها شۆڕشی گەلانی سوریا لەساڵی ٢٠١١ بۆ کوردی رۆژئاوا بووە قۆناغێکی نوێی مێژوویی. شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان و گەشەسەندنەکانی هاوکات لەگەڵ تەشەنەی بەهاری عەرەبی بۆ سوریا و راپەڕینەکان لەساڵی ٢٠١١دا کوردیش دەستی بە راپەڕین کرد. لەدوای دەستپێکردنی راپەڕینەکان لەسوریا، پەیەدە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)ی لە ٤ی نیسانی ٢٠١٢دا دامەزراند، کە رۆڵی گەورەیان بینی لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا. لە ١٩ی تەممووزی ٢٠١٢دا شاری کۆبانێ و بە دوای ئەوەشدا شارەکانی عەفرین و دێرک و عامودێ ... هتد رزگارکران. کورد هاوکات لەگەڵ شەڕ لەدژی گروپەکانی بەرەی نوسرە و دوای ئەوەش داعش، کە هێرشیان کردبووە سەر رۆژئاوای کوردستان، هەوڵی دامەزراندن و سەقامگیرکردنی سیستمێکی سیاسی و ئابووری و مۆدێلێک لە چارەسەری و بەڕێوەبردن دەدا. لەو چوارچێوەیەدا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە کانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان دامەزرا. لەدوای ئەو پێشهاتەش ڕۆژی ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ لە دوای کۆتایی هاتنی کۆنگرەی سوریا دیموکراتیک، ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) راگەیەندرا. مەسەدە نوێنەرایەتیی سیاسیی هەسەدە دەکات. پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)، کە لە ٢٠ ئەیلولی ٢٠٠٣ دامەزراوە. لە کۆنگرەی سێیەمیدا لە ساڵی ٢٠٠٧ پڕۆژە و سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی کردە ستراتیژی ئەو حزبە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەبەر ئەوەش هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لەدوای ئازاکردنی شارەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە بەڕێوەچوون. لەدرێژەی ئەو رەوتەدا و دوای گەشەسەندنی زیاتری پێگەی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان کانتۆنی جزیرە لەڕۆژئاوای کوردستان لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ و هاوکات لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد دامەزرا. دوابەدوای دامەزراندنی کانتۆنی جزیرە لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤دا کانتۆنی کۆبانێ راگەیاندرا، هەروەها لەڕۆژی ٢٩ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ کانتۆنی عەفرینیش دامەزرێندرا. لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان لەباکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجوومەنی دامەزرێنەری سیستمی فیدڕاڵی دیموکراتیکی باکووری سوریا لەڕۆژانی ٢٧ و ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٧ و لە سێیەمین دانیشتنی‌دا، یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی فیدڕاڵیی دیموکراتیکی باکووری سوریا‌و یاسای دابەشکردنی بەڕێوەبەرێتییەکانی ئەو ناوچانەی پەسەند کرد. بەپێی ئەو یاسایە سیستمی فیدڕاڵیی دیموکراتیکی باکووری سوریا کرا بەسێ هەرێمی جزیرە، کە پێکهاتووە لە کانتۆنەکانی قامیشلۆ و حەسەکە، هەرێمی فورات پێکهاتووە لەکانتۆنەکانی کۆبانێ و گرێ سپی، هەرێمی عەفرین پێکهاتووە لەکانتۆنەکانی عەفرین و شەهبا. پرۆژەی چارەسەریی کورد بۆ کێشەکانی رۆژئاوا‌و سوریا ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سوریا (ئەنەکەسە) لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١دا لەقامیشلۆ دامەزرا. ئەو ئەنجومەنە خۆی خستووەتە پاڵ ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا و کۆنگرەی نیشتمانی سوریا و لەناو شاندەکانی ئەو رەوتانەدا کەسێک بەناوی ئەوانەوە بەشداری لەدانیشتنەکانی پەیوەند بەکێشەی سوریاوە دەکات، بەڵام تائێستا دانیشتنەکانی جنێڤ، ئاستانا، سۆچی و ریاز بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا بەهیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا، کە ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان لەهەموو ئەو دانیشتنانە بێبەشکراوە، بەڵام ئەو ئیدارەیە لەخستنەڕووی رێگا چارەکانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان رانەوەستاوە. بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (تەڤدەم)، کە ساڵی ٢٠١١ لە رۆژئاوای کوردستان دامەزراوە، ژمارەیەک حزب و لایەنی سیاسی و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکهاتووە و هەریەک لە پێکهاتە و نەتەوەکانی کورد، عەرەب، سوریانی، ئاشووری و مەسیحی و تورکمانی لە خۆ گرتووە. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان پشتبەستوو بە تێزی نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و ژنۆلۆژی و ژینگەپارێزیی عەبدوڵا ئۆجالان، کاریکردوە بۆ دابینکردنی مافی نەتەوە و پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکان. مەزڵوم عەبدی و پۆڵات جان لەکتێبی پرۆژە پراکتیکییەکانی بونیاتنانی خۆبەڕێ بەریدا باسی ئەوە دەکەن، کە بەدامەزراندنی سیستمی کۆمین لەناو کۆمەڵگەدا دەیانەوێت هەموو پێکهاتەکان بەشداریی راستەوخۆ لەخۆبەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا بکەن. بۆ ئەوەش جگە لەکۆمینەکان، ئەنجومەنی ناوچەکان، ئەنجومەنی شارەکان، ئەنجومەنی گشتیی رۆژئاوا (باکوور‌و رۆژهەڵاتی سوریا)یان بەهاوبەشی لەگەڵ نەتەوەکان و پێکهاتەکان دامەزراندووە. لەو چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا گەل خۆی بەشداری دەکات لە چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکان و تەندروستییەکان، یاسایی و مافەکان، چاکسازیی کۆمەڵایەتی، پەروەردە، پرسە کولتوری و نەتەوەییەکان. هەروەها بابەتی گەشەدان بەزمان و کولتوری کوردی و کولتوری پێکهاتەکانی تر لەسیستمی بەڕێوەبەریی و پەروەردەدا کارپێکراوە. کاریش بۆ ئەوە کراوە هەمووان بەشداری لەپرۆژەی ئاوەدانکردنەوە، بەرگری و خۆپاراستندا بکەن. ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان ئەوە مۆدێل و شێوازە بەچارەسەر بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە دەزانێت. جگە لەوەش لەدانوستانەکانیاندا لەگەڵ روسەکان و سوریەکان و رۆژئاواییەکاندا رایانگەیاندووە، سوریا بکرێتە کۆماری سوریا، بەشێوەی نا ناوەندی بەڕێوەببرێت، تایبەتمەندیی ناچەکانی خۆبەڕێوەبەری لە رووی سەربازی و ئاسایش و پەروەردەیان وەک خۆی بمێنێتەوە، یان لە چوارچێوەی نیشتمانی وەک بەشێک لەئاسایش و ئارامی و پەروەردەی سوریا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان لەمامەڵەکردن لەگەڵ سامانی نیشتمانیی بەتایبەتی نەوت و گازدا، جەختی لەوە کردووەتەوە ئەوە سامانی هەمو گەلانی و سوریایەو پێویستە بەشێوەیەکی دادمەندانە بۆ هەموو سورییەکان بێت، نەک وەک پێشتر گەلانی سوریا لێی بێبەش بن. جگە لەوەش یەکگرتوویی سوریا لەسوریایەکی دیموکراتیک و ئازاد‌و ناناوەندی و هاوبەشدا دەبینین. خۆیان بەهەڕەشە بۆ یەکپارچەیی خاکی سوریایەکی دیموکراتیک و ئازاد نازانن و پێداگری لەوە دەکەن، کەپرۆژەکەیان چارەسەرە بۆ هەموو کێشەکانی سوریا.
هاوڵاتی ئێوارەی ئەو رۆژەی روسیا دەستی كرد بەهێرشكردنە سەر ئۆكرانیا تاكە وڵات كە بەپەلە پشتیوانیی خۆی بۆ مۆسكۆ دەربڕی تاران بوو لەكاتێكدا وەزیری دەرەوەی روسیا بەلێدوانێك ئاماژەی لەناوبردنی خەونەكەی ئێران و رۆژئاوای بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەگوێی هەمولایەنەكاندا دا. ئێران وەك ئەوەی دەستی لە دۆخەكە شۆردبێت رایگەیاندوە ئەگەر كۆشكی سپی بیەوێت دەتوانێت رێككەوتنەكە زیندو بكاتەوە بەڵام تاران ناتوانێت لەوە زیاتر چاوەڕێی ئەمریكا بكات. وەزیری دەرەوەی روسیاش پێچەوانەی رابردوو رایگەیاند زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 ، قۆناغ و هەنگاوی زۆری پێویستە، ئەوەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە مۆسكۆ نایەوێت ئێران ببێتە بەدیلی غاز‌و نەوت بۆ وڵاتانی رۆژئاوا و هاوكات بوار نادات ئەمریكاو ئەوروپا، تاران بۆ ئامانجەكانی خۆیان لە دژی مۆسكۆ بەكاربهێنن. بەبڕوای شارەزایان و شیكەرەوانی سیاسیی؛ تاران بەپشتیوانیی لەمۆسكۆ هەڵەیەكی مێژوویی دیكەی تۆمار كردووە چونكە لەیەكەم و دووەم جەنگی جیهانییەوە روسیا بە بەردەوامیی لە بەرەی دژی ئێران بووە و تەنانەت لە سەردەمی جەنگی هەشت ساڵەی ئەو وڵاتەش لەگەڵ عێراق، پشتیوانیی سەددام حسێنی كردووە. روسیا هەر بەو مێژووە نەوەستاوەتەوە و لەساڵی 2011 تا ئەنجامدانی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران، هاوشانی ئەمریكاو رۆژئاوا دەستی هەبووە لەسەرجەم ئەو بڕیارانەی لە ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دژی ئێران دەركراوە بۆیە بەبەردەوامیی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و مۆسكۆ بە لەرزۆك ناودەبرێن بەتایبەت كە ئەمریكا تا ساڵی 1979 ئێرانی بە سەرەكیترین هاوپەیمانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەم دەداو دژی سۆڤیەت پڕچەكی دەكرد. روسیا تا ئێستا دەیان بەڵێنی بەرامبەر ئێران نەبردوەتە سەرو دوای ساڵانێكی زۆر لەچاوەڕوانی بەم دواییانە سیستمی قەڵغانی موشەكیی (ئێس 300)ی رادەستی وڵاتەكە كرد‌و هەر جارە و بە بیانویەكەوە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهری لەئێران تەواو نەكردووە و پڕۆژەكەی بە نیوەوناچڵی جێهێشتوە، بۆیە ئەوەی ئێستا لەسەر رێككەوتنی ئەتۆمیی بەرامبەر تاران و رۆژئاوا دەیكات چاوەڕواننەكراو نەبووە. رەئیسی لەپەیامی پشتیوانیی بۆ پوتن پاشگەز دەبێتەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا لەئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (24/2/2022) پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆكی روسیا ئەنجامدا و سەرۆكی یەكەم وڵات بوو كە بەمەبەستی پشتیوانیی لە مۆسكۆ پەیوەندیی بە پوتنەوە كرد‌و تاكە سەرۆكی وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیش بوو كە بە راشكاویی پشتیوانیی لە هەنگاوەكانی مۆسكۆ كرد دژی وڵاتانی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ). ئەو لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا رایگەیاند؛ هەوڵەكانی مۆسكۆ وەڵامێكی گونجاوو یاساییە بۆ پێشێلكردنی رێككەوتنە ئاسایشی و ئەمنییە نێودەوڵەتییەكان لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت وڵاتانی ئەندامی ناتۆ. رەئیسی جەختی كردەوە كە هەڵكشانی سنورەكانی ناتۆ بەرەو رۆژهەڵات هەڕەشەی راستەقینەیە لەسەر سەقامگیریی و ئاسایشی وڵاتانی سەربەخۆ لەو سنورە جوگرافیا سیاسییەدا. بەپێی راگەیەنراوی كۆشكی كرملین، پوتن لەو گفتوگۆ تەلەفۆنیەدا بە رەئیسیی راگەیاندووە؛ هەنگاوەكەی مۆسكۆ هەوڵێكە بۆ دوورخستەنەوەی مەترسییەكان لە سنوری روسیا‌و هاوكات ئاماژەی بەوە كردووە كە پێوستە ئێران بە راوێژ لەگەڵ روسیا بەردەوام بێت لە دانوستانە ئەتۆمییەكان و هاوكاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی. رەئیسی دوای سێ رۆژ لە لێدوانەكەی پەشیمان بوەوە و رۆژی یەكشەممە (27/2/2022) لە كۆبوونەوەی كابینەی حكومەتەكەی رایگەیاند؛ ئەو دژی سەپاندنی دەسەڵاتەو تاران ئامادەیە هەموو هەنگاوێكی سیاسیی و دیپلۆماسیی بنێت لەپێناو چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی نێوان ئۆكرانیا‌و روسیا بۆ ئەوەی لەبەرژەوەندیی گەلان و وڵاتانی ناوچەكە بشكێتەوە. پاشگەزبوونەوەی رەئیسی دوای ئەوە هات كەزۆربەی رۆژنامە و میدیاكانی نزیك لە ریفۆرمخوازانی كۆماری ئیسلامی ئێران رەخنەی توندیان لەو لێدوانەی سەرۆك كۆماری وڵاتەكەیان گرت و رایانگەیاند؛ رەئیسی نە سەرۆكی روسیایە نە سەرۆكی ئۆكرانیا بۆیە پێویست ناكات بەو جۆرە لێدوانانە دۆخی وڵاتەكە و قەیرانەكانی قورستر‌و قوڵتر بكاتەوە چونكە ئێران بە بەردەوامیی پشتیوانیی لە ستەملێكراوان دەكات نەوەك دەسەڵاتداران. ئەگەرچی رەخنەی ریفۆرمخوازان كاریگەریی لەسەر ئەو پاشگەزبوونەوەیەی رەئیسی هەبوو بەڵام لێدوانی سێرگەی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا سەبارەت بە رێككەوتنی ئەتۆمیی رەنگە هۆكارێكی سەرەكیی ئەو پاشگەزبوونەوەیە بێت چونكە لاڤرۆڤ رۆژی شەممە (26/2/2022) لە جیاتی سوپاس و پێ‌زانین بۆ پشتیوانیی رەئیسی، رایگەیاند زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی پێویستی بەبڕینی قۆناغی زۆرتر و هەنگاوی زیاترە لەكاتێكدا ئێران خۆی بۆ هەڵوەشاندوەی سزاكانی ئەمریكاو زیندوكردنەوەی ئەو رێككەوتنە ئامادە دەكرد. جەنگی ئۆكرانیا چارەنووسی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەگۆڕێت ئێران رۆژی یەكشەممە (27/2/2022) عەلی باقری سەرۆكی تیمی دانوستانكاری ئەتۆمیی ئەو وڵاتەی جارێكی دیكە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكان رەوانەی ڤییەنا كردەوە و روسیاش پێچەوانەی رابردوو زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەئێستادا بەدور دەزانێت لەكاتێكدا ئەم گەڕە لەدانوستانە ئەتۆمییەكان بە قۆناغی كۆتایی یان (فایناڵ) ناودەبرێت. رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 كە لە زیندوكردنەوە نزیك دەبووەوە بەجەنگی ئۆكرانیا جارێكی دیكە چارەنوسی گۆڕاو روسیا خەونی ئێران و ئەمریكا بۆ ئەو رێككەوتنە لەبار دەبات و رایدەگەیەنێت زیندوكردنەوەی ئەو رێككەوتنە پێویستی بەكاتی زۆرە. ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران بڵاوی كردوەتەوە: ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەكە لەدوایین كۆبوونەوەیدا بڕیاریداوە نوێنەری تاران رەوانەی ڤیەننا بكاتەوە بەمەبەستی دانوستان و چارەسەری ئەو كێشانەی كە ئەگەری زیندوكردنی رێككەوتنی ئەتۆمیی لاواز كردووە. بەپێی نوێترین لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە رۆژی دوشەممە (28/2/2022) تاران و وڵاتانی 5+1 رەشنوسی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمییان بەهاوبەشیی ئامادە كردووە بەڵام سێ خاڵی سەرەكیی ماوە بۆ جێبەجێكردن و زیندوكردنەوەی رێككەوتنەكە. وەزارەتی دەرەوە ئەو سێ خاڵەی روون نەكردوەتەوە بەڵام لە رابردودا ئێران دوای فرۆشی نەوت و لابردنی سەرجەم سزاكان و دڵنیایی لەئەمریكا كردووە كە پێدەچێت ئەو سێ خاڵەش هەر هەمان داواكارییەكانی رابردوو بن. ئەمریكا پێشتر رایگەیاندبوو ئەوەی پێویست بێت بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئەنجام دراوە، بەڵام سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا كە وڵاتەكەی دوای ئەمریكا دووەم لایەنی ئەو رێككەوتنەیە لەنوێترین لێدوانی‌دا رایگەیاند؛ هەنگاو و قۆناغی دورودرێژ پێویستە بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی. پێش هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا لەلایەن روسیاوە، لەدانوستانەكانی ڤییەنادا مۆسكۆ پشتیوانیی لەتاران و زیندوكردنەوەی رێككەوتنەكە دەكرد، بەڵام مۆسكۆ دوای ئەنجامدانی هێرشەكە بۆسەر ئۆكرانیا هەڵوێستەكانی گۆڕیوەو دور نییە وەك كارتێكی فشار لەدژی ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا بەكاری نەهێنێت. روسیا بەهۆی ئەوەی نایەوێت ئێران ببێتە بەدیلی هەناردەكردنی غاز و نەوت بۆ ئەوروپا دەتوانێ ئاستەنگ بۆ زیندوكردنەوەی دوایین قۆناغەكانی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا دروست دەكات. ئەمریكا و ئەوروپا بۆ دابەزاندنی بەهای نەوت و دابینكردنی غاز دەیانویست پەنا بۆ قەتەر و ئێران ببەن و ئەو دوو وڵاتە بكەنە بەدیلی غازی روسیا، بۆیە مۆسكۆ هەستی بەوە كرد‌و تەنها كارتێك ببێتە هۆی پوچەڵكردنەوەی ئەو پلانەی وڵاتانی رۆژئاوا... دواكەوتنی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 ە. یەكێك لەمەرجە سەرەكییەكانی ئێران بۆ گەڕانەوە و پابەندبوونی بە رێككەوتنی ئەتۆمیی فرۆشتنی رۆژانە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت بوو، بۆیە ئەو مەرجەی ئێران دەیتوانی ببێتە هۆی دابەزاندنی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان و پێگەی ئەمریكاشی بەهێز دەكرد بەتایبەت كە دوای هێرشەكەی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا بەهای نەوت بەشێوەیەی بەرچاو بەرز بووە و ئەوەش بە بەرزترین بەهای نەوت بوو لەهەشت ساڵی رابردودا. ئەگەرچی واشنتۆن چەند جارێك هۆشداریی دابوە تاران بۆ ئەوەی بەزووترین كات پابەندنی رێككەوتنەكە بێت، بەڵام تاران جەختی لەفرۆشتنی نەوت و دڵنیایی لەئەمریكا دەكردەوە كە جارێكی دیكە هاوشێوەی ساڵی 2018 لە رێككەوتنی ئەتۆمیی نەكشێتەوە. لە هەشت گەڕی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا، روسیا وەك پاڵپشتی سەرەكیی ئێران لەبەرامبەر ئەمریكا دەردەكەوت و لەلایەكی دیكەوە ئەڵمانیاو بەریتانیا و فەڕەنسا كە لایەنێكی دیكەی ئەو رێككەوتنەن هاوشانی ئەمریكا دوایان لەتاران دەكرد بگەڕێتەوە بۆ ئەو رێككەوتنە. لێدوانی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا لەقۆڵێكی دیكەوە رێسەكانی ئەمریكا لەجیهاندا دەكاتەوە بەخوری چونكە لەلایەك رێگە نادات ئێران قازانج لە رێككەوتنەكە بكات و لەلایەكی دیكەشەوە دەبێیە ئاستەنگ بۆ ئەوەی رێككەوتنەكەو ئێران قازانج بەوڵاتانی رۆژئاوا نەگەیەنێت. ئێران دەستی لەبنی هەمانەكە دەردەچێت؟ بەرپرسانی ئێران لەكاتی توندبوونەوەی ناكۆكییەكانی رۆژئاوا‌و روسیا مشتیان لەوە خۆش كردبوو دۆخەكە ببێتە مایەی خێر‌و دەرگای بازاڕەكانی جیهان بۆ نەوت و غازەكەیان بكرێتەوە، چونكە ئەوروپا پێویستی بە غاز هەیەو ئەمریكا دەیەوێت نرخی نەوت بەرز نەبێتەوە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارە نوێیانەی كە لەئاستی توانای بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی غاز‌و نەوتی ئێران ئاشكرا بووە ئەو وڵاتەش ناتوانێت بەدیلێكی گونجاو بێت سەرەڕای ئەوەی دوای روسیا خاوەنی 16% یەدەگی غازە و دوای سعودیەش خاوەنی 18%ی نەوتی خاوە لەجیهاندا. ئێران بەهۆی سزاكانی 40 ساڵی رابردووەوە نەیتوانیوە تواناكانی لەبواری بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت و غازدا زۆر پەرە پێی بدات. لەنوێترین ئامار و داتای تایبەت بەنەوت و غاز لەئێران ئاشكرا بووە كە یەدەگی غازەكەی 32 ترلیۆن مەتر سێجایەو بەرهەمهێنانی دەگاتە 250 ملیار مەتر سێجا لەساڵێكدا، بەڵام لەو بڕە غازەی كە بەرهەمی دەهێنێت لانیكەم 230 ملیار مەتر سێجای لەناوخۆی وڵاتەكەدا بەكاردەهێنێت. لەبەرامبەردا روسیا یەدەگی غازەكەی 37 ترلیۆن مەتر سێجایەو بەرهەمهێنانی زیاترە لە 638 ملیار مەتر سێجا كە بڕی 411 ملیار مەتر سێجای لەساڵێكدا بۆ ناوخۆی وڵاتەكەی بەكاردەهێنێت، بۆیە روونە ئێران بەو دۆخەی ئێستایەوە كە دەتوانێت تەنها 20 ملیار مەتر سێجا هەناردە بكات نابێتە بەدیلی غازی روسیا. لەلایەكی دیكەوە ئەگەرچی ئێران ئەزموونی هەناردەكردنی شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەساڵی 1970 بۆ 1975 هەبووە، بەڵام ئەو ئاستە لەساڵی 2017 بۆ دوو ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل كەمی كردووە لە كاتێكدا ئەو سەردەمە كەرتی نەوتی ئێران سزای لەسەر نەبوو رێككەوتنی ئەتۆمیی لەبواری جێبەجێكردندا بوو. هەندێك سەرچاوە لەئێران باس لەوە دەكەن لەئێستادا سەرەڕای سزاكانی ئەمریكا بڕی 850 هەزار بەرمیلی رۆژانە رەوانەی بازاڕەكان و بەتایبەت چین دەكرێت و ئەگەر سزاكان لاببرێت توانای هەیە ئاستی هەناردەی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 بەرز بكاتەوە كەئەوەش جێی گومانە، چونكە سێ ساڵە كەرتی نەوت لەو وڵاتە لەسایەی گەمارۆكانی ئەمریكا لە رووی ئامێر و پیشەسازییەوە كەموكوڕیی هەیەو پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە. جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندووە بۆ ئاساییبوونەوەی كەرتی نەوت و غازی ئێران لە رووی ئامێر‌و تەكنیكەوە پێویستی بە 160 ملیار دۆلارە، بۆیە ئەگەر سەرجەم پارە بلۆككراوەكانی ئێرانیش كە بەزیاتر لە 100 بۆ 150 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت لەلایەن ئەمریكاوە ئازاد بكرێت ئەوا كات و ماوەیەكی زۆری پێویستە بۆ ئەوەی وڵاتەكە پاڵاوگەكان و كارگەو هێڵی بۆرییەكانی راكێشانی نەوت و غاز نۆژەن بكاتەوە، بەوەش خەونەكەی بۆ بوون بە بەدیلی غازی روسیا بۆ ئەوروپا لەبار دەچێت.
شاناز حەسەن لەهەرێمی كوردستان خواردنەوەی چا یەكێكە لەخواردنەوە سەرەكییەكان و ساڵانە بەنزیكەی 100 تۆن چا بەكاردەهێنرێت و سلێمانیش بەراورد بەپارێزگاكانی دیكە زۆرترین چای تێدا دەخورێتەوە. ئەو كەسانەی ئارەزوویەكی زۆریان بۆ چا خواردنەوە هەیە زیاتر دەچنە لای ئەوانەی چا لەسەر ئاگری خەڵوز لێندرابێت، خەڵكی سلێمانی بەراورد بەپارێزگاكانی دیكە چای زیاتری تێدا دەخورێتەوە. بازرگانێكی چا پێیوابوو خەڵكی سلێمانی چای رەنگ كاڵ دەخۆنەوەو خەڵكی هەولێر چای رەش و بۆندار دەخۆنەوە. رێبوار خدر، بازرگانێكی هاوردەكردنی چایە، لەپارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە چا بەڕێژیەكی زۆر بەكاردەهێنرێت و ساڵانە سەد هەزار تۆن چا هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت. « بەپێی شارەكان خواست لەسەر جۆری چا دەگۆڕێت، خەڵكی پارێزگای سلێمانی حەزیان بە چای رەنگ كاڵ و بی بۆنە، بەڵام خەڵكی پارێزگای هەولێر زیاتر حەزیان بە چای بۆندارو رەنگ رەشە»، ئەو بازرگانە وای وت. رێبوار خدر، ئەوەشی ئاشكراكرد كە ئەو چایەی هاوردەی هەرێمی كوردستانی دەكەن تەنها دوو سێ جۆرەو كۆمپانیاكان خۆیان پاكەتی تایبەتی بۆ دروستدەكەن و لەژێر ناوی جۆراوجۆردا بەخەڵكی دەفرۆشنەوە. لەهەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 25 ماركەی چا هەیەو هەریەكەو بەناوی كۆمپانیا‌و ناوێكەوە دەكەوێتە بازاڕەكانەوە. مامە خدر، پیاوێكی تەمەن 65 ساڵە لەناو بازاڕی سلێمانی زیاتر لە 20 ساڵە هەموو جۆرەكانی چا دەفرۆشێت و وتی:» ژمارەیەك چا هەیە كەتایبەتن و ئەسڵین لەكۆنەوە هەر هەبوون، بەڵام لەئێستادا هەندێك جۆری دیكە پەیدا بوون كەس نازانێت چیەو چۆنن، تەنیا بۆ بازرگانیكردن دەیهێنن». مامە خدر بەوە بەناوبانگە، حەزی خۆتی پێ بڵێ چایەكت بۆ دیاریدەكات وتی:» موشتەریم هەیە لەگەڵ تەمەنی كاركردنی خۆم تائێستا هەر چا لای من دەكڕێت و خۆم بۆی هەڵدەبژێرم». پزیشكێكی پسپۆری هەناوی پێیوابوو چای رەنگ رەش زیان بە سییەكانی مرۆڤ دەگەیەنێت. سامان محێدین، پزیشكی پسپۆری هەناوی، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» چا یەكێكە لەو بەرهەمە خۆراکیانەی لای كورد بەبەردەوامی دەخورێتەوە، بۆیە پێویستە نە زۆر رەش بێت نە زۆر تفت و بۆندار بێت، چونكە كاریگەری لەسەر هەناوی كەسەكە هەیە». ئەم پسپۆرە، وتیشی:» چای بۆندارو رەش زیانەكەی لە سییەكان و دیواری بۆریەكان و ناوسكی مرۆڤدا دەردەكەوێت، كە دەبێتە كلس و بۆ مرۆڤ زۆر خراپە».
شەنای فاتیح هەژاری ئەو دەردەی دەرمانی بەئاسانی دەستناكەوێت ئاستەكەی لەهەرێمی كوردستاندا بەرزبووەتەوە بۆ لەسەدا 12.5 بەپێی راپۆرتێكی نێودەوڵەتی ئەوەش وەك ئاماژەیەكی مەترسی دەبیندرێت بۆ كۆمەڵگا. هەرێمی كوردستان لەئێستادا لەسەدا 90ی داهاتەكەی لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتی خاو‌و ئەوی دیكەی لەڕێگەی گومرگ و باج و رسوماتەوە دەستدەكەوێت، بەڵام دادپەروەری كۆمەڵایەتی تائێستا نەهاتووەتە دی. سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان یاسای چاكسازی دەرچواند بۆ ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كاری لەسەربكات و چاكسازی لە سێکتەرە جیاوازەكان و دابەشكردنی موچەو دەرماڵەكاندا بكات، بەڵام پاش سێ ساڵ لەحوکمڕانی ئەم كابینەیە دەرهاویشتەكانی یاسای چاكسازی بەدیناكرێت. بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان هەر خێزانێك مانگانە داهاتیان لە 110 هەزار دینار كەمتر بێت دەكەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە، بەپێی ئاماری ئەو دەستەیە نیو ملیۆن كەس ئەو دەرفەتەیان نییەو لەژێر هێڵی هەژارییەوەن. لەبەر رۆشنایی یاسا نێودەوڵەتییەكان هەژاری بریتییە لە»بێبەشبوونی بەردەوام و درێژخایەنی داهات و تواناداری، توانای هەڵبژاردن، ئاسایش، توانای بەهرەمەندبوون لەئاستێكی شیاو لەگوزەران، گرنگترینیان: گەندەڵی و خراپ دابەشكردنی داهاتەكان و كارەسات و لاوازی سیستەمی پەروەردە و كەمتەرخەمی لەكارو نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگا». بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، لەساڵی 2012 رێژەی هەژاری لەهەرێمی كوردستان لەسەدا 3.5% بووە، بەڵام لەساڵی 2014 بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەو پەنابەرەوە رێژەكە بۆ لەسەدا 12.5% بەرزبووەتەوە كە پارێزگای هەولێر لەسەدا 5.1% و سلێمانی لەسەدا 2.1 و هەرچی پارێزگای دهۆكە رێژەی هەژاری تێیدا لەسەدا 4.12% بووە. هەر بەپێی ئامارەكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، رێژەی هەژاری لەهەرێمی كوردستاندا بۆ ساڵی 2018 بریتی بووە لەسەدا 5.5% ، پارێزگای هەولێر لەسەدا 6.7% و پارێزگای سلێمانی 4.5% و دهۆك 5.5% بووە كە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن. بەڵام بەپێی راپۆرتێكی تایبەتی ئۆفیسی هاوكاری پەنابەرێتی ئەوروپی (EASO) كە لەدوو بەشی سەرەكی پێكدێت رێژەی هەژاری لەهەرێمی كوردستان گەیشتووەتە لەسەدا 12.5 و لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی رێژەی هەژاری گەیشتووەتە لەسەدا 22.5% ئەوەشی بەمەترسی وەسف كردووە. بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان هەر كەسێك لەماوەی مانگێكدا كەمتر لە 110 هەزار دینار خەرج بكات لەژێر هێڵی هەژاریدایەو لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان دەیان هەزار خێزان داهاتی مانگانەیان لەخوار ئەو 110 هەزار دیناری مانگانەیەوەیە. شارەزایەكی بواری ئابووری دەڵێت چاوەڕوان دەكرێت رێژەی هەژاری لەمساڵدا لەسەدا 1.6 زیاد بكات. ماردین مەعسوم فەرەج، دكتۆرای هەیە لەئابووریدا لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» ئاستی هەژاری و بەرزبوونەوەی رێژەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆكار، كە گرنگترینیان: گۆڕانكاری نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی و گرانبوونی شتوومەك و خۆراكی هاوردەكراوە». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد زیادبوونی باج و رسومات و نەبوونی دادپەروەری لەدابەشكردنی داهاتدا هۆكاری سەرەكییە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری. دكتۆر ماردین مەعسوم ئەوەشی خستەڕوو كە بەپێی بەیاننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان پێویستە رێژەی هەژاری نزمببێتەوە و پێویستە تاساڵی 2030 هەموو تاكێك ئاوی پاك و خۆراكی تەندروستی پێبگات، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری لەهەموو جیهاندا چاوەڕێدەكرێت لەساڵی ئایندەدا رێژەكە زیادببێت، بە جۆرێك كە لەعێراقدا لەسەدا دوو و لەهەرێمی كوردستانیشدا لەسەدا 1.6% بەرزببێتەوە. وتەبێژی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی: رێنماییمان بەرزكردۆتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت دیاریبكەن و سوودمەندببن. ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كار‌و كاروباری كۆمەڵایەتی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی باسكرد كە رۆژی 28ی شوباتی 2022 لەدرێژەی كار‌و چالاكییەكانی وەزارەتەكەیاندا لە وۆرك شۆپێكی تایبەت بەپێداچوونەوە بە رەشنووسی رێنمایی هاریكاری خێزانی هەژارو كەمدەرامەتدا چەندین رێنمایی نوێ گەڵاڵە كران بۆ ئەو خێزانانەی كە لە رابردوودا سوودمەند بوون لەتۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی یان سندوقی چاودێری خێزان و بەرزكرایەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا پاڵپشت بەو رێنماییانە خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت دیاریبكات، وتیشی:»لەو باوەڕەدا نیم كە رەتی بكەنەوە». هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هۆكاری بەرزبوونەوەی ئاماری هەژاری لەهەرێمی كوردستاندا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو هاتنی ئاوارەكان بووە بۆ هەرێم.
هاوڵاتی وەفدی روسیا و ئۆکرانیا لە سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووسیا کۆبوونەوە و راوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا وێنەیەکی وەفدی حکومەتی وڵاتەکەی و وەفدی ووسیای لە تویتەر دانا و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا قسە لەبارەی هەبوونی "ئاگربەستێکی دەستبەجێ" و "کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی" بۆ هاووڵاتیانی سڤیل کراوە. ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-3-2022 بەرپرسانی روسیا و ئۆکراینا لە سنووری بێلاڕووسیا و پۆڵەندا کۆبوونەوە و راوێژکارێکی باڵای سەرۆکی ئۆکرانیاش رایگەیاند، باس لە دوو بابەتی سەرەکی کراوە. میخایلۆ پۆدۆلایک، راوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا وێنەیەکی وەفدی حکومەتی وڵاتەکەی و وەفدی ووسیای لە تویتەر دانا و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا قسە لەبارەی هەبوونی "ئاگربەستێکی دەستبەجێ" و "کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی" بۆ هاووڵاتیانی سڤیل کراوە. رۆژی 28-2-2022 وەفدێکی رووسی و ئۆکراینی بۆ ماوەی نزیکەی پێنج کاژێر لە بێلاڕووس لە نزیک سنووری ئۆکرانیا کۆبوونەوە، بەڵام ئەنجامێکی نەبوو. هەر لە بارەی شەڕی نێوان ئۆکرانیا و روسیا، ئەمڕۆ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا قسەیان کرد، بەڵام ئەویش ئەنجامێکی نەبوو. راوێژکارێکی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-3-2022 رایگەیاند: "چاوەڕوانی و پێشبینی سەرۆکی وڵاتەکەمان ئەوەیە کە دۆخەکە خراپتر دەبێت، ئەوەش لەسەر بنچینەی ئەوەی کە سەرۆک پوتن پێی راگەیاند." ئەو راوێژکارەی سەرۆکی فەرەنسا وتی، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە نزیکەی كاتژمێر و نیوێک بەردەوام بوو و سەرۆکی رووسیا سوور بووە لەسەر ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبێت. راوێژکارەکەی ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند، لەسەر بنچینەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەمڕۆ، روونە کە سەرۆکی رووسیا دەیەوێت تەواوی ئۆکرانیا داگیربکات و ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو نازییەکان لە دەسەڵات دووردەخاتەوە." ئۆپەراسیۆنەکەی رووسیا لە رۆژی 24ی مانگەوە دەستیپێکردووە و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، لەو رۆژەوە 227 کەسی سڤیل کوژراون کە 15 کەسیان تەمەنیان لەخوار 18 ساڵەوە بووە و 525 کەسی دیکەش برینداربوون، بەڵام حکومەتی ئۆکرانیا دەڵێت، لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا زیاد لە 2 هەزار هاووڵاتی سڤیل لەنێو وڵاتەکەی کوژراون. راوێژکارەکەی سەرۆکی فەرەنسا وتی، ماکرۆن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا داوای لە پووتین کرد هەوڵی جیدی بدات بۆئەوەی هاووڵاتیانی سڤیل نەکرێنە قوربانی و سەرۆکی رووسیاش وەڵامی دایەوە کە ئەویش ئەو خاڵەی بەلاوە مەبەستە، بەڵام هیچ بەڵێنێکیشی نەدا.
هاوڵاتی سەرۆکی روسیا و سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و پوتن سوورە لەسەر تەواوكردنی ئۆپەراسیۆنەكەی و ماكرۆن هۆشداری پێداوە كە پێویستە جەنگ رابگیرێت. گفتوگۆ تەلەفۆنییەکە 90 خولەکی خایاندووە، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا رەتیکردووەتەوە کە هاووڵاتیی مەدەنیی ئۆکرانیی لە هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەیدا کرابنە ئامانج. یاریدەدەرێکی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە ئەوەی خستووەتەڕوو کە کاتێک سەرۆکی روسیا وتوویەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا بۆ داماڵینی ئۆکرانیایە لە چەک و "نەهێشتنی نازیزمە"، ماکرۆن بە پوتنی وتووە "تۆ لەگەڵ خۆتدا درۆ دەکەیت"، هەروەها وتووشیەتی، "لە ئۆکرانیا هەڵەیەکی گەورە دەکەیت" و جەنگەکە کاریگەرییەکی درێژخایەنی لەسەر روسیا دەبێت. راوێژکارێکی کۆشکی ئێلیزێ - کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاندووە، ماکرۆن بە پوتنی وتووە، بەهۆی ئەو جەنگەی وڵاتەکەیەوە بۆسەر ئۆکرانیا "وڵاتەکەت پەراوێزدەخرێت، لاواز دەبێت و دەکەوێتە ژێر سزای درێژخایەنەوە". بە وتەی ئەو راوێژکارەی سەرۆکی فەرەنسا، ماکرۆن باوەڕی وایە کە لە ئۆکرانیا "خراپتر بەڕێوەیە"، هەر لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "پووتین سووربوونی تەواوی خۆی بۆ بەردەوامی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دەربڕیوە". راوێژکارەکەی ماکرۆن وتیشی:" پووتین ویستوویەتی کۆنترۆڵی هەموو ئۆکرانیا بکات. ئەو، بە قسەی خۆی، ئۆپەراسیۆنەکەی لە ئۆکرانیا بۆ کۆتاییهێنانە بە نازیزم لەو وڵاتە"، لە بەرامبەر ئەو قسانەش وەکو راوێژکارەکەی سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، ماکرۆن پێی وتووە "ئەو قسانە درۆن". رۆژی 24-02-2022 هێرشی سوپای رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا بە فەرمانی راستەوخۆی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستاش بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لەو وڵاتە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ئاوارە بوون.
هاوڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی له ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان كرد رایگەیاند: "گه‌لی كوردستان بۆ ئازادی خه‌باتی كردووه، بۆیه ناكرێت ئازادیی لێ زه‌وت بكرێت، هه‌روه‌ها هیوای خواست سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان هه‌میشه پارێزه‌ر و داكۆكیكارێكی بوێری رۆژنامه‌وانان بێت". پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی پێنجشه‌ممه نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نەقیب و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنوسان کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا سەندیکای رۆژنامەنوسان پوخته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ی كار و چالاكییه‌كانیان له رابردوودا و پلانیان بۆ داهاتوو، هه‌روه‌ها ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م كاری رۆژنامه‌وانی و رێوشوێنی باشتر رێكخستنی بواره‌كه به جۆرێك هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان ئازادی و به‌رپرسیاریدا فه‌راهه‌م بكرێت، خسته‌ڕوو؛ هاوکات راپۆرتی ساڵی پێشێلكارییه‌كانی بواری رۆژنامهگهرييان پێشكێش به سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كردووە كه ساڵانه له‌لایه‌ن سه‌ندیكاوه ئاماده ده‌كرێت. نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی پشتیوانیی به‌رده‌وامى بۆ سه‌ندیكا و كاری رۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختی له "راستبێژی و پیشه‌ییبوونی رۆژنامه‌نوسان كرده‌وه كه ئه‌ویش له زه‌مینه‌یه‌كی ئازاد و دوور له فشار و پێشێلكاریدا دێته‌دی، دووپاتیشی كردووەتەوە كه "گه‌لی كوردستان بۆ ئازادی خه‌باتی كردووه، بۆیه ناكرێت ئازادیی لێ زه‌وت بكرێت، هه‌روه‌ها هیوای خواست سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان هه‌میشه پارێزه‌ر و داكۆكیكارێكی بوێری رۆژنامه‌وانان بێت". سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیریی خۆیشی بۆ باشتر رێكخستنی یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندووە به مه‌رجێك کە هه‌ر هه‌مواركردنێكی یاساكه دواجار له خزمه‌ت گونجاندنی زیاتری زه‌مینه‌ی كاری رۆژنامه‌گه‌ری بێت و پره‌نسیپه‌كانی ئازاديی رۆژنامه‌گه‌ری له‌به‌رچاوبگرێت. نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی و هاوكاریی خۆی بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی داهاتووی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان ده‌ربڕی و هیوای خواست ئه‌نجامه‌كانی گوزارشت له خواست و بهرژەوهندیی پیشه‌یی رۆژنامه‌نووسان بكات و ده‌ربڕی خواستی ئازادانه‌ی كۆی رۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمی كوردستان بێت. له دیداره‌كه‌دا تاوتوێكردنی دۆخی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و دوا پێشهاته سیاسییه‌كان و پرۆسه‌ی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ له به‌غدا و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به دۆخی ناوچه‌كه، گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا.
هاوڵاتی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران دەڵێت:" دەبێ کێشەکان لەڕێى دیالۆگ و رێکەوتنی سیاسییەوە چارەسەر بکرێن و پێویستە دەستور بکرێتە بنەماى چارەسەرى کێشەکان". ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئازاری 2022، نوسینگەی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران لە ڕاگەیاندراوێکدا رایگەیاند، ''قوباد تاڵەبانی لەشارى هەولێر چاویکەوت بەمارى پارێت لێپرسراوی نوسینگەى یەکێتی ئەوروپا لەهەرێمی کوردستان و پێکەوە باسیان لەدوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.'' ئەوەشخراوەتەڕوو، ''جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران جەختی کردەوە، ''دەبێ کێشەکان لەڕێى دیالۆگ و رێکەوتنی سیاسییەوە چارەسەر بکرێن.'' ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ''هەردوولا خوازیاربوون کە هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکان بتوانن لەرێى گفتوگۆی بنیاتنەرەوە خاڵى هاوبەشی نێوانیان زیاتربکەن لەپێناو گەیشتن بەرێکەوتنێکی گشتگیر تا پرۆسەى سیاسی عێراق نەگاتە بنبەست و ئەم قۆناغە تێپەڕێنرێت.'' لەبارەى پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداوە، قوباد تاڵەبانی دووپاتی کردەوە، ''پێویستە دەستور بکرێتە بنەماى چارەسەرى کێشەکان.''
هاوڵاتی نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له عيراق، جه‌ختى له خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدرالى عيراق به گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كرده‌وه. له ديدارهكهدا باس له په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان و دهرفهتهكانى بره‌ودان به هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان كرا. نێچيرڤان بارزانى ستايشى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ڕۆڵى فه‌ره‌نسا و بايه‌خدانى به عيراق و هه‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه به‌تايبه‌تى له چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا. مه‌ترسييه‌كانى داعش و زيادبوونى كرده‌وه تيرۆرستييه‌كانى چ له عيراق و چ له سووريا كه هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى جددييه له‌سه‌ر ئاشتى و سه‌قامگيرى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه بوو. تيايدا هه‌ردوولا جه‌ختيان له پێويستيى هه‌ماهه‌نگى و هاوكاريى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و پشتگيريى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ڕێگرتن له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش كرده‌وه. دۆخى ئێزدييه‌كان و به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م ئاوهدانكردنهوى شه‌نگال، قه‌يرانى سياسى له عيراق دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان، بڕياره‌كانى دادگاى باڵاى فيدراليى عيراق ده‌رباره‌ى پرۆسه‌ى سياسى له عيراق و كه‌رتى نه‌وت و گاز له هه‌رێمى كوردستان، ڕه‌وشى ناوخۆ و گرنگيى يهكڕيزى و يه‌كهه‌ڵوێستيى لايه‌نه سياسييه‌كانى كوردستان له به‌غدا، دۆخى سووريا و دوايين پێشهاته‌كانى ئۆكراينا، چه‌ند لايه‌نێكى ديكه‌ى ديداره‌كه بوون كه شه‌وى ڕابردوو به ئاماده‌بوونى به‌ڕێز كونسولى گشتيى فه‌ره‌نسا له هه‌ولێر به‌ڕێوه چوو.
هاوڵاتی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند: "حەوت گیراوی کورد لە ئێران، مەترسی لە سێدارەدانیان لەسەرە". رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند: "پرۆسەی دادگایی‌کردنی ئەو حەوت کەسە زۆر زۆر نادادپەروەرانە بووە، لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانیان لێوەرگیراوە و حوکمی دادگاش هەر لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانە بووە". ئەوان لە پاییزی ساڵی 2009 لە پارێزگای ورمێ دەستبەسەرکراون و تۆمەتی ئەندامێتییان لە گرووپێکی سەلەفیدا رەتکردووەتەوە.بەپێی راپۆرتی ئەو رێکخراوە، هەریەک لە ئەنوەر خزری، ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، قاسم ئابستە، کامەران شێخە و خەسرەو بەشارەت لە کۆتایی بەهاری ساڵی 2018 لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری تارانەوە بە تۆمەتی "خراپەکاری و کاری ناڕەوا" حوکمی لەسێدارەیان بەسەردا سەپا. ێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت: "ئەو گیراوانە لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراون و داوای کردووە سزای لەسێدارەیان هەڵبوەشێنرێتەوە و بوار بۆ دادگاییکردنەوەی دووبارە، بەڵام دادپەروەرانەیان بۆ بڕەخسێنرێت.
هاوڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند:" یەک ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی لە سەرەتای جەنگی نێوان ڕوسیا‌و ئۆکرانیاوە ئاوارە بوون و بەسەر وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتەدا دابەشبوون". لەكاتێكدا ئۆپەراسیۆنەكەی روسیا بەردەوامە و ملیۆنان کەسی تر لە ناو ئۆکرانیادا ماونەتەوەو لە مەترسیدان. ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئازاری 2022، فیلیپۆ گراندی، کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، "تەنها لە ماوەی حەوت ڕۆژی سەرتای هێرشەکانی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا یەک ملیۆن پەنابەر لە ئۆکرانیاوە ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون و پێشینیش دەکەین ڕێژەکە بۆ چەند ئەوەندەش بەرزبێتەوە.'' باسی لەوەشکردووە، "ملیۆنان کەسی تر لە ناو ئۆکرانیادا ماونەتەوەو لە مەترسیدان، هاوکات، کاتی ئەوە هاتووە چەک بێدەنگ بکرێت بۆ ئەوەی یارمەتی مرۆیی بگات و ژیانیان ڕزگار بکرێت." فیلیپۆ گراندی، کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی وتووە، ''پلانی هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گەشت بکات بۆ ڕۆمانیا و مۆلدۆڤا و پۆڵەندا، ئەو سێ وڵاتەی کە میوانداری پەنابەرە ئۆکرانیایەکانی کردووە.''
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا رایگه‌یاند:" سەرۆکی ئەمریکا خۆی جەنگی جیهانی سێیەم هەڵدەگیرسێنێت". هاوكات جێگرەكەشی دەڵێت:" ڕووسیا هیچ نیازێکی نییە پەیوەندیەکان لەگەڵ واشنتۆن بپچڕێنێت". ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئازاری 2022، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ''وڵاتەکەی شوێنی سەربازی هەیە کە کۆنترۆڵی کردووە و مەرجەکانی بەکارهێنانی چەکی ناوەکی جیاکردۆتەوە لە چەکەکانی دیکە. سێرگی لاڤرۆڤ دەشڵێت، "جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا خۆی جەنگی جیهانی سێیەم هەڵدەگیرسێنێت، بەڵام من دڵنیام کردەوە کە ئەگەر جەنگ هەڵگیرسێت ئەوا بێ گومان جەکی ناو‌کی تیادا بەکاردێت." ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، "ئەمریکا چۆن دەتوانێت ئەوە دیاری بکات، کە ئایا گازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا گونجاوە یان گونجاو نییە، چونکە ئەوان ناتوانن بڕیار لەسەر ئەوروپا بدەن." باسی لەوەشکردووە، ''ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوروپا و جیهان بە گەورەیی کۆنتڕۆڵ دەکات و ئەورووپییەکانی ناچارکردووە پرۆژەی گازی نۆردستریم بوەستێنن.'' هاوكات جێگرەكەشی دەڵێت:" ڕووسیا هیچ نیازێکی نییە پەیوەندیەکان لەگەڵ واشنتۆن بپچڕێنێت". سێرگی ڕیابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، ''بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیکردن بە واشنتۆنەوە لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکانەوەو پابەندین بە دیالۆگ و نامانەوێت پەیوەندیەکانمان لەگەڵ واشنتۆندا بپچڕێنێت. دەشڵێت، ''گفتوگۆکان لەگەڵ ئۆکرانیا لە بیلاڕووس دەتوانێت ئەنجامێکی باشی هەبێت.'' ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ''ڕووسیا هیچ نیازێکی نییە پەیوەندیەکان لەگەڵ واشنتۆن بپچڕێنێت، سەرەڕای تێکچوونی پەیوەندییەکانی ڕوسیا لەگەڵ وڵاتاندا بۆ نزمترین ئاست و وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ درێژەدان بە دیالۆگ لەگەڵ ڕۆژئاوا لەسەر سەقامگیریی ستراتیژی.'' ئەوەشی وتووە، وڵاتەکەی پێشتر هۆشداری دابوو لەوەی کە چوونەژوورەوەی ئۆکرانیا بۆ ناتۆ وەک بۆمبێکی کاتی وایە کە "زوو یان درەنگ" دەتەقێتەوە.''
هاوڵاتی مه‌سرور بارزانی، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وه‌ڵامی دادگای فیدراڵی عیراقی دایه‌وه و وتی: "له ماده‌ی 111ی ده‌ستووری عیراقدا هاتووه كه نه‌وت و غاز موڵكی هه‌موو خه‌ڵكی عیراقه. دەشلێت:" 410 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشرێت، لەئێستادا 41%ى پارەى داهاتى نەوت بۆ موچە تەرخان دەکرێت، ئەوەى دیکەشى بۆ خەرجییەکانى دیکەیە". وتیشی: "ماده‌ی تایبه‌ت به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له ده‌ستووردا جێبه‌جێ نه‌كراوه". باسی له‌وه‌شكرد: نابێت ئه‌گه‌ر ماده‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی فیدراڵ نه‌بێت جێبه‌جێ نه‌كرێت. روونیشكرده‌وه: دادگای فیدراڵی به‌پێی ده‌ستووری عیراق دروست نه‌كراوه. مه‌سرور بارزانی: ئاماده‌ین گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ین، ده‌ستوور ناوبژیوانمان بێت. مەسرور بارزانی سەبارەت بە داهاتی نەوت وتی، بەشێکی زۆری بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەگەڕێتەوە کە نەوتەکە دەردەهێنن، بەشێوەیەک کە "داهاتی نەوت 7% بۆ دانەوەی قەرزە، 43%ی بۆ ئەو کۆمپانیایانەیە کە نەوت دەردەهێنن، 9%ی بۆ گواستنەوەیە، پێشتر 25-28%ی دەهاتەوە بۆ مووچە، ئێستا 41%ی بۆ دابینکردنی مووچە تەرخاندەکرێت"، ئاماژەی بەوەش کرد، "لە 26 مانگی رابردوو بەغدا تەنیا 12 مانگ پارەیان بۆ ئێمە ناردووە، 14 مانگ کە مافی خەڵکی کوردستانە نەنێردراوە". ده‌قی وتاره‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی: گرنگ بوو ئه‌مڕۆ ئه‌م كۆنفرانسه رۆژنامه‌وانییه بكه‌ین، له‌سه‌ر هه‌ندێك بابه‌ت كه كاریگه‌ریی راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، ده‌مه‌وێ هه‌ندێك بابه‌ت عه‌رزی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست و خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی كوردستان و عێراقیش بكه‌م. من له‌وه ده‌ستپێده‌كه‌م كه له رۆژی 10ی 7ی 2019، ئه‌و رۆژه‌ی كه سوێندی یاساییم خوارد، به‌رگری له هه‌موو مافه ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م، به هه‌مان شێوه هه‌موو به‌رپرسانی تریش له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، له په‌رله‌مان، له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیره به‌ڕێزه‌كان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، هه‌موویان ئه‌و سوێنده یاساییه‌یان خواردووه، ئێستاش ئێمه ده‌بینین كه چه‌ندین مافی ده‌ستووری خه‌ڵكی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان پێشێل كراون و پێشێل ده‌كرێن. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌ركێكی ده‌ستووری و یاسایی ئێمه‌یه ئه‌و ئامانه‌ته‌ی كه كهوتووههته سه‌ر شانی ئێمه، پێویسته به‌رگری لێبكه‌ین و به‌رگری له مافه‌كانی خه‌ڵكی خۆمان بكه‌ین. من ده‌ستووری عێراق به هه‌ر سێ زمانی عه‌ره‌بی و كوردی و ئینگلیزیم له‌لایه، جارێكی دیكه زۆر به چڕی هه‌موو بڕگه‌كانیم خوێندووه‌ته‌وه. من بۆ ئه‌وه‌ی بیرتان بێنمه‌وه، ناچمه ناو ورده‌كاریی مادده‌كان، ته‌نیا بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه، مادده‌ی 44 و 45ی ده‌ستوور، باسی پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی ده‌كات، به‌ڵام تاكو ئێستا ئه‌و ئه‌نجومه‌نه پێكنه‌هاتووه، كه یه‌كێكه له‌و خاڵه گرنگانه‌ی ده‌ستوور بۆ پاراستنی مافه‌كانی هه‌رێمه‌كانی و ئه‌و پارێزگایانه‌ی وه‌كو هه‌رێم پێكنه‌هاتووه. دانه‌مه‌زراندنی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه كاریگه‌ریی هه‌بووه له‌سه‌ر زۆربه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی كه كه‌وتوونه‌ته نێوان هه‌رێم یان پارێزگاكان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی، بۆیه پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی رێز له ده‌ستوور بگیرێت، ئه‌و مادده ده‌ستوورییانه‌ی كه هاتوون، هه‌موویان وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ بكرێن، ئه‌وه نه‌بێت كه لە به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێكدا بێت مادده‌یه‌كی ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت. یان ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی پێیوایه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نییه، نادیده بگیرێت. چونكه بابه‌تی نه‌وت و غاز، به‌م دواییه بڕیاری دادگای فیدراڵی، بڕیارێكی ده‌ركردووه، بووه‌ته بابه‌ت، ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌وه زیاتر باس بكه‌م. مادده‌كانی 110، 112 و 115، هه‌ر یه‌كێك به‌شێوه‌یه‌ك باسی ئه‌و بابه‌ته ده‌كات. له مادده‌ی 110 باسی هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه ده‌كات، كه ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵین و هه‌رچی له‌و مادده‌یه‌دا نه‌هاتبێت، كه‌واته ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كانه یان پارێزگاكانه. مادده‌ی 111 باسی ئه‌وه ده‌كات، كه نه‌وت و غازی عێراق هی هه‌موو عێراقه، به هه‌موو هه‌رێم و پارێزگاكانیشه‌وه، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی ئه‌وه ناكات كه نه‌وت و غاز موڵكی حكومه‌تی فیدراڵییه. ئه‌مه بابه‌تێكی ده‌ستوورییه. له مادده‌ی 112 و 115، مادده‌ی 112 باسی ئه‌وه ده‌كات، چۆن ئیداره‌ی مه‌له‌فی نه‌وت و غاز یان دۆسیه‌یی نه‌وت و غاز بكرێ، تواناكان چۆنن و ئێستا و داهاتوو پێویستە چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێـت. له مادده‌ی 115 باسی ئه‌وه ده‌كات، كه هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی نییه، ده‌بێته ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و پارێزگاكان. جگه له‌مانه مادده‌ی 122ی ده‌ستوور هه‌یه، كه باسی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه تاوانلێكراوه ده‌كات، کە له‌لایه‌ن رژێمی پێشوو ده‌رحه‌ق به خه‌ڵكی عێراق كراوه. بێگومان خه‌ڵكی كوردستان زیاتر له هه‌موو لایه‌نێك زیانی به‌ركه‌وتووه، له كیمیاباران، ئه‌نفال، له وێرانكردن و خاپووركردنی گوند و شار و شارۆچكه‌كان، كه تاكو ئێستاش وه‌كو مادده‌یه‌كی ده‌ستووری نه‌چووه‌ته واری جێبه‌جێ كردن، قه‌ره‌بووی ئه‌نفالەکان و بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی ئێمه نه‌كراون، ئه‌و زیانلێكه‌وتووانه‌ی به‌هۆی ئه‌و جینۆسایده‌ی ده‌رحه‌ق به خه‌ڵكی كوردستان كرا، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش پێشێلكردنی مادده‌یه‌كی ده‌ستوورییه ده‌رحه‌ق به خه‌ڵكی كوردستان. له مادده‌یه‌كی دیكه، كه هاتووه مادده‌ی 92ی ده‌ستوور، باسی دروستكردنی دادگای ده‌ستووری ده‌كات، من لێره‌دا ده‌مه‌وێت به فراوانتر باسی ئه‌و بابه‌ته ده‌كه‌م. ئه‌و دادگا ده‌ستوورییه‌ی ئێستا هه‌یه، له زه‌مانی یاسای حكومه‌تی راگوزه‌ر پێكهێنرا، پێش نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور، دوای ئه‌وه ئێمه ده‌ستوورمان نووسی و زۆرینه‌ی خه‌ڵكی عێراق به خه‌ڵكی كوردستانیشه‌وه ده‌نگی بۆ دا، به‌ڵام هۆكارێكی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكی كوردستان ئه‌م ده‌ستووره‌ی په‌سه‌ند كرد، ئه‌و مافانه‌ن كه له‌م ده‌ستووره‌دا هاتووه، مانای ئه‌وه نییه كه ئێمه ده‌ستوورێكمان په‌سه‌ند كردبێت و ئاماده‌بین پێشێلی ئه‌و ماددانه‌ی بكرێت، كه له‌م ده‌ستووره هاتووه. ئه‌و دادگایه دوای ده‌نگدان له‌سه‌ر ده‌ستوور، ده‌بووایه به پێی مادده‌ی 92ی ده‌ستووری، ئه‌و دادگا فیدراڵییه دروست بكرێته‌وه، ئه‌مه‌ش نه‌كراوه. له مادده‌ی 92، من نامه‌وێ بچمه ناو ورده‌كارییه‌كه‌ی، به‌ڵام به پوختی ده‌یخه‌مه‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن كه دروستكردنی دادگای ده‌ستووری به چ شێوه‌یه‌ك بێت، كه ده‌ڵێت: 1- دادگای فیدراڵی باڵا ده‌سته‌یه‌كی دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆییه له رووی دارایی و به‌ڕێوه‌بردنه‌وه. 2-دادگای فیدراڵی باڵا، له ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر و پسپۆڕی بواری فیقهی ئیسلامی و یاساناس پێكدێت، دیاریكردنی ژماره و شێوازی هه‌ڵبژاردن و كاری دادگاكه به یاسا رێكده‌خرێت، به زۆرینه‌ی 2 له‌سه‌ر 3ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران. به‌ڕێزان نه ئه‌م یاسایه پێكهاتووه، كه ده‌بووایه 2 له‌سه‌ر 3ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر بده‌ن، نه به‌پێی ئه‌م ده‌ستووره‌ش ره‌فتار كراوه. ئه‌م دادگایه ئه‌و كاته ده‌توانێت بڕیار له‌سه‌ر مادده ده‌ستوورییه‌كان بدات، خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور پێكهاتبێت. بۆیه ئێمه داوا له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كه‌ین له خولی داهاتوو، هه‌وڵی پێكهێنانی دادگای فیدراڵی به‌پێی رێكاره‌كانی ده‌ستوور بدات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به شێوه‌یه‌كی بێلایه‌ن بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و كێشانه بدات، كه له ده‌ستووردا هاتوون و له‌وانه‌یه ببن به كێشه‌ی نێوان هه‌رێمه‌كان و حكومه‌تی فیدراڵ. له هیچ بڕگه‌یه‌كی ده‌ستووریدا نه‌هاتووه، كه بڵێت دادگای فیدراڵی کە له كاتی یاسای حكومه‌تی راگوزه‌ردا پێکهاتووه، ده‌توانێت بڕیار له‌سه‌ر ده‌ستوور بدات. گریمان ده‌ستووره‌كه به‌و شێوه‌یه‌ش بێت، واتا ئه‌م دادگایە به شێوه‌یه‌كی ده‌ستووریش رێكبخرێت، هیچ دادگایه‌ك بۆی نییه مادده‌یه‌كی ده‌ستووری بنووسێته‌وه، رێكاری گۆڕانكاری له مادده‌كانی ده‌ستووردا بكات، له ده‌ستوور خۆیدا دیاریكراون، كه به چ شێوه‌یه‌كه، كه‌واته هیچ دادگایه‌ك شه‌رعیه‌تی ئه‌وه‌ی نییه، كه ماددە ده‌ستوورییه‌كان بگۆڕێت. ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌و دادگایه داویه‌تی، دژی هه‌موو بنچینه‌كانی مادده ده‌ستوورییه‌كانه، ئه‌و ماددانه‌ی كه باسم كردن، دیاریكراون و هیچ دادگایه‌ك ناتوانێت، بێت ئه‌م ماددانه بگۆڕێت، به‌ڵام بڕیارێكی له دژی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێم داوه، كه پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره و گۆڕانكارییه له مادده ده‌ستوورییه‌كان، كه ئه‌و مافانه‌ی به خه‌ڵكی كوردستان داوە چۆن ئیداری ئه‌و دۆسیه‌یه بكات. ئێمه باسمان كردووه، كه ئەو بڕیاره له كاتێكی زۆر هه‌ستیاردا دراوه، له‌وانه‌یه هۆكاری سیاسی له پشت بووبێت، هه‌م له ده‌ستنیشانكردنی كاته‌كه، هه‌م له چۆنیه‌تی ده‌رچوواندنی بڕیاره‌كه، بڕیارێكی سیاسییه و به هیچ شێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی عێراقدا نییه. ئێمە داوامان له حكومه‌تی فیدراڵی كرد، كه كاتمان پێبده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ بكه‌ین، تاكو بگه‌ینه ئه‌نجامێك له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ده‌ستوور، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه و گرفتانه‌ی كه ئێستا هه‌ن. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان پێنه‌داین، بڕیارێكی تاكلایەنانە درا، بڕیاره‌كه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ك ناگونجێت له‌گه‌ڵ ئه‌و بنه‌ما ده‌ستووریانه‌ی كه هاتوون. پشتیان به یاسایه‌ك بەستووە، كه یاسای 1976ـه و له زه‌مانی رژێمی پێشووتر و پێش ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ن كه له عێراق هه‌بووه، ئه‌م یاسایه بۆ حكومه‌تێك بووه كه مه‌ركه‌زی بووه نه‌ك حكومه‌تێكی فیدراڵی، بۆچی هه‌رچی یاسایه‌ك هه‌یه ره‌تكراوه‌ته‌وه ته‌نیا دوو یاسا نه‌بن، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یانه كه په‌یوه‌سته به بابه‌تی ته‌عریب و ناوچه دابڕێندراوه‌كان، له‌گه‌ڵ یاسای نه‌وت و غاز، ئه‌وانیش له به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی مه‌ركه‌زییه و ره‌نگدانه‌وه‌ی حكومه‌تی فیدراڵی تێدا نییه، پشتبه‌ستن به‌و یاسایه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێش ده‌ستوور، ئێمه ده‌ستوورمان هه‌یه و ده‌بووایه هه‌رچی بڕیارێك بدرێت پشت به مادده‌یه‌كی ده‌ستووری ببه‌سترێت، بۆیه قه‌بووڵ نه‌كردنی ئه‌م بڕیاره پشت به ده‌ستوور ده‌به‌ستین، ئێمه ده‌ستوور و یاسامان هه‌یه و به‌پێی ئه‌م ده‌ستووره هه‌ڵوێستمان وه‌رگرتووه. ده‌مه‌وێ خاڵێكی دیكه‌ش بخه‌مه‌ڕوو، كه له ساڵی 2007 هه‌وڵێكی زۆر درا بۆ ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و غازی حكومه‌تی فیدراڵ، یاساكه هه‌مووی ئاماده‌كرابوو، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، به‌ڵام دیسان ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاته‌ی حكومه‌تی فیدراڵی قه‌بووڵی نه‌كرد ئه‌و یاسایه ده‌ربچێت. پێیانوابوو ئێمه ده‌توانین به‌رده‌وام بین و به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و مافه ده‌ستوورییه‌ی بۆ هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان له ده‌ستووردا هاتووه، بچینه ژێرباری، به‌ڵام قه‌بووڵیان نه‌كرد. ئێمه ئه‌وكات و ئێستاش داكۆكی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین، كه پێویسته یاسای نه‌وت و غاز له حكومه‌تی فیدراڵی ده‌ربچێت و هه‌موومان به‌پێی ئه‌و پابه‌ندییانه‌ی كه ده‌ستوور ده‌یخاته سه‌ر شانی ئێمه، ره‌فتار و مامه‌ڵه بكه‌ین و ئاماده‌شین، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك حكومه‌تی فیدراڵی ئه‌مه‌ی نه‌كردووه، خه‌تای ئێمه نییه، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه نه‌كرا، چه‌ندین گفتوگۆ و رێكه‌وتن كراوه له‌نێوان حكومه‌تی ئه‌و كاتی به‌غدا و هه‌ولێر، كه ئه‌گه‌ر له كاتی خۆیدا یاسای نه‌وت و غاز ده‌رنه‌چێت، هه‌ر لایه‌نێك ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت و ئه‌و یاسایانه‌ی كه به‌ركارن كاریان پێبكات، له هه‌رێمی كوردستان ئێمه یاسایه‌كمان له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ركرد، بوو به بنه‌ما، بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌رچی دۆسییه‌ی نه‌وت و غازه به‌و یاسایه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه یاسایی بوونی هه‌موو مامه‌ڵەی نه‌وت و غاز به‌پێی ئه‌م یاسایه‌یه و به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنیش كراوه. بۆیه ناكرێت ئێستا له‌به‌ر هۆكارێكی سیاسی هه‌موو ئه‌و شتانه نادیده بگیرێت و پشت به یاسایه‌كی 1976 ببه‌سترێت، بڵێن ئه‌وه‌ی كراوه له هه‌رێمی كوردستان هه‌موو نایاسییه، به چ پێوه‌رێك، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دادگایه‌ك ئه‌م بڕیاره‌ی داوه كه خودی دادگاكه به‌پێی رێكاره ده‌ستوورییه‌كان پێكنه‌هاتووه، كه‌واته خۆی دادگایه‌كی ناده‌ستوورییه، چۆن بڕیار له‌سه‌ر شتێكی ده‌ستووری ده‌دات، زیاتر له‌مه‌ش نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور و مادده‌ی ده‌ستووریش بگۆڕێت. ئینجا دوای ئه‌وه ئێمه چه‌ندین گفتوگۆمان كرد، نیازی هه‌رێمی كوردستان‌مان زۆر به روون و راشكاوی و پاكی به حوكمه‌تی فیدراڵی گه‌یاند، كه ئێمه ئاماده‌ین گفتوگۆ بكه‌ین، بۆ گه‌یشتن به رێگه‌چاره‌یه‌كی ده‌ستووری بۆ ئه‌م دۆسیه‌یه. چه‌ندین شاند له هه‌رێمی كوردستانه‌وه چوون بۆ به‌غدا، هه‌ندێكجار میوانداری ئه‌وانمان كرد كه ده‌هاتنه هه‌رێمی كوردستان، هه‌رچی ژماره و داتای پێویسته خراونه‌ته‌ڕوو، كه پابه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و مافه‌كانی چین، ئه‌ركه‌كانی چین و هی حكومه‌تی فیدراڵیش چییه، به‌راوردی هه‌موو ئه‌و داتایانه كراوه. له قه‌رزه‌كانی كه كه‌وتووه‌ته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، به‌هۆی ئه‌و ره‌فتاره نادادپه‌روه‌رانه‌ی كه حكومه‌تی فیدراڵی به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی كردی، ئێمه ئاماده‌بووین بێین له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و خاڵانه رێكبكه‌وین، له ئه‌نجامدا یاسای بودجه‌ی 2021 ده‌رچوو، به‌پێی ئه‌م یاسایه ده‌بووایه حكومه‌تی عێراق مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، دوای مه‌قاسه‌كردنی داهاته‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هی فیدراڵی بزانن، چه‌ندی به كام لادا ده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستانی بنێرێت. له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش چه‌ندین به‌ڵگه و داتامان خستووه‌ته‌ڕوو، چاودێری دارایی فیدراڵی هاتووه‌ته هه‌رێم، چاودێری دارایی ئێمه چووه‌ته به‌غدا و چه‌ندین گفتوگۆیان كردووه، كه به چ شێوه‌یه‌كه و داهاتی هه‌رێم چه‌نده و داهاتی حكومه‌تی فیدراڵی چه‌نده، پابه‌ندی هه‌رێم چه‌نده به‌رامبه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵی، پابه‌ندییه‌كانی ئه‌وان به‌رامبه‌ر به هه‌رێم چه‌نده. هه‌موو ئه‌و شتانه‌مان به‌راورد كردووه له‌گه‌ڵ یه‌كتر، دوای ئه‌وه خۆیان بڕیاریاندا به‌پێی یاسا كه شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم مانگانه بۆمان بنێرن، به‌پێی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 خۆیان دانیان به‌وه‌دانا و داوایان له هه‌رێم كرد كه‌متر نه‌بێت له 460 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت، پێویسته له هه‌رێم ده‌ربهێنرێت و دوای ئه‌وه‌ش كه نه‌وته‌كه ده‌فرۆشن یه‌كه‌مجار باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد 250 هه‌زار به‌رمیل بدرێته فیدراڵی، دواتر خۆیان گوتیان ئه‌رقامی 250 هه‌زار به‌رمیله‌كه‌مان بۆ بنێرن، ئێمه‌ش ئاماده‌بووین و پابه‌ندیش بووین. له‌وانه‌یه هه‌ندێك پرسیار هاتبنه پێش، نازانم بۆچی روون نییه كه چه‌ندینجار ئه‌م بابه‌ته‌مان شیكردووه‌ته‌وه و روونكردنه‌وه‌ی پێویستیش دراوه، به‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌قیامی 250 هه‌زار به‌رمیله‌كه به‌م شێوه‌یه بووه، كه پێویسته هه‌موو هاووڵاتییان بزانن، كه هه‌رچی داهاتی هه‌رێمه به‌پێی ئه‌و نرخه‌ی كه سۆمۆ دایناوه، 250 هه‌زار به‌رمیل له چ كاتێكدا نرخه‌كه‌ی چه‌نده لێمان ببڕن، داهاته‌كانی دیكه‌ی نانه‌وتی كه پابه‌ندی هه‌رێمه به‌رامبه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵی، لێمان ببڕن و باقیهكهیمان بۆ بنێرن، له نه‌تیجه‌دا ئه‌وان هاتن كه هه‌رچه‌نده كه‌متره له شایسه‌ی خه‌ڵكی ئێمه‌ش، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌وه رێكه‌وتین مانگانه 200 ملیار دینار، كه ده‌كاته نزیكه‌ی 137 ملیۆن دۆلار مانگانه بۆمان بنێرن. به‌ڵام به‌ڕێزان له 26 مانگی رابردوو، ته‌نیا 12 مانگیان بۆ ئێمه ناردووه، 14 مانگ ئه‌م حه‌قه‌ی كه مافی خه‌ڵكی كوردستانه به‌غدا نه‌یناردووه. ئه‌مه هه‌مووی داتایه و هه‌موو حه‌قیقه‌ته، شیكردنه‌وه و رای تایبه‌ت نییه، به‌ڵام واقیعه و هه‌یه، له ساڵی 2022 ئێمه چووینه‌ته مانگی 3، یه‌ك مانگیش حكومه‌تی فیدراڵی، ماف و شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانی نه‌ناردووه، هیچ پاره‌یان بۆ ئێمه نه‌ناردووه، ئینجا دێن ده‌ڵێن به حیساب هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند نه‌بووه، له كوێ ئێمه پابه‌ند نه‌بووینه؟. هه‌رچی داهاتی ئێمه‌یه دیاره له‌لای ئێوه‌یه، ئه‌وه‌تان بڕیوه و باقیه‌كه‌ی به گوێره‌ی بودجه چه‌نده ده‌بووایه ئه‌وه بنێرن، كه خۆتان گوتووتانه، ئێمه به‌س 200 ملیارتان بۆ ده‌نێرین، ئێمه رازیش بووین كه کەمتره له حه‌قی خۆمان. ئێمه سواڵكه‌ر نین، هه‌موو مانگ بچین له ده‌رگه‌ی به‌غدا بده‌ین، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ین مافێكی ده‌ستووریمان هه‌یه، مافێكی یاساییمان هه‌یه، حكومه‌تی فیدراڵی پێویسته مافی ئه‌و خه‌ڵكه بداته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه پێشێلی مافه‌كانی ئێمه كراوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مافه‌كانی خه‌ڵكی ئێمه نه‌دراوه، دێن هه‌ندێكجار هه‌واڵی ناڕاست له شه‌قامه‌كانی عه‌ره‌بی و عێراقی بڵاوده‌كه‌نه‌وه، كه به حیساب هه‌رێمی كوردستان مافی خه‌ڵكی تر ده‌خوات، به‌ڕێزان ئه‌مه راست نییه. من جارێكی دیكه‌ش ده‌ڵێمه‌وه هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا سوودمه‌ندبووه له‌و كاته پاره‌مان بۆ هاتوو له 5%ی داهاتی گشتی عێراق، 95% داهاتی تر له‌لای حكومه‌تی فیدراڵی بووه، چی‌یان لێكردووه، كوا نه‌خۆشخانه و قوتابخانه و شه‌قام و پڕۆژه‌كانیان، كوا ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی خه‌ڵكی عێراق پێویسته پێیان بگات و تا ئێستا پێیان نه‌گه‌یشتووه؟. بۆ خه‌ڵكی كوردستان تاوانبار بكرێت به‌وه‌ی كه ئیداره‌ی سه‌ركه‌وتووتری هه‌بووه و به‌و رێژه كه‌مه‌یه‌ی له‌به‌ر ده‌ستی بووه شتێك لێره دروست بكات، من ناڵێم ئێمه كه‌موكوڕیمان نییه، به‌ڵام له‌و كابینه‌یه هه‌موو هه‌وڵێكمان داوه، بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازی بكه‌ین، چاكسازیشمان كردووه، له هه‌موو سێكته‌ره‌كان چاكسازی كراوه و خراونه‌ته‌ڕووش، به‌ڵام به‌داخه‌وه وه‌كو پێویست، یان حكومه‌تی هه‌رێمی نه‌یتوانیوه په‌یامه‌كه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێت له‌و خاڵانه‌ی كه چاكسازی تێدا كردووه، یانیش زۆر كه‌س له‌وانه‌یه به مه‌رامی سیاسی ویستوویانه ته‌نیا بابه‌ته سلبییه‌كان ئیبراز بكه‌ن و بیخه‌نه‌ڕوو، هه‌رچی شتی چاكه‌یه لێره بیشارنه‌وه. من نموونه‌یه‌كتان بۆ باس بكه‌م، پرسیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێت داهاتی نه‌وتی ئێمه چۆنه و چۆن مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ كردووه؟ به‌ڕێزان نه‌وت له بازاڕی نێوده‌وڵه‌تی نرخه‌كه‌ی گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت، كه‌م و زیاد ده‌بێت، به‌ڵام من ده‌مه‌وێ به شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی بخه‌مه‌ڕوو. زۆرجار ده‌گوترێت 410 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشرێت، نرخه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ بووه‌ته ئه‌وه‌نده ئه‌ی ئه‌م داهاته له كوێیه؟ زۆرجار ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و سیاسییه‌كانیش دێن ئه‌و قسانه ده‌كه‌ن، ئێمه روونكردنه‌وه‌مان داوه، جارێكی دیكه‌ش روونی ده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌فرۆشرێت، چه‌ند بابه‌تێك له خۆی ده‌گرێت، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هەبووه بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت، تێچووی دره‌هێنانیان هه‌یه، ئه‌و پاره‌یه حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یانداته‌وه، كه‌واته پاره‌ی فرۆشتنی نه‌وت كه دێته‌وه ته‌نیا ئه‌وه نییه كه ده‌بێته مووچه، به‌شێكی زۆری ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه نه‌وته‌كه ده‌رده‌هێنن، ئه‌وه‌ش پاره‌ی هه‌رێمه ده‌یانداتێ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م خزمه‌ته پێشكه‌ش بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه به‌رده‌وام بێت. به‌شێكی پاره‌كه بۆ گواستنه‌وه‌یه، به‌شێكی دێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و هه‌ر هه‌مووی ته‌رخان ده‌كرێت بۆ مووچه.
هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکرانیا نوێترین پەیامی خۆی ئاڕاستەی هاوڵاتییان و جیهان کرد و رایگه‌یاند، کە چۆک دانادەن و بەردەوام دەبن لە بەرگری. بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئازاری 2022، ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا داوای لە هاوڵاتییانی ئۆکرانی کرد کە بەردەوام بن لە بەرگری کردن. وتیشی: "ئێمە گەلێکین کە لە ماوەی هەفتەیەکدا پلانەکانی دوژمنمان تێکشکاند، رووسیەکان لێرە ئاشتی و خواردنیان دەستناکەوێت، یەک چرکە هێمنیش بەخۆیانەوە نابینن". لە پەیامەکەیدا، زێلنیسکی باسی لە کۆنتڕۆڵکردنی شارێکی ئۆکرانیا لەلایەن سوپای رووسیاوە وەک خیرسۆن نەکرد، بەڵام وتی: "ئەگەر روسیەکان بچنە هەر شوێنێک ئەوا بۆ کاتی دەبێت و دەریان دەکەین". سه‌رۆكی ئۆكرانیا وتیشی: "شەڕەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی سەربازە رووسییەکان کردووە، وەک چۆن دەبینین دەرگای مارکێتەکان دەشكێنن و هەوڵی پەیداکردنی خواردنێک دەدەن".
عەمار عەزیز لەهەڵبژاردنی ساڵی رابردووی پەرلەمانی عێراق لەبازنەی شەنگال هەرسێ كورسی پارتی بەدەستی هێناو كورسی كۆتاش بۆ حزبی پێشكەوتنی ئێزیدی بوو كە (نایف خەلەف سەیدۆ) بوو، لایەنەكانی دیكە لێكۆڵینەوە لەچەكداران و ئەندامەكانیان دەكەن بەهۆی بەدەستنەهێنانی هیچ كورسییەكەوە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021 بەڕێوەچوو كە عێراق دابەشكرا بۆ 81 بازنەو شەنگال بازنەیەك بوو لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا. خودێدا ئەلیاس، بەرپرسی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لەناحیەی سنون لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەرپرسانی هەرێمی كوردستان رێگەیان بەئێمە نەدا لەشارەكانی كوردستان بەنموونە پارێزگای دهۆك بانگەشە بۆ كاندیدەكەی خۆمان بكەین، كەئەمەش زۆر كاریگەری لەسەر دەنگەكانمان كرد «. هەروەها باسی لەوەشكرد لە رۆژی دەنگدان بەشێكی زۆر لەناوەكانی چەكداران و لایەنگرانیان نەهاتبووەوەو هەندێكیان لەهەرێمی كوردستان ناویان دەرچوو بوو، وتیشی:» راستە ژمارەی چەكدارەكانمان نزیكەی 15 هەزار چەكدارەو نزیكەی 10 هەزاریان تەمەنیان لەسەروو 18 ساڵییەوەیەو مافی دەنگدانیان هەبووە، ئێمە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی خۆمان دەكەین». هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە بەدەنگدەران و لایەنگرانی خۆیان وتووە تەنها دەنگ بەكاندیدانی پارتی نەدەن، ئەوانەی دیكە ئازادن دەنگ بەكێ دەدەن، وتیشی:» بەشێك لەلایەنگران و چەكدارەكانمان دەنگیان داوە بە نایف سەیدۆ، كاندیدی حزبی دیموكراتی ئێزیدی، خۆشبەختانە ئەویش دەرچوو». هاوكات، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزدیخان لەشەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « ئێمە ئامادەكارییەكی باشمان كردبوو بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، كاندیدێكمان هەبوو بۆ كورسی كۆتا، ژمارەیەكی زۆر لەدەنگدەرانمان روویان لەدەرەوەی وڵات كردووە و زۆرینەیان دەنگیان نەدا». حەیدەر شەشۆ وتیشی:» بەدڵنیاییەوە چەكدارەكانمان و لایەنگرانی ئێمە دەنگیان بەكاندیدەكەی ئێمە داوە، كێشەیەكی تریش ئەوەبوو كەهەندێك ناو لەهەرێمی كوردستان هاتبوون واتا دەنگەكانمان پەرت و بڵاوببوونەوە».
