کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان وادەى تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانى و پارت و لیستە تاکەکەسییەکانى بۆ هەڵبژاردنى کۆتایی ئەمساڵى پەرلەمانى عێراق دیاریکرد. بەپێی نوسراوێکى کۆمسیۆن، تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانى و پارت و لیستە تاکەکەسییەکان لە ناوەڕاستى ئەم مانگەوە دەستپێدەکات تا چوارى مانگى داهاتوو. رۆژى چوارشەممە (9ى نیسانى 2025) ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق 11 ى تشرینى دووەمى بۆ وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دیاریکرد، بەو پێیەش کەمتر لە حەوت مانگى دیکە هەڵبژاردن بەرێوەدەچێت، کۆمسیۆنیش ئامادەیی خۆى لەو بارەیەوە راگەیاند. رۆژێک دواتر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەستیكرد بە ڕێكارە تەكنیكییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، جەخت دەكاتەوە پشت بە ئامرازی "وێنەی چاو" دەبەستێت بۆ نوێكردنەوەی كارتی بایۆمەتری دەنگدان بۆ ئەو كەسانەی پەنجەمۆری دەستیان نایخوێنێتەوە. لەوبارەیەوە، جومانە غەلای، وتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:"كۆمسیۆن لەڕووی تەكنییكیەوە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و دەستی بەكارەكانی كردووە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی هەمواركراوی ژمارە 12 ی ساڵی 2018".
دوای ئەوەی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمساڵ بەهەمان یاسای ئێستا دەبێت، نوێنەری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گومانی خستە سەر ئەو بابەتە و گوتی، لە کۆبوونەوەکەی ئیدارەی دەوڵەت باسی یاسای هەڵبژاردن نەکراوە. دوێنێ لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاریاندا بەبێ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و هەمان کۆمسیۆنی ئێستا سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنکە بکات. حەسەن سنید، نوێنەری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە کۆبوونەوەکە بە کەناڵی ئافاقی سەر بە دەوڵەتی یاسای گوت، لە کۆبوونەوەکەدا یاسای هەڵبژاردن و هەموارەکەی تاوتوێ نەکراوە، بۆچوونی کوتلە سیاسییەکان لەو بارەیەوە وەرنەگیراوە. هەروەها کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی هێڵی دووەمی سەرکردەکان بەڕێوەچووە، بۆیە توانای بڕیاردانی نییە. دەرکەوتنی ئەم ناکۆکییە پەیوەندیی بە راجیایی لایەنە شیعەکانەوە هەیە، نوری مالیکی دەیەوێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و گۆڕانکاری لە بازنەکان بکرێت. چوارشەممەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دیاریكرد، هەر ئەوکاتیش کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی بۆ بەڕێوەبردنی دەربڕی.
بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستان بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە: لایەنە کوردییەکان لەسەر سیستمی فیدڕاڵی بۆ سوریا یەك دەنگن و رەخنەش لەو سیاسەتە دەگرن کە ئێستا لە دیمەشق پەیڕەودەکرێت. بەدران چیاکورد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان) بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە: کوردەكانی سوریا لە سەر ئەوە یەكدەنگن كە داوای سیستمی فیدڕاڵی بکەن، بەجۆرێک کەڕێگە بە دروستبونی ئۆتۆنۆمی ناوچەیی و هێزی ئەمنی بدات. وتیشی: سەرجەم لایەنە سیاسیە كوردییەكان لە سوریا، هاوڕان کە سیستەمێکی پەرلەمانی فیدراڵی، فرەیی، دیموکراسی لە سوریادا هەبێت. هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پرسی چارەسەری بنەڕەتی بۆ سوریا و پاراستنی تایبەتمەندی ئیداری و سیاسی و کولتوری، پێویستە ئەنجومەنی یاسادانانی ناوخۆیی لەناو هەرێمەکاندا دروست بکرێن. لە چوارچێوەیەی رێکەوتنی نێوان کورد و دیمەشق، لە چەند ڕۆژی ڕابردو ژمارەیەک دیل ئاڵوگۆڕکران و بە پێی زانیارییەکانیش گروپەکانی نزیک لە تورکیا لە ناوچەکانی عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی دەکشێنەوە.
ماوەی شەش ڕۆژە گهڕان بهدواى دۆزینهوهى تهرمى مامۆستا ئاڤێستا له رووباری مێرگهسۆر بەڕدەوامەو تائێستا نەدۆزراوەتەوە. بەرگری شارستانی کە بەردەم لەئەرکدان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە دەڵێن كارى تیمهكانمان چوەته قۆناغێكی نوێوه، ئهویش ئهوهیه كه چاوهڕێ بكهن تهرمهكهى سهرئاو بكهوێت، چونكه تاڕادهیهك له گهڕانى ژێر ئاو بێهوابوون. عهقید ئیبراهیم فهریق بهڕێوهبهرى بهرگرى شارستانى ئاكرێ راگهیاند، گومان دهكرا تەرمەکە له ناو گۆمێکی قووڵ مابێتهوه و گیربووبێت کە قوڵاییەکەی له سێ مهتر تا 13 مهتره، بهڵام تیمهكانى غهواسمان ماوهى نیو كاتژمێر لهژێر ئاوى گۆمهكه بۆى گهڕان و هیچیان بهدی نهكرد”. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بە ڕاسپاردەی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوەخۆ و بە فەرمانی بەرێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی كوردستان سەردانی شوێنی خنكانی (ئاڤێستا یوسف بەرزنجی)یان كرد. ئاماژەی بەوەش دا، كە ئەو سەردانە، بە مەبەستی شێواز و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كارەكانی تیمەكانی ڕزگاركردن و تیمی ژێرئاوی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هەولێر و سۆران و ئاكرێ بوو لەكاتی گەڕان بەدوای تەرمی (ئاڤێستا یوسف بەرزنجی).
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایدەگەیێنن، شەممە لە شاری هەولێر بۆ پشتیوانی لە غەززە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی رێکدەخەن، بەڵام داواکارییەکەیان لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە رەتکراوەتەوە. راگەیێندراوەکە لە ژێرناوی "لیژنەی هاوبەشی سەرپەرشتیاری گردبوونەوەی پاڵپشتی غەززە"، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "رۆژی شەممە 12-04-2025، لە بەردەم پارکی شانەدەر گردبوونەوەیەکی جەماوەری سازدەکرێت بۆ پاڵپشتی کەرتی غەززە؛ دژ بەو کۆمەڵکوژییەی بەرامبەریان دەکرێت". نوێنەری هەردوو حیزبەکە سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە و لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێن: "داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین رەزامەندی بدەن و لایەنی ئەمنی گردبوونەوەکە بپارێزن". سەرچاوەیەکی باڵا لە پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند، جگە لە کۆمەڵ و یەکگرتوو، دەزگای ستانداردیش داوای مۆڵەتی گردبوونەوەی کردووە، بەڵام داواکارییەکەیان لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە رەتکراوەتەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەو گردبوونەوەیە لەو کاتەدا لە شاری هەولێر بە پێویست نازانرێت.
کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆتاییهات و ئەندامێکی شاندەکەش دەڵێت، کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو و هیوای زۆر زیاتریان هەیە. شاندی دەم پارتی کە لە سرری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان (دەم پارتی) و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکدێت، کاژێر 13:30 خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-4-2025 گەیشتنە کۆشکی کۆماریی تورکیا و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازییان لێکرا. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (MIT) و ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە کاژێرێک و 25 خولەکی خایاند و دوور لە چاوی میدیاکان ئەنجامدرا. سرری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە ئەندامێکی شاندی دەم پارتییە گوتی: "کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو و هیوای زۆر زیاترمان هەیە". شاندی دەم پارتی پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەش قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکە کرد. سرری سورەییا ئۆندەر گوتی:" لە دیدارەکەدا زانیاری لەبارەی دوایین قۆناخی پرۆسەکە بە بەڕێز سەرۆککۆمار دەدەین". ئۆندەر رایگەیاند، لەو باوەڕەدان زەوینەی سیاسەتی دیموکراسییانە و ئاشتی لەمەودوا هەنگاوی زۆر خێراتر و گرنگتری بۆ دەنرێت. گوتیشی: "ئێمە بە ویست و پێداگرییەوە پرۆسەکەمان گەیاندە ئێرە. زۆر بە پارێزگارییەوە جووڵاینەوە، هەمووانیش بەمشێوەیە جووڵانەوە. هەر بۆیە سوپاسگوزاری تەواوی وڵاتین". پەروین بوڵدانیش رایگەیاند: "ئەمە یەکەمین جارە بەرێز سەرۆککۆمار لەم بابەتەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕامان لەگەڵدا دەکات. بیروڕای خۆی لەبارەی ئەوە کە چی بکرێت باشە، دەخاتەڕوو. ئێمەش زانیاریی لەبارەی تەواوی ئەو دیدارانە پێدەدەین کە سازمان کردوون. هیوادارین ئەمە بۆ تورکیا ببێتە مایەی خێر و ببێتە هۆکاری بەرقەرارکردنی ئاشتی". کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات کە دوێنێ چوارشەممە 9-4-2025 ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتیدا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکات. دوای 13 ساڵ لە دوایین کۆبوونەوەی نێوانیان، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی دەم پارتییە لەگەڵ ئەردۆغان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو دوو لیژنەیەی کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بۆ چارەسەری کێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان پێکیهێنابوو هەڵوەشانەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، دەستبەسەر ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکاندا ناگیرێت، بەڵام هاتوچۆیان لەنێوان پارێزگاکاندا سنوردار دەکرێن. بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ لەو بارەیەوە ڕاگەیاند، هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان تەنها بۆ ئەوەیە مامەڵەکردن و کڕین و فرۆشتنیان فراوان نەبێت، بەڵام دەستیان بەسەردا ناگیرێت و تەنها هاتوچۆی نێوان سنووری پارێزگاکان سنوردارکراوە. پەیامنێرمان قسەی لەگەڵ چەند نوێنەرێکی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکاندا کرد و ئەوان دەڵێن، کەس ناتوانێت دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا بگرێت، لەئەگەری دەستبەسەرداگرتنیشیاندا هەڵوێستی توندیان دەبێت کە ژمارەیان زیاتر لە 70 هەزار کەسە لە هەریمی کوردستان، چونکە ژیانیان لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەیە.
دوای پێنج رۆژ لە سوتانی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی، شارەوانی رایگەیاند، پرۆسەی پاککردنەوە و لادانی پاشماوەی ئاگرەکە کۆتاییهاتووە. سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، شەوی رابردوو پاککردنەوە و شۆردنی ناو بازاڕی دارەسوتاوەکە کۆتایی هات. هەروەها ستایشی تیمەکانی دەکات کە چەند رۆژێکە وەک هاوکاری و پشتگیرییەک بۆ کاسبکاران بەردەوامبوون لە پاککردنەوەی بازاڕەکە. بەرەبەیانی پێنجی ئەم مانگە ئاگر لە بەشێکی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 150 دوکان سوتان. سۆران عەبدوڵا لێبرسراوی بەشی خزمەتگوزاریی شارەوانی سلێمانی راگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژێکدا شوێنەکە پاکدەکەنەوە و دیزاینێکی نوێ بۆ بازاڕەکە دادەنێنەوە و نۆژەندەکرێتەوە. گوتیشی، پاشماوەی ئاسنی دووکانە سوتاوەکان هیچ کەڵکێکی نەماوە و بەکارناهێنرێتەوە، دەدرێتە کارگەیەکی ئاسن و بە شێواز و کەرەستەی نوێ بازاڕەکە تازەدەکرێتەوە. ئاگرەکە زیاتر ئەو دووکانانەی گرتەوە کە بە مەزادخانەی سەرەوە ناسراون. ئەو شوێنەی ئاگری لێکەوتەوە ئێستا چۆڵکراوە و تەنیا هێزە ئەمنییەکان لەوێدا جێگیر کراون بۆ پاراستنی پاشماوەکانی نێو دووکانەکان. لێکۆڵینەوەکان لەسەر قەبارەی زیانەکان و هۆکاری رووداوەکە بەردەوامن. ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداوی گوت، دوای تەوابوونی راپۆرتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکەن.
كاتژمێر 1:30 خولەكی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدی ئیمراڵی لە كۆشكی كۆماریی توركیا (بێشتەپە) لە ئەنكەرە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا كۆدەبێتەوە. لەدوای راگەیاندنی پرۆسەی ئاشتیی و گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان لە گرتوخانەی ئیمراڵی، یەكەمجارە ئەردۆغان لەگەڵ وەفدی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) كۆدەبێتەوە. دوێنێ ئەردۆغان لە وتارێكدا لەبەردەم فراكسیۆنی پارتەكەی (ئاكەپە) لە پەرلەمان لەبارەی دیدارەكەی لەگەڵ وەفدی ئیمراڵی رایگەیاند، وەک هاوپەیمانی گەل بە گرنگی و ئارامییەوە درێژە بە پرۆسەکە دەدەین. ئەردۆغان وتی:" بە تورک، کورد، عەرەب، عەلەوی و سوننی، بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانەوەو پێشخستنی وڵات و ناوچەکەمان". ئۆجەلان داوای چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كردووە، بەڵام ئەمە پێویستی بە سازدانی كۆنگرەو رێوشوێنی یاسایی تر هەیە لە پەرلەمانی توركیا، ئەم پرۆسەیەش تائێستا هەنگاوی كردەیی بۆ نەنراوەو چاوەڕوان دەكرێت لە دیداری ئەمڕۆی دەم پارتی و ئەردۆغاندا قسەوباسی لەسەر بكرێت.
وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دیمەشق، گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە عەفرین دەردەکرێن و ئاوارەکان دەگەڕێنەوە، ترسی تورکیا لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەریان کشانەوەی گروپەکانی خێراتر کردووە. سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگری سوریا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە: گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ژمارەی خاڵەکانی پشکنینیان کەمکردووەتەوە و زۆربەی بنکەکانی ناوەندی شارەکەیان چۆڵکردووە، تەنها چەند گروپێکی بچوکیان بەشێوەیەکی کاتیی ماونەتەوە و ئەوانیش شارەکە جێدەهێڵن. سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی رۆژئاوای کوردستان، پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی دیمەشق بڵاوی کردەوە؛ مۆڵەتی تا 15ـی نیسان دراوەتە گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەتایبەتی هێزەکانی نوخبە و عەمەشات و حەمزە، بۆ چۆڵکردنی عەفرین و بەجێهێشتنی شارەکە و رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی بە ئیدارەی ئاسایشی ناوخۆی سوریا. مانگی ئازاری رابردوو، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد بۆ تێکەڵکردنی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بە حکومەتی نوێی دیمەشق، سەرەتای ئەم مانگەش ئەنجومەنی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبیش رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد بۆ دەرچوونی شەڕڤانانی هەسەدە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی بە ئاسایشی ناوخۆ، تائێستاش دوو کاروانی شەڕڤانان کە ژمارەیان نزیکەی 500 کەس دەبوو شاری حەلەبیان بەرەو رۆژهەڵاتی فورات بەجێهێشتووە. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئیدارەی نوێی سوریا بەمەرجی ئەوەی ناوی نەهێنرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: گواستنەوەی گروپە چەکدارکان لە عەفرینەوە بۆ بنکەی سەربازیی دیکە، بۆ دوورخستنەوەی ئەو گروپانەیە لە مەترسی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەریان، بۆیە وەک رێکارێکی خۆپارێزیی و بەشێک لە پڕۆژەی دیمەشق بۆ تێکەڵکردنی گروپە چەکدارەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا بە وەزارەتی بەرگریی، ئەو گروپانە لەناوچەکە کشاونەتەوە. ئاژانسی فرانس پرێس، لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای کوردی رۆژئاوای کوردستانەوە بڵاوی کردەوە؛ هەسەدە فشار لە ئیدارەی سوریا دەکات، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی عەفرین بدرێتەوە دەست خەڵکی ناوچەکە و هێزی ئاسایشیان لێ پێکبهێنرێت، دانیشتوانی عەفرینیش چاوەڕوانی لابردنی بەربەستەکان و کشانەوەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیان لە شارەکەیان بە یەکجاریی. ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان داوایان کردووە بە چاودێریی نێودەوڵەتی ئاوارەکانی عەفرین بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و گرەنتی پاراستنی ماف و سەلامەتییان بکرێت، بۆ ئەوەش لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. ساڵی 2018، تورکیا پاڵپشتی گروپە چەکدارە توندڕەوەکانی سوڵتان موراد و فیرقەی حەمزەی کرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری عەفرین و بەهۆیەوە زیاتر لە 300 هەزار کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە ئاوارە بوون، بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ، دوای دەستبەسەرداگرتنی عەفرین هەڵمەتێکی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و نیشتەجێکردنی هەزاران خێزانی عەرەب دەستیپێکردووە، سەرەڕای شێواندنی جوگرافیای ناوچەکە و بڕینەوەی دەیان هەزار داری زەیتون، کە سیما و ناسنامەی عەفرین بوو.
سەرچاوە باڵاکانی حکومەتی عێراق ئاشكرایانكردووە، بەرپرسانی تورکیا ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆبونەوەی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریاو بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق، لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتالیا، کە شەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت. بەرپرسێکی باڵای عێراقی بە رۆژنامەی (العربي الجدید) راگەیاندووە، لایەنی تورکی زەمینەسازی دەكات بۆ کۆبونەوەی لاوەکی لەنێوان بەرپرسانی عێراق و ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا. ئەو بەرپرسە، وتوشیەتی، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا له پەراوێزی کۆنفرانسی دیپلۆماسی ئه نتالیا، شه ممه ی داهاتوو، سەرپەرشتی ئەم بابەتە دەكات، که شەرع تیایدا ئامادە دەبێت، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق. ئاماژەی بەوەشكردووە، چەند رۆژێکە لایەنی تورکیا کار لەسەر ئەو بابەتە دەکات، بەڵام تا تائێستا ئەو بابەتە لەلایەن سودانی یەکلایی نەکراوەتەوە، ئەوەی لە ئێستادا دڵنیایە ئەوەیە، کە بەرپرسانی دیکەی عێراق، وەك فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان شەرع دەبینن. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی هەرچەشنە نزیکبونەوەیەک لەگەڵ سوریای نوێ، روبەڕوی فشاری هاوپەیمانەكانی ئێران دەبێتەوە. بەوتەی چاودێران، رەنگە سودانی ئەم کۆبونەوەیە رەتبکاتەوە، بۆ ئەوەی زیانی سیاسی لە ناوخۆی عێراق پێنەگات لەلایەن هاوپەیمانەکانی تاران، بەتایبەتی، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، وەک نوری مالیکی و، قەیس خەزعەلی. ئەو هەوڵانەی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئەو دیدارە، لە چوارچێوەی خواستی ئەنكەرەدایە، بۆ خولقاندنی کەشوهەوای هاوکاری نێوان بەغدا و دیمەشق، کە وابكات بە قازانجی خۆی ئاڕاستەی بكات لەسەر پرسی کورددا، هەروەها لە بواری ئەمنی و تەنانەت دۆسیەیەی ئابوریش.
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەوان لە سووریا نیازی شەڕوپێکدادانیان لەگەڵ ئیسرائیل و هیچ وڵاتێکی دیکە نییە. لەبارەی هێرشەکانی چەند رۆژێک لەمەوبەری ئیسرائیلیش بۆ سەر سووریا دەڵێت، ''ناسەقامگیریی زیاتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت''. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا شەوی چوارشەممە، 9ی نیسانی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، ''ئێمە وەک تورکیا، لە سووریا نیازی شەڕوپێکادانمان لەگەڵ ئیسرائیل و هیچ وڵاتیکی دیکە نییە''. وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی هێرشەکانی چەند رۆژێک لەمەوبەری ئیسرائیل بۆ سەر سووریا دەڵێت، ''ئاژاوەنانەوە بە مەبەستی هەندێک ئامانجی ناوچەیی لە سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە، جێگەی قبووڵ نییە. ئەمە ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت''. فیدان ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی لە زۆر بواری پێویستدا لە چوارچێوەی رێککەوتنی دوولایەنە دەتوانێت پاڵپشتی لە سووریا بکات. ''ئەگەر سووریا سەبارەت بە ئاسایشی وڵاتەکەی، هەست بە بوونی کێشەیەک بکات و بیەوێت لەگەڵ هەر وڵاتێک رێککەوتنێکی ناوچەیی واژۆ بکات، ئەمە پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە''. لە وەڵامی پرسیاری ''ئەگەر سووریا بیەوێت رێککەوتنی بنکەی سەربازی لەگەڵ تورکیا واژۆ بکات، تورکیا ئامادەیە بۆ ئەمە؟'' فیدان گوتی، ''بۆ هەر بابەتێک کە لە بواری ئاسایشدا خزمەت بە هاوئاهەنگی و پەیوەندیی دووقۆڵیمان بکات، ئامادەین''. سەبارەت بە هەبوونی پەیوەندی لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا لەبارەی سووریا، فیدان گوتی، ''ئێمە پێشتر لە سووریا میکانیزممان بۆ پێکدانەدان لەگەڵ رووسیا، ئەمریکا و ئێران هەبوو. نموونە؛ من لێرە ئۆپەراسیۆن دەکەم، بەڵام لەگەڵ هێزەکانی تۆ خۆمان بەیەکدیدا ناکێشین، ئامانجەکەی من دیارە. ئێمە کاتێک لە سووریا ئۆپەراسیۆن دەکەین، جا لەڕێگەی ئاسمانییەوە بێت، یاخود بەشێوەی دیکە، هاوشێوەی ئەو وڵاتانە، لە دۆخێکی وەهادا پێویستە ئیسرائیلیش بخرێتە نێو میکانیزمەکە. بۆ بەجێگەیاندنی ئەمە، دەتوانم بڵێم؛ لەسەر ئاستی تەکنینی پەیوەندیی راستەوخۆ هەیە''. رۆژی چوارشەممە، دووی نیسانی 2025، ئیسرائیل چەندین پێگەی لەنێو سووریا بۆردوومان کرد. هاکان فیدان ''رەتیکردەوە'' هیچ هاووڵاتیێکی تورکیا لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا گیانی لەدەست دابێت. لەبارەی بوونی بنکەی سەربازیی تورکیاش لە سووریا گوتی، ''ئێمە هیچ بنکەیەکی سەربازیمان نییە کە رامان گەیاندبێت." لەبارەی رۆژی کۆبوونەوەی ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێستا لەمبارەیەوە قسە دەکرێت. لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەک دەکرێت، دەکرێ لە تورکیا بێت دەشکرێ لە ئەمریکا بێت''. لەبارەی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان فیدان گوتی، ''حکومەتی بەغداد لەبارەی چالاکییەکانی پەکەکە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا زۆر خەمخۆر نییە. ئێمە لەم بابەتە لەگەڵ ئەربیل [هەولێر] قسە دەکەین، هەوڵدەدەین هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بکەین. نزیکەی 700 گوند لە ژێر داگیرکاریی پەکەکەدایە، بنەماڵەی بارزانیش ئەمە دەڵێت. ئەمانە پێویستە لەلایەن پێشمەرگەوە کاریان لەسەر بکرێن''. وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی، ''بەڵام شنگال و مەخموور، ناوچە جێناکۆکەکان و دەرەوەی ئەو ناوچانە، پێویستە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، هەوڵی بۆ بدرێت''.
رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کورستان (پەکەکە) لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە دەڵێت، ''تاوەکو کۆتایی لەگەڵ ئەم پرۆسەیە دەبم. بەهیوام و لەپێناویشیدا کار دەکەم''. ئێوارەی رۆژی دووشەممە 31ـی ئاداری 2025، محەممەد ئۆجەلان (برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و عومەر ئۆجەلان (برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها) بە بۆنەی جەژنی رەمەزان، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، سەردانی گرتووخانەی دوورگەی ئیمراڵییان کرد. پەرلەمانتاری دەم پارتی رۆژی چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا سەبارەت بە نێوەڕۆکی ئەم سەردانە گوتی، ''بە بەڕێز ئۆجەلانمان گوت، خەڵک متمانەی تەواوی بە ئێوەیە و پاڵپشتی لە بانگەوازەکەتان دەکات. باوەڕیان بە ئێوە و بۆچوونەکانتان هەیە. بەڵام ئەوان بەهۆی پرۆسەکانی پێشوو، بە گومان و دوودڵن''. بە گوتەی برازاکەی، ئۆجەلان لە وەڵامی ئەمەدا گوتوویەتی، ''خەڵک مافی خۆیەتی بەم جۆرە بیربکاتەوە. بەڵام من پێداگرم لەوەی تاوەکو کۆتایی لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا دەبم، بەهیوام و لە پێناویشیدا کار دەکەم''. ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ لە بانگەوازێکدا بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان گوتی، کۆنگرە ببەستن، خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان دابنێن. دوو رۆژ دواتر، پەکەکە رایگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان بەشداری لە کۆنگرەکە بکات، پابەندی بانگەوازەکە دەبن. پەرلەمانتاری دەم پارتی لەبارەی بانگەوازەکە دەڵێت، ''بە بەڕێز ئۆجەلانمان گوت، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەڵمانیا، ئەمریکا، رووسیا و چین، پاڵپشتی و پێشوازییان لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات کرد. ئەویش بۆچوونەکانی خۆی لەمبارەیەوە دەربڕی''. ئۆجەلان دەربارەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەم ساڵ لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان پرسیاری کردووە، پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی دەڵێت، ''پێمان گوت، لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا خەڵک پاڵپشتی لە پرۆسەکە و بانگەوازەکەی ئێوە کرد. لە رۆژئاڤا و رۆژهەڵاتیش ئاهەنگەکان زۆر بەباشی بەڕێوەچوون''. لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ، لە پارێزگاکانى لازقییە و تەڕتووس کە دوو پارێزگەى کەناراویی زۆرینە عەلەویى سووریان، پێکدادان لەنێوان ھێزە ئەمنییەکانى دەسەڵاتى نوێى سووریا و چەند گرووپێکی چەکداری دیکەى روویدا کە گوایە سەر بە سوپاى پێشووى رژێمى بەشار ئەسەد بوون. بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری دۆخی سووریا دەکات و بارەگەکەی لە لەندەنە، 973 سڤیل و 250 چەکداری عەلەوی، هەروەها 230 کەس لە هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی سووریا کوژراون. بە گوتەی پەرلەمانتاری دەم پارتی، ئۆجەلان ''رەخنە''ی لە شێوازی حکومڕانیی حکومەتی ئێستای سووریا گرتووە، هەروەها لەبارەی گرژییەکانی نێوان دەسەڵاتی سووریا و گرووپە چەکدارەکان لە مانگی رابردوو، گوتوویەتی، ''ئەو کۆمەڵکوژییەی بەسەرعەلەوییەکان کرا، قبووڵی ناکەین و بە دروستی نازانین. دەبێت مافی نوسەری وعەلەوی و درووزییەکان بپارێزرێت. ئەوانیش دەتوانن هاوشێوەی ئەو سیستمانەی کورد پێکیهێناون، پێکبهێنن. دەتوانن پەیوەندی لەگەڵ یەکدی دروست بکەن''. رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەبارەی دەم پارتی رەخنە و پێشنیازی هەبووە، گوتوویەتی، ''ئێوە هەوڵنادەن، دەبێت زیاتر خۆتان ماندوو بکەن، دەبێت ماڵ بە ماڵ، شەقام بە شەقام بگەڕێن و بەڕێکخراوەیی بن. من لە منداڵییەوە بەمشێوەیە کار دەکەم؛ ئێمە گرووپی نوێژخوێنانمان هەبوو، گرووپی خوێنکارانی قوتابخانەمان هەبوو''.
خاكی سوریا بەمدواییە جموجوڵی نیگەرانكەر بەخۆوە دەبینێت، كە ئاماژەن بۆ گەڕانەوەی ڕێكخراوی داعش، دوای ساڵانێك لە پاشەكشە. ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردەوە: بەپێی هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی و ئەمەریكیەكان، دووبارە داعش دەستی بە چالاكی كردووەتەوە، كە خۆی دەبینێتەوە لە چەند هێرشێك و بە چەكداركردنی ژمارەیەك لە خەڵكی سوریا، ئەمەش ترسی زیادكردووە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی نائارامیی وڵاتەكە، لەكاتێكدا زیاتر لە دەیەیەكە بەهۆی جەنگ و ململانێوە دەناڵێنێت. ئەمەریكا لە هەنگاوێكی پێشوەختەدا، پێش ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد، بوونی سەربازیی خۆی لە سوریا بۆ دوو هێندە زیادكردووە، ئێستا نزیكەی دوو هەزار سەربازی لە سوریا هەیە، دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەدیش چەندین هێرشی ئاسمانیی كردەسەر بارەگاكانی داعش لە بیابانی سوریا، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەم هێرشانە بەس نین بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ڕەگی تیرۆر، چونكە هێشتا داعش خاوەنی گەنجینەیەكی ستراتیژییە، ئەویش بوونی هەزاران ئەندامی توندڕەوی دەستبەسەركراوە لە زیندانەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەپێی ڕاپۆرتەكان، داعش هەوڵدەدات نزیكەی نۆ بۆ 10 هەزار ئەندام و لایەنگری خۆی لە زیندانەكانی سوریا ئازاد بكات، لەگەڵ نزیكەی 40 هەزار كەس لە خێزانەكانیان لە كامپەكان، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەكی مەعنەوی و بانگەشەیەكی گەورە بۆ ڕێكخراوەكە و ڕێكخستنەوەی ڕیزەكانی. لەوبارەیەوە، كۆلین كلارك، سەرۆكی بەشی توێژینەوە لە كۆمەڵەی "سوفان" دەڵێت "ئەو زیندانانە كۆگایەكی مرۆیین كە دەتوانێت دووبارە ڕێكخراوەكە بەشێوەیەكی توندتر ڕێكبخاتەوە". بەپێی ڕاپۆرتێكی هەواڵگری ئەمەریكا كە بەمدواییە خراوەتەبەردەم كۆنگرێس، داعش هەلی ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد و ڕووداوەكانی دوای ڕووخانی ئەو ڕژێمەشی قۆستووەتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش لەپێناو ئازادكردنی ئەندامەكانی و دووبارە ڕێكخستنەوەی توانا سەربازیی و لۆجیستییەكانی. ئەو گروپانەی دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد هاتوونەتەسەر دەسەڵات ناتوانن بۆشایی ئەمنیی پڕبكەنەوە لەلایەكی دیكەوە ترس هەیە كە ئەو گروپانەی دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد هاتوونەتەسەر دەسەڵات لە سوریا بتوانن بۆشایی ئەمنیی پڕبكەنەوە، هەرچەندە هەواڵگری ئەمەریكا دەڵێت چەند هەوڵێكی داعش لە دیمەشق شكستیپێهێندراوە، بەڵام ڕووداوە تائیفییەكانی ئەمدواییەی سوریا دەریدەخات كە دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریا توانای كۆنترۆڵكردنی دۆخی ئەمنییان نییە. لەچوارچێوەی ئەو دیمەنە ئاڵۆزەدا، ڕاپۆرتەكان دەریدەخەن، ئەو ڕێكخراوە توندڕەوە كە ڕەگەكەی دەگەڕێتەوە بۆ قاعیدەی عێراق، ئێستا تەنها مەترسییەكی ڕابردوو نییە، تەنها لەساڵی 2024 دا بەرپرسیارێتی لە ئەنجامدانی 294 هێرش لە سوریا ڕاگەیاندووە، بەڵام ساڵی پێشووتر تەنها 121 هێرشی ئەنجامداوە، بەڵام لیژنەی چاودێری نێودەوڵەتی ژمارەكەی بە 400 هێرش خەمڵاندووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەڵكشانێكی مەترسیدار لە ناوچەكە. دوودڵی هەیە كە سیناریۆ خوێناوییەكانی ڕابردوو دووبارە ببێتەوە، بەتایبەت كە لە ڕابردوودا بەهەمانشێوەی ئێستا دۆخی ئاڵۆزی سوریای قۆستەوە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتەكەی و داگیركردنی خاكێكی بەرفراوان لە سوریا و عێراق، دواتریش چەندین كۆمەڵكوژی ئاشكرای ئەنجامدا. لەباكوری رۆژهەڵاتی سوریا، كە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە بەڕێوەدەبرێت، زیندانەكانی داعش و كامپەكان لە ڕێوشوێنێكی ئەمنیی تونددان، بەڵام هێرشی گروپەكانی سەر بە توركیا لەماوەی ڕابردوودا كە ئێستاش ناوبەناو بەردەوامە، فشارێكی زۆری بۆ دۆخی زیندانەكان دروستكردووە.
تۆڕی هاوپەیمانی 19 ، سلێمانی: دەستگیركردنی چالاكوانی قەزای پێنجوێن، رێبین عومەرو هەڵكوتانە سەر چالاكوانی قەزاكە كە نیازیان بوو گردبوونەوەیەك رێكبخەن، پێچەوانەی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانەوە و داوا دەكات دەستبەجێ ئازاد بكرێت و راوەدوونانی چالاكوانان رابگرن. بەهۆی بانگەشەكردنیان بۆ گردبوەنەوەیەكی هاوسۆزی بۆ غەزە، پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ، لە گەرەكی مامۆستایانی قەزای پێنجوێن هێزێكی ئەمنی رێبین عومەر، مامۆستاو ئەندامی دەستەی خۆپیشاندان بۆ مافەكانی خەڵكی پێنجوێنی دەستگیركرد و چونەتە سەر ماڵی دوو چالاكوانی تریش بە مەبەستی دەستگیركردنیان بەڵام لەماڵەوە نەبوون. ئەنەس ئەمین خوارەحم، یەك لە رێكخەرانی گربونەوەكەیە بە تۆڕی 19ی راگەیاند، ماوەی هەفتەیەكە دوایان لە ئیداری شارەكە كردوە گردبونەوەیەكی هاوسۆزی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی شاری غەزە رێكبخەن، دوێنێ لە ئیدارەی قەزاكە رەزامەندیمان وەرگرت، كە ئەمڕۆ 9ی نیسان 2025، ئەنجامیبدەین، ووتی" بەڵام پێیان راگەیاندین كە رەزامەندی ئاسایش و پارێزگای سلێمانیشی دەوێ بوەستن" بە بێ ئەوەی گردبونەوەكە رێبكبخرێت، هێزە ئەمنییەكان چوونەتە گەرەكی مامۆستایان ( رێبین عومەر)یان دەستگیركرد، پاشان بۆ هەمان مەبەست چونەتە سەر ماڵی (هۆشیار نامق) و (میران كەمال)، بەڵام لە ماڵەوە نەبوون. بە پێی یاسای خۆپیشاندان، ژمارە(11)ی سالی 2010، سەرۆكی یەكەی كارگێڕی مافی مۆڵەتدانی خۆپیشاندانی هەیە، هەریەك لەنێو یەكەی كارگێڕی خۆیدا. رێكخەران ئەمەیان كردوە نەك بەر لە (48) كاتژمێر بەڵكو بەر لە هەفتەیەك و پاشان یەكەی كارگێڕی كە قائیمقامییەتی پێنحوێنە، رەزامەندی پیشان داوە، ئیتر ئەم دەستگیركردنە بۆ؟ تۆڕی هاوپەیمانی 19 رایدەگەیەنێت خۆپیشاندان مافێكی دەستوورییەو بەپێی یاسای هەرێمی كوردستانیش رێكخراوە، هەر رێكارێك پێچەوانەی ئەم یاسایە بگیرێتە بەر جیگای سەركۆنەكردنە. دەستگیركردنی چالاكوانی قەزای پێنجوێن (رێبین عومەر) و هەڵكوتانە سەر ماڵی چالاكوانانی قەزاكە كە بەنیازبوون گردبوونەوەیەك رێكبخەن، پێچەوانەی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانە و داوا دەكەین دەستبەجێ ئازاد بكرێن و راوەدوونانی چالاكوان رابگرن. تۆڕی 19 كۆمەڵێك رێكخراو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دایانمەزراندوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.